
جه‌نگی مناره‌كان …..هه‌ردی مه‌هدی میكه
جه‌نگی مناره‌كان
په‌روه‌رده‌ی مزگه‌وته‌كان له مه‌رامی سیاسی‌دا
هه‌ردی مه‌هدی میكه
گه‌ر حزبه‌كانی شاخ له دوای راپه‌ڕینی 1991ی هه‌رێمی كوردستان پاساوی ده‌ستیان بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و قۆرخكردنی خاك و داموده‌زگاكانی نیشتمان له ژێر ناوی جه‌نگان دژی سته‌مكاریه‌كانی به‌عسدا، ئه‌وا ئه‌م هه‌له بۆ سه‌رجه‌م هێزه ئیسلامیه‌كانی كوردستان به‌و هێنده‌یه ده‌ستی نه‌ده‌دا، یاخود لانیكه‌م هێنده‌ی درێژایی خه‌باتی هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌یانده‌توانی به‌م پاساوه به هه‌مان راده پێی خۆیان له گڵێمی نیشتماندا درێژ بكه‌ن، بۆیه گه‌ر هێزه‌كانی شاخ به‌رد و جه‌نگ و زه‌ویه سوتێنراوه‌كانی نیشتمانیان بۆ خۆیان قۆرخكردبێت، ئه‌وا هێزه ئیسلامیه‌كانیش به به‌رنامه‌وه له‌وه سڵیان نه‌كرده‌وه كه ئاسمان و مناره و گومه‌ز و سیمبوله ئاینیه‌كان قۆرخبكه‌ن و نه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی پڕ په‌شێوی دوای راپه‌ڕین به ئاراسته‌ی ئه‌و په‌روه‌رده ئاینیه‌دا به‌رن كه خۆیان مه‌به‌ستیانه و هه‌ر له‌وێشدا له رێگه‌ی راهێنانی “مامۆستایانی مزگه‌وته‌وه!!” (كه ئه‌مه ته‌نها مه‌لاكان ناگرێته‌وه) له ژێر سایه‌ی مناره‌ی مزگه‌وته‌كاندا و به هه‌مان پاساوه كۆنه‌كه (98%ی كوردستان موسڵمانه!) رۆژانه تۆڕه‌كانی گه‌وره‌كردنی ئه‌ڵَقه “په‌روه‌رده‌یی”ه-سیاسیه‌كانی ناو مزگه‌وته‌كانی كوردستان درێژه‌ی پێده‌درا.
وه‌رچه‌رخانه مێژوویه‌كانی رۆڵ و جوانی مزگه‌وت
زیاتر له ئاینه‌كانیتر به‌هۆی سروشتی ئاینی ئیسلامه‌وه له به‌شداریكردنی له كایه گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه و دۆخی له‌دایكبونی له قۆناغێكی پێشكه‌وتوتر له ئاینه‌كانی تری پێش خۆی، له سه‌ره‌تاكانی ئیسلامدا مزگه‌وت وه‌ك چۆن له‌لایه‌كه‌وه مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كاته‌وه به ئاسمانه‌وه، هه‌رواش به‌هۆی زۆرێك له ده‌قه‌كانی قورئان و ئه‌و مێژووه سه‌دان ساڵه‌یه‌ی جێیهێشتوه و بووه‌ته به‌شێك له كلتوری كۆمه‌ڵگه زۆرینه موسڵمانه‌كان، رێگه‌ی ئه‌وه‌ده‌دات كه له مزگه‌وته‌وه زۆرێك له كاروباره‌كانی موسڵمانان ئاراسته‌بكرێن و له‌وێشه‌وه مزگه‌وت بكێشنه ناو ژیانی رۆژانه و گشتی خه‌ڵكه‌وه، به‌ڵام له ئاینه‌كانی پێش ئیسلامدا په‌رستگا ئاینیه‌كان به پێچه‌وانه‌وه ته‌نها شوێنی ته‌نیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤ و په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ی بوون به خوداوه‌نده‌وه، له‌وێدا راسته په‌رستگا شوێنه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی دروستكراوه، به‌ڵام شه‌رعیه‌تی پێگه‌كه‌ی له ئاسمانه‌كانه‌وه وه‌رگیراوه هه‌ر بۆیه كاره‌كه‌شی ته‌نها به‌هێزكردن و راگرتنی په‌یوه‌ندی مرۆڤه ئیمانداره‌كانه به ئاسمانه‌كانه‌وه.
