بۆ ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی (ناوه‌وه‌و هه‌نده‌ران) كه ده‌چنه باوه‌شی ده‌سه‌ڵاته‌وه
(1)
دیارده‌یه‌كی زۆر ترسناك، كه ئه‌مڕۆ نێو ژینگه و مه‌جلسی نوسه‌رانی كوردستانی ئازادی ته‌نیووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه بێجگه له نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی وڵات، ئه‌وا چه‌ند ساڵێكه نوسه‌رانێكی زۆری هه‌نده‌ران نشین پاش ئه‌و هه‌موو ساڵانه له فێربوون و له كرانه‌وه‌ی ئه‌قڵ و كولتوور، ئه‌وان له زمانێكی زیاتر فێربوون و له فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر وه‌رگرتنه‌وه.. له دیدگای فره ڕه‌نگتر و ڕه‌هه‌ندی زۆرتر و به‌رفراوانتره‌وه.. له دونیای جوانتر و سروشتی كردگارتره‌وه، له په‌یوه‌ندی پڕ خۆشه‌ویستی و عاشقانه‌تره‌وه.. له چاوێكی گه‌شتره‌وه بۆ ژیان و ماناكانییه‌وه.. له عیزه‌تی نه‌فسێكی به‌رزتره‌وه.. له ده‌روون و ناخێكی ته‌ندروستتره‌وه.. له كه‌سێتییه‌كی دروستتره‌وه.. ئه‌فسووس و مه‌خابن، كه‌سانێكی نوسه‌ر و رووناكبیر و وه‌رگێڕ و پسپۆڕ و زانا كه چه‌نده‌ها ساڵه له خزمه‌تی زمان و فه‌رهه‌نگی كوردیدابوون.. هاتنه‌وه بۆ نیشتمان و خه‌ڵكانێكی زۆریش به‌وه خۆشنوود و به‌خته‌وه‌ر بوون كه ئیدی به‌ڵكو ئه‌م نوسه‌رانه بتوانن، گۆڕانێكی نوێ ، هه‌نگاوێكی نوێ، دیدگایه‌كی نوێ، پڕۆژه‌یه‌كی نوێ، ته‌كانێكی نوێ، خزمه‌تگوزارییه‌كی نوێ پێشكه‌ش به خه‌ڵكی هه‌ناسه‌سارد و سته‌مدیده‌ی ئه‌م خاكه خێرنه‌دیووه بكه‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه و نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نوسه‌رانه زۆربه‌ی زۆریان هاتوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه پاڵ (حه‌جه‌كه) و بۆئه‌وه‌ی كه ڤێلا و سه‌یاره و مووچه‌ی خه‌یاڵی و…..تاد. وه‌كو ئیمتیازات و خه‌ڵات له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه وه‌ربگرن.. نوسه‌ری هێژا و به‌ڕێز: ئێمه ناڵێین حیزبی مه‌بن و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا مه‌بن.. هیچ شوره‌یی و نه‌نگی نییه تۆیه‌كی نوسه‌ر حیزبی یان هه‌واداری ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه بیت.. هیچ نه‌نگ نییه تۆ له هه‌نده‌رانه‌وه بۆ باوه‌شی ئه‌م حكومه‌ت و حیزبه ده‌وڵه‌مه‌ندانه بگه‌ڕێیته‌وه.. هه‌ر هیچ نه‌نگ نییه و تۆ ئازادیت كه نه‌توانیت له خانووی كرێدا بژیت و تازه به تازه كرێچی بیت. به هیچ شێوه‌یه‌ك شوره‌یی نییه و تۆ ئازادیت كه نه‌توانیت سواری پاسی كۆسته‌ر (21 نه‌فه‌ری) ببیت كه له پاسه‌كانی سودان و سۆماڵ ده‌چێت.. تۆ ئازادیت و هه‌قته كه نه‌توانیت برنجی باییعی بخۆیت.. به‌ڵێ هه‌قته كه نه‌توانیت به چه‌نده‌ها كاژێر بێكاره‌با و بێ ئاو و بێ سووته‌مه‌نی و بێ هاتوهاوار و قیژه‌قیژی هه‌ژارانی كۆڵانه میللییه‌كان بژیت.
