بۆ كۆنفرانسی دیاربه‌كر ….. پ. ی. سه‌لام ناوخۆش
بۆ كۆنفرانسی دیاربه‌كر
پرسی كورد پرسی خاك و نه‌ته‌وه و زمان و چاره‌سه‌ری (ئیسلامیی)
پ. ی. سه‌لام ناوخۆش
ده‌روازه:
له (توركیای نوێ)دا ئارێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان ده‌سه‌ڵاتی توركی و كورد هه‌یه، كه مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه، ئه‌و مێژووه بهههرچییهك ده‌ست پێبكات، ئێمه له سه‌ره‌تای شازده‌هه‌مه‌وه لێی ده‌كۆڵینه‌وه. شه‌ڕی مه‌زهه‌بیی نێوان ده‌وڵه‌تی ئێرانی سه‌فه‌وی، شیعه مه‌زهه‌ب و ده‌وڵه‌تی عوسمانی سوننه مه‌زهه‌ب، وه‌رچه‌رخانێك بوو له هه‌ژموونی سیاسی و نه‌خشه‌ی جوگرافی و سیاسیی، لێره‌دا گرنگه ئاماژه به‌وه بكرێ كه له‌دوای سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی میدیا 700 – 500 پ. ز، كورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی: (راشیدی، ئه‌مه‌وی، عه‌باسی) بهشێكبوونه له ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها له چه‌ند میرنشینێك خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بوونه، به‌ڵام هیچ یه‌كێتییه‌ك له‌نێوان ئه‌و میرنشینانه‌دا نه‌بووه، پێش شه‌ڕه‌كه رۆژهه‌ڵات و به‌شێ له باشور و باكوری كوردستانیش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری سه‌فه‌وی شیعه مه‌زهه‌بدا بوو، كورد له‌و شوێنانه نه‌ك هه‌ر له رووی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵكو له رووی مه‌زهه‌بیش ده‌چه‌وسێنرایه‌وه و هه‌ر میرێكی كورد ته‌واو گوێڕایه‌ڵی سه‌فه‌وییه‌كان نه‌بووایه، میرێكی قزلباشیان له شوێن داده‌نا، به‌ڵام له‌دوای ڕێككه‌وتنامه‌ی نێوان سوڵتان سه‌لیم و مه‌لا ئیدریسی به‌دلیس و ئاكامه‌كانی شه‌ڕی چاڵدێران ژیانێكی سیاسی گرنگ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تی میرنشینی كورده‌كان به‌رپابوو، سیستمی سیاسی وڵاتیش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌سه‌ر بنه‌مای (لامه‌ركه‌زیه‌ت) و سیستمی ویلایه‌ت بوو، جگه له رۆژهه‌ڵات ئه‌وه به‌شی باشور و باكور له ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وی پاككرایه‌وه!!
هه‌رچه‌نده ئه‌و په‌یوه‌ندیه چه‌نده‌ها جار هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه، به‌ڵام هه‌تا سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم له ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و هاتنی مسیۆنێره‌كان بۆ ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی، په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌ت و میرنشینه‌كان هه‌ر باش بوو.
به‌شی دووه‌می ئه‌م توێژینه‌وه‌یه قسه له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی توركیزم و كه‌مالیه‌ت ده‌كات، ئه‌و قۆناغه له په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی توركی سه‌ره‌تای هه‌وڵی داگیركردنی (خاك) و (ناسنامه) و (زمانی كوردی) بوو، له پاش ئه‌و مێژووه، هه‌موو هه‌وڵێكی كوردی به‌خه‌سار چوو، هه‌روه‌ها ده‌رگا له‌سه‌ر هه‌موو جۆره چاره‌سه‌رێك داخرا.
له‌دوای ئه‌زموونی داد‌و گه‌شه‌پێدان، ده‌رفه‌تێك هاتووه‌ته پێش بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و ئارێشه دابندرێ، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه چاره‌سه‌ری ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند ئایه‌تێك به‌چاره‌سه‌ر داده‌نێت، هه‌میش تاقیكردنه‌وه‌ی مكوڕی داد‌و گه‌شه‌پێدانه له كردنه‌وه‌ی دیموكراسی ئیسلامیخوازی له سه‌ر بنه‌ماكانی ئیسلام تاقیده‌كاته‌وه.
