
عه‌لی ته‌ره‌ماخی یه‌كه‌م ڕێزمانووسی به‌راوردیی كوردی
ده‌روازه
له دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی میدیا, چاكترین ده‌رفه‌ت بۆ حوكمڕانی كوردیی سه‌رده‌می ئیسلامی بووه چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ ده‌وڵه‌تێكی قه‌ومی نه‌ك هه‌ر له‌ناوچه‌كه به‌ڵكو له ئه‌وڕوپاش نه‌بووه. ئه‌وسا ,له هه‌موو دونیا سه‌رده‌م,سه‌رده‌می حوكمڕانی سیسته‌می ئیمپڕاتۆریه‌ت بووه. له‌ناو ڕژێمی ئیمڕاتۆریهتدا هه‌موو نه‌ته‌وه و گه‌له‌كانی ناوچه‌كه هه‌ریه‌كه‌ی به‌جۆرێك به‌شدار ده‌بێت له حكومڕانی ئیمپڕاتۆریه‌تدا.
له سه‌رده‌می هه‌رێمی خه‌لافه‌تی ئیمپڕاتۆریه‌تی ئه‌مه‌وی وعه‌باسی وعوسمانیدا كورد له زۆر دام وده‌زگای ئیمپڕاتۆریه‌ت به‌شدار بووه هه‌روه‌ها له زۆر شوێنی كوردستانی گه‌وره‌ش حوكمڕانی كوردی هه‌بووه.
جگه له بزاڤی سیاسی , ئه‌وه كورد خاوه‌ن بزاڤێكی ڕۆشنبیری گه‌وره‌ش بووه به (ده) یان زانا ونووسه‌ری كورد ههڵكهوتون وه به‌شداریه‌كی هزری و حه‌زاری گه‌وره‌یان كردووه.
له‌باره‌ی (هه‌وڵی زمانی ) یش , ئه‌وه ڕه‌وشی خوێندنی حوجره‌كانی كوردستان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ی كه زانایانی كورد به زمانی كوردی, فارسی, عه‌ره‌بی هه‌ر (دوازده) عیلمهكهیان به قوتابیانی خۆیان ووتوه. ئه‌و سه‌رده‌مه له ئه‌وڕوپا هیچ ئینگلیز وفه‌ره‌نسی وئهڵمانیهك ….هتد جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه هه‌تا ئینجیلیش به زمانی زگماكی خۆی بۆ قوتابیانی هاونه‌ته‌وه‌ی خۆی بخوێنێته‌وه !! هه‌روه‌ك چۆن ئه‌حمه‌د خانی شاعیر و (فه‌یله‌سوف) پێش هه‌ر ئهوڕوپیهك بانگه‌شه‌ی ناسیۆنالیزمی دروستی كرد, ئه‌وه عه‌لی تهرهماخیش پێش هه‌ر ڕێزماننووسێكی ئهوڕپایی له‌پاڵا ده‌ستوری زمانی عه‌ره‌بی ,باسی له ده‌ستوری زمانی كوردیش كردووه.
له‌م كورته لێكۆڵینه‌وه‌دا, به كورتی ئاماژه به چه‌مكی فیلۆلۆژی و فیلۆلۆژی به‌راورد له ئه‌وڕوپا ده‌كه‌ین ئه‌وجا له كاره‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی ده‌دوێین وه ئاماژه به‌و عه‌قڵه‌ی كورد ده‌كه‌ین له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌می میلادیدا.
فیلۆلۆژی Philology
زاراوه‌ی فیلۆلۆژی Philology له ووشه‌ی (Philologia) ی یۆنانی داتاشراوه. ئه‌م زاراوه‌یه له زمانی یۆنانیدا له دوو به‌ش پێك دێت: (philos) , (logos) . ئه‌و دوو به‌شه زۆر شرۆڤه‌یان بۆ كراوه: (philos) به واتای "خۆشه‌ویستی,ئازیز, براده‌ر"….هتد دێت هه‌رچی (logos) ه به واتای "ووشه,ئافراندن,عه‌قڵا" دێت. ئه‌و زاراوه‌یه له لاتینیش هه‌ندێ گۆڕانكاری بچوكی بۆ كراوه و كراوه‌ته Philologie. له سه‌رده‌می شازده‌هه‌مه‌وه له ڕێگای فه‌ره‌نسی ناوه‌ڕاسته‌وه هاتۆته‌وه ناو زمانی ئینگلیزیه‌وه.
