وتووێژ له گه‌ڵ مامۆستا ئه‌مجه‌دی عه‌لی مورادی
ئاماده كردنی: فواد قاموسی….
ئاماژه: كاك ئه‌مجه‌د عه‌لی مورادی له دایك بووی ساڵی 1333 هه‌تاوی(1955 زاینی) له شاری سه‌قز، یه‌كێكه له ئه‌ستێره‌كانی هونه‌ری شانۆ و به باوه‌ڕی شاره‌زایان باوكی شانۆیه له شاری سه‌قز. ئه‌م وتووێژه له سه‌ر لایه‌نه هونه‌ریه‌كانی شانۆیه به‌گشتی و باسێكی كورته له سه‌ر شانۆی ماچ و فرمێسك دوا كاری ئه‌م به‌ڕێزه.
***
پرسیار: كاك ئه‌مجه‌د،تكایه پێشه‌كی پێناسه‌یه‌ك له هونه‌ری شانۆ و ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی وا شانۆ ده‌توانێ بیبێ بۆمان باس لێ بكه‌ن؟
وڵام: له راستیدا شانۆ هونه‌رێكه كه هه‌موو جوانیه‌كان،ناشرینیه‌كان و راستیه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌خاته پێش چاوی بینه‌ران و هاوكات رۆڵێكی گرینگی بۆ پێش خستنی كولتووری كۆمه‌ڵگا له سه‌ر شانه. شانۆ هه‌م ده‌توانێ ئاكار و كولتووری جوان و پێشكهووتوانه به بینه‌ران بدا هه‌م ئاكار و كولتووری دزێو و دواكه‌وتووانه. شانۆ ده‌توانێ خه‌ڵك بۆ خه‌بات هان بدات و رێبه‌ری جه‌ماوه‌ر له سه‌ر شان بگرێ. له راستیدا شانۆ مه‌كۆیه‌كه له هونه‌ره‌كانی دیكه بۆ وێنه هونه‌ری وێنه‌گه‌ری و ئه‌ده‌بیات.
ره‌نگه ئه‌و پرسیاره بێته گۆڕێ كه چۆن شتی وا ده‌بێ، بینه‌ری شانۆ ده‌توانێ له ژێر كاریگه‌ری جۆری ئه‌و قسه و ووشانه‌ی بێ كه هونه‌رمه‌ند كاتی پێشكه‌ش كردنی شانۆ كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گرێ یان جۆری وێنه‌یه‌ك كه بۆ ناساندنی شانۆ له پێش پێشكه‌ش كردنی شانۆ كه‌ڵكی لێ وهردهگیریێ. ئه‌م نموونانه و سه‌دان نموونه‌ی دیكه ئه‌وه نیشان ئه‌ده‌ن كه شانۆ مه‌كۆیه‌ك له هونه‌ره‌كانی دیكه‌یه و له ئاكامدا هه‌موو كات ده‌رهێنه‌ری شانۆ ده‌بێ تێكۆشێ بۆ ئه‌وه‌ی كه له هونه‌رمه‌ندانی به‌نرخی بواری وێنه‌گه‌ری و ئه‌ده‌بیات كه‌ڵك وه‌رگرێ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه شانۆ باوكی سینه‌مایه،سینه‌مایه‌ك كه به پێشكه‌وتنی تێكنۆلۆژیا پێك هاتوه و گه‌ر كه‌سێك ئه‌زموونی شانۆی نه‌بێ زۆر به ئه‌سته‌م ده‌توانێ له سینه‌مادا سه‌ركه‌وتوو بێ.
پرسیار: پێتان وایه كه شانۆ ده‌توانێ پڕ و پاگه‌نده بۆ ئایدۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت بكا و جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و باوه‌ڕێكی تایبه‌ت هان بدا؟
وڵام: شانۆ ده‌توانێ كاری وا بكا به‌ڵام ئه‌م كاره دوور له ره‌ساڵه‌تی شانۆیه و كاری شانۆ شتێ تره. پڕ و پاگه‌نده له هونه‌ردا له ره‌ساڵه‌تی هونه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه و بێ نرخی ده‌كا.هونه‌رمه‌ند ده‌بێ باوه‌ڕی ئازادی هه‌بێ. له راستیدا هونه‌ر ناتوانێ له خزمه‌ت ئایدۆلۆژیا بێ هه‌رچه‌ن كه شانۆ له زۆر وڵات خه‌ڵكی بۆ شۆڕش هان داوه.
