هاوته‌ریبی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له رۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیاندا
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com
حاته‌م ره‌شید، هۆمۆسێكسی و بێ ئاكامی له سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه نه‌خوازراوه‌كاندا:
“حاته‌م ره‌شید رۆژنامه‌وانێكی ناسراو و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی لۆكێری بوو كه به زمانی فه‌ڕه‌نسی له قاهیره‌دا ده‌رده‌چوو، هه‌روه‌ها ئه‌رستۆكراتییه‌كی دێرینیش بوو، دایكی فه‌ڕه‌نسی بوو، بابیشی دكتۆر حه‌سه‌ن ره‌شیدی یاساناسی ناودار و له په‌نجاكاندا راگری كۆلیژی یاسابوو..ل48”.
عه‌لا ئه‌سوانی كێشه‌ی هۆمۆسێكسوێلی له رێگای كه‌سێكی رۆشنبیره‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌ویش (حاته‌م ره‌شید)ه، رۆشنبیرێكی ئاستبه‌رزه و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگه، ئه‌و ده‌كاته نموونه‌ی یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی موماره‌سه‌ی هۆمۆسێكسی ده‌كه‌ن كه نه‌ك ته‌نها خۆی رۆشنبیره، به‌ڵكو بنه‌ماڵه‌كه‌شی له‌ڕووی رۆشنبیرییه‌وه به‌ناوبانگن، باوكی حاته‌م “دكتۆر حه‌سه‌ن ره‌شید یه‌كێك له ناودارانی یاسایه له میسر و له جیهانی عه‌ره‌بیدا، له شێوه‌ی ته‌ها حوسێن و عه‌لی به‌ده‌وی و زه‌كی نه‌جیب مه‌حمود و ئه‌وانی تر. هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌و رووناكبیره گه‌ورانه‌ی ساڵانی چله‌كانه، كه خوێندنی باڵایان له رۆژئاوا ته‌واوكرد و گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌یان.. ل90”.
واتا ئه‌سوانی نایه‌ت له‌رێگای كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واری بێڕه‌وشت، وێنه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ی ناو كۆمه‌ڵگامان بۆ بكات، یان له رێگای كه‌سانێكی دواكه‌وتوو كێشه‌كه بخاته‌ڕوو، چونكه هه‌میشه ئه‌م جۆره كرده‌وانه به كه‌سانی دواكه‌وتوو بێڕه‌وشته‌وه ده‌لكێنرێن، له‌كاتێكدا له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا كه‌سانی له‌و شێوه‌یه هه‌ن و ئاسانبوو ئه‌وانی بكردبا نموونه‌ی ئه‌نجامده‌رانی كاری هۆمۆسێكسی. “له نێوانیاندا ده‌ستكاره و پیشه‌وه‌ر و لاو و به‌ساڵاچوویان تێدان، ته‌نیا نه‌سرۆیی پێكه‌وه‌ی كۆكردوونه‌ته‌وه، نه‌سرۆكانیش وه‌كو چه‌ته و قۆڵبڕان و هه‌موو ئه‌و ده‌سته و تاقمانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی دا‌و و نه‌ریت و یاسادان، زمانێكی تایبه‌ت به خۆیان داده‌هێنن.. ل46”.
لێره‌وه رۆماننووس ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ كه ئه‌و كێشه‌یه په‌یوه‌ندی به ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئاستی رۆشنبیرییه‌وه نییه و ده‌كرێ كه‌سێك له ئاستێكی به‌رزی رۆشنبیریشدابێت و لادانی سێكسی هه‌بێت، بۆیه‌شه زیاد له شوێنێكی رۆمانه‌كه رۆشنبیربوون و به‌توانایی (حاته‌م ره‌شید) ده‌هێنێته‌وه یاد و دووپاتی ده‌كاته‌وه:
“حاته‌م ره‌شید هه‌ر ژنانی نییه، به‌ڵكو كه‌سێكی به‌هره‌دار و هه‌وڵده‌ریشه، تاقیكردنه‌وه فێری كردووه و به‌توانا و زیره‌كی خۆی گه‌یشتۆته لوتكه‌ی سه‌ركه‌وتن له پیشه‌كه‌یدا، وێڕای ئه‌وه‌ش رۆشنبیرێكی به‌رزه و چه‌ند زمانێك به‌ڕه‌وانی ده‌زانێت.. ل219-220”.
