
ئیبن وه‌راق
ئیبن وه‌راق
سکۆلاری روو بزر
دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca
له ئیبن وه‌راق بترازێ ئه‌مرۆکه بیرمه‌ندێک له دونیادا نیه که خاوه‌ن چه‌ندین کتێب و لێکۆڵینه‌وه بێت، که‌چی وێنه‌که‌ی به ئاسانی له چ کون و قوژبنێک ده‌ست نه‌که‌وێت. ئه‌و پیاوه شه‌ست وسێ ساڵیه که‌م خۆی ده‌داته به‌ر کامیرا، زۆر ناچێته قه‌ره‌بالغی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچار بوو له سێمیناره تایبه‌تیه‌کاندا ده‌رکه‌وێت ئه‌وا به کتێبێک رووی داده‌پۆشیت، به ده‌نگێکی خامۆش له‌گه‌ڵ ده‌وروپشتی قسه ده‌کات، هه‌روه‌ها هه‌رده‌م چه‌ند تاڵه موویێکی پۆڕی به زه‌رد بۆیه ده‌کات به‌ڵکو که‌مێک سیمای که‌سێکی مووزه‌ردی رۆژئاوایی پێده‌دات. ئه‌وانه‌ی له نزیکه‌وه ئه‌و پیاوه‌یان دیوه و گوێیان له لێکدانه‌وه بوێر و واڵاکانی بووه سه‌باره‌ت به ئاین و مێژوو و سیاسه‌ت که‌سانێکن له ئه‌مریکا له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، وه‌ک سه‌رۆک، بازنه‌یه‌کی ته‌سک له ناو سی ئای ئه‌ی و پێنتاگۆن. به‌ڵام ئه‌و له ترسی ره‌خنه و ناو و ناتۆره‌ی خه‌ڵک، ئه‌وه‌نده‌ی نموونه به که‌سانی وه‌ک چامسکی و سه‌عید و لویس ده‌هێنێته‌وه که‌متر ناوی بۆش و بن لادن و بلێر دێته سه‌ر زاری به کورتی ئه‌و پێی‌خۆش نیه داشێک بێت له گه‌مه‌ی سیاسه‌ت.
ئیبن وه‌راق فه‌یله‌سوف و سکۆلارێکی به ره‌گه‌ز هیندییه و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی موسلمان له ساڵی شه‌ڕ و هه‌رای دروست بوونی پاکستان له دایک بووه. له‌م ساڵه‌وه به دواوه کۆچکردن بووه به ناسنامه‌ی ئه‌و و ره‌تکردنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلامیش به تاکه پرینیسپل و په‌یام.
ئه‌و سه‌ره‌تا له زانکۆی ئه‌دینبره له ژێر ده‌ستی پرۆفیسۆری ئیستشراقی به‌ناوبانگ مۆنتیگمری وات ده‌خوێنێت. وات سه‌رباری پله‌یی ئه‌کادیمی مینستهرێکی مه‌سیحی هاوسۆز له‌گه‌ڵ ئاینی ئیسلام بوو و چه‌ندین کتێبی له بواره نوسیوه. بۆیه بۆ ئیبن وه‌راق ره‌خنه‌گرتن له مامۆستاکه‌ی خێراترین رێگا و باشترین هه‌ڵبژاردن بوو بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ په‌یامه‌که‌ی بکات و تێزی بروانامه‌که‌ی به ره‌خنه‌گرتنی تووند له ئه‌و پێشکه‌ش به زانکۆ بکات.
دواتر هه‌ست ده‌کات بۆ ئه‌نجام دانی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قووڵتر له‌سه‌ر ئاینی ئیسلام هه‌ر مۆنتیگمری وات به‌س نیه، به‌ڵکو ئه‌و ده‌بێت زمانی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بخوێنێت. ئیبن وه‌راق به‌رله‌وه‌ی وه‌ک سکۆلار و ئهکادیمێکی به‌ناوبانگ ده‌رکه‌وێت چه‌ندین کاری جیاوازی کردووه، له له‌نده‌ن مامۆستای ناوه‌ندی بووه، له پاریس چێشتخانه‌یه‌کی بووه، له ئاسیا و ئه‌فریقیا له نوسینگه‌کانی گه‌شت و گوزار کاری کردووه، تا ئه‌و کاته‌ی به‌ره‌و ئه‌مریکا کۆچ ده‌کات، ئه‌و شوێنه‌ی که دوور له پێشبینیه‌کانی ئه‌و هه‌موو شته‌کان تێیدا به خێرایێکی بێوێنه گوزه‌ر ده‌که‌ن.
ئیبن وه‌راق ئێستاکه له شوێنێکی نادیاری ئه‌و ولاته زه‌به‌لاحه‌دا ده‌ژی و له‌وێ زیاتر له هه‌شت کتێب و سه‌دان لێکۆڵینه‌وه و وتاری دژ به ئیسلام نوسیوه، که به‌ناوبانگترینیان { بۆ من موسلمان نیم؟ } ئیبن وه‌راق سه‌ره‌رای بانگه‌شه کردن و مانیفستۆ ده‌رکردن بۆ بنیات نانی پلاتفۆرمێک دژ به ئیسلام، ره‌خنه‌گرێکی توندی فه‌لسه‌فه‌ی ئیستشراقیشه و چه‌ندین ووتاری ده‌رباری تێزه‌کانی ئێدوارد سه‌عید نوسیوه. وه هه‌ر حه‌فته‌یه‌ک دوایی مه‌رگی ئه‌و بیرمه‌نده، ئیبن وه‌راق به ووتارێکی به په‌له مه‌رگی فه‌لسه‌فه‌ی ئیستشراقی راگه‌یاند.
له‌م نزیکانه ئیبن وه‌راق به کتێبێکی تازه‌وه به ناوی { پاریزگاری کردن له رۆژئاوا } له هه‌موو کاتێکی تووندتر و سهرگهرمتر به‌رامبه‌ر ئاینی ئیسلام و فه‌لسه‌فه‌ی ئیستشراقدا ده‌وه‌ستێت و ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت.
دوا ووشه ئه‌وه‌ی له ته‌واوی کتێب و لێکدانه‌وه و بانگه‌شه‌کانی ئیبن وه‌راق ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌م سکۆلاره توڕه‌یه سه‌باره‌ت به ئیسلام و ئیستشراقدا نوسیوه‌یه‌تی و ده‌یڵێت راستن، یان هه‌وڵه‌کانی ئه‌ویش وه‌ک کتێبه فهلسهفیهکی فۆکۆیاما زرنگی رۆژئاوایه له مامه‌له‌کردن به ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و بیر! .