به‌شی یه‌كه‌م
مێژووێك له یه‌كدی قه‌بوڵكردن
له سه‌رده‌می شا ئیسماعیلی سه‌فه‌ویدا، بزاڤی شیعه‌گه‌ریی نه‌ك هه‌ر ئێران، به‌ڵكو توانی هه‌ژموونی خۆی له عێراقی عه‌ره‌بی و به‌شێك ناو وڵاتی كوردان و تور‌كان بسه‌پێنێ، له به‌رانبه‌ر سوڵتان سه‌لیم توانی به هاوكاری كورده سونییهكان كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی شیعه له‌عێراقی عه‌ره‌بی (نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا) و ئه‌نادۆل و هه‌تا به‌شێك له ئێران كۆتایی پێ بێنێ!
ئه‌و هاوكارییه‌ی كورد له چاڵدێران یه‌كێ له فاكته‌ره‌كان پێشگیریكردنی بزاڤی شیعه بوو له كوردستانی عوسمانلی:
(باشوور و باكوور و رۆژئاوای كوردستان)، ئه‌و به‌شدارییه‌ی میرانی كوردی سوننی له شه‌ڕی چالدێران په‌یوه‌ست به رێككه‌وتننامه‌ی سوڵتان سه‌لیم و مه‌لا ئیدریسی به‌دلیسی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كراوه:
له كتێی «خولاصهیهكی تأریخی كورد و كوردستان»
به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌كه ئه‌وها خراوه‌نه‌ته‌ڕوو:
1ـ ئیستیقلالی ئیماره‌ته‌كانی كورد مهحفوڤ ئه‌بێ.
2ـ مه‌قامی ئه‌ماره‌ت له باوكه‌وه بۆ ئه‌ولاد ئه‌مێنێ، یا به‌گوێره‌ی ئسوڵی محه‌للی ته‌نزیم ئه‌كرێ، سوڵتان به‌فه‌رمانێك ته‌عینی خه‌ڵه‌ف تصدیق ئه‌كا.
3ـ كورد، له‌هه‌موو شه‌ڕێكدا، یارمه‌تی تورك ئه‌دا.
4ـ به‌رامبه‌ر به تهعهڕوزاتی خارجی، تورك معاوه‌نه‌تی كورد ئه‌كا.
5ـ كورد ڕسومی شه‌رعیه، به بیت المالی خه‌لیفه ئه‌دا.
به‌نده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه له به‌نده‌كانی هه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی كوردی له‌گه‌ڵ داگیركاران به‌هێزتره، چونكه به‌نده‌كان به‌ندی سیستمی فیدراڵی ویلایه‌تی ئیسلامیین، كه كورد له مه‌مله‌كه‌تی خۆی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی هه‌ر خه‌ریكی داگیركردنی كوردستان و لادانی میرانی كورد بوو.
سوڵتان سه‌لیم و مه‌لا ئیدریس له‌پاش شه‌ڕی چاڵدێران هه‌ر ته‌نها چه‌ند ساڵێك ژیان، به‌ڵام ئه‌و هاومهزههبییهی كورد و تورك له پاشان عه‌ره‌ب، یه‌كێتی عوسمانی پتهوتركرد!
هه‌تا (ئیسلام) هۆكاری ئه‌و یه‌كێتییه بوو، په‌یوه‌ندییه‌كان پته‌وتربوون، به‌ڵام ناكرێ نكۆڵی له‌وه بكه‌ین كه چه‌نده‌ها جار له‌سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م هه‌تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م كێشه له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و میرانی كورد به‌رپابووه، به‌ڵام به‌هه‌مانشێوه‌ش ململانێ و شه‌ڕ له‌نێوان میرانی كوردیش خۆ به‌خۆ به‌رپابووه، هه‌تا گه‌وره شاعیری كورد، ئه‌حمه‌دی خانی فاكته‌ری ناته‌بایی سه‌ران و میرانی كوردی به‌هۆكاری وابه‌سته‌ی كورد داناوه هه‌روه‌ها به‌فاكته‌ری مانه‌وه‌ی داگیركردن و بێ ده‌وڵه‌تی داناوه.