به‌ڵام براو خوشكانی هێژا، ته‌نها یه‌ك پرسیاری لاسار و بزێو و بێچاوو ڕووم لێتان هه‌یه و به‌س، ئایا ئێوه له‌م ڕه‌وشه ناهه‌وار و بێسه‌روبه‌ره‌ییه ڕازین؟ ئایا ئێوه‌ش بوونه‌ته كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت؟ ئایا گوێتان له‌و هه‌موو سكاڵایانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژارو نه‌داری كوردستان نییه، گوێتان له گرییه‌وزاری: مناڵ و لاو و ئافره‌ت و پیاو و پیر و نه‌خۆش و خێزانی ئه‌نفالكراو و شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ی دێرینی هێژاو گوندنشینان و شارنشینان و ته‌له‌به و قوتابی و خوێندكاران و مامۆستایان و كارمه‌ندان و بێكاران و نوسه‌رانی بێ پشتوپه‌نا و هونه‌رمه‌ندانی ناحیزبیی و هه‌ژار و نانبڕاوان و مووچه بڕاوان و جوتیاران و شۆفێران و زۆرینه‌ی توێژ‌و چینی نیشتمانه هه‌ناسه‌سارده‌كه‌تان نییه.
ئێوه له ته‌نیشتی حه‌جه‌كه‌وه‌ن به به‌ڵگه‌ش زۆربه‌ی جاران، له ته‌له‌فزیۆن و موناسه‌باتدا ده‌تانبینین.. بابه‌ت و نوسین و كێبه‌كانتان زۆر به ئاسانی و بێ زه‌حمه‌تكێشان و هاتووچوون بۆ چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه.. پاره‌ی زۆر و خه‌ڵاتی زۆر‌و ئیمتیازاتی زۆر چه‌ور وه‌رده‌گرن. به‌ڵام ئایا ئێوه له‌وه ناترسن و پرسیارێكی ویژدانیی له‌خۆتان ناكه‌ن، كه ئایا بۆ ورته‌یه‌ك، ئاخاوتنێك،قسه‌یه‌ك، نوسینێك، به‌یاننامه‌یه‌ك، پڕۆژه‌یه‌ك، هه‌ڵوێستێك، ڕێكخراوێك، لانه‌یه‌ك، ماڵێك، مه‌جلیسێك، دیوانخانه‌یه‌ك، فه‌رهه‌نگخانه‌یه‌ك، لیژنه‌یه‌ك، به‌دواداچوونێك، بۆچی هیچ هه‌لوێستێكی جارانی سه‌رده‌می بوێریتان نه‌ماوه ده‌رهه‌ق به‌و ژیانه ناخۆشه‌ی خه‌ڵكان و زۆربه‌ی دانیشتوانی كوردستانی ئازاد به‌سه‌ریده‌به‌ن؟
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له‌و نوسه‌رو رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندو گۆرانیبێژو مامۆستای زانكۆیانه چه‌ندین ساڵ له هه‌نده‌ران و له ئه‌وروپای ئازاد‌و مه‌عریفه و زانست و دیمۆكراسیدا، وانه‌ی فێربوونیان خوێند: سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده‌ی تاكی سه‌ربه‌خۆ و ئازادی و مافه مرۆڤــ و یه‌كسانی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌ری یاسا و به‌هێزی و سه‌ربه‌ستی ڕه‌های په‌رله‌مان و فره حیزبی و فره ڕه‌نگی و شه‌فافییه‌ت و شه‌فافییه‌تی بودجه و نه‌سرییه ته‌رخانكردن و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان، چه‌ند وانه‌یان بینی و بیست سه‌باره‌ت به سزادانی سه‌رپێچیكاران له وه‌زیر و گزیرانی ئه‌وروپا و دادگاییكردنییان له‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه و له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كان و به‌وپه‌ڕی شه‌فافییه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئێستاكه ئایا زۆرێك له‌م دلێرانه، چی‌یان هێنایه‌وه بۆ كوردستانی دواكه‌وتووی بێ خاوه‌ن؟ چ هه‌ڵوێستێكیان نواند كه كه‌لله ته‌زێن بێت و بوغراكانی نێو ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان بته‌زێنن!
