Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
ره‌مه‌زان مانگی خێرو به‌ره‌که‌ت، یان مانگی بازرگانی …..

ره‌مه‌زان مانگی خێرو به‌ره‌که‌ت، یان مانگی بازرگانی …..

Closed
by August 20, 2010 گشتی

مانگی ره‌مه‌زان، دیاره‌ له‌ ئه‌جنده‌ و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وی ره‌سمی وشه‌رعی ئیسلامدا، به‌ مانگی خێر و به‌ره‌که‌ت ناسراوه، ئه‌‌و مانگه جگه‌ له‌وه‌ی قودسیه‌تێکی پیرۆزی هه‌یه‌، ره‌گه‌زێکی گرنگیشه له‌ ره‌گه‌زه‌ بنچینه‌ییه‌کانی به‌ ئیسلامی بوون‌ و فه‌رزێکی ئایینیه‌، دیاره‌ ره‌مه‌زانیش خۆی له‌ رۆژی گرتن ئه‌بینێته‌وه‌، حیکمه‌تی به‌ رۆژوو بوونیش، ته‌نیا خۆی له‌ برسی بوون وخواردن له‌ خۆ حه‌رام کردن نابینێته‌وه‌، به‌ڵکو له روانگه‌ی ئیسلامدا ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌ جیاوازی نه‌مێنێت، گه‌داو خواپێداوانی کۆمه‌ڵ، ئه‌وانه‌ی ئابووری یان له‌بن ده‌ست دایه‌و بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیان وگوزه‌رانی زۆربه‌ی هاوڵاتیان‌، ده‌بێت مانگێک له‌ خۆیان ببوورن وهه‌ریه‌که‌یان له‌و ماوه‌یه‌دا بچنه‌‌ خانه‌و که‌وڵی ئه‌و نه‌دارو هه‌ژار و که‌م ده‌رامه‌تانه‌ی توانای گوزه‌ران و ژیانێکی ئا‌ساییان نیه‌، ببنه‌ ئه‌وان و وه‌کو ئه‌وانیش هه‌ست به‌ برسێتی بکه‌ن وتا راده‌یه‌ک هاوخه‌م وهاوژان وهاوشێوه‌ی ئه‌وانیش بژین،به‌ڵام به‌داخ وحه‌یفێکی زۆر‌ له‌ ئاقارو ده‌ڤه‌ری کورده‌واری و ئیسلامی و کۆمه‌لگای رۆژهه‌ڵاتی ئێمه‌دا ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ده‌وله‌مه‌نده‌کان له‌ بڕی ئه‌وه‌ی له‌ به‌ر خاتری ئیمان وباوه‌ره‌ ئایینی و خواییه‌که‌یان، له‌ دڵی هه‌ژارانه‌ بژین و به‌ ئازاری نه‌دارانه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌، ده‌بن به‌ بازرگانێکی پولپه‌رست و چلێس و برسی قازانج و قۆڵی کاسبی و قۆڵبڕینی لێ هه‌ڵده‌که‌ن و ده‌که‌ونه‌ پاره‌ زیاد کردن وقۆڕخ کردنی بازاڕ و خێرو به‌ره‌که‌تی گه‌له‌کی، به‌ خێرو به‌ره‌که‌تی تاکه‌ که‌سی خۆیان ئه‌گۆڕنه‌وه‌، وه‌کو ئه‌وه‌ی قه‌ت لاپه‌ڕه‌کانی کتێبی پیرۆز و ئه‌جنده‌ی فه‌رمووده‌کانی موسڵمانیان هه‌ڵنه‌دابێته‌وه‌ و خۆیشیان فرچکیان به‌ پول و قازانج و باج کردبێت، نه‌ک به‌ هه‌ستی بێگه‌رد و شیری پاکی دایکیان، وه‌کو نامۆیه‌ک به‌ کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی هه‌لسوکه‌وت ئه‌که‌ن، یاخود ئه‌وان له‌ ئه‌ستێره‌ و کیشوه‌رێکی نامۆ و نه‌بانی دیکه‌ هاتبن و بێ ئاگابن له‌ هه‌موو شتێک، بۆ به‌خته‌وه‌ری ژیان و خۆش کردنی گوزه‌ران نه‌هاتبن، به‌ڵکو ئامانجیان داته‌پینی مرۆڤایه‌تی و قازانج و گران کردنی بازاڕ بێت….
