پارته سیاسیه‌کان و گرفتی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی کورد…. ئه‌حمه‌د عه‌زیزی
ئامانجی گشتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی کورد گه‌یشتن به ده‌سه‌لاتی سیاسییه. گرفتێکی سه‌ره‌کی که ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌یه‌تی نه‌بوونی تاریفێکی روون سه‌باره‌ت به فورم و چونیه‌تی گه‌یشتن به‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه. ئه‌م ناروونیه له ستراتیژی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له نێو بزوتنه‌وه‌که‌دا، هه‌م له نێو به‌رنامه‌ی سیاسی پارته سیاسیه‌کان، هه‌م له چوارچێوه‌ی هه‌ر کام له به‌شه‌کانی کوردستان و هه‌م له ئاستی گشتی نه‌ته‌وه‌یی کورد دا به ئاشکرا ده‌بیندرێ. له پرۆگرامی هیزه سیاسیه‌کاندا باس له ئامانجی ستراتیژی کراوه به‌لام هیچ یه‌ک له‌و پرۆگرامانه به شێوه‌یه‌کی شه‌فاف ده‌لاله‌ت له‌و ره‌وته له ناسیونالیسمی کورد ناکا که ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌لاتێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یخوازێ. له هیچ یه‌ک له به‌شه‌کانی کوردستانیشدا پلاتفورمێکی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆ نییه که پارته‌سیاسیه‌کان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی به‌شدار له بزوتنه‌وه‌که له‌و به‌شه‌دا له خۆ بگرێ. که باس له پرۆژه‌ی ناسیونالیستی له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو کوردیش ده‌کرێ، گرفته‌که هێنده‌ی دیکه به‌رچاوه. به چاوخشاندنێک به ره‌وتی سیاسی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دا ئه‌م راستیه‌مان باشتر بۆ ده‌رده‌که‌وه‌ێ. ئه‌زموونی باشوری کوردستان له چه‌ند ساڵی رابردوودا وێنایه‌ک له‌م راستیه‌ی که سیاسه‌تی کورد خاوه‌نی ستراتیژیه‌کی روون و یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی نییه ده‌خاته به‌رچاو. نه‌بوونی گوتارێکی روونی نه‌ته‌وه‌یی و پلاتفورمێکی یه‌کگرتووی سیاسی له نێوان هێزه سیاسیه‌کانی باشوری کوردستان له ساڵانی رابردودا بووه هۆکاری ئه‌وه که زۆر ئیمکان و ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ کورد، به تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی لابردنی رژیمی سه‌دام دا، له ده‌ست بچێ. کورد له‌و سالانه‌دا به هۆی کێشه‌ی نێوان پارته‌کان و نا هاوده‌نگی سیاسی تووشی شه‌ری نیوخۆیی بوو که به‌مه‌ش خه‌ساره‌تێکی زۆر له پارسه‌نگی کورد له کێشه‌ی ده‌سه‌ڵات دا که‌وت. له پاش شه‌ری نێوخۆییش ئه‌وه زۆرتر روداوه‌کان و هه‌ڵویستی رۆژانه بوون که ره‌وتی سیاسه‌تی کورد له باشووریان دیاریکردوه نه‌ک پرۆگرام له سه‌ر بنه‌مای خواستی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و سیستمه فیدڕالیهش که به سه‌ر کورد دا داسه‌پا هه‌تا ئێستا زۆر لایه‌نی لاوازی بۆ کورد ده‌رکه‌وتووه. ئه‌و کێشه‌یه‌ی ئێستا له نێوان ده‌سه‌ڵات له هه‌ولێر و له به‌غدا له ئارادایه وێنای نا سه‌رکه‌وتوویی ئه‌و سیستمه فیدڕالیه به نمایش داده‌نێ. ئاسه‌واری نه‌رێنی نه‌بوونی ستراتیژیه‌کی یه‌گرتووی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نیا له پێوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غد دا نابیندرێ به‌لکوو له پێوه‌ندی نێوان خه‌لک و ده‌سه‌لات له نێوخۆی کوردستانیش دا کاردانه‌وه‌ی هه‌یه. ناهاودهنگی ره‌وتی سیاسی و ناسیونالیستی، بنیاتنانی سیستمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئابوری، ره‌وتی سه‌قه‌تی دیمۆکراتیزه‌کردن و بایی نه‌دان به دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی له باشوری کوردستان ریشه‌ی له‌وه‌دایه که بریاری سیاسی کورد له ده‌ره‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌کی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی و به بێ موشاره‌که‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌لک هیدایه‌ت ده‌کرێ. پرۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد له باشوور پرۆژه‌یه‌که که له بانه‌وه له لایه‌ن بژارده‌ی پارته سیاسیه‌کانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بریاری له سه‌ر ده‌درێ نه‌ک پرۆژه‌یه‌ک که بنه‌ماکه‌ی له سه‌ر خواست و به‌شداری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دامه‌زرێ. که روو له باکوری کوردستان ده‌که‌ین ده‌بینین بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان به شێوه‌ی حزووری فیزیکی چالاکانه له مه‌یدان دایه. روژانه خه‌ڵک ده‌رژێنه سه‌رشه‌قامه‌کان