(2)
(بێجگه له هه‌ڵــــوێستی ئازا و بوێر و ناوازانه‌ی هه‌ریه‌ك له شێخ ستار و سۆرانی مامه حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی دیاری بوێر نه‌بێت كه ژیان و پله‌وپایه‌ی خۆیان و خێزانیان خسته مه‌ترسییه‌وه و خۆیان جه‌نفیداكردو شه‌هیدیان هه‌ڵبژارد.. ئه‌وان به نێو خه‌ڵكیدا كه‌لتوور و رۆشنبیرییه‌كیان پیاده‌كرد و فه‌رزكرد به‌سه‌ر كۆنه‌خوازاندا كه نزیكببوه‌وه له هه‌ڵوێستی هه‌ریه‌ك له ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و سارته‌ر و ماندێلا و گاندی و حورمه‌تیان بۆ قه‌ڵه‌م و ده‌نگ و ڕه‌نگی نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندو رووناكبیر و مامۆستا‌و گه‌ڕانده‌وه.)
ئه‌و نوسه‌رانه كه ئه‌مڕۆ له حكومه‌ت و حزبه‌كانی كوردستاندا پۆست و پله‌وپایه‌و مووچه‌یان هه‌یه به ئاشكرا‌و به نهێنی.. زۆرێك له‌و دكتۆر و ماسته‌رانه‌ی له‌ڕێی حزبه‌وه بڕوانامه‌ی زانكۆیی وه‌رده‌گرن.. زۆر له‌و كادێره حزبییانه خراپتر و بوده‌ڵترو گرگنتر و گه‌نده‌ڵترن كه له مێژه له كوردستانن و له دوای راپه‌ڕینه‌وه پۆست و كورسی و مێزیان هه‌یه زۆر له‌م ئه‌زموونكارانه‌ی هه‌نده‌ران خاكیتر و به‌خزمه‌تتر و نه‌جیبترن.. هه‌ندیچكی زۆریان هه‌ن كه چاوپۆشی ناكه‌ن ، بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرن، بێهه‌ڵوێستی ناكه‌نه كار‌و خووی رۆژانه‌یان، نه‌بوونه‌ته كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت.. وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنی ناسیاو و براده‌رانیان ده‌ده‌نه‌وه.. سه‌ردانی هه‌ژاران و نه‌داران و نه‌خۆش و كه‌سوكارانی پرسه‌دار ده‌كه‌ن.. له پشت جامی ره‌شی سه‌یاره‌كانیانه‌وه جارجار سڵاوێك له ئه‌حباب و دۆستی پیاده‌ی سه‌ر شه‌قامه بێبه‌زه‌ییه‌كانی كوردستانیان ده‌كه‌ن.
