Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
بەریتانیا – فاشیزم و هێرشەکانیان لە فراوانییەکی بێوێنه‌دایه‌

بەریتانیا – فاشیزم و هێرشەکانیان لە فراوانییەکی بێوێنه‌دایه‌

Closed
by August 7, 2010 تایبەت

ترس و دڵه‌راوکێ له هێرشی بێبه‌زه‌ییانه‌ی فاشیسته‌کان  شه‌قامه‌کانی ناوچه‌ موسوڵمانشینه‌کانی  به‌ریتانیای ته‌نیوه‌ .
گروپی پەیوەندی بەرگری ئینگلیزەکانEnglish Defence League کە گروپێکی نەژاد پەرستە و بە تاکتیکی فاشیستانە لە سەر شەقامەکان پرۆتێست دەکات و هێرشی جەستەیی بۆ سەر نەتەوە کەمایەتییەکان بە تایبەتی موسوڵمانان به‌ ڕێوه‌ ده‌بات، لە فراوانی و بەهێزبونێکی ئیجگار بێوێنەدایە. بەهێز بوونیک، که‌ لە مێژووی فاشیزم و نازیزمی ئه‌وروپادا پێشێنەی نەبووە.
گروپی ئی دی ئێڵ کێن ؟
ئەم گروپە ساڵی پار دروست بوون دوای ئەوەی کە لە ناوچەی لوتن له‌ له‌نده‌نی پایته‌خت، گروپێکی دوانزدە کەسی  ئیسلامی توندرەو پرۆتیستیان دژی سەربازە گه‌راوه‌کانی جەنگی عێراق کرد.
ئی دی ئێل، سەرەتا لە لەندەن بە ناوی (گروپی بەرگری لوتن) خۆیان ناساند و لە شەقامەکانی لوتن کەوتنە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی موسوڵمانان بێ دەست پاراستن لە منداڵ و ژن و خەڵکی سیسڤیلی نەتەوە کەمایەتیەکانی ناوچەکە. دوای ئه‌م هێرشانه‌ گروپه‌که‌ لە هەموو ناوچەکانی بەریتانیاوە پاڵپشتییه‌کی مه‌زنیان لێکرا  ، ئیدی ناوی خۆیان گۆری و له‌ هه‌رێمه‌ جیا جیاکانی به‌ریتانیا خۆیان رێکخراو کرد، ئێستا پەیوەندی بەرگری سکۆتلەندا و  وه‌یلزیان هه‌یه‌و بریاریشه‌ له‌ ناوچه‌ی ئێرله‌ندای باکوریش خۆیان رێکبخه‌ن.
فراوانبوونی ئه‌م گرووپه‌ نه‌ژاد په‌رسته‌ زۆر سه‌رنج راکێشه‌. تەنها دوای ساڵ و نیوێک ، هیزی بەرگری ئەوروپایان درووستکردووە که‌ له‌لایه‌ن پارته‌ راستره‌وه‌ ئه‌وروپاییه‌کان و گروپه‌ فاشیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا و دانیمارک  و هۆڵه‌ندا و نه‌مسا و ئیتاڵیا و به‌لجیکاوه‌ پشتگیریان دەکرێت. وەک لە نوێتررین راگەیاندنەکانیاندا دەرکەوتووە، هەفتەی داهاتوو لە ئەمستەردام، لە شاری بیت هۆڤن، خۆپیشذاندانێکی جه‌ماوه‌ی دەکەن بۆ ئازادکردنی چه‌ند ئه‌ندامێکیان که‌ لە هێرشەکانییان له‌ بەریتانیا دەستگیر کراون.
