Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
ره‌خنه‌ له‌ پڕه‌نسیپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی حیزب

ره‌خنه‌ له‌ پڕه‌نسیپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی حیزب

Closed
by August 18, 2010 گشتی

 ره‌خنه‌ له‌ پڕه‌نسیپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی حیزب
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی
   

 

حیزب پێكهاتووه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك كه‌ بیر و باوه‌ری سیاسی پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ئامانجیان خزمه‌تكردنی گه‌ل و وڵاته‌ به‌بێ‌ جیاوازی , یاخود حیزب  له‌چه‌ند چین و توێژێكی ناو كۆمه‌ڵگا پێكهاتووه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی پێكه‌وه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌ , له‌ رۆژئاوادا ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی حیزب و گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات پشت ده‌به‌ستێ به‌ جۆره‌كانی پسپۆری و به‌هره‌مه‌ندی و شاره‌زایی و لێهاتوویی , له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش مرۆڤی شیاو له‌ شوێنی شیاو داده‌نرێ , به‌ڵام له‌وڵاتی ئێمه‌دا گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات پشت ده‌به‌ستێ به‌ ته‌زكییه‌ی حیزبی و عه‌شیره‌تی و بنه‌ماڵه‌یی , كه‌سێك نابینی له‌رێگای به‌هره‌و تواناو زیره‌كی خۆیه‌وه‌ گه‌یشتبێته‌ شوێنی به‌رپرسیارێتی ئه‌گه‌ر حیزب پاڵپشتی نه‌كردبێ , هه‌ڵوێستی حیزب و پیاوانی ناو حیزب سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانست و مه‌عریفه‌ , جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵویستی ئاغاو سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوانی ناو عه‌شیره‌تی سه‌رده‌می ڕابردوو , چونكه‌ له‌سه‌رده‌می كۆندا عه‌شیره‌ت و پیاوانی ناو عه‌شیره‌ت ڕێگربوون له‌ گه‌شه‌ی زانست و مه‌عریفه‌ , چونكه‌ زانست و مه‌عریفه‌و گه‌شه‌ی مرۆڤ پێگه‌ی ئه‌وانی ده‌خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ , حیزبی تۆتالیتار ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵگایه‌كی عه‌قائیدی دروست بكات و خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌مووی په‌یڕه‌وی یه‌ك ئایدۆلۆژیا بكات , ئه‌و مه‌یل و ئاره‌زووه‌ تۆتالیتاریانه‌ی حیزب هه‌وڵدانێكه‌ بۆ به‌خشینی پانتاییه‌كی گه‌وره‌تر به‌ ڕۆڵی حیزب , له‌به‌رانبه‌ریشدا بچوككردنه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی تر له‌بواری زانست و مه‌عریفه‌و تواناكانی مرۆڤ ,  چونكه‌ حیزب له‌ زه‌مینه‌یه‌كی نامه‌عریفی زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و په‌ره‌ ده‌سێنێ نه‌ك له‌سه‌ر زه‌مینێك كه‌ مرۆڤه‌كانی لێوان لێوبن له‌ زانست و مه‌عریفه‌ , هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌  ئه‌ومرۆڤانه‌ی كه‌ زانست و مه‌عریفه‌و هۆشیارییان له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ كه‌متر ده‌كه‌ونه‌ ژێر ڕكێفی حیزبه‌وه‌ , ئه‌م خه‌ڵكه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌ی ئێمه‌ هه‌ندێكیان بۆ كاری رۆژانه‌یان و هه‌ندێكیان بۆ وه‌زیفه‌و هه‌ندێكیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبێك كه‌ باوه‌ڕیان پێی نیه‌ له‌ قالب دراون , بێگومان هه‌مووشیان ده‌زانن كه‌ مرۆڤ له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزب بوونه‌وه‌رێكی ئازاده‌و خۆی به‌رپرسیاره‌ له‌ هه‌ڵوێست و قسه‌و ره‌فتاره‌كانی , به‌ڵام له‌نێو