ئیمپراتۆریه‌تی شۆرکیم …. نوری حه‌مه ئه‌مین
خه‌ڵک له (شۆرکیم)دا جمه‌ی دێت و قه‌دپاڵه‌کانی سه‌وزێکی تێر ده‌چێته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای چیاکه‌ت بکردایه ده‌تووت به چاو نزیک دیاره، به‌ڵام کوتومت هه‌ر له باڵی نه‌وڕه‌سێکی نیشتو ده‌چوو له نیشتندا. خاکی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته هه‌تا بڵێیت سروشتێکی نه‌گۆڕو که‌شێکی سازگاری هه‌بوو،ڕه‌نگه هه‌نوکه به مه‌راق و حه‌په‌سانه‌وه بپرسن (شۆرکیم) چییه‌و له کوێنده‌ره؟ به هه‌رحاڵ ناهه‌قتان نییه به ڕاستی ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌ی نه‌بیستبێ و شاره‌زای ئه‌و جێ یه نه‌بێت حه‌سره‌تی بینین و زانینی ده‌کات.
ده‌گوێ بگره من لێره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌ستت بگرم ، تا بڕێک نزیکت ده‌که‌مه‌وه له‌و مه‌مله‌که‌ته ئه‌فسانه‌ییه به‌س با لێره‌وه پێت بڵێم ، ده‌ست گرتنت ئیتر مانای ئه‌وه نییه کون‌و که‌له‌به‌ریت بۆ شیته‌ڵکه‌م، چونکه باش بزانه من پیاوێکی ئارکیۆلۆژی نیم سه‌ر له بنیت بۆ هه‌ڵته‌کێنم و به هه‌موو ئامرازێکی پێشکه‌وتوی سه‌رده‌مه‌وه بکه‌ومه کنه کردن لێی و به شێوه‌یه‌کی ته‌واو زانستییانه ئه‌نالیزای خاک‌و خۆڵیت بۆ بکه‌م، چونکه لێت ناشارمه‌وه له به‌ر ڕووه ناشرین و ترسناکه‌که‌ی زانست که‌مێک له‌م ڕووه‌که‌ی تری زویرم، به‌ڵام هه‌ر حاڵ به‌ڵێنت ده‌ده‌مێ چی به هه‌ست و تێڕامانه‌کانم ده‌رک پێ بکه‌م درێغی نه‌که‌م و بۆت باس بکه‌م. ده‌تۆ ڕووی خۆتم به‌م شێوه‌یه پیشان مه‌ده، لێت تێده‌گه‌م ئه‌ته‌وێت پێم بڵێیت خۆ ده‌ستی کوێر ناگریت! ئه‌زانم ئه‌وه‌تا ده‌تبینم دوو چاوی گلێنه ڕه‌شت پێوه‌یه‌و شت له به‌رده‌م ڕۆشناییدا چه‌ندان فرسه‌خیش دوور بێت ده‌یبینیت، ئه‌دی من نه‌هاتووم لێره باسی ئه‌و شار‌و شاخ و شتانه‌ت بۆ بکه‌م که خۆیان له به‌رده‌م خۆره‌تاودا هه‌ڵخستووه. لێره‌دا من ده‌مه‌وێت باسی ئه‌و مه‌مله‌که‌ت و شار‌و مه‌خلوقاته‌ت بۆ بکه‌م که ته‌واو نوقمی تاریکین و به ئاسته‌میش بێژی نابینرێن، به‌ڵام ئه‌م ئیمپراتۆریه‌ته‌ی به شۆرکیم ناسراوه ناشێ شارێکی به‌رجه‌سته بێت ده‌کرێت بڵێین سێبه‌ری شارێکی به‌رجه‌سته، چونکه له ناو هه‌موو شارێکی به‌رجه‌سته‌دا سێبه‌ری شارێکی تر هه‌یه‌و له به‌ر بچوکی و کورتی باڵای زینده‌وه‌ره‌کانی ناوی هه‌ست ناکرێت، جا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکه‌یت ده‌کرێت ڕۆحت به میعراجدا ڕه‌ت بێت و له ئاسماندا جێگیر بوو بێت. ئه‌مێستا هه‌ر ئه‌و سێبه‌ره‌یه‌و لێره‌دا ده‌مه‌وێت ده‌ستت بگرم، تا شتێک له باڵای خۆت به‌رز ترت ده‌که‌مه‌وه هه‌تاوه‌کو ده‌بینیت چۆن شاریش سێبه‌ری خۆی هه‌یه.
