له ماڵئاوایی بیرمه‌ندی فیكری ئیسلامی د. محه‌مه‌د ئاركۆن
شه‌وی سێشه‌ممه 15/9/2010 بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی به‌ره‌چه‌ڵه‌ك جه‌زائیری د.محه‌مه‌د ئاركۆن له شاری پاریس به‌نه‌خۆشی و له‌ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، كۆچی دوایی ئه‌م بیرمه‌ندو ره‌خنه‌گره زیانێكی گه‌وره‌یه له فیكری هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تی و له فیكری رۆشنگهرو پێشكه‌وتووی عه‌ره‌بی-ئیسلامی، ئاركۆن بیرمه‌ندو توێژه‌رو ره‌خنه‌گری ئه‌قڵی ئیسلامییه‌و پسپۆره له بواری فیكری ئیسلامی‌دا، خاوه‌نی ده‌یان كتێب و سه‌دان وتاره ده‌رباره‌ی ره‌خنه‌گرتن له ئه‌قڵی ئیسلامی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كه‌له‌پوری ئیسلامی، ئاركۆن له میانی ژماره‌یه‌ك میتۆدی زانستیی تازه‌وه، به‌تایبه‌تی میتۆدی زمانهوانیو مێژووگهراییو سۆسیۆلۆجی و ئه‌نترۆپۆلۆجی، لێكۆڵینه‌وه‌ی له باره‌ی فیكری ئیسلامی ئه‌نجام داوه. واته هه‌مان ئه‌و میتۆدانه‌ی به‌كارهێناوه كه بیریارانی فه‌ره‌نسه‌و خۆرئاوا به‌سه‌ر كه‌له‌پووری مه‌سیحی ئه‌وروپیدا پراكتیزه‌یان كردووه‌و گه‌یشتوونه‌ته كۆمه‌ڵێ ده‌ره‌نجامی زانستیی گرنگ.
محه‌مه‌د ئاركۆن له‌ساڵی 1928 له‌شاری تاوریرت له جه‌زائیر له‌دایك بووه، سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌شاری وه‌هران ته‌واو كردووه، پاشان چوه‌ته جه‌زائیری پایته‌خت و له زانكۆی ئه‌و شاره‌دا به‌شی زمانی عه‌ره‌بیی له كۆلێجی ئاداب ته‌واو كردووه، دواتریش ده‌چێته فه‌ره‌نسه‌و له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانه‌وه تا كۆچی دوایی له‌پاریسدا نیشته‌جێ بوو، له‌ساڵی 1969 له زانكۆی سۆربۆن بڕوانامه‌ی دكتۆرای ده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه، تێزی دكتۆراكه‌شی بریتییه له لێكۆڵینه‌وه له هیومانیزمی عه‌ره‌بی به ناونیشانی “میسكهوهیهو ره‌وتی هیومانیزمی عه‌ره‌بی له‌سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی‌دا” هاشم ساڵح به‌م ناونیشانه كردوویه‌تی به‌عه‌ره‌بی(نزعه اڵانْسَنَه فی الفكر العربی)، له‌ساڵی 1961ه‌وه مامۆستای یاریده‌ده‌ر بووه له زانكۆی سۆربۆن، بۆ ماوه‌ی پتر له نیو سه‌ده له فه‌ره‌نسه ژیا و به زمانی فه‌ره‌نسی ده‌ینووسی. له‌ساڵی 1970 كۆرسی مێژووی فیكری ئیسلامی پێدرا، له‌ساڵی 1976 تا 1988 به‌رێوه‌به‌ری “ئه‌نیستیتوتی خوێندنی ئیسلامی” بووه له سۆربۆن. هه‌روه‌ها سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ARABICA بووه كه به‌زمانی فه‌ره‌نسی ده‌رده‌چوو تایبه‌ت بوو به‌لێكۆڵینه‌وه له فیكری عه‌ره‌بی ئیسلامی. له‌زۆربه‌ی زانكۆكانی ئهمریكاو ئه‌وروپاو ئاسیا‌و ئه‌فریقاو هه‌ندێ له زانكۆ عهرهبیهكانیشدا بانگهێشت كراوه‌و به‌زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی لێكچهری تایبه‌تی وتۆته‌وه.
