نۆستالیژیا ڕێگایه‌ك بۆ خۆ به‌گه‌ردوونی كردن
شیعری (مه‌بێژه… نۆستالیژیا) یه‌كێكه له‌و شیعرانه‌ی شاعیری هه‌میشه یاخی (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) كه له دیوانی (ئۆدیسیۆس نێره یا مێیه؟) بڵاویكردوتهوه. ئه‌و شیعره جێگای هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنی ئێمه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی توانا لایه‌نه ئێستێتیكی و داهێنانه‌كانی تێیدا بدۆزینه‌وه. بێگومان لێره‌دا پێویست ناكات باسی ئه‌زموونی شاعیر بكه‌ین، چونكه ئه‌و هه‌میشه كه‌سێكی جوودا بووه چ له‌ڕووی زمانه‌وه بێت یان له ڕووی وێنه شیعرهیهكانی له‌ناو شیعره‌كانی، شاعیر هه‌رده‌م شتی سه‌یرو جوانمان پێشكه‌ش ده‌كات كه تووشی تێڕامان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆرمان ده‌كه‌ن. ئه‌م شیعره وامان لێده‌كات چه‌ند پرسیارێك لامان دروست بێت كه به‌ڕاستی ئه‌مه‌ش خاسیه‌تی ده‌قی جوان و زیندووه وه‌ك:
نۆستالیژیا چییه؟ چۆن خۆمان بدۆزینه‌وه؟ ئایا نۆستالیژیا تاكه ڕێگایه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان به‌گه‌ردوونی بكه‌ین؟ ئایا خۆ به‌گه‌ردوونی كردن واتای چییه؟ تاراوگه‌یی چیمان پێده‌به‌خشێت؟ ئایا نۆستالیژیا ڕێگایه‌كه بۆ داهێنان؟ خۆ به‌گه‌ردوونی كردن چیمان پێده‌به‌خشێت؟
ئه‌م پرسیارانه و چه‌ندان پرسیاری تر له‌ناو ئه‌م شیعره‌ی شاعیر ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه . وامان لێده‌كه‌ن به‌دوای وه‌ڵامه‌كانیان بگه‌ڕێین. به‌لای ئێمه‌وه ههردهقێك مرۆڤ (خوێنه‌ر) ڕووبه‌ڕووی پرسیاركردن نه‌كاته‌وه، وای لێنه‌كات پرسیاری لا دروست ببێت ئه‌وه ده‌قێكی زیندوو نییه، چونكه پرسیاركردن وا له مرۆڤ ده‌كات به‌دوای نهێنییه‌كان بگه‌ڕێت، به‌مه‌ش دیاره ئه‌و ده‌قه هه‌ڵگری نهێنییه بۆیه تووشی پرسیاركردنمان ده‌كات.
نۆستالیژیا زیاتر ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نێت كه كه‌سێك له تاراوگه‌یی و غه‌ریبیدا بژیت، هه‌روه‌ها یان كه‌سێك بیری ڕابردوو بكاته‌وه كه شتێكی له‌ده‌ست چووبێت كه زه‌حمه‌ت بێت پێی بگاته‌وه. حاڵه‌تێكه به‌سه‌ر زۆر له‌و كه‌سانه‌دا هاتووه كه له ئێستا و ڕابردوو به جۆرێك له جۆره‌كان داهێنانی جوان و مه‌زنیان كردووه، ئێمه لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمان له داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه.
ئه‌م تاراوگه‌یی و له‌ده‌ست چوونه‌ی شتێك له ڕابردوو وا له‌مرۆڤ ده‌كات جۆرێك له كه‌لێن له ده‌روونیدا دروست بێت، به‌مه‌ش ئه‌و مرۆڤه هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی تر ئه‌م بۆشایی و كه‌لێنه پڕبكاته‌وه، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بێت ناخ و ده‌روونی خۆی به‌شتێكی تر تێر بكات، لێره‌دا كه ناتوانێ ده‌ستی بگاته ئه‌و شته‌ی ده‌یه‌وێت ده‌بێت ڕێگایه‌كی تر هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه موماره‌سه‌ی بكات. ئه‌و ڕێگایه‌ش داهێنانه، جا داهێنانه له هه‌ربوارێك له‌ئه‌ده‌ب بێت یا هونه‌ر.
