Skip to Content

Wednesday, May 22nd, 2024
من کۆچه‌ریم ….. خولیا حسێن

من کۆچه‌ریم ….. خولیا حسێن

Closed
by November 4, 2009 ئەدەب

سیپتێمبێر2009
من کۆچه‌ریم
هه‌ر گه‌رمیان و کوێستان ده‌که‌م
که‌ له‌ کوێستان ده‌نیشمه‌وه،‌
‌ چرپه‌ی ڕووبار و خشپه‌ی با
تێکئاڵانی گه‌ڵاکان و
ڕاکشانیش  له‌ باوه‌شی خۆره‌تاودا
نه‌ ئاوازێک له‌ ناخمدا ده‌جوولێنن
نه‌ده‌شتوانن ‌ ده‌ماره‌ گرژ هه‌ڵاتووه‌کانی بێ تۆییم خاوکه‌نه‌وه‌و
له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئارامیدا بمخه‌وێنن.

له‌ به‌هاره‌ گوڵ به‌ده‌مه‌ ته‌ڕه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌
که‌ چاوه‌کانم پڕ ده‌بن له‌ سه‌وزایی و
سروشت باڵی په‌پووله‌یه‌کی ڕه‌نگینه‌ و
له‌ به‌ر ده‌مما سه‌ما ده‌کا
که‌ شه‌راب و خه‌نده‌ و سۆزیش دڵی ماتم  ده‌جولێنن

هه‌ر هه‌موویان،
هه‌تا ئێستا
نه‌ نیگارێکیان له‌ ڕۆحم نه‌خشاندووه‌
نه‌ پایزی خه‌ونه‌کانیان بۆ ساتێکیش
له‌ بیناییم تۆراندووه‌ .

ئای چه‌ند به‌خته‌وه‌رم ئه‌و کاتانه‌ی باڵی سه‌فه‌ر
ده‌مفڕێنی،
به‌ره‌و پێده‌شتی گه‌رمه‌سێری گه‌رمیان و
به‌ره‌و باوه‌شی به‌رائه‌تی منداڵی و
به‌ره‌و گۆڕه‌پانه‌ هه‌لقرچاوه‌کانی لاوێتیم دێنێ

ئارامترم له‌ په‌پووله‌ی باوه‌شی گوڵ
که‌ له‌سه‌ر جۆخینی خه‌ونه‌ سووتاوه‌کانی ته‌مه‌ن
دام ده‌به‌زێنێ!

ئای چه‌ند گه‌رمه‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌!
بۆیه‌ هه‌میشه‌ وشکه‌ ساڵی خۆشه‌ویستیه‌ و
عاشقه‌کان له‌ داخی سه‌وز نه‌بوونی چرۆی ئومێده‌کانیان
چاوی بێداریان گۆمی خه‌مه‌ و
لێوه‌کانیشیان وشک ترن له‌ بیابانه‌کانی مه‌رگ.

ئاخر لێره‌  گوێم له‌ قرچه‌ی شکانی دڵی خۆم بوو
که‌  بینیم پاسه‌وانه‌کانی
به‌رده‌رگای ماڵی مردن
چۆن به‌ نووکی قه‌ممه‌کانیان
لێوی دڵداره‌کانیان له‌ یه‌کتری جیا ده‌کرده‌وه

‌ شه‌رمه‌زار بووم له‌به‌رده‌م مافه‌ ساده‌کانی مرۆڤایه‌تی
که‌ بینیم سووکایه‌تیان به‌ ناسنامه‌ی عه‌شق ده‌کرد و
سه‌ر ڕێگای پیاسه‌ی ئێوارانی ئه‌وینداره‌کانیان
بزمار ڕێژ ده‌کرد!

بۆیه‌ ئیتر هه‌تا ده‌مرم باڵنده‌یه‌کی کۆچه‌ریم
نه‌ له‌ کوێستا ن به‌ بێ تۆ ده‌هه‌سێمه‌وه‌
نه‌ ‌ گه‌رمه‌سێری گه‌رمیانیش
وشکه‌ڵانی ئه‌م عه‌شقه‌م
ده‌ژیێنێته‌وه‌!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.