شۆرکیم ئه‌وه‌ی له ناوه‌وه‌ی ده‌ژی حه‌ز به خه‌وێک ده‌کات تا ڕاده‌ی هه‌ڵنه‌سانه‌وه. زۆر جاریش کوڵم له تارماییه‌کانی ناوه‌وه‌ی گرتووه که زۆر به باوه‌ڕه‌وه ئه‌و حیکایه‌تانه‌یان ده‌گێڕایه‌وه که گوایه ” شۆرکیم هه‌واکه‌ی شیفایه‌و ئاوه‌که‌ی ده‌وایه”. ئه‌مه ڕاست بوو،وه‌لێ لای من نا، به‌ڵکو لای ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به ده‌م خه‌وه نوچکه‌وه هه‌ناسه‌یان له به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی میحرابه‌کانیه‌وه ده‌دا. ئه‌وه‌ی له ناوه‌وه له دایک ده‌بوو وه‌ک خۆی نه‌ده‌بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی که خۆی ده‌یه‌ویست ببینێ و میحرابی خۆی هه‌بێ و شوێن ووڕاوه‌کانی بکه‌وێت. من لێت ناشارمه‌وه له‌وێ له دایک بووم پێش ئه‌وه‌ی بزانم له کوێدام به گاوڵکێوه ده‌چووم و زمانم به دیواره‌کانیا ده‌هێنا، ئێستاش له بیرمه دایکم هێنده تامه‌زرۆی ئه‌و جیهانه بوو حه‌زی ده‌کرد هه‌ر به جارێک منیش نوقم بکا له‌و بۆن و به‌رامه‌یه‌ی که بڕناخیان پڕ کردبوو، بۆیه هه‌موو جارێک وه‌کو کوتکه‌یه‌کی ده‌سته‌مۆ په‌تێکی له مل ده‌کردم و سنکی ده‌کردمه نێو ئه‌و نزرگانه‌ی که شوێن پێیان له‌و ناوه‌دا که‌وتبوو. دایکم باوه‌ڕی وابوو ئه‌و جیهانه بۆ خاتری شوێن پای ئه‌و (عه‌ولیاوانه) دروست بووه! لێت ناشارمه‌وه دایکم بۆنی بوخوڕی خنکاوێکی لێده‌هات که سه‌دان فرسه‌خ له ژێر خۆڵه پۆته‌ی ئه‌و ناوه‌دا بێت بیرم دێت که منداڵ بووم ده‌ستم له یه‌قه‌ی دایکم نه‌ده‌کرده‌وه حه‌زم ده‌کرد بۆنی ئه‌و هه‌موو حه‌تحه‌تۆکه‌و مێخه‌کانه‌ی یه‌قه‌ی بکه‌م، کاتێکیش ده‌خه‌وتم ئه‌گه‌ر ده‌یان جار ئه‌و بۆنه‌م نه‌کردایه خه‌وم به ئاگره‌وه ده‌دی. منیش سه‌ره‌تا وه‌ک دایکم و ئه‌و حه‌شاماته‌ی ئه‌و ناوه‌یان پڕ کردبوو وابووم، وه‌ک ئه‌وان مه‌ست بووم و وه‌ک ئه‌وان هیچم نه‌ده‌دی جگه له‌و ڕێز‌و ڕسوماتانه‌ی مرۆڤیان گه‌لحۆو ڕق ئه‌ستور ده‌کرد، جگه له‌و فیستیڤاڵانه‌ی که به فیستیڤاڵی ماچی کۆتره نێره‌کان ناسرا بوو. له‌وێ هه‌موان له یه‌ک پێناسه‌دا کوورت بوبونه‌وه ئه‌وه به‌س بوو که هه‌موان پێناسه‌ی یه‌کێک هه‌ڵبگرێت، هه‌روه‌ها یه‌کێک خه‌سڵه‌تی شارێکی تیا بێت، جا کاتێک چوومه سه‌ر تاوتوێ کردنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه زه‌ردو پتورکاوه‌کانی ڕوبه‌ڕوی زۆر ئاسته‌نگ و شتی دژوار بومه‌وه ئه‌وه بوو یه‌که‌م جار له یه‌که‌م ده‌رگایه‌وه وه ژوور که‌وتم، تا له ڕه‌گه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م که ئه‌ویش ئه‌فسانه‌و ئاینه‌کانی بوون. ئه‌و شاره ئه‌گه‌ر بڵێم پێکهاته‌یه‌ک بوو له ئه‌فسانه هه‌رگیز زیاده ڕه‌ویم نه‌کردوه ئه‌فسانه هێنده تێکه‌ڵاوی ئه‌م شاره بوو، ته‌نانه‌ت وێنه‌یت له سه‌ر دیوار‌و ساپیته‌و که‌له‌به‌ره‌کانیدا ده‌دی، ئه‌فسانه‌ت له ئاو‌و هه‌واو سه‌ر گوڵه گه‌نمه‌کانیدا ده‌دی، له شێوازی قسه کردن و نان خواردن و ئاراسته‌ی جه‌سته‌یان له وه‌ختی نوستندا. به کورتییه‌که‌ی هه‌ر کاریگه‌ری هه‌موو ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی بوو که هه‌ر ئێستا لای تۆش ئه‌م شاره خه‌سڵه‌تێکی ته‌واو ئه‌فسانه‌یی هه‌ڵگرتووه، یان ئه‌و ناوه ئه‌فسانه‌ییه‌ی که هه‌یه‌تی. بمبه‌خشه که ناتوانم سه‌ر له به‌ری ئه‌فسانه‌کانیت بۆ بگێڕمه‌وه، به‌ڵام به‌ڵێنت ده‌ده‌مێ دواتر هه‌ندێکیت به کورتی بۆ باس بکه‌م.
