وتووێژی ڕێنیسانس له‌گه‌ڵ سیروان عه‌بدول
له دیباجه‌ی هه‌ڵبژاردنێکدا
وتووێژی تایبه‌تی ڕێنێسانس له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر سیروان عهبدولپ/ له به‌شی دووه‌می ئه‌م دیمانه‌یه‌دا پێم باشه که‌مێک له بازنه‌ی گوتاری عه‌داله‌تخوازانه ورد بینه‌وه که ده‌توانم بڵێم له نێو دڵی دروشمی سڕینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا ده‌ژی. تۆ پێت وایه که ئه‌م گوتاره ده‌توانێ ببێته گوتاری زاڵی ئه‌م قۆناغه له کێشمه‌کێشه سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی باشوری کوردستاندا؟
سیروان ع.: سوپاس بۆ پرسیارکردنت سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته هه‌ستیار و حه‌یاتییه، به‌ڵام ڕۆشن نییه ئایا تۆ لێره‌دا پرسیار سه‌باره‌ت به چی دیدێک بۆ عه‌داله‌تخوازیی ده‌که‌یت تا من بڵێم ئایا به‌ختی به‌هێزبوونی هه‌یه یان نا: عه‌داله‌تی به‌رسڤدانه‌وه (ئه‌وه‌ی که به Retributive justice ناو ده‌برێت)، یان عه‌داله‌تی دابه‌شکردن (ئه‌وه‌ی که به Distributive justice ناو ده‌برێت). ڕۆشنتر بیڵێم، دیار نییه لێره‌دا باس له‌و عه‌داله‌ته قه‌زاییه‌یه که داوا ده‌کات گه‌نده‌ڵکاران (وه به شێوه‌یه‌کی گشتیی هه‌موو تاوانکاران و سهرپێچییکهران) سزا بدرێن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ده‌وترێت ”عه‌داله‌ت ڕه‌واڵی خۆی بگرێت”، یان باس له‌و عه‌داله‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که داوا ده‌کات ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیارییکراو به یه‌کسان له موڵکی گشتیی به‌هره‌مه‌ند بن. ئه‌مه دوو دیدی ته‌واو جیاوازن بۆ عه‌داله‌ت و دوو ستراتیجییه‌تی ته‌واو جیاواز ده‌خه‌نه به‌رده‌ست بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی. به‌ڵام هه‌رچییه‌ک بێت ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه ئێمه به‌ئاگا بین له ئاستی ئه‌وه‌یه که خواست و داوای نه‌مانی گه‌نده‌ڵیی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا یه‌کسان نه‌که‌ین به خواست و داوای عه‌داله‌ت.
دروسته که گرفتی هه‌ره گه‌وره که ئه‌مڕۆ کوردستانی باشوور پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت گه‌نده‌ڵییه، به‌ڵام تووڕه‌یی سه‌رتاپاگیری خه‌ڵکیی له گه‌نده‌ڵیی و حه‌سره‌تیان بۆ نه‌مانی گه‌نده‌ڵیی وای کردووه که ئه‌و خه‌ونه ئه‌وه‌نده گه‌وره ببێته‌وه که خود به خود له زیهنی زۆرێکماندا ئه‌و قه‌ناعه‌ته ته‌زویر و قولابییه دروست ببێت که ئه‌گه‌ر توانیمان گه‌نده‌ڵیی بنه‌بڕ بکه‌ین، ئه‌وکات خود به خود عه‌داله‌ت له کۆمه‌ڵگادا به‌رقه‌رار ده‌بێت. گرنگه ئه‌وه بزانین که عه‌داله‌ت دانی مافی ”ماف لێ زه‌وتکراوان”-ه، نه‌ک لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی که گه‌نده‌ڵکاران به ناحه‌ق بۆ خۆیانیان داپچڕیوه. ئه‌گه‌ر پرسیار له‌سه‌ر وجودی ئه‌م عه‌داله‌تخوازییه پڕ له ته‌وه‌هومه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌وا وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه که به‌ڵی به‌داخه‌وه سه‌رتاپاگیریی ئه‌م چه‌شنه له گوتاری عهدالهتخوازییهیه که عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وه‌نده‌ی تر غائیب کردووه له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. زهلیلکهوتن و ڕهزیلبوونی ده‌زگای قه‌زایی و دادگاکان و به‌شێکی هه‌ره زۆر له داده‌وه‌ره‌کان و پارێزه‌ره‌کان