سێنترالیزمی نێرایه‌تی
سێنترالیزمی نێرایه‌تی
له‌نێوان كه‌لتور و حه‌قیقه‌تی بایۆلۆژی
عه‌بدلموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
له كتێبی “ژن، پیاو، ئاكاری سێكسی له لانكه‌ی شارستانیه‌ته‌كاندا” نووسینی “ویل دورانت” وهرگێری كوردی “دلشاد خۆشناو” له پێشهكیهكی كورتدا بیروڕایه‌ك له رسته‌یه‌ك ده‌ئاخنێ و ده‌ڵێت: ژن و پیاو ئه‌و دوو نیوه ناتهواوهن كه به یه‌كگه‌یشتن و ئاوێته بوون، یه‌ك مرۆڤی كامڵ پێكده‌هێنن. بێگومان تێگه‌یشتن له‌و رسته‌یه و مانا چه‌پێنراو و په‌نهانه‌كانی هه‌ر ته‌نها قوڕسایی خۆی ناخاته سه‌ر دوو بوونه‌وه‌ری ناته‌واو، به‌ڵكو له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو درێژ ده‌بێته‌وه. من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م پرسی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌دواداچوونه له دووتوێی پرسێكی سه‌ره‌كی دیكه‌وه كه “پیار بۆردیۆ” له كتێبی “هه‌ژموونی نێرایه‌تی” ده‌یخاته روو، ورد بكه‌مه‌وه. پرسیاری “بۆردیۆ” له‌باره‌ی مێژووی پیاو و مێژووی ئافره‌ت له بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییدا خۆی روون ده‌كاته‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه هه‌وڵی شۆڕشێكی مه‌عریفی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی نێوان ئه‌و دوو ره‌گه‌زه به شێوه‌یه‌كی دیكه به‌رجه‌سته بكاته‌وه و چاوێكی دیكه بۆ سه‌یركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان بخاته روو. وه‌ك چۆن پرسیار له‌و میكانیزمه مێژووییه‌ش ده‌كات، كه له به‌رانبه‌ر هه‌تا ههتابوونی دابه‌شكردنی ژن و پیاو كار ده‌كات. به‌و مانایه پرسی بۆردیۆ خستنه‌روو و به‌دواداچوونی ئه‌و بیركردنه‌وه ترانسندنتالهیه كه گوته‌زا فیكرییه جیاوازه‌كانی له‌خۆدا ون كردووه. لێره‌دا پرسی بۆردیۆ وه‌ك “دۆركایم” ده‌ڵێ گه‌ڕانه به‌دوای شێوهگهلهكانی پۆلینكردن، ئه‌و شێوه‌گه‌له‌ی كه دنیای نێر و دنیای مێ ده‌كێشێ. به‌ڵام شێوه تێڕوانینی وه‌ڕگێری كوردی پشت به بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئایینی (له‌سه‌ر پرنسیبی لێكبوردن) ده‌به‌ستێ. من له‌و نووسینه‌دا به‌هاوكاری “پۆل ریكۆر” هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و پرسه له‌لایه‌ك له‌رێگه‌ی ناوكی ئه‌فسانه و دواتر مێژوو و له‌لایه‌كی دیكه له‌رێگه‌ی رووه بایۆلۆژییهكهیهوه بخوێنمه‌وه.
بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی/بونیادی مه‌عریفی
“ویل دورانت” له كتێبی ناوبراودا ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه له دوای قۆناغی دایكسالاری، ده‌ركه‌وتنی قۆناغی باوكسالاری گورزێكی تووند بوو له ده‌سه‌ڵاتی ئافره‌ت درا، دواتریش كه خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت هاته ناو ره‌وتی ژیانه‌وه، ئیتر ئه‌و گۆڕانكارییه هه‌ر ته‌نها ته‌ماشای ئافره‌تی وه‌ك كه‌لوپه‌ل بۆ خۆشی وه‌رگرتن، نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو خاوهندارییهكه گه‌یشته ماوه‌ی پێش هاوسه‌رگیری و په‌رده‌ی كچێنیشی گرته‌وه، بۆیه نرخی كچ له نرخی ژن زێتر بوو. دواتریش ئه‌وه ده‌دركێنێ كه له‌نێوان زۆربه‌ی هۆزه‌كان بارودۆخی ئافره‌ت جیاوازییه‌كی وای له‌گه‌ڵ كۆیله‌دا نه‌بووه. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌و تێڕوانینه بۆ ئافره‌ت (به‌تایبه‌تی له دوای قۆناغی دایكسالاری) به ئه‌فسانه‌كانه‌وه به‌ند بكه‌م، به‌و مانایه‌ی كه مانه‌وه‌ی ئه‌فسانه و دووباره ته‌ئویلكردنی وه‌ك “پۆل ریكۆر” بۆی ده‌چێ شێوه‌یه‌كی تازه به عه‌قڵ ده‌به‌خشێ. كه‌واته به‌پێی بیروڕای ریكۆر كۆمه‌ڵگه‌كان به گوێره‌ی ئه‌فسانه‌كان جێگیربوونه و ئه‌فسانه‌كانیش مێژووی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌و مانایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌م بونیادیین و هه‌م مێژوویی، ئیتر په‌ره‌سه‌ندنیان هه‌م دایكرۆنییه و هه‌م سایكرۆنی، به‌مجۆره له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌تدا دابه‌شكردنی وه‌زیفه‌كان ره‌هه‌ندێكی مێژوویی دیاریكراوی خۆیان هه‌یه.