پرسیار: ئه‌ركی سه‌رشانی هونه‌رمه‌ند له شانۆدا چیه؟
نیشان دانی جوانیه‌كان و كه‌م و كوڕیه‌كان كه ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێ نیشان ئه‌دا كه شانۆ زاته‌ن هونه‌ری خه‌باته و ئه‌م قسه‌یشم له به‌ر ئه‌وه‌یه كه نیشان دانی كه‌م و كوڕیه‌كان به‌و مانایه كه نیشانی ئه‌ده‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چ ده‌كا و چه‌نده توانیه‌تی چاك بێ و بۆ خه‌ڵک زه‌حمه‌ت بكێشێ؟! زۆر جار هه‌ندێ كه‌س به ناوی هونه‌رمه‌نده‌وه خۆیان ده‌خه‌نه خزمه‌ت ده‌سه‌ڵات و بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵات ئیش ده‌كه‌ن، كه له حه‌قیقه‌تدا ئه‌م كه‌سانه نه كاره‌كه‌یان نرخی هه‌یه و نه هونه‌رمه‌ندن. برێشت هونه‌رمه‌ندێك بوو كه باوه‌ڕی به ماركسیسم هه‌بوو به‌ڵام هیچ كات نه‌یهێشت كه كاره‌كانی له خزمه‌ت ماركسیسمدا بێ،هونه‌رمه‌ندێك كه بۆ ده‌سه‌ڵات ئیش بكا و كاری ته‌نیا پڕ‌و پاگه‌نده بێ ئه‌وه ته‌نیا دیوارێكه كه شوعاریان له سه‌ر نووسیوه.
پرسیار: جنابتان وه‌ك كه‌سێك كه ئه‌زموونێكی درێژخایه‌نی له كاری شانۆدا هه‌یه چ جۆر شانۆیهكتان به دڵه؟
وڵام: من بۆ خۆم زیاتر حه‌زم له شانۆی رئالیستی و سهمبۆلیكیه،له شانۆ رئالیستیهكان كه كارم كردووه ده‌توانم ئاماژه بكه‌م به ئاسهیێد كازم،نه‌مازخانه‌ی كوچهكی من و شه‌هیدی دووه‌م و له كاره سهمبۆلیكیهكانم وه‌ك: چوار سه‌ندووق و ده‌ر حوزوری باد.
پرسیار: چ شانۆیه‌ك ده‌توانین ناوی شانۆی سه‌ركه‌وتووی لێ بنێین؟
وڵام: زۆر كه‌س پیان وایه هه‌ر چه‌نێ ئه‌ژماری بینه‌ران و جه‌ماوه‌ری نێو ساڵۆن زیاتر بێ ئه‌و شانۆیه سه‌ركه‌وتووتر بووه،به‌ڵام به رای من شانۆیه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه كه توانیبێتی بیرێكی رازاوه به بینه‌ره‌كه‌ی بدا و له‌گه‌ڵیا پێوه‌ندی درووست بكا. شانۆ خاوه‌ن چوار كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كیه( ناوه‌رۆك،ده‌رهێنه‌ر،بینه‌ر،بازیگه‌ر) كه بۆ شانۆیه‌كی چاك پێویست وایه كه هه‌موویان وجوودیان هه‌بێ،چه‌نێ ده‌رهێنه‌ر ده‌توانێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتووی شانۆیه‌ك هه‌بێ، بینه‌ریش هه‌ر ئه‌ونده كاریگه‌ری هه‌یه، له ئاكامدا بینه‌ریش ده‌بێ به قه‌ت بازیگه‌ر و ده‌رهێنه‌ر به خۆی زه‌حمه‌ت بدا تا بتوانێ له شانۆكه تێ بگا و پێوه‌ندی له‌ته‌كا درووست بكا.
