خیانه‌ت و بێده‌نگی ….. یاسین بانیخێڵانی
زۆر ساده پرسیارێک دێته پێشه‌وه ئه‌ویش خیانه‌ت چییه؟ خیانه‌ت پێناسه‌ی زۆر بۆ کراوه وه‌ک له‌زۆرێک له نووسه‌ران و بیرمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن ئه‌و پێناسانه به‌س نین بۆ چه‌مکی خیانه‌ت چونکه مه‌سه‌له‌یه‌کی ڕێژه‌ییه له‌هه‌ر ڕووداو‌و کردارێکدا پێناسه‌ی جیاوازی بۆ ده‌کرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مویان ڕێکن له‌سه‌ر ئه‌و دێڕه‌ی ده‌ڵێت: خیانه‌ت تێکشکاندنی متمانه‌یه‌و متمانه له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێته قوربانی، که ده‌شێت ئه‌م تێکشکاندنه خۆشه‌ویستیش وێران بکات. که‌واته کرۆکی وشه‌ی خیانه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودی متمانه، بۆیه هه‌رکاتێک متمانه نه‌ما ئه‌وا خیانه‌ت جێگای ده‌گرێته‌وه، ده‌شێت خیانه‌تیش له کاتێک بۆ کاتێکێ تر، له شوێنێک بۆ شوێنێکی تر‌و له په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی/سیاسی‌دا مانایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت. له زۆربه‌ی ئاینه‌کاندا خیانه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێ متمانه‌یی بیر‌و باوه‌ڕ، له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێ متمانه‌یی خۆشه‌ویستی و ڕاستگۆیی، به‌ڵام له سیاسه‌تدا به‌ته‌واوی جیاوا‌زه، چونکه سیاسه‌ت بۆ خۆی یارییه‌که له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی کارده‌کات، ده‌شێت که‌سێک له‌م بواره‌دا یاریزانێکی لێهاتوو بێت له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆیی و گه‌یشتن به خه‌ونه‌کانی بێ ئه‌وه‌ی سنووری خیانه‌ت تێپه‌ڕینێت، چونکه سیاسه‌ت وه‌ک ئایین بیروباوڕ نییه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک یاسای نه‌گۆڕ دامه‌زرابێت، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت گۆڕا بۆ فۆرمێکی ئاییینی ئه‌وا گۆڕینی بیروباوڕ وه‌ک خیانه‌ت ته‌ماشا ده‌کرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی لای سۆسیالیسته‌کان بینیومانه. په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیش نییه واژۆی له‌سه‌ر به‌ڵێننامه‌یه‌ک کردبێت و به‌ڵێننامه‌که‌ی شکاندبێت، به‌ڵکو سیاسه‌ت بۆ خۆی ململانێیه‌که بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات تا له‌وێوه خه‌ونه‌کان پراکتیزه بکات، به‌ڵام هارۆلد لاسویڵ گووته‌نی: ‘ که‌یی و چۆن؟’. ده‌شێت ئه‌م موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ئومێدی زۆرێک له کۆمه‌ڵگابێت و ده‌شێت واش نه‌بێت، مێژوو پڕه له چه‌ندین فۆرمی ده‌سه‌ڵات، پڕه له ململانێی خوێناوی، تا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی به‌ربه‌ریه‌ت، به‌ڵام کاتێک پۆلێن ده‌کرێن، زۆر له‌م ده‌سه‌ڵاتانه ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی خیانه‌ته‌وه، ئیتر من و تۆ چ ناوێکیان ده‌نێین و چۆن پێناسه ده‌کرێن ئه‌وه‌یان بابه‌تێکی تره.