له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌تا ده‌هات لاوازتر بوو، جگه له‌به‌ره‌ی رۆژئاوا، ئه‌وه ئه‌وروپا له‌ڕێگای رۆژهه‌ڵاتناس و پیاوانی ئایینییه‌وه توانی مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌مپراتۆریه‌تی عوسمانی ئاسانتر بكات، هه‌روه‌ها ئه‌و رۆژهه‌ڵاتناس و پیاوانی ئایینیانه یه‌كێ له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و میرنشینه‌كان بوون!
به‌بیانوو به‌هانه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سیستمی مه‌ركه‌زیه‌ت، كه له‌ژێر كاریگه‌ری رۆژئاوابوو، و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی لامه‌ركه‌زیه‌تی شێوه فیدڕاڵی یاخود سیستمی ویلایات، شه‌ڕی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میرنشینه كوردییه‌كان ده‌ستی پێكرد، راسته ئه‌و میرنشینه كوردیانه له‌ناوچوون، به‌ڵام به‌هه‌مانشێوه‌ش ده‌وڵه‌تی عوسمانی، كه سنووره‌كه‌ی چه‌ند كیشوه‌رێكی بڕی بوو!! له‌دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ته‌نها لهكیشوهرێك مایه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نه‌بوو هه‌تا به‌هه‌موو به‌نده‌كانی رۆژئاوا ڕازی نه‌بوو!!
له‌گه‌ڵ ئه‌و (لادانه‌ش) هێشتا كورد به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری عوسمانیه‌ت نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ر ده‌یویست له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بمێنێته‌وه، به‌ڵام توركایه‌تی ئیتحاد‌و ته‌ره‌قی و كهمالیهتی توركه ناسیۆنالیسته‌كان ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی ته‌واو له‌لای كورد كوشت، چونكه ئه‌وانه هه‌رگیز قه‌بوڵی كوردیان نه‌ده‌كرد ته‌نها وه‌ك خوڵام و به‌نده‌و بێ ناسنامه نه‌بێ!!
له قۆناغی پێش سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم و به عه‌لمانیكردنی سیستمی سیاسی ده‌وڵه‌ت، كورد ناسنامه و زمان و خاكی پارێزراو بوو، هه‌روه‌ها چه‌نده‌ها میرنشینی كوردی فه‌رمانڕه‌وایی كوردستانی عوسمانییان ده‌كرد.
به‌شی دووه‌م
بزاڤی كه‌مالیه‌ت بزاڤی سڕینه‌وه‌ی
هه‌موو شتێكی كوردی و ئیسلامیی
بزاڤی كه‌مالیه‌ت په‌یوه‌سته به‌ناوی (مسته‌فا كه‌مال)ه‌وه، له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ناوی مسته‌فا كه‌مال به‌ده‌ركه‌وت، بزاڤه‌كه‌ی له كوردستانه‌وه، باكوری كوردستان ده‌ستی پێكرد، ئه‌وسا باكور ناوچه‌یه‌ك بوو له بۆشاییه‌كی سیاسی و ئیداریدا ده‌ژیا، چونكه پاش سه‌ركه‌وتنی كوده‌تای سوری بهلشهویهكان لهرووسیای قه‌یسه‌ری، بهلشهویهكان سوپای ڕووسیان له باكوری كوردستان كشانده‌وه، له‌ماوه‌ی ته‌نها دوو ساڵدا 1919 ـ 1921 مسته‌فا كه‌مال توانی میلیشیایه‌كی به‌هێز له كورد‌و تورك پێكبێنێ و له‌هه‌ردوو كۆنفرانسی (سیواس) و (ئه‌رزه رۆم) بنه‌مای ده‌وڵه‌تێكی نوێ دابمه‌زرێنێ و هه‌روه‌ها وا له ئینگلیز و فه‌ره‌نسا بكات كه به‌نده‌كانی سیڤه‌ر تایبه‌ت به كوردستان په‌ك بخه‌ن!