له راستیدا به گشتی له شانۆ گرینگ فكره و ئه‌وه‌ی كه ئێمه چ جۆر فكرێك به بینه‌ر ئه‌ده‌ین،گه‌ر فكره‌كه پێشكه‌وتووانه بێ و ئێمه قه‌واعیدی شانۆمان تێدا دانابێ و تێكۆشابێتین كه ئاستی زانستی و تێگه‌یشتنی بینه‌ر به‌رینه سه‌ره‌وه ئه‌وه كاره‌كه‌مان باشه و ده‌بێ به پێی ئاستی تێگه‌یشتنی خه‌ڵك له شانۆ و بیركردنه‌وه‌یان ئێمه شانۆیان بۆ درووست بكه‌ین و پاش ئه‌وه‌ی كه دڵنیا بووین كه جه‌ماوه‌ر له باری مێشكیه‌وه پێش كه‌وتوون ده‌توانین شانۆی خاوه‌ن بیری به‌رزتریان بۆ به‌ڕێ بخه‌ین هه‌رچه‌نێ باسه‌كه دوو لایه‌نه‌یه و ئه‌وانیش ده‌بێ به خۆیان زه‌حمه‌ت بده‌ن تا له شانۆكه تێ بگه‌ن.
من بۆ خۆم حه‌زم له بینهرێكه كه تێ ئه‌گا،بینه‌رێك كه هاتووه بۆ شانۆ نه بۆ ئه‌وه‌ی كه كاته‌كانی بكوژێ.
پرسیار: وه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندن، شانۆی ئێستا(ئێران و سه‌قز) له ئاست رابردوو چۆن ده‌بینن؟
وڵام: شانۆی ئێستای ئێران له ئاست شانۆی چیهان قسێكی بۆ وتن نیه،پێم وایه شانۆی ئێران به گشتی نزیكی 150 ساڵ له شانۆی جیهان له دواوه‌یه،كه هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م وهزێته ئه‌وه‌یه كه له ئێران‌دا شانۆ بۆ هونه‌رمه‌ندان هیچ پاره‌یه‌كی تێدا نیه و ئه‌وان پاش ماوێك كار كردن مه‌جبوورن كه فكری نان و ئاو بن،ئه‌وه‌ی كه ئێستا هونه‌رمه‌ندان له ئێران‌دا كار ده‌كه‌ن ته‌نیا به هۆی ئه‌وین و خۆشهیستیێكه كه له دڵیانا بۆ شانۆ هه‌یه،له وڵاتانی دیكه شانۆ بۆ هونه‌رمه‌ندان پاره‌ی تێدایه و ئه‌وان ده‌توانن بێ خه‌م ئیش بۆ شانۆ و هونه‌ر بكه‌ن. هۆی ئه‌وه‌ی كه بۆ له ئێران‌دا شانۆ وه‌ك پیشه نیه و پاره‌ی تێدا نیه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه شانۆ نه‌یتوانیوه وه‌ك هونه‌ر خۆی له نێو خه‌ڵكا جێ بكاته‌وه و هاوكاتیش شانۆ له ئێران‌دا حاڵه‌تی حكومه‌تی په‌یدا كردوه و گه‌ر ده‌وڵه‌ت پشتیبانی له شانۆ نه‌كا ده‌بێ به یه‌كجاری فاتێحای شانۆ بخوێنین،خۆش ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتیش جۆرێ شانۆی تایبه‌تی له هونه‌رمه‌ند ده‌وێ.
شانۆی نوێی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 60 ساڵی پێش كه كه‌سانێك وه‌ك ئاخوندزاده و نوشین ده‌سیان دایه دانانی كلاسی فێركاری شانۆ و درووست كردنی ساڵۆن كه كه‌سانی پایه‌به‌رزی ئێستای شانۆ و سینه‌مای ئێران له‌ویه‌وه ده‌سیان به‌كار كرد،له راستیدا شانۆی ئێران هه‌ر چیێكی كه هه‌یه له‌و وه‌خته‌یه.
