Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
مێژووی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی، …..! ……ئامانج پیرۆت

مێژووی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی، …..! ……ئامانج پیرۆت

Closed
by August 20, 2010 گشتی

مێژووی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی،
مێژووی دوژمنایه‌تی چینه‌ چه‌وساوه‌کانه‌ له‌ بڕگه‌ بۆگه‌نه‌کانی دوو سیسته‌مدا!  

  ئامانج پیرۆت

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر چاوپێکه‌وتنێکی قانعی فه‌رد( قوتابی دوکتۆرا له‌ بواری مێژودا) له‌ گۆڤاری لڤیندا، به‌ باسکردنی( بیره‌وه‌ری) و( ڕاپۆرت) ی چه‌ند کاربه‌ده‌ستێکی ناو ده‌زگا ده‌وڵه‌تی و جاسوسی یه‌ کانی ئێران و به‌ریتانیا و ئه‌مریکا، مه‌سه‌له‌ی خیانه‌ت و عه‌ماله‌تی له‌ مێژووی سیاسی و سه‌ربازی مسته‌فا بارزانیدا وروژاند. ئه‌مه‌ش بوو به‌ هۆی ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و خوتبه‌ی مه‌لاکان و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی چه‌ندین قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و سیاسه‌تمه‌داری بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی عێراق و ئێران و سه‌ره‌نجام قسه‌وباس له‌سه‌ر که‌سایه‌تی و مێژووی سیاسی و بارزانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و پارتی و کوردایه‌تی و پیرۆزیه‌کانی کورد و چه‌مکی مێژوو و میدیای ئازاد، به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی کوردستانی عێراق و ئێرانی به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کرد. هه‌ر ئه‌م ڕاده‌یه‌ له‌ بایه‌خ پێدان منیشی ناچار کرد قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌م.
قسه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌ چه‌مکی مێژوو
به‌وپێیه‌ی که‌ ته‌وه‌ره‌ی مه‌سه‌له‌که‌( مێژوو) ه‌و لق و پۆپه‌کانیشی باسکردن و به‌رگری کردنه‌ له‌ که‌سایه‌تی کاراکته‌رێکی کاریگه‌ر له‌ مێژوودا، ئه‌وا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت یه‌کێک له‌ بنه‌ما گرنگه‌کانی ئه‌م قسه‌وباسانه‌، بریتی یه‌ له‌ تێگه‌یشتنێکی دیاریکراو سه‌باره‌ت به‌ چه‌مکی مێژوو و له‌وێشه‌وه‌ پابه‌ندبوون به‌ سه‌نگ و پێوانه‌یه‌کی دیاریکراو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌وری کاراکته‌ره‌کان له‌و مێژوه‌دا و حه‌تمه‌ن ئه‌م قسه‌وباسه‌ش ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌و هه‌ل و هه‌وڵانه‌ی که‌ له‌ ئاکامدا تێگه‌یشتنێکی دیاریکراو سه‌باره‌ت به‌ چه‌مکی مێژوو جێبکه‌وێت.
هه‌ربۆیه‌ پرسیارێکی گرنگ له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ ده‌بێت،  که‌ ئایا قانعی فه‌رد ده‌یه‌وێت به‌ چ تێگه‌یشتنیکه‌وه‌ له‌ مێژوو، مێژوو بنوسێته‌وه‌؟
ساده‌ترین پێناسه‌ بۆ تێگه‌یشتنی قانعی فه‌رد سه‌باره‌ت به‌ مێژوو، ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاراکته‌ر و ده‌زگا و ده‌وڵه‌ته‌کان له‌ کۆمه‌ڵگا داده‌بڕێت و به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کات و زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ململانێ چینایه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا، هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش وای له‌و کردوه‌، له‌ نوسینه‌وه‌ی مێژودا، په‌نا بۆ بیره‌وه‌ری و راپۆرتی سیاسه‌تمه‌دار و کاربه‌ده‌سته‌کانی حزب و ده‌زگا و ده‌وڵه‌ته‌کان ببات و به‌هێچ شێوه‌یه‌ک سه‌رنجی نه‌چێته‌ سه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ و کاریگه‌ری ده‌ور و کارکردی ئه‌و کاراکته‌رانه‌ له‌ په‌یوه‌ندی و ته‌رازووی هێز و مه‌وقعیه‌ت و به‌شی چینه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگادا.
ئه‌وه‌نده‌ی تایبه‌ت بێت به‌ مێژووی سیاسی و سه‌ربازی مسته‌فا بارزانی، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ چه‌ند نازانستی و ناڕاسته‌ ئه‌وه‌نده‌ش دوژمنکارانه‌یه‌ له‌ دژی ئه‌و چین و توێژه‌ چه‌وساوانه‌ی که‌ له‌ مێژووه‌که‌دا بونه‌ته‌ قوربانی هه‌ڵسوڕانی سیاسی و سه‌ربازی بارزانی. به‌مه‌ قانعی فه‌رد یه‌کێک ده‌بێت له‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ نوسینه‌وه‌ی مێژوودا به‌ زه‌ره‌ری ئه‌و چینانه‌ به‌شداری مێژوو بکه‌ن.
