دیمانه له‌گه‌ڵ ئارام کاکه‌ی فه‌لاح
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح:
نووسینه‌وه‌ی فه‌نتازیایه‌کی ڕووتم پێ باش نییه و حه‌زم له‌و تێکستانه نییه که له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و ده‌ره‌وه‌ی زمان و ده‌ره‌وه‌ی واقیع و مێژوو ده‌ژین !له‌م دیداره‌دا (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) وه‌ك چیرۆكنووسێك قسه له‌سه‌ر ئه‌زموونی چیرۆكنووسی خۆی ده‌كات، دواتر به دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه له قۆناغه‌كانی رابردووی چیرۆكی كوردی ده‌ڕوانێت و به جورئه‌ته‌وه قسه له‌سه‌ر ئه‌زموونی چیرۆكنووسینی چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی جیاوازی چیرۆكی كوردی ده‌كات، هه‌ر له (محه‌مه‌د مه‌ولود مه‌م) وه، تا حسێن عارف و شێرزاد حه‌سه‌ن و عه‌تای نه‌هایی، بۆ هه‌ریه‌ك له‌م چیرۆكنووسانه دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی تایبه‌تی هه‌یه و به جورئه‌تیشه‌وه بۆچوونه‌كانی خۆی له‌سه‌ر چیرۆك و ته‌كنیكی ئه‌وان ده‌خاته ڕوو..
سازدانی دیدار: كامه‌ران سوبحان- ئیدریس عه‌لی
*پێمانخۆشه سه‌ره‌تای دیالۆگه‌كه‌مان له‌سه‌ر ره‌گه‌زێكی تایبه‌ت له ته‌كنیكی چیرۆكه‌كانی تۆدا قسه بكه‌ین، له ئه‌زموونی چیرۆكنووسینتا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین گێرانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی منداڵی خۆت ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كییه لای تۆ، به‌شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ر له كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ستده‌كات یاداشتی منداڵی نووسه‌رێك ده‌خوێنێته‌وه، تۆ هه‌ست ناكه‌یت ئه‌و شێوازه له گێرانه‌وه‌ی منداڵی سه‌رتاپای ته‌كنیك و شێوازی گێرانه‌وه‌ی تۆی داگیر كردووه له كاتی چیرۆكنووسیندا؟
– له راستیدا ڕه‌نگه به‌و شێوازه تایبه‌تمه‌ندییه نه‌بیت كه ئێوه وا پۆلێنی بكه‌ن، به‌ڵام له راستیدا خودی منداڵی بابه‌تێكی گرنگه بۆ چیرۆك و رۆمان، نه‌ک ته‌نها لای من به‌ڵکو لای هه‌موو نووسه‌رێک، من له‌م دواییانه‌دا به بێ ویستی خۆم منداڵی هاتۆته ناو چیرۆكه‌كانم، بۆ نموونه له‌چیرۆكی ( گرێبه‌سته له‌گه‌ل تاریكی‌دا) من باسی پاڵه‌وانێکی كوێر ده‌كه‌م كه بوخچه‌یه‌كی تۆزاوی ده‌که‌وێته سه‌رچاوی، من خۆم ته‌مه‌نم دوو رۆژ بوو بردمیان بۆ لای باوكم بۆ زیندان، له‌وێ من به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، یه‌ك بوخچه‌ی تۆزاوی ده‌كه‌وێته سه‌رچاوم، که به سه‌قفی ژووره‌که‌دا هه‌ڵواسرابوو، دایكم ئه‌مه‌ی بۆ باسكردووم كه دوای ئه‌وه یه‌ك دوو مانگ چاوه‌كانم ئاوساون، ئه‌مانه هه‌ر له خۆوه دێنه‌وه ناو چیرۆكه‌كانم، هه‌روه‌ها له چیرۆكی ( وێنه‌كان دووباره ده‌بنه‌وه) من دوو هاورێم هه‌بوون برای یه‌كتر بوون، باوكیان دووكانی هه‌بوو، باوكیان له پێشه‌وه ده‌رۆشت، برا گه‌وه‌ره‌كه‌ی یه‌ك دوو مه‌تر له دوای باوكییه‌وه و برابچكۆله‌كه‌ش به هه‌مان شێوه له دوای براگه‌وره‌كه‌یه‌وه، ئه‌م سیانه هه‌موو رۆژێك به‌م شێوه‌یه ده‌رۆیشتن بۆ دووكان و به هه‌مان شێوه ده‌گه‌رانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، من ئه‌و كاته زۆر منداڵ بووم، دواتر له گه‌وره‌بووندا ته‌ماشا ده‌كه‌م ئه‌م وێنانه بێ ئه‌وه‌ی خۆم بمه‌وێت دێنه‌وه ناو چیرۆكه‌كانم ، له چیرۆكی (دره‌وشانه‌وه‌ی مه‌حاڵ) دا تیپێكی فتبۆڵێن هه‌یه كه زۆربه‌یان هاوڕێم بوون ئه‌مانه‌ش بته‌وێ و نه‌ته‌وێ دێنه‌وه ناو چیرۆكه‌كانم، دواجار ئه‌و منداڵیه له‌ناو زۆر بابه‌تی دیكه‌دا ده‌توێته‌وه، ئه‌م حاڵه‌تانه وای لێ دێت ئه‌و پرسیارنه لای ئێوه‌و هه‌ندێ خوێنه‌ری تر بخوڵقێت، كه وابزانن من به ته‌واوه‌تی چیرۆكی منداڵی خۆم له ئه‌زموونی چیرۆك نووسینمدا ده‌گێڕمه‌وه. من بڕوا ناکه‌م هیچ نووسه‌رێک بنووسێت و بتوانێ منداڵیی بکاته ده‌ره‌وه، من باسی منداڵیی ده‌که‌م ، به‌س له‌وانه‌یه هی من نه‌بێت، به‌ڵکو بۆ نمونه وه‌ک له ( نووسینه‌وه‌ی دڕک) دا منداڵیی نه‌وه‌یه‌ک بێت که له منه‌وه نزیکه، من چه‌نده‌ها خوێنه‌ر پێیان وتووم که منداڵیی خۆیان بیرکه‌وتۆته‌وه کاتێ نووسینه‌وه‌ی دڕکیان خوێندۆته‌وه.ئه‌وه‌ش بۆ من زۆر گرنگه.