به‌ڵام له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م, ئه‌و زاراوه‌یه واتای "خۆشه‌ویستی ئه‌ده‌بی" ده‌به‌خشێ و په‌یوه‌ندی به زمانه‌وه نه‌بوو. ئه‌مه‌و, هه‌ر له سه‌رده‌می یۆنانیه‌كانه‌وه تا سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می میلادی, فیلۆلۆژیا هه‌ر په‌یوه‌ست بووه به (خۆشه‌ویستی حیكمه‌ت) و (خۆشه‌ویستی فێربوون ) و (خۆشه‌ویستی ئه‌ده‌ب) , به‌ڵام له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئه‌و زاراوه‌یه له جوغزی دیراساتی ئه‌ده‌بی ده‌رچوو ,بووه چه‌مكێك , زانستێك كه ته‌واو جه‌ختی له‌سه‌ر دیراسه‌كردنی مێژووی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی زمانه‌كان ده‌كرد. ئه‌مه‌ش له فریدریك فۆن شلێگڵا ده‌ست پێده‌كات هه‌تا نیتزاچ.
فیلۆلۆژی زمان, زمانه‌وانی نی یه , توێژینه‌وه‌یه‌كی مێژویی زمانه. یاساكانی ده‌نگ و گۆڕانی زمان له قۆناغێكی مێژووییه‌وه بۆ قۆناغێكی تر كاری بنه‌ڕه‌تی فیلۆلۆژی زمانه. ئه‌م خوێندنه‌وه مێژووییه بۆ مێژووی زمانی ده‌گه‌ڵا ده‌ركه‌وتنی دی سۆ سێر , كه جه‌ختی له‌سه‌ر شرۆڤه‌كردنی ئێستای زمان ده‌كرد, به‌ره‌به‌ره پوكایه‌وه.
لقه‌كانی فیلۆلۆژی
فیلۆلۆژی چوار جۆری سه‌ره‌كی هه‌یه, جۆری یه‌كه‌م فیلۆلۆژی به‌راورد, له هه‌موویان گرنگتره هه‌روه‌ها به‌شێك له كاره‌كه‌ی ئێمه پێك دێنێت.
یه‌كه‌م: فیلۆلۆژی به‌راورد
فیلۆلۆژی به‌راورد بزاڤێكی زمانه‌وانی بوو هه‌وڵی ده‌دا له ڕێگای به‌راوردكردنی زمانه‌كاندا چه‌ند ئاكامێك بپێكێت وه‌ك بیرۆكه‌ی (خێزانی زمانی) دابڕێژن و خاڵه لێكچو و جیاوازه‌كانی نێوان زمانهكانهكان بدۆزنه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه (دایكه زمانێك ) بۆ ئه‌و خێزانه زمانیانه دیاری بكه‌ن. ئه‌وانه چه‌ند بنه‌مایه‌كیان داڕێشت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه زمانه‌كان پۆلێن بكه‌ن: سێ جۆری په‌یوه‌ندییان له نێوان زمانه‌كان دیاریكرد, كه بریتین له:
1- په‌یوه‌ندی یه نهژادییهكان Genetic Relations
2- پیوه‌ندیه كه‌لتوریه‌كان Cultural Relations
3- په‌یوه‌ندییه فۆرمییهكان Typological Relations
فیلۆلۆژكارانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه نهژادییهكان ده‌كرد, هه‌ر له‌و ڕوانگهوهش خێزانی زمانی هیندۆ ئهوڕوپیان داهێنا.
ئه‌و بزاڤه‌ی فیلۆلۆژی به‌راود له‌سه‌ره‌تادا په‌یوه‌ست نه‌بوو به زمان – به واتای زمان نه‌بوو ئه‌و بزاڤه‌ی دروست كرد, به‌ڵكو (دین) و(سیاسه‌ت) و(بازرگانی) سێ فاكته‌ری دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌تی لێكچووی زمانه‌كان بوون. دۆزینه‌وه‌كه‌ی (فلیۆسامستی) (سێر ویلیه‌م جۆنز) ده‌رگای بۆ فیلۆلۆژكارهكان كرده‌وه كه زیاتر له‌و دیارده زمانه‌وانیه بكۆڵنه‌وه .
دووه‌م
نووسینه‌وه‌ی فیلۆلۆژیای ده‌قیی
دیراساتی ئه‌ده‌بی جوغزی كاری فیلۆلۆژیای كلاسیكی بوو ، به‌ڵام فیلۆلۆژیای ده‌قیی یاخود نوسراو هه‌وڵێكی دی فیلۆلۆژییه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و مێژووی ده‌ق.
