هاوته‌ریبی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له رۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیاندا
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com
پێش خوێندنه‌وه:
وه‌رگێڕانی رۆمانی (باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان)ی عه‌لا ئه‌سوانی له‌لایه‌ن وه‌رگێڕی به‌توانا (سه‌باح ئیسماعیل) كه وه‌رگێڕانێكی ورد و جوانی بۆ كردووه، جگه له‌وه‌ی وه‌ك وه‌رگێڕانی هه‌ر بابه‌تێكی دیكه و گواستنه‌وه‌ی كولتووری (ئه‌ویتر) بۆ ناو كورد و بۆ سه‌ر زمانی كوردی گرنگی خۆی هه‌یه، به بۆچوونی من گرنگی وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه له دوو خاڵی دیكهشدایه:
1- عه‌لا ئه‌سوانی رۆماننووسێكی به توانایه، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی میسر، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ناسراوه و رۆمانه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدراون، بۆیه پێویسته خوێنه‌ری كوردیش له خوێندنه‌وه‌ی بێبه‌ش نه‌بن، به‌و جیهانه ئاشنا بن كه تاڕاده‌یه‌ك كێشه و رووداوه‌كانی له واقعی كۆمه‌ڵگای كوردی نزیكه.
2- فیلمی (باڵاخانه‌ی یاقوبیان) كه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی میسری (عادل ئیمام) و (نور شه‌ریف) رۆلیان تێدا بینیووه و له‌م رۆمانه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌رچه‌نده ناوبانگێكی زۆری ده‌ركرد و رێژه‌یه‌كی زۆری بینه‌ری كوردیش به‌م فیلمه ئاشنان، به‌ڵام (وه‌كو سه‌باح ئیسماعیلی وه‌رگێڕیش ئاماژه‌ی پێ كردووه) ئه‌م فیلمه گه‌لێكی له رۆمانه‌كه لێ قرتێندراوه و ده‌ستكاری كراوه و دهستكاریكردنهكهشی به‌لایه‌نی جوانیدا نییه، به‌ڵكو له به‌های رۆمانه‌كه‌ی كه‌م كردۆته‌وه، بۆیه گرنگه خوێنه‌ری كورد بزانێ كه رۆمانه‌كه له فیلمه‌كه جوانتره و به‌وه نییه فیلمه‌كه ناوبانگێكی زوری ده‌ركردووه و هونه‌رمه‌ندی به توانا رۆلیان تێیدا بینیووه.
لێره‌وه ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ئه‌م نووسینه‌ی من هیچ په‌یوه‌ندی به فیلمه‌كه و به زنجیره تهلهفزیۆنییهكهشهوه نییه كه له‌و رۆمانه وه‌رگیراون (چونكه رۆمانه‌كه هه‌م كراوه‌ته فیلمێك و هه‌م كراوه‌ته زنجیره درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنیش)، به‌ڵكو ئه‌م نووسینه‌ی من قسه‌كردنه له‌سه‌ر خودی رۆمانه‌كه و ئه‌و رووداوانه‌ی له رۆمانه‌كه هه‌ن.
