سیمبۆڵیزمی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی
سیمبۆڵیزمی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی
پێشکه‌شه به عیرفان قانعی فه‌ردی به‌کرێگیراو! …..
یه‌کێک له ئامۆژگارییه‌کانی قازیی محه‌مه‌د بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، ئه‌وه‌یه که بخوێنن و فێری خوێنده‌واریی بن. به‌بڕوای ئه‌و، خوێنده‌واریی، کورد له زوڵم و سته‌م و داگیرکاریی رزگار ده‌کات. هه‌رچه‌نده قازیی ئه‌و بۆچوونه‌ی زۆر به‌ساده‌یی و به‌زمانێکی خاکیی ده‌ربڕیوه، به‌ڵام رۆژگاری ئه‌وساو هه‌نووکه ئاڵوگۆڕێکی زۆری له هه‌موو بوارێک‌دا به‌خۆیه‌وه دیوه. ده‌کرێ هه‌مان بۆچوونی قازیی، هه‌نووکه به‌شێوه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه دابڕێژرێته‌وه؛- جه‌هل و مێنتاڵی عه‌شایه‌ریی بۆ کورد تاعونێکی زۆر گه‌وره‌یه، نه‌خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌کان و شرۆڤهنهکردنی مێژوو، نه‌بوونی توێژینه‌وه‌ی زانستیی و ئه‌کادیمیی، نه‌بوونی ئینتێلێکچواڵ و سکۆلاری سه‌ربه‌خۆ و ئازا‌و ئازاد، نه‌بوونی ژۆرناڵێکی به‌که‌مترین ئاستی ستانده‌ردی ژۆناڵه جیهانییه‌کان له‌ناو 40 میلیۆن کورددا، نه‌خوێندنه‌وه‌و زۆر بڵێیی و زۆر نووسین جگه له‌جه‌هل و دواکه‌وتوویی و نه‌دانیی و نه‌خوێنده‌واریی هیچیتر نین.
زۆربه‌ی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و به‌تایبه‌تییش لایه‌نگرانی پارتیی که ره‌خنه‌یان له عیرفان قانعی فه‌رد گرتووه ، به هه‌رزه‌کار و سه‌رڕووت و دهملووسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به جاش و به‌سیج و ئیتڵاعات…تاد له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌و کتێبی نووسیوه‌و به‌رگی یه‌که‌می به‌زمانی فارسیی بڵاوبووه‌ته‌وه‌و ته‌نها چاوپێکه‌وتنێکی له لڤیندا کردووه، که‌چیی به‌مشێوه‌یه‌و به‌م کتوپڕییه تهخوینکراو به‌ده‌ستی هێزی ده‌ره‌کیی ناسێنرا. ئه‌م بڕیاره پێشوه‌ختانه جگه له مێنتاڵیتییه‌کی عه‌شایه‌ریی و کولتووری خێڵزادهیی و بێئاگیی له دنیای خوێندنه‌وه شتێکی‌تر نین. ئه‌وانه‌ی که ره‌خنه‌ش له دیدار‌و هاتوچۆکانی قانعی فه‌رد ده‌گرن که لهئوسترالیاوه بۆ ئه‌مێریکا، له ئێران و کوردستانی عێراقه‌وه بۆ ئه‌ورووپا تهی ده‌کات و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌ودا ده‌کات، دووباره لهجههلدا نغرۆ بوونه. ئاخر ئه‌و کابرا گه‌نجه( یان ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌کانی پێی ده‌ڵێن ئه‌و هه‌رزه‌کاره هه‌ڵتۆقیوه) توێژینه‌وه ده‌کات و به‌شێکی توێژینهوهکهیشی مه‌یدانییه واته چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کان ، به‌دوژمن و بهدۆستهوه، به‌باش و به‌خراپه‌وه ده‌کات. ئه‌م هه‌موو هێرشه بازاڕیی و میلیشیاییه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌و که‌سه و بۆسه‌ر گۆڤاری لڤین درێژه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت عه‌قڵی کورد و کاری ئه‌کادیمیی زۆر لێکه‌وه دوورن، پێمان ده‌ڵێ کورد به تێرمه‌که‌ی قازیی محه‌مه‌د چه‌ند میلله‌تێکی نه‌خوێنده‌واره. باشترین نموونه مێژوونووسه ترسنۆک و سیاسییه هه‌لپه‌رست و ئه‌کادیمیسته تهوهزهلهکانمانن یه‌ک دێڕیان له‌و مێژووه شیینهکردووهتهوه که به”دژه ئارگیومێنت- کاونته‌ر ئارگیومێنت” ناوده‌برێت و له‌قازانجی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد و حوکمی بنه‌ماڵه سیاسییه‌کانی کوردستاندا نییه.