به‌ڵام له مێژووی ئیسلامدا مزگه‌وته‌كان به قه‌ڵای موسڵمانه‌كان له‌قه‌ڵه‌مدراون، ( ) لێره‌وه‌یه ده‌بینرێت له زۆرێك له شاره دێرینه‌كاندا شورای ده‌وری شاره‌كان پێویستیه‌ك بووه هه‌روه‌ك چۆن بورج و شورا و قه‌ڵای مه‌زن له شاره كۆنه‌كانی ئه‌وروپا و ئاسیادا ده‌بینرێت، به‌ڵام شاره زۆرینه موسڵمانه‌كان ئه‌وه‌ی به‌رزترین و پێویستین مناره‌كانن، ئه‌وه‌ی دیار و موجه‌لله‌له گومه‌زه‌كانن، ئه‌وه‌ی ده‌ڕازێنرێته‌وه و خه‌رجی رۆژانه‌ی بازاڕ و خانه‌واده‌كانی بۆ كۆده‌كرێته‌وه مزگه‌وته‌كانن.
له رووی جوانیشه‌وه مزگه‌وته‌كان له مێژووی ئیسلامی‌دا تا به‌ر له سه‌رده‌ی بیسته‌م به‌شداریه‌كی كارایان له نه‌خشاندن و جوانكردنی شاره‌كاندا هه‌بووه، هه‌روه‌ك چۆن به‌شێكیش بوون له زیندوڕاگرتنی جوانیناسی لای ئیمانداره‌كان. رێك پێچه‌وانه‌ی مزگه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆ كه زیاتر له ژێرخانێك ده‌چن كه ناخی زه‌ویه‌وه به‌ره‌و سه‌ره‌وه راكێشرابن، به پێچه‌وانه‌ی مزگه‌وته كلاسیكیه‌كانه‌وه كه گومه‌زه‌كانیان زیاتر له‌وه ده‌چن كه خودی ئاسمان نزمكرابێته‌وه بۆ ناو ئاسۆی رۆحی ئیمانداره‌كان تا هاوكاریان بن له گه‌یشتن به حاڵه‌تی ئیشراق و نزیكبونه‌وه له خودا. مزگه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێم زۆرێكیان یان ته‌جاوزن یان هێنده لار‌و و بێئه‌ندازه‌كارین، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌زۆر له بازاڕ و له نێوان چایخانه و ئاسنگه‌ره‌كاندا جێیانكرابێته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ش دیواره‌كانیان لاروخێچن وه‌ك بڵێیت به مه‌قه‌ستی كول نه‌خشه‌كه‌یان بۆ داڕشتبن. بۆیه مزگه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆمان نه‌ك هه‌ر به‌شداری ناكه‌ن له زیندوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی جوانی و به‌رجه‌سته‌كردنی ئیشراقات به‌ڵكو زیاتر جوانی ده‌كوژن، له‌بری ئه‌وه‌ی ئاسمانمان بیربخه‌نه‌وه پێچ و خێچیه‌كانی دنیامان بیرده‌هێننه‌وه، دیاره ئه‌م فه‌رامۆشكردنه‌ی ره‌هه‌ندی جوانی مزگه‌وته‌كان ره‌نگه به‌شێكی سه‌ره‌كی بگه‌ڕێته‌وه بۆ پرۆژه‌ی ئیسلامیزم بۆ به سیاسیكردن و قۆرخكردنی مزگه‌وته‌كان و به ئایدۆلۆژیاكردنی ئه‌ركه‌كه‌ی، چونكه ئیتر له‌وێوه‌یه جوانی دوایین خاڵه له ئیدۆلۆژیا گشتگیره‌كاندا كه بیری لێده‌كرێته‌وه. وه‌ك داریوشی شایگان ده‌ڵێت “مزگه‌وته نوێكان چ واتایه‌ك له خۆده‌گرن؟ نه له خان‌و ده‌چن نه له گه‌راج و نه له هیچ شتێكی‌تر. ئه‌م مزگه‌وتانه هیچ شتێك نین، چونكه ئه‌و تێروانینه‌ی پشتی پێده‌به‌ستن نه‌ك ته‌نیا پێگه‌ی نیه، به‌ڵكو عه‌داڵی دۆزینه‌وه‌ی پێگه‌یه‌كیش نیه، ئه‌م مزگه‌وتانه مۆتاسیۆنن، هیچ پێشینه‌یه‌كیان نیه و وه‌ك شتێكی بێناسنامه كتوپڕ وه‌ك گیای هه‌رێز ده‌ڕوێن و ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی پیسبوون.”( )
