
ڕۆحی نادیار ….. باران
باران
ستۆكهۆڵم
Augusti 2009
www.baran.nuبۆ خستنه‌وه جووڵه‌ی ئه‌م لاشه بێگیانه، له ده‌می ته‌نیابوونمه‌وه سه‌رقاڵی گرێدانی تاڵه‌ده‌زووه‌کانم به خۆمه‌وه. له‌و ساڵانه‌وه به عاده‌تی ئه‌و بووکه‌ڵانه‌وه مه‌حکومم که ده‌ستێک له سه‌ری سه‌ره‌وه سه‌مایان پێده‌کات.
ڕۆحی من، کاتی ده‌رچوونت لێم، ده‌بوو جه‌سته‌یه‌کی ساردوسڕ بمێنمه‌وه. کاتی جودابوونه‌وه‌م لێت، ده‌ستم به دڵمه‌وه گرت و بۆمخواستیت به‌ره‌و به‌رزایی بکشێیت و له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌کی پڕ ژیان مه‌ریه‌مێکی به‌ژن زراڤ ببینییه‌وه. شیرینم، تێکهه‌ڵکێشانمان به‌یه‌کدی له ئه‌زه‌له‌وه جوانترین هه‌ڵه بوو سروشت کردی. وه‌لێ لێکترازانمان غه‌مناکترین وێنه‌ی دنیا بوو که قه‌ده‌ر به‌ڕاستی گرتی.
تۆی ڕۆح و منی جه‌سته که سه‌رده‌مانێک پێکه‌وه بوونه‌وه‌رێکی زیندوو بووین، له هاوڕایی و جیاڕاییدا به‌ده‌ردی فه‌لسه‌فه‌ی پزیشکه ئیمانداره‌که و فه‌له‌کناسه بێئیمانه‌که چووین. ئه‌وان که بێباوه‌ڕ به عه‌قیده‌ی یه‌کتری، تاساوی شیکاری هاوکێشه‌که بوون. ئێ فه‌له‌کناسێکی ماتریالیست که پیاسه‌ی له‌سه‌ر زۆربه‌ی هه‌ساره‌کانی ئاسمان کردبێت و هه‌رگیز ڕێکه‌وتی خودای نه‌کردبێت، سه‌خته‌بۆی باوه‌ڕ بهێنێت که په‌روه‌ردگار له ئاسمانه! پزیشکێکیش که به مه‌به‌ستی نه‌شته‌رگه‌ریی سه‌دان کاسه‌سه‌ری هه‌ڵدابێته‌وه و شتێکی نه‌بینیبێت به ناوی (بیر)، سه‌یره دڵنیایه له‌وه‌ی که بیر له (سه‌ر)دایه!
ڕۆحی ون، ئه‌ی گه‌وره‌ترین مه‌ته‌ڵی گه‌ردوون. تۆ به نادیارییت منت بۆ هه‌میشه حه‌سره‌تباری دیتنت کرد و که هاتیشیت له من بڕۆیت، له‌بیرتچوو که به‌ته‌نها من ئاوێنه‌ی هێزی تۆم.
هه‌میشه له‌وه‌دا بووم پێتبڵێم نهێنییه‌کی مه‌زنتر له هۆگربوونماندا هه‌یه، ته‌مه‌نی کوورتی مه‌خلوقێک هۆی وجوودی ئێمه نییه. شتێکی تر، زۆر شتی تر، چه‌مکێک له دنیای نه‌مریی ئامانجی په‌یوه‌ندێکه‌یه.
جوانه‌مه‌رگبوونی زاته‌که‌ی ئێمه، منی ته‌واو له زینده‌وه‌ر تۆران. تێناگه‌م تۆ له بۆشایی گه‌ردووندا به چ دڵێکه‌وه له مه‌ردوومێکی تر ده‌گه‌ڕێیت! یان بۆ نا، پێموابێت تۆ به‌دوای بیرۆکه‌ی کیمیای هاوبه‌شدا، وێڵی زۆرترین لێکچوونی خه‌سڵه‌ت و ڕووکه‌شیت. لۆژیکێکی خراپ نییه، به‌ڵام ده‌خوازم له بنه‌ڕه‌تی چۆنێتی خۆت گه‌یشتبیت!ئیتر له دوای تۆوه، ئه‌و ده‌سته‌ی سه‌ره‌وه و ده‌زووه‌کان، بۆ من هه‌م فریادڕه‌س بوون و هه‌میش دیله‌وان، هه‌م کۆت و پێوه‌ند بوون، هه‌م تاکه وه‌سیله بۆ جوڵان. ئه‌وه‌تا ڕیتمێکی نامۆ باڵه‌کانم ده‌کاته‌وه و به‌رز و نزم هه‌نگاوم پێده‌نێت. چه‌ند گه‌مه‌یه‌کی بێمانایه، له هه‌ڵپه‌ڕینی خۆم به که‌یفی ئه‌و ده‌ست و داوانه قه‌شمه‌رییمدێت. چ ناڵێم، هێنده به‌سه که چاوم پڕێتی له گریان، لێگه‌ڕێ به نووکی پێ بنووسم؛ په‌کوو، چه‌نده خه‌تای فه‌رموو، هه‌رچی وتی، ژیانکردن سه‌مایه‌که، له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی گوڵه‌کان! پاشان من خاڵیی نییم له تۆ و ده‌م ده‌م ده‌که‌ومه خه‌یاڵات. تۆش هه‌ر کات له‌ژێر بارانێکی به‌لێزمه‌دا بوویت، هه‌وڵبده زۆرترین تنۆکه‌کانی له‌سه‌ر ده‌ست و له باوه‌شتا بگریته‌وه، دواتر مه‌زه‌نده بکه چه‌ند دڵۆپه‌ت بۆ نه‌گیراوه‌ته‌وه؟ بزانه که من به ژماره‌ی ئه‌و دڵۆپانه بیرتده‌که‌م! بیرتده‌که‌م به‌ڵام به‌بێ ڕۆح چیدی من وه‌کوو جاران ئازارم نایه‌ت، ئیدی من ته‌نیا بووکه‌ڵه‌یه‌کم و خه‌ریکه باوه‌ڕیش دێنم که دنیا ته‌نیا کیمیایه!