سه‌باره‌ت به ئاینیش به ده‌وڵه‌مه‌ندترین شار ده‌ژمێردرا له مێژوودا. ئاین کاتێک له شه‌وێکی زۆر نوته‌کدا له نێو گه‌ڵی ئه‌فسانه‌وه ده‌که‌وێته خوار، ئیتر وه‌ک شازاده‌یه‌کی سه‌ر سه‌خت په‌لاماری هه‌ر چوار ده‌وری خۆی ده‌داو هه‌ر چی شت هه‌یه له‌و ناوه به‌ر زه‌فتی ده‌کاو ده‌ڵێت: له‌مه‌ولا من! دوا جار ئه‌و شازاده ده‌ڕواو منداڵێ تر ده‌خاته‌وه‌و ئه‌ویش ده‌ڵێت: نه‌خێر له‌مه‌ولا من. یه‌کێکی تر له دایک ده‌بێ و په‌لاماری ڕاست و چه‌پی خۆی ده‌داو ده‌ڵێت: نا، نا پێویسته له مه‌ولا من. یه‌کێکی تر دێت و عاساکه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ڕاده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێت له‌مه‌ولا من و ئاسمان. یه‌کێکی تر دێت و ده‌ڵێت: نا نه‌خێر له‌مه‌ولا من و ئاسمان و قسه‌که‌ی ته‌واو ناکات و ده‌کوژرێت. دوایی یه‌کێکی تر دێت و به لاساییه‌کی تۆزێک جیاواز به ده‌نگێکی زۆر به‌رز تر ده‌ڵێت: هه‌ر من و من، من و ئاسمان، من و ئاگر، من و سته‌م، من و شمشێر، من و خوێن و من و حه‌ق. حه‌ق له لای ئه‌و ئاینه‌و له ناو ئه‌و کاسه سه‌ره‌دا به شێوه‌یه‌ک خۆی داده‌کوتێت هه‌ر له هیرۆکڵۆفیدیای سه‌ر دیواره‌کانی کاسه سه‌ری دایکم ده‌چێت. ڕۆژێک دیم حه‌ق هه‌ر له جۆگه‌له‌یه‌ک ده‌چو که هه‌ر یه‌که‌و له ڕاستی خۆی پابێڵی لێ داده‌گرت و ده‌یشکانده‌وه سه‌ر کێڵگه‌ی باوه‌ڕه‌کانی خۆیدا، بۆیه ئه‌م داشکاندنه‌وه‌یه هه‌ر زوو بوو به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک که بۆنی جه‌نگێکی خوێناوی لێده‌هات له‌و جه‌نگانه‌ی که ده‌گێڕنه‌وه کۆن له نێوان جوتیاره باوه‌ڕ داره‌کاندا ڕویدا بوو،تا دوا جار ده‌بێته هۆی وشک بوونی زۆر کێڵگه‌و باخ و باخات.