له‌دوای روخانی ده‌وڵه‌تی ئیتحاد و ته‌ره‌قی حكومه‌تێك له ئه‌سته‌مبۆل هه‌بوو، په‌یمانی سیڤه‌ری مۆركردبوو، به‌ڵام كه‌مالییه‌كان توانیان ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئه‌سته‌مبۆلیش له‌ناو ببه‌ن، وه‌ك وتمان كورد به‌شێكی گرنگی ئه‌و بزاڤه‌ی پێكده‌هێنا نه‌ك هه‌ر له‌باكور به‌ڵكو له باشوریش ئۆزده‌میری پیاوی مسته‌فا كه‌مال توانی بووی هه‌تا (شێخ مه‌حمود) یش نیگه‌ران بكات و فاكته‌رێك بێ بۆ تێكچوونی ڕه‌وشی ئه‌منی باشور!
هه‌ر كه كه‌مالیه‌ت توانی له‌ساڵی 1923 ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و عه‌لمانی له ئه‌نقه‌ره دابمه‌زرێنێ كه‌وته شه‌ڕی داواكانی كورد و هه‌ژموون و كه‌لتوری ئیسلامیی له‌ده‌وڵه‌تدا هه‌تا به‌یه‌كجاری سیستمی خه‌لافه‌تی ئیسلامیی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و له حوكمیزاتی كوردیش په‌شیمان بووه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌كوردیش، پاش ئه‌وه‌ی كورد له باكور له ئینگلیز‌و دیماگۆژییهكانی كه‌مالی بێ ئومێد بوون ئه‌وه ده‌سته‌ی رووناكبیری كوردی هه‌ندێ هێزی عه‌شایه‌رو موریده‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران بیران له شۆڕشێكی چه‌كداری كرده‌وه، ئه‌و شۆڕشه دوو ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌بوو:
یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و مافه‌كانی له توركیای نوێ‌دا دوو: گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سیستمی خه‌لافه‌تی ئیسلامیی.
كه‌مالیه‌كان به پاڵپشتی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت توانیان یه‌كه‌م شۆڕشی چه‌كداری كوردی ناسراو به شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران 1925 له‌ناو ببات و زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان له‌سێداره بدات.
له‌ساڵی 1927 هه‌ندێ ئه‌فسه‌رو رووناكبیر و ئاغا‌و میری كورد له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی حزبی (خۆیبوون) و به سه‌ركردایه‌تی (ئیحسان پاشا) ڕاپه‌ڕین و هه‌تا توانیان حكومه‌تێكی كوردی له (ئارارات) دابمه‌زرێنن، به‌ڵام ئه‌و شۆڕشه‌ی كوردیش به‌هاوكاری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ناوچوو!
ده‌رسیمییه‌كان كه زۆربه‌ی عه‌له‌ویین هه‌تا ساڵی 1936 حكومی زاتیهكی ناوخۆییان هه‌بوو، به‌ڵام كه‌مالییه‌كان ئه‌وه‌نده‌شیان قه‌بوڵ نه‌بوو، بۆیه پێش عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كانی عێراق، كه‌مالیه‌كان به‌زه‌بری به‌كارهێنانی (چه‌كی كیمیایی) شۆڕشی دهرسیمیشیان له‌ناوبردو (سه‌ید ره‌زای) سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه‌و چه‌نده‌ها فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌ی كوردیان له‌سێداره دا، وێڕای ئه‌مانه، ئه‌وه كورده‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ش رزگاریان نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌مالییه‌كان كه‌سه دیاره‌كانی ئه‌و تهرهفهشیان له‌سێداره‌دا. له‌پاش له‌ناوبردنی هه‌رسێ شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران و ئاگری دا‌غ و ده‌رسیم ئه‌وه به‌ڕه‌سمی توركیا كرایه ده‌وڵه‌تی یه‌ك نه‌ته‌وه، یه‌ك زمان یه‌ك ئاڵا، نه‌ك هه‌ر زمانی كوردی، به‌ڵكو ئه‌لفبێ ئیسلامیی ـ كوردیش له ته‌واوی توركیا قه‌ده‌غه‌كرا و ئه‌لفبێی لاتینی به‌سه‌ر ته‌واوی گه‌لانی توركیا سه‌پێندرا، به‌مه‌ش ته‌واوی توركیا له‌هه‌موو دیارده‌و حاڵه‌تێكی ئیسلامیی و فره‌نه‌ته‌وه‌یی قه‌ده‌غه‌كرا هه‌روه‌ها هه‌موو باكور كرا به «جههاڵهتخانهیهك» به‌جۆرێك ئێستا له‌و بیست ملیۆن كورده‌ی ئه‌وێ، دوو ملیۆن كورد نادۆزیه‌وه به‌كوردی بخوێنێته‌وه و بنووسێ!!