سه‌رجه‌م پرۆژه‌ی ئاركۆن له‌ژێر یه‌ك ناونیشانی سه‌ره‌كیدا كۆده‌بێته‌وه، ئه‌و ناونیشانه سه‌ره‌كییه‌ش بریتییه له: “ڕه‌خنه له عه‌قڵی ئیسلامی”. واته ئه‌و گه‌شتێكی زانستی به سه‌رانسه‌ری مێژوو و بیری ئیسلامی‌دا دهكاتو ده‌یه‌وێت پتر له چوار سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی‌دا بووه‌ستێت كه ئه‌و چوار سه‌ده‌یه دواجار ده‌بێته بناغه‌ی بیر‌و مێژووی عه‌ره‌بی – ئیسلامی. گرنگیی پرۆژه‌كه‌ی ئاركۆن له‌وه‌دایه كه‌ده‌چێته ناو گیروگرفته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئایین و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی‌یان له‌سه‌ر ئه‌نجام ده‌دات ، بوونی ئاركۆن له‌زانكۆیه‌كی گرنگی وه‌كو زانكۆی سۆربۆن، ئازادییه‌كی فراوانی بۆ ده‌سته‌به‌ركردبوو ، ئه‌و ئازادییه‌ی ره‌نگه له‌هیچ زانكۆیه‌كی عه‌ره‌بیدا بوونی نه‌بێت به‌تایبه‌تی لهپهیوهستیدا به‌شیكردنه‌وه‌ی فیكری ئایینی. ئاركۆن پێی وایه گواستنه‌وه له‌باوه‌ڕی دۆگمایی وداپلۆسێنهرانهی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ باوه‌ڕی زانستی وعهلمانییانهی سه‌ده نوێیه‌كان، به‌بێ نه‌زیفێكی ناوه‌كیی توند‌و به‌بێ ههڵتهكاندنێكی گه‌وره ئه‌نجام نادرێت.
پرۆژه‌ی سه‌ره‌كیی محه‌مه‌د ئاركۆن پرۆژه‌ی بیریارێكه له‌ناو بابه‌تێكی ئێجگار گرنگ‌و هه‌ستیاردا كارده‌كات، پرۆژه‌یه‌كه ده‌چێته نێو قوڵاییه‌كانی كه‌له‌پوری ئایینی ئیسلامی تا دواجار به‌به‌كارهێنانی میتۆده زانستییه‌كانی بواری سوسیۆلۆجیاو ئه‌نترۆپۆلۆجیا به‌كۆمه‌ڵێ ده‌ره‌نجامی زانستیی گرنگ‌و ده‌گمه‌ندا بێته ده‌رێ، پرۆژه‌یه‌كه میتۆده‌كانی زانسته مرۆڤایهتیو كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات به‌كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵكۆڵینی رووبه‌ره نهخوێنراوهكانی كه‌له‌پوری ئیسلامی‌و ده‌رخستنی لایه‌نه تاریك‌و رۆشنه‌كانی ئه‌و كهلهپورهو پاشان ههڵوهشاندنهوهیانو پیشاندانی رهههندو چینه جیاجیاكانی كه به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه بوون‌و بیری ئیسلامی‌یان بهدۆگمایهكی داخراو هێشتۆته‌وه، پوخته‌ی بیر‌و ده‌ره‌نجامی كاره‌كانی له‌چه‌ندین كتێب‌و وتاری زانستیدا خستۆته روو كه له‌هه‌ردوو دنیای خۆرئاوایی‌و خۆرهه‌ڵاتیدا به‌زمانی فهرهنسیو ئینگلیزی‌و عه‌ره‌بی بابه‌ته‌كانی چاپ كردووه. پتر له‌ده كتێبی به‌زمانی عه‌ره‌بی چاپكراوه كه زۆربه‌یان له‌لایه‌ن هاشم ساڵحه‌وه وه‌رگێڕدراون، واته رۆڵی هاشم ساڵحیش بهوهرگێڕانو پهراوێزو شه‌رحه دوورودرێژهكانی هیچی له‌رۆڵی ئاركۆن كه‌متر نییه‌و بگره پارسه‌نگی كاره‌كانی ئاركۆن ده‌كات. هاشم ساڵح له ژماره‌ی رۆژی 16/9/2010ی رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ)دا