هاوته‌ریبی كێشه‌كان له باڵه‌خانه‌یه‌كدا:
له‌م رۆمانه‌دا، عه‌لا ئه‌سوانی توانیویه‌تی هه‌موو كێشه‌كانی میسر، له رێگای باڵه‌خانه‌یه‌ك، نه‌ك له رێگای كه‌سێكه‌وه بخاته‌ڕوو، واتا ئه‌و هیچ كه‌سێكی نه‌كردۆته پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ی، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و وێنایه دروست نه‌بێ كه كێشه‌كانی كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه (ئه‌گه‌ر یه‌ك كاراكته‌ر له رۆمانه‌كه‌دا سه‌ره‌كی با)، له شێوه‌ی هه‌موو كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا بهدیاركهون و كێشه‌كانی دیكه‌ش بچووكتر به‌دیار كه‌ون، چونكه تاقه كاراكته‌رێك ناتوانێ هه‌ڵگری هه‌موو كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا بێت، ده‌كرێ بڵێین كێشه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك، هاوته‌ریبن و به خستنه‌ڕوو یان چاره‌سه‌ركردن یان زه‌قكردنه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ك و فهرامۆشكرنی ئه‌وانی دیكه، كه‌لێنێك دروست ده‌بێت، بۆیه‌ش نه‌ده‌كرا پاڵه‌وانێك و دووان بێن كێشه به‌رفراوانه‌كانی میسر به هه‌موو رووه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایینییه‌كانه‌وه به‌یان بكه‌ن، وه‌كو ئێستا ئه‌و باڵاخانه‌یه كردوویه‌تی كه باڵاخانه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه و له شاری قاهیره‌یه. لێره‌شه‌وه كاراكته‌ره‌كانی ناو رۆمانه‌كه دێن و له‌و باڵاخانهیهوه رووداوه‌كانیان ئاراسته ده‌كرێت كه هه‌ر یه‌كه و مه‌رام و جۆرێك كه‌سایه‌تی له پشته‌وه‌یه، ته‌واو جیاوازه له‌وی دیكه، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌م رۆمانه‌دا باسی میسر وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی پڕ كێشه بكه‌ین، ده‌بێ بڵێین: كێشه‌كانی ناو میسر بریتین له كێشه‌كانی ناو “باڵاخانه‌ی یاقوبیان”، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌م كێشانه ورد بكه‌ینه‌وه و پۆلێنیان بكه‌ین و یه‌ك یه‌كه لێیان بدوێین، ئه‌وا ده‌بێ له‌رێگای كاركته‌ره جیاوازه‌كانه‌وه ئه‌و كاره‌بكه‌ین، بۆیه‌ش بۆ تیشك خستنه سه‌ر ئه‌و كێشانه، ده‌بێ كاركته‌ره سه‌ره‌كییه‌كان به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه.
زه‌كی دسوقی، سه‌رنه‌گرتنی ناوازه‌یی و بێ هیوا نه‌بوون له ژیان:
زه‌كی دسوقی كه له فه‌ڕه‌نسا ئه‌ندازه‌ی خوێندووه، نه‌وه‌ی كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتووه، (عهبدولعال پاشا)ی باوكی پێشتر چه‌ند جارێك بووه‌ته وه‌زیر، پاشان دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌درێته دادگای شۆڕش و زه‌وی و زاره‌كانی لێده‌سه‌نرێته‌وه و به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده ئازاد ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی له‌ده‌ستچوونی ئه‌و رۆل و هه‌یبه‌ته‌ی هه‌یبووه، له داخان ده‌مرێ، به‌مه‌شه‌وه هه‌یبه‌تی تێكڕای بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه. زه‌كی به‌گیش كاری ئهندازیارییهكهی لاواز ده‌بێ و نووسینگه‌ی ئهندازیارییهكهی له باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان ده‌بێته شوێنێك بۆ قاوه‌خواردنه‌وه و رابواردن له‌گه‌ڵ ئافره‌تان. ئه‌م تێكشكانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زه‌كی دسوقی، تاكه شت نییه ده‌بێته هۆی ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ی