Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئایا پۆلیسی نه‌مساوی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ تیرۆر كردنی قاسملۆدا؟

ئایا پۆلیسی نه‌مساوی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ تیرۆر كردنی قاسملۆدا؟

Closed
by July 30, 2010 گشتی

  
 
عه‌لی سیرینی

پێش چه‌ند ڕۆژێك له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی:
The Passion and Death of Rahman the Kurd, Dreaming Kurdistanبوومه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ له‌ نوسینی ڕۆژنامه‌ڤانی ڤه‌نزوێللی كارۆڵ پڕانهوبه‌ره‌. له‌ ڕۆژانی ڕابردوو، په‌یوه‌ندیم كرد به‌ كاڕۆڵ و چه‌ندین پرسیارم ئاراسته‌ كرد. پێم باش بوو خوێنه‌ری كورد به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌م كتێبه‌دا ئاگادار بكه‌مه‌وه‌ و تیشكیش بخه‌مه‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ وه‌ڵامه‌كانی كاڕۆڵ، كه‌ داوام لێیكرد ئه‌م پرسیار و وه‌ڵامانه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پێی باش نه‌بوو بڵاو بێته‌وه‌ چونكه‌ ڕاستیه‌كه‌شی من یه‌كه‌م جار كه‌ پرسیاره‌كانم بۆی نارد، به‌ ناوی ئه‌وه‌ نه‌بوو بڵاوی بكه‌مه‌وه‌. من 29 پرسیارم ئاراسته‌ی كاڕۆڵ كرد و هه‌موو پرسیاره‌كانی وه‌ڵام دایه‌وه‌. به‌ڵام من ته‌نها تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر وه‌ڵامه‌كانی ئه‌و، دوای پێشكه‌شكردنی خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌یدا.
ئه‌م كتێبه‌ی ناوبراو، یه‌كێكه‌ له‌و كتێبه‌ گرنگانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م دۆسیه‌ نوسراون. ئێستا له‌ ئالوگۆڕدام له‌ گه‌ڵ ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ی لوبنانی بۆ ته‌رجومه‌كردنی ئه‌م كتێبه‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی. ڕۆژێك پێش ڕوداوی تیرۆره‌كه‌ی 13/7/1989، دكتۆر قاسملۆ میزاجی خۆشساز بووه‌، چونكه‌ ڤیزای ئه‌مریكای وه‌رگرتبوو، هه‌روه‌ها هیواشی هه‌بوو، گفتوگۆی له‌ گه‌ڵ ئێرانیه‌كان سه‌ربگرێ. له‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی له‌ ڤیه‌ننا، كه‌ خێزانه‌كانیان نه‌مساوین، ده‌چنه‌ چێشتخانه‌یه‌ك له‌ به‌رزاییه‌كانی ڤیه‌ننادا، بۆ خواردنی نیوه‌ڕۆ. قاسملۆ پێشتر به‌ نوێنه‌رانی خۆی له‌ نه‌مسا گوتووه‌ كه‌ كه‌س ئاگادار نه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و له‌ ڤیه‌ننایه‌، كه‌چی ڕۆژی 13ی 7ی 1989، ده‌وروبه‌ری ئێواره‌ كاتێك قاسملۆ ده‌رچووه‌ بۆ دیداری ئێرانیه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ، پانزه‌ كه‌س له‌ نوسینگه‌ی حزبی دیموكرات له‌ ڤیه‌ننا چاوه‌ڕێی دكتۆر قاسملۆ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سعات 4ی ئێواره‌ بیبینن! ل 18
هه‌روه‌ها هه‌فته‌یه‌ك پێش هاتنیی بۆ ڤیه‌ننا، قاسملۆ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی فه‌ڕه‌نسی و نه‌مساوی به‌م سه‌فه‌ره‌ی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌. پاشان حكومه‌تی نه‌مساوی ده‌زانێ قاسملۆ له‌ ڤیه‌ننایه‌ و ڕۆژی تیرۆر كردنه‌كه‌ی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی نه‌مسا ده‌كا به‌ڵام ناتوانێت دكتۆر ماتزكا بیبینێ كه‌ ئاسانكاری كردبوو تا قاسملۆ ڤیزای نه‌مساوی وه‌ربگرێ. ل17
له‌ نێوان سعات 7 تا سعات 7.20 ی ئێواره‌ تاوانه‌كه‌ ڕوو ده‌دات. دكتۆر قاسملۆ سێ گولله‌ی لێده‌درێ. فازڵ ڕسول پێنج گولله و عه‌بدوڵلا قادری ئازه‌ریش یانزه‌ گولله، واته‌ كۆی نۆزده‌ گولله‌یان به‌ركه‌وتووه‌، كه‌چی پۆلیسی نه‌مساوی ته‌نها چوارده‌ قه‌وانی فیشه‌كی له‌ ژوره‌كه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌! ل17
رێنێتا، ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌، دكتۆر فازڵ كلیلی شوقه‌كه‌ی لێوه‌رگرتبوو بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆی نێوان قاسملۆ و ئێران. به‌ڵام ڕێنێتا بۆ گه‌شت و گوزار ده‌چێته‌ میسر! ل 19 به‌ دواوه‌.
