
چه‌مكی گوتار له‌ڕه‌خنه‌ی شانۆییماندا
"ئیشكردنێكی سیمیۆلۆژیانه‌یه له‌سه‌ر چه‌مكی گوتار له‌ڕه‌خنه‌ی شانۆییماندا"
قسه‌كردن له‌چه‌مكی گوتار له‌ناو ڕه‌خنه‌ی شانۆییماندا قسه‌كردن نیه له‌نووسینی گوتاری ڕه‌خنه‌ییمان هێنده‌ی سه‌ره‌تایه‌كه بۆ جۆرێك له‌ئیشكردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه بۆ چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی نمایشی شانۆیی، چونكه گوتار له‌ڕه‌خنه‌ی شانۆییماندا هه‌ر له‌و چركه‌وه‌ی خه‌ریكی گه‌شه كردنه بۆ له‌دایك بوون، بۆ ئه‌و كۆرپه‌له‌یه‌ی كه ئامانجیه‌تی به جه‌سته‌ی ڕه‌خنه خۆی بناسێنێ، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه دێته بوون، به‌ڵام به‌ر له كرده‌ی له‌دایكبوونه‌كه گوتارێكی مردووه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌یه‌ی پانتایی ڕه‌خنه‌ی تیایدا ده‌كه‌وێته جوله‌و ده‌بزوێت خانه‌یه‌كی مردووه، بۆیه سه‌رهه‌ڵدانی له‌و خانه مردووه‌و له‌دایك بوونیشی به‌م شێوه‌یه جه‌سته‌یه‌كی مردوو دێنێته بوون، هه‌ر بۆیه ناتوانێ بوونی خۆی وه‌ك گوتارێكی سه‌ربه‌خۆ بسه‌پێنێت، سه‌پاندنی ئه‌و گوتاره زانستیه به‌ده‌رخستنی تێبینی بینه‌ر نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ست له خوێندنه‌وه‌و جیهانبینی ده‌ق ونمایش ودۆزینه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی جوانكاری وخوێندنه‌وه‌ی سینۆگرافیاو جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر ودرككردن به كۆده‌كانی نمایشه، به‌ڵام چونكه ئه‌و گوتاره له‌گۆشه‌ی تێبینی ساده‌و كرچ وكاڵه‌وه ئاماژه‌ی بۆ جیهانی نمایش كردووه، ئه‌و ئاماژه كردنه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تێبینی هه‌ر بینه‌رێك بووه نه‌ك ڕوانینی ڕه‌خنه‌یی ڕه‌خنه‌گر، ئاماژه‌ی بۆ ڕووه ناوه‌كیه‌كان نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌موو به‌هایه‌كی ڕه‌خنه‌یی بۆ ڕووه ده‌ره‌كیه‌كان ته‌رخان كردووه.
ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ بۆته هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بۆ نه‌بوونی روحێكی زیندوو له‌جه‌سته‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا، هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئه‌زموونی به‌رزی شانۆیی كه به‌ره‌و پێشڤه‌چوون و گۆڕان له‌ئاسته ده‌ست نیشان كراوه‌كانی گوتاره شانۆییه‌كه بڕوات، ئه‌وه‌ش بۆته مانه‌وه‌ی به‌شێك له‌و گوتاره باوه‌ی نمایشی شانۆییدا، كه ڕێگه‌ی نه‌داوه ڕه‌خنه‌گر له‌ساتی ئاماده بوونی (1) قووڵ بێته‌وه بۆ قووڵایی نمایش وچوونه ناو ئه‌و دیوی خانه‌كانی جه‌سته‌ی نمایشه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆده وورده‌كانی ببینێت وشكست و به‌رزبوونه‌وه‌ی بونیادی نمایشه‌كه ده‌ربخات.
چونكه وه‌ك ده‌ركه‌وتووه ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان دركی به (كۆدی گه‌یاندن) نه‌كردووه، به‌ڵكو به به‌رده‌وام (كۆدی ده‌ربڕین) دیاربووه تیایدا، ئه‌و كۆده‌ش كۆدێكی كاتیه وبینه‌ر هه‌ستی پێده‌كات، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی چێژ وه‌رگرتنی كاتیه چ له‌كاتی نمایش یا له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، به‌ڵام ئاخۆ (كۆدی گه‌یاندن) گه‌یاندنی داله‌كان كه به‌ره‌و پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌كانی بوون ده‌مانبه‌ن تاچه‌ند له‌نمایشه‌كان ئاشكرا كراون، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پرسیارانه له‌نمایش بوونی نه‌بووه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌زموونی باڵا وئاماده‌بوونی گوتاری باو له نمایش ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت كاتێ له‌دیدگای سیمیۆلۆژیه‌وه سه‌یری گوتاری ڕه‌خنه ئه‌كه‌ین بۆ نمایشی شانۆیی، نابێ ئه‌و ڕاستیه فه‌رامۆش بكه‌ین كه ئه‌و گوتاره ڕه‌خنه‌ییه تا ئێستا نه‌یتوانیووه سیمیۆلۆژیانه ته‌نانه‌ت ده‌قه شانۆییه‌كانیش بخوێنێته‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌و پرسیاره بێته پێشمانه‌وه كه ئاخۆ ئه‌و ده‌قانه له‌ناو بزووتنه‌وه شانۆییه‌كه‌مان ئاماده‌بوونی هه‌یه؟ له‌و كاته‌دا مه‌به‌ستمان ته‌واوی ئه‌و نووسینانه نیه كه كۆمه‌ڵه ده‌یالۆگێكی ساده‌ی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه كه‌ڵه‌كه كردووه‌و ناوی ده‌قی لێناوه هێنده‌ی مه‌به‌ستمان ئه‌زموونی نووسینه له‌لای (ئه‌حمه‌د سالار، گه‌زیزه، به‌رزان فه‌ره‌ج، دلشاد مسته‌فا، دانا ره‌ئوف) (2) كه ڕه‌خنه له‌به‌رامبه‌ر ده‌قه‌كانی ئه‌و نووسه‌رانه كه (به‌رزان فه‌ره‌ج) ی لێ ده‌رچێت ئه‌وانیتر خۆیان شانۆكارن و له‌ناو شانۆ وه‌ك پرۆژه بیر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌زانن شانۆ چی پێویسته، كه‌چی ڕه‌خنه نه‌یتوانیووه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تێكستانه ئاماژه ئاشكرا بكات وبونیاده سیمیۆلۆژیه‌كه له پڕۆسه‌یه‌كی سیمیۆلۆژیای ڕاڤه‌كاری بخوێنێته‌وه ئه‌وه‌ی ژۆلیا كریستیفا به (سیمانالیزا) (3) ناوی ده‌بات.