ئه‌وه‌ی لێره‌ له‌و کونجه‌ی رۆژهه‌ڵات وکانگای ئیسلامدا رووده‌دات وده‌بینرێت، له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ نابینرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌وروپا له‌ روانینی به‌رته‌سکی ئیسلام خوازاندا که‌ وڵاتێکی نا ئیسلامه‌ به‌ کافر داده‌نرێت که‌وابوو ده‌بێ له‌ ناو کافران تۆزقالێک سۆزو به‌زه‌یی ورۆحی هاوکاری بێ ده‌ره‌تانان نه‌بێت و نه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه‌ رێک پێچه‌وانه‌یه، ئه‌وروپا له‌ چه‌ند وڵاتێکی ئیسلام پێک نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو پێکهاتووه‌ له‌ چه‌ندین پێکهاته‌ی نه‌ژادی وئایینزای وه‌کو دیان وجووله‌که‌و بودی وته‌نانه‌ت به‌شێکی زۆریش هه‌ر باوه‌ڕیان به‌ خواو ئایین نیه‌، به‌ڵام زۆر زیاترو به‌ گوڕتر له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌کان، په‌رۆشی خه‌می هه‌ژاران و که‌م ده‌رامه‌تانن، هه‌روه‌ها له‌ حاله‌تی پێویستیشدا هه‌روا به‌ته‌ماشاکارێکی ساکار نامێننه‌وه‌، به‌ڵکو خاوه‌ن به‌رنامه‌ی تۆکمه‌داریش ئه‌بن‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان…..
هه‌روه‌ها هه‌رگیز باوه‌ڕ ناکه‌م له‌ کیشوه‌ری دیکه‌ش ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌بێت،‌ له‌ ئه‌وروپادا بۆ نموونه‌‌ کورد که‌ خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئه‌و وڵاته‌ش نینه‌و‌ گه‌یشتوونه‌ته‌‌ وڵاته‌که‌ی ئه‌وان، سه‌ره‌تا تا ساڵانێکی باش به‌ پاره‌ی باجی ئه‌وان ژیان وگوزه‌رانیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن و ته‌نانه‌ت خه‌لکانێک هه‌یه‌ تا ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ژین، هۆڵه‌ندی ره‌سه‌ن کار ده‌کات و باج ده‌دات، خه‌ڵکێکی نه‌دار و بێگانه‌ش مووچه‌یه‌کی ره‌سمی یان له‌ میرییه‌وه‌ له‌ رێی ئه‌و باجه‌ بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، که‌چی له‌ لای ئێمه‌ ده‌وله‌مه‌نده‌کان له‌ بڕی هاریکاری و که‌م کردنه‌وه‌ی  شه‌که‌تی هه‌ژارو نه‌دار و که‌م ده‌رامه‌ت، به‌ سه‌ختترین و دژوارترین چه‌ک شه‌ڕی چلێسیان له‌ دژیان به‌رپا کردووه‌ ئه‌ویش به‌ ده‌ستکاری وزیاد کردنی نرخی شتومه‌ک وخۆراک له‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ی ئیسلامدا، به‌مه‌ش بوار ناده‌ن پشتی چه‌ماوی زه‌حمه‌تکێشیان بۆ تاوێک رێک و بسێته‌وه‌..