سه‌حڕارودی كه‌ بریندار ده‌بێ لای پۆلیس ده‌سگیر ده‌كرێ. بوزرجیانیش هه‌روه‌ها. ئنجا قازی (مایكڵ دانیك) له‌ 20/13 ده‌چێته‌ خه‌سته‌خانه‌ بۆ بینینی سه‌حرارودی. پۆلیس ئاوێنه‌ی شكاوی ماتۆڕسایكلێك و كلیله‌كه‌ و فۆرمی فرۆشتنه‌كه‌شی له‌ نێو ته‌نه‌كه‌ی زبڵدا دۆزیه‌وه‌. فرۆشیار ده‌دۆزرێته‌وه‌و ده‌بردرێته‌ خه‌سته‌خانه‌، چه‌ندین وێنه‌ی جیای پیشان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ كامیان ماتۆڕسایكله‌كه‌ی كڕیوه‌، ئه‌ویش سه‌حڕارودی ده‌ناسێته‌وه‌ و په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر وێنه‌كه‌ی ئه‌و. به‌ڵام سه‌حرارودی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ و ئینكاری ئه‌م مه‌سه‌له‌ ده‌كا! ل 27، هه‌روه‌ها له‌ لاپه‌ڕه‌ 24 به‌دواوه‌.
ئیفاده‌ی بوزرجیان و سه‌حرارودی به‌ هیچ شێوه‌ تێك ناكه‌نه‌وه‌ و ناكۆكن. به‌ڵام دادگای ڤیه‌ننا هه‌ردووكیان ئازاد ده‌كا و بوزرجیان گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران و له‌ 22/13 سه‌حرارودی له‌ گه‌ڵ چه‌ند دیپلۆماتێكی ئێرانی ڕه‌وانه‌ی ئێران كرایه‌وه‌. ل 27، 28 و 29
مسته‌فه‌وی یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی ته‌قه‌ی كردووه‌ و سێ كوردی كوشتووه‌، هه‌ر نه‌بینرایه‌وه‌. هه‌ر زوو جه‌لال تاڵه‌بانی ڕایگه‌یاند كه‌ مسته‌فه‌وی ئازادانه‌ له‌ نێو شه‌قامه‌كانی ته‌هران پیاسه‌ ده‌كات. شایه‌نی باسه‌ ژنه‌كه‌ی مسته‌فه‌وی كورده‌ و بارزانیه‌! ل 29، 233
جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ لایه‌ك ده‌ڵێ “قاسملۆ ده‌بوایه‌ بزانێ كاتێك ئێران ئێمه‌ی یه‌كێتی وه‌لا نا له‌ گفتوگۆكه‌ مه‌به‌ستیان له‌ناوبردنی قاسملۆ بوو” به‌ڵام له‌ لایه‌كی تر ده‌ڵێ “قه‌ت خه‌یاڵم نه‌ده‌كرد ئێران بیه‌وێ قاسملۆ بكوژێ”!! ل 202، 218، 220 و 222
قاسملۆ گوێ نادا به‌و هه‌موو ئاگادار كردنه‌وانه‌ی پێی گوتراوه‌. به‌ڵكو چه‌ند جارێك به‌ پێكه‌نین و شۆخیه‌وه‌ ئه‌م ئاگادار كردنه‌وانه‌ی به‌رێكردووه‌! ل 11، 12، 13 و 35
پۆلیسی نه‌مساوی هه‌وڵ ده‌دا فێڵ له‌ سه‌رۆكی پێشووی جه‌زائیر ئه‌حمه‌د بن بیللا بكا. پۆلیس به‌ بین بیللای گوتووه‌، به‌پێی تۆماركراوێك قاسملۆ داوای كردووه‌ تۆ له‌ گفتوگۆ ئاماده‌بیت و ئێرانیش نه‌یویستووه‌. پۆلیس لێی ده‌پرسن ئایا تۆ له‌ شوێنی تاوانه‌كه‌ ئاماده‌ بووی؟ ئایا فارسی قسه‌ ده‌كه‌یت؟! ئنجا بین بیللاش ده‌ڵێ: كوا تۆماركراوه‌كه‌؟ پۆلیسه‌كان ته‌ماشای یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: تۆماركراوه‌كه‌ وجودی نیه‌!! لێره‌دا بین بیللا زۆر توڕه‌ ده‌بێ و به‌ پۆلیس ده‌ڵێ ئێوه‌ له‌ گه‌ڵ ئێرانیه‌كان به‌شداریتان كردووه‌ و ئه‌وان چه‌كیان له‌ ئێوه‌ كڕیوه‌! ل209 و 210