لێره‌وه هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر به موڵكبوونی ئافره‌ت ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی “ویل دورانت” قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كتێبی “هه‌ژموونگه‌رایی نێرایه‌تی”ی “بۆردیۆ” ده‌كه‌م كه زۆر به جوانی قسه له به كهلوپهلكردنی ئافره‌ت له لایه‌ن پیاوه‌وه ده‌كات بۆ خۆشی وه‌رگرتن، دواتریش هه‌وڵده‌ده‌م وه‌ك مێژووی رۆشنبیریی كۆمه‌ڵگه، قسه له ئاكار بكه‌م! به‌ڵام ئایا ده‌بێ له كۆمه‌ڵگه‌ی باوكسالاری ئاكار به چ شێوه‌یه‌ك پێوانه بكرێ؟ كامه‌یه ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی باوكسالاری به خێر و كامڵبوونی خۆی ده‌زانێ؟
وه‌ك ده‌ركه‌وتووه مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵگری بنه‌مایه‌كی دیار و شاراوه‌ی نێر سالارییه، ئه‌وه‌ش به پشت به‌ستن به ویل دورانت كه ده‌ڵێ: سوود وه‌رگرتن له وشه‌ی “پیاوان” بۆ دیاریكردنی ته‌واوی جۆری به‌شه‌ر بریتییه له ده‌مارگرژی سه‌رده‌می باوكسالاری. له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه ده‌مه‌وێ مانا شاراوه‌كانی رسته‌ی وه‌رگێڕی كوردی بخوێنمه‌وه و رهوتگهرایی و ئاڕاسته‌كانی هه‌ڵوه‌شێنمه‌وه. هه‌ر له‌وێشه‌وه به خوێنه‌ران بڵێم مه‌به‌ستی ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره هاوشان ده‌كات و ده‌یانكات به مرۆڤێكی كامڵ جگه له سێكس كردن و به‌كارهێنانی ئافره‌ت وه‌ك كه‌لوپه‌لێك بۆ خۆشی وه‌رگرتن شتێكی دیكه نییه. نیازی ئه‌و تێڕوانینه‌ی ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره وه‌ك یه‌ك ده‌بینێ ته‌نها له به‌خاوه‌نبوونی ئافره‌ت و به‌كارهێنان و ئاڕاستهكردنیدا وه‌ستاوه. به‌و مانایه‌ش ئه‌و رسته‌یه‌ی وهرگێری كوردی ئه‌گه‌ر وه‌ك رسته‌یه‌كی بێ كرده بكه‌وێته میانی چه‌مكی لێكبوردنهوه، ئه‌وه لێكبوردنی پیاو له ئافره‌ت نه‌ك هه‌ر ته‌نها هاوسه‌نگی درووست ناكات، به‌ڵكو له هێزه‌وه خۆی ده‌نووسێته‌وه. كه‌واته له پشت ئه‌و رسته‌یه ماناكانی هه‌ژموونی نێرایه‌تی به شێوه‌یه‌كی ره‌مزی خۆی ده‌نوێنێ.
تووندوتیژی ره‌مزی تووندوتیژییه‌كی نه‌رم و به‌زۆریش شاراوه و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌یه، له په‌یوه‌ندیگه‌لی به‌رهه‌مهێناندا چ وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی بایۆلۆژی بۆ نموونه: لاقه‌كردن، یان كۆمه‌ڵایه‌تی (ماڵ، كێڵگه، قوتابخانه، كارگه) ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ژموونی نێرایه‌تی شێوه‌یه‌كی به‌رزی شێوه‌گه‌لی تووندوتیژییه. تێگه‌یشتن له‌و شێوه په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان نێر و مێ، ده‌كرێ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ته‌ماشای بكه‌ین، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و رۆشنبیر، خاوه كار و كرێكار… به‌ڵام تووندوتیژی ره‌مزی به‌پێی گوزارشتی بۆردیۆ هه‌تا به نسبه‌ت قوربانییه‌كانیش نه‌رم و هه‌ستپێنه‌كراو و نه‌بینراوه.
بۆردیۆ هه‌ژموونی نێرایه‌تی به پێدراوێكی ئهنسۆپۆلۆژی داده‌نێ ئه‌ویش له رێگه‌ی بونیادی نه‌ستی كه “كلۆد لیڤی ستراوس” له نێو ئه‌ده‌بیاتدا قسه‌ی لێكردووه و ده‌ڵێ: كۆمه‌ڵگه دێرینه‌كان هه‌ژموونی پیاوی وه‌ك تهبهنیكردن هه‌ڵبژاردووه. لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی نێرایه‌تی له ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ركه‌وته و شوێنكه‌وته‌ی جیا جیا و به‌فره‌وانی هه‌یه، بۆیه ناشێ قسه له پرنسیبی هاوشان بوون و هاوتا بوونی ئه‌و دوو ره‌گه‌زه له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی و ملكهچبووندا بكه‌ین. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌و باره‌شه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌كان ورد بینه‌وه ده‌بینین ئه‌و هه‌ژموونه وه‌ك دیارده‌یه‌كی سرووشتی ریشه‌ی خۆی له جیاوازی نێر و مێدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه و له‌سه‌ر ئاستی گه‌ردوونی پرۆسیسه ده‌كرێ. له راستیدا ئه‌و هه‌ژموونه وه‌ك ده‌رئه‌نجامی بونیادی مێژوویی له كۆی ره‌گه‌زه هاوشێوهكانهوه به‌رجه‌سته‌یه و هه‌ر به‌مجۆره بیر له هه‌ژموونی گوته‌زا فیكرییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه و به بناغه‌ی جیاوازییه فسیۆلۆژییهكانهوه به‌ندی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش بۆخۆی به جۆرێك له پولینكردنی گه‌ردوونی دێته ژماردن: جوله‌كردن و به‌رز كردنه‌وه.. یان دابه‌شكردنی شته‌كان و چالاكییه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌پێی به‌ره‌نگاری نێوان نێر و مێ ده‌ركه‌وتنه‌كانیان ده‌بینرێ وه‌ك (له‌سه‌ر/له‌ژێر، له‌پێش/له‌پاش، وشك/ته‌ڕ، ره‌ق/شل… یان بازاڕ بۆ پیاو و ماڵ بۆ ئافره‌ت، ئافره‌ت له “چاو” زاڵه، پیاو له “زیهن”… له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانین بڵێین ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر واقیعی سێكسی خۆی بونیاد ده‌نێت، له رێگه‌ی پرنسیب و بۆچوون و دیدی سێكسی كۆی به‌رنامه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جوله ده‌كه‌ن، یان به مانا “بۆردیۆ”ییه‌كه‌ی ته‌واوی گه‌ردوون به سێكسكراوه. ئه‌و به سێككردنه به پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر خودی جه‌سته وه‌ك واقیعێكی بایۆلۆژی و له‌سه‌ر مێژووگهرێتی وه‌ك بنه‌مایه‌كی رۆشنبیریی خۆی ده‌نوێنێ. كه‌واته كۆی به‌رنامه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ژیان پشت به بنه‌مای بایۆلۆژی و رۆشنبیریی و مێژوویی ده‌به‌ستێ، دواجار ده‌شێ كۆی ئه‌و پشت پێبهستنه له ناوكی ئه‌فسانه جیهانیه‌كان بدۆزینه‌وه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌و دابه‌شكردن و پۆلینكردنه په‌یوه‌ندی به توێكاری جه‌سته‌وه هه‌بێ، ئه‌وه وه‌ك حه‌قیقه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له دابه‌شكردنی كاردا خۆی ده‌نوێنێ. واته ئه‌و نه‌خشه‌سازییه مه‌عریفییه‌ی نێوان پیاو و ژن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ره‌گه‌زی بۆ كار و توێكاری جه‌سته وه‌ك بنه‌مایه‌كی بایۆلۆژی ئیش ده‌كات، نه‌ك له‌سه‌ر هاوشان بوون و هاوتا بوون. به‌و مانایه‌ش نه‌خشه‌یه‌كی مێژوویی و مه‌عریفی نییه ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره ناته‌واوه، كامل و ته‌واو بكات. به قه‌د ئه‌وه‌ی مێژووییه‌كی دوور و درێژ هه‌یه هه‌ژموونی نێرایه‌تی و به‌كارهێنانی مێیینه، له‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌ییدا درێژ ده‌كاته‌وه.
به‌مجۆره پیاوه‌تی به رواڵه‌ته ئیتیكیهكهی خۆی وه‌ك ماهیه‌تی هێز و په‌یوه‌ست به شه‌ره‌ف و به‌رزێتی… نیشان ده‌دات، ئه‌وه‌ش وه‌ك ناوهڕۆك له پیاوه‌تی جه‌سته‌یی ده‌لاله‌ته‌كانی هێزی سێكسییدا خۆی ده‌دۆزێته‌وه: كونكردنی په‌رده‌ی كچێنی، پیتاندن، ئاماده‌گی و ره‌پبوونی ئه‌ندامی نێریینه و …. كه‌واته ئه‌گه‌ر ئاماده‌یی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی پیاو و ئه‌و شوێنه‌ی پیاوی لێیه به ئاسایی دابنرێ، لۆژیكیانه بكه‌وێته‌وه، ئه‌وه ملكه‌چبوونی ئافره‌ت و به‌كارهێنانی و ئه‌ندامه‌كانی زاوزێی ئافره‌ت جێگه‌ی ره‌شبینییه، ئه‌و خه‌سڵه‌ته شهیتانیهیه، ئه‌و شوێنگهیهیه كه بیركردنه‌وه تێیدا ده‌كه‌وێته بۆشاییه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شێ وه‌ك كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌ندامی نێرینه ته‌ماشای بكه‌ین.
ئه‌فسانه‌ی نێرینه‌ی هه‌میشه‌یی و مێینه‌ی هه‌میشه‌یی
ژنایه‌تی و پیاوه‌تی، نێر و مێ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به چه‌مكی “ره‌گه‌ز/جه‌نده‌ر-Gender”ه‌وه ده‌لكێن. جه‌نده‌ر چه‌مكێكه له له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز، جیاكاری له‌نێوان پیاو و ژن‌دا ده‌كات. به مانایه‌كی دیكه ده‌شێ جه‌نده‌ر هه‌ڵوێستێكی دیار له‌خۆ بگرێ یان ره‌فتاری كه‌سێك بێ. به‌شێوه‌یه‌كی روونتر جه‌نده‌ر كرده‌گه‌لێكی جیاوازی ره‌گه‌زێكه له‌سه‌ر حیسابی ره‌گه‌زێكی دیكه، به شێوه تهقلیدییهكهش ئه‌و شێوازگیریهیه كه ره‌گه‌زی نێر له ره‌گه‌زی مێ جیا ده‌كاته‌وه. به‌ڵام به هه‌تا هه‌تایی كردنی هه‌ژموونی نێرایه‌تی به‌وه‌ی كه هه‌میشه‌یی و جێگیره، ترسه‌كه‌ی ته‌نها به‌سه‌ر مێینه‌دا نییه، به‌ڵكو ترسه‌كه له‌تووندوتیژی ئه‌فسانه‌ی مێژووییه‌وه‌یه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری جه‌سته‌یی ژن و پیاو بكه‌ین جیاوازییه‌كی به‌رچاویان هه‌یه، ئه‌و جیاوازییه بۆخۆی ده‌بێته به‌هایه‌كی ده‌ستكرد، كاتێ قبولی گفتوگۆ ناكات. كه‌واته ئه‌گه‌ر بونیادی هه‌ژموونی نێرایه‌تی بونیادێكی مێژوویی بێ و به‌شێكی زۆری ئه‌و بونیاده مێژووییه به‌رهه‌می كار بێ، ئه‌وه به‌رهه‌مێكه كه مێژوو به‌رده‌وام به‌رهه‌می هێناوه‌ته‌وه و نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی دیكه له ده‌روه‌ی نێرایه‌تی راڤه‌ی بكاته‌وه.
