له‌نێوان ده‌قبوون و شیعرییه‌تدا
یه‌كێك له‌و گرفته دیارانه‌ی له ئێستادا شیعری كوردی گرتۆته‌وه كێشه‌ی شیعرییهتبوونه، كه زیاده‌ڕه‌وی نییه بڵێین به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌قانه‌ی بڵاو ده‌كرێنه‌وه هیچ به‌هایه‌كی شیعری‌یان له هه‌ناویاندا هه‌ڵنه‌گرتووه و ته‌نها كۆمه‌ڵێك رسته‌ی جۆراو جۆرن ریز ده‌كرێن، كه هه‌ندێكجار رسته‌ی جوان و واتادارن و هه‌ندێكجاری تر به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌وه‌ی گرفتی سه‌ره‌كییه ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له شاعیران به‌ناوی داهێنانه‌وه شه‌رعییه‌ت به هه‌موو شتێك ده‌ده‌ن له رسته‌ی شیعریدا بخرێته‌ڕوو، كه من لاموایه هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی نووسین له خاڵێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات و سنوورێك هه‌یه بۆ كۆتایی ئه‌و خاڵه‌ش، ئیتر ئه‌و سنووره لای هه‌ندێك نووسه‌ر ره‌نگه مه‌ودایه‌كی دیاریكراو و سنوورێكی ته‌سك بێت و لای هه‌ندێكی تر سنووره‌كه ده هێنده و زیاتریش فراوان بێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی نووسه‌ر چ په‌یامێك له رێی ده‌قه‌كه‌یه‌وه به خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت و چۆن رێگه نوێكانی گوزارشتكردن ده‌دۆزێته‌وه‌و مانای نوێ كه‌شف ده‌كات.
یه‌كێك له‌و ده‌قانه‌ی كه له‌م ماوه‌یه‌دا خوێندمه‌وه ده‌قێكی (حه‌مه كاكه ره‌ش) بوو به‌ناوی (نائومێدم وه‌ك نائومێدی خوا له به‌شه‌ر)، كه به‌لای منه‌وه ئه‌م ده‌قه‌ی شاعیر تا ئاستێكی باش له‌رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه سه‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت پیشه‌سازی شیعرییه‌ت له‌م شیعره‌دا لاوازه‌و ئه‌مه‌ش ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ورد له‌و وێنه‌و فه‌زایه نزیك نه‌بۆته، كه ده‌قه‌كه ده‌یخوازێت. بێگومان ئه‌م كێشه‌یه لای (حه‌مه كاكه ره‌ش) تازه نییه و پێشتر له شیعری (من و خۆم)یشدا هه‌بووه، به‌ڵام له‌و كاته‌وه شاعیر نه‌یتوانیوه ئه‌و ئهزمهیهیی كه (كێشه‌ی شیعرییه‌ت)ه تێپه‌ڕێنێت و به هه‌نگاوی جیدی ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كێشه‌ی شیعربوون لای ئه‌م شاعیره بوه‌ستم.
بازنه‌ی ده‌قبوون، یان بازنه‌ی شیعربوون
له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌دا ده‌مه‌وێت زیاتر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی قسه له‌سه‌ر شیعر بكه‌م و سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه كه مه‌به‌ستم له هه‌ردوو چه‌مكی (بازنه‌ی ده‌قبوون)و (بازنه‌ی شیعربوون)چییه؟ (بازنه‌ی ده‌قبوون): ئه‌و بازنه‌یه‌یه، كه ده‌قێك ته‌نها توانیویه‌تی ده‌ق بێت و نه‌یتوانیوه ئه‌و بازنه‌یه ببڕێت و بچێته نێو بازنه‌ی شیعربوونهوه. هاوكات (بازنه‌ی شیعربوون)یش ئه‌و بازنه‌یه‌یه كه ده‌قێك ده‌توانێت پێی بگات و بۆ هه‌میشه‌یی تێیدا بمێنێته‌وه، كه هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته جۆراوجۆره‌كانی شیعرییه‌ت و به‌های شیعربوون بێت، كه به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان به‌شێك له‌و خه‌سڵه‌ت به‌هایانه له گۆڕاندان و ده‌گۆڕێن، به‌ڵام به‌شێكی تریان جێگیرن و بۆ هه‌میشه‌یی ده‌مێننه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو هه‌ردوو چه‌مكی (ده‌ق) و (شیعر) وه‌ك دوو چه‌مكی جیاواز و سه‌ربه‌خۆ به‌كاربراون، كه باسم له ده‌ق كردووه، واته من له‌گه‌ڵا ده‌قێكدا كار ده‌كه‌م، كه مه‌رج نییه شیعر بێت، یان به پرۆسه‌ی شیعربووندا تێنه‌په‌ڕیوه. هه‌روه‌ها كه باسی شیعریشم كردووه، مه‌به‌ستم له‌و ده‌قانه‌یه، كه به پرۆسه‌ی شیعربووندا تێپه‌ڕیوون.