ئێستاش گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ی ئه‌وه هه‌ست پێده‌که‌یت که تا ئێستاش له نێو ئه‌و کێڵگه داگیر کراوانه‌دا دره‌ختی پیری وا هه‌یه به ئاشکراو به نهێنی وه‌نه‌وزی خه‌وێکی خۆشی دوای مه‌رگ ده‌یباته‌وه. من به‌ڵێنم پێ نه‌دایت به ووردی هه‌موو شتێکت بۆ باس بکه‌م، چونکه من هه‌میشه وام، هه‌روه‌ها باوه‌ڕم وایه تا سه‌ر ڕێگاکه ده‌ستت ده‌گرم، ئیتر له‌وه‌ولا له سه‌ر خۆته، چونکه تۆش وه‌کو من مرۆڤیت، هه‌روه‌ها وه‌کو من چاوت هه‌یه‌و لاقت هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر بته‌وێت ده‌توانیت بکه‌ویته ڕێ، بۆیه لێره‌وه به پێویستی ده‌زانم بێمه سه‌ر بابه‌تێکی تر، چونکه زانیمان له‌و شاره‌دا له ڕوی ئاینه‌وه په‌یڕه‌وی جۆراو جۆر ده‌کرا. شۆرکیم خه‌ڵکێکی سه‌یر تیایدا ده‌ژیا خه‌ڵکانێک که به کۆ له ته‌وته‌م و نیگا‌و تقوساتێکدا بوون، هه‌موویان بێ ئه‌وه‌ی به خۆ بزانن له ((یه‌ک)) ده‌چوون و خه‌سڵه‌تێکی وێکچوو ته‌بایان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی که له ئیقناع ده‌چێت له ئازاردا، ئازارێک دواجار هه‌موویانی ته‌ریب ده‌کرده‌وه له چێژداو ناویان لێنابوو (( گوزه‌شته‌یه‌کی ڕه‌نگین ))، گوزه‌شته‌یه‌ک که‌وا له نێو کاسه سه‌رێکی زه‌به‌لاحدا مابوویه‌وه‌و به شێوه‌یه‌کی سروشتی و پێشینه‌یی ووردوخوردی له گه‌ڵ ده‌کرا. کاسه سه‌رێک که تیایدا هه‌رگیز نه‌تده‌زانی کاسه سه‌ره، یان به خه‌یاڵتا نه ده‌هات وه‌کو (گالیلۆ) ڕامێنیت و هه‌رچی بۆچون و هاوکێشه‌کان هه‌یه ڕه‌ت که‌یته‌وه‌و شوێنی خۆت بزانیت، هه‌موو ڕۆژێک سه‌رت به دیواره‌کانیه‌وه ده‌ناو خه‌وت لێده‌که‌وت بێ ئه‌وه‌ی بزانیت سه‌رت به چی مه‌تریالێکه‌وه‌یه که‌س نه‌یده‌خواست بزانێت ئه‌وه چ ئه‌شکه‌وتێکه ئه‌وی تیا بووه، تا مردن، یان ئه‌وه‌ی تیایدایه چییه؟ که‌س نه‌یده‌پرسی له ئه‌فسانه‌و هه‌موو ئه‌و نه‌قش و نیگاره غه‌یبی و باڵنده عاجباتییانه‌ی وه‌ک نه‌قش داکوترا بوون له سه‌ر دیواره‌کانی. که‌س نه‌یده‌پرسی ئه‌و هه‌موو ژاوه ژاوو زیکه زیکو ده‌نگه نامۆ و ترسناکانه له کوێوه دێن. خوڕه خوڕی ئاوت تیا ده‌بیست، به‌ڵام تا به سه‌رتا نه‌ڕژایه نه‌تده‌زانی له چی ته‌ره‌فێکه‌وه دێت. زیکه زیکو ته‌قه ته‌قو ووژه ووژێکی کاسکه‌ر یه‌کتاو کاسی ده‌کردیو ئیتر بۆ هه‌میشه بیرت ده‌چو له کوێدایت و بۆ چی مه‌به‌ستێک هاتویته نێو ئه‌و جیهانه، ئیدی خودی خۆت‌و ده‌سته‌کانت له نێو ڕسوماته‌کاندا وون ده‌بوون و به ئاسته‌میش هه‌ڵپه‌ی دۆزینه‌وه‌یانت نه‌ده‌کرد، مه‌گه‌ر هه‌ندێک جار که‌سێک سه‌ری به‌ر سه‌ختییه‌ک ده‌که‌وت و تۆزێک به خه‌به‌ر ده‌هات بۆ دواجار، یان دووباره بیری ده‌چویه‌وه‌و به بێ هۆشی ملی ڕێگای ده‌گرته‌وه، یان ده‌رگای پشته‌وه‌ی په‌یدا ده‌کردو ده‌چویه ده‌ره‌وه‌و ئه‌ویش به ئه‌م قه‌دپاڵه‌ی خواره‌وه‌ی خۆماندا هه‌ڵده‌گژاو، تا به‌رزاییه‌ک که‌وا تا ڕاده‌یه‌ک ده‌یدی ئه‌و جیهانه‌ی ئه‌و تێیپه‌ڕاندووه هه‌ر به ڕاستی که‌له سه‌رێکی ڕووتی زه‌به‌لاحه، ئیتر ئه‌مه تاکه پرسیارێکه که‌وا له که‌سی هۆشدار ده‌کات له‌م لاپاڵانه‌وه پرسیاری وورد تر بکات، پرسیار له ژاوه ژاوی په‌له‌وری تاریکی، له ژماره‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ری شه‌مشه‌مه‌کوێره و کونه‌په‌پوو، پرسیار له ده‌نگی بۆق له بۆنی تاریکی، له هاڵاوی برسێتی، له چیه‌تی خوڕه‌ی ئاوێکی شۆر، ئاوێک که له‌وه سه‌یر تر ئه‌فسانه‌ی هه‌ڵده‌گرت که ئه‌فسانرا بوو له جێگایه‌کی نادیاره‌وه به‌ر ده‌بویه‌وه، که‌وا ده‌نگیت ده‌بیست، هه‌ستت به شێلووی ده‌کرد،تامت ده‌کرد ئاوێک بوو سوێر که تامی هه‌ر له ئاره‌قه‌ی له‌ش ده‌چوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی باس بوو ئه‌و هه‌موو حیکماندنه‌ی که پێی ناسرا بوو، ئه‌و هه‌موو داروده‌وایه‌ی که لێی هه‌ڵهێنجرا بوو، زۆر به تیژی له شوێنێکی تاریکه‌وه به‌رده‌بوویه‌وه، تا ده‌هاته نێو ده‌می ئه‌و حه‌وزه‌ی که ئه‌م چه‌نانه له به‌رده‌میدا دروست کرا بوو.