ئاماده نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌ی سیمیۆلۆژی یه‌كێكه له‌و خه‌وشانه‌ی نه‌یهێشتووه شانۆی ئێمه به‌ره‌و پێش بڕوات، چونكه ئاماده‌بوونی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه واتا خوێندنه‌وه‌ی ئاماژه‌و هێماو وێنه شانۆییه‌كان وڕه‌چاوكردنی لایه‌نی ئیستاتیكی شانۆ كه له گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌ماندا بوونی نیه، كه ڕه‌خنه له‌و ڕێگه‌یه‌وه نه‌یتوانیووه زمانێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش بۆ غیابی ئه‌و گوتاره ئه‌بستیمیه ده‌گه‌ڕێته‌وه، دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه هه‌وڵی چه‌ند شانۆكارێك له‌و بواره‌دا فه‌رامۆش بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه زیاتر بایه‌خدانه به ره‌خنه‌ی سیمیۆلۆژیی، ئه‌گه‌رچی له‌وبواره‌دا چه‌ند هه‌وڵێك ئه‌گه‌ر ده‌گمه‌نیش بن جێپه‌نجه‌یان دیاره. (4)
گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی كوردیی نه‌یتوانیووه (بونیادی عه‌قڵی) و (بونیادی نه‌ستی) به‌شداری پێبكات له‌بواری زانسته مرۆییه‌كان كه زمان كه‌ناڵی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو بونیاده‌یه، شكستی ئه‌و گوتاره له نه‌دۆزینه‌وه‌و دیاری نه‌كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه دێت كه له‌نێوان (ووشه- دال) و(چه‌مك- مه‌دلول) هه‌یه، واته وون بوونی ئه‌و زمانه تایبه‌ته‌ی ڕه‌خنه‌و درووست نه‌بوونی ئه‌و ده‌یالۆگه له‌نێوان (شانۆكار/وه‌رگر) كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی پێویسته زۆر پته‌و بێت له‌نێوان شانۆكار و وه‌رگر لێك ده‌ترازیِ.
ئه‌گه‌رچی چه‌ند جیاوازیه‌ك هه‌بێت له‌نێوان (زمان/ ئاخاوتن) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌جه‌وهه‌ردا سه‌ربه‌خۆیه له تاك، به‌ڵام ئاخاوتن به‌شێكی تاكه له زمان، چونكه زمان ئه‌و سیستمه‌یه ته‌نها بواری خۆی ده‌ناسێت وه (ئاماژه‌ی زمان) دوو ڕووخسارن كه له‌یه‌ك جیا ناكرێنه‌وه (دال/ مه‌دلول) له‌و كاته‌شدا نابێ ئه‌وه بیر خۆمان به‌رینه‌وه كه بنیاتنانی ئاماژه له‌سه‌ر بونیادێك بنیات ده‌نرێت كه چه‌مكی شاراوه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش كاری ڕه‌خنه‌گر له‌و كاته‌دا ده‌كات به ته‌ئویلكردنی ده‌لالی و دۆزینه‌وه‌ی ره‌هه‌ندو ئاسۆكانی ئه‌و شاراوه‌ییه كه مه‌دلوله، ئاماژه‌ی دیاریكراو سیستمێكی پێكهاته‌یی ده‌قه له‌ناو سیستمی زمانی پێكهاته‌یی.
پڕۆسه‌ی ڕه‌خنه‌یی كرده‌یه‌كی ته‌ئویلكاریه له‌ناو دۆزینه‌وه‌ی چه‌مكه قووڵه‌كان، له‌وانه‌ش به‌دوای ده‌سه‌ڵاتی زمان ده‌گه‌ڕێ، كه كۆمه‌ڵه ئاماژه‌یه‌كه پێویسته ته‌ئویل بكرێت بۆ گه‌یاندن به مه‌دلوله‌كان، چونكه ئاماژه پێكهاته‌ی (دال/مه‌دلول) ه، پێویسته ڕه‌خنه‌گر مه‌دلوله‌كان بخاته دواوه به‌شێوه‌یه‌ك كۆتایی نه‌بێت، چونكه ڕه‌خنه‌ی شانۆیی خوێندنه‌وه‌و ڕاڤه‌كردنی نمایشی شانۆییه، به بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیش داده‌نرێ بۆ گه‌شه‌كردنی ڕه‌وتی شانۆیی كه په‌یڕه‌وی میتۆدی فیكری یا هونه‌ری ده‌كات، بونیادی ڕه‌خنه‌ی شانۆیش به‌دوای دیدگای هونه‌ری وێڵه بۆ ده‌ستگیربوونی خانه زیندووه‌كان كه په‌یوه‌ندی ده‌لالیان به نمایشه‌وه هه‌یه.
بۆیه ڕه‌خنه‌گری شانۆیی توانا به‌راییه‌كانی له بونیادی به‌رهه‌م هێنانی ڕه‌خنه‌دا په‌یوه‌سته به‌توانای زانستی و ئاگایی ئه‌وانه‌ش ده‌بنه بنه‌مای ئه‌و ڕێسایه بۆ بونیادی ڕه‌خنه، چونكه پڕۆسه‌ی ڕه‌خنه‌یی ڕۆڵی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی داهێنه‌رانه‌یه بۆ نمایشی شانۆیی، ڕه‌خنه هیچی له هێلكێشانی تیۆری كاركردن یا نمایشی شانۆیی كه‌متر نیه، به‌ڵكو ده‌بێ ڕه‌خنه‌گر زانیاری له‌كرۆكی زانست و توخمه هونه‌ریه‌كان هه‌بێت، گرنگترین توخمیش بۆ ڕه‌خنه‌گر بریتیه له بۆشاییه‌كان ولقه‌كانی كرده‌ی ده‌رهێنان، ئه‌وانه‌ی ده‌بن به‌چه‌ند به‌شێكی شاراوه‌و بچوك له ده‌رهێنان وهۆش هه‌ستی پێناكات.