*هه‌ستناكه‌یت ئه‌م شێواز‌و تێروانینه‌ی تۆ بۆ چیرۆك پێچه‌وانه‌ی رایه‌كی (جیمس جوێس) ه كه پێیوایه گێرانه‌وه‌ی چیرۆك گاڵته كردنه به حه‌قیقه‌ت و منداڵیی وبه‌شێكه له هه‌ڵگه‌راندنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری نووسه‌ر به جۆرێكی پێچه‌وانه‌و جیاواز، به‌ڵام تۆ ئه‌و وێنانه‌ی منداڵیت جارێكی دیكه نمایشده‌كه‌یته‌وه‌و وه‌ك خۆی .. ئه‌مه چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
– تۆ به گێرانه‌وه منداڵیی جارێكی تر درووست ده‌كه‌یته‌وه، وه‌ک خۆی نا، به‌ڵام واقیعێك درووستده‌كه‌یته‌وه كه له خه‌یاڵدا نه‌ماوه‌و زۆر دووره و وه‌ك سێبه‌ر و تارماییه‌کی لێڵ، تۆ پێت وایه به چیرۆك و وشه ئه‌م وێنانه زیندوو ده‌كه‌یته‌وه، من پێموایه ئه‌مه زیندووكردنه‌وه‌یه‌كی جوانه، ئه‌مه دروست کردنه‌وه‌ی ژیانه به جۆرێکی تر، نووسین چییه جگه له خوڵقاندنی ژیانێکی تر.کۆمه‌ڵێک ڕاستیی هه‌ن که وا له تۆ ده‌که‌ن ڕێگایه‌کی نا ڕاست بگریت بۆ گه‌یشتن پێیان، نووسین خۆی رێگایه‌کی ناڕاسته بۆ گه‌یشتن به ڕاستیی.، رێگایه‌کی خه‌یاڵییه بۆ گه‌یشتن به واقیع،به‌ڵام واقعێکی کۆپی کراو نا، به‌ڵکو ته‌واو جیاواز، جیمس جۆیس نووسه‌رێکی گه‌وره‌یه به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌رشتێکی وت ئیتر بۆ هه‌موو کاتێک بخوا یان بۆ هه‌موو که‌سێک وا بێت، گێرانه‌وه‌ی چیرۆک چه‌نده گه‌ڵته‌کردنه به حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌نده‌ش دروستکردنی حه‌قیقه‌ته، هه‌موو نووسه‌رێک پێناسه‌ی جیای هه‌یه، ڕه‌نگبێ گێڕانه‌وه دروست کردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت بێ به جۆر‌و فۆرمێکی تر، من له چیرۆكی (دره‌وشانه‌وه‌ی مه‌حاڵ)دا باسی شتێكم كردووه، نووسه‌ره‌كه ده‌ڵێت من كاپتنی تیپه‌كه‌م پێوویستیم به‌وانه‌یه كه مردوون، ده‌مه‌وێت زیندوویان بكه‌مه‌وه ئه‌وانه‌ی كه پێكه‌وه یارییانكردووه هه‌شتیان مردوون و سیانیان ماون، ئه‌م ده‌چێت جارێكی دیكه زیندوویان ده‌كاته‌وه و ژیانیان پێ ده‌به‌خشێته‌وه و ده‌ڵێت من مه‌جبوورم ئه‌مانه زیندوو بكه‌مه‌وه، وه‌ک وتم ئێمه تیپێکی فوتبۆڵمان هه‌بوو ناوی زه‌بوون بوو، به‌ڵام له‌وه زیاتر نا، هه‌رچی شتێک که له چیرۆکه‌که‌دا ڕوویداوه په‌یوه‌ندی به خه‌یاڵه‌وه هه‌یه‌و دوور‌و نزیک له واقیعدا ڕووی نه‌داوه. من وه‌ک خۆی منداڵیم نمایش نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵام گه‌ر خوێنه‌ر منداڵیی خۆی تیایاندا ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه ئیتر بۆ من جێگای خۆشحاڵییه. بۆیه هیوادارم له گێرانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌دا خوینه‌ره‌كانم كه‌وتبن به‌سه‌ر ئه‌م راستییه‌دا.
* خه‌یال و فه‌نتازیا چ رۆڵیكیان هه‌یه بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه، له شێوازێكی جیاوازدا، بۆ نموونه تۆ له‌چیرۆکی ( دره‌وشاندنه‌وه‌ی مه‌حاڵ) دا باسی فتبۆڵین ده‌كه‌یت، ره‌نگه فتبۆلێن چیرۆكێكی حه‌قیقی بێت له ژیانی تۆدا، به‌ڵام تۆ چۆن وا له‌خوێنه‌ر ده‌كه‌یت ئه‌و چیرۆكه وه‌ك خۆی نه‌مینێته‌وه و تێكه‌ڵاوبكرێت به فه‌نتازیا؟
– له‌راستیدا فه‌نتازیا مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر گرنگ و پڕ بایه‌خه، فه‌نتازیا خۆی یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ گێڕانه‌وه‌ی واقیع، لێره‌وه فه‌نتازیا ته‌نها یارمه‌تی ده‌ره، بۆیه به‌هه‌ردوو دیوه‌که‌دا گه‌ر واقیع به بێ فه‌نتازیا بنووسینه‌وه نابێ به ئه‌ده‌ب، هه‌روه‌ک چۆن ته‌نها فه‌نتازیای ڕووت بنووسینه‌وه دیسانه‌وه نابێ به ئه‌ده‌بێکی پڕ چێژ وه‌ک بۆ نموونه ڕۆمانی (مامزێر)ی هاوڕێی خۆشه‌ویستم کاروان کاکه‌سوور، هه‌رچه‌نده من گومانم هه‌یه زۆر له‌و به‌رێزانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه‌یان نووسیووه یان هه‌ر له‌خۆیانه‌وه مه‌دحی ده‌که‌ن ، پڕاو پڕ خۆشیان بزانن کاروان له‌و ڕۆمانه‌دا ده‌یه‌وێ چی بڵێ، هۆکه‌شی ئه‌وه‌یه پاڵه‌وانه‌که خۆی زمان و بیرێکی ڕوونی نییه، دێن و له خه‌یاڵی خۆیاندا شتێک ده‌دۆزنه‌وه‌و ده‌ڵێن ئه‌م ڕۆمانه باسی ئه‌نفال و مێژووی هه‌ولێر و ڕه‌وه‌که‌و ئه‌و شتانه ده‌کات، ئه‌مه‌ش جێگای داخێکی