و له دژی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له ئانکارا ناره‌زایه‌تی خۆیان ده‌رده‌برن. مێدیای کوردیش چالاکانه له ئارادایه و بزوتنه‌وه‌ی شاخیش به‌رده‌وامه. به‌ڵام گوتاری سیاسی سه‌ره‌کی ئه‌م بزوتنه‌وه چییه و چ ستراتیژیه‌کی گرتۆته به‌ر، حاڵه‌تێکی ئابستراکی هه‌یه. ئه‌و هێزه جه‌ماوه‌ریه‌ی که رۆژانه بۆ ناره‌زایی دههربرین ده‌که‌ونه سه‌ر شه‌قامه‌کان خاوه‌ن هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یین، به‌لام خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌کی کۆنکرێتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی نیین. خه‌ڵکی کورد ده‌زانێ که ده‌بێ له‌دژی ده‌سه‌لاتی دژ به کورد رابێ به‌لام به ته‌واوی نازانێ چی ده‌خوازێ. ته‌نیا دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات له ئه‌نکارا، به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی کوردایه‌تی، داوای ئازادی رێبه‌ری به دیلگیراو و ته‌نانه‌ت شه‌ری گریلاش ده‌لاله‌ت له بوونی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی ناکه‌ن. بۆ گه‌لێکی خاوه‌ن 15 هه‌تا 20 میلیون حه‌شیمه‌ت و خاوه‌ن خواستێکی ره‌وای نه‌ته‌وه‌یی ئه‌گه‌ر له رووی سیاسه‌تێکی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی و پلاتفورمێکی روونی سیاسی یه‌وه به‌ریوه بچێ، ده‌توانێ زۆر ده‌سکه‌وتی له‌وه زیاتر به ده‌ست بهێنی که هه‌تا ئێستا به ده‌ستی هێناوه. له‌م وڵاته‌دا سه‌ره‌ای زاڵبوونی بیری شۆڤینیستانه‌ی ده‌وڵه‌تی حاکم ئیمکانی خۆ پیشاندانی ناره‌زایه‌تی و ده‌نگهه‌ڵبرین هه‌یه. ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی تورک ئاماده نییه هێچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی بۆ کورد قایل بێ، هه‌ڵوێستێکی کوتوپڕ و نا ئاسایی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که کورد هه‌ر رۆژه‌ی دروشمێکی هه‌یه و نه‌زانێ چی ده‌وێ نا ئاساییه. به واتایه‌کی دیکه ده‌وڵه‌تی تورک ستراتیژی بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌یه به‌لام کورد ستراتیژی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی خۆی نییه. سیاسه‌تی پارته‌سیاسیه‌کانی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان دا نه له ئاست پرسی نه‌ته‌وه‌یی له گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه دا هاوده‌نگی و دیالۆگی هه‌یه، نه له ئاست ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دا خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌کی یه‌کگرتووه و نه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا سیاسه‌تێکی هوشمهندانه و درێژخایه‌نی هه‌یه. ئه‌م که‌مایه‌سیه چاره‌نوسی کوردی له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا خستۆته به‌رده‌م داهاتویه‌کی نادیار. له په‌یوه‌ند له گه‌ڵ کێشه‌ی کورد له رۆژئاوای کوردستان له وڵاتی سوریه دا، ده‌بینین که ره‌وتی مافخوازی نه‌ته‌وه‌یی کورد له لایه‌ن پارته سیاسیه‌کانی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانه‌وه، له‌م سالانه‌ی دواییدا ره‌وتێکی به‌رچاوتری به خۆوه گرتووه. به‌ڵام ئه‌م ره‌وته له چ قۆناخێک دایه و به‌ره‌و کوێ ده‌روا و چ کارێگه‌ریه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ته‌عقیب ده‌کا، که‌متر بۆته پرسی گشتی کۆمه‌ڵگای سیاسی له‌م به‌شه‌ی کوردستان دا. له راستیدا بارودوخی سیاسی کورد له رۆژئاوای کوردستان کارتێکه‌ری له رووداوه‌کان له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، به تایبه‌ت له باشوری کوردستانه‌وه وه‌رده‌گرێ. سیاسه‌تی کورد له رۆژئاوای کوردستان هه‌تا ئێستا پرسێکی جیدی بۆ ده‌سه‌ڵات له‌و ولاته‌دا دروست نه‌کردوه. که ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ره‌نگبێ هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س بێ که سیمای ئه‌و قه‌یرانه‌ی که له‌م دواییانه‌دا به‌رۆکی حیزبه سیاسیه‌کانی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانی گرتووه بێنینه به‌رچاو بو ئه‌وه‌ی لاوازی بزووتنه‌وه‌ی کورد و ناهاودهنگی پارته سیاسیه‌کان له سه‌رکردایه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه دا ببینین. ریشه‌ی قه‌یران له نێو ئه‌م حیزبانه له پله‌ی یه‌که‌م دا ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نه‌بوونی گوتاری سیاسی _نه‌ته‌وه‌یی و ساختاری نه‌گونجاو له گه‌ل دۆزی سیاسی سه‌رده‌م. هه‌ل و مه‌رجی سیاسی بۆ کورد گۆراوه، به‌لام