ده‌رهێنانی شانۆیی به‌رهه‌م هێنانێكیتره بۆ بونیادی ده‌ق.. كه‌سی ڕه‌خنه‌گریش هه‌ڵده‌ستێت به ته‌قاندنه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ی لایه‌نه شاراوه‌كانی نمایش به‌گشتی و ده‌رهێنان به‌تایبه‌تی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پڕۆسه‌ی پشكنین و گه‌ڕانه، پێویسته ڕه‌خنه‌گر ئاگاداری سه‌رجه‌م شێوازه ده‌رهێنانیه‌كان بیًَت، هه‌ر له‌سه‌رده‌می یۆنانه‌وه تا ده‌گاته دوا ئه‌زموونه شانۆییه‌كان، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ش ده‌توانێ بڕیاری خۆی بدات بۆ بونیادی نمایشی شانۆیی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی خوێندنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی نمایشی شانۆییه، بۆیه ده‌بێ له‌و پڕۆسه‌یه نواندن و سینۆگرافیا له‌پاڵ ده ق وده‌رهێنان بخوێندرێته‌وه، ئه‌وانه‌ش له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی كوردیی ئاماده بوونیان نیه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان بتوانێ گوتارێكی زانستی و زمانێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت پێویسته سوود له‌گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی هاوچه‌رخ وه‌ربگرێت، ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان زانسته مرۆییه‌كان و ئه‌ده‌بی گواسته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی ئه‌و زانسته به شانۆوه، رزگاربوون له‌چوار چێوه ڕه‌خنه‌ییه باوه‌كان مه‌به‌ست تیایدا هه‌نگاونانی ڕه‌خنه‌یه به‌ره‌و قۆناغێكیتره‌وه، ئه‌وه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی نمایش، به‌بێ به‌ره‌وپێش چوونی شانۆ ڕه‌خنه‌ش له غیابدا ده‌بێت، كاتێ ئه‌زموونی باڵای شانۆیی هاته بوون ئه‌وه كاته قه‌ڵه‌مه ڕه‌خنه‌ییه‌كانیش ئه‌وانه‌ی پێشتر خۆیان له‌ئه‌زموونی به‌رزی ڕه‌خنه نه‌دۆزیبۆوه ده‌رده‌كه‌ون.
ره‌خنه‌گری شانۆیی وه‌كو كه‌سی هونه‌رمه‌ند وایه گه‌ر بازنه داخراوه‌كان جێ نه‌هێلێت، ناتوانێت له‌پرۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ و جیاواز تێبگات، چونكه ئه‌گه‌ر بوونی ڕه‌خنه له‌شانۆی سوونه‌تی بۆ داگیرساندنی گلۆپی سوور بێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌رچوون له هاوكێشه چنراوه‌كان، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕه‌خنانه به تێبینی ده‌رهێنان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
ره‌خنه‌ی نوێ كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق هێناوه (5) له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌لای خوێنه‌ره، كاتێ له‌گوتاری ڕه‌خنه‌ییماندا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له نووسه‌ر بسه‌نینه‌وه‌و بیده‌ن به ته‌ئویلكار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه بتوانێت ته‌ئویلی جیاواز بكات، ئه‌و ساته ڕه‌خنه ده‌بێته تێكستێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ بنیاتنانی مانا، وه‌ك ده‌ق یا ده‌رهێنان خاوه‌نی گوتارێكی تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت، چونكه ئه‌و كاته ڕه‌خنه بووه به بنیاتنانه‌وه‌ی ته‌واوی پڕۆسه ئه‌ده‌بی وهونه‌ریه‌كه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌دوای ئاشكراكردنی ئاماژه وون بووه‌كان گه‌ڕاوه‌و هه‌وڵیداوه له‌دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و وون بووانه مانای كه‌شفنه‌كراو بدۆزێته‌وه، ئه‌وه دۆزینه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی یه‌كه‌می ئاماژه نیه هێنده‌ی بنیاتنانی مانایه له‌ناو گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه.
خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌ق توانایه‌كی ته‌واوی هه‌یه بۆ دووباره خوڵقاندنه‌وه‌ی ده‌قی نمایش، چونكه ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه یه‌ك سیستمی ده‌ست نیشان كرا‌و فرمان به پرۆسه ڕه‌خنه‌ییه‌كه ناكات، به‌ڵكو هه‌ڵده‌ستێ به‌ته‌ئویل كردنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ق و دواتر خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌قی بینراو كه په‌یوه‌سته به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سینۆگرافیای نمایش و سه‌ر له‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی له‌ناو گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش بنیاتنانه‌وه‌ی مه‌دلوله له‌ناو بونیادی دال، له‌ژێر ئه‌و تێڕوانینه‌وه ئه‌وه ده‌ڵێین كه گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی كوردی پێویسته له‌ناو خوێندنه‌وه‌ی بیبلۆگرافی و ئه‌رشیفی بێته ده‌ره‌وه و به‌ره‌و ده‌روازه مرۆییه‌كان هه‌نگاو بنێت و له‌سه‌ر ئه‌و زانستانه ئیش بكات، چونكه تائێستا گوتار له‌ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان له‌ناو مێژوودا ده‌ق و نمایشی دواندووه، ڕووكه‌شانه سه‌یری ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه نه‌یتوانیووه دال بگه‌یه‌نێ به وه‌گر، ئه‌وه‌ش وون بوونی هه‌ر جۆره پرۆسه‌یه‌كی كه‌شف كردن بووه، بۆیه هه‌میشه ئه‌و ڕه‌خنه‌یه له‌په‌راوێزی نمایش ماوه‌ته‌وه.
ره‌خنه‌گری شانۆیی نه‌یتوانیووه له‌ناو ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ئه‌و گوتاره بكات كه نمایشی بنیاتناوه، ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ندین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، گرنگترینیان نه‌گه‌یاندنی (دال) ه‌كانی ده‌ق وجیاكردنه‌وه‌ی (دال) ه له (مه‌دلول) پڕۆسه‌كه‌ی به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ساده بردووه، چونكه جیاكردنه‌وه‌ی دال له مه‌دلول هه‌روه‌ك سیستمی زمان و ئاماژه‌كه‌یه‌تی، كه به‌بۆچوونی سۆسێر ئه‌و سیستمه ده‌ربڕین ده‌نووسێته‌وه.