به‌ڕاستییش بهگاڵههاتنی هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران له هه‌ردوو حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن باڵی حه‌سه‌نزاده و باڵی هیجریی، یاخود هه‌ندێ که‌سی به‌ناو سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام پشیی پشیی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن که گهزۆیهکیان تێبگرێت، دووباره ماڵوێرانیی و جه‌هل و نه‌خوێنده‌واریی و هه‌لپه‌رستیی و نهفسنزمیی( بۆ پاره) به‌شێکی زۆر له‌توێژه جیاجیاکانی کورد ده‌گه‌یه‌نێت. ئاخر ئه‌و داکۆکییکردنه رهشۆکییانهیه له‌مێژووی پڕ له‌ئه‌فسانه‌ی سه‌رکرده جۆراوجۆره‌کانی کورد، جگه له ڕوودامان و تهکلیفلێکردن و بهرچاوهگێڕیی و نهفسنزمیی چ خوێندنه‌وه‌یه‌کی تری لێده‌کرێ؟
مێژوونووسێکی وه‌ک د.که‌مال مه‌زهه‌ر، هه‌موو نووسین و توێژینه‌وه‌کانی ته‌نها و ته‌نها له‌یه‌ک گۆشه‌نیگای سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌وه خوێندووه‌ته‌وه. ئه‌وانه‌ی شاره‌زاییان له توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمییدا هه‌یه، زۆر به‌ئاسانیی تێده‌گه‌ن ئه‌و پیاوه وه‌ک پرۆ-کورد، له نووسینه‌کانیدا خۆی ساغکردووه‌ته‌وه. ئه‌و نه‌هاتووه کاونته‌ر ئارگیومێنت بورووژێنێ له‌سه‌ر مێژووی شۆڕشه‌کانی کورد و سه‌رکرده‌کانی، ئه‌گه‌ر کردبێتیشی زۆر به‌ساده‌یی و سهرچیغیی کردوونی به‌بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێ یه‌ک سه‌رکرده‌ی کورد دڵی لێی بیه‌شێت. به‌ڕاستیی د.که‌مال مه‌زهه‌ر له‌به‌غداد بوو، له‌ژێر نێزه‌ی حیزبی به‌عسدا شتی ئه‌کادیمیی و وردتری ده‌نووسی، به‌به‌راورد به‌وه‌ی که له‌هه‌رێمی کوردستاندا، ئازاده. به‌ڵام چونکه ده‌بێ ریعایه‌تی مێنتاڵیتیی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وای بارزانیی و تاڵه‌بانیی و حیزبه‌کانیان بکات، له گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت. به‌ڵێ پارتیی و یه‌کێتیی و حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران و تورکیاش پێیانخۆشه سه‌دانی وه‌ک د.که‌مال مه‌زهه‌ر و مه‌حمود سۆرانیی و حه‌مه‌ی مه‌لاکه‌ریم و ………..تاد هه‌بن به‌ڵام یه‌ک قانعی فه‌رد بوونی نه‌بێ.
