زمانی ڕه‌نگ و ده‌نگی شیعر له گه‌له‌ری ( شاعیرێ وێنه ده‌کێشێ )
پێشکه‌شه به ڕۆحی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار مامۆستا ( عه‌لی له‌تیف )
( ته‌ماشای هه‌ر لایه‌کت ئه‌که‌م تابلۆی زیندووه )
پووشکین
له کاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعردا، هیچمان له‌لای به‌شه‌کانی تری ژیانمان نین، به‌ڵکو هه‌موومان جهستهیهکیین له‌ناو دێڕه شیعرییهکانداو بهبێندهنگی دهخوێنینهوهو به‌ئاسته‌م گوێمان له ترپه‌ی دڵمانه(ئۆکتاڤیۆ پاث)( ) وته‌نی(ئه‌ڕی له ترپه ترپی پێڵوه‌کان زیاتر شتێکی تر هه‌یه؟)له هه‌موو ده‌قێکی زیندودا به‌تایبه‌تی ده‌قی شیعر، خه‌یاڵێک لهپهرتهوازبوون و مانا دروسته‌کاندا هه‌یه، که‌ده‌توانین له‌م دوو مانایه‌دا ڕه‌نگ و زمانه دروسته‌کانی ده‌ق و ماناکانی واتا و ئێستاتیکای ده‌ق و سیحره جوانه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌قدا بیاندۆزینه‌وه، شیعر ئه‌و ده‌مانه ده‌بێته ده‌قی دروست، که بتوانێ له‌ناو ڕسته‌دا خه‌یاڵ و مانا بخوڵقێنێ، کاتێکیش خه‌یاڵ و مانا توانییان ستراکتوری وێنه و ناوه‌رۆک چێبکه‌ن، مانای وایه زمان له‌ناو ده‌قدا بوونی هه‌یه و وه‌کتریش ده‌توانین دیوه شاراوه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق بدۆزینه‌وه‌و ڕاڤه‌ی جدیان له‌سه‌ر بکه‌ین. له‌ناو ئه‌و دێڕه شیعریانه‌ی کهدهیانخوێنینهوه، ئه‌وه ئێمه و خوێنه‌رین کڕو بێده‌نگ به‌ناو باخچه و گوڵه دێره‌کانا ده‌رۆین و ناتوانین تا دواهه‌مین ڕسته سه‌رهه‌ڵبڕین، شاعیریش له‌ته‌ک خۆی و شیعردا په‌لکێشمان ده‌که‌ن بۆناو گێڕانه‌وه‌ی (مێژوو، زمان، وێنه)ئێمه‌ش زه‌مه‌ن و کات له‌ته‌ک خۆمان ده‌به‌ین بۆ دارستانی شیعر و له‌وێ جگه له دیوان و چه‌ند ڕسته‌یه‌ک، هیچی دی به‌دی ناکه‌ین، خولاسه ئه‌وه ده‌قی سه‌نگینه به‌رده‌می زمانمان ده‌گرێت و ناهێڵێت جودا بینه‌وه له یه‌کتری، له‌م ساته‌دا شیعر وه‌ک موزیک له‌گه‌ڵ کاته‌کانی ئێمه‌دا یه‌کده‌گرنه‌وه، یان وه‌ک ته‌ماشاکردنی تابلۆیه‌کی سه‌رنجڕاکێش ده‌چینه ناو دونیای ڕه‌نگ و هه‌ست ده‌که‌ین(موزیک، ڕه‌نگ، شیعر)یه‌ک ماڵیان هه‌یه، به‌ڵام له پۆشاک و خۆگۆڕیندا لێک جیاوازن ئه‌و ڕۆحانه‌ی که عاشقی موزیکن زیاتر ئه‌م حاڵه‌ته ده‌یانگرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی بێت گوێ له موزیک بگرێت، دڵنیام هه‌میشه له‌ناو هه‌سته‌کانیدا شیعر و تابلۆ و ڕه‌نگ بوونی هه‌یه.