ئه‌وه‌ڵ حه‌ره‌كه‌تی نوێی شانۆی سه‌قز له ساڵی 1351 بوو كه نوێنه‌رایه‌تی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر لێره به‌دی هات كه من بۆ جاری هه‌وه‌ڵ جووم بۆ ئه‌وێ و دۆستانی دیكه وه‌ك كاك خالیدی خاكی هاتن و به پێكه‌وه ده‌سمان به كار كرد كه مامۆستایه‌كی شانۆیان بۆ ناردین كه ده‌رسی شانۆی له زانكۆ خوێندبوو. پاشان شانۆی جان نسار مان به‌ڕێوه برد كه ته‌نیا شه‌وێك بوو ئه‌ویش به هۆی ئه‌وه‌ی كه ساواكی ئه‌و كات نه‌یهێشت كار بكه‌ین هه‌رچه‌ن له ساڵی 56 كه كار و باری سیاسی ئازاد زۆر بوو له زۆر شار به‌ڕێوه‌مان برد.
پێم وایه شانۆی ئه‌و كاتی سه‌قز زۆر چاكتر بوو، هۆی ئه‌م قسه‌یشم:
ئه‌و كات له سه‌قزدا ته‌نیا یه‌ك گروپی شانۆ هه‌بوو كه كاری به‌رز و خاوه‌ن فكری به‌ڕێوه ده‌برد،به‌ڵام ئێستا هه‌رچه‌ن گروپه‌كان زۆرن به‌ڵام به هۆی ناشاره‌زایان له شانۆ و هاوڕێ نه‌بوون له گه‌ڵ شانۆی جیهان و ئێران ده‌بینین كه گه‌ر كارێ به‌ڕێوه‌به‌رن كارێكی زۆر لاوازه. له راستیدا ئه‌م كێشانه بۆ شانۆی ئێرانیش هه‌ر هه‌یه.
پرسیار: زۆر كه‌س نه‌بوونی شوێنی به‌ڕێوه‌بردنی شانۆیان پێ هۆكاری لاواز بوونی شانۆكانی ئێرانه،ئێوه راتان چیه؟
وڵام: به باوه‌ڕی من هه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه باسم لێ كردن هۆكاری ئه‌م وهزێتهیه.
پرسیار: پێتان وایه كه شانۆ له هه‌ر جۆره كۆمه‌ڵگایه‌ك پێویسته؟
وڵام: به دڵنیایه‌وه له هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك پێویسته،هه‌ر نهتهوێك كه خاوه‌نی شانۆی به‌رز بێ به دڵنیایه‌وه خاوه‌ن فكر و تێگه‌یشتنی جوان و رازاوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه.
زۆر كات ده‌ڵێن گه‌ر ده‌ته‌وێ نهتهوێك و كۆمه‌ڵگایه‌ك بناسی چاو له شانۆیان بكه.
پرسیار: سه‌باره‌ت به جه‌شنواره‌ی شانۆی كورد؟
وڵام: له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و فستیواڵه له راستیدا شار زیندوو بوو و نه‌فه‌سی ده‌كێشا،هه‌ندێ جار كه‌سانێكمان له‌وێ ئه‌دی كه به گشتی هه‌ر به لای شانۆ و هونه‌ردا نه‌ده‌ڕۆیشتن به‌ڵام ئه‌و جهشنواره توانیبووی خه‌ڵك به لای خۆیه‌وه بكێشێ و ببێته هۆی چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی شانۆی وڵاته‌كه‌مان ئاخر گروپه‌كان زه‌حمه‌تێ زیاتریان ده‌كێشا تا بهڕچاوتر بن، نه‌بوونی 3 ده‌وره‌ی جهشنواره خه‌سارێكی گه‌وره بوو له شانۆی وڵاته‌كه‌مان بووه هۆی ئه‌وه كه هه‌ر شانۆیه‌كی لاواز به‌ڕێوه‌بچێ و هیچ كارێكی ره‌خنه‌گرتن هه‌ر وجوودی نه‌بێ.