شاعیر له‌م شیعره‌یدا هانمان ده‌دات كه خۆمان ته‌نیا بكه‌ینه‌وه، نه‌ك هه‌ر دانیشین و بیر له ڕابردوو و غه‌ریبایه‌تی بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌مه له خۆكوشتنێك زیاتر هیچیتر نییه. له‌ئه‌ده‌بیاتی جیهانی و عه‌ره‌بی و كوردیش زۆرن ئه‌وانه‌ی له غه‌ریبایه‌تی و دووره وڵاتی ژیاون و كاریگه‌ری ئه‌و دووریه له‌سه‌ریان هه‌بووه و وای لێكردوون داهێنان و شتی جوان بكه‌ن،چونكه كه‌س زێد و نیشتمانی خۆی به‌جێ ناهێڵێت گه‌ر به‌هۆی زوڵم و سته‌می ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌بێت ئه‌و كه‌سانه له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی جیهانی نموونه‌یان زۆره له‌وانه” ڕامبۆ، سلڤادۆر دالی، پیكاسۆ، ئه‌دۆنیس، محه‌مه‌د ئه‌راگۆن، عبدالقادر جه‌نابی، به‌ختیار عه‌لی، فه‌رهاد پیرباڵ، نه‌زه‌ند به‌گیخانی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی…هتد” ئه‌وانه و ده‌یانی تر كه ژیانی تاراوگه‌یی و غه‌ریبایه‌تی و دووره وڵاتی وایانی لێكردووه كه به‌رهه‌می جوانیان هه‌بێت و پێشكه‌شی بكه‌ن. ئه‌مانه توانیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی خۆیان دروست بكه‌ن به‌هۆی ئه‌و ته‌كنیك و فۆرمه نوێیانه‌ی له ئه‌نجامی ئاشنا بوونیان به ئه‌ده‌بیاته زیندووه‌كانی جیهان دایانهێناوه، توانیان ڕێچكه‌ی ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان بگۆڕن و تێكی بشكێنن، رشێچكهیهكی تازه دیاریبكه‌ن. هه‌رچه‌نده ئه‌م قسه‌یه‌مان به‌سه‌ر هه‌موو داهێنه‌ره‌كانی جیهان په‌یڕه‌و نابێت.به‌و واتایه‌ی زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌ناوه‌وه‌ی وڵاتی خۆیان ده‌ژین و داهێنانی جوان و وێرانكه‌رمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. كه‌واته لێره‌دا نۆستالیژیا ئه‌و ڕۆڵه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و تاكه ڕێگای داهێنان نییه، هه‌رچه‌نده زۆرێك له‌وانه‌ش له‌ناوه‌وه‌ی خۆیان هه‌ست به‌جۆرێك له غهرهیبایهتی ده‌كه‌ن و به‌كۆمه‌ڵگای خۆیان نامۆن. چونكه ئه‌و كه‌سانه باوه‌ڕیان به زۆرێك له‌و دابونه‌ریت و یاسا و ڕێسا بێ مانایانه‌ی ناو نه‌ته‌وه‌كانیان نییه، كه‌واته نۆستالیژیا یه‌كێكه له‌و ڕێگایانه‌ی كه ئه‌توانین له‌وێوه خۆمان جوان بكه‌ین ، داهێنانی نایاب بكه‌ین.
