Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
ئیلهامی شیعر له‌ نێوان شێخ ڕه‌زا و شكسپیردا

ئیلهامی شیعر له‌ نێوان شێخ ڕه‌زا و شكسپیردا

Closed
by August 22, 2010 ئەدەب

 هه‌ر یه‌كه‌ له‌ شێخ ڕه‌زا و شكپیر، دوو ناوی ناودارن. دڵنیام زۆربه‌ی خوینه‌رانی كوردمان شیعره‌كانی شێخ ڕه‌زا و شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیریان خوێندۆته‌وه‌. پێش ئه‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر سه‌رباسه‌كه‌مان، حه‌زده‌كه‌م زۆر به‌ كورتی باسی هه‌ر یه‌كه‌ له‌م  دوو ناوداره‌تان بۆ بكه‌م.  شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی«١٨٣١ــ١٩١٠»له‌ دێی ” قرخ ” ی سه‌ر به‌ چه‌مچه‌ماڵی دابڕاو له‌ كه‌ركوك، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاینی خواپه‌رست و ئه‌ده‌بدۆست له‌ دایك بووه‌. هه‌ر به‌ منداڵی ماڵیان هاتۆته‌ كه‌ركوك و له‌ گه‌ڕه‌كی به‌رته‌كێ خانوویان كردووه‌. شێخ ڕه‌زای شێخی شعیرانی كوردمان، كه‌ڵه‌شاعیر و شاسوار له‌ شیعری هه‌جوكرندا «توانج و جنێودان» زۆر بلیمه‌ت و به‌توانابووه‌. تا ئه‌مڕۆش هیچ شاعیرێكی كوردمان له‌م  بواره‌ شیعرییه‌دا    نه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ پایه‌ی شێخ ڕه‌زا. هه‌موو ئه‌و شاعیره‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركانه‌ش كه‌ شه‌ڕه‌شیعریان له‌گه‌ڵدا كردووه‌ ،هه‌ر زوو به‌زیون و ده‌ره‌قه‌تی نه‌هاتوون ، ته‌نها شاعیری كوردمان «شوكری فه‌زڵی»ی سلێمانی نه‌بێت، كه‌ وه‌ڵامی هه‌جوه‌كانی شێخ ڕه‌زای داوه‌ته‌وه‌. شێخ ڕه‌زا پیاوێكی ڕووخۆش و گاڵته‌چی و نوكته‌باز بوو، دیوه‌خانه‌كه‌ی هه‌رده‌م پڕبووه‌ له‌ شیعردۆست و هه‌وادارانی به‌زم و قسه‌ی خۆش. شێخ ڕه‌زا به‌ چوار زمان شیعری وتووه‌ «كوردی ـ توركی ـ عه‌ره‌بی ـ فارسی». به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ شیعره‌كانی له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆمار نه‌كرابوون تیاچوون..شێخ ڕه‌زا هه‌ر شیعری هه‌جوكردنی نه‌نووسیوه‌، به‌ڵكو گه‌لێ شیعری ستایش و كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی و ئه‌وینداری وسیاسیشی داناوه‌. شێخ ڕه‌زا هه‌ر كه‌سێكی به‌ دڵ نه‌بووبێ، له‌ سوڵتان و پاشاكانی عوسمانی و گه‌وره‌ فه‌رمانبه‌ران و، تا ده‌گاته‌ شێخ غه‌فووری مامی و شێخ عه‌لی ی برا گه‌وره‌شی  به‌بێ ترس هه‌جوكردووه‌..زمانی وه‌كو خه‌نجه‌رێكی تیژ به‌كار هێناوه‌.هه‌ر وه‌كو له‌م دێڕه‌ شیعره‌یدا كه‌ به‌ مسته‌فا به‌گی باجه‌ڵان ده‌ڵێت: ” تۆ هه‌ته‌ تیغی ده‌بان و من هه‌مه‌ تیغی زوبان ــــ فه‌رقی ئه‌م دوو تیغه هه‌ر وه‌ك ئاسمان و ڕێسمان “.ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ شێخ ڕه‌زا هه‌جوی كردوون لێی زویر نه‌بوونه‌، ته‌نانه‌ت شوكری فه‌زڵی كه‌ پشكی شێری له‌ هه‌جو و جنێوه‌كانی شێخ ڕه‌زا  به‌ركه‌وتووه‌.. كه‌ شێخ ڕه‌زا مرد، شوكری فه‌زڵی زۆر بۆی گریا و وتی ” كاشكی بمایه‌ و سه‌د هێنده‌ی تر جنێوی پێمبدایه‌ “.شێخ ڕه‌زا له‌« ٢١ی/١/١٩١٠»دا له به‌ به‌غدا كۆچی دوایی كرد و  له‌ گوڕستانی عه‌بدولقادری گه‌یلانی به‌ خاك سپێرا.