به بۆنه‌ی كۆچی دوایی ئاركۆن نووسیویه‌تی: به‌كۆچكردنی ئاركۆن لاپه‌ڕه‌یه‌ك له ژیانی منیش هه‌ڵدرایه‌وه چونكه ناوی من به ناوی ئه‌وه‌وه به‌سترابۆوه وه‌ك وه‌رگێڕێكی بنه‌ڕه‌تیی كاره‌كانی ئه‌و، ئه‌گه‌رچی من تاقه وه‌رگێڕی ئاركۆن نه‌بووم، به‌ڵام حه‌ماسێكی گه‌وره‌م بۆ پرۆژه فكرییه‌كه‌ی هه‌بوو و تا ئێستاش هه‌مان ئه‌و حهماسهم هه‌یه بۆ وه‌رگێڕانی فیكری ئاركۆن
. ئاركۆن له خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاركیۆلۆجیانهدا كێشه‌ی هیومانیزم له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ده‌خاته‌ڕوو كه‌به‌ناو بیری تهوحیدیو جاحڤو میسكهوهیهو ئیبن روشدو بیریارانی تردا گه‌شتێكی زانستی دهكاتو ده‌یه‌وێ ئه‌و دیوه پرشنگدارانه‌ی بیری ئیسلامی بهێنێته سه‌ره‌وه كه‌چه‌ندین سه‌ده‌یه فه‌رامۆش كراون، هه‌ژمونی دۆگمای ئیسلامی نه‌یانهێشتووه ئه‌و بیره هیومانیستییه‌ی سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی گه‌شه بكات‌و په‌ره‌ی پێبدرێت.
ئه‌م تێزه‌ی ئاركۆن درێژه‌پێدانی هه‌مان ئه‌و تێزه‌یه كه له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌تێزی دكتۆرانامهكهیدا خستویه‌تیه روو له‌باره‌ی هیومانیزمی نه‌وه‌ی میسكهوهیهو تهوحیدیو ئیبن عه‌میدو صاحب بن عبادو سه‌رجه‌م ئه‌و نوسه‌رو ئهدیبو فه‌یله‌سوفانه‌ی رۆڵێكی چالاكیان هه‌بووه له‌بره‌وپێدانی ئه‌و تیۆرسازیو ئهرگۆمێنتهدا كه له‌سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی‌دا كه‌شێكی فیكرییان خوڵقاندبوو. ئاركۆن ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت له‌چوار سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی‌دا كه‌شێكی له‌بارو گونجاو هه‌بووه بۆ گفتوگۆی فیكری‌و خستنه‌رووی كێشه‌ی ئایین به‌ته‌فسیره جیاجیاكانی ده‌قی دامهزرێنهریشهوه، ده‌یه‌وێت بیرمانی بخاته‌وه كه له‌سه‌رده‌مێكدا فه‌یله‌سوفی ئیسلامی هه‌بوون ده‌رگای بیری جیاوازیشیان بۆ تێڕوانینی ئایینی ده‌كرده‌وه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌شه ئایینیه‌ی ئه‌وسا به‌رده‌وام بوایه‌و دواجار دۆگمای ئیسلامی سه‌رانسه‌ری بیری ئیسلامیی داگیرنهكردایه، ده‌شیا زووتر‌و چه‌ندین سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر بیری دۆگمای ئیسلامی وشكی بكردایه‌و بیرێكی رۆشنگه‌رانه له‌ناو ئایینی ئیسلامی‌دا بڵاو ببوایهتهوهو بارودۆخی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانیش نه‌گه‌یشتایه ئه‌و حاڵه‌ی ئه‌مڕۆ تیایدا ده‌ژین، ئه‌وسا ده‌شیا ئه‌و لێكترازانه گه‌وره‌یه‌ی نێوان “مۆدێرنه‌ی مادی” و “مۆدێرنه‌ی فیكری” دروست نه‌بوایه كهسهرانسهری كۆمه‌ڵگه عهرهبیو ئیسلامییه‌كانی ته‌نیوه.