روانگه‌ی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی پارته سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵات گۆرانی جیددی به سه‌ردا نه‌هاتووه. ئه‌م حیزبانه تاڕاده‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک دابراون و کارتێکه‌ریان له سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کان له نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا زۆر لاواز بووه. ئه‌م که‌مایه‌سیه وای کردوه که بۆشایه‌کی گه‌وره بکه‌وێته نێوان ئه‌م پارتانه و خه‌ڵک، به تایبه‌ت جیلی گه‌نج و چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی خۆرسک له نیوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا. گرفتی سه‌ره‌کی له‌وه‌دایه که ئه‌م پارتانه وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵک خۆ پێناسه ده‌که‌ن له کاتێکدا له خه‌ڵک دابڕاون و کارتێکه‌ریان له سه‌ر ره‌وتی روداوه سیاسیه‌کان زۆر لاوازه. بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان دا، له نه‌بوونی یهکگرتوویهکی نه‌ته‌وه‌یی و دیسکورسی سیاسی ئه‌تۆ که بتوانێ هیدایه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌کانی چالاکی نێو بزوتنه‌وه‌که له‌م به‌شه‌ی کوردستان دا بکا، ره‌نج ده‌با. له باتی ئه‌وه‌ی ئه‌م پارتانه هه‌وڵ بده‌ن خاوه‌ن گوتاری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو بن و له باسه فکری و سیاسیه‌کانی نێوخۆی کوردستان و ئێران دا چالاکانه به‌شدار بن، خۆیان داوه‌ته به‌ر قه‌زا و قه‌ده‌ری روداوه‌کانی داهاتوو له ناوه‌ندی ئه‌م وڵاته و له ناوچه‌که‌دا. لایه‌نێکی لاوازی پارته سیاسیه‌کان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئالۆزی فکری و دژواری تێگه‌یشتن و خۆ گونجاندن له ته‌ک ئه‌م دۆزه نوێیه دا. بۆ وێنه، به‌شێک له‌م حیزبانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیری نه‌ته‌وه‌یی له خۆیان دا به‌هێز بکه‌ن له کاتێک دا به‌شێکی دیکه زێده‌تر هیوایان به چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تاران هه‌یه و لافی گه‌رم بوونی دۆستایه‌تی له ته‌ک هیزه سه‌راسه‌ریه‌کان و نه‌ته‌وه‌ی بانده‌ست دا لێ ده‌ده‌ن. ئه‌م پارادوکسه لایه‌نی لاوازی دیسکورسی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی گشتی کورده له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا. ئه‌و وه‌زعه فکریه‌ی به سه‌ر حیزبه سیاسیه‌کانی ئیمه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا زاڵه ئه‌گه‌ر به ده‌وره‌ی کۆتایی رۆڵی ئه‌م چه‌شنه حیزبانه و ئه‌م شێوه حیزبایه‌تییه دانه‌ندرێ، ده‌کرێ به ده‌وریه‌کی قووڵ و تاراده‌یه‌ک درێژخایه‌ن له پاسیڤبوونی ئه‌م حیزبانه بژمیردرێ. پرسیار ئه‌مه‌یه که داخوا ئه‌م حیزبانه ده‌توانن سه‌رکه‌وتوانه رێگای تێپه‌ربوون له‌م ده‌وره دا بپێون و وه‌ک حیزبی سه‌رده‌م متمانه‌ی به‌ربڵاوی خه‌ڵکیان له پشت بێ و کارتێکه‌ریان له سه‌ر ره‌وتی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا هه‌بێ؟ به‌ر له هه‌ر شتێک ئه‌م حیزبانه پێویسته خۆیان له سه‌ر ئه‌وه ساخبکه‌نه‌وه که ره‌وتی ناسیونالیستی کورد به‌ره‌و کۆێ هیدایه‌ت ده‌که‌ن. پرسیارلهم حیزبانه ئه‌وه‌یه که ئایا کورد ده‌بێ خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بێ بۆ ده‌سه‌ڵات له کوردستان به بێ خۆبه‌ستنه‌وه به ناوه‌ند؟ یان ئه‌وه‌تا ئه‌وان چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ناوه‌ند و له پێکهێنانی ناسیونالیسمێکی مه‌ده‌نی له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه دا، که نه‌ته‌وه‌ی بانده‌ست بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کا، ده‌بینن؟ به‌م جۆره هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا نه‌بوونی ستراتیژیه‌کی یه‌کگرتوو له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و به گشتی نه‌بوونی پرۆژه‌ی ناسیونالیزمی کورد دێلهمایهکی پێکهێناوه که نه ته‌نیا ئێمه بۆ خۆمان وه‌ک کورد لێی تێناگه‌ین، به‌لکو پرسێکه که بۆ دنیای ده‌ره‌وه، به تایبه‌ت دۆستانی کوردیش سهرگیژهی دروست کردووه. کورد وه‌ک مه‌زنترین نه‌ته‌وه‌ی ستهملیکراوی بی ده‌وڵه‌ت که خاوه‌ن حه‌شیمه‌تێکی 35 _40 میلیونییه، خاوه‌ن داوایه‌کی ره‌وای نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤانه‌یه، له ناوچه‌یه‌کی جێگای سرنج له رۆژهه‌ڵاتی نیوه‌راست و لکاو به ئوروپاوه ده‌ژی و خه‌باتێکی زێده‌تر له سه‌د ساڵی به‌ڕێوه بردوه، که‌چی هه‌تا ئێستاش تاقه یه‌ک بنیاتی