گه‌وره‌یه، خۆ ئه‌ده‌ب مه‌ته‌ڵ نییه خوێنه‌ر هه‌ڵیبێنێ، که‌س پێویستی به‌وه نییه ئه‌وه هه‌ڵبێنێ که بۆ نموونه ( خالید حوسه‌ینی) له ( هه‌زاره‌ها پرشنگی خۆر) دا ده‌یه‌وێ چی بڵێ، یان به‌ختیار عه‌لی له ( کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان) دا باسی که‌ی ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌وه گرنگه ئه‌و دوو ئازیزه چی ده‌ڵێن و چۆنی ده‌ڵێن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من له‌م دواییانه‌دا دیدارێكی (كاروان كاكه سوورم) له‌گۆڤاری ئاینده‌دا خوێنده‌وه به راستی له‌و دیداره‌دا كاروان شتی جوانی له‌سه‌ر فه‌نتازیا وتووه،به‌ڵام من ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا کۆک نیم ئه‌وه‌یه كه كاروان كاكه‌سوور پێیوایه فه‌نتازیا دواجار ده‌بێته‌وه به سیستم له‌ناو وشه‌دا، به‌ڵام من وایده‌بینم فه‌نتازیا ناچێته زیندان، به‌ڵكو له ده‌ره‌وه‌ی ژیانی واقیع ژیانی خۆی ده‌ژی، به بێئه‌وه‌ی بچێته ناو زیندانی وشه‌وه، دواجار فه‌نتازیا خۆی نادات به ده‌سته‌وه‌و كه‌مێكی دێته ناو وشه‌وه، بۆیه من له‌گه‌ڵ كارواندا له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هاوڕا نیم، چونكه وه‌ك ئاماژه‌م پێ دا فه‌نتازیا ژیانی خۆی ده‌ژی به بێ وشه‌كان تۆزێكی لێ ڕاو ده‌كه‌یت تا تۆزێکی بده‌یته‌وه به واقیع و به تێكست، به‌ڵام به‌گشتی ریژه‌یه‌كی زۆری فه‌نتازیا له ده‌ره‌وه‌ی تێكست و وشه‌كان ده‌مێننه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش خاڵی جیاوازی من و كاروان بێت له‌سه‌ر فه‌نتازیا. دوا جار نه‌ک ته‌نیا ئه‌وه به‌ڵکو فه‌نتازیا له‌ناو زیندانی وشه‌کانیشدا( گه‌ر له نیتشه‌وه ناوی بنێین زیندان) ژیانی خۆی ده‌ژی، وه‌ک کۆمه‌ڵێک ( مافیا) که گه‌ر له زیندانیش‌دا بن هه‌موو ئیشه‌کانی ده‌ره‌وه‌یان به بێ گرفت ڕاده‌په‌ڕێنن. کاروانی هاوڕێم ڕاست ده‌کات سیلفادۆر دالی وێنه‌ی کاتژمێره‌که‌ی نه‌گۆڕی، به‌ڵام به بڕوای من گه‌ر بیویستایه ده‌یکرد، به‌ڵام خۆی نه‌یویست، به‌ڵکو جوانتر بوو وه‌ک گه‌ڵایه‌ک به دره‌ختێکی ووشکدا شۆڕی بکاته‌وه، یان وه‌ک مۆمێکی تواوه یان قوڕێکی ده‌ستکرد به مێزێکدا بیهێنێته خواره‌وه، با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه بۆ زیندانکردنی فه‌نتازیا له ناو تێکست و وشه‌دا، له ڕۆمانی ( کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان) دا، زۆر به ڕوونی تۆ هێڵێک له ناو رۆمانه‌که‌دا ده‌بینی، که واقیع و فه‌نتازیا لێک جیا ده‌کاته‌وه، هه‌رچه‌نده کاکه به‌ختیار که چه‌ند نووسه‌رێکی گه‌وره‌یه و چه‌ند جوان له ناو یه‌کدا ده‌یانتوێنێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر واقعت لێ ون نابێت و فه‌نتازیاش ناچێته زیندانییه‌وه، هه‌ردوو ڕۆمانه‌که‌ی ( خالید حوسه‌ینی) ش به هه‌مان شێوه، ( کۆلاره باز و هه‌زاره‌ها پرشنگی خۆر) ، که دواجار وه‌ک له سه‌لفادۆر دالیدا وتم که خۆی نه‌یویستووه، نووسه‌رانیش به هه‌مان شێوه نایانه‌وێ .
* به‌ڵام هه‌ستناكه‌یت لێكچوونێكی زۆر هه‌یه له‌نێوان هه‌ندێ له چیرۆكه‌كانی تۆ‌و كاروان كاكه سووردا چونكه ئه‌ویش زۆر به قوڵی له‌سه‌ر یاداشتی منداڵی و نۆستالژیا ده‌وه‌ستێت، له هه‌ندێ رایه‌له‌وه ته‌كنیكی نووسینی تۆ نزیكه له ته‌كنیكی نووسنی چیرۆكه‌كانی ئه‌و؟
– بێگومان له ته‌کنیکدا نا، من و كاروان له‌رووی بابه‌ته‌وه بیركردنه‌وه‌مان له‌یه‌كه‌وه نزیکه، به‌ڵام به‌رده‌وامیش من و ئه‌و شه‌ڕمان بووه له‌سه‌ر فه‌نتازیا و ته‌کنیک، (به‌ڵام شه‌ڕێکی مه‌عریفیانه) ده‌زانی كاروان له من زیاتر منداڵیی دێنێته‌وه ناو چیرۆكه‌كانی، له من زیاتر كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌که‌م ئه‌وه‌ی کاروان ده‌یکات ته‌نها نووسینه‌وه‌ی منداڵیی خۆیه‌تی. من زیاتر منداڵیی وه‌ك به‌كارهێنانێک به‌كار دێنمه‌وه له‌ناو واقیعی ئێستادا، به‌ڵام ئه‌و زیاتر ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات شته‌كان له‌ناو منداڵی‌دا بهێڵێته‌وه، تۆ سه‌یری (منداڵیم ئاسکێک بوو…..) یان کۆمه‌ڵه‌ی (ئه‌سپی دیلۆن) من فه‌نتازیا به‌شێوازێكی تر به‌كار دێنم، چیرۆكه‌كانم ده‌توانم ناوبنێم چیرۆكی كراوه، به‌و مانایه‌ی كه تۆ هه‌ر کاتێک