له‌وه گهڕێیین ئه‌م کوڕه گه‌نجه( قانعی فه‌رد ) کێییه‌و بۆچیی ده‌نووسێ و کێ هانی ده‌دات و کێ پاره‌ی ده‌داتێ، توێژینه‌وه‌کانی بهکرایتێریای ئه‌کادیمیی دروستن یان ئه‌ویش وایانگوت و واده‌ڵێن ریز ده‌کات. ئه‌مانه هه‌مووی گومانن و جێگه‌ی خۆیشیه‌تی گومانی لێ بکرێ. چونکه سه‌دان خوێندکاری کوردی خوێندنی باڵا له‌زانکۆ پرۆفێشناڵه‌کانی رۆژئاوادا هه‌ن سوێیان ده‌بێته‌وه بتوانن گه‌شتێکی وڵاتان بکه‌ن و توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی بکه‌ن و ده‌ستیان به‌کۆمه‌ڵی سه‌رچاوه‌ی دانسقه‌دا بگات، به‌ڵام ناتوانن. هۆکاره‌که‌یشی به‌ساده‌یی ئه‌وه‌یه، که ژیان ئه‌وه‌نده سه‌خته ، هه‌ر فریای ئه‌وه ده‌که‌ون ده‌رامه‌تی رۆژانه‌و هه‌فتانه‌یان ده‌ربهێنن و توانای پاشه‌که‌وتیان نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که قانعی فه‌رد توانیویه‌تی ئه‌و کاره بکات، نابێ ببێته هۆی کوتانه‌وه‌ی و سووکایه‌تیی پێکردن و هێرشکردنه سه‌ری، به‌ڵکو به‌شێکی بۆ چاوکراوه‌یی و ئازایه‌تیی و لێوه‌شاوه‌یی و به‌توانایی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌هه‌ر که‌موکوڕییه‌که‌وه له‌نووسینه‌کانیدا هه‌بێ. ئه‌کادیمیسته پیره بێبه‌رهه‌مه‌کانی کورد و سیاسییه ئێکسپایه‌ره‌کانی کورد و ژۆرناڵیسته حیزبییه‌کان ده‌بێ ددان به‌و حه‌قیقه‌ته‌دا بنێن که ئه‌وان هیچیان پێ نه‌ماوه، تا به‌و مێنتاڵیتییهش بیر بکه‌نه‌وه هیچی نوێ ناتوانن به‌رهه‌م بهێنن. رێ بده‌ن با نه‌وه‌ی نوێ ، با کوڕان و کچانی گه‌نج و سه‌رڕووت و دهملووس بێنه پێشه‌وه‌و خاپهرۆ و زبڵدانه‌کانی رابردوومان هه‌ڵبده‌نه‌وه، رێ بده‌ن با ئه‌و تاوێرانه بله‌قێنن که نهێنیی و درۆدهلهسهکانی شۆڕشی کورد و ئه‌فسانه‌ی ره‌مزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان له‌ژێردا سنگهوبهرد نراون.
گۆڤاری لڤینیش، به قسه‌ی پیاوه‌کانی حیزب و ئه‌ربابه‌کانیان ئه‌گه‌ر بهکرێگیراوهو ده‌ستی له‌پشته‌وه‌یه، یاخود هێزێکی فه‌نده‌مێنتالیست یان چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی له‌پشته ئه‌وه خوێنه‌ر و شه‌قامی کوردیی ئه‌و بڕیاره ده‌دات ، به‌ڵام هه‌رچییه‌ک بێت، سه‌رمه‌شقی ئازایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی شکاند که رۆژنامه‌ی ئه‌هلی به‌لایدا چووبێت. لڤین هه‌رچییه‌کی کردبێ ، تاوانی نه‌کردووه‌و رای خوێندکارێکی PHD ی وه‌رگرتووه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی رووداوی مێژویی که پێوه‌ندییان به بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداریی و ناسیۆنالیزمی کورده‌وه هه‌یه و بڕیاره چه‌ندین زنجیره کتێب بنووسێت. ئه‌وه‌ی لڤین کردوویه‌تی بۆ ئاستی ژۆرناڵیزمی کوردیی کارێکی زۆر پرۆفێشناڵانهو ئازادانه‌یه‌و بچووکترین خه‌تای مۆڕاڵیی و ویژدانیی نه‌کردووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد ده‌بێ بزانێ تاسه‌ر مێژوو به‌ئاره‌زووی ئه‌وان نانووسرێته‌وه.