یه‌کگرتووی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، ستراتیژیکی له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی نه له نێوخۆ و نه له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان دا نییه. بنیاتێک که زمانحاڵ و ده‌لاله‌ت له خواستی هه‌موو کورد بکا. به سه‌دان هه‌زار کوردی تاراوگه له ئوروپا و ئه‌مریکا هه‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه لۆبیه‌کی کورد له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی دا بۆ خۆیان پێک بهێنن. کاتێک باسی هه‌ره‌شه و هێرشی لایه‌نێکی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر کوردستان وه‌ک ئه‌و هێرشانه‌ی دوایی تورکیه بۆ سه‌ر باشوری کوردستان، دێته ئاراوه، هیچ سیاسه‌تیکی یه‌کگرتوی نه‌ته‌وه‌یی نییه که ده‌لاله‌ت له رۆڵی گشتی کورد بکا. له کات و ساتێکی وا دا که پێویستی به سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو کورد هه‌یه، رۆڵی کورد پاسیڤه. ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له سیاسه‌تی کوردی‌دا به‌های زۆر که‌می بۆ داندراوه به‌کار بردنی توانایه‌کانی ئه‌م گه‌له چه‌ندین دهمیلیونی یه. ئه‌م دیارده‌یه له تایبه‌تمه‌ندیه‌کان و لایه‌نی هه‌ره لاوازی ناسیونالیسم و بزوتنه‌وه‌ی کورد به رێبه‌ری حیزبه سیاسیه‌کانی کورده! ئه‌مه له هه‌ره هۆکاره‌کانی تراژدی بێ چاره‌سه‌ر مانه‌وه‌ی کێشه‌ی کورده.پرسیار، بۆ وایه؟ له‌وه‌دا گومان نییه که پارته سیاسیه‌کانی کورد ئاکته‌ری سه‌ره‌کی به‌رێوه‌به‌ری سیاسه‌تی کورد بوون و ئێستاش هه‌ن. ئه‌مه‌ش شتێکی نا ئاسایی له کاری سیاسی دا نییه. گرفت له بوونی ئه‌م پارتانه‌دا نییه، به‌لکو گرفت له چونیه‌تی رۆڵ و تێگه‌یشتنی ئه‌وان له ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌لاتی سیاسی خه‌ڵکه. ئه‌م پارتانه پێکهاته‌ی ده‌ورانی شه‌ری ساردن. ستراتیژی سیاسی ئه‌م پارتانه له‌م ده‌ورانه‌دا کارتێکه‌ری له دیسکورسی سیاسی و ئایدۆلۆژی زاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه وه‌رگرتووه. بزوتنه‌وه‌ی کورد به هاوده‌نگی له گه‌ل بزوتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری و پشتگیری له لایه‌نێک له‌و به‌ربه‌ره‌کانیه که له دنیای دوو جه‌مسه‌ری و ناوچه‌یی له ئارادا بووه، هیدایه‌ت ده‌کرا. ئایدۆلۆژی و سیاسه‌تی سه‌راسه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی له "دنیای سێهه‌م" به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌م ده‌وره‌یه‌دا رووی له به‌هێزکردنی ناسیونالیسمی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان بوو. ئه‌م بزوتنه‌وه رۆڵی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه، به تایبه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک کورد له رۆژهه‌لاتی نێوه‌راست دا، نه‌بوو. چونکه ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م بزوتنه‌وه رزگاریخوازیه که له‌لایه‌ن به‌ره‌ی سوسیالیزم و له رێگای نه‌ته‌وه ده‌سه‌لاتداره‌کانه‌وه هیدایه‌ت ده‌کرا، له چوارچێوه‌ی ئالوگۆر له رژیمه‌کانی ناوه‌ند له پێناو گۆرینی حکومه‌ته‌کانی ناوه‌ندی له نێو ده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆکان له پێناو گۆرینی پارسه‌نگ له نێوان دوو بلوکی به‌رانبه‌ر له شه‌ری سارد له‌م ده‌وریه دا تێنهدهپهری. پشتیگیری له بزوتنه‌وه‌ی که‌مایه‌تیه‌کان و نه‌ته‌وه بنددهستهکان له ولاتانی فره ئه‌تنیکی و فره نه‌ته‌وه‌دا تا ئه‌و راده‌یه ره‌وا بوو که سنوری ده‌وله‌ت_نه‌ته‌وه‌کانی مه‌وجوود و سه‌روه‌ری (Sovereignty) حاکمیه‌تی ناوه‌ند نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌م به‌رته‌سکیه رێگای گه‌شه سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان بۆ دابینکردنی ده‌سه‌لاتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی به‌ر به‌ست ده‌کرد. نه ئه‌و چه‌شنه دیمۆکراسی یه لیبڕاڵه‌ی له‌م ده‌وریه له هێندێک له ولاتان دا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرا و نه کۆنسیپتی چه‌پ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی که‌مه نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ست له وڵاتانی فره نه‌ته‌وه‌دا هیچیان هه‌ڵگری گوتاری رێگا چاره‌ی پرسی نه‌ته‌وه‌یی، لانیکه‌م له که‌یسی کورد دا به شێوه‌یه‌کی ریشه‌یی نه‌بوون. ئامانجی گشتی ره‌وتی ئاڵوگۆری سیاسی له جیهان، نه له لایه‌ن به‌ره‌ی رۆژئاوا و نه له لایه‌ن به‌ره‌ی سوسیالیزمه‌وه، چاره‌سه‌ری نادادپه‌روه‌رانه‌ی به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و