له‌مێژوودا ڕووداوی سه‌یر سه‌یر هه‌یه، که خیانه‌تکار وه‌ک قاره‌مان و نیشتیمان په‌روه‌ر ده‌ناسرێت و پاش هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو ده‌بینین ئه‌وه‌ی له ئێمه‌یان گه‌یاندووه یان وا تێگه‌یشتووین ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته، بۆیه خوێندنه‌وه‌ی مێژوو به‌درووستی و گه‌ڕان به‌دوای به‌ڵگه‌نامه‌و سه‌رچاوه‌ی جۆراو جۆردا زیاتر مرۆڤ له ڕاستییه‌کانه‌وه نزیک ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌کرێت و به‌ته‌نها تاکه سه‌رچاوه‌یه‌کی خانه‌خوێ بخوێنینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگێنین ئه‌وا هه‌میشه ڕاستییه‌کان له‌ژێر گۆڕه‌کاندا ده‌مێنێته‌وه‌و ئاینده‌ش لێڵ و ناڕۆشن ده‌بینێت، بۆیه گه‌ڕان و پشکنینی ئه‌رشیف و به‌ڵگه‌نامه‌کان به تایبه‌تی ئه‌و ئه‌رشیف و به‌ڵگه‌نامه نهێنییانه‌ی له‌سه‌رده‌می خۆیدا به نهێنی واژۆ کراون له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه سیاسیی و سه‌ربازییه‌کان زۆر پێویستن. چونکه ئێمه وه‌ک نووسه‌رو سیاسه‌تمه‌داری فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ مالرو ده‌ڵێت: (بخوازین داهاتوو بخوێنینه‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕابردوو) .
گابریل دو ریکێتی ناسراو به میرابۆ Mirabeauده‌شێت نمونه‌یه‌کی زیندوو بێت له دونیا، که خیانه‌تی له گه‌ل و خه‌ڵکه دڵپاکه سته‌مدیده‌که‌ی پشتیوانی کردبێت، میرابۆ، که له کۆتایی ته‌مه‌نیدا به ‘قسه‌که‌ری شۆڕش’ ناسرابوو پیاوێکی تا بڵێی سه‌رسه‌ری و خوێڕی سه‌رده‌می خۆی بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوڕی یه‌کێک له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی فه‌ره‌نسا بوو هه‌موو کات و ژیانی دابووه ده‌ست یانه‌کانی شه‌وانی پاریس، له‌به‌ر زیاده‌ڕه‌وی خواردنه‌وه وکاری نابه‌جێ تووشی قه‌رزارییه‌کی زۆر هات و باوکیشی نه‌ک نه‌چووه ژێرباری قه‌رزه‌کانی به‌ڵکو لای لویسی15 داوای له‌سه‌ر تۆمارکردو له‌ساڵی 1775 ده‌سگیرکرا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یتوانی له زیندان هاتووچۆی ده‌ره‌وه بکات، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ماری تێرێز دو مونیه‌ی خێزانی مارکیز دو مونیه‌ی په‌یدا ده‌کات و هه‌ڵیده‌گرێت و به‌ره‌و سویسرا هه‌ڵدێت، دادگای فه‌ره‌نسا به ئاماده‌نه‌بوون بڕیاری له سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌کات. دیاره میرابۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی له تاراوگه ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد ئاشنا بوو به زیندانه‌کانی ئه‌و ووڵاتانه‌ش لێی ده‌ژیا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و زیره‌کی ڕه‌وانبێژی و قسه‌زانییه‌ی توانای قایلکردنی به‌رامبه‌ره‌که‌ی هه‌بوو زۆر به‌ئاسانی ده‌یتوانی به‌رپرس و پاسه‌وانی زیندانه‌کان بکاته هاوڕێی خۆی، له‌مێژوودا نمونه‌ی قسه‌زان و زیره‌کی میرابۆ ده‌گمه‌نه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی چارڵ موریس ناسراو