Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
گوڵێك به‌ بۆنی غه‌ریبی من هه‌ڵوه‌ری…. داناعه‌سكه‌ر

گوڵێك به‌ بۆنی غه‌ریبی من هه‌ڵوه‌ری…. داناعه‌سكه‌ر

Closed
by November 8, 2009 ئەدەب

 

   danaasker@yahoo.com

" پێشكه‌شه‌ به‌تۆ ……"

به‌رله‌نیشتنه‌وه‌ی ماچێك له‌سه‌ر لێوی حه‌زێكی ده‌روێشانه‌ بۆ عیشق
به‌رله‌ناڵه‌ی شمشاڵێكی دیل به‌ لێوی سۆفییه‌كی سه‌رشێته‌وه‌
بۆ ئایه‌ته‌كانی خاڵیی بوون له‌پیریی
كه‌س چه‌مێكی به‌ئیناسفی نه‌برده‌وه‌
سه‌ر میزاجی گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریوی دڵی من
تا تێرتێر به‌بۆنی غه‌ریبی ئێوارانم
له‌ته‌فسیری هه‌ڵوه‌رینی  گوڵێك حاڵیی بێت و
له‌گه‌ڵ پایزدا پیاسه‌یه‌ك به‌ پیربوونمدا بكات .
ئای له‌و جێهێشتنانه‌ی هه‌موو نیوه‌ڕۆیه‌ك بۆ یه‌كتری ده‌ڵیینه‌وه‌
سپیدانیش به‌رله‌وه‌ی داڵغه‌كان به‌سه‌ر ته‌نافی خه‌نده‌یه‌كدا ..
خۆیان هه‌ڵبخه‌ن
ره‌شه‌بایه‌ك به‌قه‌ستی بیرچوونه‌وه‌ پێیاندا ده‌ڕژێ
ئیدی نه‌ من به‌بۆن و به‌رامه‌ی دره‌ختێكی به‌ساڵاچووی
ته‌نیاییم  ، له‌سیحری ئه‌و چاوانه‌ ده‌گه‌م
نه‌تۆش له‌و هه‌ڵقرچانه‌ ده‌گه‌ی
كه‌ بۆ عیشق رژاوه‌ته‌ سه‌ر په‌ڕو باڵی حه‌سره‌ت و
شكانی پێكی شیعرێكی شووشه‌یی ده‌ستی مه‌ستان
چ وه‌رزێكه‌ بۆ هه‌ڵوه‌رینی ئیمانی من و هه‌راشبوونی هه‌ره‌سێك
به‌و جوانییه‌وه‌ له‌ تۆدا
ئه‌و جوانییه‌ی ، هه‌موو به‌یانییه‌ك بۆ چركه‌یه‌ك
ده‌مباته‌وه‌ فیرده‌وسه‌كانی خاڵیی له‌ گووناه ، خاڵیی له‌ ته‌نیایی
ئه‌و ده‌مانه‌ی له‌نێوان من و تۆدا
شێتییه‌ك ده‌بێته‌ پاڵه‌په‌ستۆی سۆز و
له‌ وه‌رزی تووڕه‌بوونماندا ، پڕ ده‌بێت له‌ به‌رائه‌ت
نازانم چۆن به‌ناحه‌ق ده‌سكاریی ئه‌و لاولاوه‌م كرد
كه‌تۆ به‌سۆزی گۆرانییه‌كی بناری سه‌فین
هه‌موو رۆژێ ئاوی ده‌ده‌ی
نازانم به‌رله‌كۆكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌ن
خه‌یاڵ چ گۆرانییه‌كی سه‌رشێت له‌ناخمدا هه‌ڵده‌كات و
له‌قرچه‌قرچی سۆڵۆی كه‌مانێكی یاخی له‌ ژه‌نین
كۆتاییه‌كی بێشه‌ریك و لامه‌كان به‌ داهاتوومدا
دێت و ده‌ڕوات ، ده‌ڕوات و دێت
تاده‌گاته‌ سه‌ر كه‌مپێكی خاڵیی له‌ عیشق
خاڵیی له‌ بۆنی گوڵه‌كانی حه‌قیقه‌ت
خاڵیی له‌ جورئه‌تی نێوان من و تۆ و گه‌وجیی ژیان
ئه‌و ساته‌ی دۆستایه‌تی له‌مابینی ته‌وقه‌یه‌كی من و تۆدا
وردووخاشبوو
ئیدی نه‌ ره‌ونه‌قێك به‌روانینی قه‌ڵاوه‌ ده‌مینێ
نه‌ ئێوارانیش هاتووچۆیه‌كی مزری تێدا ده‌ڕوێ .
ئێمه‌ نامه‌یه‌كی داخراوین ،
دره‌نگ بۆ نووسینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌كرێینه‌وه‌
ده‌رنگ له‌مردنی باڵنده‌یه‌ك ده‌گه‌ین
دره‌نگ
ئه‌وده‌مانه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی مه‌حاڵ به‌ناونیشانی