لای موسڵمانه‌كان شاره‌كان به‌ر له هه‌شتێك پێوستیان به مزگه‌وته‌كانه، گه‌ر شوراكان شاره دێرینه‌كانیان پاراستبێ، ئه‌وا مزگه‌وته‌كانیش شاره موسڵماننشینه‌كانیان پاراستوه. نمونه‌ی ئه‌م پاراستنه‌ش سه‌رده‌می هێرشی مه‌غۆله‌كانه، كاتێك كه هێزه شه‌ڕه‌نگێزه‌كه‌یان سه‌رجه‌م جیهانی موسڵمانه‌كانی له شاره بنیاتنراوه‌كانیدا به نوسراو و كۆشكی خه‌لیفه‌كانیه‌وه هه‌ڵته‌كاند و كۆتایی خه‌لافه‌تی عه‌باسی به شمشێرێكی سور نوسیه‌وه، هه‌ر ئه‌و كاته مزگه‌وته‌كانیش دڵی مه‌غۆله‌كانیان داگیركرد و سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هێزه‌یان كرده به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماننشین.( )
وه‌نه‌بێت له مێژوودا هه‌رگیز مزگه‌وته‌كان بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كارنه‌هاتبن، به‌ڵكو له یه‌كه‌م ساتی دروستكردنی یه‌كه‌مین مزگه‌وته‌وه له ساڵی (1)ی كۆچیه‌وه له شاری مه‌دینه، بۆ ئه‌و ئه‌و سه‌رده‌مه مزگه‌وت هه‌موو كاره دنیاییه‌كانیشی تێدا به‌ڕێده‌كرا و له یه‌ك ساتدا هه‌ر له مزگه‌وته‌وه رو له ئاسمان ده‌كرا و په‌رستشی تێدا ده‌كرا، هه‌مانكاتیش له مزگه‌وته‌وه موسڵمانه‌كان رویانده‌كرده‌وه زه‌وی و ده‌روربه‌ری مزگه‌وت، به‌هۆی كه‌می ده‌زگای حكومه‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركی مزگه‌وت له‌م ساته‌دا ده‌بوو به جێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه و شوێنی چاره‌سه‌ری ململانێ و كێشه‌كان و به‌شداریكردنی خه‌ڵكیش له به‌ڕێوه‌بردن و به‌شداریكردن له سیاسه‌تی گشتیدا. له نمونه‌ی ئه‌و رۆڵانه‌ش له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا (د) چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌وس و خه‌زره‌ج و برایه‌تی كۆچبه‌ره‌كانی مه‌ككه و پشتیوانه‌كانی مه‌دینه. له سه‌رده‌می دواتر و دوای كۆچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و دامه‌زراندنی سیستمی خه‌لافه‌ت، پرۆسه‌ی به‌یعه‌تپێدانی خه‌لیفه‌كانی راشیدین له لایه‌ن موسڵمانانی مه‌دینه‌وه هه‌ر له مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌كرا، كه له‌وكاته‌دا پێیده‌وترا (جامع). وه‌ك به‌یعه‌تپێدانی گشتی ئه‌بوبه‌كری سدیق له مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ردا له مه‌دینه.( )
به‌ڵام ئه‌ركی مزگه‌وت به‌هۆی پێشكه‌وتنی ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت و كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، له قۆناغه‌كانی دواتری مێژووی خه‌لافه‌ته‌كاندا و به هۆی به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت و گه‌وره‌بوونی ئه‌ركه‌كانی و پێشكه‌وتنی سیستمی سیاسی زیاتر له‌و دۆخه‌ی سه‌ره‌تا كه مزگه‌وتی تێدا بنیاتنرا، هاوتا له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌شه‌كردنه سیاسیه‌دا به پێچه‌وانه‌وه مزگه‌وت جگه له ئه‌ركه