زه‌كی دسوقی له ژیان هه‌یه‌تی و هه‌میشه به دوای رابواردنهوهیه و هه‌ر رۆژه‌ی له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكدایه، به‌ڵكو زه‌كی به‌گ خۆی له‌م رۆمانه‌دا كاراكته‌رێكه، نموونه‌ی ئه‌و كه‌سه ناوازانه‌یه كه به مه‌به‌ستی رابواردنی ته‌واو له ژیان، خۆیان به تاكه ئافره‌تێكه‌وه په‌یوه‌ست ناكه‌ن و ده‌یانه‌وی هه‌ر بۆخۆیان بژین نه‌ك بۆ چاودێریكردنی ژن و منداڵ، گوێش به‌وه ناده‌ن كه خه‌ڵكی چی ده‌رباره‌یان ده‌ڵێت، ئه‌مه له‌و جۆره كه‌سه عه‌به‌سیانه‌یه كه ده‌یانه‌وێ ئه‌وه‌نده‌ی له دنیای ئێره‌ن بژین و چش له‌و دنیا، بۆیه‌ش هه‌میشه به دوای ئافره‌تانه‌وه‌یه: “راستییه‌كه‌ی به درێژیی شه‌ست و پێنج ساڵی ژیانی تا نهۆ، به هه‌موو رووداو و دژایه‌تییه‌كانی، به خۆشی و ناخۆشییه‌كانییه‌وه، به ده‌وری به‌ك وشه‌دا ده‌سووڕێته‌وه: ئافره‌ت.. ئه‌و یه‌كێك له‌و كه‌سه واقیعیانه‌یه به یه‌كجاره‌كی دیلی ده‌ستی ئافره‌ته، به‌لای ئه‌وه‌وه ئافره‌ت ئاره‌زوویه‌ك نییه ماوه‌یه‌ك گڕ بگرێ، هه‌ینێ تێری بكه‌ی دابمركێته‌وه، به‌ڵكو جیهانێكی تژی له ته‌فره‌دانه له وێنه‌ی بێ كۆتاییدا خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، چونكه به چه‌ندین شێوه دهتووروژێنێت..ل 11-12”.
ئه‌سوانی ده‌یه‌وێ هه‌ڵه‌كانی ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه و خۆلادان له‌و كێشانه‌ی كه له ژیانی هه‌ر مرۆڤێكدا رووده‌دات و ده‌شێ هیچ كه‌سێك لێی بێ به‌ش نه‌بێ، له رێگای (زه‌كی دسوقی)یه‌وه ده‌ربخات، نه‌ك ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی له پابه‌ندییه‌كانی ژیان به دوور بگرێ، پیر ده‌بێ و ناتوانێ وه‌كو جاران رابووێرێ و له رووی جه‌سته‌ییه‌وه هه‌مان هێزی جارانی نامێنێ، به‌ڵكو له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تییشه‌وه چه‌نده خۆشه‌ویست بێت، قه‌دری جارانی نامێنێ، ئه‌مه‌ش له په‌یوه‌ندی (زه‌كی) و (ده‌وڵه‌ت)ی خوشكیدا به‌دیار ده‌كه‌وێت، كه سه‌ره‌تا زۆر یه‌كتریان خۆشویستووه، به‌ڵام ئێستا ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێ ئه‌و شوقه‌یه‌ی زه‌كی تێیدایه و نووسینگه‌ی ئهندازیارییهكهش كه له‌بنه‌ڕه‌تدا له باوكییانه‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه بۆ خۆی و منداڵه‌كانی داگیری بكات، له‌كاتێكدا ده‌شزانێ زه‌كی جگه له‌و، هیچ كه‌سێكی دیكه‌ی نییه و هه‌ركاتێك زه‌كی بمرێ موڵك و ماڵه‌كه بۆ ده‌وڵه‌ت و منداڵه‌كانی ده‌مێنێته‌وه، لێره‌وه زه‌كی به‌گ بیرده‌كاته‌وه و خۆزگه ده‌خوازێ ژن و منداڵی هه‌بووایه تا تووشی ئه‌و جۆره كێشانه نه‌بێ، ئه‌مه‌ش ئه‌و پهشیمانییهیه كه رۆمانه‌كه ده‌یه‌وێ له زه‌كی به‌گدا بۆ ئه‌م جۆره كه‌سانه‌ی بخاته‌ڕوو، ده‌یه‌وێ بڵێ پابه‌ندبوون و كێشه‌كانی ژیان شتێكی مرۆییه و ده‌بێ هه‌مووان به رێژه‌ی جیاجیا به‌ریان كه‌وێ، بۆیه‌ش له كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا، رۆماننووس ژن بۆ زه‌كی دسوقی ده‌هێنێ، له كاتێكدا ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته سه‌روو (65) ساڵییه‌وه، زه‌ماوه‌ندێكی بۆ له‌گه‌ڵ (بوسه‌ینه)دا ده‌سازێنێ، ئه‌م زه‌ماوه‌نده‌ش دیوه‌كه‌ی تری ئه‌م جۆره كه‌سانه‌یه، زه‌ماوه‌نده‌كه ئاماژه‌یه بۆئه‌وه‌ی هه‌رچه‌نده ته‌مه‌ن به‌سه‌ر بچێت و له مردن نزیك بێته‌وه، مرۆڤ نابێ بێ هیوا بێ و ده‌بێ تا دوا هه‌ناسه‌ی ژیان هه‌وڵ بدات و گه‌شبین بێ به بهرهوباشچوونی بارودۆخه‌كان.