ئه‌وه‌ش سیستمێكی دیاریكراوه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ماتریاله‌كانه‌وه نیه، چونكه نه‌دۆزینه‌وه‌ی ئاماژه له‌پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هۆكاره‌ی كه كه ئاماژه په‌یوه‌ندی به ناوێكی ده‌ست نیشان كرا‌و نیه، به‌ڵكو چه‌مكی په‌یوه‌ندیی (مه‌دلول) ه، به وێنه‌ی ده‌نگی كه (دال) ه، بۆیه (دال/ مه‌دلول) ڕێسایه‌كی سه‌ربه‌خۆ نین، به‌ڵكو دوو ڕووخساری ئاماژه‌ن، ئه‌وانه‌ش تا ئێستا نه‌بوونیان بۆته مردوویی گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی كوردیی، دیاره ئه‌وانه‌ش تاكه ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌و گوتاره نین، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌كی زانستین بۆ خوڵقاندنی گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه، كه لێره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌سه‌ر چه‌ند چه‌مكێكی سه‌ره‌كی ناو ئه‌و گوتاره بێینه دوان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌سه‌ر جۆری ئیشكالیه‌ت و ئه‌و گریمانه ڕه‌خنه‌ییه بوه‌ستین كه له‌داهاتوودا ده‌توانێ ئیشی له‌سه‌ر بكات، ئه‌وانیش سێ چه‌مكی سه‌ره‌كیه كه بریتین له (زمان، ده‌سه‌ڵات، گوتار).
زمان له‌گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا
زمان له‌پانتایی ئاخاوتندا نازانێت بێ هه‌ڵوێست بێت، به‌ڵكو له‌ساتی نه‌بوونی هه‌ڵوێست خۆی بێده‌نگ ده‌كات، چونكه ئاماده‌نه‌بوونی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێًك وبوونی ته‌نها وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك بێت، مردنیه‌تی خۆیمان بۆ نمایش ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كه زمان بزۆزه ئه‌و كاره له‌توانای مرندا نیه، هه‌ربۆیه له‌كاتی بوونی هه‌ڵوێستیش (6) ده‌سه‌ڵاته ده‌ست نیشان كراوه‌كه‌ی فراوان ده‌كات، جوله‌كانی خۆی له‌و پانتاییه ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌و چێژه‌ی ڕه‌خنه‌گر له‌پڕۆسه شانۆییه‌كه وه‌ریده‌گرێت ده‌قێكی پێ به‌رهه‌م دێنێت كه گوتاری رٍِه‌خنه‌یه.
بۆیه زمان له‌گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا، دووانه له‌نێوان (نمایش/ وه‌رگر) چونكه خاسیه‌تی ئازادبوونی خۆی ده‌پارێزێت، ئازادبوونیشی هاودژ بوونیه‌تی له‌گه‌ڵ (ووشه/ ئاخاوتن) دا، ئه‌وه‌ش درككردنی زمانه به‌وه‌ی هه‌ریه‌كه خاوه‌نی سیستمی تایبه‌تی خۆیه‌تی، سیستمی ئازادی زمان.. ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های زمانه، چونكه گه‌ر زمان نه‌بێت ووشه ناتوانێت ببێت به‌سیاقی ڕه‌خنه له‌نێو كۆده‌كانی نمایش، كه‌واته زمان ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌خنه داده‌مه‌زرێنێت، هه‌روه‌ك كاری شانۆیی گوتارێكه ئاراسته‌ی وه‌رگر ئه‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی گه‌یاندن ئاخاوتنی خۆی تیادا درووست بكات، ئاخاوتنێك له‌ده‌سپێكدا ووشه ده‌یه‌وێ به‌رهه‌می بێنێ، به‌ڵام ڕێكخه‌رێكی زانستی نیه بۆ سیاقه‌كه‌ی تا له‌نێو بۆشایی ده‌قدا زمان ده‌سه‌ڵاتی بۆ درووست بكات.
زمان نه‌بینراوه‌كان ده‌بینێت وپێمانی نیشان ده‌داته‌وه، ڕووبه‌نده‌كانی سه‌ر ڕووی ڕاده‌ماڵێ و زه‌مه‌نه وه‌ستاوه‌كان به‌جوله ده‌خات، پرسیاره كه‌شف نه‌كراوه‌كانمان ئاراسته ده‌كات و وه‌ڵامه كۆنه‌كانمان ده‌كوژێت، ڕووبه‌رووی پرسیاره نوێیه‌كانمان ده‌كاته‌وه، ماوه‌و كاتمان بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پرسیاره‌كان به‌بێ وه‌ڵام به‌جێ بێلین وخۆشمان هه‌وڵی ئاشكرا بوونی نه‌بیستراوه‌كان بده‌ین، وه‌ك بینراوه‌كان.. بیستراوه‌كانیش بكه‌ین به بینراوو بیستراو.
تاوه‌كو به‌شه شاراوه‌كانی نمایش دیار بخات كه زمان به وه‌زیفه‌ی خۆی ده‌زانێت بۆ دامه‌زراندن، ئه‌و شێوه ئاخاوتنه‌ی تیا بنیات ده‌نێت له‌نێو چه‌مكی (دال) ی نمایش كه تیایدا بتوانێ ئاماژه‌كان بدۆزێته‌وه، تاوه‌كو مه‌دلوله‌كانی دال بخوێنێته‌وه‌و دال ئه‌و ڕووبه‌ره نه‌نووسراوه بنووسێته‌وه، ئه‌وانه‌ش واته دال ومه‌دلول به‌یه‌كه‌وه له‌ڕووبه‌رێكی نوێ‌دا گوتاری خۆیانی ئاراسته ده‌كه‌ن، گوتارێك زمان سه‌ربه‌خۆیی خۆی تیا ده‌سه‌پێنێت، بونیادی زمان به‌سێ قۆناغ تێده‌په‌ڕێت (سه‌رنج، گوتار، ده‌ق)
كه دیاره ڕه‌خنه‌ی ئێمه زیاتر له‌ناو سه‌رنج ئیشی كردووه، ئێمه لێره‌دا له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه‌ی ناو گوتاری ڕه‌خنه‌یی دێینه دوان و هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌رئه‌كه‌ین.
ده‌سه‌ڵات له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا
نووسینی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی پێویستی به مه‌عریفه‌و ڕۆشنبیریه‌كی فراوانی شانۆ و هونه‌رو زانسته‌كان هه‌یه، ئه‌و چاوگه ڕۆشنبیریه ده‌سه‌ڵات له‌گوتاری ڕه‌خنه‌دا ده‌په‌ڕێنێته‌وه بۆ قۆناغه‌كان، بۆ ڕه‌هابوونی ده‌سه‌ڵات میتۆدێك نیه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت گریمانی قۆناغی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكات، به‌ڵكو دانانی به‌و سێ قۆناغه‌ش ته‌نها له‌دیدێكی تایبه‌تمه‌نده‌وه پۆلینی ده‌كه‌ین، ده‌كرێ له‌نێو ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌شدا بپه‌ڕێته‌وه.