بته‌وێت ده‌توانیت بچیته‌وه ناو چیرۆكه‌كانم چیرۆكی دیكه‌یان لێ درووست بكه‌یت، من هه‌رگیز چیرۆكم دانه‌خستووه به مانای قفڵی ته‌واو، به‌ڵكو به كۆتاییه‌كی كراوه بۆ خوێنه‌رم جێهێڵاوه، بۆ نموونه چیرۆكی (گوڵی ره‌ش)ی شێرزاد حه‌سه‌ن زۆر چیرۆكێكی جوانه، به‌ڵام كه ده‌یخوێنیته‌وه سه‌رباری جوانییه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێ و نا‌توانیت له‌ناو ئه‌و چیرۆكه‌دا شتێكی دیكه دروست بكه‌یت، به‌ڵام وه‌ره سه‌یری (گرێبه‌سته له‌گه‌ل تاریكی) ، كه چیرۆكێكی منه و خوێنه‌ر به‌رده‌وام پپێم ده‌ڵێت نه‌شته‌رگه‌ری چاوه‌كانی پاڵه‌وانه‌كه‌ت سه‌ری گرتووه یان نا؟ ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه چیرۆكه‌كه له دڵیاندایه، سه‌یری چیرۆكی (دڵێك له‌كه‌لاوه) خوێنه‌ر به‌رده‌وام لێم ده‌پرسێت پاڵه‌وانه‌که‌ت ئه‌و چوار ساڵه گه‌ڕایه‌وه یان نا؟ که‌لاوه‌کانی وڵاتی درووستكرده‌وه یان نا؟ ، له‌چیرۆكی ( باوكی ناو ته‌له‌فون)دا ده‌توانیت جارێكی دیكه ئه‌م باوكه بچێته‌وه لای دكتۆره‌كه و بڵێت ئه‌وه چوار شه‌ممه‌یه‌و به‌شێكی دیكه‌ی ژیانی خۆی باس بكاته‌وه، ئه‌و سێ چیرۆکه‌ی غه‌ریب ریکۆرد له نووسینه‌وه‌ی دڕکدا، دره‌وشاندنه‌وه‌ی مه‌حاڵ، دیلی ده‌نگه‌کان، ئه‌و کوڕه‌ی له زۆر که‌س ده‌چێت و هتد،، ئه‌مانه چیرۆكی كراوه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌و چیرۆکانه وه‌ک چیرۆکێکی سه‌ربه‌خۆ ته‌واو بوونه، به‌ڵام هێزێکی تریان تیایه که وا ده‌کات به‌رده‌وام بن، هێزێکی ناوه‌کی وه‌ک په‌نجه‌ره‌یه‌ک به‌ره‌و رووی ئاینده. هه‌ندێ له چیرۆکه‌کانی (هه‌ورامان وریا)ش ئه‌و کراوه‌یه‌ی تیایه و من زۆر چێژیان لێ ده‌بینم، هه‌موو ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لی وان، ڕۆمانی حه‌ساری شێرزاد حه‌سه‌ن وایه، رۆمانی (ئافاته‌کانی بنه‌ماڵه‌ی مێخه‌ک) ی عه‌تا محه‌مه‌د به هه‌مان شێوه، منداڵیم ئاسکێک بووی کاروان کاکه سوور. هه‌ر چیرۆكێك پڕ بوو له‌فه‌نتازیا تۆ هه‌میشه ده‌توانیت بچیته‌وه ناوی و كاریان له‌سه‌ر بكه‌یت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر چیرۆكێك فه‌نتازیای كه‌م بوو ده‌مرێت و نا‌توانیت كاری تری له‌سه‌ر بكه‌یت و زیندووی بكه‌یته‌وه.
* بێگومان هه‌ندێ له چیرۆكنووسان و شاعیران به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر گێرانه‌وه‌ی منداڵیی ده‌كه‌ن له‌گه‌ل ئه‌و چیرۆكه وردانه‌ی منداڵیی تۆدا به‌شێك نین له‌فه‌نتازیا، به جیاوازی زمان و ته‌كنیك و گێرانه‌وه‌ی جیاوازه‌وه، یاخود خودی ئه‌وكاره‌كته‌رانه‌ی ناو چیرۆكه‌كانت به‌شێك نین له‌واقیعی فه‌نتازی، داوجار ده‌پرسم گرنگی گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته ورد‌و به‌ش به‌شه‌كانی منداڵیی چییه له ئه‌ده‌بدا؟
– منداڵی بۆ خۆی كۆمه‌ڵێك فه‌نتازیایه كه گه‌وره‌ش ده‌بێت كۆمه‌لێك فه‌نتازیا له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته به‌شێك له‌یاده‌وه‌ری، ئه‌م یاده‌وره‌ییان هه‌میشه دێنه‌وه ناو چیرۆك، به‌ڵام كۆڵانه‌كان، ناو قوتابخانه، شه‌قامه‌كان له‌لای من و چیرۆكنووسێكی تر زۆر جیاوازه… جاری واهه‌یه زۆر به زه‌قی لای چیرۆكنووسێك ئه‌و شتانه درووست ده‌بن جاری واهه‌یه به‌شێكی كه‌می لێ هه‌ڵده‌گریت و ده‌یهینیته‌وه ناو واقیع، باسی حیكایه‌تیشت كرد، ده‌زانی حیكایه‌ت ڕه‌گه‌زێکی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندو فراوانه، ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی ئێمه به منداڵی بۆمان كرا جارێكی دیكه دێنه‌وه ناو چیرۆكه‌كانمان، من ( کاریته) ی کچم هه‌میشه به حیكایه‌ت ده‌خه‌واند، سه‌ره‌تا من پێم ده‌وت به‌چی ده‌ست پێبكه‌ین ئه‌ویش ده‌یوت ( ڕۆژیێکیان مێرووله‌یه‌ک چووه سه‌ر دارێك) ئیتر داوای له‌من ده‌كرد ته‌واوی بكه‌م، ئه‌و دوو حیكایه‌ته‌ی له هه‌ردوو چیرۆکی باوكی ناو ته‌له‌فۆن و دیلی ده‌نگه‌كاندا هه‌یه، هه‌ردووكیان له‌و حیكایه‌تانه‌ن كه كاتی خۆی بۆ كچه‌كه‌مم كردوون و به ته‌كنیكێكی نوێوه ئیشم له‌سه‌ر کردوون، به گشتی چ حیكایه‌تی خۆت بێت له‌ناو كۆڵانه‌كاندا، چ حیكایه‌تی كه‌سانی نزیك بێت، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دێنه‌وه ناو چیرۆكه‌وه.
