Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
پەكەكە بیانووە نەك ئامانج… هێمن میرانى

پەكەكە بیانووە نەك ئامانج… هێمن میرانى

Closed
by February 24, 2008 گشتی

قسەیەك دەربارەى دوایین ئۆپەراسیۆنەكانى توركیا بۆسەر هەرێمى كوردستان…..

 ئۆپەراسیۆنى سەربازى توركیا لە بەرەبەیانى 2008/02/22 بۆ سەر هەرێمى كوردستان و بەزاندنى چەند كیلۆمەترێك لە هێلە سنووریەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و توركیا و بەردەوامى بۆردومان و كۆكردنەوە و جولاندنى هێز لەسەر سنوورەكان، بۆتە بابەتى گەرمى كەناڵەكانى میدیاى جیهانى، بە خوێندنەوەى پاشخانى هەڕەشەكانى توركیا و هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو فاكتەرانەى سوپا و كەمالیستە شۆڤینییەكان ئیشى لەسەر دەكەن، دەكرىَ هەڵوەستە لەسەر چەند خاڵێك بكەین كە لە پەناى ئەو ئۆپەراسیۆن و جولە سەربازییانەى توركیا بە هاوكارى و مۆڵەتى ئەمریكا هەن.
 ئەوەى بە وردى سەرنجى سیاسەتى توركیا بدات بەرامبەر بە پارتى كرێكارانى كوردستان و هەڕەشەكانى پارتى ناوبراو لەسەر ئەمنیەتى توركیا، بۆى دەردەكەوىَ توركیا خەریكى پەیڕەوكردنى سیاسەتێكى فریوودەرە و زیرەكانە ئیش لەسەر ئەوە دەكات كە خۆى بكاتە ستەملێكراو و پارتى كرێكارانى كوردستان بكاتە ستەمكار و هەڕەشەى گەورە لەسەر خۆى، تا رادەیەكى باشیش توانییویەتى ئەو ئامانجەى بپێكىَ، زۆر روونە ئێستا ئەمریكا و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە گشتى و تەنانەت یەكێتى ئەوروپاش هێندەى ماف دەدەنە توركیا كە هەموو ئامرازێك بۆ لێدان و لەناوبردنى پەكەكە بگرێتە بەر،بەو پاساوەى پارتى ناوبراو ئۆقرەیى لە توركیا هەڵگرتووە و هەڕەشە لەسەر سەقامگیرى و ژیانى هاوڵاتیانى توركیا دەكات، هێندە داواى لىَ ناكەن مافەكانى كوردى باكورى كوردستان بسەلمێنىَ كە ئەمە یەكێكە لە باشترین ئەو میكانیزمانەى زۆر بە ئاسانى دەتوانرىَ مەترسیەكانى پەكەكە ( ئەگەر ئەو مەترسیانە هێندە گەورە بن وەكو ئەوەى توركیا ریكلامى بۆ دەكات!) لە خۆى دوور خاتەوە، چونكە ئەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان داواى دەكات شتێكى موستەحیل نیە، لە دیسەمبەرى 2007 ئەو كاتەى ئەردۆگان داواى لە پەكەكە كرد چەك دابنىَ و تێكەڵى كارى سیاسى بىَ ، پەكەكە چەند مەرجێكى مەعقولى پێشكەشكرد كە ئەگەر توركیا نیازى چارەسەركردنى كێشەى پەكەكە و دۆزى كورد لە باكورى كوردستان بە گشتى هەبىَ دەتوانىَ جێبەجێیان بكات، مەرجەكان هەر بۆ بیرخستنەوە دەنووسم بریتى بوون لە ( راگەیاندنى لێبوردنى گشتى بۆ چەكدارەكانى پەكەكە، داننان بە ناسنامە و كلتور و زمانى كوردى لە چوارچێوەى دەستورى توركى، چەسپاندنى زمانى كوردى وەكو دووەم زمانى رەسمى لە پاڵ زمانى توركى لەو ناوچانەى زۆرینەى دانیشتوانى كوردن، كردنەوەى دەرفەتى ئازادى بیروڕا و نەهێشتنى هەموو شێوازەكانى جیاكارى لە دەستور و یاساكانى توركیا).