له بیرمه کاتێک سه‌رم دانه‌وانده‌وه بۆ کڕنوشی یه‌کێک له ته‌وته‌مه‌کان له‌و تاریکه سه‌ڵایه هێنده به سه‌ختی سه‌رم به‌ر بتێکی ته‌ڕ و ڕووت که‌وت، ئێستاش کاتێک ده‌چه‌مێمه‌وه قه‌یتانی پێڵاوه‌کانم ببه‌ستم برووسکه‌یه‌ک به سه‌رما دێ و حه‌زه‌ر له پێش سه‌رما ده‌که‌م. ئیتر ئه‌وه قه‌ده‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی هۆش بوو بۆ من بۆیه ده‌ڵێم گه‌ڕانه‌وه‌ی هۆش، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌موومان خاوه‌نی گیانه‌وه‌رێک له هۆشین، به‌ڵام هه‌رکه ده‌بین ده‌وری به دیوارێکی وا هه‌ڵده‌چنرێت که هه‌ندێک جار هه‌موو ته‌مه‌ن به‌شی ڕزگار بوونی ناکات. بۆیه هه‌ر ده‌موده‌ست کاتێک به خه‌به‌ر هاتم و له ده‌رگای پشته‌وه ده‌رکه‌وتم به‌رز بوومه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک که‌وا ببینم شارێک له به‌رده‌ممدایه که کوتومت که‌له‌سه‌رێکه یه‌ک پشوو خوێنی ته‌مه‌ن ده‌خواته‌وه بۆ خزمه‌تی ته‌وته‌مه‌کان. دوای ڕامان‌و وورد بوونه‌وه‌یه‌کی قووڵ له پڕ به خه‌یاڵمدا هات بگه‌ڕێمه‌وه نێوی و له نزیکه‌وه پشکنینێکی بابه‌تی و ووردی بۆ بکه‌م. سه‌ره‌تا نه‌خشه‌که‌م وابوو که له مێژوویه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م، بۆیه ده‌کرێت بڵێم هه‌نگاوی یه‌که‌مم له به‌رده‌م سه‌خت ترین ئه‌رکدا بوو، چونکه ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له به‌ر ده‌ستمدا بوون بۆ پشت به‌ستن پێیان هه‌موویان سه‌رچاوه‌ی ناڕاست و دروست کراو بوون که ده‌کرا ناویان لێ بنێم سه‌رچاوه پیرۆزه‌کان، هه‌ڵبه‌ته ئێوه‌ش خۆتان باش ده‌زانن که دواین کڕنوشم قۆچێکی به‌رانانه بوو له پیرۆزییه‌کی ڕه‌ق و ڕووت، وای لێ کردم له ته‌واوی شته پیرۆزه‌کان بسڵێمه‌وه، بۆیه ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌کی قورس بوو بۆ ده‌ست پێ کردن، گران بوو بۆم به پشت به‌ستن به ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی باس له پیرۆزی که‌له سه‌ر ده‌که‌ن. به هه‌ر حاڵ بڕیارم دا هه‌رچی توانا‌و ئه‌زمونم هه‌یه به گه‌ڕبخه‌م، تا چه‌ند لایه‌نێکی شاراوه‌ی ئاشکرا ده‌که‌م، بیرم دێت یه‌که‌م شت که کردم له دیواره‌کانی نزیک بوومه‌وه تا بزانم ئێسقانه، یان به‌رد. ئه‌وه بوو بۆم ده‌رکه‌وت تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوو له هه‌ردوکیان. له‌تێک کاربۆنم پێ بوو ئه‌وه‌ی که پێی ده‌گووترێت کاربۆنی چوارده‌و ئاسه‌وارناسه‌کان له توێژینه‌وه‌کانیاندا به کاری ده‌هێنن بۆ دۆزینه‌وه‌ی مێژووی ئاسه‌واره‌کان،ئه‌م بیرۆکه‌یه‌م له سه‌ر وه‌ختێکدا بۆ هات کاتێک سه‌رقاڵی ئاماده کردنی نه‌خشه‌ی کاره‌کانم بووم هه‌ڵبه‌ته وه‌ک باسم کرد گرانترین هه‌نگاو له به‌رده‌مدا پشکنینی لایه‌نه مێژوویه‌که‌ی بوو، منیش ئه‌و پارجه کاربۆنه‌م بۆ ئه‌وه به‌کار ده‌هێنا، تا