نهێنی شیعری جوان له وه‌دایه که واتا له‌ناو ده‌قی شیعردا بخوڵقێنێ ئه‌گه‌ر نا، پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بێته ئه‌ده‌ب نه‌ک شیعر. شیعریش دروستکردنه‌وه‌ی زمان و خه‌یاڵه ده‌کارێ گشت ڕووداوه‌کان له دێرێکی جوان و پڕ مانادا بگێڕێته‌وه، واته گێڕانه‌وه و جوڵه‌ی خه‌یاڵ ئه‌و ڕووداو مێژوویانه تۆمار ده‌کات، که‌زه‌مه‌نێک به‌ر له‌ئێستا ڕوویانداوه. شاعیر هه‌م مێژوو ده‌نوسێته‌وه‌و هه‌میش زمانی پاشه ڕۆژ به‌ره‌و نوێبوونه‌وه ده‌بات، ئه‌ز ده‌خوازم لێره‌وه به‌ره‌وخوار ببینه‌وه بۆناو ئه‌و ده‌قانه‌ی که هه‌میشه له‌سه‌ر زاران میوانن و تۆسقاڵه زه‌ڕه‌یه‌ک له هه‌سته‌کانمان جودانابنهوه. دیوانی شیعری(شاعیرێ وێنه ده‌کێشێ)چه‌ند تابلۆیه‌کن که هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نی حه‌کایه‌ت و مێژووی گێڕانه‌وه‌ی زمانی شاعیر خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی له‌ته‌ک خۆیادا برده ناو ئه‌م تابلۆ شیعریانه‌وه، نزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆحه‌یه که‌له چه‌ند ده‌قێکی تردا ده‌توانین بیاندۆزینه‌وه.(عه‌بدولقادر سه‌عید و به‌ختیار عه‌لی)نمونه‌یه‌کن له‌و ده‌قه شیعریانه‌ی که نزیکبوونه‌وه‌یان پاکێتی هه‌ست و ڕاستگۆیی هه‌ردوو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مان بۆ ده‌خه‌نه ڕوو.عه‌بدولقادر سه‌عید ده‌نووسێت:
( شاری ژنکوژان )( ژماره‌ی ژنه کوژراوه‌کان له ژماره‌ی تفه‌نگه‌کان زیاترن
ژماره‌ی گۆڕستانه‌کان له ژماره‌ی کۆڵانه‌کان زیاترن
ژماره‌ی ژنکوژه‌کان له ژماره‌ی واعیزه‌کان زیاترن ) (لاپه‌ڕه 22)به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت:
( ژماره‌ی گه‌مژه‌کان )( ژماره‌ی گه‌مژه‌کان له‌ژماره‌ی گه‌ڵای دره‌خته‌کان و پاسارییه‌کان زیاترن
هه‌موو کۆتره‌کانی سه‌رنشینی ئه‌م دونیایه، ژماره‌یان ناگاته ژماره‌ی گه‌مژه‌کانی ئه‌م شاره
ئه‌ی دۆست…گه‌مژه‌کان لێره‌دا پادشان، ڕه‌خنه‌گرن، حاکمن
مامۆستای ستاتیکان…مۆسیقارن…ڕۆژنامه‌نوسن…شاعیرن
ژماره‌ی گه‌مژه‌کان له ژماره‌ی ئه‌ستێره‌کان زیاترن ) ( لاپه‌ڕه 49 )کاتێ نزێکبوونهوهی رۆح و داهێنان، ئاوێته ده‌بن له‌ناو خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه زیندووه‌کاندا، ئیدی شتێک به‌دی ناکه‌ین پێی بووترێ له‌یه‌کچوون، به‌ڵکو ئه‌وه خه‌یاڵ و زمان و ڕه‌نگی شیعره وا ده‌کات، داهێنانه‌کان بچنه‌وه کن یه‌کتری(جۆرج ئۆڕۆڵ)له‌ڕۆمانی(1984)زۆر به‌ڕوونی پێمان ئێژێت(هیچ کتێبێک له دونیادا یه‌ک قه‌ڵم خاوه‌نی نییه)( ) ده‌نگی هه‌قیقه‌ت هه‌میشه ئاماده‌گی له‌ناو ده‌قه زیندووه‌کاندا هه‌یه، ڕه‌نگی شیعر هه‌موو کات له‌ناو خه‌یاڵه زیندوه‌کاندا بوونی هه‌یه، مادامه‌کی هه‌ردوو شاعیر ئاماده و زیندوون، ده‌ق نهێنی و شاراوه نییه، ده‌توانین به‌سانایی هه‌قیقه‌تی ده‌ق و داهێنانه‌کانی هه‌ردوو نوسه‌ر به‌دی بکه‌ین.