شاعیر له‌م شیعره‌یدا داوامان لێده‌كات كه ته‌نیا خۆمان بین، خۆمان جیاواز بكه‌ینه‌وه له‌هه‌موو شتێك واته خۆمان په‌یوه‌ست نه‌كه‌ین به‌هیچ شتێكه‌وه، تاكایه‌تی په‌یڕه‌و بكه‌ین له نووسین و داهێناندا.ئه‌گه‌ر لهغهریبایهتی بووین، نه‌ڵێین غه‌ریبین و خۆمان بخۆینه‌وه له‌گۆشه‌یه‌كه‌وه دابنیشین و، نه‌خێر داوامان لێده‌كات ئه‌م هه‌له بقۆزینه‌وه بۆ داهێنان و كاری جوان:
خۆ له‌زه‌مانی نالی نین
خاكێشه بگرین
ئاخ بۆ ئاخ بكێشین
پهساپۆرتهكهت بدڕێنه
تاكناوهكهت بكه به‌فره ناو
بڕۆ سنووران ببڕه
شاعیر هانمان ده‌دات له‌یه‌ك بازنه خۆمان قه‌تیس نه‌كه‌ین، به‌ڵكو بگه‌ڕێین، به‌ڵام بۆ ئه‌و داوایه‌مان لێده‌كات؟ بێگومان گه‌ر مرۆڤ ته‌نیا له‌یه‌ك قاڵب و شێوه بمێنێته‌وه وه‌كو گۆمی مه‌نگ وه‌ستاو بێت ئه‌وا بۆگه‌ن ده‌كات. زوو كۆن ده‌بێت. به‌ڵام گه‌ر مرۆڤ ئاشنای ئه‌ده‌بیات و كلتوری تر بوو، ئه‌وا ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی فراوانتر ده‌بێت، به‌هه‌موو شتێك ڕازی نابێت و واته له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو دیارده‌یه‌ك قسه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ڕه‌خنه و سه‌رنج و تێبینی خۆی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ی هاتوونه‌ته پێشه‌وه، هه‌ڵوێست و قسه‌ی خۆی هه‌یه. ته‌نانه‌ت هه‌رده‌م هه‌وڵی نوێبوونه‌وه و تازه‌گه‌ری ده‌دات.
ئه‌م شیعره داوامان لێده‌كات ئه‌وه‌نده باسۆو به‌سه‌رماندا زاڵ نه‌بێت.با ئه‌وه‌نده سۆز به‌سه‌رماندا زاڵنه‌بێت، وه‌كو (نالی) شاعیر له دووره وڵات نامه بۆ (سالم) بنێرێت و حاڵ و ئه‌حواڵی خاك و نیشتمان بپرسێت. به‌ڵكو داوامان لێده‌كات ته‌نها خۆمان بین و به‌س. ئه‌م خۆ ته‌نها كردنه‌وه‌یه‌ش ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر هه‌موو كۆت و به‌ندێكی ئایین و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی. گه‌ر مرۆڤ پاسه‌پۆرته‌كه‌ی بدڕێنێت ئه‌وا دیاره ده‌یه‌وێت سه‌ر به هیچ وڵاتێك نه‌بێت. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سرووشت شتێكی جوانه، داهێنانی شاعیر لێره‌دایه كه ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌م سنوورانه‌ی هه‌ن هه‌مووی ده‌ستكرده. ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌می نه‌بوونی سنووره‌كان، ئه‌و كات هه‌موو مرۆڤه‌كان له سرووشتدا ئازاد بوون بۆ كوێ برۆیشتنایه و چیان بكردایه. ئه‌م به‌خشینی تاكایهتیه به خۆمان وامان لێده‌كات ئه‌وه‌ی حه‌زی پێبكه‌ین ئه‌نجامی بده‌ین، خۆ ده‌ربازكردن له‌و لۆژیك و واقیعه‌ی هه‌یه سوریالیه‌تی شاعیرمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت، ڕووبه‌ڕووبونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیع و لۆژیكه‌ی هه‌یه. ئێمه هه‌موومان مرۆڤین مادام وایه ئه‌م زه‌ویه بۆ هه‌مووان دروستكراوه، مافی خۆمانه و بۆ هه‌موومان وه‌كو یه‌كه.به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی شاعیر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌مه كه وای له مرۆڤ كردووه ته‌مبه‌ڵ بێت هێز و توانای له مرۆڤ سه‌ندۆته‌وه:
به‌سه‌ر ئه‌رزا به پێیان خۆشتره
له‌ئاوا، به‌مه‌له‌وانی خۆشتره
به‌ناو ئاسمانیش، فڕین به‌باڵ خۆشتره