له‌ هیچ کونجێکی دونیادا نیه‌ بازرگانێک بچێته‌ وڵاتێکی بێگانه‌ بۆ بازرگانیی، له‌ بڕی هێنانی شتومه‌کی باش بۆ خه‌ڵکی هاوزمان وهاوڵاتی وهاونیشتمانی خۆی، زبڵ وخۆڵ وبه‌ ناوی زێڕ هاورده‌ بکات و به‌ پاره‌یه‌کی باشیش بفرۆشێته‌‌ خه‌ڵک، هیچ بازرگانێک نیه‌ به‌ زاری خۆی بلێت کامه‌ شت خراپه‌ و بێ که‌لکه‌ ئه‌و بۆ من و وڵاتی من دابنێ، خراپترین شت به‌ پاره‌یه‌کی هه‌رزان به‌ها دێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خێراترین کاتدا شتومه‌که‌کانی ساغ بکاته‌وه‌و قازانجێکی زۆریش بکات، ئه‌وه‌ که‌نگی عه‌قلیه‌تی بازرگانی نیشتمانییه‌، له‌ راستیدا ئه‌وه‌ له‌که‌یه‌کی نه‌نگییه‌ به‌ هه‌نیه‌ی به‌رپرسیارێتی حوکمه‌ت و وه‌زاره‌تی (پیشه‌سازی و بازرگانی) که‌ ئه‌و جۆره‌ بازرگانانه‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل و وڵاتێک ده‌که‌ن وده‌بنه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری‌ وریسوا کردن بۆ هه‌موو لایه‌ک، هه‌ق وایه‌ ئه‌وانه به‌‌ ناپاک وجاش ودز ناوزه‌د بکرێن، که‌ له‌ پێناو پاره‌ ئاماده‌ن هه‌موو شتێک بکه‌ن و،ته‌نانه‌ت ئاساییه‌ به‌ لایه‌ن شه‌ره‌فی نیشتمانپارێزی و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی گه‌لێک، به‌ قازانج و ده‌ستمایه‌که‌وه‌ بگۆڕنه‌وه‌، هه‌رگیز مێژووش ره‌حم به‌و که‌س و که‌سایه‌تیانه ناکات که‌ ئه‌و ناپاکانه‌یان‌ بۆ ئه‌و کاره‌ ته‌رخان کردووه‌و هه‌ڵبژاردووه‌….
له‌ هیچ لاپه‌ڕگه‌یه‌کی جیهانیش نیه‌ بازرگانی وا که‌ هیچ شتێک نه‌بینێت ته‌نیا قازانج،قازانجیش له‌راده‌ی ماقووڵی ده‌ربچێت ویه‌نانه‌ت بۆنه‌و رێوره‌سمی پیرۆزو ئایینیش ئستغلال بکات وقۆڵی خه‌ڵکی نه‌دارو ده‌ست کورت ببڕێت به‌ناوی کارو کاسبی ونان په‌یداکردنی ئازاد، ئه‌وه‌ که‌ی کارو نان په‌یداکردنه‌ که‌ نانی خه‌لکی خۆت به‌ قازانجی زۆرو زه‌به‌ندت ژه‌هراوی بکه‌ی، که‌ی ئازادی کارو بازاڕه‌ که‌ ئازادی وئاسایی بوونی که‌سان وهاونیستمانی خۆت تێک بده‌ی و به‌ سه‌ر لاشه‌ی سه‌ره‌مه‌رگی که‌سوکارت به‌ره ‌و هه‌ورازتر و به‌رز تر هه‌لبچیت…
ئه‌و دوکاندارو ده‌ست فرۆشانه‌ وه‌کو بازرگانێکی سه‌رسه‌خت وگورگ ئاسای‌‌ ئه‌وتۆ که‌ به‌ر ببنه‌ ناو مێگه‌لێکی نه‌دار، شه‌ڵم کوێرم ناپارێزن، ده‌که‌ونه‌ مردار وبریندار کردن وخواردنی گۆشتی هاوزمان وهاوئایین و هاونیشتمانیشیان….
نه‌ ویژدانیان هه‌یه‌ ببێته‌ حه‌که‌م ودادوه‌رێک، له‌ هه‌لسوکه‌وتیان ببپێچێته‌وه‌و که‌مێکێکیش وه‌کو مرۆڤ ئازارییان بدات، نه‌ ئه‌و باوه‌ڕو ئیمانه‌ موسڵمانه‌شیان هه‌یه‌ که‌ له‌ دۆزه‌خ یاخود فه‌رمووده‌کانی خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان بپرینگێنه‌وه‌ و هه‌لوێسته‌یه‌ک بکه‌ن و بترسێن یان شه‌رم بکه‌نه‌وه‌ له‌و ئه‌خلاق و خه‌سله‌ته‌ دڕاندانه‌ی خۆیان که‌ خه‌سله‌تی مرۆڤ و بوونه‌وری خودان عه‌قڵ وهۆشمه‌ندی نیه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ سیفات و رواله‌تی ئاژه‌ڵی چوار پێ و که‌ڵبه‌ تیژه‌ که‌ نه‌ هۆش و نه‌ هه‌ستی هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ که‌س ئه‌ناسێت و نه‌ تۆزقالێکیش به‌زه‌یی و سۆزو مرۆڤایه‌تی له‌ دڵ وده‌رووندا هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ ته‌نیا پول و قازانجی خۆی ده‌بینێت..
ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌یکه‌ن له‌ فه‌رهه‌نگ و قوتیله‌ی هیچ عه‌تار و مارکێت و بازاڕێکی ئازادی دونیا و جیهانشدا نیه‌ که‌ ژیان وگوزه‌ران به‌ سیمای ره‌سه‌ن و سروشتی خۆیان نابینن هه‌موو شتێک له‌ بن چه‌تر و ده‌مامکێکی درۆ و فێل ده‌بینن، بۆیه‌ ده‌مامکی کاسبی کردن ئه‌که‌نه‌ سه‌ر سه‌ریان و سیمای ره‌سه‌نی دزێوی خۆیان پێ ئه‌شارنه‌وه ‌و داده‌پۆشن، ئه‌وان وا ده‌زانن که‌س به‌ کاره‌کانیان نازانێت و وه‌کو به‌رزه‌کی بانانیش لێی ده‌رده‌چن، به‌ڵام خه‌یاڵیان خاوه‌ زۆر کاڵفام و ده‌به‌نگن، ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌گه‌ر دامو ده‌زگای وڵات و کاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵاتیش چاویان لێ بپۆشن و خۆیان لێ که‌ڕ بکه‌ن، هاولاتی و خه‌ڵکی زۆرینه‌ لێیان خۆش نابێت و هه‌ردوولاش به‌ ناپاک ومشه‌خۆر و خۆفرۆش له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات….
ئه‌م رۆژه‌ گوزه‌ر، رۆیی و نایه‌ته‌وه‌ که‌ جه‌ماوه‌ر ره‌ش و سپی خۆی لێک نه‌کاته‌وه‌، ئه‌مڕۆکه‌ خه‌ڵک به‌ ئاسانی پیاوی باش و جاش لێک ده‌رئه‌کات، ئه‌و زه‌مانه‌ کاری ته‌واو گه‌ل له‌ ده‌سه‌ڵات و گورزی دام و ده‌زگاکانی بڕه‌وێته‌وه‌ و بترسێت، شوکر و ئۆخه‌ی خه‌ڵک ئێستا تا راده‌یه‌ک هوشیاره‌ و به‌رپێی خۆی ئه‌بینێت و باوه‌ڕیش ناکه‌م ره‌حمتان پێ بکات و چاوتان له‌ سه‌ر هه‌ڵبڕێت، تا زووه‌ ته‌مه‌نی نه‌گبه‌تیتان به‌ به‌ر ماوه‌ خۆتان چاک بکه‌نه‌وه‌، ئه‌گینا زه‌مان ئه‌ڕوات و ناگه‌ڕێته‌وه ‌و ئێوه‌ش هه‌ر له‌و زه‌ڵکاوه‌ پڕ ناپاکی و خیانه‌ته‌تان وه‌کو بۆقی سڕ ئه‌مێننه‌وه‌، ئه‌و کات هیچ شتێکتان به‌ که‌ڵک نایه‌ت، نه‌ نوێژ و رۆژوو، نه‌ پاڕانه‌وه‌ و نزاو دوعاتان، نه‌ ده‌ست له‌ پشت دانی سه‌رداره‌کانتان، هه‌ر هه‌موویان ده‌بنه‌ ئاردی ناو ته‌ڕاشێکی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و گلۆره‌تان ده‌که‌وێته‌ لێژی و خۆتان به‌ هیچ شتێک پێ ناگیرێته‌وه‌، ئه‌وساکه‌  سه‌فته‌ی ده‌فته‌ره‌کان و ره‌قه‌م حیساباتی پاره‌کانتان، سزاو باج و حوکمی گه‌لتان به‌ سه‌ر سوک ناکات، رۆژی حه‌شرو مه‌نجه‌نیقی دۆزه‌خی سه‌ر رووی دونیا، به‌ چاوی خۆتان ئه‌بینن و مه‌رگی گۆربه‌گۆڕ و سه‌گتۆپانه‌ ده‌بێته‌ چاره‌نووستان، بۆیه‌ تازووه‌ بێدار بنه‌وه‌ تا ئه‌و ره‌مه‌زانه‌ ته‌واو نه‌بووه‌ به‌ لنگه‌قورتێ و په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگی چاره‌نووسی چاره‌ره‌شتان رابگه‌ن و ده‌ست له‌و بێئابڕوویی و خۆفرؤشتن و مێرد کردن به‌ پاره‌یه‌ هه‌ڵگرن……