له‌وه‌ش جێی سه‌رنجتر ئه‌وه‌یه كه حاته‌م ره‌شید په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوڕه‌گه‌نجێكی پۆلیسی هه‌ژاری سعێدی داده‌نێ به‌ناوی “عه‌بد ره‌به” و وه‌كو مێردی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئه‌و كوڕه گه‌نجه‌ش هه‌رچه‌نده دینداره و چه‌ند جارێك ئه‌وه بیر حاته‌م ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌م كاره‌ی ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ناشه‌رعییه، به‌ڵام حاته‌م وازی لێناهێنێ، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه و بۆ پاره و به‌خێوكردنی ژن و منداڵه‌كانی واز له حاته‌م ناهێنێ و ناچار تا ماوه‌یه‌كی درێژ به نا به‌دڵی، خۆی له حاته‌مدا به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه تاسه‌ر نابێ و (عه‌بد ره‌به)ش چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و بارودۆخه ناگرێت، بۆیه لێی تووڕه ده‌بێت و به شه‌ڕ و ناخۆشی واز له حاته‌م دێنێ.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه نابه‌رامبه‌ره‌ی (حاته‌م ره‌شید) و (عه‌بد ره‌به)، (ده‌وڵه‌مه‌ند/هه‌ژار)، (رۆشنبیر/نارۆشنبیر)، (شارستان/ لادێی) و دواتر تێكچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه، ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه كه ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌كی وه‌كو هۆمۆسێكسوێڵیش له‌كاتێكدا له‌ئه‌نجامدانیدا جیاوازی له‌نێوان چین و توێژه‌كاندا نییه و رێژه‌یه‌كی كه‌م و دیاریكراوی ئه‌م جۆره كه‌سه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ناتوانێ ئه‌م جیاوازییانه بسڕێته‌وه و هۆمۆسێكسوێڵه‌كانیش وێڕای كه‌می ژماره‌یان، به‌ڵام مادام له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌یه‌ك ئاستدا نین، ناتوانن تا سه‌ر به‌یه‌كه‌وه بن و به‌هه‌رجۆرێك بێت جیاوازییه چینایه‌تییه‌كانیان به‌دیار ده‌كه‌وێ. له شوێنێكی دیكه‌ش هه‌مان مه‌به‌ست ده‌خاته‌ڕوو، كاتێ باسی یانه‌ی هۆمۆسێكسوێله‌كان ده‌كات، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و كه‌سانه‌ی هاتووچۆی یانه‌كه ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌زانن حاته‌م ره‌شیدیش وه‌كو ئه‌وان كه‌سێكی نه‌سرۆیه، به‌ڵام هه‌میشه رێزێكی تایبه‌تی لێ ده‌گرن و ناتوانن مه‌سه‌له‌ی نه‌سرۆیی له‌گه‌ڵدا باس بكه‌ن و رێزی نه‌گرن.
كه‌مال فولی، تێڕوانینی ده‌سه‌ڵات بۆ گه‌ل و یاریكردن به چاره‌نووس:
كه‌مال فولی كه‌سێكی هه‌ڵپه‌رست و خۆپه‌رسته، هه‌میشه هه‌وڵی به‌ده‌سه‌ڵاتبوون و خۆبردنه‌پێشی داوه و كه‌سێكی نزیكه له ده‌سه‌ڵات، “كه‌مال فولی به‌ڕیزه پێوه‌ندی به گشت رێكخراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه كرد: ده‌سته‌ی رزگاری و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی، پاشان یه‌كێتی سۆسیالیستی و رێكخراوی پێشه‌نگان و ئینجا مینبه‌ر و حزبی میسر له دواییشدا حزبی نه‌ته‌وه‌یی. له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو گۆڕانانه‌دا هه‌میشه شێلگیرترین ئه‌ندام بوو بۆ پره‌نسیپه‌كانی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار.. ل98”.
له‌رێگای كه‌مال فولییه‌وه، ئه‌سوانی شێوه و روانینه‌كانی ده‌سه‌ڵاته زۆردار و دیكتاتۆره‌كان به‌رامبه‌ر به گه‌له‌كانیان ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌ویش به‌مشێوه‌یه:
– كه‌مال فولی كه‌سێكه به پاره خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رده‌چووێنێ، وه‌ك چۆن حاجی عه‌زام به گره‌نتی و به‌پاره‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل ده‌رده‌چووێنێ. ئه‌مه وێنه‌ی ده‌ستوه‌ردان و یاریكردنی ده‌سه‌ڵاته به یه‌كێك له پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسی كه هه‌ڵبژاردنه.
