یاساى کارى ڕۆژنامەنووسى یاسایەکى دواکەوتو و کۆنەپەرستانەیە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە
ڕێبین فاروق…..
سەندیكاى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان كە ڕێكخراوێكى سەربە یەكێتى و پارتیە , فەترەیەك بەر لەئێستا پڕۆژە یاسایەكی كۆنەپەرستانەى لە چوارچێوەی فكر بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى و ئیسلامیەكان ئامادەكردو بردیە بەردەم ئەندامانى پەڕلەمانى كوردستان و دواى گفتوگۆكردنى ئەندامانى
پەڕلەمان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە , ناڕەزایەتیەى لە سەرجەم ئەندامانى پەڕلەمان بەرزبۆیەوە سەبارەت بەو مەرج و سزا و كۆتوبەندانەى كە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان دانراوە "كــەمـــە" و دەبێت ئەو سزا و كۆتوبەندانە زۆرلەوە زیاتر بكرێت كە لە پڕۆژەیاساكەدا هاتوە , ئەندامانی پەڕلەمان لەگەورە تا بچوكیان ئەو كۆت و بەند و سزا و غرامەكردن و بەستنى زمانى ڕۆژنامەنووسانانیان بە كافى نەزانى بۆیە ئەو بڕیارانەی كەلە پڕۆژەیاساكەدا هاتبون لەسایەی پەڕەماندا قورستركران و بەتێكڕاى دەنـگ ، دەنــــــگ لەسەر ئەو پڕۆژە كۆنەپەرستانەیە درا و یەك دوودانە لە ئەندامانى پەڕلەمان كەبەحسابى خۆیان لە هاوپیشەكانیان ئازادیخوازترن دەنگێكى نوزنیان بۆ خۆڵ كردنەچاوى ڕۆژنامەنووسان هەڵبڕى كە نەیتوانى ببێتە مایەى گوێگرتن لێیان .
لەچەند ساڵى راِبردوودا جامى خەڵكی كوردستان لێى دەڕژا لەسەریە لەسەریەك ناڕەزایەتى بەڕىَ دەكەوت , تادەهات ئەو ناڕەزایەتیانە بەرفراوانتر دەبۆیەوە و ڕۆژبەڕۆژ ژێرپێى ئەحزابى دەسەڵاتدارى كوردستان خاڵیتر دەبۆیەوە , خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى و هوهــــا كێشان لە دەسەڵاتدارانى كوردستان و بەردەباران و ڕاپەڕینى یەك لەدواى یەكى خەڵكى كەلار و كفرى و ڕانیە و هەڵەبجە و ئاكرى و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و سلێمانى و دهۆك و هولێر ….. . ناڕەزایەتى خوێندكاران بەدەست هەموو ئەو نەهامەتیانەى كە ڕۆژێك كێشەی داخلى و ڕۆژێك نەبونى هیچ پێداوستیەكى خوێندن و ….., شۆفێران بەدەست نەبونى بەنزین و , هاوڵایان بەدەست گرانى بازاڕ و نەبونى هیچ خزمەتگوزاریەكى سەرەتایى , لاوان بەدەست ئەو جەهەنەمە خێلەكیانەى بەسەریانەوە ڕاگیراوە , قەسابخانەیەك كە بۆژنان دانراوە …….., شاهیدى ئەوڕاستیەن كە جێگەوڕێگەى دەسەڵاتداران لە كامەشوێنى ئەم كۆمەڵگەیەدایە , بەڵام وەختێك ئەمڕاستیانە ڕوپەڕى ڕۆژنامەكان دادەگرێت و خەڵكى مودافع لە مافەكانیان دێنە سەرجادە و كۆمۆنیستەكان وەك ڕابەرى ناڕەزایەتیەكان بەدیلى خۆیان پیشان دەدەن , دەسەڵاتى لێوارى مەرگ دەكەوێتە پەلەقاژەى ئیتیفاقاتى كۆنە پەرستانە وەك دوا وەڵام بۆ سەركوتی خەڵك و مانەوەى خۆى , دێن ڕێكەوتنى هەمەلایەنە و ستراتیژى ئەنجام دەدەن لە كۆكتێلێك لە پارتى و یەكێتى و ئەحزابى ئیسلامى و ئەوانى دیكەى گوێڕایەڵى خۆیان بەرەیەك پێك دەهێن بۆ خنكاندنى ئازادى .
ئیسلامیەكان بەمەرجیك ڕێكەوتنى ئستراتیجى ئەنجامدەدەن كە كەس ڕەخنە لە دین و بیرو باوەڕەدواكەوتوەكان نەگرێت , وە نابێت كەس باسى گەندەڵى و دزى و ڕاوڕوت وسەروەت وسامان هەڵوشین و ڕێكەوتن و ساتوسەوداى ژێربەژێر نەكەن لەبەر ئەوەی ئەمانە دەچنە بابى هەواڵى نهێنى و پاراستنى ئاسایشى و زڕاندنى ناوى سەركردەكانیان .
یاساى كارى ڕۆژنامەنووسى لەناو ئەم ڕێكەوتنە ئستراتیجیەوە هاتەدەرەوە بۆ ئەوەى ئەمانە لەڕێگەى یاساوە بەر بەو ناڕەزایەتیانە بگرن و بەیاساى كۆنەپەرستى سوار ملى ناڕەزایەتیەكانى خەڵكى كوردستان ببن .
میدیاكان و ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەودەلیلەى كە هۆكارى دیفاع و ناڕەزایەتى بەڕێخستنن, بۆیە لەڕێگەى ئەم جۆرەیاسایەوە ئاستەنگیان بۆ دەهێنرێتە پێشەوە , جابۆیە پێویستە لەسەر تەواوى خەڵكى ناڕازى كوردسان بێن دیفاع لە ئازادیى بێسانسۆرى ڕۆژنامەوانى بكەن , خەڵكى كوردستان چەندین ساڵە تێكۆشاون و قوربانیانداوە لەپێناوى ئازادیدا , كەچى ئێستا ســەندیكـا و پـەڕلـەمـانەكەى یەكێتى و پارتى بە دەیان سنور و مەرجى كۆنەپەرستانە بۆ ئازادى دادەنێن و زۆر بێشەرمانە لە میدیاكانەوە خەڵى كوردستان بە كۆنەپەرستو دواكەوتو ناودەبەن (كەریم بەحرى)ئەندامى لیژنەى یاسایى پەڕلەمان لە ڕێگى (ڕادیۆى نەوا)وە ڕایگەیاند خەڵكى كوردستان دواكەوتون و یاساى مەدەنى و ڕادیكاڵیان پىَ هەزم ناكرێت بۆیە دەبێت یاسایەكى كۆنەپەرستانەیان بۆ (دابنێین) .
جابۆیە نـــــە ئەندامانى پەڕلەمان و نــــــە پەڕلەمان و نـــــە سەندیكا و نــــە ئەحزابى ئیسلامى بەهیچ شێوەیەك نوێنەرى ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان نین و بەڵكو نوێنەرى ڕوتى كۆنەپەرستى كۆمەڵگەن .