 شكپیر« ١٥٦٤ ــ ١٦١٦» له‌ شاروچكه‌ی «ستراتفۆرد» له‌ ئینگلته‌را له‌ دایك بووه‌.دوایی چۆته‌ له‌نده‌ن . شكسپیر به‌ یه‌كێك له‌ كه‌ڵه‌نووسه‌ران و گه‌وره‌ترین شانۆگه‌رینووسی جیهانی ده‌ناسرێ. تا ئه‌مڕۆش به‌شێكی زۆری شانۆگه‌رییه‌كانی، له‌سه‌ر شانۆی گه‌لێ له‌ وڵاتانی  جیهاندا پێشكه‌ش ده‌كرێن..شكسپیر به‌ هۆی شانۆگه‌رییه‌كانییه‌وه‌‌ زۆر ده‌وڵمه‌ند بوو. خۆشی وه‌كو ئه‌كته‌رێكی سه‌ركه‌وتوو، له‌ به‌شێكی شانۆگه‌رییه‌كانیدا، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی بینیوه‌. شكسپیر شانۆگه‌رییه‌كانی به‌شیعری بێسه‌روا  نووسیوه‌. بێجگه‌ له‌ شانۆگه‌ری.له‌و جۆره‌ شیعره‌شی نووسیوه‌ كه‌ له‌ چوارده‌ دێر پێكهاتوون و به‌ «سوناتاته‌ » ناوده‌برێت. شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیر هه‌موو جوره‌ بابه‌تێكیان له‌خۆگرتووه‌ :«كۆمیدی ـ تراژیدی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی ـ ئه‌وینداری ـ سه‌ركێشیی ئه‌ندێشه‌یی ـ مێژوویی…هه‌تد».زۆبه‌ی ‌ كاره‌كانی شكسپیر شانۆگه‌رییه‌كانی بوون. نزیكه‌ی چل شانۆگه‌ریی ن به‌ شیعری بێسه‌روا  نووسیوه‌. له‌وانه‌ : « ڕۆمیۆ و جولێت ـ هاملێت ـ بازرگانی ڤینیسیا ـ زریان ـ شه‌وی دوانزه‌هه‌مین ـ ژنه‌ ڕووخۆشه‌كانی وندسۆـ خه‌ونی شه‌وێكی هاوین ـ ئوته‌یل ـ چه‌قچه‌قه‌ی بێهاڕین ـ خۆشه‌ویستی  ڕه‌نجخه‌سارییه‌ ـ ئه‌نتۆنیۆ و كلیۆپاترا ـ ڕاهێنانی ده‌ڵه‌پڵنگ ـ چیرۆكی زستان ـ ماكبێس ـ مه‌لیك لیرـ یۆلیۆس كه‌یسه‌ر ـ ….هه‌تد» 
بابێینه‌ سه‌ر بابه‌تی  سه‌رباسه‌كه‌مان، كه‌ بوونی ئیلهامه‌ له‌ لای شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی كورد و شكسپیری ئینگلیزیدا.شێخ ڕه‌زا شاعیرێكی بلیمه‌ت و ئیلهام به‌ده‌ر بوو..هیچ كاتێك بۆ دانانی شیعر دانه‌ماوه‌.به‌ تایبه‌تیش شیعره‌ تاكدێڕه‌كانی یه‌كسه‌ر بۆی هاتوون..شێخ ڕه‌زا ئیلهامی شیعری به‌و جۆره‌ بووه‌، كه‌ ده‌ڵێت : ” ئه‌گه‌ر شیعرم بۆ بهاتایه‌ و له‌سه‌ر ده‌م بخه‌وتمایه‌ ده‌یخنكاندم.».ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ شێخ ڕه‌زا خاوه‌نی ئیلهامێكی سروشتی بووه‌ و گیرینه‌خواردووه‌..به‌ڵام شكسپیر به‌ پێچه‌وانه‌ی شێخ ڕه‌زاوه‌، ده‌ڵێت:” تا لاپه‌ڕه‌یه‌كم نووسی هه‌زار په‌ڕه‌م دڕی “.شكسپیر هه‌ندێك له‌شانۆگه‌رییه‌كانی دوو ساڵی بردووه‌ تا ته‌واوی كردوون ،چه‌ند جارێك بیرۆكه‌كانی گۆڕیون و ده‌ستكاری ده‌قه‌كانی كردوون.      شیعره‌كانی شێخ ڕه‌زا، زاده‌ی بیر و هۆشی خۆین و ڕیچكه‌هه‌ڵگری هیچ شاعیرێكی پێش خۆی نه‌بووه‌، به‌ڵكو خۆی داهێنه‌ری شیعری هه‌جوی كوردییه‌..