– وه‌كو ده‌سه‌ڵاتدارێك ده‌ست له كاروباری بازرگانی ئۆتۆمبێلی تاسۆی یابانییه‌وه وه‌رده‌دات، كه گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حاجی عه‌زام مۆر كراوه و ئه‌ویش به‌ناوی (گه‌وره‌مانه‌وه) كه پێ ده‌چێت مه‌به‌ستی له (گه‌وره‌مان) سه‌رۆكی وڵات بێت، داوای چاره‌گێكی قازانجه‌كه‌ی لێ ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێیه‌وه ماندوو بووبن. ئه‌مه‌ش وێنه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی بواری ئابوورییه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه.
– كه‌مال فولی ده‌ربڕی تێڕوانینه‌كانی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كانه به‌رامبه‌ر به (گه‌ل) و به‌سووك سه‌یركردنی (گه‌ل)، كه لێره‌دا (گه‌لی میسر) ئیدیۆمێكه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و ئه‌م قسانه‌ی كه‌مال فولی هه‌موو گه‌لێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆره‌كان ده‌گرێته‌وه.
“ئه‌م میسرییانه خوا له سێبه‌ری حكوومه‌تدا خولقاندوونی.. هیچ میسرییه‌ك بۆی نییه له حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت میله‌تیش هه‌ن راده‌په‌ڕن و یاخی ده‌بن، هه‌رچی میسرییه به درێژایی ته‌مه‌نی بۆ تیكه نانێك سه‌ر داده‌نه‌وێنێ. ئه‌م قسانه له مێژوودا هاتوون، له دنیادا گه‌لی میسر له هه‌موو گه‌لێك ئاسانتر حوكمی ده‌كرێت. هه‌ر كه ده‌سه‌ڵات ده‌گریته ده‌ست میسرییه‌كان گوێڕایه‌ڵت ده‌بن و ملت بۆ كه‌چ ده‌كه‌ن، ئیتر به كامی دڵی خۆت به‌ڕێوه‌یان ببه..ل103”.
بوسه‌ینه، فشاره‌كانی كۆمه‌ڵگا و ژیان له پێناو ئه‌وانی تردا:
نموونه‌ی ئافره‌تێكی به حورمه‌ته، كه ده‌یه‌وێ به توانا و لێهاتووی خۆی كارێك بكات و دایك و خوشك و براكانی به‌خێو بكات (چونكه باوكی نه‌ماوه و كه‌وتوونه‌ته ئه‌ستۆی ئه‌و)، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ جه‌سته‌ی خۆی بپارێزێت و دواجاریش له‌گه‌ڵ ته‌های خۆشه‌ویستیدا به‌یه‌ك بگه‌ن، به‌ڵام كۆمه‌ڵگای دواكه‌وتوو به بێ كڕینی جه‌سته‌ی ئافره‌ت، كاری پێ ناده‌ن، بۆیه‌ش له نێوان سێ ئانانجه‌كه‌ی له‌ژیانیدا هه‌یه‌تی “به‌خێوكردنی دایك و خوشك و براكان” و “كاركردن و پاراستنی شه‌ڕه‌ف و كه‌ڕامه‌ت و رێزی خۆی” و “هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ته‌هادا”، ته‌نها ده‌توانێ یه‌كێكیان بێنێته دی، ئه‌ویش به‌خێوكردنی دایك و خوشك و براكانییه‌تی، واتا هه‌م جه‌سته‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات بۆ كاركردن و هه‌م به‌هۆی له ده‌ستدانی جه‌سته‌شییه‌وه ویژدانی ئاسووده نابێت و نێوانی له‌گه‌ڵ ته‌هادا تێك ده‌چێت.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین له‌و سێ ئامانجه‌ی بوسه‌ینه له ژیانی خۆیدا هه‌یه‌تی، دووانیان له‌پێناو خودی خۆیه‌تی و یه‌كێكیش له پێناو ئه‌وانی تر(دایك و خوشك و برایه‌كانی)دایه، هه‌ردوو ئه‌و ئامانجه‌ی كه له‌پێناو خۆیدایه نایه‌نه دی و ئه‌وه‌ی له‌پێناو ئه‌وانیتردایه دێته دی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگا دواكه‌واتووه‌كاندا هه‌میشه مرۆڤه به‌تواناكان له پێناو ئه‌وانیتر ده‌ژین نه‌ك له‌پێناوی خۆیان و هه‌میشه ژیانیان ده‌بێته قوربانی ئه‌وانی تر و ده‌بێ له ژیانی خۆیان خۆش بن.