زۆرێك له‌م نوسه‌ر و كادێر و ئه‌زموونكارانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه هێنده‌ی ئه‌و لاوانه‌شیان پێناكرێت ، كه له‌م رۆژنامه یان ئه‌و رۆژنامه سكاڵای خه‌ڵكی خێرنه‌دیووی ئه‌م نیشتمانه دزراوه به ده‌سه‌ڵات و به حكومه‌ت ده‌گه‌یه‌نن و لێره‌و له‌وێ هه‌ڕه‌شیان لێده‌كرێت و چاویان لێسوورده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌م و كاكیله‌یان ده‌هاڕن. رۆژانه به لێشاو ژن و ئافره‌تی كورد، له‌م كوردستانه ئازاد و زه‌نگینه‌دا ده‌كوژرێن و ده‌سووتێن و زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێن و ون و بێسه‌روشوێن ده‌كرێن.. ژنكوژ و ئافره‌ت سووتێن و جه‌لادی رۆحی كچه‌جوان و بێگه‌رده‌كانیشمان وه‌كو به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چن و نه یاسای سه‌روه‌ر ده‌توانێت سزایان بدات ، نه به‌رپرسه‌كانمان نه زه‌بری ده‌سه‌ڵاتیان ڕاپێچی لای دادگایان ده‌كه‌ن ، نه كه‌سێك و لایه‌ن و كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوێك و زانكۆ و پیاوانێك ، ده‌رهه‌ق به‌م جه‌هلستان و نه‌زانی و وه‌حشییه‌تگه‌رایه ، یاداشتێك یاخود به‌یاننامه‌یه‌ك یان ئیدانه‌كردنێك له‌م ئه‌وروپییه ئازادی‌خوا و نوێخوازانه‌وه ده‌بیستین و ده‌بینین!
زۆربه‌ی زۆری ئه‌م نوسه‌ر و كادێرانه ئه‌مێستا له كوردستاندا مامۆستا و ڕاوێژكار و وه‌زیر و وه‌كیل وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیكار و كاربه‌ده‌ستی گه‌وره‌ی حیزب و حكومه‌تن ، باشه كوا ، كامه‌یه ، چییه قسه و تیۆری و پڕۆژه و به‌رنامه و ڕه‌خنه و گازه‌نده و گله‌یی و هه‌ڵوێست و یاداشت و نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه و ڕه‌فزكردن و قبووڵنه‌كردنتان و ناڕه‌زاییتان؟
(3)
رۆژ له دوای رۆژ باری ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و ده‌روونی تاك و كۆمه‌ڵی كوردستان‌مان به‌ره‌و خراپ و خراپتر و چه‌واشه و چه‌واشه‌تر و گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵتر و گه‌نده‌ڵترین و به‌ره‌و هه‌ڵـــــدێر و به‌ره‌و هه‌ره‌س و لێكدابڕان و لێكترازان و ته‌كه‌توول و ته‌كه‌تولكاریتر ده‌چێت!
ئێوه ئه‌و نوسه‌رو رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له هه‌نده‌رانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئێوه له ئه‌وروپا وانه‌تان سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵی و دزی و واسیته و خزم خزمێنه و مه‌حسوبییه‌ت خوێندووه، وا ئێوه‌ش هاتوونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌مان سفره و به‌لاتانه‌وه ئه‌م كه‌شوهه‌وا و ئاتمۆسفییره، غه‌ریب و نامۆ نییه؟ له ئێوه ئه‌پرسم و له ئێوه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م، چونكه ئێوه به دیوێك زۆر هه‌ستیار و حه‌ساس و دڵناسك و شاعیرین و زۆربه‌شتان شاعیرن و تێگه‌یشتوون و خوێنه‌ر و نوسه‌رن، هه‌روه‌ها به دیوێكی دیكه‌ش زۆر نزیكن له ده‌سه‌ڵاته‌وه و حیزب و حكومه‌ت متمانه‌تان پێده‌كات ، توو ئه‌و خوایه‌ی ئه‌یپه‌رستن و توو ئه‌و بڕوایه‌ی بڕواتان پێیه‌تی و سه‌ری ئازیزتان، ئایا له‌م زه‌مه‌نه ناخۆشترتان به‌چاوی خۆتان بینیووه؟
ئایا ئێوه له هه‌نده‌ران و له وڵاتانی ئه‌وروپی به‌چاوی خۆتان نه‌تانبینی كه حیزب و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی له‌سه‌ر كورسی دانیشتووه، نه‌ك خه‌ڵك خزمه‌تی ئه‌وان بكات، من به چاوی خۆم له هۆڵه‌ندا بینیم كه شاژن بیاتریكس/چه‌نده گریا و خۆی پێڕانه‌گیرا له‌به‌رده‌م كامێرادا، بۆ ئه‌و شاره‌ی كه كارگه‌ی فیشه‌كه شێته‌ی تیا ته‌قییه‌وه.. (شاری ئه‌نیشخه‌ده‌ی له هۆڵاند) یان وه‌كو لای ئێمه ده‌بێت خه‌ڵكی له‌خزمه‌تی حیزب و حكومه‌تدا ژیانی نه‌هامه‌تی بژی؟ ده‌بێت لێره كاره‌با و ئاو و نه‌وت ببنه ئه‌ستێره‌ی سیوه‌یل و ببنه داخی دڵ و ده‌رده‌دڵی خه‌ڵكی زۆرینه‌ی كوردستان ،ببنه جه‌ڵته‌ی دڵ و ده‌ماخی هه‌زاران هه‌زار خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی كورد!