چاره‌سه‌ری سته‌می نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو. به‌لکو ئامانجی گشتی ئه‌م ره‌وته له‌م پرۆسه‌یه‌دا داشکانی پارسه‌نگ له بالانسی ده‌سه‌ڵات له پێوه‌ند له گه‌ڵ ده‌سه‌لاتی ناوه‌ندی له وڵاتانی له حاڵی گۆران دا بوو. زۆر له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌کانی بێ ده‌وڵه‌ت، وه‌ک کورد ناچار بوون خه‌باتی خۆیان له‌م بازنه‌یه‌دا به‌رنه پێش. هه‌ربۆیه دیسکۆرسی سیاسی و ساختاری ریکخراوهیی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورد له سه‌ر بنه‌مای لێکدانه‌وه‌ی رۆشنبیری کورد بۆ خۆی نه‌بوو، به‌لکو خۆ گونجاندن بوو له گه‌ل بار‌و دوخی ئه‌و سه‌رده‌مه. دروشمی سه‌ره‌کی بۆ کورد لابردنی دیکتاتۆره‌کان و کردنه‌وه‌ی که‌شێکی دیموکراسی له وڵات و ئیداره‌یه‌کی لۆکا‌ڵی بۆ کورد بوو. روانگه‌ی بژارده‌ی حیزبی و سیاسی کورد ده‌بوایه په‌یره‌وی له‌و دیسکورسانه بکه‌ن که له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه به سه‌ر رۆشنبیری سیاسی کورد له‌و پرۆسه‌یه‌دا دادهسهپان. هه‌ربویه ئه‌م بژارده حیزبیه به تایبه‌ت له راده‌ی رێبه‌ری دا نه‌یده‌توانێ پێگه‌یه‌کی سیاسی بۆ خۆی هه‌بێ و حیزبه‌که‌ی وه‌ک پێشره‌و پێشکه‌وتنخواز بناسێنێ و هاوکاتیش خوازیاری چاره‌سه‌ریه‌کی ئه‌وتۆ بێ بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد که سنووری گوتاری زاڵی نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری ئه‌م ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وانه تێپه‌ر بکا. به هه‌ڵکه‌وت نییه که له رابردوودا، تا راده‌یه‌ک ئێستاشی له گه‌ڵ بێ، ووشه‌ی جیابوونه به ووشه‌یه‌کی نیگاتیڤ ده‌نرخێندرێ. هه‌ر بۆیه ئه‌م بژارده حیزبیه نه‌یده‌توانی پیی خۆی له‌و سنوره درێژتر بکا، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ی بکردایه حیزبه‌که‌ی هه‌ڵگری پێناسه‌ی پێشرهوبوونی به نسیب نه‌ده‌بوو. پیناسه‌ی بیرۆکه‌ی خۆدموختاریخوازی و ته‌نانه‌ت فیدڕاڵیخوازی ئه‌م سالانه‌ی دواییش، وه‌ک رێگا چاره‌یه‌کی نێوخۆیی له چوارچێوه‌ی سنووری جۆگرافیایی ده‌وله‌ت_نه‌ته‌وه‌کانی مه‌وجودا ریشه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌م تێگه‌یشتنه فکریه و ئه‌و کلتوره سیاسیه داسه‌پاوه‌ی ئه‌و ده‌ورانه. له راستیدا گوتاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی زۆربه‌ی بزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان به ناوی بزوتنه‌وه‌ی دیموکرتیک ناو زهد ده‌کران هه‌تا رزگاریخواز. ئه‌م بزوتنه‌وانه له وڵاتانی فره نه‌ته‌وه دا، له پله یه‌که‌م دا روویان له لابردنی سیستمی دیکتاتۆری له ناوه‌ند بوو نه‌ک رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رله نوێ دیاریکردنه‌وه‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاته‌کان. ئالوگۆر له بارودوخی سیاسی، هه‌م له ئاستی جیهانی و هه‌م له ئاستی ناوچه‌یی له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو به دواوه، رێگای بۆ زۆر له نه‌ته‌وه‌کانی له حاڵی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌ک له‌وان نه‌ته‌وه‌ی کورد ئاوهله کرد. ئه‌م ده‌وریه نۆییه ئه‌و مه‌جاله‌ی بۆ کورد ره‌خساند که پارته سیاسیه‌کانی کورد به خۆدا بچنه‌وه و خۆ له دیسکورسی زاڵی ده‌وره‌ی رابردوو ده‌رباز بکه‌ن. ئه‌و مه‌جاله بۆ کورد هاته پیش که کورد بۆ خۆی خاوه‌ن خۆێندنه‌وه و گوتاری سیاسی خۆی نیسبه‌ت به پرسی نه‌ته‌وه‌یی بێ و له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ستراتیژیه‌کی نوێی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ خۆی دارێژێته‌وه. ئه‌و سهنارێویهی هه‌نووکه له بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد دا ده‌یبینین ده‌ریده‌خا که کورد که‌ڵکی له‌م ده‌وره نوێیه به پێی پێویست وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌مه‌ش له پله‌ی یه‌که‌م دا ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه که پارته سیاسیه‌کانی کورد هه‌ر له نیو ئه‌و بازنه فکریه‌دا قه‌تیس ماون و به‌رده‌وام خۆ به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه که تێیدا سه‌ریان هه‌ڵدا. ئه‌گه‌ر رۆڵی پارته سیاسیه‌کانی کورد له سه‌رده‌می شه‌ڕی ساردا له چوار چێوه‌ی به‌ره‌ی رزگاریخوازی بۆ لابردنی دیکتاتۆری و گه‌یشتن به ئوتۆنۆمی لۆکالیدا پێناسه ده‌کرا ئه‌مرۆ رۆڵی گرینگی ئه‌م پارتانه پێناسه کردنهنهوهی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه که ناسیونالیسمی کورد هه‌وڵی بۆ ده‌دا. که‌چی ئه‌م پارتانه که