ئه‌گه‌ر به وردی و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌یری شیعری كوردی بكه‌ین له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ده‌بینین زۆرێك له‌و ده‌قانه‌ی به‌ناوی شیعره‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه ناچنه نێو خانه‌ی شیعره‌وه، به‌ڵكو زیاتر له‌نێو بازنه‌ی دهقبووندا ده‌خولێنه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كه وێنه‌ی شیعری و فه‌زای شیعری و موزیكیش تێیاندا نادیاره، یان به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك رێك نه‌خراوه و ئیقاعی وشه و رسته‌كان هاوئاواز نین. بێگومان ئه‌مه به تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پێناسه ته‌قلیدییانه‌ی پێشتر بۆ شیعر و شیعرییه‌ت ده‌كرا.
ده‌كرێت لێره‌وه قسه له كێشه‌ی ده‌قبوون و شیعربوون بكه‌ین لای (حه‌مه كاكه ره‌ش). لای ئه‌م شاعیره كێشه‌كه له‌وه‌دایه، كه ئه‌م ده‌قه‌ی پێیه‌كی له‌نێو بازنه‌ی دهقبووندایه و پێیه‌كه‌ی تری له شیعردایه. وه‌ك چۆن زۆر شاعیری تری هاوشێوه‌ی (حه‌مه كاكه ره‌ش) له‌نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌دۆزینه‌وه و به‌شێك له‌و شاعیرانه له‌ده‌قێكدا له‌ماڵی شیعردا و له ده‌قێكی تردا له‌ماڵی ده‌قدان. به‌ڵام كێشه‌كه لای (حه‌مه كاكه ره‌ش) جیاوازه و جیاوازییه‌كه‌ش له‌وه‌دایه، كه ئه‌م شاعیره ته‌نها له یه‌ك ده‌قدا پێیه‌كی له نێو بازنه‌ی دهقبووندایه و پێیه‌كی تری له‌نێو بازنه‌ی شیعربووندا نییه، وه‌ك ئه‌م ده‌قه‌ی ئێمه هه‌ڵمان بژاردووه بۆ قسه‌كردن كه هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه له‌م ده‌قه‌كه به‌زه‌قی هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌ڵكو له زۆرێك له ده‌قه‌كانی تری ئه‌م شاعیره‌دا هه‌مان حاڵه‌ت هه‌ستی پێده‌كرێت. به‌ڵام ئێمه بۆیه ئه‌م ده‌قه‌مان بۆ قسه‌كردن هه‌ڵبژاردووه، چونكه ده‌قێكی نوێی شاعیره و له چاو ده‌قه‌كانی پێشتری ئه‌م شاعیره‌دا ئێمه پێمان باشتر بووه له زۆر روه‌وه و به‌تایبه‌ت له رووی واتا‌و ناوه‌ڕۆكه‌وه. سه‌ره‌تا با سه‌رنج له ده‌ستپێكی شیعره‌كه بده‌ین:
(من و خۆم پێكه‌وه نا ئومێدین
سه‌دان جار ده‌ستم به سابوون و شامپۆ شۆری
كه‌چی ئه‌م ره‌نگی نائومێدییه
له ده‌ستم نابێته‌وه)(1)