به‌نی سه‌در ده‌ڵێ، زانیاریمان هه‌یه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ كه‌ قسه‌ له‌ نێوان پاسداران كراوه‌، به‌ ئاماده‌بوونی پێشه‌وای پاسداران موحسین ڕه‌زا، كه‌ یه‌كێك پرسیاری كردووه‌ بۆ فازڵ ڕه‌سولیان كوشت؟ پێشه‌وای پاسدارانیش ده‌ڵێ چونكه‌ فازڵ مونافیق بوو، له‌ گه‌ڵ ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی كاری كردووه‌ دژ به‌ ئێمه‌! ل 211
تاڵه‌بانی ددان به‌وه‌ ده‌نێ كه‌ له‌ خوله‌كانی پێشووتر له‌ ڤیه‌ننا ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پاسه‌وانی شوێنی گفتوگۆكه‌ بوونه‌ و هه‌مووشیان چه‌كدار بوونه‌! ل 219
هه‌روه‌ها تاڵه‌بانی ده‌ڵێ: كورد نهێنی پێ ناپارێزرێ!! ل 222
به‌نی سه‌در ده‌ڵێ: فازڵ ته‌له‌فۆنی بۆ كردم كه‌ زۆر مه‌شغوله‌و ده‌یه‌وێ بێته‌ پاریس بۆ ئه‌وه‌ی من ببینێ، به‌ڵام گوتی كۆبوونه‌وه‌م هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌ باسی ئه‌وه‌ی نه‌كرد گفتوگۆ له‌ نێوان قاسملۆ و ئێران هه‌یه‌. فازڵ له‌ ژێر زه‌ختی هه‌ر دوو لا بوو، چونكه‌ گه‌ر نهێنی دڕكاندبوایه‌ تۆمه‌تی خیانه‌تیان ده‌دایه‌ پاڵ. ل 210، 211، 224 و 225
ئازاد ئه‌ندامی حزبی دێموكرات و جێی متمانه‌ی قاسملۆ، وه‌ك ئه‌وه‌ی قاسملۆ پێی گوتبوو ئێواره‌ بێت به‌ شوێنی، كه‌ ده‌چێت، ده‌بینێ ئه‌و ناوه‌ پڕه‌ له‌ پۆلیس. هه‌ست ده‌كا شتێك ڕوویداوه‌. ده‌چێته‌ شوێنه‌كه‌و پۆلیس ده‌یبه‌نه‌ ژووری شوقه‌كه‌ی ڕێنێتا، ده‌بینێ سێ لاشه‌ سارد و سڕ كه‌وتوون له‌ خه‌ڵتانی خوێندا. به‌ڵام ئه‌و شێواز و وێنه‌یه‌ی ئازاد پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ كاتی ڕوودانی ئه‌م تاوانه‌ ده‌یبینێ، زۆر جیاوازه‌ له‌و وێنانه‌ی دواتر پۆلیس نیشانی ئه‌و و كه‌سیتری داون!! ل214 و 215
ئه‌و كاسێتانه‌ی پۆلیسی نه‌مساوی پاش چه‌ند ساڵێك له‌ ڕوودانی ئه‌م تاوانه‌، ڕاده‌ستی حزبی دیموكراتی كردوون، زۆر جێگای گومانن. كاسێته‌كان له‌ گه‌ڵ چۆنیه‌تی تاوانه‌كه‌ یه‌كناگرنه‌وه‌. ئنجا لێره‌ پرسیار دێته‌ كایه‌وه‌: ئایا دكتۆر قاسملۆ ئه‌و كاسێتانه‌ی ڕێكۆرد كردووه‌ یان ئێرانیه‌كان، یان پۆلیسی نه‌مساوی؟!