قه‌سیده‌یه‌كی سه‌رشێتی منه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسی
ده‌رنگ .
تۆ حیكمه‌تێكی قه‌دباریكی ئه‌م حیكایه‌ته‌ سه‌رشێته‌ی منی
له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی رۆژه‌كانی سۆز و
پیاچوونه‌وه‌ی وانه‌كانی هه‌ڵفڕین
ته‌نیاییم پڕ ده‌كه‌یت له‌ گوڵی سه‌وسه‌ن
نه‌بادا له‌ به‌راویته‌بوونی خه‌نده‌یه‌ك و
ره‌وكردنی پێنووسه‌كان
هاتووچۆیه‌ك له‌ ئیحساسماندا نه‌زیفی پاكی بێت و
منیش كه‌سێك شك نه‌به‌م بۆ تیماركدنی دڵشكاویی خۆرنشین و
رزگاركردنی كچێكی مودمین به‌ عورف و عاده‌ت
تاله‌پاڵیدا ئیعلانی كوشتنی خۆمی تیابده‌م و
له‌كونجێكی قه‌ناعه‌تدا
باس له‌ مردنی ئاوازێك بكه‌م ، به‌لێوی شمشاڵێكه‌وه‌ هه‌ڵواسربێ .
ئای له‌و قه‌سیدانه‌ی پڕن له‌ خڵته‌ی شه‌ڕو گوومان و
ترس
كه‌هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ له‌ قامه‌تی خوێن و مردن و
تاوان كاڵترببنه‌وه‌ بۆ ژیان
كاڵترببنه‌وه‌ بۆ دڵنه‌وایی كچێكی شۆخ ،
به‌سه‌ر شان وملی خه‌ونێكه‌وه‌ شۆڕبووبێته‌وه‌
له‌خه‌ونی گه‌رمی قه‌سیده‌یه‌كی " نالی " بچێ
له‌كۆكردنه‌وه‌ی زامه‌كانی " حه‌بیبه‌ " ماته‌ڵبووبێ و
كه‌س دڵی نه‌یات وه‌ئاگای بكاته‌وه‌
چ خه‌ونێكی بێ ره‌نگه‌ داخستنی كتێبه‌كانی ژیان به‌ ڕووماندا
چ هه‌ورێكی ته‌ڵخه‌ نووستنی بارانی دڵنیایی
چ دارستانێكی بێ نه‌زیره‌ زه‌مه‌ن
لقه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ " با " سه‌وز ده‌بن
تفه‌نگه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ " ئاو " بۆنی بارووت و گولله‌ و
زام ده‌چڕن .
به‌باده‌ی شه‌رابی تاڵی شه‌ڕ
ده‌وه‌ن به‌ ده‌وه‌نی مه‌رگ ، به‌ڕووی راموساندا ده‌كرێته‌وه‌
هه‌ناره‌كانی ئومێد ، به‌ نه‌غمه‌ی گوناهه‌كانی قرتاندن
له‌ده‌سته‌كان یاخی ده‌بن و
ده‌نك ده‌نك
كه‌وتنی خۆیان و توڕه‌بوونی گه‌ڵاكان به‌جه‌سته‌ی ته‌ڕی زستان ده‌به‌خشن
چ سڕێكه‌
رۆژه‌كان تاسه‌ر لێوی زه‌مه‌ن ، پڕن له‌ پێكه‌نینی بێ ماناو
قسه‌ی بێ په‌ڕوباڵ و شیعری به‌سته‌زمان بۆ فێڵه‌كانی عیشق
عیشقێك وه‌ك شه‌راب تاڵ ، وه‌ك شه‌ڕ له‌كردنه‌وه‌ی ئاشتی ناگات
وه‌ك تیر به‌دیواوده‌ری ئیحساسمدا رۆبچێ
ره‌ش وه‌ك خه‌یاڵی جگه‌ره‌یه‌ك به‌لێوی مه‌راقێكه‌وه‌
بۆ ئاسمانێكی خاڵیی  له‌ هه‌ڵفڕین و نامۆ به‌ هه‌ڵكشان
نامۆ وه‌ك شیعرێكی عه‌یار به‌ به‌ژنی مامزه‌كانی ئه‌وین
نامۆ وه‌ك فیردۆس به‌بینینی مه‌ل و داڵ و ململانێ
نامۆ وه‌ك ئه‌و كورسیانه‌ی غه‌ریبی دانیشتن ده‌كه‌ن
نامۆ وه‌ك ئه‌و شه‌قامانه‌ی غه‌ریبی هاتووچۆ ده‌كه‌ن
نامۆ وه‌ك ئه‌و شیعرانه‌ی زه‌نگی غه‌زای عیشق لێده‌ده‌ن
وه‌ك ئه‌و بۆنانه‌ی شه‌ڕ ده‌یانباته‌وه‌ زوڵمه‌تی نووستنی شاره‌وه‌
نامۆ وه‌ك نووستنی گوڵێك به‌سه‌ر سنگی غه‌دره‌وه‌  .

كه‌ركوك

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.