هه‌مان نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆح له‌ناو ده‌قی شاعیرانی وه‌ک(جه‌مال غه‌مبار، دلاوه‌رقه‌ره‌داغی)دادهبینن، ئه‌م عه‌قڵانه هه‌موویان خه‌ون به‌جوانی نیشتیمانه‌وه ده‌بینن، وه‌لێ له‌ڕه‌نگ و زمان و وێنه‌ی شیعردا جیاوازن، پاولۆ کۆئیلۆ(به‌نووسین، له‌خوداو ئه‌وانیتر نزیکتر ده‌بینه‌وه.)( ) ئه‌وه نوسین و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه ده‌مانباته ناو نهێنی و هه‌وێنی یه‌کدیه‌وه، پرۆسه‌ی لێک تێگه‌یشتنمان بۆ ئاسان ده‌کات، به‌جۆرێک ده‌توانین ده‌قه کلاسیک و تازه‌کان له‌بونیادی شاراوه‌ی خودی ده‌ق و جوڵه‌ی به‌رده‌وامی شیعرییه‌کان نزیکبینه‌وه.جه‌مال غه‌مبار له‌پێشه‌کی دیوانی(هه‌میشه با له‌وێ بین له‌لای عیشق)پێناسه‌یه‌کی دروست و پڕمانا ده‌کات(شیعر بۆ خۆی پرۆژه‌یه‌که به‌رده‌وام له جوڵه‌و جه‌ره‌یاندایه)( ) له‌ناو هه‌موو ده‌قێکی شیعردا، چه‌ندین شیعر‌و وێنه ده‌نگ و مانای تر به‌دی ده‌که‌ین. له چیرۆک و ڕۆمانیشدا هه‌مان بینین و دۆزینه‌وه‌ی ده‌قی تر ئاماده‌گی هه‌یه.
(بوزورگ عه‌له‌وی)توانی له نیگا‌و ته‌ماشاکردنی تابلۆییه‌کی نیگارکێشی ناوداری ئێران(که‌مال ئه‌لموڵک)باشترین و جوانترین ڕۆمانی خۆی بنووسێت و بڵاو بکاته‌وه، هاوڕێی ئازیزم، ئازاد به‌رزنجی ڕۆمانی چاوه‌کانی له زمانی فارسییه‌وه کرد به کوردی، که یه‌كێک بوو له جوانترین وه‌ڕگێران و باشترین زمانی وه‌رگێڕان، ڕۆمانی چاوه‌کانی حه‌وت جار چاپکراوهتهوهو تا هه‌نوکه‌ش خوێنه‌رانێکی زۆر به‌دوویدا وێڵن، ئازاد به‌رزنجی له پێشه‌کی ڕۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێ(زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌نووسان ڕۆمانی(چاوه‌کانی)به سه‌رکه‌تووترین کاری عه‌له‌وی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، بوزورگ له‌میانی تابلۆیه‌که‌وه که‌بریتییه له ده‌موچاوی ئافره‌تێک، به‌ڵام ته‌نها چاوه‌کانی به‌ڕوونی ده‌بینرێن و به‌شه‌کانی تری ئه‌و ده‌موچاوه له‌تاریکیدا ونن)( ) بزورگ لهتهماشکردنی ڕوخسارێکه‌وه ده‌مانخاته به‌رده‌می ڕۆمان و گێرانه‌وه‌یه‌کی شیعرئامێز که بۆخۆی داهێنانێکی نوێ و ده‌گمه‌نه و ده‌کرێ وه‌ک نوێکارییه‌کی ته‌کنیکی تێیبڕوانین. نموونه‌یکی تری دونیای ڕۆحه زیندوه‌کان ڕۆمانی (په‌یکه‌ری فه‌رهاد)( )ه له‌نووسینی(عه‌باسی مه‌عرووفی)ئه‌م