به ‘تالیراندی باوکی درۆ’ی له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا ڕیسوا کرد. میرابۆ به‌رده‌وام له‌ڕێگای نووسینه ئاگراوییه‌کانی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌به‌گه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می فه‌ره‌نسا توانی له‌ناو خه‌ڵکی فه‌ره‌نسادا خۆی بناسێنێت، توانای نووسینی هێنده باڵا ده‌ستبوو که‌س نه‌بوو به خوێندنه‌وه‌ی سه‌رسام نه‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی کرد به ڕۆشنگه‌ران و لایه‌نه سه‌ربه‌خۆکان حوکمی له سێداره‌دانه‌که‌ی له‌فه‌رنسا هه‌ڵوه‌شایه‌وه. ئه‌و کاته‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسا له‌کڵپه‌دا بوو میرابۆ به ووته ئاگراوییه‌کانی بووبووه داینه‌مۆی شۆڕشی فه‌ره‌نسا، که‌س نه‌بوو له فه‌ره‌نسادا به‌م پیاوه سه‌رسام نه‌بێت، له کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان قسه‌ی ده‌کرد هه‌موو بێده‌نگ ده‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی باش گوێیان له ووته‌کانی بێت. له سه‌ره‌تای ساڵی 1791 توشی نه‌خۆشییه‌کی کت‌وپڕ ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک لایان وایه ده‌رمانخوارد کراوه، چونکه چه‌په‌کان هه‌میشه لێی به گومان بوون، له سه‌ره‌تای مانگی چواری هه‌مانساڵدا له “شه‌قامی شوسێ دانتا” کۆچی دوایی ده‌کات، پاش مردنی ناوی ئه‌م شه‌قامه گۆڕا بۆ “شه‌قامی میرابۆ”. مردنی ئه‌م پیاوه شۆڕشگێره سه‌رانسه‌ری فه‌ره‌نسا به تایبه‌تی چینی کرێکار وجوتیارانی ئه‌و سه‌رده‌مه خه‌مبار ده‌کات بۆیه بڕیار ده‌ده‌ن ته‌رمه‌که‌ی وه‌ک ڕێزێک له‌و پیاوه گه‌وره له پانتیۆن Panthéon بنێژرێت، (ته‌نها بۆ زانین پانتیۆن له دوو ووشه‌ی یۆنانییه‌وه هاتووه پان pan واته هه‌موو ثیۆس theós خوا، به‌سه‌ریه‌که‌وه واته جێگای هه‌موو خواکان). له دوای ناشتنی میرابۆ له پانتیۆن ئیتر پانتیۆن ناوه‌که‌ی گۆڕا بۆ گۆڕستانی پیاوه مه‌زنه‌کان، بۆیه هه‌ر سێ مانگ دواتر گۆڕێ ڤۆلتێری فه‌یله‌سوف گوازرایه‌وه بۆ ئه‌وێی و به دواییدا ژان ژاک روسۆو ساڵانی دواتر زۆربه‌ی پیاوه ناوداره‌کانی فه‌ره‌نسا له‌وێ نێژران. دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی شۆڕگێڕێ فه‌ره‌نسا توانیان به‌ته‌واوه‌تی ته‌ختی پاشایه‌تی بڕوخێنن و ده‌ستیان بگاته هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه نهێنییانه‌ی له ئه‌رشیفی کۆشک پارێزراو بوون، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی هه‌موو شۆڕشگێڕانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی حه‌په‌ساند ئه‌و به‌ڵگانه بوون، که لویسی 16 له ساڵی 1790 ه میرابۆی کڕیبوو، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی هه‌موو بۆ بداته‌وه‌و پله‌و پایه‌ی باشیشی بداتێ، ئه‌مه وای له‌و خه‌ڵکه توڕه کرد که بڕۆن گۆڕه‌که‌ی له پانتیۆن ده‌ربهێنن و له شوێنه‌که‌ی ژان پول مارا بنێژن و لاشه‌که‌ی میرابۆیان سوتاند و پاشماوه‌که‌یان برد بۆ کلامار، ئه‌گه‌رچی له ساڵێ 1889 گه‌ڕان به‌دوای گۆڕه‌که‌یدا به‌ڵام نه‌دۆزرایه‌وه.