ئاسمانیه‌كه‌ی له ئه‌ركه دنیاییه‌كه‌ی كه‌مكرایه‌وه و ته‌نها وه‌ك شوێنی په‌رستش و هه‌ندێجاریش وه‌ك شوێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و دادگاییكردن به‌كارهات، دیاره ئه‌مه‌ش پێشنیاری زۆرێك له قازیه‌كانی سه‌رده‌می خه‌لافه‌ته‌كان بوو به‌مه‌به‌ستی زیاتر بێمنه‌تبونیان له سوڵتانه‌كان. دیاره ئه‌مه مانایه‌كی قوڵی هه‌یه گه‌رچی تا ئێستا رۆشنبیریی باوی موسڵمانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه كه‌مترین گرنگی پێداوه، به‌كارهێنانی مزگه‌وت وه‌ك دادگا بۆ ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك خه‌لافه‌تی ئه‌مه‌وی و عه‌بباسی هه‌نگاوێكی گرنگه، له‌لایه‌ك دانپیانانێكه به‌وه‌دا كه ده‌وڵه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێلایه‌ن نه‌بووه و ته‌نها باوكی چینی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌ربار و توێژی باوه‌ڕداره به‌رژه‌وه‌ندگه‌راكان بووه. له‌لایه‌كیتره‌وه ئه‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش زۆرێك له زانایانی ئیسلام به فه‌رمانی خه‌لافه‌ت نه‌جوڵاونه‌ته‌وه و خه‌لافه‌ت ترسی لێیان هه‌بووه، لێره‌وه‌یه له به‌هێزی و خاوه‌ن پێگه‌ی زانایانه كه بێلایه‌نی مزگه‌وتیان له دۆخێك‌دا پاراستوه و خه‌ڵك بۆ دادگایی رووی له مزگه‌وته‌كان كردوه وه‌ك دوا په‌نا بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی حه‌ق و راگرتنی عه‌داله‌تی دادگا. چونكه گه‌ر موسڵمانێك شكاتی به‌رپرسێكی ببردایه‌ته لای خه‌لیفه ئه‌وا هیچ گره‌نتیه‌ك نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت لایه‌نگری به‌رپرسه‌كه‌ی نه‌كات و مافی بێكه‌سه‌كان نه‌خوات.
ره‌نگه نمونه‌ی به‌رخوردی توندی ئه‌بوجه‌عفه‌ری مه‌نسور له‌گه‌ڵ ئیمامی گه‌وره‌ی ئیسلام ئه‌بو حه‌نیفه باشترین نمونه‌ی ملنه‌دانی پیاوی ئاینی بووبێت له مێژووی ئیسلامدا بۆ ده‌سه‌ڵاتێك كه هه‌میشه هه‌وڵه‌كانی بۆ قوتدانی ئاین بووه له هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاته ره‌هاكه‌یدا، به جۆرێك كه خۆی به سوڵتانی خودا داده‌نا له‌سه‌ر زه‌ویدا( ). رێك به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌مه‌كانی دواتر و به‌تایبه‌تیش سه‌رده‌می ده‌ركه‌وتنی ئیسلامی سیاسیه‌وه (ئیسلامیزم) له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كه ئیتر موچه‌ی مه‌لا و په‌روه‌رده‌كارانی ئاینی له گیرفانی حكومه‌ت یان له‌لایه‌ن حزبه ئیسلامیه‌كانه‌وه ده‌درێت و هه‌ر له‌وێشه‌وه ئاراسته ده‌كرێن، ئه‌مه له كاتێكدا جه‌نگی ئه‌بو حه‌نیفه له‌گه‌ڵ ئه‌بوجه‌عفه‌ردا ته‌نها بۆ ئه‌وه بوو كه مزگه‌وته‌كان راده‌ستی ده‌سه‌ڵات نه‌كات، هه‌روه‌ك چۆن به‌شێكی تری جه‌نگه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه بوو كه پێگه‌ی زانایانی ئیسلام بۆ شه‌رعیه‌تدان به ره‌هایی سوڵتانه‌كان و خوێنڕێژیه‌كه‌یان به‌كارنه‌یه‌ت.
