
له یاده‌وه‌رییه‌كی تاكه‌وه بۆ یاده‌وه‌رییه‌كی كۆ
سه‌ره‌تا
میلان كۆندێرا له كتیبی هونه‌ری رۆمان‌دا ده‌ڵێت"رۆمان وجود ده‌پشكنی، نه‌ك واقیع" من لاموایه به‌رهه‌مه زیندووهكان به‌رهه‌می وجودن، نه‌ك واقیع. بۆیه هه‌میشه هه‌وڵمداوه خوێنه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و نووسه‌رانه بم، كه له واقیع دوور ده‌كه‌ونه‌وه. هه‌میشه خوێنه‌ری ئه‌و چیرۆكنووسانه‌م كه واقیعی گریمانكراوی ده‌خولقێنن. واقیعێك كه په‌یامێك له پشت خولقاندنییهوه ئاماده‌یی هه‌یه، نه‌ك ئه‌و واقیعه گریمانكراوه هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی نه‌بێت. واته كاتێك چیرۆكنووس ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤێكی بێسه‌ر ده‌كات كه‌توانای ژیانی هه‌یه ده‌بێت په‌یامێك له پشت خولقاندنی ئه‌و ئه‌ندێشه‌كردنه‌وه ئاماده‌یی هه‌بێت. یان كاتێك ئیتالۆ كالفینۆ له رۆمانی " ڤیسكۆنتی دوو لهتبوودا" مرۆڤێك ده‌كاته دوو كه‌رت‌و پاشانیش له كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا هه‌ردوو كه‌رته‌كه پێكه‌وه یه‌كده‌گرنه‌وه، بێگومان په‌یامێك له‌پشت ئه‌ندێشه‌كردنی ئه‌و مرۆڤه ئهندێشهكراوهوه ئاماده‌یی هه‌یه، كه ئه‌ویش ده‌كرێت ئه‌وه بێت، كه مه‌رج نییه ئه‌وانه‌ی خۆیان به "مرۆڤی ته‌واو" ده‌زانن هه‌موو بڕیاره‌كانیان دروست بێت‌و هه‌موو شتێك به‌ته‌واوی ببینن، به‌ڵكو ده‌كرێت مرۆڤێكی ناته‌واو له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه " كه‌سێكی كه‌مئه‌ندام" شته‌كان زۆر باشتر‌و ته‌واوتر ببینێت، یان دنیابینی جوانتربێت له مرۆڤه‌كانی تر، یان ده‌كرێت كالفینۆ ئه‌وه بخاته‌ڕوو كه ژیانی سه‌خت مرۆڤ دووكه‌رت دهكاتو یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دووكهرتیهی ته‌نها مرۆڤێك ئه‌سته‌مه‌و ره‌نجی زۆری ده‌وێت.
ده‌مه‌وێت لێره‌دا دان به‌وه‌دا بنێم كه من ئه‌و چیرۆكانه سه‌رنجم راناكێشێت كه واقیعێكی گریمانكراوی بێوهزیفهیان تێدا خولقاوه، یان دروست تر بڵێم خوێنه‌ر له وه‌زیفه‌ی ئه‌و واقیعه گریمانكراوه تێناگاتو نووسه‌ره‌كه هه‌وڵی فریودانی خوێنه‌ر ده‌دات، نه‌ك به‌خشینی دنیابینییه‌كی نوێ له‌سه‌ر ژیان. یان ئه‌و واقیعه گریمانكراوه خزمه‌ت به كۆی گشتی سیستمی بیركردنه‌وه‌ی ئازادانه‌و چه‌مكه پلۆرالییهكان ناكات، كه دنیای نوێ هه‌ڵگریه‌تی. مه‌به‌ست له‌م رستانه سه‌ره‌وه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه خوێنه‌ر ته‌نها رووكاری ده‌ق ناخوێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ی جوانی رووكاری ده‌ق گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌و په‌یامه‌ی له‌پشت دێڕه‌كانه‌وه نادیاره و خوێنه‌ر ده‌یدۆزێته‌وه گرنگه‌و ئه‌و نووسه‌رانه‌شی كه له رێی خولقاندنی واقیعی گریمانكراوی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌وه ده‌یانه‌وێت نوێگه‌ری له چیرۆك‌و رۆمان‌دا بكه‌ن، یان به نوێگه‌ر ناوببرێن. نه ده‌بنه داهێنه‌رو نهبهرههمهكانیشیان له زهنی خوێنه‌ردا ده‌مێنێته‌وه.
چیرۆكی (دڵێك له كه‌لاوه)ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له‌و چیرۆكانه‌یه كه واقیعێكی ئه‌ندێشه‌كراو دهخولقێنێتو په‌یامێكی گه‌وره‌ش له‌پشت ئه‌و واقیعه گریمانكراوهوه ئاماده‌یی هه‌یه. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و چیرۆكه‌ی ئارام بكه‌ین‌و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی مانای تر بده‌ین له سیاقی گشتی تێكسته‌كه‌دا.كورته‌ی چیرۆكه‌كه
من زیاد له جارێك وتوومه كه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك كارێكی هه‌روا ئاسان نییه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه به بیر خوێنه‌ر بهێنمه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م كورته‌یه‌ك له چیرۆكه‌كه بگێڕمه‌وه، هیوادارم چیرۆكنووس له‌و غه‌دره‌م ببورێت كه له گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئه‌وم كردووه.
چیرۆكه‌كه باس له كه‌سێك ده‌كات كه له تاراوگهیهو پاش چه‌ند ساڵێك ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی تا خزمه‌تێك بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه دڵی لای كچێك جێماوه ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه. پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته كۆرسێكی دڵڕه‌قی تا له‌و دڵنهرمییه رزگاری بێت، كه كۆرسێكه بۆ ئه‌و كه‌سانه كراوه‌ته‌وه كه ده‌چن بۆ سه‌ربازی تا بیری دۆست‌و خۆشه‌ویستانیان نه‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت دڵڕه‌قی به‌ده‌ست بێنێت، پاش ته‌واوبوونی كۆرسه‌كه دڵًی هه‌ر له وه‌ك جاران ده‌بێت، بۆیه به‌ناچاری به‌و "دڵه ههویرییهوه" ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵات. وڵاتێك كه‌بۆته وێرانه. به‌ڵام دواجار ئه‌و كه‌سه تێده‌گات كه ئه‌و دڵه‌ی ئه‌و ده‌یخوازێت ئه‌وه نییه، به‌ڵكو دڵێكه توانای چاك كردنه‌وه‌ی پارچه شكاوه‌كانی كولتوورێكی وێرانه‌ی هه‌بێت. دڵێك كه كه‌لاوه نه‌بێت، چونكه به‌دڵێكی وێرانه‌وه ناتوانرێ كه‌لاوه‌كانی وڵات چاك بكرێته‌وه.كۆرسی دڵڕه‌قی چییه؟
رێبوار سیوه‌یلی ده‌ڵێت: له ده‌قی ساده‌دا مانای تاقانه نییه، چونكه نهێنیه‌كان لهئارادانو له‌و شوێنه‌ش نهێنی ئاماده‌بێ، بیر‌و لێكدانه‌وه‌ی ههمهجۆر دێته به‌رهه‌م. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه جوانه‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌ی ئارام‌و هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی تری ئه‌م چیرۆكنووسه سادهییهكهیهتی. ئه‌و ساده‌ییه‌ی كه له رووكه‌شی تێكسته‌كه‌دا هه‌ستی پێده‌كه‌ین، یان خوێنه‌ر له‌یه‌كه‌م بهریهككهوتنو خوێندنه‌وه‌دا ده‌یبینێ، به‌ڵام ناواخنی تێكسته‌كه زۆر نهێنی له هه‌ناویدا هه‌ڵگرتووه و سیوه‌یلی وته‌نی "مانای تاقانه‌یان نییه"، به‌ڵكو كۆی چیرۆكه‌كه باسكردنی چه‌ندین كێشه‌و سه‌ره‌داوه، كه به‌هه‌موویان تێكستێكی فره‌ڕه‌هه‌ندیان پێ خولقێنراوه.
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه پێویسته بۆ شیكردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه په‌نای بۆ به‌رین ئه‌وه‌یه كه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و پاشخانه‌ی كولتوری كوردی لێپێكهاتووهو ته‌نها له‌وێوه ده‌توانین خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست بۆ ئه‌م تێكسته‌ی ئارام بكه‌ین. ئێمه تا له ماناكانی دڵڕه‌قی له كولتووری كوردیدا تێنه‌گه‌ین، ناتوانین بزانین پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئارام بۆچی په‌نا بۆ "كۆرسی دڵڕه‌قی" ده‌بات؟ ره‌نگه خوێنه‌ر لێره‌دا بپرسێت "كۆرسی دڵڕه‌قی" چییه؟ ئێمه سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌ده‌ین باس له‌و پاشخانه پڕ له دڵڕه‌قییه بكه‌ین كه مرۆڤی كوردی تێدایه‌و سه‌ره‌تا ده‌بێت له روانگه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژییه‌وه له‌م دیارده‌یه بڕوانین.
ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی سیاسی وئابووریو كولتووری كوردی بكه‌ین، ده‌بینین مێژوویه‌كه به‌رده‌وام مرۆڤه‌كانی له‌نێو نائارامی و جه‌نگدا بوون. بۆنموونه ئه‌گه‌ر به‌دیاریكراوی سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌ربگرین، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌ده‌یه‌وه تا ئێستا مرۆڤی كورد به‌رده‌وام له جه‌نگێكی خۆنه‌ویستانه‌دا بووه، چ له‌گه‌ڵ بهرانبهرهكانیو چ له‌گه‌ڵ خۆیدا، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی له‌نێو هه‌موو كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و تاكه‌كاندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، بۆیه به‌بێ ویستی خۆ، مرۆڤی كورد "تاڕاده‌یه‌ك" ده‌كرێت وه‌ك كائینێكی دڵڕه‌ق چاوی لێبكرێت. كائینێك كه نه‌رمی زۆر به‌كه‌می له پێكهاته‌یدا هه‌یه. به‌ڵام بۆچی ئه‌و دڵه‌ی پاڵه‌وانه‌كه‌ی نێو چیرۆكه‌كه‌ی ئارام ئه‌وه‌نده نه‌رمه، كه وه‌ك ئارام ده‌ڵێت: "دڵێكی هه‌یه له هه‌ویر ده‌چێت". لێره‌وه ده‌كرێت ئاماژه به‌و خاڵه بده‌ین كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌چنه هه‌نده‌ران "به دیاریكراوی به‌شێكی زۆریان" له‌نێو ئه‌و كولتورهی لێیده‌ژین به‌هۆی ئه‌و هه‌ستكردن بهنامۆییهی كه له ژیانی "به‌شێكی زۆر" له مرۆڤه‌كانی تاراوگه‌دا بوونی هه‌یه توشی ده‌بن. نامۆبوونێك كه مرۆڤ له ناخه‌وه وێران دهكاتو ده‌یكاته مرۆڤێك، كه دڵێكی گرینۆكی هه‌بێت. بۆیه پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی "ئارام"یش له‌و توخمه‌ی مرۆڤی كورده كه هه‌ستكردن به‌نامۆبوون دڵی به‌ره‌و وێرانكردن بردووه و كردوویه‌تییه خاوه‌ن دڵێكی گرینۆك.
ئاماژه‌دانی چیرۆكنووس به "كۆرسی دڵڕه‌قی" ده‌كرێت ئێمه ته‌فسیری تریشی لێوه به‌ده‌ست بهێنین به‌تایبه‌ت كاتێك پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه یه‌كه‌مجار كه له ئینته‌رنێتدا ئاگاداری كۆرسی دڵڕه‌قی ده‌خوێنێته‌وه باوه‌ڕ ناكات، كه كۆرسێكی له‌و شێوه‌یه هه‌بێت. ئارام له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌نوسێت:
"كه له ئینته‌رنێتدا شتێكی وام خوێنده‌وه بڕوام نه‌كرد كۆرسی وا هه‌بێت، تا ته‌له‌فونم بۆ ئێره كرد و وتیان نا گاڵته ناكه‌ین، ئه‌مه زانستێكی تازه‌یه‌و مرۆڤ به‌هێز ده‌كات، ئه‌مه بۆ یه‌كێ باشه بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژ سه‌فه‌ر بكات‌و بیر له كه‌سی خۆشه‌ویستی خۆی نه‌كاته‌وه، ئه‌م كۆرسه مرۆڤ ده‌كاته‌وه به خاوه‌نی هه‌موو ژووره‌كانی دڵی خۆی."
پێده‌چێت مه‌به‌ستێكی تری چیرۆكنووس له‌به‌كاربردنی چه‌مكی "كۆرسی دڵڕه‌قی" بۆ ئه‌و دڵڕه‌قیه‌ی دنیای نوێ‌و زلهێزه‌كانی دنیا بگه‌ڕێته‌وه، له‌كاتێكدا تا ئاستێكی بێكۆتا دڵڕه‌قی به‌رانبه‌ر گه‌له ژێر ده‌سته‌كان ده‌نوێنن. یان ده‌كرێت (بێده‌نگی) هه‌موو وڵاتانی دنیا له‌به‌رانبه‌ر قڕكردنی گه‌لێكی وه‌كو كورددا له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ئاماژه‌یه‌كی تری پشت دێڕه‌كانی ئه‌م چیرۆكه بێت. بۆیه ده‌كرێت چه‌ندین مانای تر له‌م چیرۆكه‌و به‌كاربردنی چه‌مكی "كۆرسی دڵڕه‌قی" بدۆزینه‌وه و ئاماژه‌ی پێبكه‌ین.میدیا‌و حه‌قیقه‌ت
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا ئاماژه‌ی پێده‌دات كاریگه‌ری میدیایه له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان. ئێمه له‌و چه‌ند رسته‌یه‌ی نوسه‌ر له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه ده‌یخاته‌ڕوو هه‌ست به‌ترسێكی گه‌وره ده‌كه‌ین به‌رانبه‌ر میدیا، ترسێك كه ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌وه‌ی بپرسین په‌یامی میدیا لای ئێمه چییه؟ میدیا ده‌بێت چی بكات؟ ئایا كاری میدیا خستنه‌ڕووی حه‌قیقه‌ته، یان ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی؟ ئه‌م پرسیارانه ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، یان به‌دوای نزیكبوونه‌وه له وه‌ڵامه‌كانیاندا بگه‌ڕێین. بێگومان ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئێمه ته‌نها له سیاقی چیرۆكه‌كه‌ی ئارامه‌وه له هه‌ردوو چه‌مكی " میدیا‌و حه‌قیقه‌ت" ده‌دوێن نه‌ك وه‌ك دوو چه‌مكی گشتی‌و له سیاقێكی گشتیدا، چونكه قسه‌كردنه‌كه‌ی ئێمه له رووبه‌رێكی سنوورداردایهو نامانه‌وێت له سیاقی گشتیدا له‌مه‌ڕ ئه‌م دوو چه‌مكه بدوێین، چونكه ئه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی دهوێتو له‌ئێستادا له توانای ئێمه‌دا نییه.
میدیا نه‌ك له كوردستان، به‌ڵكو له دنیای ئه‌مڕۆدا چه‌ند هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی حه‌قیقه‌ت ده‌دات، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش هه‌وڵی ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی ده‌دات، چونكه به‌شێكی زۆر له میدیا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا په‌یامێكی سیاسی، یان ئایدیۆلۆژییان له پشته، كه ئه‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نه‌بێت نایخه‌نه‌ڕوو، بۆیه ده‌كرێت زۆرجار میدیا هۆكارێك بێت بۆ دروستكردن‌و به‌رده‌وامیدا به سیستمێكی تۆتالیتاری. مه‌ریوان وریا قانع له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌مه‌ڕ رۆژنامه‌گه‌ری له كوردستاندا ده‌نوسێت: به‌بێ بوونی رۆژنامهنووسو میدیا زه‌حمه‌ت بوو به‌عس بتوانێت كۆمه‌ڵگای عیراقی له‌سه‌ر مۆدێلی سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره بینا بكات. هه‌روه‌ها مه‌ریوان له درێژه‌دا ده‌نوسێت: ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ به‌عس به‌ڕاده‌یه‌ك گرنگ بوو، كه ده‌وڵه‌ت هه‌زاران ته‌له‌فزیۆنی به‌خۆڕایی به‌سه‌ر خه‌ڵكه گوندنشینه‌كانی خوارووی عیراقدا بڵاوكرده‌وه.
بێگومان له رابردوو و له ئێستاشدا میدیا گرنگییه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیاندا هه‌یه، به‌ڵام ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و كه‌ناڵه میدیاییانه‌دا كارده‌كه‌ن له‌و په‌یامه گه‌یشتوون، ئه‌گه‌ر له‌و په‌یامه گه‌یشتوون بۆ ئه‌و هه‌موو ئاوهژووكردنهوهیهی حه‌قیقه‌ت ده‌بینرێت. بێگومان ده‌كرێت ئێمه لێره‌دا ئاماژه به دوو خاڵی گرنگ بده‌ین: خاڵێكیان ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له میدیادا كار ده‌كه‌ن له په‌یامه‌كه نه‌گه‌یشتوون، چونكه ئه‌ركی رۆژنامه‌نووس گواستنه‌وه‌ی په‌یامه له‌نێوان (دهسهڵاتو هاوڵاتی)و به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌ك لایه‌نداری كردنی لایه‌كیان. هه‌روه‌ها خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و كه‌ناڵانه‌دا كار ده‌كه‌ن له په‌یامه‌كه گه‌یشتوون، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كار بۆ لایه‌نێكی دیاریكراو ده‌كه‌ن، بۆیه له‌گرنگی ئه‌و په‌یامه و گه‌یاندنی حه‌قیه‌ت دووركه‌وتوونه‌ته‌وه.
چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه كاتێك وڵاته‌كه‌ی له ته‌له‌فزیۆندا بینیوه به‌شێوه‌یه‌ك بووه‌و كاتێكیش چۆته‌وه بۆ وڵات نه‌یناسیوه‌ته‌وه. واته ئه‌وه‌ی له ته‌له‌فزیۆندا بینیویه‌تی له‌و وێنه‌یه جیاوازبووه، كه خۆی بینیویه‌تی. نوسه‌ر له‌چیرۆكه‌كه‌دا ده‌نوسێت: "ساڵی پار پاش پانزه ساڵ بۆ دوو هه‌فته گه‌ڕامه‌وه، شاره‌كه‌ی خۆمم نه‌ناسییه‌وه، من ته‌نها له ته‌له‌فزیۆنه‌وه بینیبووم، له ته‌له‌فزیۆنیشه‌وه وڵاته‌كه‌ی من ده‌ڵێی به‌هه‌شته".
ئه‌م ئاماژه‌دانه تیژتێپه‌ڕی چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا به رۆڵی میدیای كوردی‌و ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی وێنه راسته‌قینه‌كان‌و به به‌هه‌شت پیشاندانی كوردستان له میدیاكانه‌وه یه‌كێكه له‌و خاڵانه‌ی كه دۆزی كوردی له ئاستێكی چه‌قبه‌ستوودا هێشتۆته‌وه‌و بۆته ده‌ردێكی كوشنده كه میدیای كوردی گیرۆده‌یه‌تی، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌یمه‌نه‌ی حزبه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و میدیایانه‌وه، هه‌ربۆیه میدیا له‌م ساتانه‌دا ئه‌ركه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌م ئاماژه‌دانه نوسه‌ر به رۆڵی میدیا له‌م چیرۆكه‌دا ته‌نها لای چیرۆكنووسی به‌سه‌لیقه جێیده‌بێته‌وه، بۆیه ئه‌م چیرۆكه باسی له زۆر كێشه‌ی تر كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك دێڕكانی ئه‌م تێكسته داڕێژراون كه وشه‌و رسته‌ی زیاده‌ی تێدا نادۆزینه‌وه، من پێشتریش له نووسینێكمدا له‌سه‌ر چیرۆكێكی تری ئه‌م چیرۆكنووسه ئه‌وه‌م خستبوه‌ڕوو، كه رێزی وشه ده‌گرێت، هاوكات له‌م چیرۆكه‌شدا رێزی وشه‌ی گیراوه‌و هه‌ست به درێژدادڕی و ریستهو گوزاره‌ی زیاده ناكه‌ین له تێكسته‌كه‌دا.
گه‌لێك بێ یاده‌وه‌ری
یه‌كێك له خاڵه دیاره‌كانی چیرۆكه‌كانی ئارام گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ منداڵی‌و سه‌فه‌ركردن هه‌یه بهیادهوهرییهكانی منداڵی‌دا. ئه‌م چیرۆكنووسه ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌كی ئازاربهخشته، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی چێژ له‌و ئازاره ببینێت ده‌یهێنێته نێو چیرۆكهكانیو هه‌رجاره‌ی له گۆشه‌یه‌كه‌وه به‌خوێنه‌ری ده‌ناسێنێت، ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت له‌به‌كاربردنی یاده‌وه‌ری بدوێین له‌م چیرۆكه‌دا، كه به‌شێكی زۆری چیرۆكه‌كه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه.
پاولۆ كۆیلۆ له‌باره‌ی یاده‌وه‌رییه‌وه ده‌ڵێت" چێژ له یاده‌وه‌رییه‌كانت ببینه، به‌ڵام بیرت نه‌چێت، كه یاده‌وه‌ری وه‌ك خوێ وایه، ئه‌گه‌ر بڕێكی گونجاو بوو، ئه‌وا تامێكی خۆش بهخواردنهكه ئه‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ی زۆر بوو، ئه‌وا خواردنه‌كه خه‌سار ده‌كات. پاولۆ له‌پاشاندا ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سه‌ش كه له رابردوودا ده‌ژی، ئیدی ئێستای نامێنێت تا دوایی وه‌كو یاده‌وه‌رییه‌ك بیری لێ بكاته‌وه. له‌م قسه‌یه‌ی پاولۆوه تێده‌گه‌ین په‌یوه‌ستبوون به رابردوه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئێستامان له‌ده‌ست دهداتو دواجار شتێك نامێنێت كه ناوی یاده‌وه‌ری بێت‌و مرۆڤ چێژی لێوه‌بگرین. من راموایه مرۆڤ تا ئه‌و جێگایه بهیادهوهرییهكانییهوه په‌یوه‌ست بێت، كه بیخاته خزمه‌تی ئێستا‌و ئایندهیهوهو به بیركردنه‌وه له رابردوو ئێستا‌و ئاینده بنیاد بنێت. له‌م چیرۆكه‌شدا ئارام ده‌نوسێت:" هه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی دواوه قهپاڵگرتنێكه له‌ئێستا، هه‌ر تێڕامانێك له رابردوو خێسهیهكه له داهاتوو".
ئه‌وه‌ی له پشت ئه‌م دێڕانه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه رابردوویه‌كی برینداره، رابردوویه‌ك كه بیركردنه‌وه لێی ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا‌و ئاینده‌ش له ده‌ست بچێت. ره‌نگه ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی چیرۆكنووس ده‌یه‌وێت لێی بدوێت ئه‌و شۆڕشه شكستخواردوانه‌ی كوردبێت كه به‌درێژایی مێژووكراوه، یان ده‌كرێت بهعهرهبكردنو ئهنفالو كیمابارانكردنو شه‌ڕی ناوخۆ بێت، ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه كه نوسه‌ر نایه‌وێت ئاشكرای بكات‌و بۆ خوێنه‌ری به‌جێهێشتووه تا خوێنه‌ر خۆی ئازادبێت له‌وه‌ی چ یاده‌وه‌رییه‌ك ئه‌ندێشه ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌كرێت له دواگریمانهدا ئه‌و رابردووه ململانێی نه‌شیاوی نێو پانتایی رۆشنبیری كوردی بێت، كه ئه‌مه‌ش دیسان رابردوویه‌كی برینداركه‌ره. به‌ڵام له تێگه‌یشتی مندا پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ی ئارام ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و رابردووه‌ی جوانی تێدایه‌و بۆ ئێستاش ده‌توانێ جوانی ببه‌خشێ. ئه‌و ده‌یه‌وێت بۆ جوانی بژی و وڵاته‌كه‌ی نه‌كرێته كه‌لاوه. بێگومان "كهلاوهبوون" له‌م چیرۆكه‌دا واتای تری وه‌رگرتووه‌و لای چیرۆكنووس دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی بڵند له شوێنی سینهماكانو شوێنه زیندووه‌كانی نێو یاده‌وه‌ری نه‌وه‌كانی رابردووی ئه‌م وڵاته بهكهلاوهبوونه، چونكه دواجار كوشتنی یاده‌وه‌ری نه‌وه‌یه‌كه، كه ته‌مه‌نێكیان له‌نێویدا گوزه‌راند.
پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئارام ناكرێت وه‌ك رابردوو په‌رست سه‌یر بكرێت، به‌ڵكو ئه‌و مرۆڤێكه كولتووری خۆی خۆش دهوێتو هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی نادات. خه‌می سه‌ره‌كی ئه‌م پاڵه‌وانه‌ش بۆ ئه‌وه نییه كه رابردوو پیرۆز رابگیرێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و كولتووره‌ی له رابردوودا ئه‌و خاوه‌نی بووه نه‌شێوێنرێت. ئه‌و دژی پێشكه‌وتن نییه، به‌ڵكو دژی سڕینه‌وه‌ی مێژووی زیندووی نه‌ته‌وه‌یه، كه چیرۆكنووس له‌نێو یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ژی.
به‌ختیار عه‌لی له‌وتارێكدا له‌مه‌ڕ تێگه‌یشتن له یاده‌وه‌ری ده‌ڵێت: راسته یاده‌وه‌ری هه‌میشه شوێنگه‌ی وێنه‌كانی رابردووه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه یاده‌وه‌ری (هه‌رده‌م) وه‌زیفه‌یه‌كی كۆنزهرفاتیڤانهی هه‌یه، به‌و مانایه نییه مرۆڤی نوێگه‌رو داهاتووپهرست یاده‌وه‌رییان نییه. ئیشكردنی یاده‌وه‌ری دیارده‌یه‌كی مرۆڤانه‌یه، مرۆڤێك نییه بێ یادهوهریو ئایدیۆلۆژیا‌و مه‌زهه‌بێكی فیكریش نییه بێ یاده‌وه‌ری. به‌و پێیه‌ی به‌ختیار ده‌یخاته‌ڕوو مرۆڤ ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه كه بهیادهوهرییهوه دهژیو خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره‌كانی تردا بوونی یادهروهرییه. ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه كه قسه له یاده‌وه‌ری كوردی بكه‌ین. به‌ختیار له هه‌مان وتاردا له‌مباره‌یه‌وه ده‌نوسێت: "یاده‌وه‌ری كوردی به جه‌وهه‌ر ئه‌رشیفێكی فه‌ردییه، كه ته‌نها ئه‌و به‌شه له مێژوو هه‌ڵده‌گرێت كه نزیكه له خۆیه‌وه. واته كاتێك قسه له یاده‌وه‌ری كوردی ده‌كه‌ین، زۆربه‌ی كات زه‌حمه‌ته بتوانین له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ساف‌و خالیس بدوێین، به‌ڵكو به‌رده‌وام تێكه‌ڵاوی یاده‌وه‌رییه‌كی فه‌ردی به یاده‌وه‌رییه‌كی مێژوویی قسه ده‌كه‌ین".
نوسه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا له رێی یاده‌وه‌ری فه‌ردییه‌وه باس له یاده‌وه‌رییه‌كی گشتی ده‌كات، ئاماژه‌دانی ئارام به‌ڕووخانی سینهماكانو تێكدانی یاریگه وه‌رزشییه‌كان‌و قوتابخانه‌و باخچه‌ی ساوایان، هه‌موو ئه‌مانه كه له یاده‌وه‌ری فه‌ردی پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئارام‌دا ئاماده‌یی هه‌یه، دواجار ده‌بنه‌وه بهیادهوهرییهكی ده‌سته‌جه‌معی، چونكه ئه‌و شوێنانه ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بوون به شه‌خسی پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئارامه‌وه، هاوكات په‌یوه‌ستن به یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌وه، من پێموایه ئاماژه‌دانی ئارام به‌م خاڵه جێی هه‌ڵوێسته، به‌و پێیه‌ی ناكرێت نه‌وه‌یه‌ك كه ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتۆته (50)ساڵ، پاش جێهێشتنی شاره‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی (15-20) ساڵ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌و شاره هیچ كام له‌و شتانه له شوێنی خۆیان نهمابنو شار سیمای راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ده‌ستدابێت، یان وه‌ك ئارام له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌یخاته‌ڕوو كه سینه‌ماكان كرابنه باڵه‌خانه‌و قوتابخانه به سه‌ربازگه‌و یاریگه به ئوتێلی پێنج ئه‌ستێره.
بۆ زیاتر قسه‌كردن له‌سه‌ر كاریگه‌ری چه‌مكی " یاده‌وه‌ری " له‌سه‌ر تاك به‌پێویستی ده‌زانم رای دوو كۆمه‌ڵناس بخه‌مه‌ڕوو تا زیاتر له تێگه‌یشتنی ئه‌م چه‌مكه‌دا كۆمه‌كمان بكه‌ن. كارل پۆپه‌ر له‌و كۆمه‌ڵناسانه‌یه كه‌لێره‌دا كۆمه‌كمان دهكاتو ئه‌و له وتارێكدا له‌ژێر ناویشانی (یاده‌وه‌ری ، مێژوو، فه‌رامۆشی) به‌شێوه‌یه‌كی ورد‌و دورو درێژ له‌م سێ چه‌مكه دواوه. پۆپه‌ر رای وایه یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی یاده‌وه‌ری ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌میشه‌یی هه‌یه له‌گه‌ڵ داهاتوو. له‌م قسه‌یه‌وه ده‌كرێت ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای چیرۆكه‌كه‌ی ئارام كاتێك كه باس لهرووخانو نه‌مانی سینه‌ماكان ده‌كات، كه ئێمه"سینه‌ماكان" وه‌ك نموونه‌ی زیندووی هه‌موو شته‌كانی تریش وه‌ریده‌گرین به‌و پێیه‌ی لای من سینه‌ما پێناسه‌كه‌ری كولتووره‌و گه‌لی خاوه‌ن هۆڵی سینه‌ما گه‌لی خاوه‌ن شارستانیه‌ته. هه‌روه‌ها لاموایه رووخاندنی سینه‌ماكان واته نه‌مانی بیركردنه‌وه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی زیندوودا.
له‌درێژه‌ی هه‌مان وتاردا كارل پۆپه‌ر له‌باره‌ی یاده‌وه‌رییه‌وه ده‌نوسێت: زۆربه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانمان تاكه‌كه‌سی نین، هه‌ندێك له‌م یادهوهریانهمان، یان له كه‌سانی دیكه بیستووه، یان له‌نێو بنه‌ماڵه فێری بووین. ئه‌م یاده‌وه‌رییانه هی حیكایه‌تی مێژووی ئه‌و كۆمه‌ڵگان كه من ئه‌ندامم تێیدا. له‌م بۆچوونه‌ی پۆپه‌ره‌وه دیسان ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه رووخانی سینه‌ماكان واته سڕینه‌وه‌ی حیكایه‌تی میلله‌تێك كه پێده‌چێت نه‌وه‌یه‌ك، یان چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی بن. بۆیه ده‌كرێت بڵێین گه‌لێك كه بایه‌خ به مێژوو‌و كولتوور‌و یاده‌وه‌رییه‌كانی نادات ناتوانێت بایه‌خ به ئاینده‌ش بدات، چونكه رۆژێك دێت ئاینده‌ش ده‌بێته یاده‌وه‌ری.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه "مۆریس هالبواكس" نووسه‌رو كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی ده‌نوسێت: ئه‌گه‌رچی یاده‌وه‌ری تاكه‌كه‌سییه، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه به‌شی ده‌كه‌ین. ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی بهشدهكرێ كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر من ده‌توانم یاده‌وه‌ری بگێڕمه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه گێڕانه‌وه كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه ده‌ستبه‌جێ یاده‌وه‌ری كه‌سێك به یاده‌وه‌ری كه‌سێكی دیكه‌وه گرێدهداتو ده‌بێته هۆی شتێك كه ده‌كرێ پێی بڵێین دانوساندنی یاده‌وه‌ری.
ئێستا گه‌یشتینه ئه‌و خاڵه‌ی كه مه‌به‌ستی ئێمه‌یه روونی بكه‌ینه‌وه‌و له پشت چیرۆكه‌كه‌ی "ئارام"یشه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه ئه‌ویش نه‌بوونی دانوساندنی یاده‌وه‌رییه له كولتوری كوردیدا. هه‌روه‌ها هه‌ر به‌پێی قسه‌ی "مۆریس هالبواكس" هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك ده‌توانێ یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی بگوێزێته‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه، به‌شێك له زیندوێتی رۆحی كو‌لتور پێشێل ده‌كات. به‌ڵام ئایا نه‌وه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی چۆن یاده‌وه‌رییه‌كانیان گوێزاوه‌ته‌وه بۆنه‌وه‌كانی تر؟ یان ئایا هه‌وڵی ئه‌وه دراوه ئه‌و یاده‌وه‌رییه بگوێزرێته‌وه، بێگومان ئه‌م قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌م باسانه له توانای ئه‌م وتاره‌دا نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌م وتاره‌وه ئه‌وه‌یه، كه یاده‌وه‌ری كوردی یاده‌وه‌رییه‌كی شڵۆقهو له دۆخێكی جێگیردا نه‌بووه تا ببێته مێژوویه‌كی دروستی نووسراو و ئه‌و هه‌وڵانه‌شی تا ئێستا دراون ته‌نها هه‌وڵی "له‌خۆبوردوانه"ی ئه‌و مێژوونووسه به‌ڕێزانه‌ن، هاوكات پاراستنی ئه‌و یادهوهریو كولتوری نه‌وه‌كانی پێشووش ئه‌ركی نه‌وه‌ی نوێ‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه تا پاش چه‌ند ساڵێكی تر سیمای شاره‌كانی كوردستان به‌ته‌واوی نهگۆڕێتو ئه‌وه‌ی به‌عس ده‌یویست له كوردستاندا بیكات خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان نهیكهینو كولتوری خۆمان نه‌سڕینه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر تهلارهكانو ماڵ‌و شه‌قامه‌كان وێنه‌كانی رابردووی تێدا نه‌خوێنرێته‌وه، نه‌وه‌ی نوێ چۆن له كولتووری گه‌لێك بڕوانێت كه ئه‌و به‌شێكه له‌و. ئایا گه‌لێك هه‌یه بێ یاده‌وه‌ری بتوانێت به‌رده‌وامی به خۆی بدات؟ یان ئایا ئه‌مه ئه‌و لۆژیكه‌یه كه مرۆڤه‌كانی نێو وڵات قه‌دری وڵات نازانن‌و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ست به‌بوونی ئه‌و گرنگییه‌ی كولتوور و ئه‌و په‌تای سڕینه‌وه‌ی كولتووره ده‌كه‌ن.
خه‌می نێو چیرۆكه‌كه‌ی ئارام له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه سیمایی شاره‌كانی كوردستان به‌رده‌وام له گۆڕاندان، گۆڕانێك كه یاده‌وه‌ری نه‌وه‌كان تێكدهشكێنێتو به‌یه‌كجاری ده‌یسڕێته‌وه‌و هیچ ئاسه‌وارێكی له‌پاش جێنامێنێت. ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئارام ده‌یخوازێت ته‌نها خه‌مێكی فه‌ردی نییه بۆ پاراستنی یاده‌وه‌رییه‌كی فه‌ردی و به‌س، به‌ڵكو خه‌مێكی فه‌ردییه بۆ پاراستنی یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی، كه به‌ناوی پێشكه‌وتن‌و جوانكردنی سیمای شاره‌وه. سیمای راسته‌قینه‌ی شار وێران دهكرێتو هه‌وڵی بونیادنانی سیمایه‌كی دزێو ده‌درێت بۆی.به‌رله‌كۆتایی
لانگینوس كه یه‌كه‌مین ره‌خنه‌گره كه تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بی پێناسه ده‌كات رای وایه، كه كه‌س ناتوانێ به دروستی به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی هه‌ڵسه‌نگێنێ. پێده‌چێت ئێمه‌ش له قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م چیرۆكه‌دا نه‌مانتوانیبێ قسه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م ده‌قه بكه‌ین، چونكه چیرۆكی "دڵێك له‌كه‌لاوه" ده‌قێكه ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر به وردی بیخوێنێته‌وه چه‌ندین پنتی شاراوه‌ی تری تێدا ده‌دۆزێته‌وه، كه ره‌نگه بۆ ههرخوێنهرهو به‌شێك له‌و خاڵانه گرنگ بن، ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا خرایه‌ڕوو ئه‌و خاڵانهبوو كه جێی سه‌رنجی من بوون.پهراوێزو سه‌رچاوه‌كان:
*ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، دڵێك له كه‌لاوه-چیرۆك، گۆڤاری هه‌نار ژماره (33) له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی ئۆكتۆبه‌ری (2008).
*پاولۆكۆیلۆ، حیكایه‌ته‌كانی دوێنێ‌و ئه‌مڕۆ، و: ئازادبه‌رزنجی، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپوپهخشی سه‌رده‌م سلێمانی (2006).
*میلان كۆندێرا ،هونه‌ری رۆمان، و: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپوپهخشی سه‌رده‌م سلێمانی (2008).
*مه‌ریوان وریا قانع، شوناس‌و ئاڵۆزی، له‌بڵاوكراوه‌ی نێوه‌ندی ره‌هه‌ند بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردی (2004).
* رێبوار سیوه‌یلی، دیارده‌گه‌رایی تاراوگه، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس هه‌ولێر (2002)
*به‌ختیار عه‌لی، لهودیوكورسییهكانهوه چی ده‌بینیت-لێكۆڵینه‌وه، گۆڤاری هه‌نار ژماره (29) له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی یۆنیۆ (2008).
*كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، نه‌رێكار-وتاری فهلسهفیو ده‌رونشیكاری،و: مه‌نسوری ته‌یفوری،، له‌بڵاوكراوه‌كانی مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتییه‌كانی (ی.ن.ك) سلێمانی (2008).