دیاره مێژوو پڕه له‌م جۆره چیرۆکانه‌و به پێچه‌وانه‌شه‌وه، که مرۆڤی شۆڕشگێڕ هه‌بووه وه‌ک خۆفرۆش ناوی ڕۆشتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه به‌دواداچوون و قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی خه‌باتی سیاسی بکرێت، پێویسته له‌سه‌ر ئێمه هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو به چاک و خراپه‌وه هه‌ڵده‌ینه‌وه، با له‌گه‌ڵ حه‌زو ئامانجه‌کانی ئێمه‌دا نه‌یه‌ته‌وه، به‌ڵام سودی بۆ داهاتوو ده‌بێت، ناکرێت ئێمه به ڕه‌هایی سه‌یری که‌سایه‌تییه‌کانی مێژووی سیاسیمان بکه‌ین و هه‌ر گووتیان ئه‌مه باوکی شۆڕشه، ئه‌مه مه‌زنترین شۆڕشگێڕه ئیتر هه‌موو له‌سه‌رچۆک کڕنۆش به‌رین و قسه‌یه‌کمان نه‌بێ بۆ کردن. مێژووی ئێمه پڕه له میرابۆ به‌ڵام که‌س نییه قسه له‌سه‌ر ئه‌م میرابۆیانه بکات به بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌میشه دۆخ و ڕه‌وشه‌کان ئاڵۆزه‌و کاتی ئه‌وه نییه، به لۆژیکی سیاسییه‌کانی ئێمه هه‌میشه ڕه‌وشه‌کان ناله‌باره بۆ قسه‌کردن له خیانه‌ته گه‌وره‌کان، کاتێک ناکۆکییه‌کان ده‌ته‌قنه‌وه هه‌موو شتێک ده‌وترێت، هه‌رکاتێکیش “ئاشتی” واته به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌کان خۆیان گووته‌نی هاته ئاراوه نه‌ک بێده‌نگی به‌ڵکو پیاهه‌ڵدان و په‌سن به‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵه، خیانه‌تو ناپاکییه‌کان له میدیاکاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، ئه‌م یارییه‌ی سیاسییه‌کانی ئێمه خه‌ریکه ده‌بێته کولتورێکی ترسناک، خه‌ریکه لایه‌نه سه‌ربه‌خۆو بگره ئۆپۆزیسیۆنه‌کانیش بگرێته‌وه، من پێم سه‌یره ئه‌م گروپه سه‌ربه‌خۆو به‌رهه‌ڵستکارانه چۆن توانیویانه بڕۆنه ناو گه‌مه‌کانی ئه‌م حیزبانه‌وه وا بۆ نیوسه‌ده ده‌چێت، به‌م شێوه سیاسه‌تیان کردووه‌و ئه‌وه‌شی باجه‌که‌ی داوه ته‌نها خه‌ڵکی هه‌ژار، نه‌دارو ساده‌ی ئه‌و گه‌له سته‌مدیده‌یه به‌ده‌ست هه‌ڵه‌ی خه‌باتگێڕان و دڵڕه‌قییه‌کانی دوژمنه‌وه بووه. ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌مانێک ئێمه نه‌مانتوانیوه ده‌ستمان به ئه‌رشیفه نهێنییه‌کان و ده‌نگمان به میدیاکان بگه‌شتبا ئه‌وا ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌وانه ئاسانه چ له کوردستان و چ له ده‌ره‌وه قسه‌کردن به ئار‌گومێنت زۆر ئاسانه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی له چاونه‌گرین، چونکه سه‌رده‌می چاوسورکردنه‌وه کۆتاییهاتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌کرێت ئه‌وا ئێمه به‌ده‌ستی خۆمان دیکتاتۆر دروست ده‌که‌ین وه‌ک گیۆرگ بێرنانۆس ده‌ڵێت: (ئه‌وه دیکتاتۆرییه‌ت نییه دیکتاتۆر ده‌ئافرێنێت، به‌ڵکو ئه‌وه مێگه‌له دیکتاتۆر ده‌ئافرێنێت) مه‌به‌ست له مێگه‌ل لێردا کۆمه‌ڵگایه‌کی بێده‌نگ، بێهه‌ڵوێست و ملکه‌چه. دیاره ئه‌م سێکوچکه‌یه یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن، چونکه مرۆڤ بێده‌نگ بوو هه‌ڵوێستی نابێت، کاتێکیش مرۆڤ هه‌ڵوێستی نه‌بوو ده‌بێته که‌سێکی ملکه‌چ ئه‌مه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ده‌روونناسان گه‌شتنه ئه‌و بڕوایه‌ی خه‌ڵکانی ملکه‌چ یان سه‌رشۆڕ که‌سانێکن توانای هه‌ڵوێست وه‌رگرتنیان لاوازه به هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانن ناخی خۆیان ده‌رببڕن، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ببیته که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو پێویسته ئه‌وه‌ی له ناختدایه ده‌ریببڕیت، نه‌ک خۆت بخۆیته‌وه یان درۆ له‌گه‌ڵ خۆت بکه‌یت.