پرسیار: شانۆی كوردی چ جۆر شانۆیه‌كه و پێوه‌ره‌كانی چین؟
وڵام: ئه‌م باسه هه‌موو كات هه‌یه،نازانم چتێ به نێوی شانۆی كوردیمان هه‌یه؟! شانۆی كوردی ته‌نیا هه‌ر ئه‌و شانۆ فارسیه یان لاتینهیه كه ته‌نیا ته‌وفیری ئه‌وه‌یه كه زمانه‌كه‌ی كوردیه،من پێم وایه زۆر گرینگ نیه كه ئێمه له سه‌ر شانۆی كوردی زۆر داكۆكی بكه‌ین ته‌نیا ده‌توانین به هه‌ندێ ئامێر شانۆیه‌كی كوردیتر بخوڵقێنین،له‌و ئامێرانه كه ده‌توانین وه‌ک پێوه‌ریش كه‌ڵكیان لێ وهڕبگرین بۆ ناسینی شانۆی كوردی ده‌توانین ئاماژه بكه‌ین به: چیرۆكی شانۆكه،مۆسیقا،جل و به‌رگ،زمان،داب و نه‌ریته‌كان و هتد.
به‌ڵام به گشتی ناتوانین شانۆی كوردی وه‌ك سهبكێك له شانۆ ناو لێ به‌رین.
پرسیار: پێتان وایه خه‌ڵكی ئێمه له‌ته‌ك شانۆدا غه‌واره‌ن؟
وڵام: نا خه‌ڵکی ئێمه له‌گه‌ڵ شانۆ غه‌واره نین خه‌ڵكی ئێمه له‌گه‌ڵ شانۆی نوێ و شانۆیه‌ك كه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا له یه‌ك رێگادا بێ غه‌واره‌ن كه ئه‌مه‌یش به هۆی لاواز بوونی هونهرمهندهكانه هه‌ندێ له هونه‌رمه‌ندان به لایانه‌وه گرینگ پڕ بوونی ساڵۆنهكهیانه،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه به هه‌ر جۆرێك كه بووه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كه خه‌ڵك بۆ ساڵۆنه‌كه بكێشن و هه‌ر به‌لایانه‌وه گرینگ نیه كه چ شتێك پێشكه‌شی بینه‌ر ده‌كه‌ن.
ده‌كرێ به كارێكی زۆر هیچ و پووچ و ناحه‌ز خه‌ڵك بخه‌یته پێكه‌نین به‌ڵام داخۆ پێكه‌نینی خه‌ڵك به‌سه؟داخۆ به حه‌ره‌كه‌تێكی هونه‌ری خه‌ڵكت به پێكه‌نین هاوردوه؟ گرینگ ئه‌وه‌یه كه به حه‌ره‌كه‌تێكی هونه‌ری بێ و فكر له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌دا هه‌بێ، بۆ وێنه شانۆی خاستێگاری چخۆف كه شانۆیه‌كی كۆمێدی و سیاسیه، له‌و شانۆیه‌دا ته‌نیا جه‌ریانێكی مه‌سخه‌ره روو ئه‌دا و بینه‌ر هه‌ر پێناكه‌نێ،له شانۆی كۆمێدیدا مه‌رج نیه كه بینه‌ر پێكهنێ.
بۆ وێنه شانۆی ماچ و فرمێسك كه 9 شه‌و به‌ڕێوه‌چوو و هه‌ر شه‌و 30 تا 40 كه‌س بینه‌رمان بوو به‌ڵام ئێمه له‌ده‌س خۆمان رازیبووین ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه كه دڵنیا بووین كه چتێ چاكمان بۆ بینه‌ر پێ بوو و شانۆكه خاوه‌ن فكر بوو و ته‌نانه‌ت دانیشتنی ره‌خنه‌گرتن له شانۆكه له 2 شه‌ودا ته‌واو نه‌بوو و هێشتا شه‌وێ تری ماوه.
هه‌رچه‌ن ره‌نگه له كێشانی بینه‌ران بۆ ساڵۆن سه‌ركه‌وتوو نه‌بووبێ به‌ڵام به گشتی له‌به‌ر ئه‌وه كه فكری تێدا بوو و ئێمه زه‌حمه‌ت خۆمان كێشا بوو من پێم شانۆیه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو و هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه باسم لێ كرد بینه‌رانیش ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن تا له‌گه‌ڵ شانۆكه‌دا پێوه‌ندی بگرن.