*بابه‌ته‌كه ته‌نها وه‌ك یاده‌وه‌ری ده‌مێنێته‌وه یاخود ره‌گه‌زی چیرۆكیشی ده‌بێت؟
– بێگومان هه‌تا نه‌یكه‌یته ره‌گه‌زێكی گرنگی چیرۆك و له‌ناو چیرۆکدا نه‌یتوێنیته‌وه وه‌ك یاده‌وه‌ری ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام كه چووه ناو پرۆسه‌ی نووسینی چیرۆكه‌وه له یاده‌وه‌ری ده‌رده‌چێت.
* به‌ڵام بیریشت نه‌چێت نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریش بۆ خۆی گرنگی هه‌یه‌و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیه‌تی، من هه‌میشه بیره‌وه‌ریه‌كانی نووسه‌ری دانیماركی ( ماریا ڤینه) به نموونه دێنمه‌وه كه خوێنه‌ر له دواجاردا هه‌ستده‌كات به‌ر رۆمانێكی زۆر جوان كه‌وتووه، به گشتی بۆ نووسه‌رانی لایه‌نی گێرانه‌وه‌ی ژیانی خۆیان به‌لاوه گرنگ نییه؟
– ئه‌وه پێی ده‌ڵێن خۆكردن به فه‌نتازیا، واته ئینسان خۆی ده‌كات به ئه‌زموون و ده‌چێته لابوری خۆیه‌وه، به‌رای من هه‌میشه یه‌كه‌م نووسین و یه‌كه‌م رۆمان مرۆڤ له‌خۆیه‌وه سه‌یر ده‌كات و زۆر شاعیرانه ته‌ماشای ژیان ده‌كات، كه‌واته هه‌موو كه‌سێ ده‌توانێت خۆی بكاته بابه‌تی نووسین، جگه له‌وه‌ش زۆر ئه‌سته‌مه كه‌سێك بێت و ته‌واوی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه، ئه‌گه‌ریش توانی بیكات پێویسته فه‌نتازیایه‌كی زۆر گه‌وره به‌كار بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر وه‌ك رۆمانێك لێی وه‌ربگرێت و وه‌ک ئه‌ده‌ب لێی قبوڵ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه چه‌ند نموونه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ نموونه چیرۆك هه‌یه زۆر به زه‌قی باسی هه‌ڵه‌بجه ده‌کات یان باسی ڕووداوێکی جه‌رگبڕ و ناخۆشی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی که‌رکوک ده‌کات ، یان ئه‌نفال یان ڕووداو و تراژیدیایه‌کی خێزان، گه‌ر تۆ بێیت و ڕووداوه‌که وه‌ک خۆی بگوێزیته‌وه، له‌گه‌ڵ رێزی زۆرمدا بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و ڕووداوانه‌دا به شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌و ناشرین و غه‌مگین تیا ده‌چن، چه‌ند هه‌ستیشت ببزوێت نایکات به ئه‌ده‌ب، مارکیز له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا ( زیندووم بۆئه‌وه‌ی بگێڕمه‌وه) ئامۆژگارییه‌کی دایکی باس ده‌کات که بۆ پرۆسه‌ی نووسین سوودێکی زۆری پێ به‌خشیووه، ده‌ڵێ (کوڕم ئاگات لێ بێ ، ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له واقیعدا ناشرینن، قه‌ت له ناو ئه‌ده‌بدا جوان نابن)، دواجار ئه‌سته‌مه به بێ فه‌نتازیا جارێكی دیكه دایرێژیته‌وه وه‌ک چیرۆك، له راستیدا من ئه‌م کۆپی کردنه زه‌قه ناو ده‌نێم دژه چیرۆك. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من نووسینه‌وه‌ی فه‌نتازیایه‌کی ڕووتم پێ باش نییه و حه‌زم له‌و تێکستانه نییه که له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و ده‌ره‌وه‌ی زمان و ده‌ره‌وه‌ی واقیع و مێژوو ده‌ژین، من زۆر ڕۆمانسییانه سه‌یری ئه‌و شتانه ناکه‌م و بڕوای ته‌واوم به‌وه‌یه که هه‌چ تێکستێک به قووڵی به زه‌مه‌ن و مرۆڤی سه‌رده‌م و واقیعی خۆیه‌وه گرێ نه‌درابێت، ناتوانێت له زه‌مه‌نه‌کانی تریشدا بخوێندرێته‌وه. بۆیه هه‌میشه ده‌بێ هاوسه‌نگییه‌ک هه‌بێت له نێوان واقیع و فه‌نتازیادا بۆ ئه‌وه‌ی تێکسته‌که جوان بێت.
* واته جیاوازی تۆ و ئه‌وانی دیكه ئه‌وه‌یه كه تۆ حیكایه‌ته‌كانی رابردوو دێنیته‌وه به شێوه‌یه‌كی فه‌نتازی دایده‌رێژیته‌وه؟
– ئاخر گرفته‌كه ئه‌وه‌یه كه تۆ ده‌توانین ئه‌و شتانه بێنیته‌وه، به‌ڵام هێنانه‌وه‌یان پێویستی به هێز و توانایه‌کی گه‌وره‌یه، نابێت خودی واقیعه‌كه وه‌ک خۆی چۆنه بگوێزیته‌وه ناو تێكست، لێره‌شدا فه‌نتازیا یارمه‌تیت ده‌دا که واز له کۆپی کردن بێنیت و واقعێكی تازه دروست بكه‌یت به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه هه‌یه، جا لێره‌دا خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م دوو واقیعدا ده‌بێت، یه‌کێکیان ئه‌وه‌ی خۆیه‌تی که تیا ده‌ژی و ئه‌وی تریان ئه‌وی تۆیه که ده‌یخوێنێته‌وه، دوور‌و نزیکی ئه‌و دوو واقیعه‌ش له یه‌که‌وه جوانی تێکستمان پێشان ده‌دات، بۆیه نووسه‌ر هه‌میشه ده‌بێ ئاگای له‌و باڵانسه بێت له نێوان ئه‌و دوو واقیعه‌دا هه‌یه. چیرۆك ژیانی واقعێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه جا كه تۆش هاتی هه‌مان واقیعت گیرایه‌وه دواجار جگه له واقیعێكی لاواز شتێكی دیكه نابێت، گرفته‌كه له‌وه‌دایه زۆربه‌ی زۆری چیرۆكی كوردی به‌و شێوه‌یه واقیع ده‌گێڕێته‌وه‌و به‌و شێوه‌یه واقیع بۆ ناو تێكست ته‌وزیف ده‌كات. به بێ ته‌کنیکیش ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێ.* به‌رای تۆ لای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه باسی ده‌كه‌یت له چیرۆكنووسین هه‌مووی به‌و شێوه‌یه‌یه، بۆنموونه (محه‌مه‌د مه‌ولود مه‌م)یش به‌و شێوه‌یه چیرۆكی نووسیووه‌و به‌و شێوه‌یه کاری به ته‌كنیكی چیرۆكنووسین كردووه؟
