
ئێواره‌یه‌ك خۆم هه‌ڵده‌واسم!!…. نوری بێخاڵی
هه‌تـا تـۆم ئاشنا بـووی ئاشنا بووم
ئه‌مێستا موو به موو ئه‌غیاره بێ تۆ
– نالی –
ئێواران خۆر له چاوم هه‌ڵدێ
له روخسارم ئێواره قه‌ت ئاوا نابێ و
له زاكیره‌مدا زه‌رده‌په‌ڕ، هه‌میشه میوانێكی رۆح سووك
تامه‌زرۆیی ئێواران ده‌مكوژێ
ئه‌ی یار
*****
هه‌موو ده‌مه و ئێوارانێك
گوێچكه‌م له‌سه‌ر ده‌نگی ترپه‌ی پێی هاتنی تۆ میقاته
چاوم روو به‌ره‌و زه‌رده‌په‌ڕ
خه‌یاڵم بۆ هاتنی تۆ تا ئه‌وپه‌ڕی سوار
دڵه‌خورپه‌ی چاوه‌ڕوانیت له ناخمدا
سه‌دای حه‌سره‌تێكی هه‌میشه‌ییه
ئه‌ی یار
*****
ئه‌و ئێواره‌یه
ژنه قه‌ره‌جێك ناو له‌پی خوێندمه‌وه و
پڕی كردم له مه‌راقی مانه‌وه
پڕی كردمه‌وه له ئومێدی تۆ هاتن و
تۆش هه‌ر نه‌هاتی!
ئیتر تێگه‌یشتم
كه ده‌بێ هه‌ر به په‌تی ئێواره‌وه خۆم هه‌ڵواسم و
له زاكیرهتدا مه‌رگێكی وه‌نه‌وشه‌یی جێ بهێڵم
ئه‌ی یار
*****
تازه ئیدی من و ئێواره ره‌نگی یه‌كترمان گرتووه
چه‌نده‌ی خۆر له‌ودا ئاوا ده‌بێ
هێنده زیاتر
زه‌رده‌ی ئاوابوونی چاوه‌ڕوانی له روخسارمدا ده‌مێنێ
له‌و به‌رزاییه‌ی ئێوارانی ئاوابووندا
چاوه‌ڕوانی ده‌چێته رۆحی قاپی هه‌ناسه سواری شهڕابیش و
وه‌ك ئاسكی سرك
رادهپسكێ و خۆی نادات به ده‌ممه‌وه و
ده‌یه‌وێ به‌یه‌كه‌وه بین به لێویه‌وه بنێین
ئای كه چاوه‌ڕوانییه‌كی جوانه ئێواره
ئه‌ی یار!
*****
له ئێواره‌ی چاوه‌ڕانیدا
كه پڕم له ته‌نیایی تۆ
لێوڕێژ تر ده‌بم له هیوا
پڕتر ده‌بم له مانه‌وه
قه‌ره‌باڵغتر ده‌بم له هاوده‌م!
ده‌زانی بۆ؟
ئه‌و ساتانه كه ده‌بینم
رستێ وشه‌ی ره‌نگاڵه‌یی
سه‌به‌ته‌یه‌ك خه‌یاڵی جوان
ئامێزێك شیعری هه‌نگوینی
له‌م به‌رزایی ئێواره‌ی چاوه‌ڕوانیمدا
به‌یه‌كه‌وه سه‌رده‌نێنه سه‌ر ته‌نیاییم
به‌یه‌كه‌وه وێستگه‌ی ته‌نیاییم پڕ ده‌كه‌ن
بێتاقه‌ت نابم له‌وێدا و
نه زینده‌خه‌و ده‌مباته‌وه و
نه ئۆقره‌ی دانیشتن ده‌مكوژێ
ئه‌ی یار
*****
من كوڕی نێو ئینجانه‌كانی ئه‌و ئێوارانه‌م
چرۆی ماچ له لێویدا شكۆفه‌ی ده‌كرد
تۆش ده‌می ئه‌و پهپوولهیهیت
بێ ماندووبوون لهززهتهكانیان ده‌دزیت
من كوڕی ئاگردانهكانی ئه‌و ئێوارانه‌م
كه پڕ بووم له چرای ئومێد
تۆش بای ئه‌و شهوانهییت
روناكیان له خۆتدا قووت ده‌ده‌یت
من كوڕی نێو ته‌سبیحی ئه‌و ئێوارانه‌م
عاریفانه خۆم به ته‌نافی خهڵوهتهكانی عیشقه‌وه هه‌ڵواسیووه و
تۆش ده‌ستی ئه‌و ژنه ئیماندارهیت
ده‌نك ده‌نك نزای تۆبه‌كاری پێ ده‌ژمێری!
ئه‌ی یار
*****
لێم مه‌گره
كه هه‌تا دێ به‌رده‌وام منداڵ ده‌بمه‌وه
ئیدی تازه
به نهێنی ته‌ڕێتی لێوت ئاشنام
ده‌ستم له زنجیری پرچت به جێماوه و
هیلاكیم له نسێی سنگت جێ هێشتووه
تازه ئیدی ناچمه‌وه نێو قاوغی شه‌رم
*****
كه ئێواره باڵ به‌سه‌ر ته‌نیاییمدا ده‌كێشێ
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌وێ
ئه‌وێی جوانی
ئه‌وێی به‌رامه‌ی هه‌ناسه!
سواری پشتی خه‌یاڵ ده‌بم
سه‌فه‌ر به ده‌ڤه‌ری یادهرهوهیدا ده‌كه‌م
سوێی تامی مزری ماچی
ئه‌و ئێواره‌یه‌م كه پڕی كردووم له مه‌راق
ده‌ستم له گرتنی دارێك راهاتووه
كه دایكم له‌سه‌ری به نه‌فره‌ت كرا!
ئه‌ی یار