له‌ماوه‌ی هه‌شتا ساڵی ته‌مه‌نی كه‌مالیه‌ت و عه‌لمانیه‌تی توركی 1923 ـ 2003 هه‌موو هه‌وڵێك درا بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی باكوری كوردستان به به‌شێك له‌توركیای نوێ دابندرێ هه‌روه‌ها پێكۆڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی نه‌ته‌وه‌یی به‌شێك له‌ستراتیژیه‌تی ئه‌قلیه‌ت و حزبی عه‌لمانی توركی پێكده‌هێنێ ئه‌و شۆڤینیه‌ت و توندیه‌ی كه‌مالیه‌ت و عه‌لمانیه‌تی توركی، (په‌كه‌كه)ی دروستكرد كه ئه‌ویش به ئهقلیهتیهكی پڕ توندوتیژی به‌رگری له‌مانه‌وه و لابردنی سیستمی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات، له ئاكامدا كێشه‌كه نه‌ك هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌ڵكو هه‌تا دێ له‌نێوان دوو باڵی توند توندتر ده‌بێ؟!
له قۆناغی كه‌مالییه‌ت ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می پێشوو، كورد ناسنامه و زمان و خاكی كه‌وته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی حه‌تمی سڕینه‌وه.
به‌شی سێیه‌م
ئیسلام چاره‌سه‌ره نه‌ك عه‌لمانییه‌ت
مێژووی به‌عه‌لمانیكردنی سیستمی سیاسی و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانیی، جگه له‌ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تی و پاشا گه‌ردانی هزری و شارستانی و مه‌ده‌نی، هیچی دیكه نه‌بووه!
عه‌لمانیه‌تی توركی هێنده‌ی شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ كورد كردووه هێنده‌ش شه‌ڕی ئیسلامیی له‌گه‌ڵ تورك و كۆمه‌ڵگای توركیای نوێ: تورك، ئه‌رمه‌ن، جوله‌كه .. هتد. كردووه.
ره‌وتێكی ئیسلامیخواز هه‌ر له قوتابخانه‌ی (نور)ی (نورسی)یه‌وه كاری له‌سه‌ر روخانی عه‌لمانیه‌تی توركی كردووه، ته‌یارێكی دی ئیسلامیی، كه هه‌ر مزگه‌وتی نه‌كردووه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و نه‌ش و نماكردنی، به‌ڵكو له هه‌موو دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت پێگه‌ی خۆی داناوه، ئه‌و ره‌وته‌ی دوایی، چونكه باوه‌ڕی به (سیاسه‌ت) و (ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه) هه‌بووه و ئه‌و دووه به‌شێك بوونه له ئامانجی ستراتیژی، بۆیه هه‌ر له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی دیموكراتی حزبی دیموكراتی عه‌دنان مه‌نده‌ریس و جه‌لال به‌یار توانی له شانۆی سیاسه‌ت ده‌ربكه‌وێ، لهههشتاكانهوهش هاته ناو شه‌ڕی هه‌ڵبژاردن، تا له‌ئه‌نجامدا توانی چۆك به‌حزبی عه‌لمانی وه‌ك حزبه‌كه‌ی ئه‌جه‌ویدو تانستۆچیلهر و مه‌سعود یه‌ڵماز و ئه‌وانی دیكه دابدات و نه‌ك هه‌ر حكومه‌ت پێكبهێنێ، به‌ڵكو كۆنترۆڵی په‌رله‌مان و پۆستی سه‌رۆك كۆماریش بكات!