له‌به‌رده‌ستی حکومه‌ت و حیزبه‌کاندا ڕه‌نگه ڕواڵه‌تێکی خاوه‌ن ده‌لاله‌تی زه‌قی ئه‌م ئیددیعایه بێت. له کوردستانی باشووردا هه‌ردوو ئه‌و جۆره‌ی سه‌ره‌وه له عه‌داله‌تخوازیی به‌رچاو ده‌که‌وێت، هه‌م خواستی ڕاوه‌دوونانی یاسایی گه‌نده‌ڵکاران و هه‌میش خواستی به‌هره‌مه‌ندبوونی یه‌کسان له خێراتهکانی (The benefits) ناو کۆمه‌ڵگا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وێدا ئاماده نییه ده‌رککردنه به‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئیمتیازاتی ناحه‌ق له گه‌نده‌ڵکاران ئۆتۆماتیکیی مانای به‌هره‌مه‌ندبوونی مافخوراوان نییه له مافه‌کانیان.
ئه‌م شێوه بیرکردنه‌وه‌یه شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زاڵه نه‌ک هه‌ر له‌ناو خه‌ڵکه ساده‌که‌دا، به‌ڵکو له ناوه‌ندی سیاسیی و ڕۆشنبیرییشدا. گه‌ڕانی زۆری ناوێ و که‌سێک ده‌توانێت ڕۆژانه له ڕۆژنامه و ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا گوێی له ڕه‌خنه‌گرانی سیاسیی بێت که نه‌مانی گه‌نده‌ڵیی و که‌وتنه‌وه‌ی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی وا شیکاریی بۆ ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی سینۆنیم یان مورادیفی یه‌کتر بن.
ئه‌م کورتهێنانه‌ی سیاسه‌تکارانی ئێمه له بیرکردنه‌وه‌دا دوو هۆکاری هه‌یه:
یه‌که‌م، ساده‌کردنه‌وه‌ی میکانیکییهتی چاره‌سه‌ره‌کان کارێکه که حیزبه ناکۆکه‌کانی ناو مه‌یدانی سیاسیی پێویستیان پێیه‌تی. هه‌ر بۆیه به‌و پله‌یه‌ی نه‌سازیی و کێبڕکێکان زیاد ده‌که‌ن، به‌و پله‌یه چاره‌سه‌ری ساده و سیاسه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی قه‌دبڕ بۆ گه‌یشتن به دیموکراسیی و کۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌ر بازاڕی گه‌رم ده‌بێت. بێ هۆ نییه که له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کاندا گه‌شبینیی سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کان داده‌گرێت و گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و ته‌ره‌ف ده‌کرێت تا وڵات ببێت به ”شامی شه‌ریف”. گرفتی ئه‌م جۆره له بیرکردنه‌وه ئه‌وه‌یه که ”هۆکار” له‌به‌ر ڕۆشنایی ”ئاکام” لێک ده‌داته‌وه نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. ڕۆشنتر بیڵێم، ئه‌وه‌ی که زه‌مینه‌ی ناحه‌قیی هه‌یه له کۆمه‌ڵگادا به هۆکاری ئه‌وه‌ی ده‌زانێت که گه‌نده‌ڵیی هه‌یه، نه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌بوونی زه‌مینه‌ی ناحه‌قیی له کۆمه‌ڵگادا هۆکاری هه‌بوونی گه‌نده‌ڵیی بێت. لێره‌وه‌یه جه‌ختی هه‌موو ”قسه سیاسییه‌کان”ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه و که‌م که‌س خۆی له‌و قوڵاییه ده‌دات بپرسێت که ئاخر ئه‌سڵه‌ن گه‌نده‌ڵیی خۆی بۆچی وا به به‌ربڵاویی که‌وته‌وه. ئه‌مه شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌که که خۆی له به‌رگی عه‌داله‌تخوازیی له دابه‌شکردندا ده‌نوێنێت. جا ئه‌گه‌ر پرسیاری تۆ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌یه له عه‌داله‌تخوازیی، ئه‌وا به‌ڵێ ئه‌م گوتاره ئێستا، به‌تایبه‌ت پاش ئینشیعابهکانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی، ئاماده‌ییه‌کی قورسی هه‌یه و واش چاوه‌ڕوان ده‌که‌م که ئه‌م گوتاره به ناوی خواستی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سیاسه‌تی چه‌ند ساڵی تری ئه‌و ناوچه‌یه به خۆی ڕه‌نگڕێژ بکات.