ئه‌م هاتووچۆیه‌ی شاعیر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌هایه بۆ سرووشت ، باوه‌شی ئه‌و سرووشته‌ی كه مرۆڤ تێیدا په‌روه‌رده بووه. ئه‌مه‌ش هه‌وڵدانه بۆ به‌دیهێنانی ئازادیه‌كی ڕه‌ها، ئازادی پێشتر وای له مرۆڤ كردبوو كه به‌ئاره‌زووی خۆی هه‌موو شوێنێك بگهڕێتت، سنوورێك نه‌بوو وا له مرۆڤ بكات گه‌ڕانی ڕابگرێت. مرۆڤ هه‌زاران كیلۆمه‌تری ده‌بڕی به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك، بازگه‌یه‌ك، فرۆكه‌خانه‌یه‌ك، وێستگه‌یه‌ك هه‌بێت داوا له مرۆڤ بكات كواێ پاسپۆرته‌كه‌ت؟ ناسنامه‌كه‌ت كوانێ؟ كه‌س نه‌یده‌پرسی تۆ كێی؟ خه‌ڵكی كوێی؟
له‌م شوێنه تهسكانهدا
خۆت بۆگه‌نی مه‌كه
هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین به كه‌سێكی گه‌ردوونی، پێویستی به خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن هه‌یه له ڕووی ڕۆشنبیری و فیكریه‌وه. به‌و مانایه‌ی مرۆڤ ته‌نها له‌ناو یه‌ك چوارچێوه ناتوانێ په‌ره به‌ئاستی رۆشنبیری و فیكری خۆی بدات. خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن له ڕووی ئه‌ده‌بیاتی گه‌لان و ئه‌فسانه و كلتور و هه‌موو جۆره ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌ب وامان لێده‌كات ببین به مرۆڤێكی گه‌ردوونی ، مرۆڤی گه‌ردوونی خاوه‌نی هیچ پاسپۆرتێك نییه، له هه‌مان كاتدا هه‌ڵگری پاسپۆرتی هه‌موو وڵاتێكه. مه‌به‌ستمان ئه‌و كه‌سه( مرۆڤی گه‌ردوونی) شاره‌زای هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان و ئه‌ده‌بیات و فیكری گه‌لانن.به‌مه‌ش ده‌توانی له‌باره‌ی زۆربه‌ی شته‌وه قسه بكات، كه‌سێكه ده‌توانێ شتی سه‌یر و داهێنانی مه‌زنمان پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌و جۆره كه‌سانه ده‌توانن به هه‌موو زمانێك گفت و گۆ بكه‌ن. به‌و مانایه‌ی له‌باره‌ی كلتور و رۆشنبیری هه‌ر میلله‌تێك قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ی و پرسیاری لێ بكه‌ی ئه‌و وه‌ڵامی حازر به‌ده‌ستی پێیه و قسه‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌مه‌یه مرۆڤی گه‌ردوونی. زۆرن ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناو و ناوبانگیان هه‌یه، زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ سه‌ر ده‌یان زمان وه‌رگێردراوه. لێره‌دا پرسیارێك خۆۆی دێنێته پێشه‌وه بۆچی به‌رهه‌می ئه‌و كه‌سانه به‌وشێوه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر جیهان دروستكردووه؟ تاكه وه‌ڵام ئه‌وه‌یه ئه‌وانه مرۆڤی گه‌ردونین. ئه‌وانه هه‌ڵگری په‌یامێكی ڕاسته‌قینه‌ن، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ جوانی و داهێنانن كه بۆ هه‌موو میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌شێت بیخوێنێته‌وه. بۆیه ئێمه ناو له‌و به‌رهه‌مانه ده‌نێین (به‌رهه‌می گه‌ردوونی). ئه‌و به‌رهه‌مانه جۆرێك له عه‌شقیان تێدایه جۆرێك له بهجیهانبوونیان تێدایه.تایبه‌ت نین به‌یه‌ك نه‌ته‌وه یان ئه‌ده‌بیاتی یه‌ك نه‌ته‌وه، بۆیه تایبه‌تمه‌ندیه‌كی گهرردوونیان وه‌رگرتووه. زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كه‌سانه به‌راستی له جۆرێك له نۆستالیژیا ژیاون.گه‌میان هه‌یه كه له‌ناو وڵاتی خۆی ژیابێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان له‌ناو وڵاتی خۆیان ژیاون، به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ی خۆیان ئاواره بوونه و هه‌ستیان به غه‌ریبی كردووه. ئه‌مه‌ش وای لێیان كردووه ببن به مرۆڤی گه‌ردوونی، به‌راستی ئه‌و جۆره مرۆڤانه شتانێك به‌رهه‌م ده‌هێنن كه له‌توانای كه‌م كه‌سدا هیه، ئه‌م خۆ دهوڵهمهندكردنه وا ده‌كات تۆش به‌هه‌مان ڕێگادا بڕۆیت.