حاجی محه‌مه‌د عه‌زام، دیندارییه‌كی ساخته:
حاجی عه‌زام، نموونه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی ئیزدیواجییه له كۆمه‌ڵگادا كه هیچ سیفه‌تێكی له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا یه‌ك نایه‌ته‌وه، ده‌توانین چه‌ند ئیزدیواجییهتێكی ئه‌م كابرایه به‌مشێوه‌یه دیاری بكه‌ین.
– سه‌ره‌تا منداڵێكی بۆیاخچی پێڵاو بووه و بۆ كاركردن هاتۆته قاهیره، پاشان ماوه‌یه‌ك ونبووه و به‌هۆی بازرگانیكردن به تلیاك و ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بووه، ده‌شزانین كه هه‌ژارترین كه‌س زۆر ناچار ده‌بێت ئینجا ده‌بێته بۆیاخچی پێڵاو (خوانه‌خواسته ئه‌مه به‌كه‌م سه‌یركردنی بۆیاخچێتی نییه و بۆیاخچێتی كارێكی شهڕهفمهندانهیه، به‌ڵام له هه‌موو دنیا سروشتی ئه‌م كاره وایه كه ئه‌وانه‌ی زۆر هه‌ژارن ده‌یكه‌ن)، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ حاجی عه‌زام له‌وپه‌ڕی هه‌ژارییه‌وه ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی دهوڵِهمهندی، به‌ڵام ئه‌م هه‌ژارییه‌ی خۆی له‌بیر نامێنێ، ئه‌مه‌شی له مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ سوعاد به‌دیار ده‌كه‌وێت، سوعاد ئافره‌تێكی هه‌ژاره، مێردی یه‌كه‌می مردووه، تاقه منداڵێكی هه‌یه، له‌به‌ر هه‌ژاری مێرد به حاجی عه‌زام ده‌كات و به‌رده‌وام ستایشی ده‌كات، به‌ڵام له دڵه‌وه خۆشی ناوێت، چونكه مه‌رجه‌كانی له‌سه‌ر سوعاد زۆر توونده و ئه‌ویش به ناچاری و له‌به‌ر هه‌ژاری قبولێ ده‌كات، بۆ نموونه یه‌كه‌م مه‌رجی ئه‌وه‌یه كه نابێ تاقه كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بێنێ و دواتریش دوای گواستنه‌وه رێگای پێنادات سه‌ردانی ئه‌و تاقه كوڕه‌ی بكات. مه‌رجێكی تریشی ئه‌وه‌یه كه نابێ منداڵی لێی هه‌بێت. مه‌رجێكی تر: ده‌بێ ئه‌م ژنهێنانه‌ی به نهێنی بێ و هه‌ر كاتێك خێزانه‌كه‌ی زانی، ئه‌وه سوعاد ته‌ڵاق ده‌دات.