(4)
زۆرێك له‌وانه‌ی كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌فته‌ی یه‌كه‌م له چایخانه‌ی سه‌هۆڵه‌كه ده‌بینرێن و پاشان یان ده‌چنه نێو سه‌یاره‌ی جام ڕه‌شه‌وه و ئیدی هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكی ساده ده‌بینێت یان له پشت سپلیتی ئه‌م یان ئه‌و ده‌زگای حیزبی یا حكومی یان رۆشنبیری یاخود رێكخراوی له‌ژێره‌وه سه‌ر به حیزبی و به‌ناو ئه‌هلی ده‌بینرێنه‌وه. ئیدی به قودره‌تی قادر و به كوون فه‌یه‌كونێك ده‌بنه خاوه‌نی سه‌یاره‌ی مۆدێل به‌رزو خانووی مه‌ڕمه‌ری و پۆشاكی فاسۆنی ئینگلیزی بریقه‌دار له‌به‌ردا و نوسینه‌كانیشیان زۆر بچووك ده‌بێته‌وه و به‌ڵام به بۆڵدی گه‌وره و به وێنه‌ی زۆر گه‌وره‌وه و له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌ت و له‌گه‌ڵ پیاوماقووڵان و مه‌جلسی ڕیش سپییه‌كاندا و له رۆژنامه‌و گۆڤاری به‌گ و ئاغاكاندا بۆیان بڵاویانده‌كه‌نه‌وه و پاداشت و موكافه‌ئاتیشیان به سه‌یاره بۆ ده‌به‌نه‌وه به‌ر ده‌ركی ماڵیان!
هه‌ر كوردێك كاتێك كه له هه‌نده‌رانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌م كار‌و كرده‌وه‌یه‌ك ده‌یكه‌ن، ئه‌وه‌یه كه خاكی كوردستان ماچ ده‌كه‌ن.. به‌ڵام براو كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سه پێی پێده‌كه‌نن و پێی ده‌ڵێن سبه‌ینێ ڕای خۆت ده‌گۆڕیت ..سبه‌ینێ تف له ژیانیش ده‌كه‌یت و بێز له خۆت و ژیانه‌كه‌شت ده‌كه‌یته‌وه..