ئه‌م گروپه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌ نازی و فاشیستی رووت له‌ قه‌له‌م دران، وه‌لێ ئه‌وان له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵ و نیوه‌دا ستراتیژی خۆیان گۆری و سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌کانیاندا سڵاوی هیتله‌رییان ده‌کرد، هاتن له‌ به‌رده‌م میدیاکان ئاڵای نازیزمیان سوتاند و ستراتیژی دژه‌ ئیسلامیان گرته‌ به‌ر. ئیتر ئه‌م گروپه‌ بووه‌ پێگه‌یه‌ک بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ ڕاستره‌ و ئاینییه‌ توندره‌وه‌کان که‌ خۆیان به‌ دژی ئیسلام ده‌ناسێنن، بۆ نموونه‌ وه‌ک سیغه‌ توندره‌وه‌کان و زایۆنیسته‌کان. ئیدی له‌وه‌دوا گروپه‌که‌ بانگه‌وازی ئه‌وه‌ کرد”نه‌ژاد په‌رست نین” و ته‌نها دژی ئیسلام  و شه‌ریعه‌ن که‌ به‌ ووته‌ی ئه‌وان “له‌ هه‌وڵێ داگیرکردنی شارستانیه‌تی ئه‌وروپای سپی پیستدایه‌” وه‌ک ئاماژه‌م پێدا، که‌مایه‌تییه‌ک له‌ جوله‌که‌ توندره‌وه‌کانیش پستگیری خۆیان بۆ ئه‌م گروپه‌ دووپات کردۆته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی نوێترین ووتاری رۆژنامه‌ی هارێتزی ئیسرائیل که‌ رۆژنامه‌نووس مه‌ریه‌م شاڤیڤ نووسیویه‌تی گروپه‌که‌ و سیاسه‌ت و ره‌فتاره‌کانیان مه‌حکوم ده‌کات.
به‌ پێێ راپۆرتێکی نهێنی رۆژنامه‌ی گاردیه‌ن ، گروپه‌که‌ لێوان لێوه‌ له‌ نه‌ژاد په‌رستی  و توندڕه‌وه‌ی و شه‌رانگێزی، کاتێکیش دێنه‌ سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانیان که‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئینگلیته‌ره‌ ده‌ست پێده‌که‌ن ، ئیدی ووتافه‌کانیان تێکرا ئاراسته‌ی موسوڵمانان و ئایه‌نه‌که‌یان ده‌که‌ن،
له‌ راستیدا وتافه‌کانیان زێده‌تر ته‌هوینکردن  و سوکایه‌تیکردنه‌ به‌ موسوڵمانان‌، ئه‌وه‌ی که‌ من له‌ ئاماده‌بوونی خۆپیشاندانه‌کانیاندا ئاگاداری بووم ئه‌م ووتافانه‌ بوون :‌ ” هه‌موو کینه‌مان له‌ موسوڵمانه‌کانه‌ ”  هه‌روه‌ها ” موسوڵمانه‌ بۆمبهه‌‌ڵگره‌کان له‌ شه‌قامه‌کانمان برۆنه‌ ده‌ره‌وه‌  ده‌بێت وڵاتتان لێ پاک بکه‌ینه‌وه به‌ هیزی یه‌کگرتوومان‌” له‌گه‌ڵ “آلله‌ منداڵ بازه‌ ئێوه‌ هه‌موو منداڵ بازن” .
جێگای سه‌رسورمانه‌ له‌ وڵاتێکی “مه‌ده‌نی” وه‌ک به‌ریتانیا پشتیوانیه‌کی ئێجگار مه‌زن له‌م جۆره‌ وتافدانانه‌ بکرێت و میدیاکان به‌شێوه‌یه‌کی زۆر راو بۆچونه‌کانیان له‌ رۆژنامه‌کانیاندا بۆ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ . پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌م پاڵپشتییه‌ ‌ له‌ رۆحی ناسیۆنالیستی توندره‌وی ئینگلیزیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ‌ یاخود له‌ راستیدا دیدگای ئه‌و جاماوه‌ره توندره‌وه‌ خۆی هه‌ڵقولاوی فاشیزمه‌ ؟ ته‌نها له‌ ماوه‌ی ساڵێکدا به‌ ئاشکرا له‌ سه‌ر ماڵپه‌ری فه‌یس بوکیان 22.000 که‌س بونه‌ته‌ ئه‌ندامیان به‌ لاو و پیرو ژنانه‌وه‌، ئێستاش ، به‌شی ژنانی ئی دی ئێڵ، هاوجنسه‌کانی ئی دی ئێڵ ، له‌گه‌ڵ به‌شی ره‌گه‌زه‌کانی تری ئی د‌ی ئێڵیان پێک هێناوه‌ له‌ ستراکتۆری رێکخستنیاندا، ئه‌مه‌ خۆی جیگای سه‌رسورمانه‌ له‌ کاتێکدائه‌م گروپه‌ لوتکه‌ی  شه‌رانگێزی و ره‌فتاری فاشیانه‌ن له‌سه‌ر خۆپیشاندان و رێپوانه‌کانیان.