حاجی پیاوسالارانه و وه‌كو كه‌سێك كه له ژیانیدا هه‌ژاریی نه‌دیبێ، ئه‌م مه‌رجانه به‌سه‌ر سوعاددا ده‌سه‌پێنێ و ئه‌ویش ناچار قبوڵی ده‌كات، بۆیه‌ش كاتێ سوعاد زگی ده‌بێ، حاجی هه‌موو رێگایه‌كی شه‌رعی و ناشه‌رعی ده‌گرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی له‌بار ببات، چونكه له میراته‌كه‌ی ده‌ترسێت و نایه‌وێ منداڵی له لای دیكه بۆ زیاد بێ: “بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته حاجی عه‌زام قایلكردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و تووندوتیژی به‌كارهێنا.. گشت رێگه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سوعاددا تاقیكرده‌وه، كه‌چی به مكووڕبوونهوه بیرۆكه‌ی له‌بارچوونی ره‌تكرده‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد ژیان له نێوانیاندا به‌ته‌واوی وه‌ستا… ل 208”.
له كۆتاییدا حاجی له رێگای چه‌ند كه‌سێكه‌وه سوعاد ده‌ڕفێنن و له نه‌خۆشخانه منداڵه‌كه‌ی پێ له‌بار ده‌به‌ن، حاجیش ته‌ڵاقی ده‌دات و به یه‌كجار له كۆڵ خۆی ده‌كاته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هێشتا كوڕه‌كه‌ی حاجی پێ له‌سه‌ر دیندارییه‌كه‌ی باوكی داده‌گرێت: “حاجی عه‌زامی بابم پیاوێكی خواپه‌رسته. ته‌ڵاقی دایت و زیاد له مافی خۆتی پێ دایت، خوا پاداشتی بداته‌وه.. پاشه‌كی و پاره‌ی بۆ بڕاوه، خوا چۆنی پێ خۆشه ئاوا بڕیمانه‌وه، به‌ڵكو به زیاده‌وه، حهمیدۆی برات چه‌كێكی بیست هه‌زاری لایه.. حسابی نه‌خۆشخانه‌ش دراوه و هه‌موو شتهكانیشت له ماڵه‌وه بردمان و بۆ ئه‌سكه‌نده‌رییه بۆتی ره‌وانه ده‌كه‌ین… ل237”.
– حاجی عه‌زام كه‌سێكی دینداره و هاتووچۆی مزگه‌وت ده‌كات و هه‌میشه له كاروباره‌كانیدا راوێژی ئایینی به شێخ سه‌مان ده‌كات، كه‌چی له هه‌مانكاتدا بازرگانی به تلیاك و مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه ده‌كات. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ دینداری، جگه له‌وه چه‌وسانه‌وه‌ی سوعادی بێوه‌ژن به‌و شێوه‌یه‌ی باسكرا و ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه حاجی بۆی دانان، هه‌مووی پێچه‌وانه‌ی ئایینه.
– حاجی عه‌زام له هه‌ڵبژاردنه‌كانی (ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل) به‌شداری ده‌كات، به‌ڵام راناوه‌ستێ تا به مافی خۆی بگاته ئه‌و پله‌یه و ببێته ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل، به‌ڵكو پاره به كه‌مال فولی (كه كه‌سێكی نزیك به ده‌سه‌ڵاته) ده‌دات بۆئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ری بچوێنێ و به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌رده‌چێت، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ركابه‌ره‌كه‌ی حاجی عه‌زام له ناوچه‌كه‌ی خۆیان (حاجی حمێده) جه‌ماوه‌رێكی زوری هه‌یه و ئه‌گه‌ر به ساخته‌كاری نه‌بێ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و ده‌ربچێت.
دیسان ئه‌م ساخته‌چێتییه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و دیندارییه‌كه‌ی حاجی عه‌زام ته‌با نییه و به‌مه‌ش ئیزدیواجییه‌تی حاجی له هه‌موو رووێكه‌وه به دیار ده‌كه‌وێت.