Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
ئیسلام لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا ن/ ئیبراهیم غەرابیە

ئیسلام لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا ن/ ئیبراهیم غەرابیە

Closed
by February 24, 2008 گشتی

لەعەرەبیەوە/ هێمن مەحمود….

 مەسەلە دەرەكیەكان زۆر بەدەگمەن رۆڵێكی یەكلایكەرەوە دەبینن لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، لەبری ئەوەش مەسەلە ئابوری و كۆمەڵایەتیە ناوخۆییەكان ئەم رۆڵە دەبینن.
 بەمانایەكی وردتر، تەنانەت ئەگەر مەسەلە سیاسیە دەرەكیەكان توێژێكی بەرفراوانی رای گشتی ئەمریكیش بەخۆیەوە خەریكبكات، ئەوا رۆڵی لە بڕیاری دەنگدەردا نابێت.
 لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای روداوەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001ەوە مەترسی ئەمریكیەكان لەئیسلام، بوەتە یەكێك لەمەسەلە گرنگەكان لەبریاری دەنگدەری ئەمریكیدا.
 جۆرج بۆش ئەم مەترسیەی لە راگەیاندنی سیاسەتەكانی لەشەڕی دژ بەتیرۆردا ئیستغلالكرد،و ئەویش بەبەكارهێنانی هێرشی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر بزوتنەوەی قاعیدە، و دواتریش بۆسەر رژێمی تاڵیبان لەئەفغانستان.
 ئەم پیاوە و تیمەكەی كە بە پارێزگارە نوێیەكان ناودەبرێن بەردەوامبون لەسەر بەرنامەكانی دیكەیان كە پەیوەندی راستەوخۆی بە روداوەكانی 11ی سێپتەمبەرەوە نەبوو وەك داگیركردنی عیراق و روخانی رژێمەكەی سەدام بەبیانوی چەكی كۆكوژەوە كە دەتوانێت ئاسایشی ئەمریكی بخاتە بەر مەترسی.
 سەرەڕای نەدۆزینەوەی هیچ چەكێكی كۆكوژ لەعیراق و نەسەلماندنی پەیوەندی نێوان سەدام حسێن و قاعیدە یاخود تاڵیبان، بەڵام جۆرج بۆش و حیزبەكەی بەردەوامبون لە تەوزیفكردنی ئەوترسە لە ئیسلامە تەمومژاوییە دوورەكە،و لە بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی زۆرینەی ئەمریكیەكان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2004دا وتوانی بۆ جاری دوهەم ببێتەوە بەسەرۆك.
 بەڵام لەگەڵ بەردەوامبونی شەڕی دژە تیرۆر و شەڕی بێ كۆتایی عیراق،ئەوا زۆرینەی رای گشتی ئەمریكی دوبارە بە تێڕوانینەكانی خۆیاندا دەڕۆنەوە و متمانەیان بە بۆش وپارێزگارە نوێیەكان كەمدەبێتەوە.
 بەڵام ئیسلامە تەمومژاویی و دوورەكە هەر بەسەرچاوەی ترس ماوەتەوە، هەندێك لە سیاسیەكان بەردەوام لە پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردنەكانیاندا بەكاری دەهێنن.
 شەڕی عیراقیش تا ئێستا یەكلایی نەبوەتەوەو ساڵانە نزیكەی 100ملیار دۆلار لەخەزێنەی ئەمریكی بۆتەرخاندەكرێت و هەزاران كوژراو بریندار لێ دەكەوێتەوە.
 لەبەرەی دیموكراتەكانیشەوە سیناتۆر"هێلاری كلینتۆن" دەنگی بۆ شەڕی عیراق داوە، لەكاتێكا سیناتۆر"باراك ئۆپاما" یەكێك بوە لەو كەسە دەگمەنانەی كە دەنگی بۆ ئەو شەڕە نەداوە.
 بەدڵنیایشەوە ئێستا"هێلاری"  دەیەوێت بیانو بۆ ئەو دەنگدانەی بهێنێتەوە بەوەی كە ئەو كردارەی ئەو لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بوە كەلەو كاتەدا"2003" لەبەردەستدا بون، كە دواتر سەلمێندرا راست نەبون.
 "ئۆپاما"یش كە ركابەری یەكەمی "هێلاری"یە دەیەوێت شانازی بەوەوە بكات كە دەنگی بۆ ئەو شەڕە نەداوە.
 كاتێكیش "هێلاری" و"كلینتۆن"ی پیاوی بەوە وەڵامیان دایەوە كە ئۆپاما لەساڵانی دواتردا دەنگی بۆ تەمویلكردنی ئەو شەڕە داوە، ئۆپاما وەها وەڵامی دایەوە كە مادام سەربازەكانمان لە گۆڕەپانی جەنگدان، هەرچەندە ئەو لەگەڵ ناردنیشیاندا نەبو،بەڵام هەرگیز بێ چەك وئازوقە بەجێیان ناهێڵێت.
