
ئایا کورد هونه‌رمه‌ندی هه‌یه؟ وه‌ڵام و هیوایه‌ک بۆ گۆران دوکانی
له‌م رۆژانه بابه‌تێک رۆژنامه‌نوس کاک "گۆران دوکانی" م خوێنده‌وه که له ژێر سه‌ردێڕی "کێن ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێت هونه‌رمه‌ند؟" له‌بابه‌ته‌که‌ی هه‌ست ده‌که‌م له خه‌مخۆری بۆ هونه‌ر ئه‌و بێ ناوه‌رۆکی و بێ هه‌ڵوێستییه‌ی ئه‌مڕۆی هونه‌رمه‌ندانی کورد که‌وتۆته هه‌ڵه‌وه هه‌ڵه‌ی جیانه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و بواره کاریان کردووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که مه‌هزه‌له ده‌که‌ن به‌هونه‌ر. بۆیه پێویست بوو وه‌ک وه‌ڵام به‌رچاورونییه‌ک بخه‌مه به‌رچاوی کاک گۆران.
به‌ڕێز کاک گۆران حه‌زم کرد ده‌سخۆشیت لێبکه‌م بۆ ئه‌و نوسینه جوانه‌ت. به‌ڵام ناکرێت له‌چاوه‌روانی ئاینده به‌دیار شانازییه‌کانی رابردوه‌وه دانیشین ، ڕاسته له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه چه‌ند هه‌وڵی باش و به‌نرخ دراوه له‌کوردستان بۆ پێشخستنی گۆرانی و مۆسیقای کوردی، به‌ڵام هه‌ر وه‌کو خۆتان ده‌ڵێن له‌کوردستاندا به‌عس به‌و هه‌موو پیلانه دوژمنانه‌ی خۆی نه‌یتوانی شوناسی گۆرانی کوردی بسریته‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌مرۆ که‌سانێک هه‌ن به به‌خشینی پاره‌و میلۆدی و موزیکی بێگانه ماڵی گۆرانی کوردی‌یان وێران کردوه هه‌ر ئه‌وانه‌شن ئه‌مرۆ گره‌وی داهێنان و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی گۆرانی کوردیان له‌سه‌ر ده‌کرێت، دواجار به‌ڕێزتان ده‌پرسن ده‌بێت که‌سێک هه‌بێت له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا هونه‌رمه‌ند بێت؟ به فیعلی خزمه‌ت کولتور‌و مێژوو نیشتیمان و ته‌نانه‌ت ئیشه‌که‌ی خۆشی بکات که هونه‌ره ؟
ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ پرسیاری خه‌ڵکه هۆشمه‌نده‌کانه، ئه‌وانه‌ی که‌ده‌زانن گۆرانی و موزیک چ ئاسه‌وارێک جێ ده‌هێڵێت له سه‌ر مرڤه‌کان، به‌ڵام ده‌بوو له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ت شتێک وردبویتایهتهوه لهبوارهکهو بتان زانیبا ئاخۆ ده‌کرێت به‌م گشتگیرییه قسه بکرێت؟ ئاخۆ ده‌کرێت وه‌ک هه‌موو خه‌ڵکێکی ئاسایی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێک ورد نه‌بێت له قسه‌کردن له‌سه‌ر بوارێک و به‌و شێوه گشتییه بڕیار بدات؟ ئایا ده‌کرێت کاک گۆرانیش که یه‌کێک له‌گه‌نجه تواناداره‌کانی کورده وه‌ک هه‌رتاکێکی تر زۆر‌و بۆری یان زۆرینه خراپی هونه‌ری کوردی به‌شێوه‌یه‌ک ئاڵۆزی بکات توانای بینینی ئه‌وانه‌ی بێت، له‌و بواره جیاواز تر له‌هه‌موان کار ده‌که‌ن؟ ئه‌ی ده‌کرێت قبوڵی بێت هه‌موو رۆژنامه‌نوسه‌کان به‌خۆشییه‌وه بهشاباش وه‌رگر ناوببرێن؟ ئه‌و وه‌ڵامانه بۆخودی کاک گۆران جێ ده‌هێڵم، به‌ڵام به بڕوای من له‌م نوسینه‌دا یان په‌له‌کردن یان ورد نه‌بوون، گۆران دوکانی خستۆته هه‌ڵه‌و غه‌درێکی وازحهوه له‌و ده‌نگه‌ی که له‌نێو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و باسی ده‌کات جیاوازتر ده‌ڵێت و جیاوازتریش بیر ده‌کاته‌وه‌و جیاوازتر خزمه‌ت ده‌کات، من به کاک گۆران دوکانی ده‌ڵێم کاکی من ئه‌گه‌ر وردتر بویتایه ده‌تزانی که به‌ڵێ خۆش به‌ختانه هونه‌رمه‌ندمان هه‌یه، که کاره‌کانی مایه‌ی شانازی ئه‌وانه بێت به‌جدی خه‌مخۆری ئه‌و بواره‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌نگێک هه‌بێت خه‌م و ژان و پیرۆزییه‌کانیان بلاوێنێته‌وه، کێ هه‌یه هونه‌رمه‌ند خالید ڕه‌شید نه‌ناسێت؟ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی که گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به هونه‌رو شوێنه‌وارو که‌له‌پوری نه‌ته‌وه‌که‌مان کردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ک گۆرانی شاعیر ده‌ڵێت: له‌ناو قه‌ومی به‌سیتا قه‌دری هونه‌رمه‌ند وه‌کو عه‌کسی قهمهر وایه له‌ناو ئاوێکی لیخندا. منیش ده‌ڵێم داخ بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ی که قه‌ڵه‌م بهدهستهکانیشی بکه‌ونه قسه‌کردنێکی گشتیانهو نه‌توانن نه‌ریتێک بخولقێنن که باش و خراپ توانا ونه‌توانین زانا‌و نه‌زانین له‌یه‌ک جیابکرێته‌وه. هه‌وڵ و کۆششه‌کان که‌م بایه‌خ پێشان بده‌ن لای خوێنه‌ر، هه‌موو ئه‌وه ده‌زانین که به‌ڕیزت کاکه گۆران دوکانی گه‌نجێکی به‌جوڵه‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێکی باشیت، به‌ڵام نه‌ده‌بوو ئه‌م گۆرانهمان پێ بناسێنیت که له‌نوسیندا ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵیدا هات ده‌ینوسێت بێ بیرکردنه‌و وردبونه‌وه له‌و بواره‌ی له‌سه‌ری ده‌نوسێت وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌م نوسینه‌دا کردوتانه .
ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان نوسیوتانه و له‌باره‌ی تێکدانی گۆرانی کوردی باسی ده‌که‌ی، ئه‌گه‌ر بۆ دیدار‌و نوسینه‌کانی خالید ره‌شید بگه‌ڕێته‌وه ئه‌وه ده‌بینی له ده‌یان چاوپێکه‌وتن و نوسیندا باسی ئه‌م ماڵ وێرانیه‌ی هونه‌ری کوردی کردوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به‌ڕێزت و زۆرکه‌سی تری والێکردووه که ئاگاییان له هونه‌رمه‌نده راسته‌قینه‌کان نه‌بێت ئه‌و راگهیاندنانهن که به‌رده‌وام به‌عه‌رزی ئه‌و به‌رهه‌مانه خه‌ریکن که به‌زییان له‌سه‌ر هونه‌ری کوردی ده‌شکێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بوو خه‌ڵکی نوسه‌ر جیاوازتر لهبینهرو خوێنه‌رێکی ته‌مه‌ڵ ئه‌گه‌ر بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی نوسینهکهیشی بوایه هه‌ندێک بگه‌ڕایه‌وه بیزانیبا چی جیاوازتر له‌وه‌هه‌یه ئه‌وی ناچار به‌نوسین کردووه؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕێزت ئه‌وه‌ت بکردایه دڵنیا ده‌بوی خالید ره‌شیدی هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌مێکی نییه په‌یامێکی