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له ده‌ستپێكی ئه‌م شیعره بده‌ین ده‌بینین یه‌كه‌م رسته زۆر به جوانی هاتووه و كێشه‌یه‌كی جوان خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام رسته‌ی دووه‌م (سه‌دان جار ده‌ستم به سابوون و شامپۆ شۆری) ته‌واوی ئه‌و هێزی شیعربوونهی له رسته‌ی یه‌كه‌مدا هه‌یه كوشتویه‌تی. كێشه‌كه له‌وه‌دا نییه كه (سابوون و شامپۆ) وه‌كو دوو وشه‌ی شیعری نایه‌نه‌وه له‌و رسته‌یه‌دا، به‌ڵكو كێشه‌كه له‌وه‌دایه، كه به‌كاربردنی ئه‌و دوو وشه‌یه گونجاو نییه. ئاخر نائومێدی كه‌ی به سابوون و شامپۆ رۆیشتووه. ره‌نگه جوانتر بوایه وشه‌ی (شادی، به‌خته‌وه‌ری…هتد) له دوای (سابوون و شامپۆ) هه‌بوایه، به‌ڵام ئه‌وكاتیش شیعرییه‌ت هه‌ر لاواز ده‌بوو نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌و خاڵه‌ی كه ده‌قه‌كه بازنه‌ی ده‌قبوون تێپه‌ڕێنێت و بچێته نێو بازنه‌ی شیعریه‌ته‌وه. بۆیه ده‌بینین هه‌ر له دهستپێكهكهوه شاعیر شیعرییه‌تی شیعره‌كه‌ی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و خوێنه‌ر به‌ره‌و تاراندن ده‌بات.
لاوازی زمان له ده‌قه‌كه‌دا
بۆ ئه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌دا پرۆسه‌ی لاوازی زمان و به‌لاغه‌ت به وردتر ته‌وزیف بكه‌م سه‌ره‌تا رای چه‌ند لێكۆڵه‌ر و نووسه‌رێك ده‌هێنمه‌وه‌و ئه‌وسا تێبینییهكانی خۆم ده‌خه‌مه‌ڕوو. سه‌ره‌تا به وته‌یه‌كی (هایدگه‌ر) ده‌ستپێده‌كه‌م كه ده‌ڵێت: شاعیر بریتییه له هۆی (وه‌سیله)ی زمان، نه‌ك زمان ئامرازی شاعیر بێت(2). هاوكات (راجێر وێبستێر)یش له‌باره‌ی گرنگی زمانه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌وه داهێنه‌ر نییه، كه مانا به‌دی دێنێ، به‌ڵكو مانا به‌رهه‌می زمانی ده‌قه(3). ره‌نگه ئه‌م وته‌یه‌ی (وێبستێر) زیاده‌ڕه‌وی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌توانین ئه‌وه‌ی تێدا بخوێنینه‌وه، كه زمانی تۆكمه ده‌ق و واتای تۆكمه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه. بۆیه لاوازی زمان ده‌بێت هۆی لاوازی واتا. هه‌روه‌ها سۆسوریش لایوایه زمان سیستمێكی نیشانه‌یی سه‌ره‌كییه، كه له رێگای ئه‌و سیستمه‌وه بناغه‌ی پێكهاته‌ی جیهانی خۆمان داده‌ڕێژین(4). واته دیسان لێره‌شدا هه‌ست به جه‌خت كردنه‌وه ده‌كه‌ین له‌وه‌ی زمان گرنگی تایبه‌ت و بایه‌خی یه‌كه‌می هه‌یه له بونیادنانی ده‌قێكی تۆكمه و فه‌زا و جیهانێكی شیعری تایبه‌تدا. هه‌روه‌ها كاركردنی شاعیر له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا له دوو ئاستدایه. ئاستی یه‌كه‌م، ئاستی زمان و به‌لاغه‌ته و ئاستی دووه‌میش ئاستی واتایی ده‌قه‌كه‌یه.
