
ده‌مامک ….. ن/جه‌لال قادر
ده‌مامک
(The Mask)
ن/جه‌لال قادر
من ده‌مویست وه‌ک مرۆڤێکی ساده و ڕاست و ڕه‌وان ژیان به‌رمه سه‌ر به‌لام له پڕێکا تووشی کاره‌ساتێک هاتم :
له به‌رده‌م ئاوێنه خۆم جوان کرد و بۆنم له خۆم دا به‌و مه‌به‌سته‌ی پییاسهیهکی ناو مۆله‌که بکه‌م.
کاتێ نزیک مۆله‌که بوومه‌وه ڕووخساری سه‌یرم بیینی ، که چوومه ژوور خه‌لکه‌که هه‌موو ده‌مامکیان بهستیبوو لام سه‌یربوو ئه‌مڕۆکه نه ههلهووینه و نه ئاهه‌نگێکی تایبه‌ت هه‌یه ئه‌م خۆگۆڕینه چی بێ؟ هیچ که‌س سه‌یری نه‌ده‌کردم.
به‌ره‌و شوێنی خواردنه‌کان چووم له پڕێکا هه‌موو هاواریان کرد و لێم ترسان . دوو پۆلیس هاتن قۆلبهستیان کردم وتیان : بۆچی ده‌مامکت به ستووه؟!
وامزانی کامیرای شاراوه‌یه که‌چی که‌له‌بچه‌یان کردم به‌ره‌و زیندانیان بردم.
پاش شه‌وێک له زیندانی دادگا بڕیاریدا که جارێکی‌تر بۆم نییه بچمه‌وه ئه‌و مۆله!
ئه‌م کاره‌ساته شۆکی کردم ڕۆژو شه‌وم لێ تال بوو، من ده‌مامکم نه‌کردبوو ئه‌و خه‌لکه خۆیان ده‌مامکیان کردبوو له من ده‌ترسان.
بۆ ئاشکرا کردنی نهێنی ئه‌م کێشه‌یه م پلانێکم دانا : ده‌مامک ببه‌ستم بگه‌ڕێمه‌وه ناومۆلهکه .
نزیکی مۆله‌که بوومه‌وه ده‌مامکه‌که‌م به‌ستوو چوومه ژووره‌وه. هه‌ر وه‌ک جاری پێشووخهلکهکه ده‌مامکیان به‌ستبوو به‌لام ئه‌مجاره‌یان به خه‌نده‌وه به‌خێرهاتنیان کردم! سه‌رم سووڕماوه ئه‌م خه‌لکه بۆ ده‌مامک ده‌پۆشن؟!
مۆلهکهم بهزیندانییهکی داخراو ده‌بیینی خه‌ریک بوو دلم بته‌قێ به‌په‌له چوومه ده‌ره‌وه.