كه‌واته ئامانجی سه‌ره‌كیی ئاركۆن له‌ده‌رهێنانی بیری هیومانیستیی ئیسلامی له‌چینه‌كانی ژێره‌وه‌ی كه‌له‌پوری ئیسلامی‌و له‌گۆشه له‌بیركراوه‌كانی ئه‌و كهلهپورهدا، ده‌رخستنی ئه‌و لایه‌نه رۆشنگهرهی بیری ئیسلامییه كه‌ده‌كرێ ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی زانستی بۆ ئه‌نجام بدرێ‌و ببێته زه‌وییه‌كی به‌پیت بۆ فه‌راهه‌مكردنی ریفۆرمی ئایینی‌و ده‌رچوون له‌باوه‌ڕی دۆگمای سه‌ده‌كانی ناوهڕاستو پێخستنه نێو چه‌رخی عه‌لمانییه‌ت ومۆدێرنهوه، ئاركۆن له‌م ئاسته‌شدا به‌دوو ئاڕاسته كارده‌كات، ئاڕاسته‌ی تیۆری‌و ئاڕاسته‌ی پراكتیكی، واته له‌سه‌رێك كه‌له‌پوری ئیسلامی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و به‌دوای دیوه گهشهكانیدا دهگهڕێتو ئه‌و بیریار‌و فهیلهسوفانهمان پێده‌ناسێنێت كهتێڕوانینێكی كراوه‌و تا ئاستێك ره‌خنه ئامێزیان بۆ ئایین‌و ئیمان‌و ته‌نانه‌ت بۆ تێكستی دامه‌زراندنیش هه‌بووه‌و ئه‌مڕۆ له‌بیركراون، له‌سه‌رێكی تر تیۆریزه‌ی ئه‌و چهمكو میتۆدانهمان بۆ ده‌خاته به‌رده‌ست كه‌خۆی كاریان تیادا دهكاتو له‌سه‌رده‌مێكی نزیكدا رۆڵێكی كاریگه‌ریان له‌خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تێكستی مه‌سیحیدا هه‌بووه‌و ریفۆرمی ئاینییان پێ ئه‌نجام داوه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و میتۆده زانستییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌بواری كۆمهڵناسیو مرۆڤناسیو ده‌رونناسی وزمانهوانیو مێژوویی‌دا داهێنراونو به‌رده‌وامیش لهپهرهپێدانو گه‌شه‌كردندان، دواجار ئاركۆن ئه‌و ده‌ستكه‌وته زانستییانه‌ی ئه‌و كایه گرنگانه ده‌كات به‌كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ پراكتیزهكردنیان به‌سه‌ر كه‌له‌پوری ئیسلامی‌و تێكستی قورئانیو فه‌رمووده‌و ته‌فسیره‌كاندا.