حیزبدا بوونه‌وه‌رێكی مولته‌زیمه‌و پابه‌نده‌ به‌و هه‌ڵوێست و بڕیارو نه‌خشه‌و پلانانه‌ی كه‌ حیزب هه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ ئاقارێكی خه‌راپیشیدا ببات , حیزب مرۆڤ له‌قالب ده‌دات و چوارچێوه‌یه‌ك بۆ بڕیارو ره‌فتارو هه‌ڵوێسته‌كانی داده‌نێت , پیاوی ناو حیزب وه‌كو ده‌روێشی ناو ته‌كیه‌و خانه‌قاكان وایه‌ هه‌رده‌بێ بڵێ له‌خزمه‌تدام قوربان , یه‌كێك له‌ پره‌نسیپه‌ دیسپۆتیزمه‌كانی حیزب ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات هه‌یه‌ ده‌یخاته‌ نێو سه‌به‌ته‌ی خۆی و به‌ئاره‌زووی خۆی دابه‌شی ده‌كات , هه‌یه‌ زۆری پێده‌دات هه‌یه‌ كه‌می پێده‌دات هه‌شه‌ هه‌ر نایداتێ ,  بۆیه‌ ئه‌و حیزبه‌ی كه‌ سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتی له‌به‌رده‌سته‌ جه‌ماوه‌ری له‌وانی تر زیاتره‌ , به‌ڵام ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ جه‌ماوه‌ری بیرو باوه‌ڕو عه‌قیده‌ نیه‌ به‌ڵكو جه‌ماوه‌ری پاره‌و پول و به‌رژه‌وه‌ندخوازییه‌ , بۆیه‌ زۆرجاران ململانێكان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌خلاقی سیاسی ده‌رده‌چن و هه‌ستی به‌رپرسیارێتی و نیشتمانپه‌روه‌ری لای ئه‌وكه‌سانه‌ كاڵ ده‌بێته‌وه‌ ,
له‌ كۆمه‌ڵگا دیموكراسییه‌كاندا بوونی حیزب پێویستیه‌كی زه‌رورییه‌ ، چونكه‌ حیزب هه‌ندێ‌ ئه‌رك و وه‌زیفه‌و كاری گرنگ ئه‌نجامده‌دات ئه‌گه‌ر به‌ ده‌سته‌جه‌مع و رێكخستن نه‌بێ‌ به‌ تاكه‌كان ئه‌نجام نادرێت ، بۆیه‌ له‌ رۆژئاوادا بوونی حیزب پێویسته‌ بۆ ژیانی خه‌ڵك چونكه‌ خۆشگوزه‌رانیان بۆ دابین ده‌كات و هه‌روه‌ها داكۆكیش له‌مافی خه‌ڵك ده‌كات , به‌ڵام حیزبه‌كانی ئێمه‌ خۆیان مافی خه‌ڵك ده‌خۆن و خه‌ڵك به‌شێوازی جۆراوجۆر ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ , هه‌روه‌كو مێژووش شاهیده‌ كه‌ به‌هۆی غه‌یببوونی دادپه‌روه‌ری و باڵاده‌ست بوونی حیزبه‌ تۆتالیتاره‌كان كورد به‌قه‌د دیجله‌و فوڕات تاڵاوی ژیانی نۆشیوه‌و به‌قه‌د گه‌ڵای دره‌خته‌كان زامی وردیله‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ده‌نێ , له‌ رۆژئاوادا حیزب پردی په‌یوه‌ندییه‌ له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام لای خۆمان حیزب خه‌ڵك ده‌كات به‌ به‌رده‌باز و به‌سه‌ریدا ده‌په‌رێته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی خۆی , پره‌نسیپی حیزبه‌ تۆتالیتاره‌كان وایه‌  هه‌میشه‌ كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر بێ نرخكردنی كه‌سایه‌تی مرۆڤ , به‌تایبه‌تی ئه‌وكه‌سایه‌تییانه‌ی كه‌ قسه‌ی خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر گرفته‌  سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی كۆمه‌ڵگا , له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ماوه‌ بڵێم كه‌ ئه‌گه‌رتاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ناچاربكرێن له‌پێناوی په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر سفره‌ی حیزب كۆببنه‌وه‌ , ئه‌وكاته‌ كۆمه‌ڵگا داده‌ماڵدرێ له‌هه‌موو به‌ها به‌رزه‌كان و هیچ ڕێزو  حورمه‌تێك بۆ پیاوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا نامێنێته‌وه‌ , چونكه‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌و سیاسه‌ته‌ ئابورییه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ ئه‌ژنۆیان خستۆته‌ سه‌ر سنگی مرۆڤ و تاكی كوردیان تووشی هه‌ناسه‌بڕكێ كردووه‌ , بێگومان ره‌خنه‌گرتنی ئێمه‌ش له‌ ڕۆڵی تۆتالیتاریانه‌ی حیزب واتا داكۆكی كردن له‌ مافی هه‌ژاران ,

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.