– من رێزم بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و نووسه‌رانه هه‌یه، به‌ڵام هه‌موویان وه‌هابوون و بێ ته‌كنیك بوون، یان ته‌کنیکێکی زۆر لاوازیان هه‌بوو، کوا ته‌کنیک له رۆمانی ( ڕێگا) دا؟ئێمه زۆر به‌هه‌له له ته‌كنیك تێگه‌یشتووین، ته‌كنیك یاریكردنه به گێرانه‌وه، ته‌كنیك بریتییه له‌وه‌ی شتێك ده‌گێریته‌وه، ئه‌م گێرانه‌وه چۆن ده‌به‌ستیته‌وه به گێرانه‌وه‌یكی تره‌وه و چۆن له ناوه‌وه دروستی ده‌كه‌یته‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی هاڕمۆنییه‌تی گێڕانه‌وه له‌ده‌ست بده‌یت، چۆن سه‌فه‌ر به‌ناو تێکسته‌که‌دا ده‌که‌یت و ته‌کنیک له‌و سه‌فه‌ر و گه‌ڕانه‌تدا یارمه‌تیت ده‌دات، نه‌ک رێگات لێ ون بکات و خۆت و خوێنه‌راکانیشت ون بکات. به زمانێکی تر ته‌کنیک ئه‌و هێزه ناوه‌کییه‌یه که هه‌ڵده‌ستێ به ڕێخستنی ڕوداو و به‌سه‌رهاته‌کانی ناو چیرۆک و ڕۆمان. تۆ سه‌یری ئه‌و چیرۆكه‌ی من ( ئه‌و پیاوه‌ی بوو به به‌رد) ، یه‌كه‌مجار له‌ناوه‌راسته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات دواتر ده‌چێته‌وه سه‌ر سه‌ره‌تا، دواتر ده‌چێته‌وه ناكۆتایی، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌یت كه دابراویت له‌چیرۆكه‌كه‌و له هیڵی رووداو و به‌سه‌رهاته گشتییه‌که. له ڕاستیدا من که‌مێک باسی ته‌کنیکم لای نووسه‌رانی حه‌فتا و هه‌شتاکان له دیدارێکدا له گۆڤاری( هه‌نار) دا کردووه و حه‌ز ناکه‌م دووباره‌ی بکه‌مه‌وه،
* تاكو ئێستا ره‌هه‌ندی سایكۆلۆجی له پانتایی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا زۆر جێگه‌ی گرنگی نه‌بووه، له كاتێكدا فرۆید پێیوایه هه‌موو نووسه‌رێك سایكۆلۆجیه‌تی خۆی ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام تۆ ته‌ماشا بكه له به‌شێكی چیرۆک و رۆمانه‌كانی ئێمه‌دا كه‌متر گرنگی به ئیشكردن له‌سه‌ر سایكۆلۆجیه‌تی كاره‌كته‌ره‌كان دراوه و نه توانراوه به قوڵی به ناخی ئه‌و لایه‌نه‌دا رۆبچن، ئایا تۆ ئه‌م حاڵه‌ته وه‌ك خه‌وشێكی ئه‌ده‌بی نابینیته‌وه؟
– ئه‌م پرسیاره زۆر جوانه، كاتی خۆی هه‌مان پرسیار له به‌ختیار عه‌لی كرا‌و گله‌ییان له‌زمانه‌كه‌ی هه‌بوو گوایه پاڵه‌وانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی به زمانێک قسه ده‌كه‌ن كه زمانی خه‌ڵكی ئاسایی نییه، له‌راستیدا له مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده كار له‌سه‌ر ئینسان کراوه، لێره‌دا مه‌به‌ستم هه‌موو لایه‌نه‌کانه، به‌لایه‌نی سایکۆلۆژیشه‌وه، (عه‌تا نه‌هایی) رایه‌كی زۆر خراپی له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه و ده‌ڵێ، ده‌بێت زمانی گوندنشینییه‌ك وه‌ك خۆی له چیرۆك و رۆمان‌دا بنووسرێته‌وه و له‌مه‌شدا مه‌به‌ستی ئه‌و زمانه ساده‌یه‌یه که زۆربه‌ی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی پێ ده‌نووسرێ، دیاره ( عه‌تا نه‌هایی) چونكه خۆی ناتوانێت به‌و زمانه قووڵه بنووسێت، دێت و به‌رگری له بۆچوونێكی وه‌ها ساده‌و ساكار ده‌كات، دیاره تۆ هه‌تا به شێوه‌یه‌كی قووڵتر ئیش له‌سه‌ر مرۆڤ بكه‌یت، زمانێكی قووڵتر‌و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بۆ کاراکته‌ره‌کانت به‌كاردێنیت، ئیتر ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ت قووتابی بێت یان فه‌رمانبه‌ر یان نانه‌واچی یان كه‌سێكی هه‌ژارو دانیشتووی کوێره‌دێیه‌ک، به‌ختیار عه‌لی به‌و شێوه‌یه ئیش ده‌كات كه خه‌ڵكه ساده‌كانیشمان زۆر به‌جوانی و قووڵی ده‌توانن باسی خۆیان بکه‌ن، به‌رای من ئه‌مه سه‌یركردنێكی زۆر تازه‌یه بۆ مرۆڤی ئێمه، ته‌ماشای که‌سێکی وه‌ك ( مه‌نگور) بكه‌ن له رۆمانه‌که‌ی به‌ختیار دا، مه‌نگور كه‌سێكی چه‌قۆ وه‌شێنه به‌ڵام ده‌بینین چه‌ند دێرو وشه‌و پێناسه‌ی جوانی له‌لایه‌و ئه‌م چه‌قۆ وه‌شێنه خاوه‌نی چه‌ند زمانێكی قووڵه و چ دونیابینینێکی هه‌یه. ئه‌مه ره‌نگه وه‌ك ره‌خنه ڕووبه‌ڕوی به‌ختیار بكرێته‌وه به‌ڵام به‌رای من ئیشكردنێكی زۆر قووڵه، تۆ سه‌یری حه‌یده‌ری باوک، موزه‌فه‌ری سوبحده‌م و یاقووبی سنه‌وبه‌ر، محه‌مه‌دی دڵشووشه، جه‌لاده‌تی کۆتر، په‌روانه و نه‌سره‌دینی بۆنخۆش، غه‌زه‌لنووس، سه‌وسه‌ن فیکره‌ت و مه‌نسوور ئه‌سرین. ئه‌وه تێنه‌گه‌یشتنێکی سه‌یره وا بزانیت هه‌موو پاڵه‌وانه‌کانی به‌ختیار به یه‌ک زمان قسه ده‌که‌ن هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موویان به قووڵی قسه ده‌که‌ن. ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت مرۆڤه‌كانی ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌رگایان بۆ بكرێته‌وه ره‌نگه بتوانن به‌و زمانه قووڵه قسه بكه‌ن، به‌ڵام به داخه‌وه هه‌ندێ له نووسه‌رانی ئێمه نایانه‌وێت مرۆڤی ئێمه به‌و قوڵییه قسه بكه‌ن، به‌ڵام من جاری واهه‌یه ژنی پیرم بینیووه زۆر جوان قسه‌ده‌كات و ته‌عبیر له‌خۆی ده‌كات. که‌سی ساده‌و نه‌خوێنه‌وار وه‌ک زانایه‌ک باسی سایکۆلۆژییه‌تی خۆی کردووه. من هه‌میشه وتوومه گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه ئه‌وه‌یه كه كاری له‌سه‌ر رۆحی ئینسان نه‌کردووه،
* پێموابێت شێرزاد به‌هوشیارییه‌وه گرنگی به‌لایه‌نی سایكۆلۆجی كاره‌كته‌ره‌كانیدا، پرسیاری گه‌وره‌ی له زمانی منداڵێكه‌وه وروژاند كه به‌دایكی ده‌ڵێت ( بۆ حه‌وشه‌كه‌ی ئێمه باخچه‌و گوڵی تێدا نییه) ئه‌م پرسیاره به‌درێژایی نه‌زمی چینایه‌تی دووباره ده‌بێته‌وه و نه‌وه دوای نه‌وه دووپات ده‌كرێته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌چیرۆك و رۆمان و نۆڤێلێته‌كانیشیدا به‌ر سایكۆلۆجیه‌تی جیاجیا ده‌كه‌وێت، زۆرجار له یه‌ك ڕسته‌وه رۆحی مرۆڤێكت پێ ئاشنا ده‌كات، ره‌نگه ئه‌و جۆره تێكستانه‌ی كه گرنگی به لایه‌نی سایكۆلۆجی ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕدرێنه سه‌ر زمانێكی تر، تێگه‌یشتن لێی ئاسان بێت تۆ له‌مباره‌وه رات چییه؟
– راسته شێرزاد حه‌سه‌ن كاری باشی له‌سه‌ر لایه‌نی سایکۆلۆژی كردووه، به‌ڵام به داخه‌وه ئێمه كه‌س و ده‌زگای وامان نییه ئه‌و چیرۆکانه وه‌ربگێڕن و چاپی بکه‌ن و بڵاوی بکه‌نه‌وه، ئێمه كۆمه‌ڵه چیرۆكی بیانی ده‌خوێنینه‌وه واده‌زانین ئه‌وان زۆر گرنگن و خۆمان به‌كه‌م ده‌زانین، بۆ ئه‌و نه‌زمه چینایه‌تییه‌ی باست کرد ئێستا که‌متر ئاوڕی لێ ده‌درێته‌وه‌و به جۆرێک له جۆره‌کان بابه‌تی گرنگی تر هاتۆته کایه‌وه. به‌ڵام وه‌ك وتمان شێرزاد حه‌سه‌ن كاری باشی له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی كردووه و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ئیشی ئه‌و بووه و بناغه‌یه‌کی باشی دانا و بۆ ئه‌وه‌ش من هه‌میشه سووپاسی ده‌که‌م و خۆشم ده‌وێت، به‌ڵام به‌ده‌ر له لایه‌نه ده‌روونییه‌که، گه‌ر باسی ئیشی قووڵ بکه‌ین له‌سه‌ر ئینسان و روحی ئینسان، ئه‌وا له به‌ختیار عه‌لی یه‌وه ده‌ست پێده‌كات و له‌وه‌دا ئێمه هه‌موومان قه‌رزاری ئه‌وین.
* پێشتر باست له ئه‌زموونی (عه‌تا نه‌هایی) كرد، من باسی دوو ئیشی عه‌تا نه‌هایی ده‌كه‌م (گوڵی شۆران و باڵنده‌كانی ده‌م با) ئایا هه‌ستناكه‌یت ئه‌م دووبه‌رهه‌مه به‌ده‌ر له (به‌ختیار عه‌لی) كه داهێنه‌رێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام عه‌تا نه‌هایی خۆی له چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌ڵێت من رێره‌وی رۆمانی كوردیم گۆڕیوه، هه‌ستناكه‌یت نه‌هایی شانبه‌شانی به‌ختیار عه‌لی له‌و ئاسته‌دایه كه تیشكی بخرێته سه‌رو بخوێنرێته‌وه؟
– به بڕوای من نه‌خێر. (عه‌تا نه‌هایی) زمانێکی زۆر ناخۆشی هه‌یه بۆ نووسین ده‌توانم ناوی بنێم زمانێكی زۆر لادێییانه، له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆ مرۆڤی لادێیی، مه‌به‌ستم له زمانی لادێیی زمانێکی نامۆدێرنه که له شوێنی خۆیدا ده‌وه‌ستێت و گه‌شه ناکات، ده‌نا تابیره‌که‌م دوور‌و نزیک په‌یوه‌ندی به مرۆڤی لادێییه‌وه نییه. عه‌تا نه‌هایی هه‌رگیز به‌راورد ناكرێت به به‌ختیار عه‌لی، من نازانم ئه‌و براده‌ره له کوێ وتوویه‌تی که رێره‌وی رۆمانی کوردی گۆڕیووه و هیوادارم به ڕاستی نه‌بێت و ته‌نها ویستبێتی نوکته‌یه‌ک بکات بۆ پێکه‌نین. هه‌ركه‌س رێگه‌ی به خۆی دا شتی وا بڵێت ئه‌وه بزانه ناتوانێت بۆیه وا ده‌ڵێت. ده‌بێ که‌سانێکی تر وا بڵێن نه‌ک خۆی، به‌رهه‌مه‌کانی وا بڵێن نه‌ک خۆی، به‌ختیار تا ئێستا رووی نه‌هاتووه بڵێ شتێکم گۆڕیوه و من بیناسم قه‌ت بڕوا ناکه‌م شتی وا بڵێت.، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌م له‌به‌رچاوه که کاکه عه‌تا نه‌هایی نووسه‌رێکی دیاری کوردستانی ئه‌ودیووه و هه‌وڵه‌کانی له چیرۆکدا دیارن و خوێنه‌رێکی باشی هه‌یه به تایبه‌تی لای خۆیان.بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستخۆشی لێ ده‌که‌م و هیوادارم به‌رده‌وام بێت و تیشکیشی بخرێته سه‌رو بخوێنرێته‌وه.