دیاره دابینكردنی موچه و بژێوی مه‌لاكان و گه‌ر له‌لایه‌ن حزبه ئیسلامیه‌كانه‌وه بێت (كه به‌مافی خۆیانی ده‌زانن) ئه‌مه ئه‌و راستیه ده‌رده‌خات كه پرۆژه‌ی ئیسلامی سیاسی خۆی به گه‌وره‌تر له مزگه‌وته‌كان و مه‌لاكان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و مه‌رامی له‌م كاره‌شدا ته‌نها ئاراسته‌كردنیانه به‌و دیوه‌دا كه سه‌ر له‌به‌ری كۆمه‌ڵگه به‌و جۆره‌ی ده‌یانه‌وێت موسڵمان بكه‌نه‌وه. دیسانه‌وه گه‌ر موچه‌ی مه‌لاكان له‌لایه‌ن حكومه‌تیشه‌وه بدرێت ئه‌وا دۆخه‌كه ترسناكتره، چونكه یان ئه‌وه‌تا حكومه‌ت ده‌یه‌وێت كاره دنیاییه‌كانی به ئاین و مه‌لا و خودا بشه‌رعێنێت، یاخود هه‌ر هیچ نه‌بێت رێگه‌ی هێزه ئیسلامیه‌كان بگرێت له‌وه‌ی كه مه‌لاكان وه‌ك هه‌میشه بۆ مه‌رامه سیاسیه-حزبیه‌كان قۆرخ بكات و نه‌وه‌یه‌كی دژ به حكومه‌ت دروست بكات.
به‌درێژایی سه‌ده‌ی رابردوو له جیهانی زۆرێنه موسڵماندا ئه‌م دوو لایه‌نه هه‌بوون و مه‌لا و مزگه‌وته‌كانیان قۆرخكردوه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه كه مزگه‌وته‌كان ئه‌ركی ئاینی خۆیان بیرچێته‌وه، یان ئه‌وه‌تا رووی حكومه‌ت و گه‌نده‌ڵیه‌كانی سپی ده‌كه‌نه‌وه، یاخود مناره و گومه‌زه‌كان ده‌كه‌نه قه‌ڵایه‌ك بۆ مه‌رامی سیاسی حزبێكی دنیایی-ئیسلامی له‌ژێر سێبه‌ری ئاین و ده‌قه‌كاندا.
داكشانی مزگه‌وت له ئاسمانه‌وه بۆ زه‌مینه‌كانی سیاسه‌ت
به‌و پێیه‌ی كه شۆڕشی چه‌كداری هه‌رده‌م كاردانه‌وه‌ی سیستمێكی سته‌مكاریشه، بۆیه هه‌مان چه‌كی سته‌مكاره‌كانیش به‌كارده‌هێنێت بۆ كۆتاییپێهێنانی دوژمنه‌كانی. له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی شۆڕشیش ئه‌و چه‌كه‌ی كه دوێنێ روی له دوژمن بوو ده‌ستبه‌جێ براكان رویده‌كه‌نه یه‌كتر و چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان، لێره‌شه‌وه‌یه كه شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه بۆسه‌ر پرۆسه‌ی مه‌ده‌نیكردن و دیموكراسی، چونكه پێیوایه بۆ هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌ر و فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی پاساوێكی هه‌یه بۆ قۆرخكردن.