سه‌رده‌م و زه‌مانی دیاری بکه‌م، دواجار بێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌رگاو کڵۆم و میحرابه‌کانی نزیک بکه‌ومه‌وه، تا له باره‌ی ئاینه‌کانه‌وه ده‌یان دوێنم. هه‌نگاوێکی تر له نه‌خشه‌که‌مدا ڕۆچوون بوو به نێو مۆخیدا، کشان به نێو دیوی ناوه‌وه‌ی دیواره‌کانیدا، ڕووت کردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌له‌ورو شه‌مشه‌م و کونه‌په‌پووانه‌ی، تا ده‌ستم گیرده‌بێت له مۆرکی وێردی شه‌یتانه‌کانی سه‌ر جه‌سته‌یان، له‌ولاشه‌وه بێمه سه‌ر ئاوه ئه‌فسانگه‌راکان و سه‌رچاوه‌کانی، ئایا ڕاسته ده‌رمانی گه‌ڕوگولانه؟! ئایا ڕاسته ئه‌وه‌ی زۆری لێخواته‌وه ته‌ندروست ترینیانه؟! وویستم کۆی گشتی حیکایه‌تی سه‌ر دیواره‌کانی بسه‌لمێنم، ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی که پێی وایه، له‌سه‌ر هه‌موو که‌سێکه ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک نا، پێویسته هه‌موو ساڵێک، ئه‌گه‌ر هه‌موو ساڵێک نا، پێویسته له درێژایی ته‌مه‌نیدا یه‌کجار وه‌سڵی جیاوازی خۆی ده‌رکاو له ناو یه‌کڕه‌نگی کۆمه‌ڵدا پاک بێته‌وه. ئه‌مه‌و سه‌دان حیکایه‌تی له‌و چه‌شنه…
یه‌که‌م جار زۆر به هێوری به دیقه‌تما شۆڕ بوومه‌وه، تا چوومه ته‌نیشت ده‌رگاکه‌ی، دیاره وه‌ک دۆخێکی ئاسایی پێش ئه‌وه‌ی له ده‌رگاکه بچمه ژووره‌وه له لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆر چاودێره‌وه هاتمه پشکنین، به‌ڵام ئه‌م جۆره پشکنینانه مرۆڤیان وه‌ک ئه‌وه‌ی که مرۆڤه‌و که‌وێڵه‌یه‌کی ته‌ژی له ڕه‌هه‌نده نه‌ده‌پشکنی نه‌ده‌کاران پرسیاره ووجودیه‌کانی لێکده‌نه‌وه‌و بیکه‌نه بابه‌تی ئه‌و ڕێگایانه‌ی وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی (فیزیۆلۆجی،ئه‌نسرۆپۆلۆجی،سیسیۆلۆجی،هتدا..) لێکدانه‌وه ده‌به‌خشێت. ئه‌زانم خه‌ریکه ماندوو ده‌بی له گوێگرتنم، به تایبه‌ت لێره‌وه کاتێک قسه‌کانم خه‌ریکه تۆزێک به ئاراستیه‌کی ئاڵۆز‌و ووشکدا ده‌ڕۆن، به‌س حه‌زه‌که‌م ئه‌وه‌ش بڵێم؛ زۆر جار ناوه‌ڕۆکی به پێز له نێو ئاڵۆزیدا خۆی حه‌شار ده‌دا، جا بۆیه پێی ده‌وترێت ناوه‌ڕۆک، چونکه هه‌ندیک جار توێکڵێکی سه‌خت و ئاڵۆز‌و هه‌ندێک جاریش نازک ده‌پێچێته خۆیدا، هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ست له‌م کاره‌ی (ناوه‌ڕۆک) ئه‌وه‌یه، تا بتوانێت له ڕۆژگاردا به‌رگه‌یه‌کی باشتر بگرێ و خۆشی له نه‌یارانی بپارێزێت. لێره‌دا ببینه ئه‌و مه‌به‌سته‌ی من هه‌مه، ئه‌توانین ناوی بنه‌ین ناوه‌ڕۆک، خۆته‌زانی ئه‌م ناوه‌ڕۆکه‌ش له ئێستادا له پێش ئه‌و نه‌یارانه‌ی دایه که باسمان کرد، به کورتی و ساده‌ترین ووشه گه‌ر بێت و له‌م کۆنترۆڵه‌ی به‌رده‌ممان ده‌ست به‌سه‌ر کرێت جارێکی تر به‌م شێوه‌یه گوێت له ده‌نگم نابێت هه‌م ناوه‌ڕۆکه‌که به توێکڵه‌وه فڕێده‌ده‌نه ناو دۆزه‌خی گوناهباره‌کانه‌وه، هه‌م