* ئه‌ی سه‌باره‌ت به چیرۆكی حه‌فتاكانی خۆمان پێتوایه پێویست بێت بخوێنرێته‌وه و به چاوێكی شیكارییانه‌وه جارێكی تر لێیان بروانین؟
– بێگومان به‌و شێوه‌یه نه‌خوێندراوه‌ته‌وه، پێویستیان به خوێندنه‌وه‌ی جیاواز جیاواز و هه‌مه‌لایه‌نه، پێویسته بزانین بۆ ئێستا چای شیرینی مامۆستا حسێن عارف سارد بۆته‌وه بۆیه پێویستمان به چاوێکی تره. چاوێکی جددی و ڕه‌خنه‌گرانه به بێ جنێو و شتی شه‌خسیی، که ڕه‌خنه‌ی کوردی زۆر جار پێی ده‌ژی، من له چاوپێكه‌وتنێكی تردا ره‌خنه‌م له بۆچوونی مامۆستا گرتووه له باسی ته‌کنیکدا، ڕه‌خنه‌م له ته‌کنیکی نووسه‌رانی هه‌شتاکانیش گرتووه و له‌و پاڵه‌وانانه‌ش که ئه‌وان بۆ ئێمه‌یان دروست کرد، ڕه‌خنه‌م له چیرۆکی گه‌نجه‌کان هه‌یه و قه‌ت نه‌مشاردۆته‌وه و درۆم له‌گه‌ڵ نه‌کردوون. كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دایه له‌ناو کورد دا تا ئێستاش ڕه‌خنه‌گرتن زه‌حمه‌ته.. چونکه تا ئێستا لای ئێمه ڕه‌خنه‌گرتن وه‌ک شتێکی زۆر شه‌خسیی ده‌بینرێ و له ئاستی جنێودایه.، چونکه من ئه‌وه باش ده‌زانم که شاعیر و نوسه‌رانی ئێمه دڵیان زۆر ناسکه‌و زوو عاجز ده‌بن. هه‌تا ئه‌م شتانه وابن ئێمه ناتوانین هه‌موو ده‌رگاكان بكه‌ینه‌وه، بیست سی ساڵی تر ڕه‌نگبێ که‌سێ بێت و ڕه‌خنه له من و نه‌وه‌که‌ی من بگرێت، من له‌لای خۆمه‌وه ده‌ڵێم با به‌خێر بێت.
* نه‌وه‌ی تازه له‌رووی شیعره‌وه هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌كه‌ن به‌وه‌ی میراتێكی باشی شیعری‌یان له سه‌رده‌می كلاسیكه‌وه تا هه‌شتاكان بۆ ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت نه‌وه‌ی تازه‌ی چیرۆك له‌م لایه‌نه مێژووییه‌وه بڕێك بێشانس بن، تۆ رات چییه؟
– ئه‌مه قسه‌یه‌كی زۆر راسته. مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه مێژووی شیعره و چیرۆك زۆر تازه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێمه بۆمان ماوه‌ته‌وه كۆمه‌ڵێک تێكستی ئه‌و نووسه‌ره ئازیزانه‌یه که به ژماره زۆر که‌من، ئه‌و میراته له حه‌فتاكانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مه‌ش زۆر كه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بینای خۆمانی له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام چارمان نییه هه‌ر ده‌بێ بیکه‌ین.
* ئه‌و چیرۆكنووسه كۆنانه تاچه‌ند به ئاگایی و رۆشنبیرییه‌وه ده‌ستیان به نووسینكرد، هه‌ستناكه‌یت بڕێک بێ مه‌عریفه بوون؟
– دواجار پرسیارێك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی ئه‌و نووسه‌رانه چی بوون، گه‌ڕان و خه‌ونی ئه‌و نووسه‌رانه چی بوون؟ به‌ڕای من جگه له ئاستی رۆشنبیری و مه‌عریفی، گه‌ڕان و خه‌ونی زۆربه‌شیان لاواز بوون، كه‌واته ته‌نها مه‌سه‌له‌كه لاوازی رۆشنبیریی هه‌ندێکیان نییه، تۆ ته‌ماشای مه‌حوی بكه ده‌بێ له كتێبخانه‌كه‌ی مه‌حویدا چ کتێبێک هه‌بووبێت و چه‌ند کتێب بووبێت. به‌ڵام مه‌حوی خۆی خه‌ونی هه‌بووه‌و گه‌ڕاوه، بۆیه خۆی به ته‌نیا لای من کتێبخانه‌یه‌ک بووه. چیرۆكنووسانی حه‌فتاكان زۆربه‌یان فارسی و توركی و عه‌ره‌بیان زانیووه‌و توانیوییانه بخوێننه‌وه و هه‌ندێکیشیان خوێنه‌ری چاک بوون، به‌ڵام خه‌ونیان لاواز بووه، له كاتێكدا ئه‌و خه‌ونه مه‌زن و جیاوازه ده‌تكاته نووسه‌رێکی جیاواز. ئه‌گه‌ر خه‌ونی گه‌وره‌ت نه‌بێت نابیته نووسه‌ر، من ماڵه‌که‌ی دۆستۆێفسکیم بینیووه که بووه به موزێ، چوومه‌ته ئه‌و ژووره‌وه که ( برایانی کارامازۆف)ی لێ نووسیووه. کتێبخانه تایبه‌تێکه‌یم بینیووه و زۆر گه‌وره نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و نووسه‌ره خه‌ون و کتێبه‌کانی زۆر له کتێبخانه‌که‌ی گه‌وره‌تر بوون، بۆیه توانی تێکستی زۆر گه‌وره بنووسێت. له مێژووی شیعردا ئێمه خاوه‌نی نالی و مه‌وله‌وی و مه‌حوین، به‌ڵام له چیرۆکدا ئێمه ناچارین له حه‌فتاکانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ش نابێ سارد بینه‌وه، به‌ڵکو ده‌بێ قبووڵی بکه‌ین و ئیشی بۆ بکه‌ین.