گه‌ر ده‌ته‌وێت تۆش خۆیت بكه‌یت به مرۆڤێكی گه‌ردوونی ئوه له هه‌وڵی ئهوهدابه ڕابكه‌یت و دژی هه‌موو لۆژیك و واقیعێك بوه‌ستیته‌وه، گوێ به‌هیچ شتێك نه‌ده‌یت. خۆ كردن بهه مرۆڤی گه‌ردوونی قوربانیدانیهكی زۆری ده‌وێت. یه‌كه‌م شت ڕه‌نگه له‌لایه‌ن دهسهڵاتههوه تووشی ده‌یان ده‌رده‌سه‌ری ده‌بێت . ئێمه لێره‌دا با بزانین شاعیر چۆن ڕێنماییمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببین به مرۆڤی گه‌ردوونی. ته‌نها خۆخواردنه‌وه و بیركردنه‌وه‌یه‌كی بێ سوود نامانكات به مرۆڤی گه‌ردوونی. مرۆڤی گه‌ردوونی ده‌بێت مرۆڤێكی هه‌ستیار بێت، به‌و مانایه‌ی یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌و كه‌سه ده‌بێت پرسیاره گرنگه‌كانی ژیان و بوون له خۆی بكات. تاكو بتوانێت هیچ نه‌بێت خۆی بدۆزێته‌وه. ڕه‌نگه بگه‌یت به هه‌ندێك وه‌ڵام، ئه‌مه‌ش ده‌رگاكردنه‌وه‌یه به‌سه‌ر خۆمان بۆ تێگه‌یشتن له زۆرێك له‌نهێنییه‌كانی ژیان.هه‌ندێكی تر له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی ژیان مرۆڤه گه‌ردوونییه‌كان تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتوون به وه‌ڵامی هه‌ندێك له‌و پرسیارانه. وه‌ك (شۆبنهاوه‌ر) ی فه‌یله‌سووفی ئهڵمانیجارێك به‌شه‌و پیاسه ده‌كات چاوی به باخچه‌ی ماڵێك ده‌كه‌وێت و ده‌چێت له‌ناوی داده‌نیشێت، كه خاوه‌ن ماڵه‌كه چاوی پیاوێكی نه‌ناسیاو ده‌كه‌وێت له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی ئاگاداری پۆلیس ده‌كاته‌وه، كاتێك پۆلیس دێت و یه‌كێكیان له (شۆبنهاوه‌ر) نزیك ده‌بێته‌وه لێی ده‌پرسێت تۆ كێی؟ (شۆبنهاوه‌ر) به‌نه‌رمی ئاوڕێكی لێده‌داته‌وه ده‌ڵێت:من چه‌ندان ساڵه به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌وه‌م گه‌ر تۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م بده‌یته‌وه زۆر سوپاسگوزارت ده‌بم.