ره‌فتاری شه‌رانگێزی و  فاشیانه‌
(ئی دی ئێل )هه‌تاوه‌کو ئێستا له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی به‌ریتانیا خۆپیساندانیان سازداوه، له‌ شاره‌ که‌لتوور تێکه‌ڵه‌کانی وه‌ک مانچسته‌ر، بێرمینگهام، له‌نده‌ن،  ته‌نها له‌ شاری نیوکاستڵ 2.500 ئه‌ندامیان خۆپیشاندانیان کرد  هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ی ستۆکتۆن و دودلی بۆ یه‌ک رۆژی ته‌واو  هه‌موو دوکان و بازاره‌کانیان داخست له‌ ترسی هێرشه‌کانیان ته‌نانه‌ت کۆگا به‌ناوبانگه‌ نیو نه‌ته‌وه‌یه‌کانیش ‌، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دودلی روویدا زه‌نگێکی ترسناک بوو، چونکه‌ ژنانی له‌چک به‌سه‌ر (حیجاب) به‌  پرامی منداڵه‌کانیانه‌وه‌ دوچاری هێرش و ده‌سترێژی بێبه‌زاییانه‌ بوونه‌وه‌ و له‌چکه‌کانیان لێ فڕاێندرا و سوکایه‌تیان پێکردن.

جۆرج گاله‌وی ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌ریتانی له‌ لێدوانه‌که‌یدا بۆ خۆپیشانده‌رانی له‌نده‌ن ووتی : ” ئه‌گه‌ر ئی دی ئێڵ خوازیاره‌ ده‌ست له‌ ریشی موسوڵمانێک بدات یان له‌چک له‌سه‌ر ژنه‌ موسوڵمانێک له‌ له‌نده‌ن بکاته‌وه‌، ده‌بێت یه‌که‌م جار به‌سه‌ر لاشه‌ی ئێمه‌دا بروات” به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ له‌نده‌ن، ئه‌ی خۆ له‌ دودلی کردیان ؟
جێگای باسه‌ ئه‌م  زنجیره‌ خۆپیشاندانانه‌ هه‌موویان به‌ پیکدادان و تێکدانی که‌لوپه‌لی شه‌قامه‌کان و لێدانی هه‌ر که‌سێک که‌ به‌ رووکه‌شی له‌ موسوڵمان بچێت کۆتایی هاتووه‌ و دواتریش مزگه‌تی موسوڵمانه‌کان به‌ر ره‌حمه‌تی شه‌رانگێزییان که‌وتوون، ئه‌مه‌ له‌‌و کاتانه‌ی خه‌ڵکی سه‌رقالی نوێژکردن بوون. هه‌نووکه‌ زۆرێک له‌ لاوه‌ موسوڵمانه‌کان دوای ئه‌و کاته‌ی له‌ که‌لتووری ئیسلامی بۆ نوێژکردن دیاریکراوه‌ ده‌چنه‌ ناو مزگه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌مه‌نه‌کان بپارێزن که‌ له‌ ژووره‌وه‌ له‌ و کاته‌ی که‌ پێویسته‌ نوێژ ده‌که‌ن.