ئه‌م جۆره‌ی فیلۆلۆژییه ره‌گه‌زه‌كانی یاخود ئهمرازهكانی ره‌خنه‌ی ده‌قی له‌خۆ ده‌گرێ. ئه‌م جۆره ره‌خنه‌یه هه‌وڵ ده‌دات ده‌قی ره‌سه‌نی نووسه‌ر له سه‌ر بنه‌مای چه‌ند كۆپیه‌كی جودای ده‌ستنووسه‌كان دابرێژێته‌وه. ئه‌م جۆره فیلۆلۆژیایه له بنه‌ره‌تدا فیلۆلۆژیاییهكی دینییه ، كاتی خۆی رۆشنبیران هه‌وڵیان ده‌دا چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی ره‌سه‌نی كتێبی پیرۆز بكه‌ن له‌و هه‌موو ده‌ستنووسه جودایانه! ئه‌و فیلۆلۆژییهی دینییه‌ی له رۆژ هه‌ڵات له ناو موسڵمانان هه‌یه ، ده‌رهێنانی چه‌ند یاسایه‌كه له قورئانی پیرۆز نه‌ك هه‌بوونی ده‌قی لابه‌لا. فه‌قێی كورد له مه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا !
سێیه‌م
فیلۆلۆژی هۆشهكیی
ئه‌مه‌ش جۆرێكی تره یاخود لقێكی تری فیلۆلۆژییه. فیلۆلۆژی هۆشهكیی له ده‌قه زاره‌كی و نووسراوه‌كان ده‌دوێت. ئه‌و دوو ده‌قه‌ش ، ئه‌گه‌ر چی هه‌ریه‌كه خه‌سڵه‌ت و ئه‌دگاری جودایان هه‌یه به‌ڵام هه‌ردووك به گوێره‌ی بنه‌ماكانی فیلۆلۆژی هۆشهكیی به ئه‌نجام و ئاكامی پڕۆسه‌ی هۆشهكیی مرۆڤ داده‌نرێن.
چواره‌م
فیلۆلۆژی زمانه‌كانی هاوبنچینه
هه‌ندێ زمان به زمانی هاوبنچینه داده‌نرێن به‌وه‌ی ئه‌و زمانانه هه‌ندێ شێوه‌ی زمانه‌وانی هاوشێوه‌یان هه‌یه جیاوازیان ته‌نیا له پیتێكه یان دووان. زمانی ئاسپانی, فه‌ره‌نسی , پڕتوگالی به زمانی هاوبنچینه داده‌نرێن چونكه زۆربه‌ی ووشه‌كانیان له زمانی لاتینییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی و بیرۆكه‌ی فیلۆلۆژی به‌راورد
عه‌لی ته‌ره‌ماخی زانای ناوداری سه‌رده‌می خۆی بووه. نه‌ك هه‌ر كوردستان , به‌ڵكو زۆر شوێنی تر بۆ خوێندنی مه‌لایه‌تی گه‌ڕاوه هه‌تا له ئاكام هه‌ر له گونده‌كه‌ی خۆی (تهرهماخ) مزگه‌وتێك دروست ده‌كات و چه‌نده‌ها فه‌قێ پێده‌گه‌یه‌نێ
كتێبه‌كه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ووتنه‌وه‌ی وانه‌كانی مه‌لایه‌تی داناوه. هه‌وڵی داوه (صرف) ی زمانی عه‌ره‌بی به قوتابیه‌كانی خۆی به كوردی بڵێته‌وه. جگه له‌و هه‌وڵه دڵسۆزییه‌ی بۆ (زمانی قورئان) و زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی (كوردی) ئه‌وه له زۆر شوێنی كتیبه‌كه‌ی باسی ڕێزمانی كوردیشی كردووه و نموونه‌ی هێناوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها به حوكمی ئه‌وه‌ی زمانی فارسیش له سه‌رده‌می ئه‌ودا دوازده عیلمی مه‌لایه‌تی له هه‌ندێ بابه‌ت پێدهخوێندرا, بۆیه نموونه‌ی له زمانی فارسیش هێناوه‌ته‌وه.