(5)
له سه‌رێكی دیكه‌وه ده‌مه‌وێت وته‌ی كوردێكی گه‌ڕاوه‌ی هه‌نده‌رانتان بۆ بگێڕمه‌وه كه سه‌ربه‌رزانه نه‌چووه‌ته نێو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و له‌به‌ری خه‌ڵكی زۆرینه‌ی هه‌ژاردایه ئه‌و ووتی:” له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێمه‌ومانان، ده‌ستی كه‌سمان ماچنه‌كرد ، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رمان بۆ كه‌س دانه‌نه‌واندوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌كو حه‌للاج هه‌قبێژیمان گووت، له‌برئه‌وه‌ی ئێمه بووده‌ڵی و گه‌نده‌ڵیمان قبوڵنه‌كرد، هیوا و ئاواتمان ، خه‌ون و خولیامان، پڕۆژه و بیرۆكه و نوسین وبیردۆزه و داهێنانی نوێمان، چووه ژێر گڵه‌وه، زینده‌به‌چاڵ بوو ، ئیدی هیلاك و ماندوو بووین ،ئیدی ئیتمامان كاڵ و كاڵتر ده‌بێته‌وه ، ئیدی هه‌وڵه‌كانمان كیسه‌ڵ ئاسا ده‌بن ، ئیدی ڕه‌شبینیمان به‌سه‌ر ڕوونبینی و ئومێد دا باڵده‌كێشێت.. ئیدی خۆمان به هاووڵاتی پله یه‌ك و دوو و سێ و …..تاد. نازانین..ئیدی ئێمه نامۆ و غه‌ریبین به‌م نیشتمانه .. ئیدی ئه‌م نیشتمان و خاكه پیرۆزه، ئێمه خاوه‌نی نین و ئێمه خاوه‌نی بستێك زه‌وی نین، ئێمه وه‌كو هه‌زاران و ده‌یان هه‌زاران و زۆرینه‌ی ئه‌م كوردستانه ، كرێچین و له‌ژێر زه‌بری ساحێب خانووداین ، نیوه‌و زیاتری مووچه‌كانمان بۆ كرێه و بۆ كرێ پاسه”.
(6)
خوشك و برای هێژام، نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و كادێری زانكۆیی گه‌ڕاوه له هه‌نده‌رانه‌وه.. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان پێ بڵێم كه خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بوغرایه به‌فیڕۆ ده‌چێت و كه‌سانی بێوه‌فا و بوغرا و گه‌نده‌ڵ و گرگن له شوێنی حه‌ساس و هه‌ستیاری ئه‌وتۆدا دانراون و هیچ كارێكی مه‌ده‌نی و سكولارییانه‌ی مۆدێرن، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئینسانی و خزمه‌تگوزار، هیچ بیرۆكه‌یه‌كی تازه‌گه‌ر و نوێخواز، هیچ لیژنه‌یه‌كی پته‌و بۆ ڕاستی ده‌رخستن و (ته‌قه‌سی حه‌قایق)و شه‌فافییه‌ت و هه‌قبێژی گووتن، هیچ پاكتاوی و چاكسازی و لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ت بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و دزی و درۆزنی و داوێن پیسی و ئه‌وانه‌ی هانده‌ده‌ن ژماره‌ی بكوژ و ژنكوژ و رۆژنامه‌نووسی ئازادیخواز كوژ زیاد بێت.. ئه‌وانه‌ی پاره‌یان ده‌ده‌نێ، ئه‌وانه‌ی له یاسا ده‌یانشارنه‌وه، ئه‌وانه‌ی به‌خێویان ده‌كه‌ن و مووچه‌ی تایبه‌تیان ده‌ده‌نێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌و ئه‌م ده‌سته‌بژێره‌و ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه‌دا سوودی نییه.. چونكه چۆن سه‌دامی دیكتاتۆر، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی بوه‌ستانایه ده‌كه‌وت و ده‌ڕووخا هه‌ر ئاوه‌هاش ئه‌م ده‌سه‌ڵات و ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێمه، گه‌نده‌ڵیی بۆته سیما و خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی ئه‌م به‌رپرس و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی كوردستان، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵ و دز و درۆزن و داوێن پیس و گڵاو موحاسه‌به بكات و به سه‌ری سفره‌وه بیانخاته سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و به ئاشكرا دادگاییان بكات و یاسا به‌بێ ده‌ستێوه‌ردان دادگاییان بكات و ئیدی گه‌نده‌ڵی و دیارده‌ی فه‌سادی به‌ڕێوه‌بردن سنووری بۆ داده‌نرێت و لێپرسینه‌وه و زیندانیكردنی دز و گه‌نده‌ڵ و ئازادكوژ به‌ره‌و كۆتاییهاتن ده‌چێت… ڕاسته زۆرێك له شه‌هیدانی وه‌كو شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و ئارام و مامه‌ڕیشه‌و ده‌یانی دیكه‌ی له‌و شێوانه، خه‌بات و شۆڕشێكی زۆر پیرۆز و بێكۆتا و نه‌بڕاوه‌یان له سه‌روه‌خت و سه‌رده‌می خۆیاندا به‌رپاكرد و ئێمه‌یان له سته‌مدیده‌یی و فه‌وتان و قڕكردنی حه‌تمی قووتاركرد و بوونه فریادڕه‌س و ڕزگاركه‌ر، به‌ڵام ئه‌وانه چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیارن و ئاشكران و هه‌ندێكیان گه‌وره شه‌هیده‌كانن، هه‌ندێكیان وازیان هێناوه، هه‌ندێكیان ئه‌وه‌نده دووره‌ده‌ست و دوورن له خه‌ڵك و له چاوانه‌وه وه‌كو نه‌بن وایه، بڕیاره‌كانیان ناگاته شوێنی مه‌به‌ست، نموونه‌یان زۆر كه‌م بۆته‌وه.. سیفات و خه‌سڵه‌تی جیڤارا ئاسا و ماندێلا ئاسا و شه‌هید قازی محه‌مه‌د ئاسا‌و…..تاد.یان تیادا كه‌م بۆته‌وه.