نازانستی یه‌ چونکه ‌هه‌بوونی چین و توێژی جیاواز و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز و دژ به‌یه‌ک      ( ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و بازرگان له‌لایه‌ک و جوتیار و وه‌رزێر و شوان و خزمه‌تکار و کرێکار له‌لایه‌کی تره‌وه‌) له‌ سه‌رده‌می هه‌ڵسوڕانی بارزانیدا، سیمایه‌کی دیار و ئاشکرای کۆمه‌ڵگای کوردستان بوه‌ و نکولی کردن لێی، وه‌ک خۆ بێبه‌شکردن وایه‌ له‌ توانای بینین و لێکدانه‌وه‌، که‌ ته‌نیا کاتێک ئینسان په‌نای بۆ ده‌بات، که‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی گه‌وره‌تری له‌ به‌کارهێنانی چاو و عه‌قڵ هه‌بێت! هه‌ر ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌شه‌ قانعی فه‌ردی وا لێکردوه‌، له‌ کوردستاندا بارزانی و تاڵه‌بانی و … کێ و کێ ببینێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌ له‌ به‌رهه‌مێناندا ئه‌و جوتیار و وه‌رزێر و خزمه‌تکارانه‌ ده‌بینێت که‌ بۆ ئاغا و شێخ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان کاریان ده‌کرد و نه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا شیعر و چیرۆک و نوکته‌ و به‌سه‌رهاتی دڕندایه‌تی چینه‌ داراکان و کاربه‌ده‌ستانی داموده‌زگاکان و چه‌وسانه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تی چین و توێژه‌ نه‌داره‌کان و ژنان و لاوان و مناڵان ده‌بینێت و نه‌ له‌ سیاسه‌تیشدا بره‌وی بیروباوه‌ڕی یه‌کسانیخوازی و پێشکه‌وتنخوازی ده‌بینێت. هه‌روه‌ها ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌و کاته‌دا مانای ( ئه‌زبه‌نی) یه‌که‌ی پێشمه‌رگه‌ و موریده‌کانی( به‌ تاڵه‌بانیشه‌وه‌!) که‌ به‌ بارزانی یان ده‌وت نازانێت! هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و به‌ ڕێگایه‌کدا ده‌ڕوات که‌ موعانات و ئاوات و ئامانجی چینه‌ نه‌داره‌کان ناناسێت و ئه‌وه‌ی لا گرنگ نی یه‌ که‌ له‌ خۆی بپرسێت: باشه‌ له‌م هه‌موو به‌ندوبه‌سته‌ ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه و له‌م هه‌موو ده‌ور بینینانه‌ی بارزانیدا، موعاناتی ئه‌م چین و توێژانه‌ و مه‌وقعیه‌ت و ئاوات و ئامانجه‌کانیان چی یان به‌سه‌ر ده‌هات؟ ئایا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، که‌ جوتیاره‌کان خوازیاری ئه‌وه‌ بوون ببنه‌ خاوه‌نی زه‌وی خۆیان و چیتر بێگاری و وه‌رزێری بۆ ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان نه‌که‌ن، له‌ به‌هێز بوونی کوردایه‌تی و پارتی و بارزانیدا، چی یان به‌ نسیب بوو؟ ئه‌و ئه‌م به‌ڵگانه‌ی بۆ ناسین و نوسینه‌وه‌ی مێژووی سیاسی و سه‌ربازی بارزانی هێنده‌ی قسه‌ی کۆنه‌ ساواکێک و ڕاپۆرتی جاسوسێکی ده‌زگا هه‌واڵگری یه‌کان بۆ گرنگ نیه‌.
تێبینی یه‌کی تر له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی قانعی فه‌رد له‌گه‌ڵ مێژووی سیاسی و سه‌ربازی مسته‌فا بارزانیدا ئه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌یه‌وێت سیفه‌ته‌کانی( خیانه‌ت و عه‌ماله‌ت) به‌سه‌ر که‌سایه‌تی سیاسی و سه‌ربازی بارزانیدا زاڵ بکات و ئه‌و به‌شه‌ له‌ سیفه‌تی( دوژمنایه‌تی چینایه‌تی و تاوانی چینایه‌تی) پێ دابپۆشێت. لێره‌شدا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، کێ سوود له‌م جۆره‌ نوسینه‌وه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت؟
ده‌توانین له‌ چه‌ند لایه‌که‌وه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ بچین و له‌ ڕێگای چه‌ند پرسیار و وه‌ڵامێکی تره‌وه‌ بیخه‌ینه‌ ڕوو:
ئایا له‌ هه‌ڵسوڕان و پێشمه‌رگایه‌تی بارزانیدا( هه‌ر له‌ ژه‌نراڵ بونیه‌وه‌ له‌ کۆماری مه‌هاباددا تا ده‌گاته‌ سه‌رکردایه‌تی کردنی ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه له‌ کوردستانی عێراقدا‌) جوتیاره‌کانی کوردستان بوون به‌ خاوه‌نی زه‌وی خۆیان؟ ئایا ژنانی کوردستان له‌ ژێر سوکایه‌تیه‌ دینی و کولتوری و فه‌رهه‌نگیه‌کان ڕزگاریان بوو؟ ئایا بیروباوه‌ڕه‌ ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی و ئینسانی یه‌کان هیچ ئاستێک له‌ ڕه‌سمیه‌تیان وه‌رگرت؟ ئایا په‌یوه‌ندی یه‌ ئینسانیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و باقی شوێنه‌کان هه‌نگاوێک له‌وه‌ی که‌ هه‌بوو چوه‌ پێشه‌وه‌ یان بوو به‌ ژێر پێی شۆڤێنیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستی یه‌وه‌؟ له‌مانه‌ش زیاتر، ئایا له‌و خه‌بات و کوردایه‌تیه‌ی بارزانیدا چینه‌ داراکانی نه‌ته‌وه‌کانی تر له‌ ده‌سڵات که‌وتن؟
ئه‌ی ئایا له‌ سه‌رجه‌م خیانه‌ت و عه‌ماله‌ته‌کانی بارزانیدا، چینه‌ داراکان هیچ زیانێکیان به‌رکه‌وت؟ ئایا ده‌وری مه‌لا و شێخ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی پیاوسالاری و کۆنه‌په‌رستی یان ده‌پاراست و دژایه‌تی مافه‌ ئینسانی یه‌کانی جوتیاران و ژنان و لاوانیان ده‌کرد، هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا هات؟
بێگومان نه‌خێر!