ئه‌ندامێکی تۆڕی دژه‌ فاشیزم که‌ به‌ نهێنی کار ده‌که‌ن و به‌ره‌نگاری ئی ده‌ ئێڵ ده‌بنه‌وه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان،نه‌یویست ناوی بهێنرێت ووتی : ” له‌ هه‌موو ساته‌وه‌ختێکدا که‌ ئابووری داده‌روخێت ، هه‌لێکی باش بۆ فاشیه‌کان رێک ده‌که‌وێت که‌ په‌ره‌ به‌ کاره‌کانیان بده‌ن و کێشه‌که‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی نه‌ته‌وه‌ که‌مایه‌تییه‌کان ، ئێستاش لێره‌ و له‌ ئه‌وروپا هه‌مان کێشه‌ دووباره‌ بۆته‌وه‌ و پێویسته‌ ڕێیان لێبگرین به‌ هاوکاری و هاوخه‌باتی هه‌موو ئازادیخوازێک له‌گه‌ڵ موسوڵمانه‌کان که‌ مافی ته‌واوی خۆیانه‌ له‌ هه‌رکوێیه‌ک بیانه‌وێت بژین و ئاینه‌که‌یان پیاده‌ بکه‌ن ده‌بێت (ئی دی ئێڵ) به‌ هێزی خه‌ڵک  له‌ شه‌قامه‌کانمان وه‌ده‌ر نێن”
له‌ درێژه‌ی ووته‌کانیدا ووتی : ” ئه‌مه‌ شتێکی نوێ نییه‌، نازیه‌کان جوله‌که‌کانیان تۆمه‌ت بار کرد، کلوکلوس کلان له‌ ئه‌مریکا ره‌شه‌کانیان تۆمه‌تبار کرد ، ئێستاش (ئیدی ئێل) موسوڵمانه‌کان تۆمه‌ت بار ده‌کات، یاسا دژه‌ موسوڵمانه‌کانی ئه‌وروپاش هیچ یارمه‌تی مه‌ده‌نیه‌ت ناده‌ن و ئاگری شه‌ری ئه‌م فاشیانه‌ خۆشتر ده‌که‌ن بۆیه‌ برواشم به‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌ هیچ بکات، چونکه‌ (ئی دی ئێڵ) هه‌م به‌رهه‌می داروخانی ئابووری ئه‌وانه‌ و هه‌م به‌رهه‌می یاسا نایه‌کسانیه‌کانیانه‌ دژ به‌ موسوڵمانانی ئه‌وروپا وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ فه‌ره‌نسا  ئێستا چۆته‌‌ جێبه‌جێکردنه‌وه‌ که‌ حیجابیان قه‌ده‌غه‌ کرد”
ئی دی ئێڵ هه‌رچه‌نده‌ زۆر هه‌وڵده‌دات سروشتی فاشیستانه‌یان بشارنه‌وه‌ وه‌لێ ره‌فتاری فاشیستیان به‌ربه‌سه‌ته‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌م هه‌وڵه‌یاندا ،  چونکه‌ خه‌ڵکانی ناموسوڵمانیش له‌گه‌ڵ موسوڵمانه‌کان قوربانی هێرشه‌کانیانن ، وه‌ک ئه‌و کرێکارانه‌ی له‌ یه‌کێتیه‌ کرێکاریه‌کانیانه‌وه‌ دێنه‌ سه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌نی ده‌ژه‌ فاشیزم و ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی که‌ رومالی هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌کانیان ده‌که‌ن دوچاری هێرش و ئیهانه‌ بوونه‌ته‌وه.
ئه‌یمی ده‌وسۆن ، که‌ خوێندکاری رۆژنامه‌وانی زانکۆی لیدس ترینیتیه‌ و بۆ نوسینه‌وه‌ی هه‌واڵی خۆپیشاندانێکیان‌ له‌  رۆژنامه‌ی زانکۆکه‌یه‌وه‌ نێردرابوو، که‌وتۆته‌ به‌ر هێڕش و ئیهانه‌  و تف لێکردن له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی ئه‌م گروپه‌وه‌ . 
