ده‌سه‌ڵات، په‌ت په‌تێن به مایکڵ روبین ده‌کات….کامیار سابیر( خه‌تاب سابیر)
ماوه‌یه‌که ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به‌ته‌واویی قه‌ڵسبوونی خۆیان له راپۆرته‌که‌ی روبین راگه‌یاندووه. ئیتر هه‌رچیی بۆیانکرا و بۆیان هات پێیانکرد، چ له‌زمانی نووسه‌رانی رۆژنامه حیزبییه‌کانیانه‌وه، چ له‌رێی نووسه‌ره کورده‌کانی ئه‌وروپاوه که ده‌سه‌ڵاتی کوردیی ده‌یانلاوێنێته‌وه. مه‌سه‌له‌ی سامان پێکه‌وه‌نان و گه‌نده‌ڵیی له‌کوردستاندا، چیتر جێگه‌ی پاساو هێنانه‌وه نییه. هه‌ندێک له به‌رپرسه‌کانی کورد، به‌شێوه‌ی مافیاکانی رووسیا و ئیتاڵیا و مه‌کسیک خه‌ریکی پاره پێکهوهنانن و هه‌رگیزیش تێرخواردنیان نییه.
نوکته ئه‌وه‌یه، ئه‌کادیمیست و ژۆرناڵیسته کورده‌کانی رۆژئاوا، پێشنیازی ئه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی ده‌که‌ن، با گوێی لێ نه‌گیردرێ، گه‌وره‌ی مه‌که‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر هات بۆ کوردستان له‌رێی دادگاوه! هه‌ر له‌فڕۆکه‌خانه‌کان بیپێچنهوهو وه‌ک که‌مالی سه‌یید قادر 30 ساڵی نه‌رم و گه‌رمی بۆ ببڕنه‌وه. به‌ڕاستیی که ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و حیزبه کوردییه‌کان هه‌موو راوبۆچوونی تاکه‌کانی کورد و گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد په‌راوێز ده‌خه‌ن و ئه‌سپی ته‌رواده‌ی گه‌نده‌ڵیی باشتر زین ده‌که‌ن، به‌شێک له هۆکاره‌که‌ی، ئه‌م راوێژکاره کۆنسێرڤهتیڤانهن ، که هێشتا وه‌ک شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو بیر ده‌که‌نه‌وه.
بۆچیی گومان بکه‌ین روبین درۆ ده‌کات، که به‌رپرسه‌کانی کوردستان، چه‌ک و تفاق ده‌ده‌نه په‌که‌که! به‌رپرسه‌کانی کورد قاچاغچییه‌تی ده‌که‌ن و بهکوردایهتیی و خه‌باتی ژێرزه‌مینی به‌خه‌ڵکی ده‌فرۆشنه‌وه. هه‌ڵه‌ی مایکڵ روبین ئه‌وه‌بوو له راپۆرته‌که‌یدا، ئه‌جێنداکانی پشت ئه‌و رووداوه‌ی بۆ خوێنه‌ر روون نه‌کردبووه‌وه. به‌ڵام روبین دواتر ئه‌وه روون ده‌کاته‌وه که‌ده‌سه‌ڵاتی کوردیی زیره‌که ئه‌مه به‌کار بهێنێ بۆ هاندانی هه‌ستی کوردایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی توندڕۆ هاوکاتیش بۆ ئه‌جێندای شه‌خسیی نه‌ک سیاسیی، به‌خشکه‌یی ئه‌نتی تۆرانیزم گه‌شه پێبدات. یان ئه‌وه‌ی روبین، ئه‌جێندای ناسیۆنالیستیی پێ ده‌ڵێت. به‌ڵام له راستییدا، ئه‌و چه‌کانه ته‌نها بۆ پاره‌و پێکه‌وه‌نانی سامانی ناشه‌رعیی فرۆشراون به په‌که‌که و چوونه‌ته گیرفانی هه‌ندێ به‌رپرسه‌وه. به‌دبه‌ختیی ئه‌و میلله‌ته له‌وه‌دایه، نووسه‌رو ئه‌کادیمیسته‌کانی نزیک له‌ده‌سه‌ڵات پینه‌دۆزێکی چاکن و هه‌موو شتێکی قۆڕ بۆ ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسه‌کانی پینه‌وپه‌ڕۆ ده‌که‌ن.