دووه‌م، چه‌مکی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی له زیهنی خه‌ڵکی ئێمه‌دا یه‌ک تاکه لینکی زیهنیی (Association) جێ ده‌خات: عه‌داله‌تی موڵک و ماتریاڵ. بۆیه زۆرێک له‌وانه‌ی خوازیاری عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیین هه‌وڵه‌کانی خۆیان له‌وێدا چڕ کردۆته‌وه که بتوانن ڕێگه بگرن له‌وه‌ی ماڵ و موڵکی وڵات هه‌ر بۆ ژماره‌یه‌کی که‌م بێت و کار بۆ ئه‌و عه‌داله‌ته ده‌که‌ن که به یه‌کسان دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر هه‌موواندا. لێره‌وه‌یه له باشووری کوردستاندا عهدالهتخوازان ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌خنه‌ی دزیی و وازیی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده باسی ته‌جاوز و زیاده‌ڕۆییه‌کانیان ناکه‌ن بۆ سه‌ر ئازادییه‌کانی خه‌ڵک. نموونه‌ی ته‌واو خاوه‌ن ده‌لاله‌ت له‌م سیاقه‌دا ده‌کرێت ئه‌و کاره پڕ له پارادۆکسه بێت که ئه‌م هه‌فته‌یه سایتی ئه‌لکترۆنیی ”سبه‌ی” که سایتی ئۆپۆزیسیۆن و ڕه‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵاته هه‌ر ته‌نها وه‌ک هه‌واڵێکی ساده شتێکی وای بڵاو کردۆته‌وه که وه‌زیری كاروباری ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم محه‌مه‌د ئیحسان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه له دیوانی وه‌زاره‌ت له هه‌ولێر به‌ستراوه، وتوویه‌تی ” 222 هه‌زار ده‌نگده‌ر له دانیشتوانی ناوچه دابڕاوه‌كان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه له زێدی خۆیان سه‌ردانی بنكه‌كانی ده‌نگدان نه‌كه‌ن و به به‌ڵگه‌وه نه‌یسه‌لمێنن كه سه‌ردانیان كردوه، ئه‌وا له قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140 بێبه‌ش ده‌كرێن”. زیاده‌ڕۆییه‌کی ئاوا ڕووقاییمانهی وه‌زیرێک بۆ سه‌ر مافه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵک، به‌لای ئۆپۆزیسیۆنه‌وه دۆزێک نییه په‌یوه‌ندیی به‌عه‌داله‌ته‌وه هه‌بێت و وه‌ک هه‌واڵێکی کورت له سووچێکی سایته‌که‌یاندا بۆ چه‌ند سه‌عاتێک بڵاوی ده‌که‌نه‌وه و دواتر له‌وێدا و له کۆمه‌ڵگاشدا باسی ئه‌و هێرشه خه‌ته‌رناکه گۆڕی وون ئه‌بێت. ئه‌مه به‌لای منه‌وه هیچ نییه گۆڕوونبوون و نائاماده‌یی گوتاری عه‌داله‌تخوازیی نه‌بێت. قسه‌یه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی ئه‌و وه‌زیره له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێکی وڵاتانی ئه‌وروپییه‌وه بکرێت، شه‌قام به‌ر له ئه‌حزاب کارێک ده‌کات هه‌ر هه‌مان ڕۆژ تێیده‌گه‌یه‌نن که سه‌ری دای له به‌رد و پێی سه‌حب ده‌که‌نه‌وه. که ئه‌مه ناکرێت، کارێکی وا هیچ ده‌لاله‌تێکی تری نییه جگه له پیشاندانی زوعفێکی خه‌ته‌رناکی گوتاری عه‌داله‌تخوازیی به‌رسڤدانه‌وه له وڵاتی ئێمه‌دا. گوتاری عه‌داله‌تخوازیی لای ئێمه له بازنه‌ی دابه‌شکردنی عادیلانه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات‌دا گیری خواردووه و هێشتا ئاشنا نییه به‌وه‌ی که مافه‌کانی مرۆڤ جگه له مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له خێراته مادییه‌کانی کۆمه‌ڵگا، چی و چی ترن. بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌مه کافییه له‌و ڕاستییه پڕ له ئایرۆنیایه وورد بینه‌وه که هه‌ر خودی ئه‌و محه‌مه‌د ئیحسانه‌ی ئه‌و قسانه ده‌کات تا ئه‌م ماوه‌یه‌ی دواییش له‌و هه‌رێمه‌دا پایه‌ی وه‌زیری مافی مرۆڤی هه‌بوو.