
هەڵوەرینی بەفر…. لەتیف فاتیح فەرەج
مەرگ کلوە بەفرەکان
لە وەرزی وەرینی گەڵاکانی هەشتاو هەشت دەچێت
وەرزی وەرینی گەڵاکانی گەرمەسێر
وەرینی ئەو گەڵایانەی بەدەم گۆرانی وتنەوە
لە داری ژیان بەربونەوە
بەربونەوەو خەوێکیان بە ژیانەوە نەدی
مەرگی کلوە بەفرەکانی قەندیل
لەم ئێوارە ساردەی نیشتمانا
یادەوەریمان دەباتەوە بۆ لای سالم
بۆ لای پرسیارە تەریوەکانی نالی
بۆ بن دارەکەی شێخ هەباس
بۆ لای نیوە بەیتە یاخیەکەی
“ڕۆمی ئەوەندە شومن لە شەخسیش دەدەن زەرەر”
کی هەواڵی ئەو کلوە بەفرانەمم دەداتی
کە خۆیان بون بەکفنی خۆیان
ئەو کلوە بەفرانەی بەر لەوەی بەهەناسەی دڕکە پۆستاڵ لە پێکان بتوێنەوە
کلو کلو خۆیان دەکوژن
لەم وەرزی وەرینی کلوە بەفرانەدا
خوا بەگۆانیەکانی ئێمە “وەتەن ئاوا ناکا”
گەر نەزانین ئەو هەموو دارەی نیشتمان
بۆچی یەک یەک لەخاچ ئەدرێن
گەر نەزانین
ئەو بەردە بێخاوەنانە تاوانیان چیە
کە چاوی بینینیان لی دەسەنرێت
گەر نەزانین ئەم هەموو گەڵای شەهیدە
تابوتیان لە کوێوە بۆ دێ
وەتەن ئاوا نابێ ئەگەر
شەرەف لەڕستەی بونا فڕێدەینە دەرەوە
وەتەن ئاوا نابێ ئەگەر
ئازادی بخەینە تۆڕی بێدەنگیەوە
وەتەن ئاوا نابێ مەگەر
نە یەڵین کلوە بەفرەکان تەنیا بن
مەگەر
بۆ ئاسکە سەرگەردانەکانی قەندیل
جەستەمان بکەین بە پەرژین
پاڕانەوە لەخوا پاڕانەوە نیە
ئەگەر دەستەکانمان پڕ نەکەین لە بەرد
کێ دەڵی لە هەموو گەڵایەکی وەریودا
چرای چاوی خوایەک ناکوژێتەوە
کی دەڵی لەگەڵ مەرگی هەموو کلوە بەفرێکدا
خوایەک شەهید نابێ.
خوا لە قوڵایی سروشتا هەمیشە لەنێو ئەو بەفرو
گەڵایانەدایە
کە هێشتا بۆنی یەکەمین لەدایک بونی زەویان
لی دێ.
خوا کلوە بەفرو گەڵاکان جێناهێڵێ
ئەو نایەوێ هەتا پای تیایە ڕاکاو
لە دورەوە
لە رێگای شاشەی تەلەفزێونەوە
مەرگی گوڵەکان ببینێ
خوا لەوێیە
لە نێو هەموو کلوە بەفرێکی قەندیلا
گازمان دەکاو دەڵێ وەرن.
سێ شەممە 26/2/2008