ده‌سه‌ڵاتی کوردیی روو به‌بازاڕ هه‌ڕه‌شه له‌تورکیا ده‌کات ، بۆ گه‌رمکردنی ئه‌م بازاڕه‌ش کاڵای له‌چه‌شنی گیانهوهرێكیش ته‌سلیمی تورکیا ناکه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر تورکیا ده‌ست له که‌رکوک وه‌ردات، کوردیش ده‌ست له دیاربه‌کر وه‌رده‌دات………زۆر دروشمی تر، به‌ڵام له‌راستییدا، ئه‌وه‌یه ده‌یبینین، هاوکاریی ته‌واویی تورکیا ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت رێگه به رۆژنامه‌نووسانیش ناده‌ن بچنه سنووری قه‌ندیل. له‌م تۆنێله تاریکهشدا، هه‌ندێ به‌رپرسی تێرنه‌خۆر، بۆ په‌یداکردنی پاره، گوێ نادات به‌هیچ پرینسیپێک و چه‌ک و تفاقی شه‌ڕ ده‌خاته به‌رده‌ستی هه‌ندێ قاچاغچییهوه، په‌که‌که‌ش مافی خۆیه‌تی بیانکڕێ چونکه هێزێکی میلیتانتهو پێویستیی پێی هه‌یه.
هاوکات، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌هاوڵاتیی کوردی ئاسایی ده‌توانێ بیکات، به‌رامبه‌ر هاوڵاتییه‌کی ئه‌مێریکیی هه‌رگیز ناتوانێ بیکات، ئه‌و سکاڵا‌و دادگا‌و شتانه‌ش دژی مایکڵ روبین، بۆ شه‌قامی کوردییه، نه‌ک بۆ روبین و رۆژئاواییه‌کان. دژی رۆژنامه‌کانی کوردستان و نووسه‌رانی کورده، نه‌ک دژی رۆژنامه‌و که‌سانی بیانیی. به‌ڵام گوتمان بڕوامان به‌ده‌سه‌ڵاتی کوردیی کرد، که روبین پیاوێکی به‌کرێگیراوی که‌مالیسته‌کانه. ئاخر ده‌ستی خستووه‌ته سه‌ر شتێك که هه‌موو تاکێکی کورد، تا سه‌ر ئێسقان پێیدا چزاوه. پاره و داهاتی ئه‌و میلله‌ته له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه زه‌وتکراوه‌و بنكڕهکهیشی بۆ خه‌ڵک خهرجناکرێ.
ده‌سه‌ڵاتی کوردیی، ئه‌وه‌نده دژی دیارده‌ی له‌شفرۆشییه، هه‌ر ناوبه‌ناو پۆلێكیان لێده‌گرێ و شاربه‌ده‌ریان ده‌کات، بۆچیی هه‌ندێ به‌رپرسی کوردیی سووکایه‌تیی به‌خۆیان و حیزبه‌که‌یان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان و قه‌واره‌که‌یان ده‌که‌ن و له‌شفرۆش به‌دیاریی بۆ به‌رپرسه ئه‌مێریکاییه‌کان ده‌به‌ن؟ له‌بری ئه‌م کاره، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردیی، به یاسایی رێگه‌ی له‌شفرۆشیی بدات و شوێنی شیاویان بۆ بکاته‌وه وه‌ک هه‌موو شارێکی تری ئه‌م دنیایه ( زمانم به‌بڕین چێت دوور لهمهککهو ریاز ) ، پارێزگارییشیان لێبکات، باشتر نییه له‌و ریسواییه‌ی روبین دنیای تێگه‌یاند. ئه‌وسا میوانی ئه‌مێریکایی له‌بری ئه‌وه‌ی بۆی بهێنی خۆی ده‌چێ، یان ده‌ڵاڵێکی وه‌رگێڕ راده‌سپێرێ و ئه‌م ئه‌رکه‌ش له‌سه‌ر به‌رپرسه قاره‌مانه‌کانی کورد نامێنێ. له‌شفرۆشییش دیارده‌یه‌که نه به‌قسه‌ی ئیسلامیی و پرۆگرامه‌کانیان ، نه به سۆزی فێمینیسته‌کان و به‌رنامه‌ی کۆمۆنیزم و هیومانیزم و ………تاد. له‌ناو ده‌چێ و بنبڕ ده‌کرێ، دیارده‌یه‌که له‌گه‌ڵ مێژووی مرۆڤایه‌تییدا ده‌ستی پێکردووه‌و تا دنیاش دنیایه هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت.