ئه‌م ده‌قه‌ی (حه‌مه كاكه ره‌ش) به پرۆسه‌ی به شیعر بووندا تێپه‌ڕییوه، به‌ڵام شاعیر نه‌یتوانیوه كنه‌وپشكنین و به‌لاغه‌ت و زمان وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ده‌یخوازێت به‌كارببات، بۆیه پرۆسه‌كه تا راده‌یه‌كی زۆر ناكامڵه و وه‌ك له‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا خستمانه‌ڕوو تا ئاستێكی زۆر ناكامڵی پێوه دیاره. بێگومان ناكامڵی به‌و واتایه‌ی كه شاعیر ده‌ستكورت بووه له‌وه‌ی وێنه شیعرییه‌كانی به شێوه‌ی ئیستاتیكی و شیعرییانه بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر.
په‌ڕینه‌وه لهدهقبوونهوه بۆ شیعربوون پرۆسه‌یه‌كه ئه‌م شیعر به ناكامی پێیدا تێپه‌ڕیوه‌و ئه‌وه‌شی بۆته جێی سه‌رنجی من ئاستی واتایی ده‌قه‌كه‌یه، كه لاموایه واتایه‌كی به‌هێز (لهچاودهقهكانی پێشوو شاعیر) له‌پشت ئه‌م ده‌قه‌وه وه‌ستاوه. ره‌نگه واتاكان به (ته‌واوی) نوێ نه‌بن، به‌ڵام به‌كاربردنی له ده‌قێكی له‌م شێوه‌یه‌دا به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی كورد نوێیه، به‌ڵام هه‌ر ده‌قێك ئاستی زمان و بهلاغهتهكهی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بێت، ناتوانێ ئاستی واتایشی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، یان ده‌وڵه‌مه‌ند خۆی بنوێنێت. واته لاوازی ئاستی زمان و به‌لاغه‌ت له‌م ده‌قه‌دا بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی واتایشی به‌ته‌واوی دابه‌زێت و ئه‌و وێنانه‌ی شاعیر ویستوویه‌تی لای خوێنه‌ر دروستی بكات وێنه‌ی تۆكمه نه‌بن، به‌ڵكو زیاتر له وێنه‌ی شێواو ده‌چن تا وێنه‌ی دروست.
یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی ده‌بێته ئه‌وه‌ی شاعیر به زمان و وێنه‌ی نوێ و تۆكمه بگات ئه‌زموونكردن و گه‌ڕان پشكنینه به‌نێو شیعردا و به‌تایبه‌ت شیعری كلاسیكی كوردی كه سامانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی شیعرییه. شاعیر ئه‌ڵمانی (ریلكه) له‌باره‌ی گرنگی ئه‌زموونكردن و گه‌ڕانه‌وه كه كار ده‌كاته سه‌ر دنیابینی شیعری ده‌ڵێت: گه‌ر بته‌وێت دێڕێك شیعر بنووسیت، ئه‌بێ چه‌ندین شار گه‌ڕابیت و گه‌لێ شتت بینیبێت و گوڵی زۆرت چنیبێت(5). واته ده‌توانین له‌م رسته‌یه‌ی (ریلكه)وه ئه‌وه بخوێنینه‌وه، كه ئه‌زموونكردن و گه‌ڕانی به‌رده‌وام، دنیابینی شاعیر گه‌وره ده‌كات و وێنه‌ی نوێی شیعری پێده‌به‌خشێت.
له‌و شیعره كورته‌دا شاعیر زیاتر له (50)جار وشه‌ی (نائومێدی) به‌كاربردووه، كه لاموایه ئه‌مه‌ش جۆرێك له به‌لاغه‌تی شیعره‌كه‌ی كوشتووه‌و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵا ئه‌و هه‌موو وشه دووباره‌یه‌دا رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. وه‌ك ده‌بینین له ناونیشانی ده‌قه‌كه‌شدا وشه‌كه دوو جار ئاماده‌یی هه‌یه، ره‌نگه ئیستاتیكیتر بوایه كه به‌كاربردنی ئه‌و وشه زۆره‌ی (نائومێدی) كهمبكرایهوه. بۆیه كۆی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه به‌گشتی زمانێكی لاوازی هه‌بێت، كه ده‌توانین له دروستكردن و ده‌ربڕینی وێنه‌كاندا به زه‌قی بیبینینه‌وه له‌گه‌ڵا زۆر دووباره كردنه‌وه‌ی وشه‌ی (نائومێدی)، كه زیاد له قه‌باره‌ی پێویستی ده‌قه‌كه به‌كارهاتووه و دووباره كراوه‌ته‌وه.