ئایا هه‌ندێک له‌ جوتیاران له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردایه‌تیدا نه‌بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاغا کانیش نه‌ده‌بونه‌ سه‌رلق و سه‌رپه‌ل؟
ئایا هه‌ر ئه‌و چه‌تری ڕزگاربونه‌ی که‌ کوردایه‌تی و شۆڕشی ئه‌یلوله‌که‌ی بارزانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و تاڵه‌بانی، که‌ بۆ پاشماوه‌کانی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و مه‌وقعیه‌تی ئاغا و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان هه‌ڵیان دا و له‌ بێزاری و تووڕه‌یی جوتیاران و توێژه‌ پێشکه‌وتنخوازه‌کان ڕزگاریان کردن، نه‌بوو به‌ بنه‌مای ئه‌وه‌ی که‌ دواتر هه‌ر ئه‌و سه‌رلق و سه‌رپه‌ل و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ئاغا و ده‌ره‌به‌گانه‌، ببن به‌ به‌شێک له‌ هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ڕژێمه‌ شۆڤێنی یه‌کانی عێراق؟
ئایا ئه‌م دابڕینه‌ی چینه‌ نه‌داره‌کان و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی کوردستان، به‌ هۆی کوردایه‌تی و ڕۆڵی سه‌رکردانه‌ی بارزانی یه‌وه، نه‌بوو به‌ مایه‌ی لاوازکردن و ده‌سته‌مۆ کردنی چینه‌ نه‌داره‌کانی باقی شوێنه‌کانی تری عێراقیش بۆ چینه‌ داراکان و ژه‌نراڵه‌ شۆڤێنی یه‌کان؟
گومان له‌وه‌دا نی یه‌ که‌ وه‌ڵامی ئه‌مانه‌ش به‌ڵێ یه‌!‌
که‌واته‌ ئه‌گه‌ر قانعی فه‌رد ده‌یه‌وێت به‌ قازانجی چینه‌ داراکان و بیروباوه‌ڕیان مێژووی کوردایه‌تی و یه‌کێک له‌ ڕه‌مز و کاراکته‌ره‌کانی بنوسێته‌وه‌، ئه‌وا بۆ چینه‌ نه‌دار و چه‌وساوه‌کان و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی ئێستا( که‌ له‌ سایه‌ی سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی بارزانی و سه‌رمایه‌ی ماددی بنه‌ماڵه‌که‌ی و کۆمپانیاکه‌ی و چینه‌ داراکان و سه‌رمایه‌داراندا ده‌چه‌وسێنه‌وه‌) یه‌که‌مین پێداویستی نوسینه‌وه‌ی مێژووی سیاسی و سه‌ربازی بارزانی، ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای ئه‌و کاته‌ و شێوازی به‌رهه‌مهێنان و چۆنێتی چین و توێژه‌کان و مه‌یدانه‌ ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی یه‌کانی ململانێیان و ئاوات و ئامانجه‌کانیان و ته‌رازووی هێزیان له‌به‌رچاو بگیرێت و به‌دوای ئه‌و پرسیاره‌دا بگه‌ڕێت که‌ ده‌وری ئه‌م بزوتنه‌وه‌ و حزب و سه‌رکرده‌یه‌ له‌سه‌ر به‌ش و مه‌وقعیه‌تی چینه‌ نه‌داره‌کان و ژنان و لاوان و مناڵان چۆن بوه‌ و چۆن که‌وتوه‌ته‌وه‌؟
زه‌مینه‌ ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی یه‌کانی هه‌ڵکه‌وتنی بارزانی
بارزانی و پارتی له‌ سه‌رده‌مێکدا بوون به‌ پاڵه‌وانی مه‌یدانی سیاسی و سه‌ربازی، که پاشماوه ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کولتوری یه‌کانی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی ژیانی لای به‌شه‌ ناڕازیه‌کانی جوتیاران و ئینسانه‌ پێشکه‌وتنخوازه‌کانی ئه‌و کاته‌ تاڵ کردبوو( شیعر و چیرۆک و نوکته‌ و به‌سه‌رهاته‌کانی ئه‌وکاته‌ به‌ ئاسانی ئه‌مه‌ ده‌سه‌لمێنن). له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و کاربه‌ده‌سته‌ مشه‌خۆره‌کان و بازرگانه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و سیاسه‌تمه‌داره‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانیش، به‌ چنگ و ددان دژایه‌تی ئه‌و جوتیار و ئینسانه‌ پێشکه‌وتنخوازانه‌یان ده‌کرد، که‌ له‌ بێگاری و وه‌رزێری بۆ ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان و به‌ر به‌ نیوه‌یی و زوڵم و سته‌می ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان و داموده‌زگا ئیداریه‌کانی ڕژێمی پاشایه‌تی و ده‌سڵاتی کاربه‌ده‌سته‌ شۆڤێنیه‌کانی ناو ئه‌و ڕژێمه و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و نه‌هامه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ و دواکه‌وتوویی و نه‌خوێنه‌واری و عاداته‌ ڕزیوه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی مه‌لا و کۆنه‌په‌رستان و سته‌می هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی داموده‌زگاکانی ڕژێمی پاشایه‌تی وه‌ته‌نگ هاتبوون و خوازیاری ئاڵوگۆڕێک بوون که‌ کۆمه‌ڵگا له‌ ڕووی ژیان و خزمه‌تگوزاری و فه‌رهه‌نگی و زانستی یه‌وه‌ پێشکه‌وتنێک به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و بتوانن له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه‌تر و ئینسانی تر دا بژین، …
ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ژیابێت( وه‌یان پرسیار‌ له‌ که‌سانێک بکات که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیابن)  ئه‌وه‌ بێ هیچ گومانێک ئه‌وه‌ی بیر دێته‌وه‌ وه‌یان ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ مسته‌فا بارزانی و پارتی پاڵه‌وانی به‌رگری کر‌دن بوون له‌ هه‌رچی دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگا و پاشماوه‌کانی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی هه‌بوو( ئاشکراترین به‌ڵگه‌، قسه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی مه‌سعود بارزانی یه‌ له‌ کۆنگره‌ی حه‌وتی یه‌کێتی ئافره‌تاندا، که‌ سه‌رنجی ڕێکخراوێکی ئافره‌تانی ده‌یان ساڵه‌ی حزبه‌که‌ی بۆ ژن به‌ زۆر به‌شودان ڕاده‌کێشا! چونکه‌ خۆی باش ده‌زانێت، که‌ بنه‌ماڵه‌ خه‌باتکاره‌که‌ی ئه‌و و حزبه‌ عیملاقه‌که‌ی کوردایه‌تی، نه‌ک هیچ کاتێک قسه‌و هه‌وڵێکیان بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و عاده‌تانه‌ی سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی نه‌بوه‌، به‌ڵکو ئه‌و زۆر له‌وه‌ش‌ دڵنیایه‌ که‌ چۆن به‌ ناوی پیرۆزی کۆمه‌ڵگاوه‌ به‌رگری له‌و عاده‌تانه‌ کردوه‌)، هه‌رکه‌س بیه‌وێت زۆر به‌ ئاسانی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌وان شۆڕه‌سواری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ ئابووری و سه‌ربازی و سیاسی یه‌کانی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کانی کوردستان بوون، زه‌قترین به‌ڵگه‌ له‌م نێوه‌دا، بریتی بوو له‌ په‌کخستنی ئه‌و به‌رنامه‌‌ ئیسڵاح زه‌راعی یه‌‌ی که‌ عه‌بدولکه‌ریم قاسم بۆ دابه‌شکردنی زه‌وی به‌سه‌ر جوتیاره‌کاندا ڕایگه‌یاندبوو( که‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی و پارتی یه‌وه‌، تا ئێستاش ئاغاکان له‌ زۆر ناوچه‌ی کوردستاندا خاوه‌ن زه‌وین! وه‌ له‌و شوێنانه‌شدا که‌‌ جوتیاره‌کان توانیبێتیان زۆری خۆیان ببنه‌ خاوه‌نی زه‌وی، ئه‌وا هیچ جۆره‌ تاپۆیه‌کیان نی یه‌ و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌هه‌ر کوێش توانیبێتیان پشتیوانی شێخ و ئاغاکانیان کردوه بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی یه‌کان داگیر بکه‌نه‌وه‌ ) له‌ پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌رکه‌س بیه‌وێت ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ بارزانی و پارتی چۆن به‌و په‌ڕی دڕندایه‌تیه‌وه‌ به‌شداری یان کرد له‌ هه‌ڵپڕوکاندنی چرۆی بیروباوه‌ڕی ئینسانی و هاوچاره‌نوسی که‌ له‌نێوان چین و توێژه‌ زه‌حمه‌تکێش و پێشکه‌وتوخوازه‌کانی عێراقدا   ( به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه‌) گیرسابوو. ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ بارزانی و پارتی چۆن وه‌ک (قل)ێکی تری (چه‌سپی دوقولو) ی بیری شۆڤێنی بوون، به‌ ته‌واوکه‌ری به‌عس له‌ کوردستاندا و چاوی خه‌ڵکیان پێ به‌ست و سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیه‌ ئینسانیه‌‌کانی نێوان خه‌ڵکی عێراقیان کرد به‌ ژێر پێی دوژمنایه‌تی قه‌ومی یه‌وه‌ و شان به‌ شانی یه‌کتر چینه‌ چه‌وساوه‌ و هاوچاره‌نوس و پێشکه‌وتوخوازه‌کانی عێراقیان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کاندا دابه‌شکرد و له‌وێوه‌ ده‌سته‌مۆی ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ژه‌نراڵ و شۆڤێنی یه‌ دڕنده‌کانیان کردنه‌وه‌. به‌و جۆره‌ بارزانی و پارتی له‌ ئاخروئۆخری سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا مه‌دالیای دژی پێشکه‌وتوخوازی( به