زهردهپهڕێك لوولم ده‌دا.. ئێواره‌یه‌ك ده‌مخواته‌وه!!
” دڵم بۆ تاقه دێڕیكیش، خه‌ریكه ده‌بێ به خوێن – له نامه‌یه‌كی ئۆلگا كنیپهر بۆ چیخۆف”
ئێواره‌ی عه‌ترت باش ئه‌ی یار
ئێواره‌ی بۆنی مێخه‌ك و
ره‌یحانه‌ی به‌ر بسكی كچێك
كه هێشتا به‌ر په‌نجه‌ره‌ی شار و مۆڵێكی نه‌دیوه
*****
ئێواره‌ی گوڵت باش ئه‌ی یار
ئێواره‌ی گوڵه مێلاق و
ئێواره‌ی گوڵه حاجیله و
نێرگزی باخه‌ڵی كیژێ
كه له ژوانی شهوهزهنگێك ترس شه‌ڵاڵی كردووه
*****
ئێواره‌ی ساده‌ییت باش ئه‌ی یار
ئێواره‌ی كلدان و هه‌وری و
شانه‌ی داری شۆڕه كچێك
كه هێشتاكه سیشوار و مسكارا و شامپۆ نابه‌ڵه‌ده
*****
ئێواره‌ی دره‌ختت باش ئه‌ی یار
ئێواره‌ی باخی هه‌نار و
زه‌مبیله‌ی ده‌ستی كهنیشكێك
كه ده‌ست له سنگی ده‌گێڕێ و له سێبه‌ری شه‌رم ده‌كا
*****
بمبوره ئه‌ی یار كه ئیدی ده‌ره‌قه‌تی وشه نایه‌م
كه من هێشتا ده‌ستی ته‌وقه‌م نه‌ناوه‌ته ده‌ستی نه‌وره‌س
كه من هێشتا نامۆم به شه‌پۆڵی ده‌ریا
كه من هێشتا زه‌رده‌په‌ڕم له چاوی ده‌ریا نه‌دیوه
له‌م زبره پهیڤانهم زیاتر
خه‌یاڵێكی نه‌رمتر و
ئاوازێكی هێمنتر و
گۆرانییه‌كی تر شك نابه‌م
*****
ئێواره‌م ته‌نیایی لێده‌ڕژێ
ئێواره‌م لێوان‌لێو له سكون
كه‌چی هێشتا
دڵی ئاوابوون ده‌ده‌مه‌وه و
به‌دیار شانه‌كردنی پرچی زه‌رده‌په‌ڕ ناسرهوم
چوون له پشتی پشتمه‌وه
تارمایی رێبوارێك دیاره
دڵم رێ نادا جێی بێڵم
رۆحم رێم نادا ونی كه‌م!
نوری بێخاڵی