
بێده‌نگی باشتره ….. شیعری : نه‌وزاد به‌ندی
(پێشكه‌شه به نێرگز قادر خاوه‌نی شیعری بێده‌نگیت )
ئه‌كرێ بێده‌نگی ببێته ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمان
وه‌ك به بێده‌نگ دانیشتنی چیایه‌ك
به‌رامبه‌ر ده‌ریایه‌ك
به‌بێده‌نگ دانیشتنی شاعیرێك
به‌رامبه‌ر چرایه‌ك
به بێده‌نگی دانیشتنی برایه‌ك
به‌رامبه‌ر ته‌رمی به ناحه‌ق كوژراوی برایه‌ك
ئه‌كرێ بێده‌نگی گریان بێ و پێكه‌نینیش
ئه‌كرێ قاقای یه‌ك له دوای یه‌ك بێ و گه‌رمه شینیش
من به‌رامبه‌ر هه‌یكه‌لی بێده‌نگی
گه‌لێ جار هه‌موو دونیا گه‌ڕاوم و
بۆم ده‌ركه‌وتووه ئه‌م دونیایه
له یاریه‌كی ترسناك شتێكی تر نیه
له لات و مه‌نات زیاتر بتێكی تر نیه
چه‌كێكی چه‌ند كوشنده‌یه، بێده‌نگی
كاتێ جه‌لادێك ئه‌یه‌وێ دوو وشه له شۆڕشگێڕێ ده‌ربێنێ
گوڵێكی چه‌ند گرانبه‌هایه، بێده‌نگی
كاتێ په‌پوله‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌هار به‌كاری دێنێ
كاتێ ته‌مه‌ن به بێده‌نگی به‌جێی هێشتم
هه‌ستم كرد پێویسته قسه‌یه‌ك بكه‌م و
نه‌متوانی بیكه‌م
به فرمێسكێ ته‌عبیرم له خۆم كرد
له بیابانێكی چۆڵدا،
كه تاریكی دایپۆشیم
به شیعرێ ته‌عبیرم له مۆم كرد
كه له زانكۆ
مراویه‌كانی ناو دیجله
به بێده‌نگی ڕۆژه‌كانیان ته‌سلیم ده‌كرده‌وه
گازنده‌م له لای خودا كرد :
(خودایه .. ئه‌و دونیایه‌ت بۆچی له خه‌م دروستكرد ؟
خودایه ..ئه‌و بێده‌نگیه چی لێبكه‌ین كه به‌رده‌وام دامانئه‌پۆشێ
وه‌ك لم ؟)
به‌ڵام پاشان بۆم ده‌ركه‌وت
خودا بێده‌نگی پێ به‌خشیوین بۆ ئه‌وه‌ی
شیعر بنووسین
یان شیعر بدۆزینه‌وه
كه مامۆستای سه‌قافه‌ی قه‌ومی
به پێشمه‌رگه‌ی ئه‌ووت : ( عوسات )
ویستم قسه‌یه‌ك بكه‌م
بێده‌نگی نه‌یهێشت
هه‌روا
له سیله‌ی ڕێگادا
به پانتۆڵێكی خۆڵه‌مێشیه‌وه
به كراسێكی سپی بێ ئوتوو
به‌رامبه‌ر دیجله‌یه‌كی ماندوو
به‌رامبه‌ر شه‌قامێكی تۆز خواردوو
یه‌كه یه‌كه براده‌ره‌كانم فایله‌كانیان ته‌سلیم كرده‌وه و
مردن
ویستم بڕۆم له‌گه‌ڵیان
له بوژانه‌وه‌ی دڵ
پاڵیانخستم
له‌و بێده‌نگیه‌دا
كه ژیان و مردن بۆ ساتێك
پێكه‌وه قاوه‌یه‌كیان خوارده‌وه
من به بێده‌نگی خۆم نه‌شۆم پاك نابمه‌وه
من هه‌موو ڕۆژێ هه‌پروون به هه‌پروون ئه‌بم
به بێده‌نگی خۆم هه‌ڵنه‌شێلم
چاك نابمه‌وه .. نا
سبه‌ینێیش دیسان كۆتره‌كان بێده‌نگی فێریمناره‌ی مزگه‌وته‌كان ئه‌كه‌ن
سبه‌ینێیش دیسان له قوتابخانه‌كان
سروودی ( ئه‌ی وه‌ته‌ن )
قردێله‌یه‌ی بێده‌نگی ئه‌دا له‌سه‌ری مناڵه‌كان
ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵا په‌شێو پێی ووتن :
(ئه‌ی برسیه ژین تاڵه‌كان )
بۆ ئه‌وه‌ی له وه‌ته‌ن شه‌رم بكه‌ن
چیدی له به‌رامبه‌ر وه‌زیرێكی دزدا
هاوار نه‌كه‌ن
به‌ڵام تا كه‌ی
تا كه‌ی بێده‌نگی ؟؟
ئه‌ی وه‌ته‌ن ..؟؟!!