پ/ له وه‌ڵامی به‌شی یه‌که‌می دیمانه‌که‌دا ده‌ست ده‌خه‌یته سه‌ر خاڵێکی گرینگ که به ڕای من ده‌کرێ که‌مێک زیاتری له‌سه‌ر بڕۆی. ده‌قی ڕوانینه‌که‌ی خۆت ده‌هێنمه‌وه. تۆ له‌وێدا ده‌ڵێی: ” ترسی من له‌وه بوو که ڕۆشنبیران وازیان له بیرکردنه‌وه‌ی هێمنانه هێنا و به هه‌ڵپه‌یه‌کی زۆره‌وه که‌وتنه به‌خشینه‌وه‌ی موژده‌ی پۆپۆلیسته‌کان به هاتنی گۆڕانی ڕزگارکه‌رانه. ڕۆشنبیری ئێمه له خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا وا ڕووکه‌ش بووه‌وه که شکاندنی مۆنۆپۆلی پارتیی و یه‌کێتیی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ی لێ بووه ئامانجێکی ستراتیجیی گه‌وره”. تۆ پێت وا نییه که خودی په‌یمانی ستراتیژی یه‌کیه‌تی و پارتی ڕێگه‌ی له‌وه ده‌گرت که گه‌مه‌یه‌کی دیموکراتیک له ئاستی گۆره‌پانی سیاسی وڵات‌دا بێته کایه‌وه، وه ده‌بوا کۆمه‌ڵگه هێزی خۆی (به ڕۆشنبیرانیشه‌وه) بۆ تێکشکاندنی ئه‌م مۆنۆپۆله بخستبایه‌ته گه‌ڕ تا بیتوانیبا گیانێکی تازه به به‌ر خۆیدا بکا؟
سیروان ع.: دروست نییه ئێمه پێمان وابێت که ئه‌وه ڕیککه‌وتنی ستراتیجیی نێوان یه‌کێتیی و پارتییه که مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵات و بێیئعتیباربوونی دیموکراسیی به دوای خۆیدا هێناوه. زۆر به‌ساده‌یی چونکه پارتیی و یه‌کێتیی ئه‌و کاته‌ی که دوژمنیش بوون هه‌ر مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵاتیان کردبوو و دیموکراسییش بێ‌ئیعتیبار کرابوو. ئه‌مه ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه پیشان بده‌م که که‌سێک که درزخستنه ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیی و پارتیی به ستراتیجییه‌تێکی گرنگی کاری سیاسیی بزانێت له کوردستاندا، دوای ئامانجێکی چه‌ند ساده که‌وتووه و لێی بووه به وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له مێژووی وڵات‌دا. ئه‌مه ده‌ڵێم تا ده‌ست بخه‌مه سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵات و بێئیعتیباربوونی دیموکراسیی به‌رهه‌می هه‌بوونی زه‌مینه‌یه‌که که کاتی ناکۆکیی و کاتی په‌یمانی ستراتیجیی و کاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیۆنیش هه‌ر ئاماده‌یه و گه‌ر کار له‌سه‌ر له‌ناوبردنی نه‌کرێت، ئه‌وا مه‌گه‌ر له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تمه‌داران کاریان ده‌که‌وێته خه‌ڵک، گه‌شبینییه‌ک و هیوای چاکبوونی ناشیرینییه‌کان بکه‌وێته دڵی خه‌ڵک، ئه‌گینا پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و زه‌مینه‌یه کۆمه‌ڵگا ده‌کێشێته‌وه پای سته‌مکاریی.