ڕۆمانه‌ش هه‌مان خوێندنه‌وه‌و ته‌ماشاکردنه که عه‌باسی مه‌عرووفی له زمانی پاڵه‌وانێکی چیرۆکی(بومی کوێر)( ) ی سادقی هیدایه‌ت، وه‌ریگرتووه‌و ڕۆمانێکیتری به ته‌کنیک و نوێکاری جواداوه هێناوه‌ته به‌رهه‌م، وه‌ک له سه‌ره‌تادا عه‌رزم کردن، هه‌موو نووسه‌رێکی خاوه‌ن سه‌لیقه ده‌توانێ له ناو تابلۆ و چیرۆک و ڕۆمان و ته‌نانه‌ت گوێگرتن له موزیکیش داهێنانی نوێ و ده‌قی جدیتر بخوڵقێنێ.لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆحه‌کان له ده‌قه زیندووه‌کاندا بوونی هه‌یه.دیوانی(شاعیرێ وێنه ده‌کێشێ)له‌و جۆره داهێنانه‌یه که عه‌بدولقادر سه‌عید توانیویه‌تی له ڕه‌نگی تابلۆکانی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار مامۆستا(عه‌لی له‌تیف)وشه له‌ڕه‌نگ و تابلۆ له شیعردا بخوڵقێنێ، واته لهڕهنگهوه بۆ نووسین و لهنووسینیشهوه بۆناو ڕه‌نگ.
عه‌بدولقادر سه‌عید ده‌نووسێت:
(من خه‌یاڵم هه‌ر له‌لای ئه‌و مه‌حاڵه بوو
که ده‌ستی هیچ هونه‌رمه‌ندێ
جارێکی‌تر
سیحری ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌و
ڕه‌نگی ئه‌و چاوانه‌ی تۆی
هه‌رگیز پێ تێکه‌ڵ ناکرێ) ( لاپه‌ڕه 38 / 39 )تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌م شیعره بیرۆکه‌یه‌کی هونه‌ریانه‌ی نیگارکێشه‌کانه، گرنگه شاعیر بتوانێ به وشه ڕه‌نگ و تابلۆ بکێشێ، له‌م چه‌ند دێڕهیی سه‌ره‌وه‌دا ده‌توانین نمونه‌یه‌کی زیندووی هونه‌ری وێنه‌کێشان بدۆزینه‌وه کهڕاستهڕی ده‌مانباته لای تابلۆ به‌ناوبانگه‌که‌ی(مۆنالیزا)ی(لیۆناردۆ داڤینشی)هه‌رچه‌نده ئه‌م شیعره له‌سه‌ر تابلۆیه‌کی مامۆستا(عه‌لی له‌تیف)نه‌خشێنراوه، به‌ڵام هێنده ووردو ژیرانه نووسراوه، خه‌یاڵی خوێنه‌ر په‌لکێش ده‌کات بۆ لای تابلۆکه‌ی مۆنالیزا.ئه‌ده‌ب و دهروێستی و فۆرم دوو پێکهاته‌ی گرنگی نوێخوازانه‌ی شاعیره، که به‌ته‌کنیک و هونه‌ری نوێخوازانه ده‌مانخاته به‌رده‌می به‌رپرسیارێتی جوانیناسی و به‌رپرسیارێتی هه‌بوونی ده‌قی شیعردا.جه‌وهه‌ری ناوه‌وه‌ی ده‌ق ئه‌و ساده نووسینه‌یه که له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا مانا قوڵه‌کانی ده‌قمان نیشانده‌دات، کاری شاعیر ئه‌وه‌یه که‌بتوانێ لهسادهییهوه بێته ناو جه‌وهه‌ری مانا و ناوه‌رۆکه‌وه، به‌جۆرێکیتر ئیش‌کردنی شاعیر له‌ده‌قی شیعردا گه‌ڕانه به‌ناو گه‌ڕۆکی زمان و به‌رپرسیارێتی خودی جه‌وهه‌ری واتا و جوانیناسیدا.شاعیر لێره‌دا به‌زمانێکی هێند ساده ده‌نوسێت، خوێنه‌ر زۆر به‌سانای ده‌توانێ له‌ماناکانی سروشت و خۆشه‌ویستی مرۆڤه‌کان حاڵی ببێت، به‌ڵام له ماناکانی واتا و ته‌کنیکی شیعردا عاقڵانه گێڕانه‌وه دروست ده‌کات.