به‌مجۆره جێگیر بوونی كۆمه‌ڵگه به گوێره‌ی ئه‌فسانه‌كانی نێرسالاری و بایۆلۆژییه‌وه، دوو خه‌سڵه‌ت له‌خۆ ده‌گرێ: خه‌سڵه‌تی ره‌مزی و خه‌سڵه‌تی مێژوویی. یه‌كه‌میان له رێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی بونیادی ئه‌فسانه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ. دووه‌م له‌رێگه‌ی كرده‌ی دووباره راڤهكردنهوهی مێژوو. ئه‌گه‌رچی ئه‌فسانه‌كان مێژووی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌ڵام بونیادی ئه‌فسانه‌ی هه‌میشه نێر و هه‌میشه مێ له كۆی ئه‌فسانه‌كاندا هاوبه‌شییه‌كی ته‌واو لێكنزیكیان هه‌یه، هه‌ر له‌و رووه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌فسانه‌كانی هه‌میشه نێر و هه‌میشه مێ، هه‌م بونیادیین و هه‌م مێژوویی. به‌مجۆره تاكی مێی نێگه‌تیف و تاكی نێری پۆزه‌تیف له رێگه‌ی هه‌لومه‌رجی دیاریكراوی ره‌مزی و مێژووییه‌وه ئه‌زموون ده‌كرێته‌وه. كه‌واته هه‌ژموونی نێرایه‌تی له‌لایه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ره‌مزی له رێگه‌ی ئه‌فسانه‌كانه‌وه رۆڵی خۆی ده‌گێڕێ، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه لێی به‌ئاگا بێ یان بێ ئاگا، له‌لایه‌كی دیكه له‌رێگه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی عه‌قڵی نێرینه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر مێژوو و دووباره راڤه‌كردنی مێژوودا ده‌گرێ و خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه.
به‌ڵام هه‌ندێ له نووسه‌ران بیروڕای دیكه له باره‌ی “ره‌گه‌ز/جه‌نده‌ر-Gender” ده‌خه‌نه روو و جیاكارییه‌ك ده‌خه‌نه نێوان مه‌سه‌له‌ی بایۆلۆژی و رۆشنبیرییه‌وه، به‌بڕوای ئه‌وان چه‌مكی نێر و مێ له رێگه‌ی جه‌سته‌وه وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی بایۆلۆژی دیاری ناكرێ، به‌ڵكو ئه‌وه كه‌لتوره ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلا ده‌كاته‌وه و له‌وێوه نرخ و به‌های نێر و مێ دیاری ده‌كات، واته ده‌یانه‌وێ بڵێن راسته “مێ-Female” مه‌سه‌له‌ی ره‌گه‌زه، به‌ڵام “مێیایه‌تی-Femininty” مه‌سه‌له‌یه‌كی رۆشنبیرییه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌ندێ له ئافره‌تان رووبه‌رووی مه‌سه‌له بایۆلۆژییه‌كان ده‌وه‌ستن، وه‌ك توانایه‌ك كه ئاڕاسته‌كانی مێ دیاری ده‌كات. وه‌ك چۆن هه‌ندێكی دیكه له رۆشنبیران حه‌قیقه‌تی بایۆلۆژی مێ وه‌ك: سكپڕی، شیردان، بێ‌نوێژی… به به‌شێكی جیاوازی ژنانه ده‌ژمێرن و هانی ئافره‌تان ده‌ده‌ن ئه‌و جیاكارییه‌ی خۆیان به هه‌ند هه‌ڵگرن و نه‌یشێوێنن.
ئه‌فسانه/راڤه‌كردن
قسه‌كردن له دووباره راڤه‌كردنی مێژوو، پێویسته قسه‌كردن بێ، له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆی ئه‌و تێزه ته‌قلیدی و دۆگمایه‌ی كه چه‌مكه‌كان و چه‌مكی نێر و مێی له‌سه‌ر بونیاد نراوه. به مانایه‌كی دیكه ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و گوته‌زایه‌ی “ریكۆر” كه ده‌ڵێ “كۆمه‌ڵگه‌كان به گوێره‌ی ئه‌فسانه‌كان جێگیر بوونه” و “كۆمه‌ڵگه‌كان به ئلگا بن یان بێ ئاگا بن، ئه‌فسانه‌كان رۆڵی خۆیانی تێدا ده‌گێڕن” له‌وێوه به‌شێك له كۆنه‌پارێزی ده‌نوێنێ كه ناتوانێ به شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی مۆدێرن و جیاواز درێژه به خۆی بدات، وه‌ك چۆن له عه‌قڵییه‌تێكی چالاك و زیندووه‌وه ده‌توانێ راڤه‌ی سه‌رده‌مییانه بۆ ناوكی ئه‌و ئه‌فسانانه بكات و به ئیقاعی سه‌رده‌م و پرسی سه‌رده‌م بارییان بكات. كه‌واته مانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه “ریكۆر” باسی ده‌كات، پێویستی به دووباره ته‌ئویلكردنه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ی كه دووباره ته‌ئویلكردن ده‌قێكی دیكه‌ی جیاوازه.
ئه‌گه‌ر دووباره ته‌ئویلكردن ده‌قێكی نوێی جیاواز بێ، كه‌واته كرۆكی مانه‌وه‌ی شێوه ته‌قلیدییه‌كه‌ی چه‌مكی نێر له نێو كۆمه‌ڵگه‌كاندا راسته‌وخۆ به‌و عه‌قڵییه‌ته‌وه به‌نده كه هه‌میشه وه‌ك كۆنهپارێزێك خۆی دووباره كۆپی ده‌كاته‌وه، نه‌ك وه‌ك تێڕوانین و ده‌قێكی دیكه‌ی جیاواز، نه‌ك وه‌ك ئیقاعی سه‌رده‌م و پرسی سه‌رده‌م. چونكه عه‌قڵی كۆنه‌خواز ئه‌و توانایه‌ی تێدا نییه كه له‌گه‌ڵ پرسی سه‌رده‌م و ئیقاعی سه‌رده‌م بێته‌وه.