کاری نادروست ئه‌وه‌یه گرفته‌کان له چاوی ده‌سه‌ڵاتدا ببینین و پله‌ی باش و خراپیی سیاسه‌تێک له‌وێوه هه‌ڵسه‌نگێنین که ئایا تا چه‌ند گورز ده‌سره‌وێنێته ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار، نه‌ک تا چه‌ند دونیاکه‌مان باش ده‌کات. دونیای ئێمه پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌کی وایه که ”ستراتیجییه‌ت”ێکی بۆ دیاریی بکات بۆ ده‌ربازبوون له سته‌مکاریی، نه‌ک ”تاکتیک”ێک بۆ گورزوه‌شاندنێک له ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود. من تاکتیکم به‌لاوه گرنگه له سیاسه‌تی ڕۆژانه‌دا به‌ڵام یه‌که‌م مه‌رجم ئه‌وه‌یه که ئه‌و تاکتیکه بچێته ناوکۆی ستراتیجییه‌تێکی ڕۆشن و دیارییکراوه و دووه‌م مه‌رجیشم ئه‌وه‌یه که تاکتیک له‌ڕۆشنبیران و له خه‌ڵک نه‌بێت/نه‌کرێت به وه‌رچه‌رخانی گه‌وره و عه‌سای سیحریی بۆ گۆڕانی ڕادیکاڵ.
گرفتی کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌وه قووڵتره که له ئاکامی پێکهاتنی پارتیی و یه‌کێتییه‌وه و قۆرخکردنیان بۆ ده‌سه‌ڵات دروست بووبێت. ڕه‌نگه زۆرێک کۆک نه‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕایه‌مدا گه‌ر بڵێم که پێکهاتنی پارتیی و یه‌کێتیی ئیقدامێکی گرنگی ناو دنیای سیاسه‌تی وڵاتی ئیمه بوو چونکه به هه‌ر ئه‌جێندایه‌کی ئه‌هریمه‌نانه‌وه بووبێت و له‌ژێر گوشاری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکیشدا بووبێت، به‌ڵام ئیتر ئه‌و کلتوری نهرمبوونهیهوهی دوو ته‌ره‌فی باوه‌کوشته‌ی ناو کۆمه‌ڵگای کوردیی به‌رامبه‌ر به یه‌کتر کولتورێک بوو که ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێویستی به زۆر و زۆرتره لێی. نزیک به سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی ئه‌و پیکهاتنه‌وه و ”یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌که”یان پێ باش بوو له‌وێوه پێیان باش بوو که گوتاری سیاسیی کورد له ئاست ده‌ره‌وه‌دا یه‌ک ده‌خات. به‌ڵام بۆ من ئه‌و جهنبهیهی دڵخۆشکه‌ر بوو که ئاغای ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری مه‌مله‌که‌ت فێری ئه‌وه بوون که یه‌کتر قبوڵ بکه‌ن. بۆ من ئه‌و یه‌کترقبوڵکردنه دڵخۆشکه‌ر بوو چونکه له‌نێوان دوو به‌ری (نه‌ک به‌ره‌ی) کۆمه‌ڵگای کوردییدا بوو که درزێکی گه‌وره له‌نێوانیاندا هه‌یه و له‌یه‌کتری دابڕیون. ئه‌وه‌ی که ئه‌و ڕێککه‌وتنه بووه هۆی ئه‌وه‌ی دوو حیزبه‌که ته‌نسیقی باشتر بکه‌ن بۆ تاڵان‌کردنی وڵات و دابه‌شکردنی برایانه‌ی غه‌نیمه‌کان له‌نێوان خۆیاندا، ئه‌وه زه‌ره‌رێکه که من ئاماده نیم له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌یدا ئه‌و یه‌کترقبوڵنه‌کردن و چه‌قۆ لهیهکترسوینهی جارانی ئه‌مبه‌ر وئه‌وبه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردیی دابنێم.