ئه‌مه كڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی یه. با ئێستا بزانین به دروستی كتێبه‌كه‌ی ناوی چی یه و ئایا ده‌كرێ عه‌لی ته‌ره‌ماخی به یه‌كه‌م ڕێزماننووس دابنێین هه‌روه‌ها له هه‌مووی گرنگتر به گوێره‌ی بنه‌ماكانی فیلۆلۆژی به‌راورد….ده‌كرێ عه‌لی ته‌ره‌ماخی به‌یه‌كه‌م ڕێزماننوسی به‌راورد دابنێین؟
ناوی كتێبه‌كه
ئهلیكزهندری ژابای كوردناس و قونسولی ڕووسیا له ئه‌رزه ڕۆم یه‌كه‌م كه‌س بووه كه ئه‌و ده‌ستنووسه‌ی كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی به‌ده‌ست كه‌وتووه و مه‌لا مه‌حموود بایه‌زیدی زانای كورد كتێبه‌كه‌ی بۆ ژابا ڕوونووس كردووه وه پێشه‌كی بۆ نووسیوه هه‌روه‌ها باسی ڕه‌وشی خوێندنی له كوردستان كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌وه باس كراوه كه ئه‌م كتێبه له ساڵی 1591 میلادی نووسراوه و مه‌لای بایه‌زیدیش له ساڵی 1858 میلادی ڕوونووسی كردۆته‌وه.
ژابای كوردناس له یه‌كه‌م نامه‌ی بۆ ئه‌كادیمیای دۆرن له پیتر سپۆرگ ناوی كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی ده‌هێنێ و ده‌نووسێ:
"….ڕێگم بده‌ن گه‌وره‌م, ئاگاداری جه‌نابتان بكه‌م له بابه‌ت سیپارهێیكی بچوكه‌وه, ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆتانی ڕه‌وانه ده‌كه‌م ئه‌مه نێرراوی پێنجه‌مه, بریتییه له پێشكی ی ده‌ستوری زمانی كوردی عه‌لی ته‌ره‌ماخی…….."
پاش نزیكه‌ی ساڵێكی تر ژابا نامه‌یه‌كی تر بۆ دۆرن ده‌نێرێ له‌وێش ده‌نووسێ:
"…..گه‌وره‌م, ئێوه پێشنیارێكتان كردبوو كه پێویسته ده‌ستووری زمانی كوردی ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی….."
ناوی ده‌قی كتێبه‌كه‌ش, كه د.مارف خه‌زنه‌دار خۆی دۆزیویه‌تیه‌وه هه‌م خۆیشی چاپی كردووه , ئه‌وها نووسراوه:
هژا كتاب عباره علی ترهماخی هژا كتاب صرف لسان كردی
به واتای ناوی كتێبه‌كه صرفی زمانی كوردی یه ژاباش ناوی به " ده‌ستووری زمانی كوردی" بردووه.
كه‌چی د.مارف كتێبه‌كه به (ده‌ستووری زمانی عه‌ره‌بی به كوردی) داده‌نێت. ئه‌و ڕایه‌ی د.مارف ده‌كرێ له‌سه‌ر ڕای مینۆڕسكی بیناكرابێت,چونكه ئه‌و هه‌ر له ساڵی 1927 (43 ساڵا پێش د.مارف) له ووتاری " كورد – كوردستان" له ئینسیكلۆپیدیای ئیسلام ده‌نووسێ: " عه‌لی ی خه‌ڵكی تهرهماخ (1591ز) گرامهرێكی عه‌ره‌بی نووسیوه به زمانی كوردی" مامۆستا ڕه‌شید فندیش باوه‌ڕی وایه كه عه‌لی ته‌ره‌ماخی نه‌ك هه‌ر یه‌كه‌م ڕێزماننوسی كورده به‌ڵكو یه‌كه‌مین په‌خشان نووسی كوردیشه. له‌م باره‌یه‌وه كتێبێكی نووسیوه به‌ناوی "عه‌لی ته‌ره‌ماخی ئێكه‌مین ڕێزمانڤیس وپهخشانڤیسێ كورده" *