گرنگ نه‌دا به گوێگر، ده‌تزانی له هاوار بۆ نیشتیمان و په‌ژاره بۆدایکی شه‌هید و په‌یام بۆ نه‌ته‌وه، خالید سه‌رمه‌شقی ئه‌وانه‌شه به‌درێژایی زه‌مه‌ن کاریان له‌وبواره کردووه، دڵنیاش ده‌بوی هۆی ئاشنا نه‌بونی خۆشتان به‌و به‌رهه‌مانه‌ی خالید ئه‌و شێوه کار کردنه‌ی تۆ هاواری بۆ ده‌که‌ی لهنوسینهکهت و خالید ره‌شید له هونه‌ره‌که‌ی کاری بۆ کردوه‌و ده‌کات. راگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانی هونه‌ری وڵاتی خۆمانه، من ده‌پرسم له ووڵاتی ئێمه‌دا چۆن ڕێگه ده‌ده‌ن به‌که‌سانێکی وا که به‌ڕاستی هونه‌رمه‌ندن کار بکه‌ن؟ به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێت به‌ڕێزتان بیرتان چووه که له‌نێو ئه‌و هه‌موو ده‌نگانه‌ی تۆ باسی ده‌که‌ی ده‌نگێک هه‌یه خه‌مه‌کانی هه‌موانی له‌کۆڵ ناوه ته‌نیا هونهرمهندێکیشه رازی نه‌بووه سامانی وڵات وه‌ک شاباش بخرێته خزمه‌تی هونه‌ره‌که‌ی له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵه‌کانه‌وه. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بزانی ئه‌وکه‌سانه‌ی که وه‌ها کارێک لهتموح و به‌رنامه‌یان بێت به‌هیچ جۆرێک له هیچ جیگه‌یه‌کی ئه‌و وڵاته‌ی ئێمه‌دا نه جێی دڵخۆشی ده‌سه‌ڵات و نه لۆتیه هونهریهکانن، به‌ڵکو به‌هه‌موو توانا دژایه‌تی ئه‌و جۆره که‌سانه ده‌کرێت و هه‌موو ده‌شزانین هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه ئه‌و که‌سانه‌ن که هه‌میشه یاخین ئه‌وان دونیا دروستده‌که‌ن لۆتیه‌کان ده‌یخۆن دنیا هه‌ر وابوه‌و هه‌رواش ده‌مێنێت، به‌ڵام ده‌کرا له‌لای قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌کان کاره‌کانیان وه‌ک خۆی ههڵبسهگێنرایه. بۆیه‌ش کاتێک سه‌ردێری وتاره‌که‌ی به‌ڕێزتانم بینی هه‌ستم کرد تۆ جیاواز تر له‌هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه بێ هه‌سته‌ی جیاوازی وه‌ها هونه‌رمه‌ندێک له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌وزا هونه‌رییه ناکه‌ن قسه‌ت هه‌یه. به‌ڵام ئه‌سه‌ف تۆش هه‌مان شتت دوباره کردۆته‌وه.
بۆیه ده‌خوازم به‌م وه‌ڵامه‌ی من ئه‌وه‌ت بیر بێته‌وه که بیرت چووه جیاکاری بکه‌ی له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌و به گهڕانێکت به‌دوای کاره‌کانی خالید ره‌شید له‌نێت بۆخۆت بگه‌یته ئه‌و بروایه‌ی پێویسته جیاواز له‌و سیاسیانه‌ی به‌رده‌وام خۆشت قسه‌ت له‌سه‌ریان هه‌بووه، ئه‌وانه‌ی پێیان شه‌رمه دان به‌هه‌ڵه‌کاندا بنێن تۆ دان به‌وه‌دا بنێی لهبابهتهکهت به‌هه‌ڵه‌دا چویت له تێکه‌ڵکردنی باش و خراپ. دڵنیاشم ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌ڕانه بکه‌ی به‌دوای ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا ده‌گه‌یته ئه‌و بڕیاره، چونکه هه‌موو ئه‌ولایه‌نانه‌ی تۆ باست کردوون و هۆکاری نوسینه‌که‌ت بوون له‌و به‌رهه‌مانه‌دا ده‌یبیستی.
http://nwche.net/dreja/30.9.2009-4