نسبه‌ت ئه‌و کاته‌وه‌) و پارێزگاری کردن له‌ سیسته‌مێکی بۆگه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ داراکان و بیروباوه‌ڕه‌ دواکه‌وتوو و دژی ئینسانی و شۆڤێنی یه‌کان و دژایه‌تی کردنی چینه‌ چه‌وساوه‌کان و بیروباوه‌ڕه‌ ئینسانی یه‌کانیان پێبڕا. ئێستاش مه‌سه‌له‌که‌ زۆر ڕوونه‌: ئه‌گه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ سه‌راسه‌ری جیهاندا گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕی بۆگه‌ن بوونی خۆیی و هیچ چرکه‌یه‌ک تێناپه‌ڕیت که‌ پارێزه‌ره‌ جۆراوجۆره‌کانی هێرش نه‌که‌نه‌ سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی به‌شه‌ریه‌ت و چینه‌ چه‌وساوه‌ و پێشکه‌وتوخوازه‌کان و بیروباوه‌ڕه‌ ئینسانی و یه‌کسانیخوازیه‌کان، ئه‌وا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی هه‌مان ڕۆڵی پاراستنی ئه‌و سیسته‌مه‌ بۆگه‌نه‌ و دژایه‌تی کردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چینه‌ چه‌وساوه‌کان ده‌بینن و تا ئه‌م ساته‌ به‌ دڕندایه‌تیه‌کی چه‌ندان قاتی پێشتره‌وه‌‌، خۆیان شایانی مه‌دالیای پاراستنی ئه‌م بڕگه‌ بۆگه‌نه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری کردوه‌. بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی له‌م بڕگه‌یه‌دا: بڕی ئه‌و سه‌رمایه مادد‌ی یه‌ی که‌ به‌ پشتیوانی سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی بیروباوه‌ڕی کوردایه‌تی تاڵانیان کردوه‌، خۆی له‌ چه‌ندین ملیار دۆلار ده‌دات، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئاواره‌یان کردوون، زیاتر له‌ ده‌یان هه‌زار که‌س ده‌بێت، به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ شه‌ڕی ناوخۆ و31 ی ئابیان تۆمار کردوه‌، که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌زاران که‌س کوژران و بێسه‌روشوێن کران و زیندانی کران و ئاواره‌ بوون، چه‌ندین هه‌ڵسوڕاوی سیاسی و ڕۆژنامه‌نوسیان کوشتوه‌، له‌م بڕگه‌یه‌دا دزی و تاڵانی و به‌رنامه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی بوه‌ته‌ مایه‌ی (کرێنشین کردن) ی سه‌دان هه‌زار که‌س و زه‌مینه‌ خۆشکردن بۆ سه‌دان هه‌زاری تر بۆ خۆیان و سه‌رمایه‌داره‌کانی ناوچه‌که‌، له‌م بڕگه‌یه‌دا هه‌ناسه‌دان و ئاوخواردنه‌وه‌ و قسه‌کردن و خه‌سته‌خانه‌ و هه‌رچی پیداویستی ژیان هه‌یه‌ بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی قازانج کردن، …
هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا، دوژمنایه‌تی کردنی چینه‌ چه‌وساوه‌کان و توێژه‌ پێشکه‌وتنخوازه‌کان و بیروباوه‌ڕه‌ ئینسانی یه‌کان، سه‌رتاپای مێژووی سه‌ربازی و سیاسی مسته‌فا بارزانی یان داگیرکردوه‌ و‌ تاوانه‌کانی ئه‌و بۆ فریودان و ده‌سته‌مۆ کردن و سه‌رکوت کردنیان له‌ بیره‌وه‌ری و ژیان و چاره‌نوسی سه‌دان هه‌زار که‌سدا هه‌ڵکه‌نراون و ئاسه‌واره‌ ئابوری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی یه‌کانی به‌ مێژووی کوردستانه‌وه‌ دیاره‌ و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و کۆمپانیاکه‌ی( پارتی) له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و تاوانانه‌، بونه‌ته‌ خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌کی ماددی چه‌ندین ملیار دۆلاری و ده‌سڵاتێکی حساب بۆ کراوی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و داسه‌پێنه‌ر و پاسه‌وانی دۆزه‌خێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه‌ چه‌وساوه‌کان و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی کوردستان( هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌توانێت مانا و هۆکاری کوردایه‌تی و خیانه‌ت کردنه‌کانیشی ڕوون بکاته‌وه‌ و مانای ڕاسته‌قینه‌ی بارزانی و بیر و باوه‌ڕ و ئامانجه‌کانی وه‌ک خزمه‌تکارێکی به‌ ئه‌مه‌کی چینه‌ داراکان و دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی چینه‌ چه‌وساوه‌کان نیشان بدات و ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنێت).