ئه‌یمی چیرۆکی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ ده‌نگه‌کان گێرایه‌وه‌: ”  یه‌که‌م جار من ته‌نها وێنه‌م ده‌گرت و ئاگام له‌ هاوار و ده‌نگه‌ ده‌نگ ‌بوو به‌ڵام نه‌مده‌زانی چی ده‌ڵێن ، به‌س که‌ بوتڵێکی بیره‌ له‌ ته‌نیشتم دای به‌ زه‌ویدا، ‌ سه‌رم له‌ کامێراکه‌م هه‌ڵبری و بینیم هه‌موویان ووته‌ی ناشرین و تفم لێ ده‌که‌ن  و هاواریان لێکردم و پییان وتم سۆزانی خیانه‌تکار خۆ تۆ ئینگلیزیت،  پۆلیسه‌کانیش هاواریان لێده‌کردم که‌ له‌وێ یه‌کسه‌ر برۆم به‌ ڕاستی زۆر ترسام”
ئه‌یمی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندی خۆی بۆ ئه‌م ره‌فتاره‌ ناشاراستانی و تونده‌ره‌وییه‌ ووتی : ئاخر ئه‌مه‌ چۆن گه‌یاندنێکی داواکاری و سه‌رنجی گرۆپێکه‌ ‌ ؟   ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ منیان کرد ‌ ئه‌گه‌ر توندڕه‌وه‌ی و شه‌رانگێزی و ره‌فتاری فاشیانه‌ نه‌بێت چی تری لێ ناوبنرێت، من نازانم ئه‌گه‌ر ناوێکی تر هه‌بێت بۆ ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نامه‌ده‌نیانه‌  ”
میتۆدی که‌مپینکردنی ئه‌م گروپه‌ ده‌رکه‌وتنیانه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان، هه‌تاوه‌کو ئێستاش خۆیان وه‌ک پارتێکی سیاسی ساغ نه‌کردۆته‌وه‌ و له‌ هیچ بوارێکی سیاسی ئه‌م وڵاته‌شدا به‌شداری ناکه‌ن، ته‌نانه‌ت پشگیری ده‌که‌ن له‌ رۆژی سه‌ربازی و چه‌ندان یاده‌وه‌ری نیشتمانی تری ده‌وڵه‌تیی، ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ که‌ پشتگیرییه‌کی زۆریان لێبکرێت، نه‌ک به‌ ته‌نها له‌لایه‌ن فاشیست و گه‌نجه‌ بێکاره‌کانه‌وه‌ ، وه‌لی ئه‌وانه‌ش که‌ پرۆفێشناڵن و پێگه‌ی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه‌ ، ئه‌مانه‌ و چه‌ندین مه‌ترسی تریش له‌ ڕاپۆرته‌کانی که‌ناڵی (بی بی سی ) دا به‌دیار که‌وتون، به‌ڵام میتۆدی سه‌ره‌کیان ته‌نها هێرشی سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌.
هه‌نووکه‌ له‌ به‌ریتانیا گروپیکی گشتی  دژه‌ فاشیست که‌ ناوی (یه‌کگرتوو دژه‌ فاشیزمه‌) له‌ به‌رامبه‌ر پرۆتێسته‌کانی (ئی دی ئێڵ) کاردانه‌وه‌یان هه‌یه‌ و به‌ سه‌دان خۆپیشانده‌ری دژه‌ فاشیست به‌ره‌نگاری هه‌نگاونانی فاشیسته‌کان بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌م یه‌کگرتووییه‌ هه‌موو رێکخراوه‌ یه‌کیتییه‌ کرێکارییه‌کان و چه‌دند پارتێکی چه‌پیشیان تیادایه‌ ،به‌ڵام ‌ لاوان و خوێندکاره‌ دژه‌ فاشیسته‌کان پێیان وایه‌  به‌هۆی په‌رتوازه‌یی و هه‌ندێک ئاکاری لیبرالیانه‌ و ده‌ست تێکه‌ڵ کردن له‌گه‌ڵ پۆلیس ئه‌م گروپه‌ له‌ بێهیزیدایه‌.
  به‌ره‌ی دژه‌ فاشیزم و په‌رته‌وازه‌یی
ئه‌مرۆ بێهیزی دژه‌ فاشیسته‌کان به‌رامبه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ترسناکه‌ ده‌کرێت له‌ په‌رته‌وازه‌یی خۆیانه‌وه‌ چاوی لێبکریت. له‌ ڕاستیدا ئه‌و گروپه‌ی گشتییه‌ی که‌ له‌ ژیر ناوی یه‌کگرتووی دژه‌ فاشیزمدا درێژه‌ به‌ کاره‌کانی ده‌دات، به‌ هۆی په‌یوه‌ست بوونی به‌ ده‌وڵه‌ت و پارته‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌ ، وای کردووه‌ چه‌ندین گروپی ناوچه‌یی دژه‌ فاشیست له‌ به‌ریتانیا لێیان جودا ببنه‌وه که‌ زیاتر له‌ خوێندکاران و لاوان پیکهاتوون‌. هه‌روه‌ها  له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا ئه‌وه‌نده‌ی دژه‌ فاشیسته‌کان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێن و داده‌پڵۆسێندرێن و  ده‌درێن به‌دادگا به‌راورد ناکرێت له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکردن و به‌ربه‌ست درووستکردن له‌ به‌رده‌م فاشیسته‌کان.