سه‌رده‌می ئه‌و ڕه‌وته، «ئیسلامیخوازه» كه خۆیان به «عوسمانیه نوێیه‌كان» ده‌ناسێنن، له زۆر رووه‌وه وه‌ك: ئازادی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها هه‌بوونی دۆزێك له‌توركیا به‌ناوی دۆزی كورده‌وه كه پێشتر له‌سه‌رده‌می عه‌لمانیه‌تی كه‌مالیه‌كان و حزبه‌كه‌ی ئه‌جه‌وید، چیله‌ر و یه‌ڵماز به‌ته‌واوی نكوڵی لێده‌كرا، ئازادی زمان و چاپه‌مه‌نی كوردی.. هتد.
له‌سه‌رده‌می عه‌لمانیه‌تی كه‌مالیی باشترن، له‌هه‌مووی گرنگتر، پرس و پرۆژه‌ی كردنه‌وه‌ی دیموكراسیه‌ته كه حزبی گه‌شه‌پێدان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.
لێره‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئیسلامیی ده‌كه‌ین، چونكه چاره‌سه‌ری عه‌لمانی چاره‌ی كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی توركیای نه‌كرد، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناو توركیای ئاڵۆزتر كرد به‌تایبه‌تی دۆزی كورد، هه‌روه‌ها ئه‌و حزبه بانگه‌شه‌ی (ئیسلامه‌تی) ده‌كات، با بزانین ئه‌وانه چه‌ند پێگیری به بنه‌ما ئاینییه‌كان ده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه!
* مه‌سه‌له‌ی مرۆڤبوون
گیانی مرۆڤ، ئازادی مرۆڤ، رێزی مرۆڤ، بێ ناسنامه‌ی ئایینی و ئایدیۆلۆژی یه‌كێ له‌خاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بنه‌ماكانی قورئانی پیرۆز پێكده‌هێنێ، ئایه‌تی (ئه‌وه‌ی «كه‌سێك» بكوژێ ئه‌وه وه‌ك ئه‌وه وایه كه هه‌موو «مرۆڤه‌كانی كوشت بێ) ته‌واو جه‌خت له‌سه‌ر پیرۆزی (گیانی مرۆڤ) ده‌كات و به‌هیچ پێوه‌رێكی ئایینی و ئایدیۆلۆژی سیاسی و چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی نابه‌ستێته‌وه، ئه‌رێ ئه‌م ئایه‌ته، له‌مه‌ودوا، به‌شێك له‌ستراتیژیه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان پێكده‌هێنێ و ده‌بێته پرۆژه‌یه‌كی «ئینسانیی ـ Humanism؟! چه‌ند ئایه‌تێكی تر هه‌ن وه‌ك (فَمَن شَاو فَلْیُئمِن وَمَن شَاو فَلْیكْفُرْ) (لكُمْ دِینُكُمْ وَلِی دِینِ) گوتاری ئازادی قورئان له‌مه‌ڕ نه‌ك هه‌ر ئازادییه ئینسانییه‌كان، به‌ڵكو ئازادییه سیاسی و عه‌قیده‌ییه‌كان ده‌نوێنن.
له‌مه‌مله‌كه‌تی به‌هه‌شته‌كه‌ی عه‌لمانیه‌تی كه‌مالیه‌ت بۆ كورد، نه‌ك هه‌ر هیچ جۆره ئازادییه‌كی سیاسی له ئارادا نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ر ته‌مه‌ن و بونیادی حكومه‌ته‌كه له 1923 ه‌وه له‌سه‌ر ده‌مكوتكردنی ئازادی سیاسی كورد دامه‌زرابوو، كورد تووشی گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی بوو له‌ژێر سایه‌ی عه‌لمانیه‌تی توركیاوه به‌جۆرێ هه‌ر له‌دوای كپكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ده‌رسیم هه‌تا ده‌ركه‌وتنی (په‌كه‌كه) هیچ بزاڤێكی سیاسی كوردی به ئاشكرا له توركیای نوێ دروست نه‌بووه!!