به‌ کورتیه‌که‌ی، که‌س نکولی له‌وه‌ نی یه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی پاڵه‌وانن، به‌ڵام ئه‌وان پاڵه‌وانی پاراستنی بڕگه‌ بۆگه‌نه‌کانی سیسته‌مه‌ دژی ئینسانی و چه‌وسێنه‌ره‌کانن. ئه‌گه‌ر به‌شێک له‌ مێژووی سیاسی بارزانی بریتی بێت له‌ (خیانه‌ت کردن) له‌ هاوڕێ و هاوڕێبازه‌کانی، ئه‌وا هه‌موو هونه‌ر و مێژوو و سه‌رچاوه‌ی ده‌سکه‌وتی بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌که‌ی و بزوتنه‌وه‌که‌ی، بریتی یه‌ له‌ (دوژمنایه‌تی و تاوان) له‌ دژی چینه‌ چه‌وساوه‌ و توێژه‌ ئازادیخوازه‌کان.
ورده‌کاری قسه‌کانی قانعی فه‌رد چۆن ده‌که‌وێته‌وه‌؟
ئێستا که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌وڵم دا، مانا چینایه‌تی یه‌کانی چه‌مکی مێژوو و چۆنێتی نوسینه‌وه‌ی ڕوون بکه‌مه‌وه‌، جێی خۆشیه‌تی که‌ کاریگه‌ری ورده‌کاری قسه‌کانی قانعی فه‌رد(سه‌باره‌ت به‌ مێژووی بارزانی) له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستان لێکبده‌مه‌وه‌.
هه‌ر له‌و ڕاستی یه‌وه‌، که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تی یه‌ و چۆن له‌ مێژوو دا به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیان هه‌بوه‌ و هه‌یه‌، ئاواش کاریگه‌ری مه‌سه‌له‌ و بابه‌ته‌ جێبایه‌خه‌کان، ده‌که‌ونه‌ سه‌نگه‌ری ململانێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌. لێدانی که‌سێتی بارزانیش، ناتوانێت له‌م حوکمه‌ بترازێت. به‌ڵام ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌و چین و توێژانه‌ و مه‌یدانه‌کانی ململانێیان دیاری بکه‌ین و دواتر به‌پێی گرنگی و کاریگه‌ری ئه‌و لێدانه‌ له‌ سه‌ر به‌ش و مه‌وقعیه‌ت و ده‌سڵاتی هه‌ریه‌که‌یان چۆنێتی که‌وتنه‌وه‌که‌ی لێکبده‌ینه‌وه‌. بۆ دیاریکردنی ئه‌و چێن و توێژانه‌ش زانستی ترین و ئاسانترین ڕێگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بنه‌مای ئابوری و به‌رهه‌مهێنانی کوردستان له‌به‌رچاو بگرین:
سیمای سه‌ره‌کی به‌رهه‌مهێنانی کوردستان بریتی یه‌ له‌ که‌ڵه‌که‌کردنی خێرای سه‌رمایه‌ و خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه‌
هه‌رکه‌س به‌راوردێکی ساده‌ی نێوان سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داره‌کانی کوردستان( که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌ سه‌ره‌ گه‌وره‌کانین) له‌ ئێستادا و بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بکات و له‌و قڵشته‌ چینایه‌تی یه‌ ورد بێته‌وه‌ که‌ له‌ نێوان چینه‌ داراکان و سه‌رمایه‌داران له‌لایه‌که‌وه‌ و کرێکاران و کارمه‌ندان و خه‌ڵکانی زه‌حمه‌تکێش له‌لایه‌کی تره‌وه‌ بکات، ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا هه‌رچی سامانی کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌شه‌دا دابه‌شکراوه‌ و له‌و به‌شکردنه‌دا چینێکی ملیاردێر و ملیۆنێر و چینێکی هه‌ژار دروست بوه‌. له‌و دابه‌شکردنه‌دا که‌سانێک هه‌ن شارێک دروست ده‌که‌ن و سه‌دان هه‌زاریش هه‌ن کرێنشینن! له‌و دابه‌شکردنه‌دا که‌سانێک هه‌ن مانگانه‌ی خێزانێک ده‌ده‌ن به‌ یه‌ک ژه‌می خواردن و خواردنه‌وه‌! له‌و دابه‌شکردنه‌دا…
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م دابه‌شکردنه‌ هه‌روا له‌خۆوه‌ و به‌ ئاسانی ڕووی نه‌دا، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین، به‌ره‌نجامی گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌وی یه‌ی کوردایه‌تی و حزبه‌کانی و بارزانی بوو وه‌ک یه‌کێک له‌ ڕه‌مزه‌کانی! ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین به‌ره‌نجامی فریوخواردن و ترساندن و سه‌رکوتی چینه‌ نه‌داره‌کان بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌ویه‌ چینایه‌تیه‌کانی خۆیان وه‌لا بنێن و ئه‌و چه‌که‌ بانکیانه‌ی کوردایه‌تی هه‌ڵبگرنه‌وه‌، که‌ ته‌نیا له‌ بانکه‌کانی سیسته‌می چینایه‌تی ده‌گۆڕێته‌وه‌ و ته‌نیا بۆ چینه‌ داراکان ده‌بێت به‌ سه‌رمایه‌ی ماددی! ئه‌گینا هه‌ر که‌سێکی سه‌ر به‌ چینه‌ نه‌دار و به‌شخوراوه‌کان هه‌ڵگری بێت، ئه‌وه‌ بێ هیچ ئه‌ملا و لایه‌ک ( عه‌ربونه‌: به‌یع) ی سه‌رده‌مێکی تری چه‌وسانه‌وه‌ی خۆیی داوه‌ و کاتێک ده‌یه‌وێت بیگۆڕیته‌وه‌، له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتر هیچی تری به‌ نسیب نابێت!