روایه‌ت له سه‌رکرایه‌تی کردنی سیاسه‌تی کورد ده‌که‌ن هه‌تا ئێستاش ئه‌م رۆڵه‌یان نه‌گێراوه. ئه‌م پارتانه نه بۆ خۆیان ئه‌و پێداچونه‌وه و سه‌ر له نوێ خۆێندنه‌وه‌یان له گۆتاری سیاسی به جیگهیاندوه و نه کۆمه‌ڵگای کورد و رێکخراوه نا حیزبی یه‌کانیش توانای کارتێکه‌ری به‌رچاویان له سه‌ر ره‌وتی بزوتنه‌وه‌که هه‌بووه. ئه‌و ئالوگۆرانه‌ی که له پرۆگرام و ساختاری پارته سیاسیه‌کان له‌م سالانه‌ی دواییدا به‌دی هاتوون زۆرتر لایه‌نی رواڵه‌تییان هه‌بووه هه‌تا لایه‌نی بنه‌ره‌تی و فکری. بژارده‌ی سیاسی پارته سیاسیه‌کانی کورد بۆیان دژواره خۆ له‌و شێوه سیاسه‌تکردنه ده‌رباز بکه‌ن که سه‌رچاوه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ند و هیژموونیخوازی نه‌ته‌وه‌ی بالا ده‌سته‌وه وه‌رگیراوه. که باس له ناروونی ستراتیژی کورد ده‌کرێ زۆر له پارته سیاسیه‌کان و ته‌نانه‌ت هێندێک له روناکبیرانی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کانیش ئاماژه به‌و ستراتیژه ده‌که‌ن که پارته سیاسیه‌کانی کورد به تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ناوی فیدڕاڵی له پرۆگرامی خۆیان دا گونجاندویانه. له کاتێکدا هه‌ر ئه‌م دروشمه بۆ خۆی له خۆیدا گرفتی بۆ ستراتیژی کورد پێکهێناوه. له یه‌که‌م نیگا به چۆنییه‌تی باو بوونی ئه‌م فورمه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له نیو کورد له‌م سالانه‌ی دوایی دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌م فورمه بۆ ده‌سه‌لات زۆرتر حاله‌تی چاولیکه‌ری و داسه‌پاوی بۆ کورد هه‌یه هه‌تا له رووی لێکدانه‌وه و له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی کورد بۆ خۆی. به رێکه‌وت نییه که ئاکامی لایه‌نه نه‌رینیه‌کانی ئه‌م سیستمه له باسه‌کانی پارته سیاسیه‌کانی کورد دا که‌متر ئاماژه‌ی پێده‌کرێ. ئه‌زموونی رابردوو ده‌ریده‌خا که له هیچ کام له‌و ولاتانه‌ی که له سیستمی سیاسی خۆیان دا له فورمی فیدراڵی که‌ڵکیان وه‌رگرتوه گرفتی فره نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک ولاتانی عێراق و ئێران و تورکیه‌یان تێدا نه‌بووه که ئه‌م سیستمه توانیبیه‌تی چاره‌سه‌ری بکا. ئه‌م سیستمه نه‌یتوانیوه ته‌نانه‌ت ئالترناتیڤێکی گونجاو بێ بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی پرسی که‌مایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیکی له‌و راده‌ش دا که له به‌شێک له وڵاتانی خاوه‌ن سیستمی فیدڕاڵی له ئارادا بووه. هه‌ر له سیستمی فیدڕاڵی دایه که گرفتی جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی بۆ نمونه له کانادا، سوئیس و بلژیک، که زۆر جار وه‌ک مودێلیکی گونجاو بۆ پرسی کورد سه‌یر ده‌کرێن، به بێ چاره‌سه‌ری ماوه‌ته‌وه. کێشه‌ی کوبێک له کانادا له گه‌ل ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی یان کێشه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی نێوان فه‌رانسه‌یی زمانه‌کان له‌گه‌ڵ هۆله‌ندی زمانه‌کان له وڵاتی بلژیک له سه‌ر دیاریکردنی ده‌سه‌ڵات له برۆکسێل، له پاش هه‌ڵبژاردنی هاوینی 2007 ه‌وه، نمونه‌یه‌کی ئاشکرایه. ئه‌مه له کاتێکدایه که هیج کام له‌م دوو گروپه نه‌ته‌وه‌یه له وڵاتی بلژیک دا باکیان له‌وه نیه که سته‌می نه‌ته‌وه‌یی به سه‌ر یه‌کتردا داسه‌پینن، چونکه هه‌ر کامیان ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی هاو نه‌ته‌وه و هاوزمانی خۆیان له‌و دیوی سنوری ولاته‌که‌یان، واته فه‌رانسه و هۆله‌ند یان له پشته. جگه له‌مه ولاتی بلژیک پێته‌ختی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه و ده‌وله‌تانی ئوروپایه، ولاتیکه که ئه‌زموونی دورو درێژی دیمۆکراسی هه‌یه و دیمۆکراسی تێیدا نهادینه بووه، که‌چی سیستمی فیدڕاڵی هێشتا نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ده‌سه‌لات له نێوان ئه‌م دوو گروپه نه‌ته‌وه‌ییه له‌م وڵاته دا بکا. نمونه‌ی بالکان له ئوروپا هه‌م راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به سیستمی ده‌سه‌ڵاتی فیداڕڵیهوه هه‌یه و هه‌م نمونه‌یه‌کی نوێ و به‌رچاوه. فورمی پێشوی ده‌سه‌ڵات له یوگۆسلاوی یه‌کێک له شێوه به‌رچاو و سه‌رکه‌وتووه‌کانی سیستمی فیدڕاڵی بوو. به‌ڵام ئه‌م سیستمه هه‌رگیز نه‌یتوانی کێشه‌ی ده‌سه‌ڵات به تایبه‌ت به هاتنه ئارای که‌شی ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌کان له پاش تێکچوونی سۆڤیه‌ت له‌م وڵاته دا هاته ئاراوه، به شێوه‌یه‌کی ریشه‌یی چاره‌سه‌ر بکا. له‌وه‌دا گومان نییه که زۆر فاکته‌ری دیکه وه‌ک ده‌خاله‌تی زڵهیزهکان رۆڵیان