هه‌ر چه‌نده‌ كاڕۆڵ به‌ تێر و ته‌سه‌لی باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی كردووه‌، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ پرسیاری زۆری لای من وروژاند بۆیه‌ چه‌ند پرسیارێكم ئاراسته‌ی كاڕۆڵ پڕانهوبه‌ر كرد ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامی پرسیاری بیست و چواره‌میندا گوتی: ئه‌م پرسیارانه‌ بێ وه‌ڵام ده‌مێننه‌وه‌و هه‌ندێكیان هه‌ر ناتوانرێ وه‌ڵامیان چنگ بكه‌وێ، چونكه‌ تازه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر تێپه‌ڕیوه‌ به‌ سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌. به‌ڵام هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستن به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنینی ڕه‌سمی، گه‌ر بكرێ، هه‌ندێك وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ وه‌ده‌ست دێن. كاڕۆڵ له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ ئایا خۆی گوێ بیستی كاسێته‌كان بووه‌؟ ده‌ڵێ: نه‌خێر، به‌ڵام هیلین كڕۆڵیچ بێوه‌ژنی قاسملۆ به‌ نوسراویی ده‌قی كاسێته‌كانی نیشان داوه‌. هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامی ئایا ڕاسته‌ له‌ كاسێتی سێیه‌م دكتۆر قاسملۆ پرسیار ده‌كا بۆ تاڵه‌بانی نه‌هاتووه‌؟ ئێرانیه‌كانیش ده‌ڵین ئێمه‌ش نازانین! كاڕۆڵ ده‌ڵێ: من ناتوانم ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌ ده‌رباره‌ی تاڵه‌بانی!!
به‌ڵام با سه‌یرێكی كتێبه‌كه‌ بكه‌ین. له‌ لاپه‌ڕه‌ 237 ه‌وه‌ له‌ ژێر ناونیشانی “وتوێژ” كاڕۆڵ به‌ تێر و ته‌سه‌لی باسی ئه‌م كاسێتانه‌ ده‌كات.
كاڕۆڵ ده‌ڵی: ئه‌و كاسێتانه‌ی له‌ ناو جانتای قاسملۆدا دۆزراونه‌ته‌وه‌، پێده‌چێ ده‌ستكاری كرابن و هه‌مان كاسێت نه‌بن كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕێكۆرد كراون! ل 237
به‌ڵام خۆ ئێرانیه‌كان و كورده‌كان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتبوون نهێنی بپارێزن. چۆن قاسملۆ توانیویه‌تی كاسێت ڕێكۆرد بكا به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا كاسێتێك ته‌واو بووه‌ پێویستی به‌ گۆڕین هه‌بووه‌؟!
وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ندێك شوێنی كاسێته‌كان سڕاوه‌ته‌وه‌! ل 237 تا 250 و ل 252 و253
ئنجا له‌ بابه‌تی “گه‌وزان و ناڵه‌ی سه‌ر زه‌وی” له‌ لاپه‌ڕه‌ 251 ه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ل 253 فازڵ ڕه‌سول باسی مه‌سه‌له‌ی كات ده‌كا و قاسملۆش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: سبه‌ی دوای نیوه‌ڕۆ باسی هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌ین حه‌ز بكه‌یت. یه‌كێك داوای زیاتر كات ده‌كات، یه‌كێكیش ده‌ڵێ گرنگ نیه‌ یا ده‌ڵێ كات مه‌سه‌له‌یه‌ك نیه‌. لێره‌دا فازڵ ده‌ڵێ ده‌توانین به‌رده‌وامی به‌ گفتوگۆ بده‌ین تا دره‌نگی ئێواره‌. قاسملۆش به‌ سوعبه‌ت پێی ده‌ڵێ: بۆ خواردنی شێوان ده‌عوه‌تمان ده‌كه‌یت؟ فازڵ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: گه‌ر ئێوه‌ هه‌مووتان حه‌ز بكه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی ته‌واو ده‌بین ده‌توانین بچین بۆ شوێنێك. قاسملۆ ده‌ڵێ: باشه‌، نان و په‌نیر دێنین و لێره‌ نان ده‌خۆین! پاشان قسه‌و باس ده‌بیسترێ.. فازڵ قسه‌ ده‌كا… كاسێته‌كه‌ دیسان سڕاوه‌ته‌وه‌… فازڵ به‌ شێوازێك قسه‌ ده‌كات وه‌ك بڵێی بۆ براده‌رانێك مه‌سافه‌ له‌ نێوانیان هه‌یه‌… به‌ كاك له‌ گه‌ڵ قاسملۆ و قادری ئازه‌ر ده‌دوێ…پاشان قاسملۆ ده‌رباره‌ی گفتوگۆ ده‌ڵێ قه‌بولمه‌… فازڵ ده‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین (بۆ گفتوگۆ) چی ده‌كه‌ین…
