Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
پاراستنی خاکی یان پاره‌ی کوردستان له‌ ئه‌ستۆی کێ یه …. فه‌هد گرده‌وانی

پاراستنی خاکی یان پاره‌ی کوردستان له‌ ئه‌ستۆی کێ یه …. فه‌هد گرده‌وانی

Closed
by February 24, 2008 گشتی

هاتنی له‌شکری تورکیا بۆ ناو خاکی کوردستانی عێراق . پێشێل کردنی یاسایی نیوده‌وڵه‌تی یه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م و شه‌رمه‌زاری یه‌ بۆ له‌شکری داگیرکه‌ری ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی، چونکه‌ کوردستان و عێراق داگیرکراون له‌لایه‌ن ئه‌مریکا  هاوپه‌یمانان . ده‌بێت رێگا نه‌ده‌ن له‌شکر بێته‌ ناو ئه‌و خاکه‌ و ئارامی ناوچه‌که‌ بشێوێنن . ئه‌و له ‌شکره مه‌رامی خۆی ناهینیته‌ جێ و بۆی ناکرێت بیری سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی کورد له‌ناو به‌رێت . تورکیا ئه‌گه‌ر بیه‌وێت مافی کورد دابین بکات و دان به‌ بوونی مافه‌کانی بنێت  ،پێویستی به‌وه‌ی نی یه‌ له‌شکر بنێریته‌ قه‌ندیل و چه‌ند که‌سانێکی چه‌کدار ڕاوبنێت و له‌ دۆڵ و ئه‌شکه‌وته‌کانی کوردستان بیانشاریته‌وه‌ . چیا سه‌رکه‌شه‌کانی کوردستان هه‌رده‌م سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ و تێکۆشه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان بووه‌‌  . ئه‌وه‌ ئێستاکه‌ له‌شکر به‌ ئاشکرا سنووری کوردستانی به‌زاندووه‌ و هاتۆته‌ ناو سنووری هه‌رێمی کوردستان ، خۆ ده‌بێت  وه‌زیری پێشمه‌رگه‌‌ بێته‌ سه‌ر  ته‌له‌فزیون و به‌رده‌می مایکرۆفۆنی ئاژانسه‌کان و ئه‌و له‌شکر کێشیه‌ تاوانبار و روو ره‌ش بکات . خۆ ده‌بێت به‌رنامه‌ی پارێزگاری کردنی خاک و خۆ ئاماده‌کردنی به‌راست و به‌ درۆ به‌ گوێی دنیدا بدات و جار جاره‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی خۆی له‌دژی له‌شکری تورکیا بکات . خۆ ئه‌و سه‌رکردایه‌تی یه‌ ده‌بێت پارێزگاری له‌و خاکه‌ بکات که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر پۆستاڵی ئه‌و له‌شکره‌ فاشیه. شه‌رمه‌زاری یه‌ داوا له‌ له‌شکری عێراق بکرێت بۆ پارێزگاری خاکێک که‌ 17ساڵه‌ له‌ژێر ده‌ستی سه‌رکرده‌کانی کورده‌‌ . ئه‌و سه‌رکردایه‌تی یه‌ چۆن لیکاوی بۆ پاره‌وسه‌رمایه‌ی کوردستان ده‌هاته‌ خوارێ ،بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی سه‌دا حه‌ڤده‌ی[17%] له‌ سامانی عێراق به‌ربکه‌وێت ، ده‌بێت له‌شکرێکی رێکوپێکی ئاماده‌کراوی هه‌بێت که‌ پارێزگاری له‌و هه‌رێمه‌ی بکات . ئه‌و چه‌کداره‌ گیان فیدایانه‌ کوا له‌ کوێن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌بابه‌ی تورکی به‌ ساغی قوت بده‌ن .به‌رنگاربوونه‌ی له‌شکری تورکیا هه‌ر بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکی ساویلکه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌و هه‌موو پرۆژه‌یه‌ی دراوه‌ به‌ سه‌رمایه‌داره‌تورکه‌کان چی لێ شین ده‌بێت .له‌شکری تورکیا سه‌ری ره‌ش و دۆکان و قه‌ڵاچۆلانیش بگرێت که‌س به‌ره‌نگاری نابێته‌وه‌ . ئه‌وا‌ چه‌ند مانگه‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان  مانگانه‌یان پێنه‌دراوه‌ و زڕێڤانه‌کان به‌بێ پاره‌ و پوولن ، ئه‌ی پاره‌ی ئه‌و کوردستانه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و چه‌کداران خه‌رج نه‌که‌ن ده‌بێت له‌ شیراتۆن و شیرین پالاسی سه‌رف بکه‌ن . یان بۆ ئه‌و یادگار و ڤیستیڤاڵانه‌ که‌ به‌ ملیون دیناری لێی ده‌خۆن . ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌ له‌ شه‌قامه‌کانی کوردستان به‌بێ کار ده‌سوڕێته‌وه‌ ، هه‌تا چه‌ند مه‌شقی سه‌ربازی فێرکراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پارێزگاری له‌ خاکی پیرۆزی کوردستان بکات . ئه‌و تورکه‌ سه‌ربازانه‌ی دێنه‌ خاکی کوردستان به‌ ره‌زامه‌ندی و ناره‌زامه‌ندی بێت ئه‌رکی نیشتمانی خۆی جێبه‌جێ ده‌کات . گه‌لۆ هاواری سه‌رکردایه‌تی کورد  چه‌ندی خه‌ڵک بۆ کۆده‌کرێته‌وه‌ و به‌ره‌نگاری له‌شکری بۆ ده‌کرێت . ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانی تورکیا گرنگه‌ که‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌شکره‌ به‌رز ببێته‌وه‌ و به‌ گوێی جیهاندا بزریکێنن که‌ ده‌بێت سه‌روه‌ری هه‌رێمی کوردستان بپارێزرێت و مافه‌کانی کورد جێبه‌چی بکات. خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستانی تورکیا کاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌ینن و سه‌ری ژه‌نه‌راڵه‌کانی تورکیا شۆڕ بکه‌ن . تورکیا هه‌رچی بکات سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت و تورکیا بۆی ناکرێت به‌ ئارامی بژیت . 

              
24/2/2008ستۆکهۆڵم ‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.