دوای راپه‌ڕین وه‌ك چۆن چه‌كی شۆڕش جه‌نگی براكوژی پێكرا و قوتابخانه و بنكه‌كانی ته‌ندروستی و ده‌زگاكانی تری حكومه‌ت له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕه‌كانه‌وه قۆرخكرا به پاساوی ئه‌وه‌ی خوێنیان بۆ نیشتمان رشتوه، هه‌رواش حزبه ئیسلامیه‌كان به مه‌زه‌نده‌ی قه‌باره‌یان مزگه‌وته‌كانیان بۆ مه‌رامه سیاسی و حزبیه‌كانیان قۆرخكرد. ئه‌مه یه‌كه‌مین هه‌نگاوی داكشانی مزگه‌وته له هه‌رێمی كوردستاندا له ئاسمانه‌وه بۆ زه‌وی ململانێكان، لێره‌وه خودا و مناره و گومه‌زه‌كان ده‌بنه قه‌ڵغانی پاراستنی مه‌رامی سیاسی، ئیتر ئه‌مه ئه‌و ئاراسته‌یه كه مزگه‌وت له كایه رۆحیه‌كه‌یه‌وه به‌ره‌و پرۆسه‌ی به‌ده‌زگاییكردن ده‌بات. هاوكات به هه‌مان قه‌باره‌ش گه‌ر له پێش راپه‌ڕیندا تریبۆن و كۆبونه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان به ئه‌ركی ئه‌خلاقیان هه‌ستابن، به‌ره‌نگاری سته‌میان كردبێت و وشه‌ی حه‌قیان به‌ڕوی جه‌لاده‌كاندا دابێت، ئه‌وا له‌م دۆخه‌وه ئیدی مزگه‌وت ئه‌ركه‌كه‌ی به‌هۆی ئیسلامی سیاسیه‌وه و قۆرخكردنی بۆ ته‌شه‌نه‌پێكردنی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕینی ئیسلامیزم ده‌بێته ئه‌ركێكی سیاسی رووت به‌ڵام له ژێر ناوی “په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی‌دا”. دیاره ئه‌مه‌ش شۆڕشی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامیه به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی ناو قوتابخانه‌كاندا. به‌هۆی حوكمی داپڵۆسێنه‌ر و لۆژیكی هێزی به‌عسه‌وه تا راپه‌ڕینی 1991 ئیسلامی سیاسی نه‌یتوانی به ئاشكرا و رێكخراو مزگه‌وته‌كان داگیربكات و بیانقۆزێته‌وه، گه‌رچی له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا به‌درێژایی زیاتر له 40 ساڵ له عێراق و هه‌رێمدا ئیخوان مزگه‌وته‌كانی بۆ گردكردنه‌وه‌ی ئیخوانیه‌كان به‌كارهێنا، به‌ڵام هه‌لی دوای راپه‌ڕین له‌لایه‌ك به‌هۆی په‌شێوی و ململانێی دۆخی دوای راپه‌ڕینه‌وه، له‌لایه‌كیتره‌وه به‌هۆی كه‌مبایه‌خی هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ ئاین و فه‌رامۆشكردنی مزگه‌وته‌كان هه‌لێكی له‌بار درایه شانه‌نوستوه‌كانی پێش راپه‌ڕین و به‌تایبه‌ت ئیخوان و سێ باڵه جیاوازه‌كه (یه‌كگرتوو و هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و راپه‌ڕین).. لێره‌وه ئیتر بینیمان كه چۆن هه‌ر مزگه‌وته مۆركی هێزێكی ئیسلامی پێوه‌لكێنرا و هه‌ندێ مزگه‌وتیش له خه‌تی ململانێدا مانه‌وه و بۆ هیچ لایه‌كیان نه‌یاتنوانی سه‌داسه‌د ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ره‌نگه ئیمانداره‌كانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان هه‌رگیز ئه‌و ململانێیه‌ی بزوتنه‌وه و یه‌كگرتوو و نه‌هزه‌یان بیرنه‌چێت كه چۆن له‌سه‌ر مناڵێكی حه‌وت ساڵان یان بانگدانێك و سرودێك، یان وتارێكی له‌یله‌تولقه‌در و پێشنوێژیه‌ك چۆن ململانێكانیان خه‌ستده‌كرده‌وه و به راده‌یه‌ك زۆرجار توندوتیژی جه‌سته‌ییشی لێده‌كه‌وته‌وه.