ئه‌و ئازادیه‌ی داد و گه‌شه‌پێدان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات له‌مه‌ڕ ئه‌و ئایه‌تانه‌وه چه‌ند بڕ ده‌كات؟! ئه‌رێ ئه‌وان شتێك ده‌كه‌ن زیاتر رووی ره‌شی عه‌لمانیه‌تی توركی ره‌شتر بكه‌ن؟
هه‌روه‌ها هه‌قیقه‌تی هه‌ڵوێستی ئیسلام له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی ئازادی سیاسی و ئایدیۆلۆژی له ئه‌رزی واقیع و وڵاتێكی سیستم دژه ئینسانی بسه‌لمێنن.
ئایه‌تی (وَلقَدْ كَرَّمْنَا بَنِی ێدَمَ) هیچ ناسنامه‌یه‌كی ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایدیۆلۆژی، مه‌زهه‌بیی هه‌ڵناگرێ، به‌ڵكو ته‌نها و ته‌نها ده‌لاله‌ت له مرۆڤبوونی مرۆڤ ده‌كات. به‌شێوازێكی دیكه، خودا رێزی له نه‌وه‌ی ئاده‌م ناوه، ئاده‌میی بوون خۆی له‌خۆیدا رێزێكه له‌زاتی مرۆڤ!
ئه‌و رێزه كه‌ی ده‌بێته رێز ئه‌گه‌ر ته‌واو رێز له‌و فه‌رمانه‌ی خوا نه‌گیرێ و ئاسایشی مرۆڤانه‌ی مرۆڤ نه‌پارێزێ؟!
هه‌روه‌ك چۆن مرۆڤبوون رێزێكه به‌هه‌مان شێوه كورد بوون رێزێكه خودا له كوردی ناوه وه‌ك (نه‌وه)یه‌ك له نه‌وه‌كانی ئاده‌م!
2ـ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌و زمانی نه‌ته‌وه‌یی
قورئان له (25) ئایه‌تدا ئاماژه‌ی به‌زمان كردووه، جگه (زمان) وه‌ك ئامێرێكی ئاخاوتن ئه‌وه زۆربه‌ی واتاكانی دی (زمان) له قورئان واتای زمانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن، مه‌سه‌له‌ی زمان له قورئاندا هێنده به‌گرنگ وه‌رگیراوه به‌جۆرێ هه‌تا هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان و په‌یامه‌كانیان جگه له‌ئیسلام، به‌زمانی نه‌ته‌وه‌یی بووه، ده‌قی هه‌ر په‌یامێكی خودایی به‌زمانی نه‌ته‌وه‌كه بووه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌دروستی له‌دینی خودا بگه‌ن، هه‌بوونی نه‌وه‌ی جوداو زمانی جودا ده‌لاله‌ت له‌هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی خودا ده‌كه‌ن!
قورئان له ئایه‌تی (وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وَقَبَائِل لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُم) دوو مه‌سه‌له‌ی زۆر گرنگ ده‌وروژێنێ:
یه‌كه‌م:
ئامانج له هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ی جودا، یه‌كدی ناسینه، مه‌سه‌له‌ی یه‌كدی ناسینیش ته‌نها ئه‌و كاته به‌رپا ده‌بێ كه یه‌كدی قه‌بوڵكردن به‌رپابێ به‌واتایی بۆ نموونه هه‌ركاتێك تورك قه‌بوڵی كوردی كرد، ئه‌وه پێگیری به‌و ئایه‌ته ده‌گه‌یه‌نێ.
دووه‌م
كام نه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵ، له‌لای خودا جێی ڕێزه؟! له‌م ئایه‌ته‌دا نه‌ته‌وه په‌سه‌ندی، نه‌ته‌وه پیرۆزی ته‌واو ده‌توێته‌وه هه‌روه‌ها ئه‌م ئایه‌ته ته‌واو تیۆری عه‌قڵیه‌تی عه‌ره‌بی ره‌تده‌كاته‌وه، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه په‌سه‌ندی و په‌یوه‌ستكردنی به‌خوداوه، تیۆرێكی جولهكهییهو ده‌رهاوێشته‌ی هزری ئایینی ده‌ستكردی جوله‌كه‌یه، ئایا توركێكی ئیسلامیخواز قه‌بوڵی ئه‌وه ده‌كات پێی بڵێین: ئه‌و هزرو تێڕوانینه‌ی ئێوه بۆ نه‌ته‌وه په‌سه‌ندی و ئایین تیۆرێكی یه‌هودییه!!