ره‌خنه له‌خاڵی ئه‌لفه‌وه له‌سه‌رنجه‌وه ده‌ست پێده‌كات ئه‌وه‌شیان نابێت به ڕه‌خنه‌ی شانۆیی، به‌ڵكو سه‌رنجی ڕه‌خنه‌ییه، چونكه ڕه‌خنه‌گر سه‌رنجه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی تۆمار ده‌كات، له‌باره‌ی ئه‌لف وبای جوله‌و چۆنیه‌تی ئاستی چێژی نواندن، له فه‌لسه‌فه‌ی نمایش قووڵ نابێته‌وه، زۆرجار ئه‌و سه‌رنجانه له‌ووتارێكی چه‌پڵه ئامێزبوون خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ ئاستی نزیكایه‌تی له په‌یوه‌ندیی كه‌سی ده‌گه‌ڕێته‌وه، یاخود به پێچه‌وانه‌وه ووتارێكی ساده‌ی ده‌رزی ئاسا ئاراسته‌ی نمایشی شانۆیی ده‌كرێ، ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی باوی ناو ڕه‌خنه‌ی شانۆییمانه، له‌و كاته‌دا سه‌رنجگر ئه‌كته‌رێك تاوانبار ده‌كات كه‌بۆچی پشتی له بینه‌رانه، یاخود له جوله‌ی ده‌ره‌كی كه بینه‌ر به ئاسانی لێی تێده‌گات، به‌رده‌وامیش ئه‌و نووسه‌ری سه‌رنجانه ده‌یانه‌وێ بۆچوونێكی ته‌سكتر له عه‌قڵی خۆیان گریمانی ووتاره‌كه‌یان بكه‌ن كه گوایه ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ریان نووسیوه.
له‌دیدێكی تایبه‌تمه‌نده‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین كه ڕه‌خنه‌یه‌ك نیه پێی بووترێ ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر و ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ر، به‌ڵكو ئه‌وه ئاستی نمایشه واده‌كات ڕه‌خنه بنیاتنه‌ر بێت، به‌هه‌مان شێوه نمایشێكی ئاست لاواز ڕه‌خنه بۆ ده‌رهێنه‌ر ده‌بێت به ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ر، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕه‌خنه لای ئێمه له‌سه‌رنج ده‌ربازی نه‌بووه، ئه‌وه جگه له‌چه‌ند هه‌وڵێكی ده‌گمه‌نی ئه‌و بواره نه‌بێت كه ئه‌وانیش له‌بنه‌ڕه‌تدا خۆیان خه‌ریكی شانۆن و توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌ناو شانۆ بیربكه‌نه‌وه گوتارێك بنیات بنێن كه ده‌یالۆگكردن بێت له‌نێوان نمایش و وه‌رگر.
ئه‌و نووسینانه كه شانۆكاران خۆیان ده‌ینووسن به‌مه‌به‌ستی ده‌یالۆگكردن و بنیاتنانی گوتارێك كه ده‌بێ به كه‌ناڵی په‌یوه‌ندی نێوان شانۆكار و بینه‌ر، ده‌بێته په‌ڕینه‌وه له‌قۆناغی ڕه‌خنه، په‌ڕینه‌وه‌یه‌ك دابڕانه له (سه‌رنج) ه‌وه دێته نێو (ده‌سه‌ڵاتی گوتار).
گوتار په‌ڕینه‌وه‌یه له سه‌رنجه‌وه بۆ خوڵقاندنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌خنه كه له‌توانای دابێت كۆمه‌ڵه پرسیارێك به‌رهه‌م بیێنێت له‌ئاستی بینین و بیستن، ئه‌و كاته ڕه‌خنه‌گری (گوتاری ڕه‌خنه) ڕۆڵی بینه‌رێكی ئاسایی نابینێت، به‌ڵكو ده‌بێ به ئاماده‌بوویه‌كی به ئاگای نمایشه‌كه، كه بانگه‌شه‌ی به‌های نمایش ده‌كات، دوای پڕۆسه شانۆیه‌كه ده‌یه‌وێ نمایش له‌گوتارێكی تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌خنه‌دا زیندوو بكاته‌وه، چونكه به‌پێی چه‌مكه بونیادگه‌ریه‌كه‌ی بارت هه‌موو ووتراوێك نه‌ووتراوێك ده‌شارێته‌وه، كه‌واته ڕه‌خنه ڕۆڵی ته‌ئویل كردنی ئه‌و نه‌وتراوانه‌یه له‌نێو ئه‌بستیمێكی شانۆیی (مرۆڤ.. بوون.. سرووشت) ده‌خاته نێو پانتاییه‌كی ئازاد‌و گوتاریش به‌ره‌و ئاخاوتن ده‌بات.
ئه‌و گوتاره‌ی له ئاخاوتنه‌وه خۆی بنیات ده‌نێت، نووسین له‌و گوتاره ده‌بێ به دالی ڕه‌خنه، فه‌رمانی نووسینه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌یه‌كی نوێ به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌یه‌وێ ده‌لاله‌ته‌كانی بۆ ئاشكرا بێت، ته‌نها زمانیشه ده‌توانێ ده‌لاله‌ته‌كانی بۆ بدۆزێته‌وه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه زمان كۆمه‌ڵه ئاماژه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌و ئاماژانه‌ی به‌هه‌موویان بوونی گوتار پێكدێنن، له‌كامل بوونی گوتار ڕه‌خنه ده‌یه‌وێ پانتایی نمایش فراوانتر بكات، بۆیه مه‌به‌ستیه‌تی له گوتاره‌وه ده‌سه‌ڵاتی خۆی بپه‌ڕێنێته‌وه كه له‌و قۆناغه‌دا به (ده‌قی ڕه‌خنه‌یی) پێناسی ده‌كه‌ین، به ده‌ق بوونی ڕه‌خنه له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا ئاستی به‌ره‌و پێش چوونی ده‌ست نیشان ده‌كرێت.
ده‌قی ڕه‌خنه‌یی به‌ره‌نجامی ئه‌زموونی شانۆیی ئه‌لته‌رناتیڤه وا ده‌كات ڕه‌خنه ده‌قێكی تایبه‌ت به‌خۆی بنیات بنێت وه‌ك (ده‌قی نووسه‌ر)و (ده‌قی نمایش) ئاواش ڕه‌خنه ببێت به (ده‌قی ڕه‌خنه).