لێره‌دایه ئه‌و جیاوازییه‌ی من له‌نێوان لێکدانه‌وه‌ی ستراتیجیی و ده‌ستکه‌وتی تاکتیکییدا ده‌یبینم. شلکردنی چنگی پارتیی و یه‌کێتیی له ده‌سه‌ڵات کارێکی تاکتیکییه که مه‌رج نییه ههنگاوێکی ستراتیجییش بێت. خوێندنه‌وه‌ی من بۆ کۆمه‌ڵگای کوردیی ئه‌و خوێندنه‌وه باوه نییه که له مه‌یدانی سیاسه‌تی ڕۆژدا ئێستا باوه. گرنگه ئێمه ببینین درزه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئیمه‌دا به کوێدا تێده‌په‌ڕن ئینجا مۆری سیاسه‌تی دروست و نادروست له‌م یان له‌و سیاسه‌ت بده‌ین. به‌کورتیی گرفتی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی ئه‌و درزه درشت و خه‌ته‌رناکه‌یه که له‌نێوان به‌ری بادینان و به‌ری سۆرانی‌دا ساڵانێکه هه‌یه. شه‌ڕی ناوخۆ کاری له‌سه‌ر ئه‌م درزه کرد و قوڵتری کرده‌وه. ئه‌و دووبه‌ره‌ییه وا گه‌شه‌ی پێ درا که له به‌ره‌ی سۆرانیی وبادینیی گشتگیرتر بێته‌وه و ئه‌مدیو هه‌ولێریش بگرێته‌وه و ئه‌ودیویش گه‌رمیان. ساڵانێک بوو دوای شه‌ڕی ناوخۆ کوردستان ببوو به دوو مه‌مله‌که‌تی له‌یه‌کتر دابڕاو. ئه‌مه لهیهکترتێنهگهیشتنهکانی ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌وره کرد. ئه‌م درزه‌یه ئاغایانی ئه‌مبه‌ر و ئاغایانی ئه‌وبه‌ر بۆ خۆیان ڕزقی له‌سه‌ر په‌یا ده‌که‌ن. ئه‌م درزه‌یه وا ده‌کات دوو حیزبی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر ساڵانێکی درێژ ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان به‌و شێوه خنکینهره مۆنۆپۆل بکه‌ن. لێره‌وه‌یه من دڵم به نه‌رمبوونه‌وه و تهقهبولکردنی خه‌ڵکی بادینان بۆ خه‌ڵکی سۆرانیی و نه‌رمبوونه‌وه و تهقهبولکردنی خه‌ڵکی سۆرانیی بۆ خه‌ڵکی بادینان خۆشه و پێشموایه کارکردن له‌سه‌ر تێکه‌ڵکردنی ئه‌و دوو به‌ره‌ی کۆمه‌ڵگایه سیاسه‌تێکی دروسته نه‌ک زیاتر دوورخستنه‌وه‌یان له یه‌کتر. هه‌ر لێره‌وه بوو ساڵی پار من ڕه‌د فیعلم له هه‌وڵی ژماره‌یه‌کی زۆری ڕۆشنبیرانی کورد وه‌رگرت که خوازیار بوون شێوه‌زاری سۆرانیی بکرێته زمانی ڕه‌سمیی و ستانداردی باشووری کوردستان. دیاره بێده‌لاله‌ت نه‌بوو که ئه‌و ژماره زۆره له ڕۆشنبیران کاره‌که‌یان ئاوا به کارێکی سانا و ساده ده‌بینی. هه‌ندێک له ئێمه که‌وتۆته ناو گه‌مه‌ی موناسه‌ره‌ی به‌ری خۆیه‌وه و زۆرێکیشمان ده‌رک به هه‌ستیاریی و خه‌ته‌رناکیی ئه‌و درزه ناکه‌ین که که‌وتۆته جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی.