كاڕۆڵ ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌م كاسێتانه‌ ڕاست بن خۆ ده‌بێ لێره‌دا پێنج چركه‌یه‌ك هه‌بێ ده‌نگی هه‌نگاوه‌كانی پێ و قاچی تۆمار كردبوایه‌… كه‌چی نه‌ ده‌نگێك ده‌بیسترێ، نه‌ هاواركردنێك و نه‌ هاوارێكیش… ئایا ئه‌م سێ كورده‌ هێشتان زیندوون له‌ كاتێكدا كاسێته‌كه‌ ئه‌م بێ ده‌نگیه‌ تۆمار ده‌كا؟ پاش پێنج چركه‌ ته‌قه‌ ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام له‌ كاسێته‌ كه‌ ته‌نها ده‌نگی سێ چوار ته‌قه‌یه‌كی ده‌نگ خامۆش (كاتم صوت) دێ. لێره‌دا له‌ پشته‌وه‌ی (باكگڕاوند) كاسێته‌كه‌ چه‌ند ده‌نگێكی نه‌ناسراو بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام ده‌بێ، به‌ فارسی قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ پێكه‌نین ده‌نگه‌كان ناوبڕ ده‌كرێن و یه‌كێك دێ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی قسه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانیتر ده‌كات!! ل 251 تا 255
ئنجا با ئێمه‌ش ئه‌م پرسیارانه‌ لێره‌دا بكه‌ین: ئه‌م ده‌نگه‌ ئه‌ڵمانیه‌ هی كێیه‌ له‌ باكگڕاوندی كاسێته‌كه‌ ده‌بیسترێ؟ بۆ كاسێته‌كان چه‌ندین جار تێك دراون و پچڕاون؟ بۆ ده‌نگی هاوار و شه‌ڕ نایێت؟ 19 گولله له‌ قاسملۆ و هاوڕێیانی دراون و كه‌چی ده‌نگی ته‌نها 3-4 گولله‌یه‌كی ده‌نگ كپكراو دێ، بۆ؟ كێ ئه‌م كاسێتانه‌ی له‌ نێو جانتای قاسملۆ داناون؟ بۆ پۆلیسی نه‌مساوی دوای چه‌ندین ساڵ ئه‌م كاسێتانه‌ی ئاشكرا كرد و له‌ ساڵی 1997 له‌ لۆمۆند دیپلۆماتیك بڵاو بوویه‌وه‌؟ بۆ ڕێنێتا ئه‌و كات نه‌مسا جێده‌هێڵێت و دواتریش كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌عوه‌تی سه‌فاره‌تی ئێران ده‌كرێ؟!
ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێین، له‌م كتێبه‌دا هاتووه‌ كه‌ نه‌مسا دوای ئه‌م ڕوداوه‌، نه‌یهێشتووه‌ دكتۆر سادق شه‌ڕه‌فكه‌ندی بێته‌ نه‌مسا!! ل 271
ئنجا قاچاغچیه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی كه‌ ئه‌ڵمانیه‌، له‌ كاتی گیرانیدا لای پۆلیسی ئیتاڵیا ساڵی 2009 له‌ “تریستێ” ددانی به‌وه‌ ناوه‌ كه‌ له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی هه‌فتی 1989 نیو ده‌رزه‌ن چه‌كی سوكیی بردووه‌ته‌ ناو باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌ ڤیه‌ننا و به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌. له‌ كاتی بردنی چه‌ك له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی ته‌مموزی 1989 له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سێ كه‌س ئاماده‌ ده‌بن یه‌كێكیان زۆر به‌ ته‌ئكید ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو!! ل 274
پێش ئه‌م ڕووداوه‌ نه‌مسا بازرگانی زۆری هه‌بووه‌ له‌ گه‌ڵ ئێران و چه‌كیان به‌ ئێران فرۆشتووه‌. دواتر بازرگانیكردنه‌كه‌ زیاتر بووه‌. دادگاش ملی بۆ حكومه‌تی نه‌مسا كه‌چ كرد.
ئه‌م بابه‌ته‌ ئاوی زۆری ده‌وێ. له‌ كتێبێكدا به‌ وردی باسی ده‌كه‌ین.

 
 
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.