لێره‌دا عه‌قڵییه‌تی نێرسالاری هه‌میشه ره‌گه‌زی مێ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كه‌م ده‌بینێ و پێیوایه ته‌واوبوون و كامڵبوونی مێ هه‌ر ته‌نها له رێگه‌ی ئه‌ویدیكه‌ی نێره‌وه نه‌بێ مه‌یسه‌ر نابێ، ئه‌و فیكره‌یه به‌شێكی زۆری له كۆنه‌خوازی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، بۆیه دێ له رسته‌یه‌كی ره‌مزی و له هێزێك كه پێیوایه توانیویه‌تی هاوسه‌نگی له‌و نێوانه‌دا درووست بكات,,, له ههژموونێكهوه كه خۆی به لێبوردهخواز داده‌نێ، كامڵبوونی مرۆڤ له ئاوێته‌بوونی دوو نیوه ناته‌واو “ژن و پیاو” ده‌بینێته‌وه. ئایا هه‌ر ئه‌و عه‌قڵییه‌ته كۆنه‌خوازه نییه كه جیاوازییه‌كانی ئافره‌ت “بێ‌نوێژی مانگانه، سكپڕی، شیردان…” به هۆی لاوازی ژن داده‌نێ؟!
“مانۆ”ی هیندی ده‌ڵێ: ژنی وه‌فادار ده‌بێ به شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی سه‌روه‌ره‌كه‌ی بكا وه‌ك بڵێی ئه‌و خوایه، هه‌رگیز كارێك نه‌كات كه ئازارێك له‌وه‌وه به مێرده‌كه‌ی بگات، باری كۆمه‌ڵایه‌تی پیاو و هه‌بوون و نه‌بوونی باشی زۆر كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نییه، هاوسه‌نگی ئه‌گه‌ر لاساری له ملكه‌چی مێرده‌كه‌ی بكات له دۆنادۆنی دواتر ده‌بێته چه‌قه‌ڵ. پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و عه‌قڵییه‌ته به‌و هه‌موو مهزنایهتییهی خۆیه‌وه ده‌توانێ به شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز خۆی ته‌رجه‌مه بكاته‌وه… ئایا هه‌ر ئه‌و عه‌قڵییه‌ته نییه له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كان جا چ به ئاگابن یان بێ ئاكا دووباره خۆی به هه‌مان شێوه‌ی كۆن و پێشوو به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه…. دواجار ده‌مه‌وێ بڵێم له‌و نێرسالارییه پڕ شكۆیه‌دا كێ باوه‌ڕ به رسته‌ی وه‌رگێڕ: “ژن و پیاو ئه‌و دوو نیوه ناتهواوهن كه به‌یه‌كگه‌یشتن و ئاوێته‌بوون یه‌ك مرۆڤی كامڵ پێكده‌هێنێ” ده‌كات؟! كه‌واته له كۆی ئه‌و دژ بهیهكبوونه گه‌ردوونی و رۆشنبیرییه دیاریكراوه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان نێر و مێ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه عه‌قڵییه‌تی كۆنه‌خواز و رۆشنبیریی شه‌عبی كۆمه‌ڵگه‌كان وه‌ك پێویست ناتوانن عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یان به ئیقاع و پرسی سه‌رده‌م بارگاوی بكه‌ن، بۆیه هه‌تا ئێستاش شكۆی خۆیان له هه‌ژموونی نێردا ده‌بینن و كۆی ئه‌و ههژموونهش به دیارده‌یه‌كی سروشتی ره‌گ داكوتاو سه‌یر ده‌كه‌ن، هه‌رگیز بیر له تهرجهمهكردنێكی دیكه و ته‌ئویلكردنێكی دیكه‌ی جیاواز ناكه‌نه‌وه، به‌و مانایه‌ش له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كۆنه‌خواز و ئاڕاسته‌كراو به رۆشنبیریی شه‌عبی، ده‌سه‌ڵاتی نێر ره‌هه‌ندێكی مێژوویی دیاریكراو له‌خۆ ده‌گرێ و به هه‌مان شێوه ته‌قلیدی و دۆگمهكه، خۆی له رێگه‌ی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان: خێزان، ده‌وڵه‌ت، مزگه‌وت، كه‌نیسه، هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌كانی دیكه كۆپی ده‌كاته‌وه. ده‌مه‌وێ بڵێم له رێگه‌ی ئه‌و كۆپی كردنه‌وه‌یه‌دا دووباره ده‌ركه‌وتنی ئه‌فسانه سه‌ره‌تاییه‌كان به هه‌مان شێوه‌ی پێشوو ده‌بینین كه له رێگه‌ی عه‌قڵییه‌تی بنبه‌ستوو ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش به عهقڵكردنی ئه‌فسانه‌ی هه‌ژموونی نێرایه‌تی، خۆی چه‌شنێكه له زیندووبوونه‌وه‌ی شێوه كۆنهخوازهكهی ئه‌فسانه. كه‌واته وه‌ك “بۆردیۆ” ده‌ڵێ: نێرایه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبینین گوته‌زایه‌كی عه‌قڵانییه تا راده‌یه‌كی تووند له پێناو پیاو و دژ به ئافره‌ت له رووبه‌رووبوونه‌وه‌دایه، ئه‌وه‌ش هه‌ر ترسان له ئافره‌ت ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو یه‌كه‌مجار ئه‌و ترسه له خودی ئافره‌تیشدا بوونی هه‌یه.
هه‌ژموونی ره‌مزی
هێزی ره‌مزی شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی ده‌سه‌ڵات و له‌سه‌ر جه‌سته پراكتیزه ده‌كرێ و راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی رقلێبوونه‌وه‌ی جه‌سته‌یی و پشت به بزوێنه‌ره هه‌ستییه‌كان ده‌به‌ستێ و ده‌كه‌وێته ناوه‌وه، واته قوڵاییه‌كانی جه‌سته. هێزی ره‌مزی هه‌ستی ناوه‌وه‌ی جه‌سته كۆنترۆڵ ده‌كات، بۆ نموونه: عه‌یبه، شه‌رم، نیگه‌رانی… یان شێوه‌كانی سۆز و خۆشه‌ویستی وه‌ك: سه‌رسامبوون، رێزگرتن… هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ستێكی زیاد له پێویست ئازارده‌ره هه‌ر بۆیه‌شه سووربوونه‌وه و به‌دحاڵیبوون و له‌رزین و تووڕه‌یی … تێدا ده‌بینرێ. وه‌ك ده‌زانین هه‌موو ئه‌وانه‌ش شێوازی جیاوازن بۆ ملكه‌چكردنی مێ و جۆرێك له ململانێی ناوه‌وه و دووله‌تبوونی “من”ی مێ و دابهزرین و كه‌وتنه بۆشایی و شكست و خاوبوونی مێ نیشان ده‌ده‌ن، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا ده‌لاله‌ت له گه‌یشتن به پله‌ی چێژی پیاوانه ده‌كه‌ن، ئه‌و چێژه‌ی كه پیاو به نیشانه‌ی پیاوه‌تی خۆی ناسی ده‌كات.