لهدهقبوونهوه بۆ شیعربوون
یه‌كێك له كێشه‌كانی ئێستای شیعری كوردی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌قانه‌ی ده‌نووسرێن هه‌ر له ماڵی ده‌قدا ده‌مێننه‌وه‌و ناتوانن ئه‌و ماڵه به‌جێ بهێڵن و به پرۆسه‌ی شیعربووندا تێپه‌ڕن بچنه نێو ماڵی شیعرییه‌ت. هه‌موو ده‌قێك سه‌ره‌تا له‌ماڵی (ده‌ق) خۆیدایه و پاش پێداچوونه‌و كنه‌وپشكنینی له‌لایه‌ن خالقهكهیهوهو به پرۆسه‌یه‌كی تردا ده‌ڕوات ئه‌وسا ده‌چێته ماڵێكی تر و ناسنامه وه‌رده‌گرێت. بۆ نموونه ده‌قێكی شیعری سه‌ره‌تا ده‌قه‌و ئه‌وه شاعیره، كه به پرۆسه‌ی پێداچوونه‌و كنه‌وپشكنین و تێپه‌ڕینی به پرۆسه‌ی شیعربووندا ئه‌وسا ده‌بێته شیعر. ئه‌گه‌ر زمان گرنگی یه‌كه‌می هه‌بێت له خه‌لقكردنی شیعردا ئه‌وا بوونی وێنه‌ی شیعریی و دروستكردنی وێنه گرنگی تایبه‌تی هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه روونه، كه زمان خالقی وێنه‌یه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی شاعیر له‌م ئاسته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه به‌و زمانه‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه چ وێنه‌یه‌ك و چۆن وێنه‌یه‌ك خه‌لق ده‌كات. له‌م به‌شه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ده‌وه‌ستین، كه پرۆسه‌ی گوێزانه‌وه‌یه له دهقبوونهوه بۆ شیعربوون، كه وێنه رۆڵێكی گرنگی تێیدا هه‌یه.
وێنه له شیعردا گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و ده‌توانین بڵێین وێنه‌ی نوێ له ده‌قدا یه‌كه‌م و گرنگترین خاڵه بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ده‌ق له دنیای ده‌قه‌وه بۆ دنیای شیعر. له‌م ده‌قه‌ی (حه‌مه كاكه ره‌ش)دا چه‌ندین وێنه‌ی جۆراوجۆری تێدایه، به‌ڵام ته‌واوی وێنه‌كان، یان زۆربه‌ی زۆری وێنه‌كان وێنه‌ی ته‌واو (كامل) نین به‌و پێیه‌ی ده‌قه‌كه ده‌یخوازێت. بۆ پشتیوانی ئه‌م قسه‌یه ره‌نگه باشترین نموونه ده‌ستپێكی ده‌قه‌كه بێت، كه له‌سه‌ره‌وه نموونه‌مان لێ هێنایه‌وه، یان زۆر وێنه‌ی تر كه له نێو ده‌قه‌كه‌دا ده‌یبینینه‌وه. گرنگی وێنه‌ی شیعری تا ئاستێكه، كه زۆرێك له شاعیر و نووسه‌ره گه‌وره‌كانی دنیا له‌باره‌یه‌وه دواون و لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌ده‌ین.