 هەموو ئەو مەرجانە سادەترین مافەكانى مرۆڤن بە گوێرەى پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان و ناكرىَ توركیا بۆ توركەكانى قوبرسى پەسند بىَ و بۆ كوردەكانى توركیاى قەبوڵ نەبىَ!!!
 بۆیە ئەوەى توركیا دەجولێنىَ پەكەكەیە، بەڵام ئامانجەكە پەكەكە نیە، زۆربەى چاودێران پێیان وایە توركیا نیگەرانە لەو پێشكەوتننانەى هەرێمى كوردستان بە خۆی دەبینىَ، ئێرە بەو شوێنە دەناسرىَ كە هەماهەنگى نەتەوەیى لێوە سەرچاوە دەگرىَ، هەرێمى كوردستان ئەو ناوچە كوردییەیە كە بۆنى سەربەخۆیى كوردستان و دەوڵەتى كوردى لىَ دىَ، بۆیە چاودێرێكى توركى بۆ كەناڵى ئەلعەرەبیە قسەى دەكرد و دەیگوت ( گێڕانەوەى كەركوك بۆ سەر هەرێمى كوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى لە باكورى عێراق ئەو هێلە سوورانەن كە سوپاى توركیا قەبوڵیان ناكات)… بەو مانایەى یەكێك لەو فاكتەرانەى پەكەكە هەبىَ و نەبىَ، جولەى هەبىَ یان نا، هەڕەشە بىَ یان نا، لەو بەهارە سوپاى توركیا جولە دەكات و سەقامگیرى هەرێمى كوردستان دەشێوێنىَ ، هیچ نەبىَ ترسێك دروست دەكات و ماوە ماوە مانۆر و ئۆپەراسیۆن ئەگەر سنوورداریش بىَ ئەنجام دەدات، بە دوورى نازانم ئەمریكاش جولێنەرى توركیا بىَ، هیچ نەبىَ رێگرى لىَ ناكا ئەو جولانەوانە بكات و ترسێكى بەردەوام لە كوردستان دروست بكات، رێگەدان بە بۆردوومانكردنى سنوورەكان و سنووربەزاندن لە كاتێك ئەمریكا بەر لە عێراقیش بەرپرسە لە پارێزگارى كردن لە سنوورەكانى عێراق، ئەوە دەسەلمێنىَ كە ئەمریكاش لە گەڵ بەشێك لەو بیانووانەى توركیا كۆكە، د. جەمال عەبدولجوادى شارەزاى كاروبارى توركیا لە سەنتەرى توێژینەوەى ئەهرام دەڵىَ ( ئەمریكا قەبوڵ ناكات ئاسایشى هەرێمى كوردستان كە تاكە ناوچەى ئارامە لە عێراق بە تەواوى تێك بدرىَ، بەڵام لە بەرامبەریش ناتوانىَ توركیا بڕەنجێنىَ و دڵى بشكێنىَ و رێگرى هەموو شتێكى لىَ بكات، بۆیە چاوەڕىَ دەكرىَ ئۆپەراسیۆنى سنووردار و ماوە ماوە ئەنجام بدرىَ بە مۆڵەت و ئاگادارى ئەمریكا ) دیارە هەموو ئەمانە لەسەر حسابى كوردستان دەبن، ئۆپەراسیۆنەكانى توركیا زیانى بۆ خەڵكى سڤیل و گوزەرانیان و ژێر خانى ئابورى كوردستان دەبىَ و ترس و دڵەراوكىَ دروست دەكات، بۆ ئەوەى كورد و سەركردایەتى كورد لە بەرامبەر راوەستاندنى ئەو هەڕەشە و بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنانە لە كۆمەڵێك پرس سازش بكەن، بە دوور نازانرىَ دواخستنى زیاترى مادەى سەد و چڵ و شەڕكردن لە گەڵ پەكەكە لە پێشەوەى ئەو ئامانجانە بن كە توركیا بە هاوكارى ئەمریكا كاریان بۆ دەكا، پێم وایە هەردوو ئامانجیش خەونە و نە سەركردایەتى كورد و نەخەڵكى باشورى كوردستانیش ناچنە ژێربارى…
 بۆیە رووبەروو بوونەوەى ئەو ئۆپەراسیۆن و هەڕەشانە ئەركێكى نەتەوەیى گەورەیە و تەنیا لە ئەستۆى پەكەكە نیە، بەڵكو پێویستە بە جۆرەها شێواز و هەموو كوردستانیەك پرۆتستۆى بكات، هەوڵبدرىَ لە تەواوى شارەكانى باكورى كوردستان و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و پایتەختەكانى ئەوروپا گەورەترین خۆپیشاندانى جەماوەرى بكرىَ و ئەوە بۆ راى جیهانى روونبكرێتەوە كە ئەوە توركیایە مافەكانى كوردستانیانى باكور نادات و دەیانچەوسێنێتەوە و لە بۆتەى كەمالیزم دەیەوىَ هەموو خەڵكێك بتوركێنىَ، ئەوە توركیایە خۆشى بە ئازادى و سەربەستى كورد نایا و ئەو ئەزموونەى باشورى كوردستانى كردۆتە ئامانج و هەوڵى رمانى دەدا، ئەوە توركیایە ( وەكو لە رۆژنامەكانى توركیا لەو یەك دوو رۆژە بڵاوكراوەتەوە) كار بۆ رەواندنەوە و زڕاندنى خەونى سەربەخۆیى كورد دەكات، ئەوە توركیایە لە خۆڕِا كەركوك و سەبەرخۆیى كوردستان بە هێلى سوور دەزانىَ، و پیرۆزبایى لە كۆسۆڤۆش دەكات و ئومێدى ئەوە دەكات كۆمارى باكورى قوبرسى توركیش دانى پێدابنرىَ، ئەوە توركیایە لە ئەڵمانیا و لە ناو جەرگەى گەورەترین دەوڵەتى یەكێتى ئەوروپا بە رەوەندى توركى دەڵىَ ( ئاگادار بن لە بۆتەى ئەوروپى نەتوێنەوە و تایبەتمەندى نەتەوەیى خۆتان بپارێزن – ئەردۆگان لە ئەڵمانیا- ) ، لەولاش بە هەموو جۆرێك كار بۆ تاواندنەوەى تایبەتمەندى كورد دەكات لە وڵاتى خۆى..
 پێویستە ئەو راستیانە بە راى جیهانى بگوترىَ و ئاشكرابكرىَ كە توركیا ئەوە خۆى لە بەرپرسیاریەتى دەدزێتەوە و شەڕ بە پەكەكە و كورد دەفرۆشىَ، نەك توركیا ستەملێكراوە و ستەمى لىَ دەكرىَ.
 دواى ئەمانە پێویستە حكومەتى عێراقى جددى تر هەڵوێست وەرگرىَ، هیچ شیاو نیە بەرێز سەرۆك كۆمار لەو بارودۆخە سەختە داوەتنامەى توركیا قەبوڵ بكات، نیلسۆن ماندێلا پار ساڵ داوەتكرا بۆ ئەوەى خەڵاتى ئەتاتوركى پێ بدرىَ، ماندێلا قەبوڵى نەكرد و گوتى توركیا كورد دەچەوسێنێتەوە، سەیرە جەنابى تاڵەبانى ئەو داوەتە قەبوڵ دەكات ( ئەگەر چى زێبارى دوێنىَ پێشبینى كرد سەردانەكە دوابخرىَ).
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.