له ئاڵوگۆره‌کانی بالکان دا گیراوه، به‌ڵام ریشه‌ی کێشه‌ی بالکان له پێکه‌وه نه حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وانه به‌و سیستمه فیداڵیهی پێشوودا بوو. به واتایه‌کی دیکه لێکدابڕانی یوگۆسلاوی و پێکهاتنی چه‌ند ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نوێ، لاوازی سیستمی فیدراڵی له چاره‌سه‌ری ده‌سه‌ڵات له وڵاتانی فره نه‌ته‌وه‌دا نیشان ده‌دا. سه‌ربه‌خۆی کۆسۆڤۆ له‌م رۆژانه‌دا هه‌م نا سه‌رکه‌وتویی ئه‌زموونی پێکه‌وه‌ژیان له گه‌ڵ سه‌ربه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی نادادپه‌روه‌رانه‌ی ئه‌وان له لایه‌ک و هه‌م له لایه‌کی دیکه‌وه رۆڵی چاره‌نوسسازی سوربوونی زۆرینه‌ی ئهلبانیهکانی کۆسۆڤۆ له سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ر ده‌خا. ئه‌م ئه‌زمونه باسی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێ و بۆ که‌یسی کورد یش جێگای تێرامانه. که‌وابوو ده‌کرێ گومانمان له‌وه‌دا هه‌بێ که سیستمی فیدڕاڵی، بهوئهزمونهی هه‌یه‌تی وبه‌و تاریفه‌ی لێی ده‌کرێ بتوانێ فورمێکی گونجاو بێ بۆ کێشه‌ی پڕ له ئالۆزی نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک ئێران و عێراق که هیچ مێژینهیهکیان له کلتوری دیالۆگ و دێموکراسی نییه. به دوور ده‌زاندرێ که مه‌زنخوازی نه‌ته‌وه‌ی باڵا ده‌ست رێگا بدا کێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له ئێران، عێراق و ته‌نانه‌ت تورکیه‌ی خاوه‌ن هێندێک بنه‌مای دیموکراسی له دیاریکردنی ده‌سه‌ڵات دا، له چوارچێوه‌ی فورمی فیدڕاڵی دا چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌زمونی چه‌ند سالی رابردووی باشوری کوردستانیش له‌م باره‌وه نمونه‌یه‌کی به‌رچاوه. سیستمی فیدڕاڵی له عێراق دا سه‌ره‌رای لایه‌نه ئه‌رێنیه‌کانی نه‌یتوانیوه وه‌لامده‌ری خواسته نه‌ته‌وه‌یه‌کانی کورد و ئه‌و ره‌وته له ناسیونالیسمی کورد بێ که ئه‌م نه‌ته‌وه به‌ره‌و ده‌سه‌لات خوازیاریه‌تی. به رێکه‌وت نییه که لێکۆڵه‌ره‌وان و راوێژکارانی سیاسی ولاتانی رۆژئاواش ئێستا به ئاشکرا باس له سه‌ر له نوێ گۆران له سنوره‌کانی رۆژهه‌لاتی نێوه‌راست بۆ نمونه دابه‌شکردنی عێراق ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش ئاسۆی ناسهرکهوتویی کۆنسێپتی فیدراڵی له چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی له عیراق دا ده‌نوێنێ. به پێچه‌وانه‌ی روانگه‌ی زۆر له روناکبیرانی حیزبی و ناحیزبی کورد، لایه‌نێکی نیگاتیڤی سیستمی فیدڕاڵی بۆ کورد به یاسایی کردنی ناوه‌رۆکی ریکه‌وتن له سه‌ر ئه‌م سیستمه‌یه. ئه‌م یاساییکردنه به مانای به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌کانی نێو سیستمه‌که و پابه‌ند بوونیان به چواچێوه‌یه‌کی یاسایی یه. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه که بۆ نمونه کاتێک کورد یاسای سیستمی فیدڕاڵی ئیمزا ده‌کا له راستیدا پابه‌ندیی کورد به مانه‌وه له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکی ده‌سه‌لاتی هه‌رێمی سه‌ر به ناوه‌ند دا مۆر ده‌کا. ئه‌مه‌ش له خۆیدا ده‌توانێ ببێته کۆسپ له سه‌ر رێگای پرۆسه‌ی ناسیونالییزه کردنی ره‌وتی سیاسی کورد بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های نه‌ته‌وه‌یی. من پێم وایه ئه‌وانه‌ی پێیان وایه له سیستمی فیداڵی دا سه‌روه‌ری کورد دابین ده‌بێ له هه‌ڵه‌دان. سه‌روه‌ری سیاسی ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه‌کانی پیشوو له ولاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌ی زاڵ به سه‌ر کوردستان دا، له سیستمی فیدراڵی دوای دیکتاتۆری دا، خۆی له شکلێکی نویتر دا به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. به‌و مانایه که ده‌سه‌لاتی نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن هێژمونی هه‌ر قسه‌ی یه‌که‌می ده‌بێ و پێناسی سه‌ره‌وه‌ری هه‌ر له ناوه‌ند و له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نوینه‌ری ده‌کری. کورد له سیستمی فیدڕاڵی‌دا به‌و تاریفه‌ی لێی ده‌کرێ و ئه‌و ئه‌زمونه‌ی هه‌تا ئێستا نیشانی داوه، ناتوانێ خاوه‌ن ستاتۆی سه‌روه‌ری له سیمای ده‌سه‌لاتێکی نه‌ته‌وه‌ییدا بێ. ئه‌و کۆسپانه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵات له به‌غدا بۆ حکومه‌تی کورد له باشوری کوردستانی داده‌نێ ئاکامی پارادوکساڵ بوونی ئه‌و چوارچێوه یاساییه‌یه که سیستمی فیدڕاڵی هێناویه‌ته ئاراوه. ئه‌م سیستمه یاسایه له لایه‌ک گاره‌نتی داشکانی ده‌سه‌ڵاتی سهنتهرگهرای پێشوو (دیسانترالیزه کردن) و به‌شداری