ئیتر ئه‌م هۆکاریان بێت یان ئه‌ویان، له مه‌یدانی سیاسه‌تیشدا موته‌ئه‌سیفانه ئه‌م گرایشه به خه‌ستیی ئاماده‌یه. زۆرێک لێکدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ئه‌وه کرد که بۆچی شۆروشه‌وقی که‌مپینی هه‌ڵبژاردن له هه‌ولێر که‌متر بوو وه‌ک له سلێمانیی، به‌ڵام که‌سێک نه‌چوو به‌لای ئه‌وه‌دا که ڕه‌نگه خه‌سڵه‌تی ئهمبهریی هێزی مۆبیلیزهکهر بێت که نه‌یتوانی حه‌ماسه‌تی خه‌ڵکی ئه‌وبه‌ر بجوڵێنێت. به‌سه‌یرکردنی هاوکێشه سیاسییه‌کان له گۆشه‌یه‌وه که‌سێک له ئه‌هه‌مییه‌تی ئه‌وه ئاگادار ده‌بێت که به ئاسانیی مۆری هێزی شۆڕشگێڕ و ڕزگارکه‌ر له هیزێک نه‌دات که به گوتارێکی ئهمبهرخوازییهوه ده‌بیته ئۆپۆزیسیۆن. ده‌بوایه بۆ ئیمه سیگناڵێکی ماندار بوایه که که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ئۆپۆزیسیۆن به‌رنامه‌ی تایبه‌تیی دروست ده‌کرد بۆ پیاهه‌ڵدان به شارێکی ئهمبهردا. ئۆپۆزیسیۆن وا بێحیسابانه که‌وتبووه گیانی سیاسه‌تی وڵات که ته‌نانه‌ت له‌ناو به‌ری ئهمبهریشدا فه‌زڵی شاری فاڤۆرێتی به‌سه‌ر شاره‌کانی تردا جه‌خت لێ ده‌کرده‌وه وو لایه‌نگرانی ئه‌و گوتاره‌ی له ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵات دهتهکاندهوه. هێرشی زیاده‌ڕۆییانه‌ی مهسخهرهپێکردنی چه‌ند ساڵه‌ی خه‌ڵکی ئه‌مبه‌ر به خه‌ڵکی شار ی هه‌ولێر هه‌ر ده‌چێته هه‌مان سیاقه‌وه. کارکردن له‌سه‌ر درزه کۆنه‌کان گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ی که نووسه‌رێک بێشه‌رمانه شارێکی ته‌جریم ده‌کرد و خه‌ڵکی هه‌وڵێری به ”تاوانبار” ناو ده‌برد، که‌چی له چه‌ند شوێن ووتاره‌که‌ی بۆ بڵاو ده‌کرایه‌وه. له هه‌مووی ئایرۆنیی تر، ووتار هه‌بوو، پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه له فه‌زڵدانی شاریکی وه‌ک سلێمانیی به‌سه‌ر شار و شارۆچکه‌کان و گونده‌کانی تری کوردستاندا، زۆر به‌جیددی باسی له ”غوبن”ی ئه‌و شاره ده‌کرد و وه‌ک قسه‌ی حهقدارانهش لێی وه‌رده‌گیردرا. ئه‌مه زۆر به ساده‌یی چونکه گوتاری ئۆپۆزیسیۆن که ڕه‌واجێکی زۆری هه‌بوو، بیبه‌ریی نه‌بوو له گوتاری شارچێتیی و ئهمبهرچێتیی. ڕوونتر بیڵێم، زۆرێک له ئێمه هیچێک حیسابمان بۆ ئه‌و ڕاستییه خه‌ته‌رناکه نه‌کرد که هه‌ندێک له بزوێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ساڵانێک کاری جیددیان بۆ دژایه‌تیی به‌ری ئه‌وبه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردیی کردووه و ئه‌مجاره‌ش به تاکتیکی دژایه‌تییکردنی گه‌نده‌ڵکاران و واده‌ی پۆپۆلیستیانه‌ی چاره‌سه‌کردنی هه‌موو کێشه‌کان، کاریان له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی هه‌مان گوتار بۆ ناو کایه‌ی سیاسیی ده‌کرد.