منیش بۆیاخێکی زه‌رد ده‌که‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی توێکڵه‌کانی جه‌سته‌یان پشکنیم، وه‌ک خوڵقی پیاوێک کاتیک شتێک له ژێر کڵاوه‌که‌یدایه‌و به‌رده‌وام کۆنترۆڵی ده‌ستی بۆ ناکرێ و ده‌ست بۆ کڵاوه‌که‌ی ده‌بات، یان سه‌ر ده‌خورێنێت، وه‌ک زمانی جه‌سته‌ی بڵێت: ئه‌هاهای مه‌ردوم شتێک له ژێر ئه‌م کڵاوه‌یه. نه‌متوانی ده‌می خۆم بدورێنمه‌وه‌و هیچ نه‌ڵێم، له پڕ ده‌مم نه‌وه‌ستاو ووتم: ئه‌مه شێوازێکی نه‌شیاوه ئێوه ده‌یکه‌ن، بۆ وا مه‌ردوم ده‌پشکنن؟! تۆزێک لێم ڕامان و وه‌ک بڵێن ئه‌مه پرسیاریکی سه‌یر و نامۆیه، باش بوو یه‌کیان به که‌مته‌رخه‌مییه‌که‌وه ووتی: نه‌با شتێکی ڕوناککه‌ره‌وه‌ت پێ بێت. ووتم: بۆچی چما ڕوناکی قه‌ده‌غه‌یه؟ به توڕه‌بوونێکی زیاتره‌وه شیڕاندی: بۆ چما نازانیت له کتێبه پیرۆزه‌کانماندا هاتووه ڕوناکی حه‌رامه! ها، نه،نه نه‌مزانی، سه‌رم کز کردوو ڕۆشتم، که‌س نه‌یزانی چاوه‌کانم پڕ بوون له چه‌پکی تیشک. ماوه‌یه‌ک به ته‌کان هه‌نگاومنا، تا گه‌یشتم چه‌په ڕێ یه‌ک که دڵنیا بووم شوێنێکی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌لامه‌ته. یه‌که‌م شت که کردم ئه‌و کوته کاربۆنه چوارده‌یه‌م ده‌رهێنا که به دیوی ناوه‌وه‌ی مڵاژومه‌وه چه‌سپی بوو، کاتێک به ئه‌سپایی خشاندم له دیوی ناوه‌وه‌ی که‌له سه‌ره‌که، هه‌ی هووو بۆ چ زه‌مانێک ده‌گه‌ڕایه‌وه. په‌ڕاوی ڕیکۆرده بچکۆله‌که‌ی به‌ر باخه‌ڵم ده‌رهێناو یه‌که‌م ده‌ستپێکم تۆمار کرد. دیسانه‌وه ده‌ستم به ڕۆشتن کرد له په‌نا زه‌لکاوێکدا له پشته‌وه به هێمنی ده‌ستم برد‌و بۆقێکم گرت له سه‌ر له‌ته تاوێرێک به‌نجم کردوو سکیم هه‌ڵدڕی، مشتێکی باش (مۆرف)و(فۆنه‌تیک)و پیتی لێبه‌ربوویه‌وه، کۆم کردنه‌وه‌و تۆزێک ژه‌ندم به ئاوه‌کاداو به چه‌مکی لایه‌ک له کراسه‌که‌م ووشکم کرده‌وه‌و باوه‌ڕ بکه له‌و تاریکییه‌دا وه‌ک مرواری ده‌دره‌وشایه‌وه، ده‌می یه‌کیک له شوشه‌کانم کرده‌وه‌و به وردی تێمڕشت. ئه‌وه‌ی مایه‌وه چه‌ند شتێک بوون، یه‌کێک له‌وانه ئه‌و باڵندانه بوون به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌وژێر خۆیان به دیوی ناوه‌وه‌ی کاسه سه‌ره‌که‌دا هه‌ڵواسی بوو، یان ئه‌وانه‌ی که کوتومت په‌یکه‌رێک بوون و زه‌ق زه‌ق چاویان بڕیبووه ناو چاوت. ئه‌و گشته شه‌مشه‌مه‌کوێره ڕه‌ش و سپی و زه‌ردانه‌ی به شێوه‌یه‌کی چڕ‌وپڕ به ناو یه‌کدا ده‌چون، بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێک به‌ری یه‌کێکی تر بکه‌وێت هه‌ر له دیمه‌نی ماڵی دراکویڵه‌یه‌ک ده‌چوو خوێن له درزه پیرۆزه‌کانیه‌وه چۆڕاوگه‌ی به‌ستبێت. لای مڵاژوشیه‌وه کونه‌په‌پووه‌کان ڕه‌ق وه‌ستا بوون، ده‌تووت به سه‌ر که‌ژاوه‌یه‌که‌وه‌ن، که‌وا گووتاری زاوزێ بۆ مشکه‌کان ده‌ڵێنه‌وه. ده‌ستم برد‌و شه‌مشه‌مه‌کوێره‌یه‌کم گرت، تا سه‌ریم به له‌تێک تیشک په‌ڕاند به چڕنووک و دگانه تیژه‌کانی ده‌ستوپلمی داماڵی، ئه‌گه‌ر بڕواشناکه‌یت، ها.. ئه‌وه ده‌ستم بۆنیکه، بزانه هێشتا بۆنی ئه‌و ڕۆژه‌ی لێنایه‌ت! ها، بۆنی دێت، وایه؟