(ئه‌زرا پاوه‌ند) له‌باره‌ی وێنه‌ی شیعرییه‌وه ده‌ڵێت: (زۆر باشتر و گونجاوتره، ئه‌گه‌ر به درێژایی ژیانت، وێنه‌یه‌كی شیعریی زیندوو پێشكه‌ش بكه‌یت، له‌بری ئه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێك بنووسیت)(8). هاوكات (ئهرشیباڵد مالكش)یش ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه (وێنه له شیعردا ته‌نها بۆ ئه‌وه نییه شیعره‌كه جوان بكات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌شه كه وێنه بێت له شیعردا)(9) هه‌روه‌ها (مالارمێ)ش ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر وێنه نه‌بوایه، ئه‌وا قسه‌كان له شیعردا ده‌بوونه قسه‌ی ئاسایی)(10).
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌م شیعره‌ی (حه‌مه كاكه ره‌ش)دا ئه‌وه‌یه كه وێنه‌كان به پرۆسه‌ی وێنهبووندا تێنه‌په‌ڕیوون، كه پرۆسه‌یه‌كه ده‌بێت وێنه‌كان له قۆناغی سادهبوونیانهوه بپه‌ڕێنێته‌وه بۆ قۆناغی شیعرییه‌ت. یان وه‌كو (مالارمێ) له رسته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كان له‌نێو ده‌قه‌كه‌دا نه‌بنه قسه‌ی ئاسایی. به‌ڵام (حه‌مه كاكه ره‌ش) به‌شێكی زۆر له وێنه‌كانیشی وێنه‌ی ئاسایین و وێنه‌ی نوێ نین، یان بوونه‌ته قسه‌ی ئاسایی. وه‌ك وێنه‌ی (پێكداكێشانی سه‌ری ده‌ریا به كه‌ناره‌كاندا كه له نائومێدیدایه)، كه ئه‌مه‌ش وێنه‌یه‌كه لای تۆی شاعیر له نائومێدیدایه ره‌نگه بتوانرێت زۆر ته‌فسیری تر بۆ ئه‌و هه‌ڵچوونه بكرێت. كێ ده‌ڵێت له شادی و هه‌ڵپه‌ڕینی ده‌ریادا نییه، كه خۆی به كه‌ناره‌كاندا ده‌كێشێت.
پرۆسه‌ی په‌ڕینه‌وه له دهقبوونهوه بۆ شیعربوون پرۆسه‌یه‌كی زۆر هه‌ستیار و قورسه و ناتوانین بڵێین هه‌موو ده‌قه‌كانی شاعیرێك به‌و پرۆسه‌یه‌دا تێپه‌ڕیوون و سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵكو زۆرجار شاعیره دیاره‌كانیش له پرۆسه‌ی به شیعركردندا سه‌ركه‌وتوو نابن. بۆیه لاموایه له‌و ئه‌زموونه‌ی (حه‌مه كاكه‌ره‌ش)دا له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی شیعری زۆر هه‌یه، به‌ڵام (ناشیعری) زۆریش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه شاعیر بتوانێت له‌داهاتوودا له پرۆسه‌ی به شیعركرندا زمانێكی تۆكمه‌تر له‌و زمانه‌ی ئێستا و وێنه‌ی نوێتر له‌و وێنانه‌ی پێشتر به‌كار ببات. چونكه پێشتر له ده‌قی (من و خۆم)یشدا هه‌مان كێشه‌ی شیعربوون ده‌بینرێت، كێشه‌یه‌ك كه به‌شی سه‌ره‌تای شیعره‌كه ته‌واو فه‌زایه‌كی شیعریی و پڕ ئیستاتیكی هه‌یه، به‌ڵام له نیوه‌وه بۆ كۆتایی ده‌قه‌كه رووبه‌ڕووی كێشه‌ی شیعربوون بۆته‌وه زیاتر فه‌زاكه له په‌خشانه‌وه نزیكه تا شیعر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه له ده‌قی (من و خۆم) جیا ده‌كاته‌وه هێزی زمانی شیعرییه، كه له‌سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه‌وه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵا فه‌زای گشتی ده‌قه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌و وزه شیعرییه ئه‌وه‌نده به‌هێز نییه تا پرۆسه‌ی په‌ڕینه‌وه له ده‌قه‌وه بۆ شیعربوون ئه‌نجام بدات، واته ناكرێت بڵێین ده‌قه‌كه‌ی (حه‌مه كاكه ره‌ش) به ته‌واوی له شیعر و شیعرییه‌ت خاڵییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه لهشیعربوون له‌م ده‌قه‌دا لاوازتره له ده‌قبوون. بۆیه من بڕوای ته‌واوم به‌و قسه‌یه‌ی (ئه‌دۆنیس)ی شاعیر هه‌یه كه ده‌ڵێت: (شیعر به رێبازه‌كانی ناپێورێت، به‌ڵكو به شیعرییه‌ته‌وه شیعره. هه‌رگیز رێبازه‌كان به‌های شیعری به شیعر نابه‌خشن)(11). له‌م ده‌قه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌های شیعری به شیعره‌كه ده‌به‌خشێت شیعرییه‌ت و وێنه شیعرییه‌كانه، كه شاعیر نه‌یتوانیوه به‌سه‌ركه‌وتووی پرۆسه‌كه ئه‌نجام بدات.