ئه‌م به‌سه‌رهاته پێمان ده‌ڵێت كه ئه‌و پرسیارانه پرسیاری جه‌وهه‌رین و پێویسته هه‌موو مرۆڤێك ئاراسته‌ی خۆی بكات.هه‌رچه‌نده ئێمه ڕه‌نگه نه‌گه‌ین به هه‌موو وه‌ڵامه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه وامان لێده‌كات هه‌رده‌م به‌دوای پرسیار و وه‌ڵامدا بگه‌ڕێین. گه‌ر ئه‌و كه‌سانه نه‌توانن ئه‌و پرسیارانه له خۆیان بكه‌ن، بتوهڕمان وایه وه‌ڵامیان بۆ ساده‌ترین پرسیاری ژیان نابێت.هه‌زاران تاكی ئه‌م میلله‌ته‌ی خۆمان هه‌ر له هاتنه ناو ژیانیه‌وه تاكو مردن ناتوانێت بۆچی له‌دایكبووه؟ بۆچی ده‌مرێ؟ بۆ كوێ ده‌چێ؟ چۆن ده‌ژیێت؟ ڕاسته مرۆڤ بیركردنه‌وه‌یی و عه‌قلی سنوورداره، واته تاڕاده‌یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی بڕ ده‌كات. ڕه‌نگه هه‌ندێك بڵێن ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌ریانه هه‌ندێك جار مرۆڤ به‌ره‌و شێتبوون ببه‌ن وه‌ك نیتشه؟ ڕاسته، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و پرسیارانه له خۆمان نه‌كه‌ین نه خۆمان ده‌ناسین نه نه‌ته‌وه و میلله‌ته‌كه‌مان، تۆ گه‌ر نه‌توانی قسه له‌سه‌ر ژیان و مردن و بوون و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر خودی خۆت نه‌كه‌یت، چۆن ده‌توانی قسه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌و میلله‌ت و كه‌سانی تر بكه‌یت.پله‌ی شێتبوون پله‌یه‌كه بۆ داهێنان و كاری جوان، پله‌یه‌كه بۆ كامڵبوون له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، پله‌یه بۆ ئه‌وپه‌ڕی چێژ، به‌ڕاستی كاتێك مرۆڤ كاتێك ده‌گاته پله‌ی شێتبوون ده‌گاته به‌رزترین پله‌ی چێژ.
بێجگه له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی كه هۆیه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ خۆی بكات به مرۆڤێكی گه‌ردوونی هه‌روه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا نۆستالیژیا ڕێگایه‌كه :
فرمێسك به‌سه‌ر به‌سه‌ر نامه‌كه‌دا ده‌بارێنێ
مۆرهكهبی نووسینه‌كه‌ی ده‌شێوێ
پیشه‌كانی له دوور ده‌بنه باڵنده‌یه‌كی كۆچكار و
له خۆشیان فرمێسكان به‌سه‌ر وێنه‌كه‌دا ده‌بارێنێ
خۆشهنجام ده‌بێ، وشه ده‌بێته وێنه
ئه‌م فرمێسك باراندنه و گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو و بیركردنه‌وه له زێد و خۆشه‌ویستان هه‌ستێك به مرۆڤ ده‌به‌خشێت كه به‌ره‌و جوانی و ئافراندنی داهێنانی ده‌به‌ن،به‌ره‌و ئاقارێكی پڕ له هه‌ستی جوانی ده‌به‌نی ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ناخیدایه به وشه ده‌ریببڕێت پاشان وشه‌كان ببن به وێنه‌یه‌ك كه سه‌راپای جوانی بێت.
