Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
شاندی ئیئتلافی لیستە کوردییەکان، نوێنەرایەتی هیچ خواست و داوایەکی واقعی خەڵکی کوردستان ناکەن

شاندی ئیئتلافی لیستە کوردییەکان، نوێنەرایەتی هیچ خواست و داوایەکی واقعی خەڵکی کوردستان ناکەن

Closed
by August 5, 2010 گشتی

 عەبدوڵا مەحمود

لەدوای هەڵبژاردنی ٧/٣ وە، تەواوی هێزو قەوارە سیاسیەکانی عێراق، هاوپەیمانیەتیەکان، فراکسیۆنەکان، ئەمریکا، وڵاتەکانی ناوچەکە  لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدان، بەڵام بەو هۆیەوە کە ئەزمەی پێکهێنانی حکومەت لە بنەرەتدا ریشەی لە ئەزمەی پێکهێنانەوەی دەوڵەتی عێراقدایە، بۆیە بۆتە گرێ کوێرەیەکی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی، کە بەپێکهاتنی حکومەتیش وەڵامی کۆتایی وەرناگرێتەوە.
ئەو قەوارەو هێزە سیاسیانەی دەیانەوێ دەوڵەت پێکبهێنەوە، لەشەڕێكی هەمەلایەنەدان، بۆ پێکهێنانەوەی جۆری حکومەتی داهاتوو. ئەو هێزو قەوارانەش کە نەکاریان بە جۆری پێکهاتنەوەی دەوڵەت و حکومەتدایە، نە دەتوانن نەخشیکی کردەیی لەخۆنیشان بدەن، لە باشترین حاڵەتدا دەیانەوێ دەوری  ناوبژیی و خێریان بەهەند وەربگیرێ و بەشی پێشوویان بێ دەستکاری بمێنێتەوە و رەسمیەت وەربگرێت.
ناسیونالیزمی کورد، بەپێی جێگەو رێگەی دەسەڵاتدارێتی و ئاستی رێکخراوەیی و دۆخی تایبەتی کوردستان و ئارامیەکی نسبی و بەشیک نەبوونی هەرێم لە بەرەی جەنگ لە شەری ئەمریکی لەگەڵ عێراقد و هاوکات لەمەیدان چونە دەرەوەی ناسیونالیزمی میلتانتی عەرەب و پان عەرەبیزم….. بەدوای کەوتنی بەعسدا، جێگاو ڕێگایەکی تایبەتی پێدرا. کە زۆر جیاوازە لە دۆخی ئێستا.
 ئیئتلافی فراکسیۆنی لیستە کوردیەکان، کە ئێستا و لەدۆخێکی تازەدا نوێنەرایەتی بزوتنەوەی بۆرژوا- قەومی کورد دەکەن، بودەڵەترین فراکسیۆن و بێنەخشترین بەشی بۆرژوازی عێراقە و دەیەوێت بە نرخی ساڵی کەوتنی بەعس، مایەی خۆی بەدەست لێنەدراوی بهێڵێتەوە. ڕەوتێکە کە لەحاڵی چاوەروانیدایە، گفتوگۆکانی، داواو چاوەڕوانیەکانی، هەڕەشە لێرەولەوێکانی، بۆ هیچ نییە، جگە لەوەی دەیەوێ بە بێوەیی بەشەکەی کە بەدوای کەوتنی بەعسدا، پێیدرا دەستکاری نەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە دۆخی ئێستا لە هیچ بارێکدا بە قازانجی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد نییە و عێراقی داوای ٧/٣، بە هێزەکانیەوە، بە قەوارەکانیەوە، بە سازان و رێکەوتننامەکانیەوە، بە جێگاو رێگای بزوتنەوەکانەوە، بە هاوسەنگی هیزیانەوە، تا دەگات بە نەخشی ئەمریکا، وڵاتانی ناوچەکە…. ئاڵوگۆڕی بەرچاویان بەسەرداهاتووە.
ناسیونالیزمی کورد و ئیئتلافی لیستەکانیان، هەموو ئەم ئاڵوگۆرانە بەبەرچاویانەوەیە، کەچی لە جێگای ئەوەی کارتی تازە بخەنە ناو گەمەکەوە، لەجیاتی ئەوەی کەمترین بەرپرسیارێتی نیشانی کۆمەڵگا بدەن، لەچاوەروانی ئەوەدان فایلە بەبن گەیشتوەکان لەزەمەنی پاشەکشەی خۆیاندا و بەهێزبوونەوەی رکەبەرەکانیاندا، دیسان بەرزبکەنەوە، تا لەو رێگایەوە درێژە بە فریوکاریەکانیان بدەن.
کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، یاسای نەوت و غاز، سنور، بودجە، هەموارکردنەوەی دەستور، پۆستی سیادی….. ئەمانە کە وەکو خاڵی میحوەری لەکێشمەکێشی نێوان بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ناسیونالیزمی عەرەب” بە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکەیانەوە” تەماشادەکرین، دەورەی داهاتوو یان باشتر بڵێم دوای ٧/٣، هەموویان بە زیانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد تەواو دەبن و رەوەندی سازشی شاندی ئیئتلافە کوردیەکان( بە دبلۆماسی و هەرەشە)وە، دەست پێدەکات.
    ناسیونالیزمی کورد، چونکە بزوتنەوەیەکە لەسەر پایەی ژێرپێخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان، لەسەر بنەمای قازانجپەرستی بۆ بۆرژوازی کورد لەبەرامبەر داخوازیەکانی چینی کریکارو خواستی زوربەی خەلکی کوردستاندایە، فایلی چارەسەری هەموو کێشە چارەنوسسازەکانی کردۆتە کارتی سات و سەودا، بۆ بەشداری مانەوەی لە حکومەتی ناوەندیدا.
شاندی ئیئتلافی لیستە کوردیەکان، نوێنەرایەتی هیچ خواست و داوایەکی واقعی خەڵکی کوردستان ناکەن. کەرکوکیان بۆ گرنگە، بەڵام داواو داخوازی رەوای دانیشتوانەکەی لەگەڵ نەبێت، بانگەشەی گێرانەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ سەر هەرێم دەکەن، کەچی دۆخێکیان لە کینە، بێمافی، بێخزمەتگوزاری… خوڵقاندووە، کە هەر هێزو قەوارەیەکی سیاسی و جدی دەتوانێت بە ئاوڕدانەوەیەکی ڕاگوزەو ریسی بانگەشەکانیان لێبکاتەوە بە خوری. باسی یاسای نەوت و غاز دەکەن، کەچی لوشدانی داهاتی نەوت و سامانی سروشتی کوردستان، راناگرن. باسی هێشتنەوەی ١٧% بودجە دەکەن، لەکاتێکدا بە ئاشکرا تیرۆری داهاتی کۆمەڵگا دەکەن و بودجەش نیوەی بۆ حزب و ئۆردوی حزب و میدیای حزبە، باسی سنور دەکەن لە وەختێکدا سنوری قەڵەمرەویی دەسەڵاتدارێتی خۆیان لە کوردستان تا ئێستا چەند بەش و دابڕاو لەیەکە، باسی پابەندبوون بە دەستور دەکەن، لە حاڵێکدا دەستوری عێراق بەشەڕ و  لە سایەی داگیرکاریدا وەکو سەنەدی هێزە دەرگیرەکانی ئەوکاتی دوای کەوتنی بەعس، نوسراوەو دابەشکاری تایفی و قەومی… کردوەو کەس ئێستا جگە لە شاندو قەوارەی کوردی هیچ هێزو قەوارەیەکی تر پێی رازی نییە.
باسی پۆستی سیادی دەکەن بەپێی رێژەی دانیشتوان، کەچی لە کوردستان بەڕەوای نازانن تورکێک زمانێک، عەرەبێک زمانێک، مەسیحیەک، بێدینێک پۆستێکی سیادی هەبێت.
ناسیونالیزمی کورد، شاندەکەیان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندپەرستی خۆیان و بزوتنەوەکەیانەوە وێڵێ بەشی داهاتوویانن، بەشیك کە دەسەڵاتدارێتی کوردستانیان وەکو پێشوو بۆ بەرەسمی بناسێتەوە، لە بودجەیان دانەشکێت، وە چەند پۆستێکی باڵا!!یان لە ناوەند” بەغداد” هەبێت.
هیچ کام لەم خواستانەی سەرەوە کە ناسیونالیزمی کورد و شاندەکەیان بە دوایەوەن، هیچ پەیوەندیەکی بەداواو خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە، ئەوە نەبێت کە ئەمان وەکو زەخیرەیی کێشمەکێشەکانیان و سوتەمەنی ململانێکان، بەکاردەهێنن.