 ئاماره‌کان زۆر سه‌رنج راکێشن، له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ک که‌ خۆپیشاندان کراوه‌، به‌رده‌وام نزیکه‌ی 70 دژه‌ فاشیست ده‌سگیر کراون، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، زۆرترین له‌ فاشیسته‌کان ده‌سگیر کرابن ته‌نها 19 ئه‌ندامی (ئی دی ئێ)ن ، پۆلیس زۆر به‌ توندی له‌گه‌ڵ دژه‌ فاشیسته‌کاندا ده‌جوڵێته‌وه‌ ، که‌چی یه‌کگرتووی دژی فاشیزم له‌گه‌ڵ پۆلیس رێکن و به‌پێی ئه‌وان فیستیڤاڵه‌کانیان به‌رێوه‌ ده‌به‌ن چونکه‌ پارتی پارێزگارانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌شداره‌ له‌و که‌مپینه‌دا ، میتۆدێک که‌ هه‌م لاوه‌ موسوڵمانه‌کان لێی بێزارن وه‌ هه‌م دژه‌ فاشیسته‌کانیش.
لوک ژه‌یمس که‌ ڕێکخه‌ری فیدراسیۆنی خوێندکارانی دژه‌ فاشیسته‌‌ له‌ ناوچه‌ی هالیفاکس له‌ باکوری ئینگلته‌ره‌ به‌ ده‌نگه‌کانی راگه‌یاند :
 ” ئاخر ئه‌وان چۆن دژه‌ فاشیستێکن که‌ سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌ندامیانه‌، ئه‌و که‌سه‌ی  راسته‌وخۆ به‌رپرسه‌ له‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ و بێکاریه‌ بێئه‌ژماره‌ که‌ فاشیه‌کان قۆستویانه‌ته‌وه‌ و ئه‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ی بۆ درووست کردوین. پاشان ئه‌وان‌ هاوڕێکانمان به‌ گرت ده‌ده‌ن، له‌ زۆر له‌ خۆپیشاندانه‌کانمان ئه‌وان ئه‌ندامانی ئێمه‌یان ته‌سلیمی پۆلیس کردووه‌،  مه‌به‌ستم ئه‌و خوێندکاره‌ ئازادیخوازانه‌یه‌ که‌ له‌ پێناو پره‌نسیب و پراکتیکی دژه‌ فاشیزمدا ئاماده‌ بوون هه‌مووشتێکیان به‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ها ئه‌وان له‌گه‌ڵ پۆلیسدا رێکه‌وتون و شوێنی خۆپیشاندانه‌کانیان پێده‌ڵێن به‌ ناوی پاراستنمان ، دواتریش پۆلیس چوارده‌ورمان ده‌گرێت و ناهێلێت بجوڵێین له‌ کاتێکدا فاشیسته‌کان له‌ ناو شار به‌ ئاره‌زووی خۆیان سووکایه‌تی به‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن”
لوک،  باسی له‌وه‌ش کرد که‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی 28 ی ئه‌م مانگه‌ ئی دی ئێل بریاری داوه‌ ‌ له شاری‌ برادفۆرد بیکات، ئه‌وان و چه‌ندین رێکخراوی لاوانی چه‌پی تر به‌ جیا له‌ به‌ره‌ی گشتی خۆپیشاندان ده‌که‌ن، چونکه‌ بروایان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت خه‌ڵکی پاریزگاری له‌ خۆیان بکه‌ن. ئه‌وه‌شی باس کرد که‌ هه‌ندێک له‌ مه‌لاکانیش له‌گه‌ڵ پۆلیس رێککه‌وتون و له‌ مزگه‌وته‌کانیانه‌وه‌ نا‌هێڵن لاوه‌ موسوڵمانه‌کان بچنه‌ ناو خۆپیساندانه‌کانه‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ چه‌په‌کان بڕوایان به‌ ئیسلام نییه‌.