بۆ ده‌بێ رێی تێ نه‌چێ به‌رپرسی باڵای کورد هه‌بێ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و سه‌رجه‌م حیزبه کوردییه‌کاندا، که پێوه‌ندیی به ئیتڵاعات و میتی تورکیاوه هه‌بێ، ته‌نانه‌ت پیاوی ده‌زگا سیخوڕییه‌کانی ئه‌مێریکاو بریتانیاش بن. مه‌گه‌ر پاره هه‌موو شتێک به‌کورد ناکات! ئاخر که‌م نه‌بوون ئه‌و تێکۆشه‌ره دێرینانه‌ی به هه‌ڵۆکانی کوێستان و بازه‌کانی گه‌رمیان ناوبانگیان ده‌رکردبوو، که‌چیی له‌ڕێی گهجهرترین و سووکترین پیاوانی ئه‌من و ئیستیخباراته‌وه پێوه‌ندییان هه‌بوو، پیاوی به‌عس بوون و نامه‌و نامه‌کاریی له‌نێوانیاندا هه‌بوو. فایلیان هه‌بوو به‌کێشی خۆیان، که‌چیی له فێستیڤاڵه حیزبییه‌کاندا به چه‌پڵه‌ڕێزان به‌رزوپیرۆز راده‌گیرێن.
سه‌ره‌نجام، مایکڵ روبین زیانی له‌کورد نه‌دا، به‌ڵکوو زۆر قازانجی به‌کورد گه‌یاند، چاوی خه‌ڵکی کرده‌وه که به‌سه‌رکرده‌کانی کورد بڵێ ئه‌م هه‌موو پاره‌و سامانه‌تان له‌کوێ بوو، دنیای تێگه‌یاند، که گه‌نده‌ڵیی شێرپه‌نجه‌یه‌که، هه‌موو شتێکی باش دروێنه ده‌کات و ئه‌و دێمۆکراسیی و ئازادییه‌ی کوردستان خه‌ریکی گیانه‌ڵایه به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵییه‌وه. ناکرێ به ئامۆژگاریی راوێژکاره‌کان و ئه‌فسه‌رانی"ئه‌کادیمی کوردی" و ژۆرناڵیسته به‌ڕه‌گه‌ز کورده‌کانی رۆژئاوا، ده‌سه‌ڵاتی کوردیی خه‌ڵک تا سه‌ر چه‌واشه بکه‌ن. په‌ت په‌تێنی زۆر به‌خه‌ڵکی کوردستان و نووسه‌ران و ژۆرناڵیسته‌کانی کورد کرا، به‌ڵام نه‌ک نا‌وێرن ده‌ست بۆ مایکڵ روبینی رۆژئاوایی به‌رن و وه‌ک تاکی کورد په‌تی بکه‌ن، به‌ڵکوو نا‌وێرن له ئه‌مێریکاش سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار بکه‌ن. به‌ڵام خڕن به‌گیان رۆژنامه‌کانی کوردستان وهه‌ڕه‌شه‌ی داخستنیان لێبکه‌ن.
مه‌گه‌ر جه‌به‌رووتی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌نده‌ڵییه‌وه گلاون، له جه‌به‌رووتی سۆهارتۆ به‌هێزتره، که نزیکه‌ی 40 بیلیۆن دۆلاری خه‌ڵکی ره‌شوڕووتی ئیندۆنیزیای دزیی و هه‌موو مێژووی خۆی پڕ کرد لهریسوایی و تا سه‌ره‌مه‌رگیش به‌ڕێی دادگاوه بوو، که مردیش له شه‌رمه‌زاریی و ریسوایی و پاره‌ی گه‌نده‌ڵیی زێتر بۆ خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی هیچیتری جێنه‌هێشت. ئه‌و رۆژه نزیک ده‌بێته‌وه گه‌لی کوردستان زۆر له‌م سه‌رکردانه‌ی ئێستای بداته دادگا‌و لێیان بپێچێته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و سه‌دان میلیۆن دۆلاره‌ی مایکڵ روبین ناماقووڵیی کرد‌و به‌قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی حه‌شوه‌ی زیادی لێ به‌ست نا ، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو بوودجه‌یه‌ی شه‌ڕی دنیای له‌سه‌ر ده‌که‌ن و هیچی دیار نییه‌و ده‌چێته قوڕگی کۆمه‌ڵی شێرهوهو خه‌ڵکی گه‌رمیان و که‌رکوک و هه‌ڵه‌بجه‌ش هه‌ر زه‌قه‌ی چاویان دێت.
ئه‌م بابه‌ته پێشتر له رۆژنامه‌ی "رۆژنامه"دا بڵاو بووه‌ته‌وه.