عه‌بدولقادر سه‌عید ده‌نووسێت:
(سبه‌ینان زوو تا له‌و شووشه عه‌تره نه‌ده‌م له‌خۆم
که‌له گوڵی خۆشه‌ویستیت داچۆڕاوه
به‌ره‌و مه‌یدانی بێکاران ناکهومهڕێ
نه‌وه‌ک له‌وێ هه‌ناسه‌ی به‌د مه‌ستێکی گومڕا
تێکه‌ڵ به‌و هه‌ناسانه ببێ که ئه‌مشه‌و
له هه‌ناسه‌کانی تۆم خواستبوون) ( لاپه‌ڕه 56 / 57 )ئه‌و ناخوازێت هه‌ناسه‌ی ده‌ستگیرانه‌که‌ی که‌له‌ناو سنگیدا هه‌ڵی گرتووه، تێکه‌ڵ به هه‌ناسه‌ی هیچ مرۆڤێکیتر ببێت، شاعیر ڕاستگۆی خۆی ده‌خاته به‌رده‌می ده‌ستگیرانه‌که‌ی و ڕوو به ڕوو پێی ده‌ڵێت، هه‌تاکو مه‌ست نه‌بم به‌بۆنی خۆشه‌ویستی، ناتوانم نان و ئازادیت بۆ بهێنمه‌وه. ئه‌م ده‌ربڕینی ساده‌گۆییه هه‌م شاعیر و هه‌میش خوێنه‌ر دوور ده‌خاته‌وه له ته‌م و مژی ڕسته‌ی بێ مانا، مامۆستا(مه‌سعود محه‌مه‌د)ته‌فسیرێکی جوانی بۆ شیعری تازه‌ی کوردی کردووه که ده‌بێژێ(ده‌مه‌وێ به شاعیری کوردی نوێخواز بڵێم خه‌ست کردنی ته‌مومژی ناو ته‌عبیر و هه‌ڵنانی په‌رده‌ی نامۆیی به ده‌وری هه‌ڵبه‌سته‌وه حه‌شارگه‌ی خۆ تێدا بواردنه)( ) ڕسته‌ی خاوه‌ن مانا هه‌میشه گرنگییه‌که‌ی تایبه‌ت به خودی شاعیر و جه‌وهه‌ری ته‌کنیکی شیعره‌وه هه‌یه(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)له دیوانی(من له شارێکی زۆر دوورم)زۆر به ساده‌یی و پڕمانا له قه‌سیده‌ی(زستان دێت)تابلۆیه‌کی تازه و گێڕانه‌وه‌یه‌کی تری زستانمان نیشان ده‌دات:
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی ده‌نووسێت:
(زستان دێت)( هه‌ست به هه‌ڵکردنی با ده‌که‌م
هاڕه‌ی شکانی گوڵدانێک دێته گوێم
هه‌ست ده‌که‌م
کتێبێک ده‌دڕێت
ئینجانه‌یه‌ک درز ده‌بات
دره‌ختێک ده‌وه‌رێت
گوێم لێیه
جۆلانه‌یه‌ک شه‌ق ده‌بات
باخێک ده‌مرێت
زستان دێت
شه‌ڵاڵ له ئاره‌قه
خۆی به ماڵدا ده‌کات و
چوار شانه …. کفت و شه‌که‌ت
له ژووری میوان داده‌نیشێت! ) ( لاپه‌ڕه 3 / 4 )وه‌رزه‌کانی ساڵ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی ڕه‌نگ و موزیک و دیرۆکی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، هه‌ریه‌که‌یان به‌جۆرێک سروشت و ژیانی مرۆڤه‌کان جوانتر ده‌که‌ن، به‌گشتیش مرۆڤه‌کان ئاره‌زوویان له وه‌رزی پاییزه.وه‌رزی پاییز وهرزیكه تهژییهله(ڕه‌نگ، با، شیعر، موزیک) زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاعیرانی کورد و بێگانه شیعری جوانیان بۆ پاییز نووسیوه‌و خۆیان و شیعره‌کانیان له ڕ‌نگی پاییز هاڵکێشاوهو تابلۆیه‌کیان بۆ پاییز نه‌خشاندووه، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی له‌م چه‌ند دێره‌دا، نمایشێکی کۆتایی وه‌رزی پاییزمان نیشانده‌دات، دوا توڕه‌بوونی پاییزه و هاتنی وه‌رزی زستانه، شیعره‌کانی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، هه‌ر