به ڕای من كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی یه‌كه‌م كتێبی رێزمانی به‌راورده, چونكه هه‌م باسی ده‌ستووری صرفی زمانی عه‌ره‌بی كردووه هه‌م باسی ده‌ستووری صرفی زمانی كوردی هه‌روه‌ها (فارسی) كردووه. ئه‌و هه‌وڵه‌ی ته‌ره‌ماخی وه‌پێش عه‌قڵی ئه‌وڕوپیش كه‌وتووه. ئه‌وه‌ته یه‌كه‌م كتێبی ڕێزمانی ئینگلیزی له ساڵی 1586 چاپكراوه , كه‌چی مه‌لایه‌كی كورد له ده‌ڤه‌رێكی وه‌ك هه‌كاری له ساڵی 1591 نه‌ك هه‌ر باسی ڕێزمانی كوردی كردووه, به‌ڵكو یه‌كه‌م كه‌سیشه نه‌ك هه‌ر له‌ناو كوردان به‌ڵكو له ڕۆژهه‌ڵات وڕۆژئاواش كه (ڕێزمانێكی به‌راورد) ی له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م نووسیوه, كه‌چی له هه‌موو ڕۆژئاوا هه‌تا سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م هیچ ڕێزماننووسێكی ئه‌وڕوپایی ڕێزمانێكی به‌راوردی نه‌نووسیوه كه‌سێكی وه‌ك فریدریك شلێگڵا (1767-1845) له ساڵی 1808 كتێبێكی به‌ناوی "له‌باره‌ی زمان وحیكمه‌تی هیندیه‌كان" نووسیوه له‌وێ زاراوه‌ی "ڕێزمانی به‌راورد" ی له ڕۆژئاوادا هێناوه و ئه‌و ناسراوه له ڕۆژئاوا به باوكی ڕێزمانی به‌راورد, كه‌چی عه‌لی ته‌ره‌ماخی (217) دوو سه‌د وحه‌ڤده ساڵا به‌ر له شلێگڵا به كرده‌وه كاری له‌سه‌ر ڕێزمانی به‌راورد كردووه ئه‌و زانسته‌شی به نووسین و ووتنه‌وه فێری قوتابیانی كورد كردووه.
ئایا عه‌لی ته‌ره‌ماخی زانا وڕێزماننوس مافی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕووناكبیری كورد نی یه هه‌رچ نه‌بێ به یه‌كه‌م به ڕێزماننوسی به‌راورد دابنرێ؟! بێگومان ته‌ره‌ماخی كورد نه‌بوایه ,ئه‌وها دهركهوتبوایه كه یه‌كه‌م ڕێزمانووسی به‌راورده ئه‌وه ڕۆناكبیرانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌كاندا گه‌وره‌ترین هه‌ڵای ڕاگه‌یاندنیان ده‌كرد!!
هه‌ندێ ده‌قی كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی كه باس له ڕێزمانی كوردی ده‌كات ئه‌م نموونانه له كتێبه‌كه‌ی د.مارف ورهشیدی فه‌ندی وه‌رگیراون:
1- فه‌صل د بهحپا موچارع دایه. د زمانێ كورمانجێ دا پێنج صیفه بدهردكهڤن زێده نابن, وه‌كو نها: (دچی , دچه , دچن, دچم, دچین) هه‌روه‌ها باسی به‌كارهێنانی ڕاناوه‌كان ده‌كات, كه چۆن له‌گه‌ڵا ئه‌م شێوانه به‌كاردێن: (تو, ئه‌و, هوون,ئه‌وان,ئه‌م,مه) ئه‌ڤ شه‌ش چمیر ژی چهمایرێد وان ئهفعالانه دگهڵا وان تێنه عهملاندن. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م (1591) ڕاناوی (ئه‌وان) له كرمانجی به‌كارده‌هات. ئه‌وسا ڕاناوی ئه‌وان (كۆ) ی ڕاناوی (ئه‌و) بوو كه‌چی ئێستا له ڕێگای كرداره‌وه ئه‌و دووه له‌یه‌ك جیاده‌كرێنه‌وه:
سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م : ئه‌و دچه. ئه‌وان دچن.
ئێستا : ئه‌و دچه. ئه‌و دچن.