 لەبەرەی كۆمارییەكانیشەوە، واتە حیزبەكەی سەرۆك بۆش كە شەڕی ئەفغانستان و عیراقیان هەڵگیرساندوە، نوێنەرەكانیان زۆر باسی بڕیاری جەنگ ناكەن، زمانی حاڵیشیان ئارەزوی ئەوە دەكات كە ئەو مەسەلەیە گرنگی كەمبكرێتەوە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا یان لەبیرببرێتەوە.
 ئەگەر دەنگدەرانیش سوربن لەسەر ئەو پرسیارە لە پاڵێوراوەكانیان، ئەوا ئەوان هەروەك "هێلاری كلینتۆن" دەكەن، واتە ئەوان لەسەر زانیارییەكانی ئەو كاتە پشتگیری جەنگیان كردوە.
 لەگەڵ ئەوەشدا دوو حاڵەتی ئیستسنائیشمان هەیە، یەكەمیان سیناتۆر "جۆن ماكین"ە كە بەر لە 30 ساڵ پێش ئێستا دیلی جەنگ بوە لەشەڕی ڤێتنامدا، و پشتگیری لەهەر بریارێك دەكات كە لەبەرژەوەندی ئاسایشی ئەمریكا و هێزە چەكدارەكانی بێت.
 حاڵەتی دوهەمیش "رۆدی جۆلیانی"یە كە لەكاتی هێرشەكانی نیۆیۆرك دا عومدەی ئەو شارەبوە و توانیویەتی بەهۆی ئیدارەدانی ئەو روداوەوە ناوو ناوبانگێكی چاك لەئاستی ئەمریكادا بەدەست بهێنێت.
 هەرئەم ناوبانگیەش بوو كە وەهایكرد بیرلەوەبكاتەوە خۆی بۆپۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكای هەڵبژێرێت.
 هەروەها رودواوەكەی 11ی سێپتەمبەریش بەرادەیەك تەوزیف دەكات كە موبالەغەیەكی ئاشكرای پێوە دیارە، زیاتر لەوەش ئەم تەوزیفكردنە ئەم پیاوەی خستۆتە دۆخێكی رەگەزپەرستیەوە دژ بە ئیسلام و موسڵمانەكان.
 بۆنمونە لەكاتی روداوەكەی نیۆیۆرك دا كە "وەلید بن تەلال"ی ئەمیری سعودیە 1ملیۆن دۆلاری پێَش كەشكرد بۆ دوبارە بنیاتنانەوەی تاوەری بازرگانی جیهانی، نەك هەر ئەو پارەیەی رەتكردەوە بەڵكو ئاینی ئیسلام و شوێنكەوتوانی بەهۆكاری هەموو ناخۆشیەكانی جیهان وەسفكرد.
 لەیەكێك لە مونازەرەكانی نێوان پاڵێوراوەكاندا كە رۆژنامەی (هێراڵید تربیبیون) بڵاویكردۆتەوە، خاوەن بەرنامەكە بەشێوەیەكی تۆمەت ئامێز پرسیارێك لە پاراك ئۆپاما دەكات دەربارەی ئەو پڕوپاگەندەی كە گوایە ئۆپاما موسڵمانە، ئۆپاماش بەشێوەیەكی یەكلایەكەرەوە وەك ئەوەی بڵێ من بێ گوناهم لەو تاوانە بەدوو وشە وەها وەڵام دەداتەوە: من مەسیحیم.
 یەكێك لەنوسەرەكانی ئەم رۆژنامە سەنگینە دەربارەی ئەمە بڕوای وایە كە غەوغائیەت و رەگەزپەرستی هەندێك لەپاڵێوراوەكان خەریكە هەموو كەشی سیاسی ئەمریكی ژەهراوی دەكات، و بەرەو دۆخێكی دەمارگیری ئاینی وەها دەیبات كە رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی سێ سەدەیە تێیان پەڕاندوە.
 هەرهەمان نوسەر كە"جەیمس كارۆل"ە نوسینێكی "رەزا ئەسڵان"ی ئەكادیمیستی موسڵمان دەهێنێتەوە كە ناوەڕۆكەكەی باس لەوە دەكات كاتێك بن لادن دوو تاوەرەكەی نیۆیۆركی تەقاندەوە هێندە مەبەستی داگیركردنی وڵاتی دووری دوژمن نەبو، بەڵكو ئامانجی سەرەكی  شەڕی پاككردنەوەبوو لە دارولئیسلامدا.
 هەروەها "ئەسڵان"دەڵێت ( بن لادن تارادەیەك توانی سەركەوتوبێت، چونكە 11ی سێپتەمبەر  بەفیعلی خەزێنەیەكی قوڵی لە بڕوا و سۆزی وەها تەقاندەوە كە زەمەنێكی زۆربوو پوكابویەوە).
 ئەم نوسەرە ئەمریكیە دەپرسێت چۆن پاڵێوراوە ئەمریكیەكان كەوتونەتەوە ئەو تەڵە رەگەزپەرستیەوە، واتە بانگەشەكردن بۆ ئەوەی كە بەئیسلام فۆبیا  یاخود  فاشیەتی ئیسلامی ناودەبرێت، لەكاتێكدا كە پێویستە لەسەر ئەمریكا كە مامەڵە لەگەڵ ملیارو چارەكە ملیارێك موسڵماندا بكات لەجیهاندا، ئەمە جگە لەبەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست وباكوری ئەفریقیا و باشور ورۆژهەڵاتی ئاسیا؟.
 سەرچاوە/
 رۆژنامەی "الرایە"ی قەتەری
 
Hemnm1979@yahoo.com
 
 

Previous
Next