ئاخر ئێوه‌ له‌ خۆتان ناپرسن جارێ ئه‌و نوێژ و نزا و پاڕاوه‌نه‌تان له‌ خواو ئاسمان بۆ چیه‌ ئه‌گه‌ر‌ گوێتان که‌ڕ بێت له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو ‌ نزا و پاڕانه‌وه‌ی بێسه‌رپه‌رشتان و هه‌ژارانی گه‌له‌که‌تان،ئه‌و رۆژوو و خۆ برسی کردنه‌تان له‌ پێناو چیه‌ ئه‌گه‌ر  له‌گه‌ل قۆڕه‌وقۆڕی زگی خاو و به‌تاڵی بێده‌ره‌تانێکی برسی و ئاهو ناڵه‌ی بێوه‌ژنێکی بێ شیری کۆرپه‌له‌ برسی، هیچ مووێکی پیاوه‌تیتان نه‌بزوێت و خه‌وتان لێ نه‌زڕێت و خه‌ونی ئه‌رخه‌وانیتان لێ نه‌بێته‌ کابوس و مۆته‌که، ئه‌و ناپاکانه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌ ئێمه‌یان ناساندن،له‌ ئێوه‌ زۆرپیاو ترن کاتێک به‌ ئاگا هاتنه‌وه‌ له‌ تاو ئاکاره‌ چه‌په‌له‌کانیان،په‌تیان له‌ مل کرد و خۆیان خنکاند، به‌ڵام ئێوه‌ پاره‌ کوێری کردوون، پول که‌ڕی کردوون، قازانج قۆچی له‌ سه‌ر رواندوون و بوونه‌ته‌ گورگێکی هار و ئاژه‌ڵێکی نه‌گریس، هه‌رگیز باوه‌ڕ ناکه‌م جارێکی تر بتوانن بێنه‌وه‌ ریزی ئاده‌میزادو وه‌کو مرۆیه‌کی ئاسایی بتوانن ژیان به‌ رێ بکه‌ن….
تازه‌ ئێوه‌ دۆزه‌ختێکتان لۆ خۆتان خوڵقاندووه‌، هه‌زار خۆزگه‌تان به‌ دۆزه‌خه‌که‌ی ئه‌و دیو که‌ ئێوه‌ باوه‌ڕتان پێ هه‌یه‌ نه‌ک من وخه‌ڵکه‌ نه‌داره‌که ….
ئێوه‌ له‌ خانه‌ی هاولاتی بوون داشۆراون، چونکه دڵتان به‌ ئازار و خه‌می هیچ که‌سیک ناسوتێ،وه‌کو نه‌ باتان دیبێت ونه‌ باران…..
ئه‌مڕۆکه‌ تا زووه‌ حکومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ سنوورێک بۆ ئه‌و بازرگانه‌ چلێسانه‌ دابنێت، تا جڵه‌وی له‌ ده‌ست ماوه، چونکه‌ که‌ زۆر هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌، خۆشتان ده‌زانن ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێک له ته‌نکی بپسێت زۆرداری له‌ ئه‌ستووری ئه‌پسێت…..

 

شوان عوسمان-‌هۆڵه‌نده‌
15-8-2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.