كه‌واته ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر هه‌ژموون وه‌ستا بێ و هه‌ژموونیش له‌سه‌ر پرنسیبی دابه‌شكردنی جه‌وهه‌رییانه‌ی نێوان نێری چالاك و مێی خاو بونیاد نرابێ، ئه‌وه ئه‌و پرنسیب و رێكخستنه ته‌عبیر و ئاڕاسته‌ی ئاره‌زووی نێر له بهخاوهنبووندا ده‌بینێ و هه‌ر له‌وێشه‌وه به‌ره‌وه شهبهقییهت (ئیرۆتیزم) هه‌نگاو ده‌نێ، وه‌ك چۆن به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ئاره‌زووی مێینه‌ش له رێگه‌ی هه‌ژموونی پیاو و ملكه‌چبوونی مێ روو له ئیرۆتیزم ده‌كات. بێگومان هه‌موو ئه‌و دید و تێڕوانینانه‌ش له عهقڵیهتێكهوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كه نێر رابه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین بنه‌مای ئه‌و تێڕوانینه له‌سه‌ر فیكره‌ی پێناسه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی جه‌سته دروست نه‌بووه، به‌ڵكو به‌پێی جۆره‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان نێر و مێ رێكخراوه. كه‌واته چ نێر چ مێ، ده‌توانن ره‌مزی نێرایه‌تی به شێوه‌ی جیاواز دابمه‌زرێنن، دروستكردنی ئه‌و جۆره كه‌شه له ره‌مز زۆرجار پێویستی به ئاماده‌گی پیاوه‌وه نییه، بۆ دژهكهش هه‌روایه. به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش وه‌ك ئاشكرایه ده‌توانین جیاوازییه‌كانی جه‌سته له‌رووی بایۆلۆژییه‌وه نیشان بده‌ین. كه‌واته ده‌كه‌وینه به‌رانبه‌ر دوو جۆر له دیدی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به كۆپیكردنی كۆنهخوازانهی ئه‌فسانه‌كان و كه‌لتوره‌وه هه‌یه، ئه‌ویدیكه له‌سه‌ر بنه‌مای بایۆلۆژی به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌كه‌میان بشێ له‌رێگه‌ی عه‌قڵیه‌تێكی مۆدێرنه‌وه قابیلی دووباره راڤه‌كردن بێت و ده‌قێكی جیاواز بخاته‌وه، ئه‌وه دووه‌میان ده‌شێ وه‌ك ده‌ركه‌وتی جیاواز و تایبه‌ت ته‌ماشا بكرێ.
به‌كورتی كۆپیكردنی كۆنهخوازانهی كه‌لتور و پرۆسیسه‌كردن و درێژه‌دان به شێوه‌ی ره‌مزییانه، بۆته سروشت و سیمای كۆمه‌ڵگه كۆنه‌خوازه‌كان و له‌وێشه‌وه وه‌ك جۆرێك له تووندوتیژی ره‌مزی خۆی ده‌نوێنێ، به‌و مانایه تووندوتیژی ره‌مزی جه‌خت له عه‌قڵییه‌تی كۆنه‌خوازانه ده‌كات و په‌نجه له‌سه‌ر قوربانییه‌كانی تووند ده‌كاته‌وه. لێره‌دا عه‌قڵییه‌تی كۆنه‌خواز وه‌ك كرده‌یه‌ك، رێگا به هێز و ده‌سه‌ڵاتی خه‌وتووی ناوكی ئه‌فسانه‌كان ده‌دات و ته‌واوی ئاماژه و نیشانه و هه‌ڕه‌شه و وڕوژن و فه‌رمانه‌كانی رێكده‌خاته‌وه و درێژه به پراكتیزه كردنی بداته‌وه.
ئافره‌ت له‌نێوان ئابوری و چێژی ره‌مزی
بازاڕی ژن و مێردایه‌تی ده‌كه‌وێته میانی مامه‌ڵه‌كردن و ئاڵوگۆڕی ره‌مزی و پانتایی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌ی ره‌مزییه‌وه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا ئافره‌ت وه‌ك شت یان باشتر بڵێین وه‌ك ره‌مز سه‌یر ده‌كرێ و به‌مجۆره‌ش مانای ئافره‌تبوون ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خوده‌ی كه به ئافره‌ت ناوزه‌د كراوه و وه‌زیفه‌كه‌شی له دووتوێی به‌شداریكردن و زیادكردنی سه‌رمایه‌ی ره‌مزی پیاودا خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه. كه‌واته دیاریكردنی حه‌قیقه‌تی ئافره‌ت و شوێنگه‌ی رێگه‌پێدانی له دژه‌كه‌یه‌وه كه‌شف ده‌كرێ، بۆ نموونه له‌وێوه ئافره‌ت وه‌ك شت ته‌ماشا ده‌كرێ كه به‌ره‌و ماڵه مێرد ده‌یگوازنه‌وه، وه‌ك چۆن یه‌كێك له وه‌زیفه سه‌ره‌كییه‌كانی ژن منداڵ له‌سك هه‌ڵگرتن و به‌خێوكردنه، به‌و مانایه‌ش ئافره‌ت وه‌ك شت و ئاڵوگۆڕی پێویسته به‌رده‌وام له به‌رژه‌وه‌ندی پیاودا بێ و سه‌رمایه‌ی پیاو زیاد بكات.