پارێزگاریكردن له‌سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ده‌قه گرنگیه‌كی تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه، توانایه‌ك نه‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، به‌ڵكو ڕه‌خنه‌گر بتوانێ ده‌قێكی سه‌ربه‌خۆ جیا له‌ده‌قه‌كانیتر بنیات بنێت، ئه‌وه‌ش ڕزگاركردنی ڕه‌خنه‌یه له په‌راوێزی ده‌ق ونمایش بۆ بوونی به ده‌قی سه‌ربه‌خۆ.
ده‌قی ڕه‌خنه‌یی نووسینه‌وه‌ی ده‌قی نووسراوی نووسه‌ره له‌ڕێگه‌ی ته‌ئویل كردنه‌وه‌ی زمان، به‌رهه‌م هێنانێكی تری ده‌رهێنانی شانۆییه، ئه‌وه‌ش ڕه‌هابوونی گوتاری باوی تێكشكاندووه، واته خۆی ڕزگار كردووه له (ئاگایی) و (نه‌ست) ی بۆ ته‌رخان كردووه، نه‌ست ده‌بێ به ڕابه‌رو داینه‌مۆی ئه‌و ده‌قه، چونكه (سه‌رنج/ گوتار) له ئاگایی من وه‌ك تاكێك ده‌یانه‌وێ ڕه‌خنه بنیات بنێن، هه‌رچی ده‌قه ده‌یه‌وێ (ئاگایی من) بكات (نه‌ستی كۆمه‌ڵی) ئه‌وه‌ش ئاگایی كولتووریی ڕه‌خنه‌گر دیار ده‌كات و واده‌كات نرخ بۆ نووسین و ڕه‌خنه‌كانی دابنێین، چونكه كێشه‌ی به‌رهه‌م هێنانی مه‌عریفه‌ی شانۆیی هه‌یه، له‌ساتی به‌رهه‌م هێنانی ڕه‌خنه هه‌ستی پێناكات، ئه‌و كات ئه‌و ته‌نها ڕه‌خنه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێنێ، كه له گوتاره‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ ده‌ق، دامه‌زراندنی ده‌قی ڕه‌خنه‌یی مردنی ووتاری ڕه‌خنه‌ی ڕابردوو ئاشكرا ده‌كات، مه‌رگی ووتاره باوه‌كان كه ته‌نها سه‌رنجی بینه‌ر بووه نه‌ك تێڕوانینی ڕه‌خنه‌یی بن، ئه‌و نووسینه‌وه نوێیه‌ی ڕه‌خنه هه‌موویان وه‌لا ده‌نێ و له‌و ده‌قه‌وه كار بۆ گوتاری ڕه‌خنه ده‌كات، كه گوتاره‌كه‌ش دواتر به‌هۆی سیاقی نمایش ده‌یگه‌یه‌نێ به‌و پانتاییه ئه‌فسووناویه كه یه‌كه‌مجار ڕووبه‌رووی ده‌بینه‌وه، ئه‌ویش پانتاییه شاراوه‌كانی ده‌قی ڕه‌خنه‌ییه، كه كۆمه‌ڵه بونیادێكی به‌یه‌كه‌وه به‌ستۆته‌وه، په‌یوه‌ندی نێوان گوتار‌و ده‌ق په‌یوه‌ندیه‌كی ئاڵوگۆڕه له‌سه‌ر به‌خشینی مه‌عریفه به‌یه‌كتری، ئه‌وه‌ش نووسینه‌وه‌ی ده‌قی ڕه‌خنه‌ییه، ده‌قێك كه ده‌بێته‌وه به گوتاری ڕه‌خنه، به‌واتای گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی كوردی بریتی ده‌بێت له‌ده‌قی ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان، ئه‌وه‌ش له‌نووسینه‌وه‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌و به‌رهه‌م هێًنانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه وه‌كو ده‌ق.نووسینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی
خاڵی شكست له‌و ووتاره ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ناو ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان نه‌بوونی پرسیاره، به‌وه‌ی نه‌یتوانیووه ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی له‌ناو نووسین ده‌یڵێت بیسه‌لمێنێت، دواتر پێویسته له‌تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌و هه‌موو سه‌رنجه سادانه‌و بوونی گوتارێكی ڕٍه‌خنه‌یی نائاماده پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین: ئایا ڕه‌خنه‌ی شانۆیی گوتارێكی زانستی تایبه‌تمه‌نده به شانۆ؟ یاخود ده‌قێكی دیاری كراوه و ده‌شێ به ده‌قی ڕه‌خنه ناوی به‌رین؟ ئه‌وه‌ی دواتریان هه‌رگیز ڕه‌خنه‌ی شانۆی ئێمه نه‌یتوانیووه بیری لێ بكاته‌وه، دیاره كاتێ سه‌یری ئه‌و ووتارانه ده‌كه‌ین ده‌بینین ئه‌و ڕه‌خه‌نه‌یه خاوه‌نی گوتارێكی زانستی شانۆیی نیه، چونكه خوێندنه‌وه‌ی "پڕۆسه‌ی داڕشتنه‌وه، چاره‌سه‌ری ده‌رهێنان، سینۆگرافیا، نواندن، ده‌لاله‌ته‌كانی ده‌ق" نه‌بووه، به‌ڵكو وه‌ك سه‌ره‌تا ووتمان سه‌رنجی بینه‌رن.. نه‌ك ڕه‌خنه‌گری شانۆیی، ئه‌وه‌ش حاله‌تێكی سوونه‌تی لای به‌شێكی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره شانۆییانه خوڵقاندووه، ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی خاوه‌نی ئاگاییه‌كی شانۆیی نین، هه‌ر بۆیه به‌رامبه‌ر ووتارێكی ڕه‌خنه‌یی زوو هه‌ڵده‌چن گوایه ئه‌وه ڕه‌خنه نیه، به‌بۆچوونی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه ده‌بێ ڕه‌خنه سه‌رنجه‌كانی بینه‌ر بخاته ڕوو.
پرسیاره‌كه‌ی ئێمه لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات: ئه‌وانه‌ی بینه‌ر ده‌یانبینێت چ پێویست ده‌كات ڕه‌خنه‌گر جاریكیتر ده‌ریبخاته‌وه؟ پێویسته ڕه‌خنه‌گر به‌دوای كۆده شاراوه‌كانی نمایش بگه‌ڕێت وپرسیاره نهێنیه‌كان بخاته ڕوو، مه‌به‌ستی فكریی ده‌رهێنه‌ر له‌پشت وێنه‌ی شانۆیی ده‌ربخات، به‌ڵام ئاماده نه‌بوونی پڕۆسه‌ی گه‌ڕان لای ڕه‌خنه‌گر ده‌یكه‌ن به كوێرێك ته‌نهابه‌چاوی نابینایه‌كه‌وه ده‌یه‌وێ ڕوناكی ببینێت، به‌ڵام ئه‌و نابینێ.. چونكه كوێره.