عیرفان قانعی فه‌رد ئه‌گه‌ر تاوانباره، خائین و خۆفرۆش و به‌کرێگیراوه، پێویست به‌هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندنی ئه‌و گۆڤاره ناکات که چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵدا کردووه. قانعی فه‌ردیش هه‌رچییه‌ک بێت خیانه‌تی به‌ئه‌ندازه‌ی لای که‌می به‌شێکی زۆر له‌سه‌رکرده کورده‌کان ( له کوردستانی عێراق و ئێران و ته‌نانه‌ت تورکیاش ) نه‌کردووه. ئه‌گه‌ر پارتیی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی له سیمبۆڵه‌کانی خۆیان و مێژووی خۆیان دڵنیان که به‌و شێوه‌یه نین که ئه‌و باسیکردوون، ده‌توانن به دژه‌ئارگیومێنت و دژه دۆکیومێنت له‌ڕێێ ئه‌کادیمیست و ئینتێلێکچواڵهکانیانهوه( ئه‌گه‌ربه ستانده‌رده جیهانییه‌کان هه‌یانبێت ) به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه، نه‌ک کۆمه‌ڵێ پیاوی حیزب و سکۆلاری بێبه‌رهه‌م و سیاسیی بێسه‌واد له‌کوردستانی عێراق و ئێران و هه‌نده‌ران، راسپێرن و به‌دروشم و حه‌ماس و وتاری پڕ لهمهشخهڵ و عه‌قڵییه‌تی میلیشیایی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه. خۆخاڵییکردنهوه به جوێن و سووکایه‌تیی و داشکاندنی که‌سه‌کان، به‌حه‌ماس و درووشمدان و هوتافکێشان هیچ قازانجێ بهپارتیی ناگه‌یه‌نێت. پارتیی کاتێک سه‌غڵه‌ت ده‌بێ و ده‌که‌وێته به‌ر چه‌قۆی دۆکیومێنت و راستیی رووداوه مێژووییه‌کانه‌وه، ده‌ڵێ بارزانیی به‌س موڵکی پارتیی نییه، به‌ڵکو موڵکی هه‌موو کورده، له‌کاتێکدا به‌درێژایی مێژووی بارزانیی و تا هه‌نووکه‌ش پارتیی، بارزانیی بۆ ئه‌جێندا سیاسیی وئایدیۆلۆژییهکانی خۆی به‌کارهێناوه، ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت زیاتر له‌حیزبێکی تایه‌فیی ده‌چێت، به‌ڵام که لێی ده‌قه‌ومێ ده‌یکات بهسیمبۆڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی کورد.