به‌ڵام بیرۆكه‌ی زۆربه‌ی شانۆگه‌ییه‌كانی شكسپیر زاده‌ی بیر و خه‌یاڵی خۆی نین، له‌ به‌ری ڕه‌نجی شاعیرانی تره‌وه‌ وه‌ریگرتوون..وه‌كو له‌ شیعره‌كانی شاعیری ئینگلیزی«تشۆسه‌ر» و له شاعیری كۆنی یۆنانی«هۆمیرۆس» و له‌ چیرۆكه‌كانی چیرۆكخوانی ئیتالی «بۆكاتشیۆ»وه‌  وه‌ریگرتوون. پاڵه‌وانی هه‌ندێك‌ له‌ شانۆگه‌رییه‌كانیشی كه‌سانێكی ڕاستین وه‌كو« یۆلیۆس كه‌یسه‌رـ ڕیتشاردی سێیه‌م…هه‌تد» هه‌ندێكیش له‌ شانۆگه‌رییه‌كانی ،له‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ دوو یا سێ چیرۆكه‌وه‌  كه‌ تێكڵی كردوون و دایڕشتوون و شانۆگه‌رییه‌كی لێپێكهێناون.‌         له‌ڕاستیدا خوێنه‌ر و بینه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی مرۆڤ، به‌وه‌ هه‌ڵناسه‌نگێنن  كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ندا ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌و شاعیره‌ یا شانۆگه‌رینووسه‌ یا ڕۆمانووسه‌، نووسینه‌كانیان به‌ ڕۆژێ یا به‌ ساڵێك نووسیوه‌،خوێنه‌ر و بینه‌ر بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌ستیان دایه ده‌ده‌ن‌..كه‌ سه‌یری درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنی یا فلیمێكی سینه‌مایی ده‌كه‌ین،بیر له‌ ماوه‌ی پرۆڤه‌كردن و به‌رهه‌م هێنانی ناكه‌ینه‌وه‌..هه‌ر بۆ نموونه‌ش تابلۆی«مۆنالیزا»كه‌ جوانترین شاكاری هونه‌ریی شێوه‌كاری جیهانی«لیۆناردۆداڤینشی»یه‌ و به‌ چوار ساڵ ته‌وا كردووه،‌  ئه‌گه‌ر به‌ چوار ڕۆژ یا چوار كاتژمێریش ته‌واوی بكردایه‌، هه‌ر هه‌مان هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێ، به‌ڵام كات كاتێك گرنگه‌ كه‌ دوو كه‌س یا زیاتر هه‌مان كار ئه‌نجامبده‌ن،بۆ نموونه‌ له‌ كێبڕكێیه‌كی ڕاكردنی سه‌د مه‌تریدا،هه‌ر هه‌موویان ده‌گه‌نه‌ هێڵی كۆتایی به‌ڵام كێیان زووتر بگات ئه‌وه‌یان ده‌یباته‌وه‌. كه‌چی ئه‌گه‌ر له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی قوتابیاندا كه‌ ماوه‌ی دیاریكراو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ سێ كاتژمێربێت،ئه‌گه‌ر قوتابیه‌ك له‌ ماوه‌ی دوو كاتژمێردا، وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بداته‌وه‌ ، هه‌ر هه‌مان وه‌ڵام قوتابییه‌كی تر به‌ سێ كاتژمێر وه‌ڵام بداته‌وه‌.هه‌ر هه‌ردووكیان هه‌مان نمره‌ وه‌رده‌گرن.یا ئه‌گه‌ر من خانوویه‌ك دروست بكه‌م به‌و جۆره‌ی دیاریم كردووه‌ و ماوه‌یه‌كی دیاریكراوم بۆ دانابێ ، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ڵه‌نده‌ره‌كه‌م زۆتر یا دره‌نگتر له‌و ماوه‌یه‌ و به‌و شێوه‌ دیاریكراوه‌م  ته‌واوی بكات،  كات لێره‌دا گرنگه. مه‌به‌ستی من  له‌م به‌راوردكردنه‌ی نێوان شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی و شكپیردا، ته‌نها له‌ ڕووی ئیلهامی شیعره‌وه‌یه.

 

ره‌زا شوان / نه‌ریج

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.