لوک ووتی : ”  وه‌ک چه‌پڕه‌وه‌کان تاکه‌ هێزین که‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌رگری له‌ موسوڵمانه‌کان بکه‌ین، ئێمه‌ به‌ جیا خۆپیشاندان ده‌که‌ین له‌ برادفۆرد، لاوانی شۆڕشگێری یه‌کێتییه‌ کرێکاریه‌کانیش هاتونه‌ته‌ پاڵمان . چونکه‌ به‌راستی بیزار بوین ، هه‌م ئێمه‌ و هه‌م لاوه‌ موسوڵمانه‌کانیش له‌وه‌ بیزار بوین پۆلیس چوار ده‌ورمان بدات و گوێ له‌ قسه‌ی زل و وتاف دان بگرین و دوایش بگیرێین و بدرێینه‌ دادگا وچییان بوێت لێمان بکه‌ن، ئێمه‌ له‌ سیاسیه‌تی به‌ناو دژه‌ فاشیستی پاسیڤ بیزارین و برا موسوڵمانه‌کانیشمان بیزار بوون له‌ ووته‌ی سواوی مه‌لاکان که‌ ئێمه‌ باوه‌ری ئاینیمان نییه‌ ، له‌ کاتێکدا ماڵ و  خێزانه‌کانیان به‌ر هێرشی ئه‌و چه‌قاوه‌سوانه‌ ده‌که‌ون، مێژووی فاشیزم نیشانی داوین که‌ به‌ هێزی خه‌ڵک ده‌بێت به‌ره‌نگاریان ببینه‌وه‌ و نیشانیان بده‌ین که‌ له‌ فاشیزم و توندره‌وی (ئی دی ئێڵ )  ناترسێین”
بریاره‌ نوێترین خۆپیشاندانی ئی دی ئێل  له‌ به‌رواری 28.8.2010 له‌ شاری برادفۆرد له‌ باکوری ئینگلته‌ره‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، که‌  زۆرترین دانیشتوانی موسوڵمانی تیادایه.‌ (ئی دی ئێڵ) ده‌یه‌وێت له‌وێوه‌ گه‌وره‌ترین پێکدادان بخوڵقێنێت . چونکه‌ شاری برادفۆرد مێژووی پێکدادانی خویناوی هه‌یه‌ له‌ نێوان دژه‌ فاشیست و فاشیسته‌کان ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2001 دا روویدا که‌ یه‌ک هه‌فه‌ته‌ی خایاند و ئه‌و ‌ لاوانه‌ی له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیرکرابوون  یه‌کی زیاد له‌ 5 ساڵ زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
ده‌یڤید کاریک که‌ یه‌کێکه‌ له‌ نووسه‌ره‌ دژه‌ فاشیسته‌کانی به‌ریتانیا ده‌رباره‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی به‌ڕێوه‌یه‌ له‌ برادفۆرد دڵنیای خۆی ده‌ربری له‌سه‌ر پێکدادانی خوێناوی له‌ ناوچه‌که و ڕاشیگه‌یاند که‌ ئی دی ئێل ده‌یه‌وێت ده‌سگیرکردنی لاوه‌ موسوڵمانه‌کان به‌ سه‌رکه‌وتنی خۆیان بناسێنیت و “رۆحی ناسیۆنالیستی ئینگلیزه‌کانی بۆ ماوه‌یه‌ک پی تێر بکات”
‌. ده‌یڤید ووتی :
 “لاوه‌ موسوڵمانه‌کان خۆیان بیزارن له‌و ره‌فتاره‌ نه‌ژاد په‌رستیانه‌ی پۆلیس به‌رده‌وام به‌رامبه‌ریان ده‌کات، وه‌ک وه‌ستاندنیان و ته‌فتیشکردن و چه‌ند کاتژمیرێک راگرتن له‌ بنکه‌کانیان به‌ بێ هۆ، که‌ بۆ که‌سێک نه‌ک موسوڵمان به‌س له‌ موسوڵمانیش بچێت شتێکی به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی گشتی یه‌کگرتووی فاشیزم و پۆلیس و شاره‌وانی برادفۆردیش چه‌ند هه‌وڵ بده‌ن  خویندکاران و لاوانی دژه‌ فاشیست شه‌ری خۆیان هه‌ر ده‌که‌ن ، بۆیه‌ باشتره‌ پشتگیری له‌م خه‌باتکاره‌ لاوانه‌ بکرێت وه‌ک له‌وه‌ی هه‌وڵی دامرکانه‌وه‌یان بدرێت، له‌ مێژووی مۆدێرنی