كه‌واته خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و مێرد خۆی له په‌یوه‌ندی هێزی ره‌مزییدا ده‌بینێته‌وه و ته‌واوی ئامانجه‌كانیشی پێویسته له زیادكردنی هێزی پیاودا بێت، سه‌ره‌ڕای راڤه‌كردنی ئابوری رووت كه شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ره‌مزی له‌گه‌ڵ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ئابوری نێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كه‌ن و وا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژنان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاڵایه‌ك بێت و به‌شداریه‌كی بنه‌ڕه‌تی له ئابوری چێژی ره‌مزییدا هه‌بێ، یان به مانایه‌كی دیكه له‌و ئاڵوگۆڕییه‌دا وه‌ك كاڵایه‌ك پیاو بیكاته هی خۆی و چێژی لێوه‌رگرێ و به‌كاری بهێنێ. به‌مجۆره له‌وێوه پیاو، ئافره‌ت به شه‌ره‌فی خۆی ده‌زانێ كه وه‌ك كاڵایه‌ك خاوه‌ندارێتی ده‌كات و به سه‌رمایه‌ی ئابوری ره‌مزی خۆی داده‌نێ. كه‌واته ئافره‌ت له‌نێوان پیاواندا بابه‌تی ئاڵوگۆڕییه، پیاویش به‌رده‌وام خۆی به لێپرسراو و به‌رهه‌مهێن و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی داده‌نێ.
ئافره‌ت به‌رده‌وام بۆ كاری ئاڵوگۆڕی له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه. ئافره‌ت وه‌ك سه‌رمایه‌ی ره‌مزی و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌و قۆرخ ده‌كرێ، له‌لایه‌كی دیكه ئابوری چێژی ره‌مزی ده‌لاله‌ت له ئاماده‌گی ژنانه ده‌كات، ئه‌وه ئاماده‌گی ژنانه‌یه كه تێڕوانینی ئابوری بۆ شته‌كان (واته ئافره‌ت وه‌ك شت) ده‌گۆڕێ، ئه‌وه ئاماده‌گی ژنانه‌یه به‌شداری له ئاڕاسته‌كردنی ئه‌و تێڕوانینه ده‌كات و بۆ ئه‌و به‌شدارییه‌ش ده‌شێ مه‌رجی دیاریكراوی هه‌بێ، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌شێ ئاڵوگۆڕی ژن و مێردی له‌سه‌ر رێك بخات.
به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین ئه‌گه‌ر ئافره‌تان بۆ كاری كۆمه‌ڵایه‌تی ملكه‌چ بكرێن و به بچووك دابنرێن و نكۆڵییان لێبكرێ و نه‌توانن فه‌زیله‌تی خۆیان پرۆسیسه بكه‌ن، ئه‌وه پیاوانیش به بڕوای “بۆردیۆ” ده‌كه‌ونه نێو هه‌مان زیندان و ده‌بنه قوربانی، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ژنانه‌وه هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داواكراون هه‌ژموونیان هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی خۆیان له‌و ئه‌ركه‌دا ده‌بینێته‌وه. كه‌واته له‌نێوان فه‌زیله‌تی پیاو و رهزیلهتی ژن‌دا هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه ژن پێی هه‌ڵده‌سێ به‌هه‌ند هه‌ڵناگیرێ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی پیاو پێی هه‌ڵده‌سێ به گرنگ سه‌یر ده‌كرێ، هه‌تا ئه‌گه‌ر چێشتلێنان و بهرگدورینیش بێت. به‌مجۆره ئه‌و پێوانه‌یه‌ی كه ژنانی پێههڵدهسهنگێنرێ گه‌ردوونی ناكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ژنان له بزاڤی ژنانه‌یاندا به گه‌ردوونی له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌و هه‌ژموونه كاریگه‌رییه‌ی پیاوان بكه‌نه‌وه.
لێره‌دا ئامانجی هه‌ژموونداری نێرینه‌یی هه‌میشه ژن وه‌ك بابه‌تێكی ره‌مزی ده‌خاته روو، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونی ژن له پێناو ته‌ماشاكردنی پیاواندابێ، بۆیه به‌رده‌وام ئه‌وه ئافره‌تی نه‌رم نیان و جوان و سه‌رنجراكێش و ده‌م به خه‌نده و ملكه‌چه ته‌واوی خه‌سڵه‌ته تایبه‌تییه‌كانی ره‌گه‌زی مێی تێدا به‌رجه‌سته‌یه و قابیلی ئاڵوگۆڕی زێتری پیاوانن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه بكه‌ونه‌وه، ئه‌وه پیاوان ناتوانن وه‌ك پێویست هاوگونجانیان له‌گه‌ڵدا دروست بكه‌ن. كه‌واته ئه‌گه‌ر ژنان نه‌توانن وه‌ك پێویست خۆیان بۆ ته‌ماشكردنی پیاوان ئاماده و ملكه‌چ بكه‌ن، ئه‌وه ته‌گه‌ره‌یان هه‌یه و وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی بونیادی ناتوانن وه‌ك شت بۆ بازاری چێژی ره‌مزی خۆیان بنوێنن. وه‌ك ده‌زانین فیكره‌ی ئاڵوگۆڕی ژنان له‌سه‌ر ده‌ستی “فرۆید” و “ستراوس” په‌ره‌ی سه‌ندووه و ئه‌و تیۆره وای ده‌بینێ كه ژنان ده‌شێ بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان پیاوان به‌كار بهێنرێ.
به‌ڵام له‌مڕۆی مۆدێرنه‌دا ئه‌وه هه‌وڵی فیكری و مه‌عریفی و ئایدیۆلۆژی بزاڤی ژنانه، كه ده‌یه‌وێ كۆی جیاوازییه ره‌گه‌زییه‌كان به ناسروشتی بژمێرێت و چواچێوهكان و پۆلینكردنهكان به ده‌ستكردی نێرسالاری بداته قه‌ڵه‌م و له جیاوازی رۆشنبیریی و ژیارییدا ههڵیگرێنهوه، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ی وه‌ك پیرۆزیی و پیسی، گشتی و تایبه‌تی، ئه‌سڵی و بێگانه‌یی… وه‌لا ده‌نێن و به ئاژاوه‌ی سیستمی ناوی ده‌به‌ن.