هه‌موویان کۆمه‌ڵێ ده‌قی(شانۆیی)ن سروشت و مرۆڤه‌کان پێکه‌وه خۆیان له‌ناو دێڕه شیعرییه‌کاندا نمایش ده‌که‌ن، قه‌سیده‌ی(زستان دێت)تابلۆیه‌کی جوانی کۆتایی وه‌رزی پاییزه، ئه‌م جۆره خه‌یاڵانه له تابلۆکانی(کلاودیا مۆنێ)ده‌چێت کاتێک که(با)چه‌تری خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌فڕێنێ و سه‌راپا مرۆڤ و سروشت پڕ ده‌که‌ن له(ڕه‌نگ، با، موزیک، شیعر)
عه‌بدولقادر سه‌عید ده‌نووسێت؛
( ساڵ به‌هه‌ر چوار وه‌رزه‌وه جوانه
به‌هار
هاوین
پایز
زستان
توووڕهبوونت له‌ماچ نیگه‌رانم ناکات چونکه،
به وه‌رزه‌کانی ساڵدا ئه‌زانم
ئه‌وینه‌که‌مان چه‌ند سروشتییه ) لاپه‌ڕه ( 46 / 47 )به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره زمانه بۆ شیعر سه‌لیقه و هوشیاری زۆری ده‌وێت، واته زمان له شیعردا، دروستکردنی زمان و خه‌یاڵ و ڕه‌نگ و ئێستاتیکای خودی ده‌ق خۆیه‌تی، بێئهم که‌ره‌سانه‌ش شیعر دروست نابێت، هه‌میشه و به‌رده‌وام شیعر جه‌نگێکه له‌گه‌ڵ فیکردا، گه‌ر له‌ناو شیعردا فیکر ئاماده‌گی نه‌بێ، مانای وایه خاڵییه له جوڵه‌کانی ڕه‌نگ و موزیک و خایاڵ و زمان، شیعر له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵگری ڕۆحێکی موزیکییه، به بێ ئه‌م ڕۆحه موزیکییه، ناتوانین ڕه‌نگ و بهرائهتهکانی سروشت و مرۆڤ به‌دیبکه‌ین، جه‌نگی به‌رده‌وامی شاعیره‌کان، جه‌نگێکی مرۆڤدۆستانه بووه بۆ جوانکردنی ژیانی مرۆڤه‌کان و زیندووبوونه‌وه‌ی زمان و تێکه‌ڵکردنی کولتورهجیاوازهکان به گشت پێکهاته و مێژووی و جوگرافییه‌کانه‌وه.شیعر هیچ کات پێویستی به مه‌دح نییه، به‌ڵکو خۆی شیعر دوور که‌وتنه‌وه‌یه له زمانه‌کانی مه‌دح و ڕازیبووبن، هه‌مووکات شاعیره جیدییه‌کان مهراقێکیان هه‌یه، ده‌خوازن به‌شیعر(ژیان، مرۆڤ، نیشتیمان، مێژوو)به‌رنه ناو دڵی مرۆڤه‌کانه‌وه، پێشتر باسی ئه‌و نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆح و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌ی ده‌قی شیعرم کرد، که‌له چه‌ند ده‌قێکی شیعردا بوونی هه‌یه و دێڕه شیعرییه‌کان خۆیان ڕاسته ڕێ دێنه ناو هزرمانه‌وه و بیرکردنه‌وه‌مان پێده‌به‌خشن.(جه‌مال غه‌مبار)له دیوانی(هه‌میشه با له‌وێ بین لای عیشق)له قه‌سیده‌ی(له‌پشت زه‌ریاکانه‌وه؛ گۆرانییه‌کی شکاو، وه‌ک دڵی من!)ده‌نوسێت :
( چل پایزی ته‌واوه، سه‌فه‌ری خۆم به کۆڵهوهو
ده‌ریا به ده‌ریا ده‌یگێڕم
چل پایزه، چرای خه‌یاڵات
له‌تاقه ماڵێکی بناری گۆیژه‌دا هه‌ڵده‌که‌م،
چل پایزه، دیوار لێم ده‌پرسێ”
ئه‌و ژنه دهریاوانهت له کوێ جێهێشت،
ژنێ ئه‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ ئاو جووت ده‌بوو
ده‌ریای پڕ ده‌کرد له عه‌تر و
ئاسمان له ماچ!