به هه‌رحاڵ دوای ئه‌وه هاته سه‌ر کونه‌په‌پووه‌کان، دیم یه‌کێک له کونه‌که‌یدا خه‌وه‌نوچکه ده‌یبرده‌وه، ده‌ستم برد گرتم و هێنامه خوار، که ده‌می کرده‌وه پێڵایه‌ک ژه‌هری هه‌ڵهێنایه‌وه‌و ڕژایه سه‌ر په‌ڕاوی ڕیکۆرده‌که‌مدا، مشکێکیش به ساقی له جیقلدانیه‌وه هاته ده‌رێ و کاتێک ئه‌و دیمه‌نه‌ی دی له‌رزی لێهات و ده‌سڕه‌که‌مم پێچا پیایدا، دواتر خستمه به‌رباخه‌ڵمه‌وه. له ڕاستیدا نازانم چه‌نده ڕێگام له پشتمه‌وه بڕی بوو، له پڕ هه‌ستم کرد له‌و ئاوه نزیک بوومه‌ته‌وه که له نه‌خشه‌که‌مدا هه‌یه، چونکه بیستومه ئه‌وه‌ی له په‌ناو له نێویدایه هه‌ست به هیچ دۆخێکی نا ئاسایی ناکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ک لێی دابڕێ و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ری هه‌ست به‌و هاڵاوه ناخۆشه ده‌کات که هه‌ر له بۆنی هێلکه‌ی پیس ده‌چێت. پاشان من به‌و کارانه‌وه نه‌وه‌ستام که له درێژه‌ی گه‌شته‌که‌مدا ئه‌نجامم دابوون، به‌ڵکوو هه‌وڵم دا له‌و حه‌وزه نزیک بکه‌ومه‌وه که منداڵ و لاو و پیر تیایدا مه‌له‌یان ده‌کرد، بۆ ساتێک به واقوڕماوی وه‌ستام و غایه‌له بردمیه‌وه بۆ لای ئه‌و باڵندانه‌ی به سه‌ر ده‌ریادا ده‌فڕین، له ناکاو گریانی منداڵێک گه‌ڕاندمیه‌وه بۆ نێو ئه‌و شڵپوهوڕ و هه‌راوزه‌نایه‌ی نێو کاسه سه‌ریان پڕ کردبوو، ئاوێکی زۆر سه‌یر بوو، تا ئه‌و کاته هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره‌م لا گه‌ڵاڵه نه‌بووبوو، که بیخه‌مه نێو تیۆره‌یه‌کی به‌راوردسازییه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بێزاری کردم ئه‌وه بوو هه‌موان زۆر به شێوه‌یه‌کی ڕازی شڵپوهوڕیان تیادا ده‌کرد. زۆر جار ڕێکده‌که‌وت ئاو ده‌چویه چاوی ئه‌و منداڵانه‌وه که نازکونۆڵانه باڵیان تیادا ڕاده‌وه‌شان، ئه‌وه‌ش ده‌بوویه هۆی کزانه‌وه‌ی چاویان و ده‌ستیان به گریان ده‌کرد، دوایی دایکیان به زه‌رده‌خه‌نده‌وه لێیان ده‌چونه پێش و به‌و قسانه ژیریان ده‌کردنه‌وه که بۆ ئه‌به‌د کوێراییان دانایه‌ت. گه‌نجه‌کان به گومان و هه‌ندێکیان سه‌رسه‌ختانه گوێلیان لێ پڕ ده‌کردو ده‌یان نایه سه‌ریانه‌وه. پیره‌کان سه‌ریان به قوتا ده‌کرد و له ژێره‌وه چاویان ده‌کرده‌وه.
نه‌متوانی زیاتر ڕامێنم به هه‌ر په‌له‌پڕوزه‌یه‌ک به‌ره‌و ئه‌و تاریکییه کوتام که به ئاسته‌م چاو ده‌یبینی و به ده‌گمه‌ن مرۆڤیش وێرای ئه‌وه‌ی کرد بوو پیایدا تێپه‌ڕێت، چووم و هێنده چووم، تا ده‌ستم گه‌یشت به‌و کارێزه‌ی که له ئاوڕه‌گی باپیره‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌قوڵا، ئیمپراتۆریه‌تی تاریکییه.
باوه‌نوور/4/1999
Nuri.amin@yahoo.co.uk