ئه‌و كاتانه‌ی ڕه‌خنه‌گر بۆمان ده‌سه‌پێنێ كه ئه‌و ڕه‌خنه‌گر نیه، به‌ڵكو ته‌نها بینه‌ریًَكه، له‌به‌ره‌نجامی چێژی خودیی په‌نای بۆ ڕه‌خنه بردووه، له‌پشت ڕه‌خنه‌وه ده‌یه‌وێ ناشانۆكاریی خۆی بشارێته‌وه، گرۆتۆفسكی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌وانه‌ی ئه‌كته‌ری خراپن ده‌بنه ده‌رهێنه‌رن ده‌رهێنه‌ره سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كانیش په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ڕه‌خنه.
ئه‌و تێگه‌یشتنه ده‌سه‌پێته سه‌ر زۆر ده‌رهێنه‌رو ڕه‌خنه‌گرانی ئێمه، كه پێشتر نه‌یانتوانیووه ببنه ئه‌كته‌ری سه‌ركه‌وتوو بوونه‌ته ده‌رهێنه‌ر، كه له‌وێش هیچیان پێناكرێ ناوی ڕه‌خنه‌گر له‌خۆیان ده‌نێن.
ئه‌و دۆخه نه‌یهێشتووه ڕه‌خنه‌گر بێته پێشه‌وه، چونكه مه‌عریفه‌یه‌كی تۆكمه نه‌بووه بۆ ڕه‌خنه هێنده‌ی ئاره‌زووكردن له دۆزینه‌وه‌ی پیشه‌كه كردوویانیه‌تی به ڕه‌خنه‌گر، ئه‌وه‌ش زیاتر كاری ئه‌رشیفی بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندوون نه‌وه‌ك بنیاتنانی ده‌قی ڕه‌خنه‌یی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه گوتارێكی زانستیی له شانۆدا به‌رهه‌م بێنێت، نه توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه ڕه‌خنه بۆ ئه‌و ببێت دامه‌زراندنی (ده‌قی ڕه‌خنه‌یی) بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێكی زانستی بنیات بنێن و ببینه خاوه‌نی ده‌قی ڕه‌خنه‌یی ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر سه‌رباری تێگه‌یشتنێكی فراوانی بۆ شانۆ‌و زانسته مرۆییه‌كان كه بۆ ڕه‌خنه‌ی نوێ سوودمه‌ند ئه‌بێت لێی، ده‌بێت میتۆدیانه ڕه‌خنه بنووسێت نه‌وه‌ك ئاره‌زووی خودی بسه‌پێنێته سه‌ر ڕه‌خنه، چونكه نووسینه‌وه‌ی ده‌قی ڕه‌خنه.. نووسینه‌وه‌یه‌كی هۆشمه‌ندانه‌یه بۆ تێكستی شانۆگه‌ریی و گوتاری نمایش، كه به پڕۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ق ده‌ست پێده‌كات، تا ده‌گاته گوتاری بینین له نمایش، ئه‌وه‌ش نووسینه‌وه‌ی ده‌لاله‌ته‌كانی نمایش و كۆده‌كان و ئاماژه ده‌رنه‌خراوه‌كان و تێگه‌یشتن له چه‌مكی بینین و بیستنه، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی نواندن و یه‌كخستنی له كرده‌ی ده‌رهێنان به‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و ته‌ئویل كردنه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ڕێكده‌خاته‌وه، چونكه نووسینه‌وه‌ی ده‌قی ڕه‌خنه‌یی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نمایشه، بۆ ئاشكرا كردنی ڕووه شاراوه‌كان، تاوه‌كو ئه‌ودیوی كرده‌ی ده‌رهێنان ببینرێ، به‌دوای ئاشكرا بوونی به‌شه شاراوه‌كان ئه‌وسا ڕه‌خنه‌گر ئه‌و به‌شه هه‌ڵوه‌شاوانه جارێكی‌تر به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، كه له پڕۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ی نمایش پرسیاری ڕه‌خنه‌یی ئاراسته ده‌كات.
له‌ڕێگه‌ی ئه‌و زمانه تایبه‌تمه‌نده‌ی خۆی وه‌ك هه‌ر ده‌قێك كه خاوه‌نی سیستمێكی تایبه‌تمه‌نده كۆمه‌ڵه بونیادێك پێكده‌هێنێ ئه‌ویش "ده‌ق، ده‌رهێنان، نواندن، سینۆگرافیا" پێكهاته‌ی گوتاری ده‌قی ڕه‌خنه‌یین، ئه‌وسا ڕه‌خنه ناو ده‌به‌ین به ده‌قی ڕه‌خنه‌یی.
له‌كۆتایدا با له‌ناو تێكستی ده‌قی ڕه‌خنه‌یی په‌یوه‌ندیی نێوان ڕه‌خنه‌گر ونمایش به په‌یوه‌ندیی پڕۆسه‌ی سێكسی بشوبهێنین، په‌یوه‌ندیه‌ك خاڵی نه‌بێت له عه‌شق، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی ڕه‌خنه‌گر به نمایش ده‌بێ ئاوێته بوونی عه‌شق بۆ توانه‌وه وبه‌رهه‌م هێنان، ئاوێته بوونه‌كه ئه‌نجامی فاكته‌ری سێكسیه كه له‌یه‌كه‌یه‌كی ته‌ئویلكاری ده‌یانتوێنێته‌وه، بۆ بونیادێكی تازه كه به‌رهه‌م وڕه‌نجی ئه‌و عه‌شقه بێت، نووسه‌ری ده‌قی ڕه‌خنه‌یی ڕۆڵی نێرینه ده‌بینێ ونمایشه شانۆییه‌كه‌ش ده‌بێ به مێینه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی سێكسی پیاو نه‌بێت بۆ نێرایه‌تی نواندن له‌و پڕۆسه‌یه، ئه‌وا پڕۆژه‌كه به ئه‌نجام ناگات ناتوانێ به باڵا بوونی بسه‌پێنێت. (7)
بۆیه قه‌ڵه‌م كه به مه‌به‌ستی نووسینه‌وه‌ی ده‌ق به‌كار دێت، ده‌بێ به ئه‌ندامی سێكسی پیاو، لێره‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین كه نێرینه له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆی كوردی خه‌سێنراو بووه یا توانای ڕاپه‌ڕاندنی كاری سێكسی نه‌بووه، بۆیه ده‌ق ئاراسته‌ی گوتاره‌كه‌ی وون كردووه.