بمناسه‌وه،
قاسیدێکم له سه‌رابه‌وه هاتووم و،
ئاوێنه‌ی سه‌برم شکاوه‌و،
له زه‌ریاکان هه‌ڵاتووم و،
قیامه‌تی ته‌نیایی خۆم ده‌نووسمه‌وه ) لاپه‌ڕه (33 /34 /35 )سروشتی زمان و شیعری جه‌مال غه‌مبار، پڕه له نزای ئاشتبوونه‌وه‌ی ڕۆحه زویره‌کانی نیشتیمان، ئه‌و هه‌میشه له‌گه‌ڵ ڕۆحه سپییه‌کانی(مه‌حوی و مه‌ولانه)دا ئاڵوگۆڕی قسه و باس و پاڕانه‌وه‌ی تههاڕهتیان هه‌یه بۆ شیعر، سه‌ربرده‌ی ڕۆحه زیندووه‌کان به شیعر ده‌نووسنه‌وه، پێکه‌وه ده‌خوازن ڕووی په‌ڕه‌کانی مه‌عریفه و دیوی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سرووشت ئاوێته بکه‌ن.جه‌مال غه‌مبار له‌به‌رده‌می ئاوێنه‌ی ژیان و ته‌مه‌نی غوربه‌تدا، به‌ده‌نگی به‌رز گۆرانی بۆ پایز و ته‌مه‌نی خۆی ده‌چڕێ، له‌سه‌فه‌ردایه و ده‌گه‌ڕێ به‌دووی ئه‌و شه‌وانه‌ی که ته‌مه‌نی خۆی و جوانی شیعری خسته ناو ڕووناکی چرایهکهوهو که‌چی جارێک له جاران(پایز)ئه‌و ژنه‌ی نه‌هێنایه‌وه بۆ (ئاو) و بۆ ماڵه‌که‌ی گۆیژه، شیعر پرسیار له( غه‌مبار) و (غه‌مبار)یش پرسیار له شیعر ده‌کات، ئیدی لێره به‌دوا شیعر قیامه‌تی خودی(غه‌مبار) و پایز ده‌نووسێته‌وه. پێشتر وتمان نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆح، به‌شێکه له داهێنانی ئه‌و چه‌ند قه‌ڵه‌مه‌ی که له‌م باسه‌دا ناویان هاتووه، به بڕوای من به‌شێکی زۆری ئه‌م نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆحی ده‌قه شیعرییانه، په‌یوه‌ندی به شوێن و جوغرافیا و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی شیعره له‌لای ده‌قه زیندووه‌کانی شاعیرانی ئه‌م باسه‌دا، چوون هه‌موویان له‌یه‌ک سه‌رده‌م و له‌یه‌ک شاردا ژیاون، هه‌مووشیان له‌دوای ڕوانگه‌وه، هاتوونه‌ته ناو دونیای شیعری ئێمه‌وه، سه‌وداو ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیریان وایکردووه، که گومان له‌سه‌ر ده‌قه‌کانیان نه‌کرێت، به‌ڵام نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆح له‌ده‌قی شیعری شاعیرانی ڕوانگدا په‌رته‌وازه و ناجێگیره، ئه‌م ناجێگیر و پارچه پارچه بوونه ده‌قی شیعری له زمان و ئێستاتیکاوه گواستۆته‌وه بۆ ناو مانا ده‌ره‌کییه‌کانی شیعر، ڕوونتر قسه بکه‌ین ده‌کڕێ بڵێین سه‌رسام بوون به ئایدۆلۆژیا، به‌شێکی گرنگی دونیای شیعری ئێمه‌ی خسته ناو بۆشاییه‌کانی شه‌ڕی نیشتیمان و ده‌ره‌وه‌ی مێژووی دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌وه، واته نزیکبوونه‌وه له ئایدۆلۆژیا، ماناکانی دونیای نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆحی ده‌ق و شیعری له ناو شاعیرانی ڕوانگه‌دا پاوانکردبوو، به جۆرێک ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، نه‌ک هه‌ر ناجێگیر و پارچه پارچه‌ن به‌ڵکو ناکۆک و ناته‌باییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنایه ناو ده‌قی شیعره‌وه.