خەونی هەناردەکردنی گازی سروشت ی بەرهەم ساڵح،….
خەونی هەناردەکردنی “گازی سروشت” ی بەرهەم ساڵح،
لە نێوان سوودی هەرێم و دەستکەوتی حیزب دا
ئاری ئەبوبەکر
بەرهەم ساڵح، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سیاسییەک کە تا ئێستا نەیتوانییوە جێ پەنجەی خۆی لە کابینەی شەشەم دا بنەخشێنێ، بە خۆی بزانێت یان نا، خەریکە خەڵک بێ ئومێد دەکات لە خۆی و حکومەتەکەی، بەهۆی ئەوەی کە وا ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر دەستبەکاربوونی دا، کەچی نەک هەر هیچ بەرهەمێکی دیارنییە، بگرە بێ دادییەکان زیاتر بوون، کۆمەڵێک کۆمپانیا و بازرگانەکانی سەر بە حیزب زیاتر بازاڕ بە هەموو شێوەکانیەوە قۆرخ دەکەن، هاووڵاتی ئاساییش تا دێت ژیانی قورستر و سەختتر دەبێت.
بەرهەم ساڵح پیاوێکی تێگەیشتوە، بەڵام ئێستا کەوتۆتە گەمەیەکەوە، نەخۆی بۆ دێتە دەرەوە، نە دەتوانێت لەگەڵ گەمەکەش دا بڕوات، چونکە چارەنووسی گەمەکە بەدەست سەرۆک حیزبەکانەوەیە، بۆیە بە ئاشکرا بە سەروسیمای بەرهەم ساڵح و کاروکردەوەکانییەوە دیارە.
دوای سەفەرکردنی چەند وەزیرێکی کابینەکەی بەرهەم لەگەڵ نێچیرڤان دا بۆ تورکیا، بڕیاربوو دوای هاتنەوەیان، بەرهەم ساڵح ڕونکردنەوە وەرگرێت لەلایەن وەزیرەکانەوە، بەڵام تا ئێستا ڕونکردنەوە نەدرا، ئەو مەسەلەیەش تا ڕادەیەک دیزە بەدەرخونە کرا.
کاتێک بەرهەم ساڵح حکومەتی گرتە دەست، حکومەتی هەرێم لە گەورەترین کێشەی دابوو لەگەڵ بەغداد، لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم، هەر ئەم خاڵەش بوو کە یاسای نەوتی عێراقی ئیفلیج کردبوو، بەڵام تا ئێستا دیارنییە کابینەی شەشەم چ هەوڵێکی داوە بۆ چارەکردنی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی کابینەی پێشوو، کە جگە لە حیزب، هێزنییە لە دونیادا بزانێت سوودی ئەو گرێبەستە نەوتییانە، یان ڕاستتر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم چ سوودێکی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان، جگە لە دەردەسەری و ناردنی پارە بۆ بەغداد، مەگەر ژێربەژێر حیزب و سیاسییەکان بۆ خۆیان و گیرفانی خۆیان لە شیرینی و بە قاچاغبردنی نەوتەکە سوودمەند ببن.
بەرهەم ساڵح لەبری ئەوەی کێشەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد دا چارەسەربکات، خەریکە هەرێم لە قەیرانێکی تریش نزیکدەکاتەوە، ئەویش هەناردەکردنی گازی سروشتی و هەوڵی بوون بە بەشێک لە پرۆژەی “نابوکۆ”، بە قەولی بەرهەم واتەنی.
کورتەی پرۆژەی (بوون بە بەشێک لە نابوکۆ) ئەوەیە، کە حکومەتی هەرێم دەخوازێت گازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بکات. هەڵبەت ئەم پرۆژەیە کارێکی بەسوودە بۆ هەرێم، ئەگەر، دووبارە دەڵێین ئەگەر، هەرێم ئابورییەکەی سەربەخۆ بێت و داهاتی ناردنی گازی سروشتی نەگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی عێراق، یاخود هەرێم کەمی بودجەی هەبێت و بیەوێت لەم ڕێگایەوە کەمی بودجەی پڕبکاتەوە، بەڵام لە کاتێک دا هەرێم نەک سەربەخۆ نییە، بەڵکو بە پێی دەستوری عێراقی داهاتی گشت عێراق دەبێت بچێتەوە بەغداد و لەوێوە دووبارە دابەشبکرێتەوە بەسەر هەموو عێراق دا، لەم کاتەدا هەناردەکردنی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان (یان ناوت و گاز بە هەموو بەروبوومەکانیانەوە)، نەک ناکەوێتە خانەی سوودگەیاندن بە هەرێم، بەڵکو جگە لە زیانگەیاندن بە سامانەسروشتییەکانی هەرێم، دەچێتە خانەی زەوتکردنی مافی نەوەکانی داهاتووەوە، بەوەی کە دەشێت ئەو نەوت و گازە نەوەکانی داهاتوو لێی سوودمەند ببن، ئەگەر هاتوو ڕۆژێک لە ڕۆژان هەرێم توانی بەشیوەیەک لە شێوەکان سەربەخۆیی هەبێت.
بەڵام لە ئێستادا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا خەونی بوون بە بەشێک لە پرۆژەی نابوکۆ و هەناردەکردنی گازی سروشتی بەرهەم ساڵح، بۆ؟ کە ئێمەش و بەرهەم ساڵحیش لەو ڕاستییە بەئاگاین، کە ناردنی گاز و نەوت لە ئێستادا جگە لە خوڵقاندنی قەیران و بارگاویکردنی هەرێم بە گیروگرفت، چ سوودێکی ئەوتۆی تری نییە. ئایا ئەم خەونەی بەرهەم ساڵح هەمان دابەشکردنی کوردستان نییە بەسەر ئەو دوو هێزەدا(یەکێتی و پارتی)، کە مادام پارتی دەستیگرتووە بەسەر گرێبەستە نەوتییەکان و چاڵەنەوتییەکاندا، بەهامن پێوەری زەرد و سەوز، کەواتە یەکێتێش بۆ ئەوەی لە (غەنیمە)ی خۆی بێبەش نەبێت، ئەبێت کاربکات بۆ سوودمەندبوون لە سامانە سروشتییەکان وەک هاوپەیمانەکەی؟ ئەوکات برابەش، نە لەتۆ قسە و نە لەمن قسە، بێدەنگ دادەنیشین دەیخۆین، زاڵ ببێت بەسەر مەبدەئی وڵات بەڕیوەبردن دا.
ئەمانە بۆچون بوون، بۆچونیش دەشێت ڕاست بێت، دەشێت هەڵە، بەڵام شتێک کە ڕاستییە، گرێبەستە نەوتییەکان و گرێبەستە گازییەکان، جگە لە خوڵقاندنی دەردەسەری و خەریکردنی هاووڵاتییانی هەرێم بە کێشەیەکەوە، کە تێیدا سوودمەندنین، هیچ ئاڕاستەیەکی تری نییە.
Arei1976@hotmail.com
لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە ٦٤٧ دا بڵاوکراوەتەوە