کورد له سیستمه‌که‌دا ده‌کا، له هه‌مانکاتدا له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ر ئه‌و گهرانتیه بۆ خۆی کۆسپی یاسایی له به‌رانبه‌ر ره‌وتی روو له گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی داناوه. جه‌وهه‌ری ستراتیژی سیاسی له پرۆگرامی پارته سیاسیه‌کان دا هه‌تا ئیستا ئه‌وه بووه که پرسی کورد پاشکۆی سه‌قامگیربوونی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ندی بێ. له رێگای پاراستنی ئه‌م ده‌سه‌لاته ناوه‌ندیه‌وه ئاوڕ له داخوازیه‌کانی کورد له کوردستان بدرێته‌وه. کورد هیوای به‌وه به‌ستوه که له رێگای رازیکردنی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران و مافی ڤیتۆ له ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌کان له سیستمی فیدڕاڵی‌دا خواستی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بچه‌سپێنێ. ئه‌گه‌ر بۆ ئێمه‌ی کورد پێکه‌وه‌بوونی یه‌کجاره‌کی و درێژخایه‌ن له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی بالا ده‌سه‌ت مومکن نییه، واباشتره ئێمه هه‌ر له ئیستاوه بنه‌مای ستراتیژی سیاسی خۆمان له سهربنیاتنانی ده‌سه‌لاتی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان دابنێین هه‌تا ئه‌وه‌ی پرسی کورد به قه‌زاو قه‌ده‌ری به‌غدا، تاران یان ئه‌نکارا بسپێرین. رێگای پێکهێنانی سیستمی فیدڕاڵی دڵخوازی نه‌ته‌وه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست دا له کانالی سه‌قامگرتوویی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی ئه‌م نه‌ته‌وانه‌وه راده‌برێ نه‌ک له سه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی نابه‌رابه‌ر و پڕ له کێشه‌ی ریشه‌داری ده‌ورانی دیکتاتۆریه‌وه. هه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له‌م سالانه‌ی دوایی له ئوروپا له وڵاتانی فره نه‌ته‌وه له ئوروپای رۆژهه‌ڵات، به تایبه‌ت له بالکان رووی دا. له پێشدا سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجا یه‌کگرتنی ئاره‌زومه‌ندانه له نێو یه‌کیه‌تی ئوروپا دا. یه‌کیه‌تی واقعی و ئاره‌زومه‌ندانه له رێگای کورسی ده‌سه‌ڵاتی به‌رابه‌ره‌وه له پرۆسیه‌کی درێژخایه‌ن دا بینا ده‌کرێ نه‌ک له نێو جه‌رگه‌ی کێشه‌ی قووڵ و له‌مێژینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نابه‌رابه‌ره‌وه. له سیستمی فیدراڵی جؤری دوهه‌م دا نه‌ته‌وه که‌م ده‌سه‌ڵات و لاوازه‌کان دۆراوی نێو سیستمه‌که‌ن. په‌نا بردنی کورد بۆ کۆنسێپتی فیدڕاڵی وێنای نه‌بوونی ستراتیژیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و لاوازی پرۆژه‌ی سیاسی کورد بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نێ. هۆکاری ئه‌مه چییه؟ یه‌کێک له‌و دیاردانه‌ی که وه‌ک نورمێکی خراپ داوێنی سیاسه‌توانانی کورد به‌رنادا خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه و لاسایی کردنه‌وه‌یه له پرینسیپی سیاسه‌تی واقعبینانه (ریئال پۆلیتیک). هه‌ڵه بوونی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م دیارده‌یه بۆ کورد له‌وه‌دایه که سیاسه‌توانان و روناکبیرانی حیزبی زۆر جار له دهستهواژهگهلیکی وه‌ک "زروفه‌که هه‌ڵی ناگرێ" "هه‌لومه‌رجه‌که ریگا نادا" بۆ پاساو هینانه‌وه‌ی خۆ دووره په‌رێز گرتن له به خۆدا چوونه‌وه و گرتنه‌به‌ری ستراتیژیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نوێ و داهێنه‌رانه که ده‌لاله‌ت له سه‌روه‌ری بۆ کورد بکا، که‌ڵک وه‌رده‌گرن. پرینسیپی سیاسه‌تی واقعبینانه که ریشه فکریه‌که‌ی له ریئالیزمهوه دێ بۆ خۆی باسێکی زۆر ئاڵۆزی فکری له سه‌ره. باس له ریئالیزم ریشه‌ی کۆنه، به‌ڵام ئه‌م باسه زۆرتر له باسه فکریه‌کانی سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی و کۆنتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی نێوان خه‌ڵک و ده‌وڵه‌ت و قه‌بوولی واقعی سه‌روه‌ری ده‌وله‌ت _ نه‌ته‌وه‌کان له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه له سه‌ده‌کانی 17 و 18 دا هاته نێو باسه ئاکادیمیه‌کان. له بواری پراکتیک دا ده‌سته‌واژه‌ی ریئاڵ پۆلیتیک زۆرتر له لایه‌ن زلهیزه‌کان و ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری سیاسی له رۆژئاوا له بواری کاری دیپلۆماسی و سیاسه‌تی رۆژانه‌ی نێو نه‌ته‌وه‌یی هه‌تا ئێستا که‌ڵکی زۆریان لیوه‌رگرتووه. ئامانجی ئه‌م هێزانه له راستیدا ئه‌وه بووه که ئه‌سلی سه‌روه‌ری سیاسی ده‌وڵه‌ت_نه‌ته‌وه‌کان وه‌ک واقیعی مه‌وجود له‌و جیگایانه که له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه&zwn