به‌ڵام نه‌وه‌کانی بارزانی و چینێکی دارا که‌ بیروباوه‌ڕی کوردایه‌تی و پارتی به‌رگری له‌ هه‌بونیان یان ده‌که‌ن، ئێستا له‌پاڵ سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌ویه‌که‌یاندا خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌کی ماددین( که‌ پێویستی به‌ وه‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌)، بۆ نه‌گبه‌تی پیرۆزیه‌کانی کوردایه‌تی و پارتی و بنه‌ماڵه‌، یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ جه‌وهه‌ریه‌کانی ئه‌م سه‌رمایه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو پیرۆزی یه‌ کۆنه‌کان ده‌کاته‌ ژێر پێی خۆیه‌وه‌ و به‌پێێ ماهیه‌تی خۆی دایده‌ڕێژێت و هه‌موو وه‌حی و ئیلهام و پێوه‌ره‌کانی ته‌نیا له‌(قازانج) ه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر تا دوێنێ بارزانی و کوردایه‌تی ڕه‌مزی ڕاگرتن و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی بوون و هه‌ل و جوگرافیایه‌کی دیاریکراو نه‌بوو، تا بگۆڕرێته‌وه‌ به‌ سه‌رمایه‌یه‌کی ماددی، ئه‌وا له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ سه‌ری گرت و یه‌که‌مین ده‌رگای ئه‌و هێرشه‌ له‌ ده‌روازه‌که‌ی(ئیبراهیم خه‌لیل)ه‌وه‌ خرایه‌ سه‌رپشت. دواتریش ئه‌وه‌نده‌ی که‌ ئه‌و سه‌رمایانه‌ خراونه‌ته‌ گه‌ڕ ئه‌وه‌نده‌ هێرشی خۆی بۆ سه‌ر پیرۆزی یه‌ کۆنه‌کان زیاد کردوه‌. به‌ڕاده‌یه‌ک ئێستا ئه‌م به‌شه‌ له‌ سه‌رمایه‌ نوێنه‌ری سیاسی و ئیعلامی خۆی( له‌ حزبی گۆڕان و میدیای ئه‌هلی)دا هه‌یه‌ و وه‌ک گڕکانێک له‌ ژێره‌وه‌ له‌ بچوکترین کونه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌ سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌ویه‌ کۆنه‌کاندا( که‌ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌یان بۆ پاراستنی سیسته‌می چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ داراکان و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌ ته‌واو بوه‌ و ئه‌و ئه‌رکه‌ سپێردراوه‌ته‌ به‌شێکی تری سه‌رمایه‌، که‌ سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌) هه‌ڵده‌شاخێت و ته‌نیا یه‌ک مه‌رجیان له‌به‌رامبه‌ردا داده‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی پیرۆزیه‌کانی ئه‌ودا مانایان هه‌بێت!