له‌بری كۆتایی
ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه‌ی شاعیردا جێگه‌ی تێڕامانه ئاماده‌یی به‌هێزی واتایی شیعره‌كه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ئاستی زمان و وێنه‌ی شیعره‌كه به‌و شێوه تۆكمه‌ییه‌ی له ئاستی واتاییهكهیدا بوایه ده‌بووه یه‌كێك له ده‌قه شیعرییه جوانه‌كانی شیعری نوێی كوردی و ده‌مانتوانی وه‌ك نموونه‌ی ئه‌ده‌بێكی جوان بیهێنینه‌وه، به‌ڵام ساده‌یی و نوێنهبوونی وێنه‌كان و لاوازی زمان و به‌لاغه‌ت زیانێكی زۆری له ده‌قه‌كه داوه‌و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت داهێنان له‌م شیعره‌دا كوشتوویه‌تی، چونكه وه‌كو ئهدۆنیش ده‌ڵێت: (داهێنان ئه‌وه‌یه كه رووكاری ساده و دڵنیاكه‌ره‌وه ته‌جاوز بكه‌یت)(12). به‌ڵام شاعیر له‌م شیعره‌دا نه‌یتوانیووه له رووكاره ساده‌كاندا ته‌جاوز بكات و وێنه‌ی نوێ و زمانێكی تۆكمه بخولقێنێت.
له دواجاردا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو كه ئه‌م ده‌قه رامان ده‌گرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هۆكاره جۆر به جۆرانه‌ی له‌م نووسینه‌دا خرانه‌ڕوو زوو ماڵئاوایش ده‌كات.
په‌راوێزه‌كان:
1-بڕوانه حه‌مه كاكه ره‌ش، نائومێدم وه‌ك نائومێدی خوا له به‌شه‌ر، رۆژنامه‌ی كوردستان راپۆرت…
2-بڕوانه راجێر وابێستێر، توێژینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی، وه‌رگێڕانی: عه‌بدولخالق یه‌عقوبی، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، هه‌ولێر(2006).
3- هه‌مان سه‌رچاوه..
4- بڕوانه كتێبی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و قوتابخانه‌كانی-پێشه‌كییه‌ك بۆ تیۆری چارلز برێسلێر، وه‌رگێڕانی: عه‌بدولخالق یه‌عقوبی، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر (2007)
5-بڕوانه مه‌حمود ده‌روێش، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌فته‌ره‌كانی شیعر و سیاسه‌ت، وه‌رگێڕانی: جه‌مال غه‌مبار، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م (2006).
6-بڕوانه لوقمان ره‌ئوف، بنه‌ماكانی مۆدێرنه له شیعره‌كانی شیركۆ بێكه‌سدا، چاپخانه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی (2009).
7- هه‌مان سه‌رچاوه..
8- هه‌مان سه‌رچاوه..
9-ئه‌دۆنیس، ئهفسونكاری وشه‌كان، وه‌رگێڕانی: عهبدوڵموتهلیب عه‌بدوڵڵا، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای وه‌رگێڕان هه‌ولێر (2007).
10-هه‌مان سه‌رچاوه..