پارتیی ده‌بێ له‌وه تێبگات، مێژوو به‌ویستی ئه‌و نانووسرێته‌وه، چۆن به په‌لامار و راپه‌ڕین و زه‌وتکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن شه‌واف و به‌عسییه‌کانی 1963 و 1968 ه‌وه ده‌گوترێ کووده‌تای سه‌ربازیی، به‌هه‌مان شێوه‌ش شۆڕشه‌که‌ی ئه‌وان، که به‌شۆڕشی ئهیلوول ناوی ده‌به‌ن، ده‌کرێ به‌کووده‌تا ناوببرێ، به‌تایبه‌تیی به‌ده‌ستی ئێران و ئه‌مێریکا، دژی شۆڕشه‌كه‌ی یان کووده‌تاکه‌ی قاسم بوو. ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیی و کولتوورییه‌ی که مه‌لا مسته‌فای له عه‌بدولکه‌ریم قاسم یاخیی کرد، له‌دوورو نزیکه‌وه پێوه‌ندیی به سته‌می میللیی و زوڵمی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر کورد نه‌بووه، به‌ڵکو پێوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی بنه‌ماڵه‌که‌ی و ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گه‌کانی کورد و رژێمی شای ئێران و ئیسرائیل و ئه‌مێریکاوه هه‌بوو. کارتێکی سی ئای ئه‌ی بوو له‌دژی باڵاده‌ستیی سۆڤێت له‌ناوچه‌که‌دا، جا پارتیی هه‌رچۆنێک ئه‌مه ده‌نووسێته‌وه ئازاده، به‌ڵام له‌ڕاستییدا مه‌لا مسته‌فا و هاوه‌ڵه‌کانی ( به‌تایبه‌تیی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و تاڵه‌بانیی) به‌کارهێنران بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌ره‌کیی و ئه‌جێندا سیاسیی و کولتوورییه‌کانی کوردیش وه‌ک کارتێکی گوشار له‌لایه‌ن هێزگه‌لێکی ناوچه‌یی و جیهانییه‌وه به‌کارهێنران.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ قانعی فه‌ردێک له بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی راست بووه‌ته‌وه و ئه‌و دۆکیومێنتانه دێنێته ده‌ره‌وه که پێچه‌وانه‌ی ریوایه‌ت و ئه‌فسانه و حیکایه‌ته‌کانی ئێسنۆناسیۆنالیزمی کوردیین، پێچه‌وانه‌ی وه‌همی سیمبۆڵیزمبوونی مه‌لا مستهفاو ئه‌و کتێبانه‌یه که‌له‌سه‌ر ژیان و قاره‌مانییه‌کانی ئه‌و نووسراوون، ئه‌وه سبه‌ی رۆژیش چه‌ندین قانعی فه‌ردی تر په‌یدا ده‌بێ و مێژووی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و تاڵه‌بانیی و ئیدریس بارزانیی و قازیی محه‌مه‌د و ئه‌حمه‌د تۆفیق و ئۆچه‌لان و قاسملو …………..تاد له زمانی ئه‌رشیفه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌یی و وڵاتانی زلهێز و سکۆلاره بێلایه‌نه‌کانه‌وه له‌دیدێکی جیاوازتر له دیدی سه‌رکرده‌کانی کورده‌وه ده‌نووسنه‌وه و نه‌وه‌کانی دواترمان چیتر به‌ته‌نها بڕوا به‌ئه‌فسانه و سیمبۆڵیزمه دروستکراوه‌کان ناکه‌ن. به‌دڵنیاییشه‌وه چه‌ندین لڤینی تریش په‌یدا ده‌بێ و سنووریی ئه‌و موقه‌ده‌ساته ئه‌فسانه‌ییه‌ی بنه‌ماڵه سیاسییه‌کانی کورد بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌به‌زێنێ و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌یان ئه‌هریمه‌نی سیاسیی هه‌رزه‌کاری! تردا ده‌که‌ن. له کۆتاییدا گرینگه ئه‌وه بگوترێ، قانعی فه‌رد هیچی نه‌کردووه، جگه له‌گه‌ڕان به‌دوای نهێنییه‌کانی سه‌رکرده کورده‌کاندا له‌ناو زبڵدانی مێژوودا. به‌ڵام ئه‌و زبڵدانی مێژووه ئه‌گه‌ر له‌لای مێنتاڵیتیی سه‌رکرده‌و فه‌رمانده میلیشییایه‌کانی شاخ ناخوێنرێتهوهو رێزی بۆ دانانرێ، نه‌وه‌ی نوێ دهیانخوێنێتهوهو ده‌ریان ده‌هێنێ و چاپیان ده‌کاته‌وه‌و توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌کات و له‌ناو ئه‌و زبڵدانه مێژووییه‌شدا بهمهرحوم و به زیندوویانه‌وه دادگاییان ده‌کات.
كامیار سابیر