له‌مه‌ش زیاتر بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له ئه‌ڵقه‌ی ده‌رسوتنه‌وه‌ی مناڵانی مزگه‌وته‌كانی تێپه‌ڕاند و كردنیه جبه‌خانه و مه‌یدانی مه‌شقی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر “له‌شكری تاغوته‌كان”، به‌جۆرێك ئه‌نجامه‌كه‌ی جه‌نگ و سوتان و كاولكردنی ماڵه‌كانی خودای لێده‌كه‌وته‌وه، له نمونه‌ی ئه‌و مزگه‌وتانه‌ش (ئیمانی مامه‌یاره و جیهادی هه‌واره به‌رزه) كه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ست سه‌له‌فیه چه‌كداره‌كانه‌وه بوو له ژێر رێبه‌رایه‌تی مه‌لاعومه‌ر سه‌له‌فی دوێنی و چنگیانی ئه‌مڕۆ، هه‌رچی مزگه‌وتی دووه‌میشیانه له‌ژێر رێبه‌رایه‌تی مه‌لاكرێكار و تاقمه‌كه‌یدا بوو.
به قوتابخانه‌كردنی مزگه‌وته‌كان.. شۆڕشی په‌روه‌رده‌یی
گه‌ر به دیققه‌ته‌وه له وانه “په‌روه‌رده‌ییه‌كانی” ناو ئه‌و مزگه‌وتانه بڕوانین، ده‌بینین وه‌ك قوتابخانه‌كان زیاتر ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌م قوتایخانه مزگه‌وتیانه له چه‌ندین پۆل و به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا و وانه‌ی ئیسلامی گشتگیر و چالاكی جۆراوجۆر پێكهاتووه، لێره‌دا ده‌بێت به‌وردیه‌وه ناوی ئه‌م جۆره په‌روه‌رده‌یه بهێنین و وشه‌ی قوتابخانه مزگه‌وتیه‌كان به‌كاربهێنین و به‌هه‌ڵه وشه‌ی فێركردنی ئاینی به‌سه‌ردا نه‌بڕێت، وه‌ك چۆن ئه‌م ناوه له‌لایه‌ن حزبه ئیسلامیه‌كانه‌وه به خۆشحاڵیه‌وه به‌كاردێت. چونكه له راستیدا په‌روه‌رده‌ی ئاینی حوجره‌كان و خوێندنگه ئاینیه‌كانی سه‌رده‌می پێشوتر ده‌گرێته‌وه كه ته‌نها ئه‌ركیان خودی فێركردنی ئاینی بووه بۆ ئاینداری و ئه‌ركی ئه‌خلاقی ئاین، له‌و فێرگانه‌دا مه‌وله‌وی وانه‌ی عه‌قیده و ئسوڵی راسته‌قینه‌ی ئاین و ئه‌خلاق ده‌وڵێته‌وه و نالی و مه‌حوی و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس به‌رهه‌مدێنن، به‌ڵام له قوتابخانه مزگه‌وتیه‌كانی ئیخوان و سه‌له‌فیه‌كاندا وانه‌كانی “به ئیسلامكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه” و “شمولیه‌ت”ی سه‌یدقوتب و “حوكم بۆ خودا”ی مه‌ودودی ده‌وترێنه‌وه، كه تیایدا موزیك و په‌رله‌مان و سه‌فره‌ی قوتابخانه حكومیه‌كان و ئه‌ی ره‌قیب حه‌رامده‌كرێن، دواجار خوێندكاره‌كانی جه‌نگاوه‌ره‌كانی ته‌وحید و جیهاد و ئه‌نساره‌كانن و وڵاته‌كه‌شیان دارولسه‌لامه ئاكامه‌كه‌شی هیجره‌ت و داخستنی گۆڤار و رۆژنامه و ده‌مبه‌ستنی قه‌ڵه‌مه‌كان و فه‌توا ژیانكوژه‌كانن.