پرسیار: خوێندنی شانۆ له زانكۆ چه‌نێ به پێویست یان به زه‌ره‌ر ده‌زانن؟
وڵام: به گشتی خوێندن له زانكۆ چاكه به‌ڵام تاكه‌كه‌س خۆی ده‌بێ زاته‌ن هونه‌رمه‌ند بێ و به فێر بوونی تێۆری هیچی پێ ناكرێ،هه‌ر وه‌ك ئێستا ده‌یان كه‌سمان هه‌یه كه له زانكۆ وانه‌ی شانۆیان خوێندووه به‌ڵام ناتوانن شانۆیه‌ك به‌ڕێوه به‌رن.
پرسیار: گه‌ر ده‌كرێ باسی ئه‌و ساڵانه‌مان بۆ بكه‌ن وا كه‌متر كارتان ده‌كرد؟
وڵام: له راستیدا من به هۆی كێشه‌ی فكری خۆم ده‌سم له كار كێشا بوو،پێم وابوو شانۆ زۆر چتی له من سه‌نده،گه‌ر نه‌بوایێ ره‌نگه ژیانێكی راحهترم بوایێ،به هۆی شانۆ تووشی گرفتی سیاسی بووم ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دۆخێك‌دا كه هه‌ستم كرد كه له نێو شاره‌كانا ئازادی نیه و ناتوانم كار كه‌م رووم له كێوه‌كان و دێهاته‌كان كرد و له‌و شوێنانه كه ئازاد بوو كارم كرد كه بوو به هۆی 40 مانگ به‌ندیخانه‌ی سیاسی بۆم و پاشان كه ئازاد كرام هه‌ستم كرد كه شتێكم پێ نیه بۆ وتن و نه‌متوانی كار بكه‌م،هه‌ڵبه‌ت ساڵانه 1 تا 2 كارم هه‌ر بووه له تلوزیۆن یان له گه‌ڵ كه‌سانێكی دیكه به‌ڵام خۆم ده‌رهێنه‌ر نه‌بووم هه‌ڵبه‌ت زۆر به شانازی ده‌زانم، كه توانیم ئه‌زموون و زانسته‌كانی خۆم به زۆر كه‌س ئینتهقال بده‌م.
له راستیدا مه‌گه‌ر به گۆچان بڕۆم به رێگا و نه‌توانم كار بكه‌م ئه‌گینا هه‌موو كات له خزمه‌ت شانۆ و هونه‌ر دام.
پرسیار: نووسراوه‌تان هه‌یه؟
وڵام: له راستیدا ته‌نیا ئه‌سیره كه ته‌رحه و قسه‌ی تێدا نیه،ته‌نیا حه‌ره‌كه‌تی بێ قسه و نوور ومۆسیقا بوو كه كارێكی جوان بوو.
وهرگێڕانێكیشم هه‌یه به نێوی فه‌راری له فارسیه‌وه وه‌رمگێڕاوه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێ شانۆنامه بوون كه ده‌سم تێ ئه‌ردن و رێك و پێكم ئه‌كردن.به‌ڵام به گشتی من وه‌ك نووسه‌ر له خزمه‌ت شانۆ و هونه‌ردا نه‌بووم.
پرسیار: گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێك له نێوان ده‌رهێنه‌ر و بازیگه‌ر بكه‌ن كامیان ئه‌سته‌م تر و گرینگتره؟ ئێوه زیاتر حه‌زتان له كامیانه؟
وڵام: من خۆم ده‌رهێنه‌رێك بووم كه كایهیشم ده‌كرد،كاری سه‌ره‌كی من بازیگه‌ری بوو و له ئاكامدا بۆ كایه سه‌ندن له بازیگهرهكانم كێشه‌م نه‌بوو له هه‌ندێ وه‌ختدا كه پێویست بوو به جێی بازیگهرهكهم كایه‌م ده‌كرد و زۆر كه‌س هه‌ر نه‌یانده‌زانی،به گشتی ده‌رهێنه‌ری ئه‌سته‌م و سه‌ره‌كی تره،هه‌رچه‌ن ئه‌م دوو به‌شه ته‌واوكه‌ری یه‌كن. ده‌رهێنه‌ر ده‌بێ ئاگای له هه‌موو بازیگهرهكانی هه‌بێ،له سینه‌مادا گرینگ كامێرا و هه‌ندێ تاكتیكه به‌ڵام له شانۆدا گرینگ ده‌رهێنه‌ره.