ڕێگایه‌كی تر كه شاعیر پێمان نیشانده‌دات لێره بۆ بوون به (مرۆڤی گه‌ردوونی) و تاكو به‌رهه‌می گه‌ردوونی بخولقێنێت ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌میشه له گه‌ڕانێكی به‌رده‌وام بێت به دوای زانست و زانیاری:
با بچین،ببینه براده‌ری نه‌هه‌نگان
له‌وێوه، یه‌كێ ده‌ڵێ:
حه‌زت لێیه بۆت بڵێم بۆرخیس چۆن كورته چیرۆك ده‌نووسێت؟
دامهسكنێ…به جیهانا سووڕه سووڕ بكه
فینیقی به…بابلی به…گه‌ردوونی به
شووره‌ییه…چیدی باسی نۆستالیژیا مه‌كه
شاعیر هانمان ده‌دات كه ببین به هاوڕێی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه جۆرێك له بیركردنه‌وه‌ی جددیان هه‌یه. واته به‌و مانایه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌رده‌م ئاشكراكردن و دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی گه‌ردوون.ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ببین به مرۆڤی گه‌ردوونی ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بخوێنینه‌وه كه بوون به مرۆڤی گه‌ردوونی، له‌وێوه ده‌زانین ئه‌و ڕێگایانه كامانه‌ن كه ده‌مانكه‌ن به مرۆڤێكی كامڵ. تاكه ڕێگا بۆ ئه‌مه‌ش گه‌ڕانێكی هه‌میشه‌ییه. ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات خۆمان له هه‌موو جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌ك بده‌ین. هه‌رچه‌نده له دواتر ئه‌مه وا له مرۆڤ ده‌كات له‌یه‌ك شت‌دا پسپۆری وه‌رگرین، ئێمه زیاتر باس له ئه‌ده‌بیات ده‌كه‌ین. چه‌ندان شاعیر و چیرۆكنووس و ڕۆماننووسمان هه‌یه كه بوون به مرۆڤی گه‌ردوونی. ئایا ساڵانه وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خه‌ڵاته‌كه وه‌رده‌گرن كه مرۆڤی گه‌ردوونین.ئه‌و كه‌سانه جۆرێك له كاریگه‌ریان درووستكردووه، ئه‌و كه‌سانه هه‌میشه له هه‌وڵدانن بۆ گۆڕینی ژیان و ئه‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژین، بۆ دروستكردنی ژیانێكی جوانتر و بالاتر. هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ژیان بۆ ژیانێكی پڕ ماناتر، به‌راستی هه‌روه‌ك پێشتریش باسمانكرد قوربانی دانی ده‌وێت، ئه‌و كه‌سانه تووشی جۆرێك له قوربانیدان بوونه‌ته‌وه، جا قوربانیدان به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه. به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. كامه نووسه‌ری جددی و گه‌وره هه‌یه ئه‌شكه‌نجه و ناو و ناتۆره و دوورخستنه‌وه نه‌بووبێ، چونكه ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵگری جۆرێك له وێرانكردنی ناشرینییهكانن، ئه‌و كه‌سانه هه‌میشه خه‌ریكی ئافراندنی جوانین. جوانی بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویسته. شاعیر ڕێنماییمان ده‌كات له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی ئه‌و كه‌سانه بڕۆین و هه‌وڵده‌ین بۆ خۆ به گه‌ردوونی كردن. بۆیه هه‌وڵدان بۆ ناسینی ئه‌و كه‌سانه كه بوون به مرۆڤی گه‌ردوونی زۆر پێویسته هه‌روه‌ها گه‌رانه‌وه بۆ زانیاری میلله‌تانی تر. خوێندنه‌وه به‌ڕاستی پرۆسه‌یه‌كه وا له مرۆڤ ده‌كات كه هه‌میشه گومانی له هه‌موو شتێك بێت ، چونكه ئه‌و مرۆڤه ئاسۆی بیركردنه‌وه و ڕۆشنبیری فراوان ده‌بێت و