پێم سه‌یره کۆمه‌ڵگای ئێمه پاش ئه‌و هه‌موو قوربانییه گه‌ورانه، پاش ئه‌و گیانفیدایی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌ختانه به‌رامبه‌ر به دوژمن ئێستا له دۆخێکی هێنده ترسناکدا تێده‌په‌ڕێت، که میرابۆکانی به هه‌گبه‌یه‌ک فایلی خیانه‌ته‌وه هێشتا لافی شۆڕشگێڕی لێده‌ده‌ن، هێشتا ده‌ترسین له ڕاستی گووتن نه‌بادا پێمان بڵێن ده‌ستێکی ده‌ره‌کی له پشته، ئه‌وان به ئاشکرا ده‌ستی خیانه‌ت تێكه‌ڵ به دوژمنان ده‌که‌ن و ده‌بێت ئێمه بێده‌نگ بین، ئه‌وان ده‌بنه ڕێبه‌ر بۆ بنکه‌و باره‌گای براکانیان و به دڵڕه‌قترین شێوه له‌ناویان ده‌به‌ن، ده‌بێت ئێمه بێده‌نگ بین، ئه‌وان ده‌که‌ونه پێش ده‌بابه‌کانی به‌عس و ده‌بێت ئێمه ووشه‌یه‌ک چییه له زارمان نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه چونکه بارودۆخه‌که پێویستی به بێده‌نگی هه‌یه وه‌ک یانه‌ی شه‌وانی پالاسته‌کان، له ڕۆژانی یادگاره تاڵه‌کان و خیانه‌ته مه‌زنه‌کان ده‌بێت پشووی قه‌ڵه‌م بێت چونکه ماندووه‌و برینه‌کانیش هێشتا ساڕیژ نه‌بوون.
کاتێکیش دێیته قسه نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی فایله قه‌به‌کان هه‌ڵده‌یته‌وه، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی خوا نه‌خواسته به شۆڕشگێرێک بڵێیت: قوربان ئه‌و کۆڵه فایله به شانته‌وه‌یه بۆ کوێی ده‌به‌یت، نه‌ک و نه‌ک و نه‌ک…. به‌ڵکو ته‌نها خه‌وبینێک به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناوت به‌ن و پاشان به مانشێتی گه‌وره له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌کان بنووسن ئه‌و تیرۆریسته‌ی ده‌یویست به خیانه‌ت له نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان خۆی وه‌ک دڵسۆز‌و خه‌مخۆری ئه‌م نه‌ته‌وه نیشان بدات، ده‌سته‌که‌یمان بۆ ئاشکرابوو. براینه ئێمه به‌چه‌پ و راسته‌وه، به ئۆپۆزیسیۆن و بێلایه‌نه‌کانه‌وه، به دیندارو بێدینه‌کانه‌وه ده‌بێت باسی ڕابردوو نه‌که‌ین، نابێت چیتر ئێمه باسی دوێنێ بکه‌ین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سبه‌ینێ شتێکمان ده‌ست بکه‌وێت. ئاینشتاین گوته‌نی: (ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیه‌وێت ببێته ئه‌ندامێکی بێ عه‌یبی مێگه‌ل، پێویسته له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه مه‌ڕ بێت).