
هه‌وڵدانێكی تر بۆ گرتنی مه‌وداكان
به‌یانیان كه خۆر هه‌ڵدێ,
مه‌ودا دوای خۆی جێ دێڵێ
ئێواران,
كه ئاوا ده‌بێت,
مه‌ودا ده‌بێته رهشاتیهكی تۆخ,
كه سهفهردهكهم,
په‌له‌مه بگه‌مه جێ,
كه ده‌گه‌مه جێ,
مهوداێكی تر,
پێش من له‌وێنده‌ره.
هه‌ندێك سات,
له‌چاوتروكانێكدا,
له‌كه‌نه‌داوه,
كه‌سه‌یری لای رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌م,
مه‌وداكان وه‌ك,
پاساریه‌كی له فڕین ماندووبوو,
دهكهونهخوارهوه,
به‌ئاسانی بۆم ده‌گیرێن,
لهچاوتروكانێك,
ده‌چمه‌وه یاده‌وه‌ریه‌كانم,
كهدهگهڕێمهوه ناو ژیان.
به‌هه‌مان خێرایی,
مه‌ودایه‌كی سارد,
خه‌مناك,
وه‌ك داره‌مه‌یتی بن دیواری مزگه‌وتێك,
چاوه‌ڕوانمه,
له‌گه‌ڵ ساته‌كانی ته‌واوبوونی خۆشه‌ویستیدا
مه‌ودا گه‌مارۆت ده‌ده‌ن.
زۆرجار مه‌ودای گیانی ده‌بێته فیزیكی,
قیت ده‌بێته‌وه,
ده‌بێته كۆسپ له‌به‌رده‌م,
به‌ئۆرگانیزم گه‌یشتن,
له گه‌ڵ ژنه‌كه‌م.
مه‌وداكان,
هه‌میشه له‌به‌رده‌ما,
ئهژدیهان,
چاوم تێ ده‌بڕن,
شه‌ڕم پێ ده‌فرۆشن,
دوای شه‌ڕێكی سه‌خت,
و مردنی,
یان ماندوو بوونی هه‌ندێك له وشه‌كانم
دیسان,
به‌نائومێدی له‌به‌ر ده‌م,
مه‌ودایه‌كی دوورتر ده‌وه‌ستمه‌وه..
مه‌وداكان,
ماندویان كردوم
دوای هه‌موو دروست بوونه‌وه‌یه‌ك,
به خۆم ومۆمێكهوه,
له شه‌وێكی ره‌ش دێمه دهوهوره,
هزرم له‌سه‌ر ره‌وره‌وه‌ی خێرایی,
خه‌یاڵم,
به‌سواری شیعرێكی تۆخ,
وه‌كو تاژی,
به‌دوای ئاسكی مه‌وداكان راده‌كه‌ن.
مه‌وداكان,
زۆر جار كات و شوێنش,
گه‌مارۆم ده‌ده‌ن..
هه‌رمن نا,
باڵنده‌كان,
مه‌ودا له ئاسمان دروست ده‌كه‌ن,
سروشتیش,
ده‌یه‌وێت به‌هاران مه‌ودای نێوان,
به‌ردێك و به‌ردێكی تر,
دره‌ختێك ودرهختێكی تر
هه‌تا نێوان بسته خاكێك وخاكێك,
به‌سه‌وزایی پڕكاته‌وه.
دوای هه‌ربۆخۆی
پایزبهردهداته گیانی,
مه‌ودایه‌كی نا‌ئومێد دروست ده‌كات.
له‌وه‌ته‌ی ده‌نووسم,
هه‌وڵی نزیك خستنه‌وه‌ی مه‌وداكان ده‌ده‌م.
زۆرجار له‌كاتی نووسیندا,
له‌ناو وشه‌كانم نقوم ده‌بن,
كه‌مێك دوای ته‌وابوونی نووسین,
وه‌ك گه‌ڵای رژاوی سه‌ر ئاو,
له نێوانی ئه‌و شه‌پۆلانه‌ی وشه‌كانم دروستی ده‌كه‌ن,
ده‌رده‌كه‌ونه‌وه,
لهوشهكانم راده‌كه‌ن.
له‌وه‌ته‌ی هه‌م,
له شه‌ڕی گه‌ڵ مه‌وداكانم,
برواناكه‌م,
له‌و شه‌ڕه‌دا بیبه‌مه‌وه..