عه‌قل و بیركردنه‌وه‌ی قبوڵی هه‌موو قسه و شتێك ناكات. هه‌میشه به گومانه‌وه ده‌ڕوانێته شته‌كانن هه‌میشه نیشانه‌ی پرسیار به‌رامبه‌ر به كه‌سه‌كان، قسه‌كان، وشه‌كان، دیارده‌كان داده‌نێت. هه‌میشه له‌ناو تێڕامان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ دهژیتز به‌راستی ژیانی ئه‌و جۆره كه‌سانه سه‌یر و پڕ له نهێنییه هه‌میشه له گه‌ڕانێكی به‌رده‌وام دایه بۆ ناسینی كلتووره‌كان، بۆ ناسینی ژیانه‌كانی تر ئه‌مه‌ش ماندوو بوونی زۆری ده‌وێت. به رۆژێك و دوو رۆژ نایه‌ته دی.شاعیر پێمان ده‌ڵێت كه نۆستالیژیا به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر مان نه‌بێت كه هه‌موو ژیانمان وێران بكات و هه‌میشه بمانخاته ناو بیركردنه‌وه‌ی بێ مانا و بێسوود، چونكه له نا ئومێدی و ڕه‌شبینی ده‌بین، ته‌نانه‌ت ئه‌م ڕه‌شبینییه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وروبه‌رمان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری (شۆبنهاوه‌ر) ی فه‌یله‌سووف بكه‌ین تووشی ڕه‌شبینییه‌كی یه‌كجار زۆر ببووز به‌ڵام ئه‌م ڕه‌شبینییه‌ی له بێ ئومێدی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و ڕه‌شبینییه وایكردبوو كه (شۆبنهاوه‌ر) هه‌میشه به‌دوای پرسیاری جددی و جوانه‌وه بێت، هه‌رچی نهێنی ژیان و بوون و گه‌ردوون هه‌یه ئاشكرای بكات.
خۆ به گه‌ردوونی كردنن یاخود هه‌وڵدان بۆ بوون به مرۆڤی گه‌ردوونی له‌توانای هه‌موو كه‌سێك نییه، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕۆن كه جۆرێك له حه‌زیان هه‌یه بۆ شێتبوون، شێتبوون به‌مانا عهقڵیهكهی نا، به‌ڵكو به‌مانای هه‌میشه هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییانه‌ی كه تاكو ئێستا له‌ناو گه‌ردووندا هه‌ن. ئه‌و ڕێگایه (بوون به مرۆڤی گه‌ردوونی) هه‌وڵدانێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕێكایانهی كه به‌ره‌و ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنیانهمان ده‌به‌ن، ئه‌و ڕێگایانه‌ش بێگومان به گومان خستنه سه‌ر دیارده و شته‌كان و پرسیاركردنه له‌باره‌ی ئه‌و دیاردانه‌ی كه له ژیاندا بوونیان هه‌یه.
هه‌روه‌ها ئه‌و جۆره مرۆڤانه ڕووبه‌ڕووی هه‌موو یاسا و ڕێسایه‌كی ناو كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌ك خۆیان ڕه‌ها و ئازاد ده‌كه‌ن كه هه‌رچی كۆت و به‌ند و دابونهریتێكی قۆڕ و بێ مانای كۆمه‌ڵگا هه‌یه توڕی هه‌ڵده‌ن. به‌راستی مرۆڤی گه‌ردوونی ده‌بێت به هه‌موو مانایه‌ك یاخیبێت. یاخیبوون هه‌وڵدانێكه بۆ قبوڵنه‌كردنی هه‌موو شتێك، یاخیبوون ڕێگایه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای نوێ و هه‌میشه نوێبوونه‌وه و تازه‌گه‌ری. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و مرۆڤه گه‌ردوونیانه‌ی جیهان بكه‌ین هه‌موویان هه‌ڵگری به‌شێك له یاخیبوونن به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێكی ناشرین و بێ مانا. ئه‌و كه‌سانه هه‌میشه له‌ناو ژیانێكی باڵاتر ده‌ژین له‌و ژیانه‌ی كه خه‌ڵكانی ئاسایی تێیدا ده‌ژین.
– سه‌رچاوه/ ئۆدیسیۆس نێره یان مێیه؟،هۆنراوه،ع.ع. یووسف،ده‌زگای ئاراس،هه‌ولێر،2009،ل84.
حه‌مه مه‌نتك
26/7/2009
هه‌ولێر