پرسیار: كاك ئه‌مجه‌د گه‌ر خۆتان باسی ماچ و فرمێسك بكه‌ن چی سه‌ه‌باره‌ت ده‌ڵێن؟
وڵام: شانۆی ماچ و فرمێسك،شانۆیه‌ك بوو كه زۆر ته‌وفیری هه‌بوو له‌گه‌ڵ شانۆكانی دیكه وا له‌م چه‌ن ساڵه‌ی رابردوو دا له سه‌قز به‌ڕێوه‌چوو بوو،ئه‌م شانۆیه به جۆرێك بوو كه هه‌ر شه‌و ده‌رهێنه‌ر(كاك سه‌لاحی موحه‌مه‌دی) شتێ نوێی له نێو شانۆكه‌دا په‌یدا ده‌كرد،ره‌نگه گه‌ر جارێ دیكه ماچ و فرمێسك به‌ڕێوه بچێ زۆر ته‌وفیری هه‌بێ. من بۆ خۆم سه‌خت ته‌رین كارێك بوو كه تا ئێستا كردبووم.
پرسیار: له‌گه‌ڵ رۆڵهكهتانا چۆن بوون؟ پێتان پیشنههاد كرا بوو؟
وڵام: رۆڵی من موغێك بوو كه به پێی جۆری كایه و ته‌مه‌نی من زۆر به منی ده‌خوارد و ده‌رهێنه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی به من پیشنههاد كرد، ئه‌م رۆڵه ته‌نیا كایه‌ی من له‌م 3- 4 ساڵه‌دا بوو كه ره‌خنه‌یان لێ گرت،رهخنهكهیش ئه‌وه بوو كه ده‌یان گوت كه چاوه‌ڕوانی كایه‌ی چاكتر له من بوون به‌ڵام من به ته‌واوی زه‌حمه‌تی خۆم كێشا بوو.
پرسیار: كار و تێكۆشانی ئیداره‌ی ئێرشاد چۆن ده‌بینن؟
وڵام: له راستیدا ئیداره‌ی ئێرشاد بۆ شانۆ هیچ كارێك ناكا و هه‌ر له بیریشی نیه كه شانۆ هه‌یه،گه‌ر له‌بیریان بوایێ لانیكه‌م ده‌بوایێ مامۆستایێكیان بۆ بهێنایێ،ئێمه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌و پێش مامۆستامان هه‌بوو به‌ڵام كه‌چی ئێستا هیچمان نیه.
پرسیار: وه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندن ئیشی خۆتان له لاویه‌تیدا له‌گه‌ڵ لاوانی ئێستا كه كار ده‌كه‌ن چۆن ده‌بینن؟
وڵام: ئه‌و كات ئێمه ژیانمان له پێناو شانۆ دانا، كه‌سانێك وه‌ك من و كاك خالیدی خاكی له‌به‌ر شانۆ كار و پیشه‌كه‌مان له ده‌س دا( ئێمه هه‌ر دوو ده‌ركراوی ئیداره‌ی مهخابراتین) به‌ڵام ئێستا لاوانی ئێمه ده‌یانه‌وێ له رێی شانۆوه پاره په‌یدا بكه‌ن،هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه ره‌وتی ژیان وا بێ وئه‌وان مه‌جبوور به‌م كاره بكا.
پرسیار: كاك ئه‌مجه‌د وێڕای سپاس و رێزی دووباره پرسیاره‌كانم لێره‌دا ته‌واو بوو،جنابتان گه‌ر شتێك به پێویست ده‌زانن فه‌رموون؟
وڵام: منیش سپاستان ده‌كه‌م هیوادارم لاوانی ئێمه راسته‌قینه كاری هونه‌ری بكه‌ن یان گه‌ر بۆیان نه‌ڕه‌خسا لانی كه‌م ئاواتی ئه‌وه‌یان له‌دڵدا هه‌بێ كه بتوانن كاری هونه‌ری بكه‌ن،ئێوه‌یش ده‌بێ له رێگای ناسندنی شانۆی راسته‌قینه دا تێ بكۆشن.
پرسیار: هیوای ته‌مه‌ن درێژی و له‌ش ساخیمان هه‌یه بۆ جنابتان،هه‌ر بژی.