” لإیریك زیمور” له كتێبێكی به ناوی “ره‌گه‌زی یه‌كه‌م ” جیاوازی له‌نێوان دوو جۆر له دینامكیهتی بزاڤی ژنانه له خۆرئاودا ده‌كات و به‌مجۆره ده‌یخاته روو: ژنان له نیوه‌ی دووه‌می چه‌رخی رابردوو هه‌وڵیاندا ببنه پیاو، به‌ڵام كاتێ سه‌ركه‌وتنیان له‌و ده‌رفه‌ته‌دا به‌ده‌ست نه‌هێنا، گوتییان له‌سه‌ر پیاوانه كه ببنه ژن! له قۆناغی یه‌كه‌می هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئافره‌تاندا، ئافره‌تان توانیان مافی هه‌ڵبژاردن و ته‌ڵاق و له‌باربردن و هۆیه‌كانی سكپڕنهبوون و ئازادی سێكسییان به‌ده‌ست بهێنن… به‌ڵام هه‌موو ئه‌و به‌خششانه دواجار كپبوونی نه‌وه‌ی “89” لێكهوتهوه، ئیتر دایكان به ته‌نها له‌گه‌ڵ منداڵه بێ باوكه‌كانیان مانه‌وه، چێژی سێكسی له ئاستێكی نزمی یانه‌كان پرۆسیسه ده‌كرا، كۆمه‌ڵێكی زۆر وه‌ك هۆمۆ به دڵته‌نگی ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد… هه‌ندێ له ژنانیش ده‌یانه‌ویست بگه‌نه ناوه‌ند و شوێنگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی و سیاسی به‌رز به‌ده‌ست بهێنن و رێز بۆخۆیان بگێڕنه‌وه و هه‌وڵیانده‌دا سیستمی دایكسالارییان به‌سه‌ر سیستمی باوكسالاریدا بسه‌پێنن، بۆیه ده‌كه‌وتنه مشتومڕی ئه‌وه‌ی كه پیاوان به كاری نێو ماڵ هه‌ڵسن… له‌لایه‌كی دیكه گرفته جه‌وهه‌رییه‌كه كه‌وته نێو كاری سێكسكردن و دواجار وای لێهات ژنان هه‌تا رووخساری ده‌ره‌وه‌شیان وه‌ك پیاوان لێده‌كرد، گرنگییان به جوانی خۆیان نه‌ده‌دا، بۆ ئه‌وه ئاره‌زووی پیاوان له‌خۆیان دوور بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام قۆناغی دووه‌م كه ئه‌مڕۆ خۆرئاوا پراكتیزه‌ی ده‌كات، قۆناغی به ژنبوونی پیاوانه، ئه‌و قۆناغه له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانی قۆناغی یه‌كه‌م، واته به پیاوبوونی ژن ده‌ستی پێكرد، ئه‌و كاته‌ی كه ژن دانی به‌وه‌دانا كه وه‌ك ره‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تی له ژیانیدا پێویستی به پیاو هه‌یه. به‌ڵام نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕی كوردی بیری لێده‌كاته‌وه! وه‌ك چۆن ئافره‌تی ئه‌مڕۆ پیاوی نێری وه‌ك كازانۆف (Casanova) و دۆن جوان (Don Juan) ره‌تده‌كاته‌وه. ئافره‌تی ئه‌مڕۆ پیاوێكی ده‌وێ كه وه‌ك پێویست به خۆشه‌ویستی و وه‌فاوه به‌شداری له ژیانیدا بكات.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
– ژن، پیاو، ئاكاری سێكسی له لانكه‌ی شارستانیه‌ته‌كاندا، ویل دورانت، وه‌رگێرانی له فارسییه‌وه: دلشاد خۆشناو، له زنجیره بڵاوكردنه‌وه‌كانی یه‌كێتی ژنانی كوردستان، 2009 ل23، ل19.
– یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین رۆشبیرانی فه‌ره‌نسی كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، له 22ی یه‌نایه‌ری ساڵی 2002 له ته‌مه‌نی 72 ساڵیدا كۆچی دوای كردووه. بۆردیۆ به سیاسه‌ته‌وه په‌یوه‌ست بوو، وه‌ك چۆن به قووڵی چووبووه نیو فیكر و مه‌عریفه‌وه.
-بیار بوردیو، الهیمنه الژكوریه، ترجمه: د. سلمان قعفرانی، مركز دراسات الوحده العربیه، الحمراو-بیروت، گ 2009.
– ژن، پیاو، ئاكاری سێكسی، ل 19، 45، 46.
– پول ریكور، زندگی در دنیای متن، ترجمه، بابك احمدی، چاپ چهارم، ص 97-111. و: دانــا لهتیــف شوانـی
– ژن، پیاو… ه.س.پ. ل141.
– التنمگ الجنسی فی المجتمع و فی ادب الاگفال، ترجمه: لمیس كنجی، مراجعه: سلیمان حسین، جریده الاسبوع الادبی، العدد 832 فی 9/11/2002.
– ژن، پیاو، ئاكاری سێكسی له لانكه‌ی شارستانیه‌ته‌كاندا، ویل دورانت، وه‌رگێرانی له فارسییه‌وه: دلشاد خۆشناو، له زنجیره بڵاوكردنه‌وه‌كانی یه‌كێتی ژنانی كوردستان، ل112.
– یوسف المحسن، الهیمنه الژكوریه كبنیه سوسیو_پقافیه، موقع محمد اسلیم، 27/ینایر 2002.
– بیار بوردیو، الهیمنه الژكوریه، ترجمه: د. سلمان قعفرانی، ص82.
–<الجنس اڵاول> لإیریك زیمور: لم تترجل المرأه فتأنپ الرجل، رودولف چاهر، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ناونیشانه له ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی سیمۆن دۆبۆڤوار به ناوی ره‌گه‌زی دووه‌م وه‌رگیراوه, بڕوانه سایتی گۆگڵ له ئینته‌رنێت.