(7)
كه‌سانی وه‌كو جیڤاراو ماندێلا پاش ئه‌وه‌ی شۆرش و تێكۆشانی بێوێنه‌یان سه‌ركه‌وت و بوونه نموونه‌ی باڵا بۆ هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، بوونه وانه‌یه‌كی مه‌زن و نه‌مر بۆ هه‌ر كه‌سێك مانای مرۆڤایه‌تی و ئینسانییه‌ت و ویژدان و یه‌كسانی و دادوه‌ری و دیمۆكراسی و ئازادی و نرخ و به‌های به‌رزی مرۆڤـــ و ژیان ده‌زانێت و هاوپه‌یمان و هاوبیره له‌گه‌ڵیاندا تا مردن. ئه‌و نموونانه له ئینسانی گه‌وره و مه‌زن له‌مڕۆدا زۆر كه‌م بوونه‌ته‌وه و مه‌خابن كه‌سانی له‌و نموونانه ده‌گمه‌نن و له‌وه ده‌چێت بووبنه دانسقه له‌م كۆمه‌ڵگا هه‌شبه‌سه‌ره‌ی ئێمه‌دا كه بتوانێت له كاتی ته‌نگانه و ناخۆشی مرۆڤه‌كانی برای خۆیدا به‌شدار و هاریكار و هاوخه‌م و هاوده‌نگ و هاو هه‌ڵوێست بن.
ئه‌و سه‌ركرده كورده نموونه‌یه كه له شێوه‌ی شه‌هید قازی محه‌مه‌دو عه‌بدوڵا ئۆچ ئالانه چونكه له پێناوی میلله‌ت و گه‌لی خۆیاندا، خۆیان جه‌نفیدا كردووه‌و ده‌كه‌ن. یه‌كێكیان له رۆژه‌ڵاته‌و ئه‌ویدیكه‌یان له باكووره، ئه‌گه‌ر نوسه‌رو رۆشنبیر‌و مامۆستایانی زانكۆی كوردستانی باشوور له‌پاڵ ده‌نگی ناڕه‌زایی میلله‌ته‌كه‌یاندا بن، ئه‌وا به‌ڕاشكاوی له‌م به‌شه‌ی ئێمه‌شدا سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما‌و مرۆڤدۆست له‌داییكده‌بێت، چونكه زه‌مینه‌ی بۆ خۆشكراوه‌و زوڵم گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی، ئه‌وه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه كه ده‌ڵێن:” له سه‌رده‌می سه‌دامدا جارێك ده‌كوژراین، به‌ڵام ئێستا منداڵ و گه‌نج و جوان و پیری كوردستانی باشوور رۆژی سه‌دانجار به نامۆیی ده‌مرن و مه‌رگی ره‌ش به‌چاوی خۆیان ده‌بینن”.
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