فاشیزمی ئینگلته‌ره‌دا ئه‌مانه‌مان بینیوه‌، هه‌ر له‌ حه‌فتاکانه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئێستا ، لاوه‌کان گوێ له‌ که‌س ناگرن، به‌رگری ئازادیخوازانه‌ی خۆیان هه‌ر ده‌که‌ن،  له‌وانه‌شه‌ ‌ باجه‌که‌ی  زۆر قورسیش به‌‌سه‌ریاندا بشکێته‌وه‌  له‌ رووی یاساییه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2001 له‌ دادگای باڵای برادفۆرد رویدا”
ده‌رباره‌ی په‌رچه‌کرداری مه‌لا و که‌سایه‌تییه‌ ئاینییه‌کانیش بۆ ده‌نگه‌کانی ئاشکرا کرد: ” مه‌لاکان هه‌ندێکیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدان ، چونکه‌ زۆر شاره‌زا نین، به‌ڵام هه‌شیانه‌ وانین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ له‌نده‌ن مانگی شه‌ش روویدا پێچه‌وانه‌ بوو، ته‌نانه‌ت قه‌شه‌کانی که‌نیسه‌ی کاتۆلیکیش پشتگیریان له‌ به‌رگری ئه‌و لاوانه‌ کرد له‌گه‌ڵ هه‌ندێک مه‌لای ئه‌وێنده‌رێ، بیریشمان نه‌چێت کیشه‌ی تێنه‌گه‌یشتن و په‌یوه‌ندی که‌لتووری دوو فاکته‌ری به‌هێزن که‌ کاریگه‌ری خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ئاڵۆزه‌”
له‌م باسانه‌وه‌ ده‌کرێت بگه‌یه‌ن به‌و بروایه‌ی که‌ به‌ره‌ی دژه‌ فاشیزم په‌رته‌وازه‌یی تیادایه‌  و هه‌مه‌لایه‌نی یه‌کگرتوو نییه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌ی فاشیزم، په‌رته‌وازه‌‌یی ئه‌م به‌ره‌یه‌ش له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا  له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌ ئابووریه‌کان و هه‌ژاری و نه‌داری و  بێکاری زێده‌تر په‌ره‌ به‌ فاشیزم و نه‌ژاد په‌رستی ده‌دا‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ که‌مایه‌تیه‌کان ، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌  ئه‌وهی‌ که‌ به‌ روونی وه‌ک رۆژی روناک ‌ له‌ به‌رچاوه‌ و هه‌ستی پیده‌کرێت و بنیاتنه‌ری ترسێکی بێپێشینه‌یه‌ له‌ ئه‌مرۆی به‌ریتانیا، شه‌پۆلێکی فاشیزمه‌ که‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ به‌هێز بوون و فراوانیدایه‌ و ژیانی مرۆڤه‌کان و داهاتووی نه‌وه‌ی نوێی نه‌ته‌وه‌ که‌مایه‌تییه‌کانی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ری پێنه‌گیردرێت به‌ره‌و قه‌ده‌رێکی نه‌زانراو راپێچییان ده‌کات. 

 

سه‌رچاوه‌کان
رۆژنامه‌ی هارێتز ی ئیسرائیل
http://www.haaretz.com/jewish-world/diaspora-jews-beware-stay-away-from-bigots-no-matter-how-friendly-they-seem-1.299009
راپۆرته‌ نهینیه‌که‌ی رۆژنامه‌ی گاردیه‌ن
http://www.guardian.co.uk/uk/2010/may/28/english-defence-league-guardian-investigation
به‌رنامه‌ی شه‌وی هه‌واڵی بی بی سی له‌سه‌ر ئی دی ئێڵ
http://news.bbc.co.uk/1/hi/programmes/newsnight/8303786.stm

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.