به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی هێشتا نایانه‌وێت ته‌سلیمی ئه‌م گڕکانه‌ بن و خوازیاری ئه‌وه‌ن ماوه‌یه‌کی تر سوود له‌و سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌ویه‌ بۆ که‌ڵه‌کردنی سه‌رمایه‌ و مونافه‌سه‌کردن له‌ وه‌به‌رهێناندا وه‌ربگرن. ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ مایه‌ی ئه‌و پێکداهه‌ڵگژان و هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌نانه‌ت کوشت و بڕه‌ی که‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ و پارتی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ته‌نیا خستنه‌ڕووی بنه‌مای ململانێی به‌شه‌کانی سه‌رمایه‌ بوو له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا، به‌ڵام خۆ ئه‌م ململانێیه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تیدا ڕوده‌دات، که‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی له‌ موڵکایه‌تی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا دابڕاوه‌ و کراونه‌ته‌ فرۆشیاری هێزی کار و باجێکی قورسی ئه‌و که‌ڵه‌که‌بونه‌ی سه‌رمایه‌یان داوه‌. ئێستاش هیچ ساتێک تێناپه‌ڕێت، که‌ باجی وه‌به‌رهێنانه‌که‌ی نه‌ده‌ن. که‌واته‌ ده‌بێت ئه‌م ململانێیه‌ چۆن له‌سه‌ر ئه‌و چین و توێژه‌ به‌شخوراوانه‌ و ململانێ بنه‌ڕه‌تی یه‌کانیان له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌ زاڵه‌کان و ده‌سڵاتدا بکه‌وێته‌وه‌؟‌
هه‌روه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێکرد، چینه‌ نه‌دار و چه‌وساوه‌کان و ژنان و لاوانی کوردستان ته‌جروبه‌یه‌کی تاڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی یان له‌گه‌ڵ زاڵبونی پیرۆزیه‌کانی کوردایه‌تیدا هه‌یه‌ و تیایدا ئه‌وه‌نده‌ تاوان و دوژمنایه‌تی ئه‌م بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌یان بینیوه‌، که‌ بیستنی هه‌ر ڕاده‌یه‌ک له‌ ڕسوابونیان وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ له‌م هاوینه‌ گه‌رمه‌دا، شه‌ماڵێکی فێنک ڕوویان تێبکات. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی قانعی فه‌رد سه‌باره‌ت به‌ خیانه‌تی بارزانی ده‌یگێڕێته‌وه‌، سه‌دی خێره‌ و هه‌زاری به‌ره‌که‌ت بۆ بارزانی و بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌که‌ی، چونکه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ له‌ واقعدا ژماره‌یه‌کن له‌و چه‌که‌ بانکیانه‌ی که‌ کاتی خۆی بارزانی سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی خۆی پێ زیاد کردوه‌ و چونه‌ته‌ سه‌ر کۆنتۆکه‌ی و زیانی که‌شف کردنه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی زیانی جێگیربوونی به‌ڵگه‌ زه‌قه‌کانی ئێستا نی یه‌. له‌مه‌ش زیاتر ئه‌و سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌وی یه‌ی بارزانی و کۆمپانیاکه‌ی حاڵی حازر بووه‌ به‌ سه‌رمایه‌یه‌کی ماددی چه‌ندین ملیار دۆلاری و ده‌سڵات و هێزێکی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و ئه‌و(حي علئ الصلاة) ی قانعی فه‌رد ئه‌وه‌نده‌ زیانی بۆ ( په‌زه‌کان) ی ئێستا نابێت!*
هه‌روه‌ها ئێستا که‌ زیادبوونی بارستایی سه‌رمایه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ و چینه‌ داراکانی کوردستان و داسه‌پاندنی ژیانی (هه‌ژاری ملیۆنی و بێکاری و کرێنشینی و قه‌رزاری و موحتاج بوونی سه‌دان هه‌زاری له‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ نانی خێری ده‌وڵه‌مه‌ندان،…) به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیک بوه‌ته‌ مایه‌ی زیادبوونی بارستایی( ڕسوایی) ئه‌م بنه‌ماڵه‌ و ڕه‌مز و پیرۆزی و بیروباوه‌ڕه‌کانیان. گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌م ڕسوایی یه‌ به‌ ڕسوایی یه‌کی تر( که‌ زیانه‌کانی بۆ سه‌رمایه‌ ماددی یه‌که‌یان، که‌ ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی تری باڵا ده‌ستی یانه‌ له‌چاو سه‌رمایه‌ مه‌عنه‌ویه‌که‌ی جاراندا) زۆر له‌وه‌ باشتره‌ که‌ ڕسوایی (تاوان و دوژمنایه‌تی چینایه‌تی زه‌قتر بێته‌وه‌ و به‌رفراوانتر بێت).ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که‌ ئه‌م ڕسوابوونه‌ ناوخۆیی یه‌ و له‌م حاڵه‌تی هه‌بوونی قڵشته‌ چینایه‌تیه‌دا، لانی که‌م ئه‌و به‌شه‌ له‌ خه‌ڵکی کوردستان( سه‌رمایه‌دار و سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و سیاسه‌تمه‌دار و کاربه‌ده‌سته‌ گه‌وره‌کان و لۆمپنه‌کانی یه‌کێتی مه‌لاکان و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌کانی ده‌ربار و ….) که‌ ژیان و مه‌وقعیه‌تیان له‌گه‌ڵ مێژوو و مه‌وقێه‌تی ئه‌م بنه‌ماڵه‌ و کۆمپانیاکه‌یاندا گرێی خواردوه‌، کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆ ناکاته‌ سه‌ر مه‌وقعیه‌تی بنه‌ماڵه‌ و پارتی له‌ ئاستی ناوچه‌که‌ و جیهاندا و بگره‌ به‌ قازانجی ئه‌م مه‌وقعیه‌ته‌شی ده‌بێت. وه‌یان ئه‌گه‌ر زیانێکیشی بۆ بنه‌ماڵه‌ و پارتی هه‌بێت، ئه‌وا هیچ زیانێکی بۆ سیسته‌می چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ داراکان و سه‌رمایه‌داران نابێت.
به‌واته‌یه‌کی تر ئه‌وه ته‌نیا ناساندنی بارزانی و پارتی و بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی یه‌ وه‌ک دوژمنانێکی چینایه‌تی چین و توێژه‌ نه‌دار و چه‌وساوه‌کانه‌ که‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی قازانجی ئه‌م چین و توێژانه‌.  

  20.08.2010
amang70@hotmail.de

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.