ئه‌و كاتانه‌ی قه‌ڵه‌م مرخی له نمایش خۆش كرد واته حه‌زێكی غه‌ریزه‌یی هه‌یه پاڵ به نێرینه (ڕه‌خنه‌گر) ه‌وه ده‌نێ بۆ كرده‌یه‌كی سێكسی (دوان له‌سه‌ر نمایش) كه دیاره له‌و پڕۆسه‌یه‌دا هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه نێرومێ (ڕه‌خنه‌گر/ نمایش) پێویستیان به‌یه‌كتریی هه‌یه بۆ خوڵقاندن و ژیانه‌وه، ژیانه‌وه مه‌به‌ست له چالاكی جه‌سته‌یه بۆ له‌كار نه‌كه‌وتن (پێشكه‌وتنی ئاستی شانۆ) خوڵقاندنیش مه‌به‌ست له به‌رهه‌مێكه كه پڕۆسه سێكسیه‌كه به‌رهه‌می دێنێ، ئه‌ویش دواتر مناڵێك دێنێته بوون (ده‌قی ڕه‌خنه)
ئه‌و مناڵه به‌رنجامی تۆ سپێرمه‌كانی نێرینه‌یه، مه‌به‌ست هه‌ست كردنی ڕه‌خنه‌گره به ڕووه شاراوه‌كانی نمایشه شانۆییه‌كه، كه به‌هۆی موماره‌سه‌كردنی سێكسی تۆ سپێرمه‌كانی ڕژاندۆته سه‌ر هێلكه‌كانی مێینه (خوڵقاندنی پرسیار له نمایش) كێشی جه‌سته‌ی زیاد ده‌كات و ده‌بێ به هه‌ڵگری گیانێكیتر كه دواتر له‌ناو خۆیدا ئه‌و گیانه گه‌وره ده‌بێ و به‌سك پڕی و ئاوسی ناو ده‌برێ كه ئه‌نجامی غه‌ریزه سێكسیه‌كه‌یه، ئه‌و سێكساندنه وا له‌و بوونه تازه ده‌كات كه به كۆمه‌ڵه قۆناغێك تێپه‌ڕێت (تۆ، خوێن، گۆشت) تا ده‌بێ به جه‌سته‌یه‌كی ئازاد، كاتێ ئه‌و قۆناغانه‌ی ته‌واو كرد له‌ناو ڕه‌حمی مێینه (نمایش) دێته ده‌ره‌وه (ده‌قی ڕه‌خنه).
به‌ڵام با ئه‌و پرسیاره‌ش بكه‌ین ئایا ئێمه ڕه‌خنه‌یه‌كمان هه‌یه به‌ناوی ده‌قی ڕه‌خنه یا ئه‌وه‌ی هه‌مانه له‌ناو سه‌رنجی بینه‌ر ده‌سووڕێته‌وه؟ دیاره به‌پێی ئه‌و چه‌مكه بۆ ده‌ق نیمانه، ئه‌گه‌رچی له‌ڕێگه‌ی نووسینی چه‌ند شانۆكارێك ڕه‌خنه له سه‌رنجه‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ گوتار، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ ڕه‌خنه‌یه‌كمان نیه له په‌راوێزی نمایش ڕزگاری بووبێت و ناوی بنێین ده‌قی ڕه‌خنه.
ئاماژه‌كان:
1 ئه‌وانه‌ی له‌و بواره‌دا له‌سه‌ر شانۆگه‌ریه‌كانیان نووسیوه‌و توانیویانه زه‌مه‌نی نمایش بخوێننه‌وه بریتی نین له‌و نووسه‌رانه‌ی ناوی ڕه‌خنه‌گریان به‌باڵا بڕاوه به‌ڵكو ئه‌و شانۆكارانه‌ن كه ڕه‌خنه وه‌ك به‌شێك له ئیلتیزامی ئه‌خلاقی له‌به‌رامبه‌ر شانۆ سه‌یر ده‌كه‌ن.
2 ئه‌گه‌رچی دانا ره‌ئوف ته‌نها یه‌ك ده‌قی شانۆیی نووسیوه (ئه‌فسانه‌ی ڕێگای هات ونه‌هات) گۆڤاری ئه‌زموون ژماره (1) ی ساڵی 1991 به‌ڵام خۆی وه‌ك پڕۆژه‌ی ده‌قێك ناوی ده‌بات، پڕۆژه‌یه‌ك توانای به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی سیمیۆلۆژی هه‌یه، ئه‌و به‌و ده‌قه توانی ناوی خۆی بخاته سه‌ر ئه‌وانه‌ی توانیویانه ده‌ق به شێوه‌یه‌ك بنووسن كه له‌ناو شانۆ بیرده‌كه‌نه‌وه.3 سه‌باره‌ت به‌و چه‌مكه‌ی كریستیفا و تێگه‌یشتن له بنه‌ما تیۆریه‌كانی سیمیۆلۆژیا، ده‌كرێ خوێنه‌ر بۆ ئه‌و كتێبه بگه‌ڕێته‌وه: ره‌خنه‌گرتن له مۆدێرنیتی/ نیهاد جامی، سه‌نته‌ری روناكبیری هه‌تاو (هه‌ولێر) 2006
4 یه‌كێك له‌و نووسینه ده‌گمه‌نانه خوێندنه‌وه‌یه‌كی پراكتیكیه به‌ناوی:
خوێندنه‌وه‌یه‌كی سیمیۆلۆژی بۆ نمایشی عه‌با/ رێبین ره‌سول ئیسماعیل، گۆڤاری رامان ژماره ()
5 كۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق مانای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نیه هێنده‌ی مانایه‌كی بونیادگه‌ریانه‌ی هه‌یه به‌وه‌ی نووسه‌ر چاوگه‌ی سه‌ره‌كی نیه هێنده‌ی ئه‌وه خوێنه‌ره خاون ده‌سه‌لاًَت و چۆنیه‌تی ته‌ئویلی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ
6 ئاماده‌بوونی هه‌ڵوێست لایه‌نگیری كردن نیه له بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵكو ئاماده‌بوونی زمانه له‌ناو گوتاری ڕه‌خنه‌ییدا
7 ئه‌وه‌ش به‌پێی تێگه‌یشتنی فرۆید بۆ چه‌مكی چێژ