Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
وریای كه‌ركوك بن ……   عارف قوربانی

وریای كه‌ركوك بن …… عارف قوربانی

Closed
by August 20, 2010 گشتی

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ كه‌ركوك ڕووده‌دات، ئاماژه‌یه‌كی‌ ترسناكه‌، به‌ڵام له‌و ڕووداوانه‌ مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك لێی‌ حاڵی‌ نه‌بووین.
دۆخی‌ كه‌ركوك ڕۆژ له‌ دوای‌ ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێ‌، ململانێ‌ و نه‌یاریه‌كانی‌ به‌غدا بۆ كه‌ركوك له‌ په‌ره‌سه‌ندندان، له‌ ئاستی‌ ناوخۆی‌ شاره‌كه‌شدا ناكۆكییه‌كان تا دێت قووڵتر ده‌بنه‌وه‌، پاشقول لێكگرتن و پیلان له‌یه‌ك گێڕان گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی‌ ترسناك.!
ڕۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، بۆ ئاو بۆ كاره‌با. خه‌ریكه‌ ئاراسته‌ی‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ده‌گۆڕێت بۆ كاری‌ توندوتیژی‌. شه‌قام و كۆڵانه‌كان ده‌گرن، تایه‌ ده‌سووتێنن، به‌رد ده‌گرنه‌ سه‌یاره‌ و بنكه‌ و باره‌گاكان.
كار وابڕوات كه‌ ئاراسته‌ی‌ ڕووداوه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن خراپتریش ده‌بێت، مل ده‌نێته‌ ڕووداوی‌ دڵته‌زێن و كاره‌ساتی‌ واوه‌ كه‌ دواتر هێوركردنه‌وه‌یان پێویستی‌ به‌ باج و قوربانی‌ زۆر هه‌یه‌.
ده‌بێ‌ ئه‌و ڕاستییه‌ بڵێن كه‌ له‌به‌ر زۆر هۆكار (ی‌.ن.ك) به‌رپرسه‌ له‌ كه‌ركوك. ساكارترینیان له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌شی‌ زۆری‌ جومگه‌ ئه‌ساسییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ به‌ ده‌ستی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ن، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ش زۆرینه‌یان یه‌كێتین و ده‌نگیان بۆ یه‌كێتیی‌ داوه‌. دوور نییه‌ هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان و ئاڵۆزكردنی‌ ئه‌و دۆخه‌ تا له‌ ده‌ست یه‌كێتیدا بشكێت. یا دوور نییه‌ وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌و شاره‌ ئاقاری‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ ترسناكدا برێت.؟ ده‌بێ‌ یه‌كێتیی‌ خۆی‌ له‌م ڕاستییه‌ تێبگات، ئه‌و ئاماژه‌ و ئیشاره‌تانه‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ جدین، نابێ‌ به‌و جۆره‌ی‌ ئێستا مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكات كه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ ده‌ست نه‌چێت، سیاسه‌تی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ یه‌كێتیی‌ له‌ كه‌ركوك به‌ ئاقاری‌ هاندان و توندكردنی‌ جه‌ماوه‌ر ئاراسته‌ ده‌كرێت. پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌به‌رچاو بگرێت دۆخی‌ كه‌ركوك ئاڵۆزبێت، ڕه‌وشی‌ یه‌كێتیی‌ ئاڵۆز ده‌بێت.!
كه‌می‌ و نه‌بوونی‌ كاره‌با كێشه‌یه‌كه‌ به‌ هاندانی‌ جه‌ماوه‌ر و خۆپیشاندانی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ ڕه‌حیمئاوا و شۆڕیجه‌ چاره‌سه‌ر نابێت، پێویستی‌ به‌ پلان و بیری‌ ورد هه‌یه‌.
ده‌كرێت دوو ڕێگه‌ هه‌ن بگیرێنه‌به‌ر بۆ ڕزگاركردنی‌ كه‌ركوكییه‌كان له‌و دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ به‌هۆی‌ بێكاره‌باییه‌وه‌ دروست بووه‌. ئه‌وانیش:
كه‌ركوك كاره‌بای‌ زۆره‌، به‌ڵام ناڕێكی‌ له‌ دابه‌شكردنیدا هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ گه‌ڕه‌كی‌ عه‌ره‌فه‌ و ئه‌و هه‌زاران خانووه‌ی‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك دروستكراون، به‌رده‌وام 24 سه‌عات كاره‌بایان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نیوه‌ی‌ كاره‌بای‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ بدرێته‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ تری‌ كه‌ركوك، لانی‌ كه‌م ڕۆژانه‌ چه‌ندین سه‌عات كاره‌با زیاد ده‌كات.
یان ئه‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ی‌ ڕۆژانه‌ له‌ شه‌ریكه‌ی‌ نه‌وت به‌كار ده‌برێت، ده‌جار به‌شی‌ هه‌موو ماڵه‌كانی‌ كه‌ركوك ده‌كات. ده‌یانجار به‌هۆی‌ كاری‌ تیرۆریستییه‌وه‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌ و ده‌رهێنان و هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك ڕاگیراوه‌ و دونیاش كاول نه‌بوو، با ئێستاش بۆ مانگێ‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك ڕاگرن و كاره‌باكه‌ی‌ بده‌نه‌وه‌ به‌ كه‌ركوك. تا له‌م گه‌رمای‌ هاوین و مانگی‌ ڕه‌مه‌زانه‌ تێده‌په‌ڕین.
هه‌روه‌ك هه‌قه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ بڕێك كاره‌با بدرێته‌ كه‌ركوك، كه‌ باوه‌ڕم وایه‌ خه‌ڵكی‌ دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی‌ به‌وه‌ ڕازی‌ ده‌بن ڕۆژی‌ سه‌عاتێ‌ له‌ كاره‌بایان كه‌م بێته‌وه‌ له‌ پێناو ئه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ چه‌ند سه‌عاتێ‌ كاره‌با بدرێته‌ كه‌ركوك.
ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م گرفته‌ی‌ كه‌ركوك نه‌كرێت، ئه‌وه‌ كاره‌با ده‌بێته‌ هۆی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌یه‌كی‌ قووڵتر له‌و شاره‌ و زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م و كۆتایی‌ هه‌ر كورد ده‌بێت. 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.