2- د بهحپا ئیسمێ فاعیلدا ئه‌مما ئیسمێ فاعلێد تهپنیه وجهمعید زمانێ كورمانجی بغهیری ژ لهفڤا (ئێ دی ئیبتدادا ئاخری‌دا لهفڤا (نون وها) یه‌ك دبی……
(ئێ كوشتنه , ئێ كڕینه , ئێ خوهری نه) , یانی ئه‌و تهپنیه و جهمعێد كو كوشتینه و كڕینه وخوهرینه. جگه له عه‌ره‌بی, ئه‌م دیارده‌یه‌ی له زمانی فارسی‌دا باسكردووه وه‌ك ده‌نووسێ: د بهحپا ئیسم فاعلید ئهلفاڤێد فارسیه, ئیسم فاعیل ناڤی وی فعلی یه. ئه‌و ژی ئیبتیدایه یان معتموم دبه‌ر دئاخری لهفڤیدا ژی دال هایك دبی, مپلا وه‌كو نها: ( كوشنده),( كوننده), (خورنده)……په‌راوێز
*سه‌باره‌ت به یه‌كه‌م په‌خشانی كوردی
ماوه‌یه‌كی زۆر مه‌ولود نامه‌كه‌ی شێخ حوسێنی قازی (1791-1870 ) به یه‌كه‌م په‌خشانی كورد داندرا. له پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدی به‌ناوی ( عادات ورسومات نامه‌ی اكرادیه) , كه دكتۆره شكوریه له رووسیه‌وه كردیه كوردی ناوی نا (داب ونه‌رێتی كورده‌كان) ئه‌و ده‌قه كرایه یه‌كه‌م په‌خشانی كوردی…..هتد مامۆستا ره‌شید فه‌ندیش كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی به‌یه‌كه‌م په‌خشانی كورد داده‌نێت. ئه‌و كتێبه‌ی ته‌ره‌ماخی له ساڵی 1591 نووسراوه0 ڕاسته یه‌كه‌م كتێبی ڕێزمانی كوردی وڕێزمانی به‌راورده, به‌ڵام ده‌كرێ یه‌كه‌م په‌خشانی كوردی نه‌بێت, چونكه هه‌ر مامۆستا ڕه‌شید خۆی له په‌راوێزی (41) ی ( 60 ) ده‌نووسێ: مه‌ولودا كرمانجی : هتا نهۆ هزر وه‌سا بۆ دچیت له چه‌رخێ پازدێ ژیابێت….جا گه‌ر مه‌لای باته‌یی له چه‌رخی پازده مه‌ولودنامه‌ی كرمانجی نووسێبێت, سه‌ده‌یه‌ك پێش عه‌لی ته‌ره‌ماخی یه !!! ده‌كرێ ئه‌و مه‌ولودنامه‌یه یه‌كه‌م په‌خشانی كوردی بێت نه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی!!
پوخته:
په‌یوه‌ندییه كه‌لتوریه‌كان یه‌كێك له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ن كه زمانه‌كان , هه‌رچه‌نده له خێزانی زمانی جوداش بن سوود له‌یه‌كتر ده‌بینن. كورد له پاش ئاشنابوونی به ئیسلام زمانی عه‌ره‌بی كردۆته زمانی خوێندنی حوجره نه‌ك كۆمه‌ڵگا . به واتای زمانی قورئان بۆته زمانی ڕۆناكبیری كورد نه‌ك زمانی خه‌ڵكی عه‌وام. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه عه‌ره‌ب له سه‌رده‌می ئیسلامی‌دا له كوردستان وه‌ك كۆمه‌ڵگا نه‌ژیاون ئه‌وانه‌ی ژیاویشن ده‌گه‌ڵا كورد تێكه‌ڵا بوونه و بوونه‌ته به‌شێك له كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌تا زمانی ئاخاوتن عه‌ره‌بیشیان له‌بیركردووه.
عه‌لی تهرهماخیش پێشه‌نگی ئه‌و بزاڤه ڕۆناكبیریه بووه وێڕای عیلمهكانی قورئان ولۆژیك ئه‌وه ڕێزمانێكی نووسیوه له‌سه‌ر صه‌رفی زمانی عه‌ره‌بی وكوردی وفارسی بۆ ئه‌وه‌ی فه‌قێیه‌كانی هه‌م به دروستی له زمانی قورئان بگه‌ن هه‌م بتوانن به زمانی كوردی شت بنووسن وبخوێننه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ووتاری ڕۆژی هه‌ینی, جگه له ئایه‌ته‌كان وفورمووده, هه‌موو به زمانی كوردی بووه. ئه‌و كتێبه‌ی ته‌ره‌ماخی به یه‌كه‌م كتێبی ڕێزمانی كوردی داده‌نرێ چونكه یه‌كه‌م كتێبه باسی به‌شێك له ڕێزمان و زمانی كوردی كردووه هه‌روه‌ها به‌یه‌كه‌م كتێبی ڕێزمانی به‌راوردیش داده‌نرێ چونكه باسی ڕێزمانی عه‌ره‌بی و كوردی وفارسی كردووه.