بوونی ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه ئایه‌تێكه له ئایه‌ته‌كانی خودای گه‌وره، هه‌روه‌ها خودای گه‌وره هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر بنه‌مای «نه‌ته‌وه‌یی» خۆش ناوێ، وه‌ك جوله‌كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو خودا له‌سه‌ر بنه‌مای خودا خۆشویستن و پێگیریكردن به به‌رنامه‌كه‌ی خه‌ڵكی خۆش ده‌وێ.
هه‌روه‌ك چۆن «نه‌ته‌وه‌ی جودا» ئایه‌تێكی خودای گه‌وره‌یه ئه‌وا به‌هه‌مانشێوه «زمانی جودا» ئایه‌تێكی دی خودای گه‌وره‌یه، ئه‌وه‌ته ئایه‌تی (وَاخْتِلافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُم) جیاوازی زمان و ره‌گه‌زو ره‌نگ ئایه‌تی خودان، هه‌بوونی زمانی كوردی ده‌لاله‌ته له‌سه‌ر هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد، عه‌لمانیه‌تی توركی جگه له‌وه‌ی هیچ رێزێكی له به‌هاكانی ئازادی نه‌ناوه هه‌روه‌ها به‌هه‌موو هێزێكی خۆی هه‌وڵی داوه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر له (به‌رازیلیش) ده‌وڵه‌تێكی كوردی دروست ببێ ئه‌وان شه‌ڕی ده‌كه‌ن تا ده‌یڕوخێنن! ئه‌وان به‌ته‌واوی نكوڵیان له (بوون) و (ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی) نه‌ته‌وه‌ی كورد و (زمان)ه‌كه‌ی ده‌كرد، ئه‌مه شه‌ڕ نه‌بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دینی خودا؟!
بێگومان عه‌لمانیه‌تی توركی له‌هه‌مبه‌ر كورد‌و زمانی كوردی و دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد نه‌گۆڕاوه!! بۆیه هه‌رگیز شیمانه‌ی هیچ چاره‌سه‌رێك له عه‌لمانیه‌تی توركی ناكرێ!!
چاره‌سه‌ری ئیسلامیش، به‌كورتی بریتییه له قه‌بوڵكردنی كورد و زمانی كوردی هه‌روه‌ها قه‌بوڵكردنی «ده‌وڵه‌تی كوردی» یان هه‌ر هیچ نه‌بێ په‌یڕه‌وكردنی سیستمی نیزامی ویلایات كه جه‌خت له‌سه‌ر (لامه‌ركه‌زیه‌ت) ده‌كات و كورد ته‌واو سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ، ته‌نها له‌سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی ناوه‌ندی په‌یوه‌ست ده‌بێ به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌وه!
ئه‌مه‌یه چاره‌سه‌ری ئیسلامیی، چونكه وه‌ك په‌یامبه‌ر ده‌فه‌رموێ: هیچ كه‌سێ ئیمانی ته‌واو نابێ ئه‌گه‌ر چی بۆ خۆی پێ خۆشه بۆ براكه‌ی پێ خۆش نه‌بێ!!
ئه‌رێ داد و گه‌شه‌پێدان، تۆش حزبی سه‌عاده‌ت كه بانگه‌شه‌ی «ئیسلامیخوازی» ده‌كه‌ن، چۆن ده‌وڵه‌ت بۆ خۆیان ڕه‌وا ده‌بینن هه‌تا فیدراڵیش به كورد ڕه‌وا نه‌بینن؟؟!! ئه‌مه ئیسلامه، ئه‌وان ئه‌وها له‌چاره‌سه‌ری ئیسلامیی ده‌گه‌ن؟!
———————-
* ئه‌م بابه‌ته بۆ كۆنفرانسی پرسی كورد و چاره‌سه‌ری ئیسلامیی نووسراوه، كه‌بڕیاره شه‌ممه 24/7/2010، له شاری دیار به‌كر ده‌ست به كاره‌كانی بكات، نووسه‌ر وه‌ك توێژه‌رێكی ئه‌م بواره بانگهێشت كرابوو، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار نه‌یتوانی له‌وێ ئاماده بێ.