سوعاد، قبوڵكردنی هه‌موو شتێك له‌پێناو منداڵدا:
نموونه‌ی بێوه‌ژنێكی هه‌ژار، بۆ به‌خێوكردنی تاقه منداڵه‌كه‌ی، هه‌موو ئه‌و مه‌رجه قوڕسانه قبوڵ ده‌كات كه حاجی عه‌زام به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنێ، له‌وانه‌ش: نه‌بردنی منداڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ماڵی مێرده نوێیه‌كه‌ی و مانه‌وه‌ی مێردكردنه‌كه‌ی به نهێنی (له باسی حاجی عه‌زامدا ئاماژه به مه‌رجه‌كانی تر و هه‌ندێ شت له باره‌ی سوعاده‌وه دراوه، بۆیه پێویست به دووباره‌كردنه‌وه ناكات)، له‌به‌رامبه‌ریشدا حاجی عه‌زام به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌یه‌وه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌زانێ سوعاد كه‌سێكی هه‌ژاره و ناچاره مه‌رجه‌كان قبوڵ بكات، به‌كامی دڵی خۆی مه‌رجی قورسی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ، له‌كاتێكدا حاجی عه‌زام كه‌سێكی دینداره، مه‌رجی واشی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ كه له‌گه‌ڵ ئاییندا ناگونجێ. ئینجاش له كۆتاییدا حاجی عه‌زام ته‌ڵاقی ده‌دات و فه‌رامۆشی ده‌كات.
كه‌سایه‌تییه‌كانی تر:
ئه‌و كه‌سانه‌ی تر كه پانتاییه‌كی كه‌متریان له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا هه‌یه، كه‌سانێكن كه هه‌م وێنه سه‌ره‌كییه‌كانی رۆمانه‌كه‌یان پێ ته‌واوكراوه و هه‌م مه‌به‌ستی تایبه‌تیشیان له پشته‌وه‌یه، له‌وانه‌ش: “ئه‌بسه‌خرۆن، مه‌لاك، ئه‌بو حمێده، حامید حه‌واس، عه‌لی شوفێر، شێخ ره‌شید، ره‌زوه، شێخ بیلال و…”.
– ئه‌بسه‌خرۆنی خزمه‌تكاری زه‌كی به‌گ و مه‌لاكی برای نموونه‌ی ئه‌و هه‌ژارانه‌ن كه به هه‌موو رێگایه‌كی شه‌رعی و ناشه‌رعی هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون ده‌ده‌ن، به‌ڵام پێی ناگه‌ن.
– ئه‌بوحمێده: ركابه‌ری حاجی عه‌زامه له‌ناوچه‌ی قه‌سرئه‌لنیل بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل، نموونه‌ی كه‌سێكه كه ئه‌گه‌ر به‌حه‌قی خۆی بێ له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ساخته‌كاری ده‌سه‌ڵات وای لێده‌كات ده‌رنه‌چێت و وه‌كو مرۆڤێكی پاك نابێ بچێته پێشه‌وه.
– ره‌زوه: نموونه‌ی ئافره‌تێكی به‌دبه‌خته، دوای ئه‌وه‌ی مێردی یه‌كه‌می كه سه‌ربه گروپه تووندڕه‌وه‌كانه ده‌كوژرێت، مێرد به ته‌ها شازلی ده‌كاته‌وه، یان راستتر له لایه‌ن ئه‌میر و پێشه‌واكانی ئه‌م گروپانه‌وه ده‌درێته ته‌ها و ته‌هاش له هه‌مان رێگای مێردی یه‌كه‌می ره‌زوه ده‌كوژرێت.
ره‌زوه، نموونه‌ی ئافره‌ته له ناو ئه‌م گروپه تووندڕه‌وانه، مێرده‌كانی یه‌كه یه‌كه له‌م رێگایه ده‌كوژرێن و ئه‌ویش هه‌میشه له‌چاوه‌ڕوانیدایه و چاوه‌ڕێی ئاینده‌یه‌كی نادیار و ژیانێكی جێگیره، به‌ڵام پێی ناگات.
* باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان- رۆمان، ن: عه‌لا ئه‌سوانی. و: سه‌باح ئیسماعیل. له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ژماره (871). هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م (2009).