پرۆسه‌ی به قوتابخانه‌كردنی مزگه‌وته‌كان و گواستنه‌وه‌ی هه‌مان میكانیزم و ستراتیژی په‌روه‌رده‌یی له قوتابخانه‌كانه‌وه بۆ مزگه‌وته‌كان مۆدێلێكی ئیخوانیه، سه‌ره‌تاكه‌شی بۆ حه‌سه‌ن به‌ننای دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌و پێیه‌ی ناوبراو باوه‌ڕی وابوو كه پێویسته سیستمێكی ئه‌خلاقی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلام بنیاتبنرێته‌وه، بۆیه بانگه‌شه‌ی پشتكردنه پرۆسه‌ی فێربوونی رۆژئاوایی ده‌كرد كه قوتابخانه و زانكۆكان بوون، ئه‌و داوای به‌ستنه‌وه‌ی خوێندنگا سه‌ره‌تاییه‌كانی به مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌كرد و پێشیوابوو كه پێویسته فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له ده‌رچوانی ئاماده‌ییه ئاینیه‌كان بن.( )
له كوردستانیش ئیسلامیزم وه‌ك ته‌رجه‌مه‌كراوێكی ئیخوان، هه‌مان به‌رنامه‌ی پیاده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مه له مزگه‌وته‌كاندا، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌و شه‌پۆله گه‌نجه‌ی لێبه‌رهه‌مهات كه دوای راپه‌ڕین ده‌رچووی قوتابخانه مزگه‌وتیه‌كان بوون. جۆرێك له شۆڕش بوو به‌سه‌ر قوتابخانه‌ی ئیلزامی حكومیدا، به‌و پێیه‌ی كه سیستمێكی ئه‌خلاقی جیاواز له قوتابخانه‌كانی نمایش ده‌كرد و ئیسلامێكی ده‌زگاییكراویشی ده‌خسته ناو كۆمه‌ڵگه‌وه.
لێره‌شه‌وه ئه‌م نمونه له ئیسلامی به‌ده‌زگاییكراو په‌ڕوباڵی مزگه‌وت ده‌كات و له‌بری ئه‌وه‌ی باڵ بداته ئیمانداره‌كان تا روه‌و په‌روازی رۆح و فه‌نابوونی له یه‌كێتی خودادا بێت، ئه‌وا دوو قاچ ده‌ده‌نه مزگه‌وت له بری باڵه‌كانیان و روه و دنیا نائه‌خلاقیه‌كه‌ی سیاسه‌ت ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه قه‌ڵغان و یاریزانێك كه كێبركێی وه‌ده‌ستهاتووه‌كانی مۆدێرنه بكات.
هه‌ربۆیه ئیتر نوێژ ده‌بێته وه‌رزش و رۆژوو ده‌بێته ریجێم و مزگه‌وتیش قوتابخانه و مه‌لا به‌ڕێوه‌به‌ر و خودا‌ش وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێك كه زه‌وی ده‌گێڕێت. چونكه چیتر مزگه‌وته‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌برێن كه له‌زه‌مینه‌كانی زه‌ویدا ململانێ ده‌كه‌ن نه‌ك په‌روازپێكردنی رۆح له ئاسمانه‌كاندا.
سه‌رچاوه:
– د.حسن مۆنس(1981): المساجد، دارالمعرفه،الكویت، ص28.
– داریۆش شایگان(2004): ئاسیا له به‌رامبه‌ر خۆرئاوادا، و:شۆِڕش جوانڕۆیی و مامه‌ند رۆژه، خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی، ل137.
– هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل28.
– علی محمد الصلابی(2006): الخلیفه الاول(ابوبكر الصدیق)، دار المعرفه، بیروت، ص123.
– یوسف العش(2010): عه‌باسیه‌كان، و:روپاك كاخدر حه‌مه‌د، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، ل32.
– عبدالوهاب المۆدب(2001): أوهام الاسلام السیاسی، دارالنهار، بیروت،ص121.