به جۆرێکی‌تر ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی به‌رگری هه‌ڵقوڵاوی دونیای ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌ت بوو، بزربوون له هه‌وێنی ئایدۆلۆژیادا ئه‌ده‌بی به‌رگری توشی چه‌ند چرکه ساتێکی ناقانیعبوون کرد، ئه‌م ناقانیعبوونهش هه‌م ڕۆحی تۆلێرانس و هه‌میش بڕوابوونی لێکبووردهی تووڕدایه ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی به‌رگرییه‌وه(ڕۆڵان بارت)ووته‌نی(نووسراوی ئه‌ده‌بی له ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵگری له خۆ بێگانه‌بوونی مێژووه و هه‌م هه‌ڵگری ڕوانینی مێژووه.)( ) له به‌ریه‌ککه‌وتنی قه‌ڵه‌مه‌کانی ڕوانگه‌دا، جیاوازی و که‌له‌به‌ری گه‌وره‌یان خسته ناو مێژووه‌و ته‌نانه‌ت خالقی شیعریان به‌ئه‌نقه‌ست برده ناو فه‌زای ئایدۆلۆژیاوه.به‌ڵام شاعیرانی وه‌ک(عه‌بدولقادر سه‌عید و به‌ختیار عه‌لی و جه‌مال غه‌مبار و دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)خالقی شیعری کوردیان برده‌وه بۆ پرسه گرنگه‌کانی سه‌رده‌می تازه و پرسه گه‌وره‌کانی ناوه‌وه‌ی جه‌نگه فیکرییه‌کانی مێژووی ئینسان و مه‌سه‌له موقه‌ده‌سه‌کانی مرۆڤ و به‌ها سروشتییه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق.
●●●
سه‌رچاوه‌کان
1. پووشکین: نووسینی س. م. پێترۆڤ.
2. به‌ردی هه‌تاو: نووسینی ئۆکتاڤیۆ پاث.
3. ڕۆمانی 1984: نووسینی جۆرج ئۆڕۆڵ
4. عاریفانه: نووسینی پاولۆ کۆئیلۆ.
5. هه‌میشه با له‌وێ بین لای عیشق: نووسینی جه‌مال غه‌مبار.
6. ڕۆمانی چاوه‌کانی: نووسینی بوزورگ عه‌له‌وی.
7. ڕۆمانی په‌یکه‌ری فه‌رهاد: نووسینی عه‌باسی مه‌عرووفی.
8. گوڵبژێرێک له چیرۆکه‌کانی سادقی هیدایه‌ت.
9. مه‌سعود محمد ،گۆڤاری به‌یان ژماره 60 مارسی 1980 لاپه‌ڕه 16 – 22.
10. له‌گه‌ڵ ئه‌قڵی خۆرئاوادا: چه‌ند گفتوگۆیه‌کی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی.
11. شاعیرێ وێنه ده‌کێشێ: نووسینی عه‌بدولقادر سه‌عید.
12. ئه‌ی به‌نده‌ری دۆست، ئه‌ی که‌شتی دوژمن: نووسینی به‌ختیار عه‌لی.
13. من له شارێکی زۆر دوورم: نووسینی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی.