
منم كچی گه‌ڵا چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنتم …. کاردینا
مه‌وه‌سته….
ئه‌مانه هه‌موو وێستگه‌ی خه‌تان……
هه‌ڵواسینی نوێژه‌كانی مانگهشهوهبه باڵای ترسا….
ڕاژه‌ندنی بێ ماناییه له جۆلانه‌ی گومانا..
تۆ حه‌ڵاڵترین خه‌ونی_خه‌ون_
ڕۆژه سپیه‌كانی به‌هه‌شت دێنم و
ملپێچێكی سه‌وزت بۆ ئه‌چنم
سه‌وزتر له خه‌ونی دره‌خته سه‌رخۆشه‌كانی ئاسوده‌یی
ئه‌وه‌تا كراسێكی ئاسمانیشم بۆ خۆم له هه‌ور چنیوه‌و
ئینجانه‌یه‌كی مۆرم له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره شینه‌كه‌ی چاوهڕوانیما داناوه
تا هه‌واڵی گهشتنتم بده‌نێ…….
مه‌وه‌سته و ڕامه‌مێنه……..ئه‌م شه‌وه ته‌نها كه‌مێ فڕینی لێت ئه‌وێت
ئیتر واز له‌سزادانی نهێنی پشت ده‌رگا ڕه‌شه‌كانی ئه‌م ژووره بهێنه
مانه‌وه‌ت له‌وێ پێكه‌نینی خۆره‌تاوت نیشان نادات …
ساتێ به‌دیار پرسه‌ی خه‌یاڵه بێ تاوانه‌كانی دوێنێتهوه دابنیشه‌و
دوعایه‌كی تر بنێره لای خودا…..
تۆ هه‌نگاوه‌كانی گه‌شتنت حه‌ڵاڵ بكه
مه‌ترسه تهمهنناكانی كچی گه‌ڵا ئهتسپێرێتهوه به دڵنیابوون ……
گوێ له هه‌ناسه‌ی جێماوی
گێلاسه ڕه‌ش پۆشه‌كانی
ئه‌و دیو ده‌رگا داخراوه‌كانی مه‌حاڵ مه‌گره
به نزاكانی كچی گه‌ڵا تینوێتی تهمهنناكانت بشكێنه
با گریانی سه‌ر به‌رماڵه بێ گیانه‌كانی حوزن
بیر له دواین فڕین بكه‌نه‌وه………
ته‌نهایی له‌ناو زبڵدانه تاریكه‌كانی خهتایا جێ بهێڵه
ده نا مه‌رگ خه‌نده وه‌ریوه‌كانی ئاسمانیش
فڕێ ئه‌یاته باوه‌شی مه‌غریبه ته‌زیوه‌كانی دۆزه‌خه‌وه…….كاردینا