خەڵکی کوردستان نەفرەتیان لە دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکان هەیەو بەچاوی دزو تاڵانچی و گەندەڵ و نۆکەر تەماشایان دەکەن، خوازیاری دەسەڵاتێکی سکیولارو مەدەنی و سەربەخۆ و دامەزراوەیین، خوازیاری دورکەوتنەوەن لە هێزە قەومی و دینیەکانی عێراق و نایانەوێت بەهیچ پاساوێک ببنەوە بە بەشێک لە عێراقی قەومی و دینی و ئەو راستیەش دەزانن بوونی پۆستی باڵای حکومی و وەزاریی لە بەغدا بۆ سەرانی حزبە کوردیەکان هەرگیز بە مانایی یەکلایی بونەوەی واقعیەتی سیاسی کوردستان نییە، بەمانای چارەسەریی کێشەی کورد نییە، بەڵکە ئەمە خۆی دەبێتە کۆتێک بۆ دواخستنی رێگاچارەیی کارسازو ئینسانی بۆ کێشەیەک کە چەندین دەهەیە بۆتە مایەی جەنگ و نابەرابەری حقوقی و لە دوای ٢٠٠٣ شەوە، بێ چارەسەر خەوێنراوە بێ ئەوەی وەڵامێکی رەسمی و بەکردەوەی وەرگرتبێتەوە.
هەروەها خەڵکی کوردستان خوازیاری ئازادی سیاسی و بەیان و بڵاوکردنەوەو ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەهرەمەند بوونن لە مافە فەردی و مەدەنیەکانیان، ئەمەش بەهیچ هیزو لایەنێکی قەوم پەرست و ناسیونالیست ناکرێت و ١٩ ساڵەی دەسەڵاتی کوردی بەکردەوە ئەم راستیەی جێگیرکرد، کە ناسیونالیزم و ئازادی، ناسیونالیزم مافی مەدەنی و تاک، ناسیونالیزم و عەلمانیەت، ناسیونالیزم و مافی ژن، ناسیونالیزم و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر نەوەی نوێ…. بەیەک هەڵناکەن و لەدژی یەکترین.
خەڵکی کوردستان خوازیاری “نان” ن، بەو مانایەی دەیانەوێ تەسەڵ بژین و لە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان” بیمەی بێکاری، بیمەی تەندروستی و دەرمانی و خوێندن و پەروەردە… بەهرەمەند بن، بیكاری و گرانی و هەژاری یەخەیان بەردات، دەستی دزان و تاڵانچی و گەندەڵەکانیان لەسەر کۆتا بکرێت.
بە کورتییەکەی خەڵکی کوردستان لە دۆخی ئێستادا کە دەیان داواو داخوازیان هەیە لە ناویاندا خوازیاری” ئازادی، نان، سەربەخۆی” ن، هیچ کام لە هێزە ناسیونالیستەکان، ناتوانن ببن بە بەشێک لەم داخوازییە میحوەریانەو شاندی کوردیش لە سازان و سەوداو مامەلەی خۆیدا لەگەڵ هێزو قەوارە سیاسیەکانی عیراق و ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکەش، ئەوەی لە ئەجنداو پلاتفۆرمیاندا نییەم ئەم خواستە سادەو ئینسانیانەن.
بۆیە سەرجەم بزوتنەوەی قەومی کورد و ئیئتیلافەکەیان، نوێنەری ئاسۆیەکی سیاسی دیاریکراون” بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەند، لەجێگایی سەربەخۆیی و پشت بەستن بە ئیرادەو خواستی خەڵکی کوردستان” “نوێنەری سەرمایەدارن و بازرگانان و کۆمپانیا حزبیەکانن، لەبەرامبەر بەچینی کرێکارو خەڵکی نەداری کوردستان” ” نوێنەری سەرکوت و بێمافی و فریوکارین لە بەرامبەر بە ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان” نوێنەری چاوچنۆکی و قازانچ پەرستین لە بەرامبەر بە دابینکردنی ژیان و گوزەرانی تەسەل و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان” ی خەڵکی کوردستاندا. 
 ئاسۆ و بەرژەوەندی هەموو حزبە ناسیونالیستەکان و بزوتنەوەکەیان، پێچەوانەو دژە بە بە ئاسۆی رزگاری بەخش چینی کریکارو بەرژەوەندی زۆربەی خەڵکی کوردستان.
بۆیە خەڵکی کوردستان پێویستە هیچ خۆشباوەریەکیان بە حزبە ناسیونالیستەکان و بزوتنەوەکەیان نەمێنێت و هیچ چاوەڕوانیەکیشیان لە ئیئتلافی شاندی کوردی نەبێت کە هەڵگری ئەجندایەک بن، بە قازانجی ئێستاو ئایندەی سیاسیان. ناسیونالیزمی کورد، خۆی کۆسپێکی سەرەکی بەردەم هەموو خواست و رێگاچارەیەکی کارسازو ئینسانی خەڵکی کوردستانە.

٢٩-٠٧-٢٠١٠ 
abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.