ئاركۆن پێی وایه كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه هاوچه‌رخه‌كان له‌دوو قۆناغی گرنگ دابڕاون، یه‌كه‌م: له‌و قۆناغه داهێنه‌ره‌ی كه‌له‌پوری خۆیان دابڕاون كهدهرگایهك بۆ رۆشنگه‌ری‌و بیری جیاوازی ئایینی ده‌كاته‌وه، واته چوارسه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی، یان ته‌نانه‌ت تا سه‌ده‌ی شه‌شه‌می كۆچیشو تامردنی ئیبن روشدی فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ئیسلامی كه‌دوای ئه‌وه ئیتر بیرێكی سكولاستیكیو باوه‌ڕێكی دۆگماتیزمانهی ئایینی بڵاوبووه‌و ته‌نها پشتی به‌یه‌ك ته‌فسیرو یه‌ك قوتابخانه‌و یه‌ك مه‌زهه‌ب ده‌به‌ست وه‌كو مه‌زهه‌بی (مالكی) له‌مه‌غریبی عهرهبیو مه‌زهه‌بی (حه‌نه‌فی) له‌ئیسلامی عوسمانی‌دا. دووه‌م: له‌و قۆناغه گرنگه‌ی مۆدێرنه دابڕاون كه له‌ئه‌وروپادا هه‌ر له‌سه‌ده‌ی شانزهههمو حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام له‌پێشكه‌وتندایه. بۆیه ئه‌م گیروگرفته بۆ بیریاران‌و رۆشنبیرانی دنیای هاوچه‌رخی ئیسلامی گرفتێكی ئاڵۆز‌و قورسه، چونكه ئه‌مان له‌به‌رده‌م كه‌له‌پورێكی مێژوویی قه‌به‌و ئاڵۆزدان كه تائه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی زانستی بۆنه‌كراوه. بۆیه ده‌بێ رۆشنبیرانی ئه‌مڕۆی دنیای ئیسلامی له‌دوو سه‌نگه‌ردا كار بكه‌ن: سه‌نگه‌ری كهلهپورو سه‌نگه‌ری مۆدێرنه‌ی ئهوروپیو.. چۆن بتوانن بگه‌نه ئاستێك قۆناغی كلاسیكی تێپهڕێننو بگه‌نه چه‌رخی مۆدێرنه. ئه‌م كاره به‌دوو گرووپ ده‌كرێ: گرووپی یه‌كه‌م گروپی ئه‌و پیاوه ئاینییانهیه كه دیدێكی كراوه‌و رۆشنگهرانهیان به‌رامبه‌ر بهئایینو كهلهپورو مۆدێرنه هه‌یه “كه ئه‌مانه ئه‌مڕۆ ژماره‌یان زۆر كه‌مه”، گروپی دووه‌م ئه‌و بیریار‌و رۆشنبیر‌و مێژوونووسانهن كه دیدێكی زانستی‌و واقعییان بۆ كێشه گه‌وره‌كانی ئه‌مڕۆی دنیای ئیسلامی هه‌یه‌و باوه‌ڕیان به‌پراكتیزه‌كردنی میتۆده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه. ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه ده‌بینین مه‌عریفه‌و زانیاریی زۆربه‌ی پیاوانی ئایین له‌سنوری زانیاری‌یان له كه‌له‌پورێكی ته‌قلیدی دهرناچێتو لاهوتێكی به‌سه‌رچوو ده‌خه‌نه روو و ئاگاداری ئه‌و ده‌ستكه‌وته زانستی‌و فه‌لسه‌فییه گه‌ورانه نین كه له‌ماوه‌ی چوار سه‌ده‌ی رابردوودا مۆدێرنه به‌ده‌ستی هێناون.
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم محه‌مه‌د ئاركۆن ئه‌م كتێبانه‌ی خواره‌وه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه كه زۆربه‌یان له‌لایه‌ن هاشم ساڵحه‌وه وه‌رگێڕدراون، جگه له‌مانه چه‌ندین كتێبی تری هه‌یه به زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و هۆڵه‌ندی و ئه‌ڵمانی و ئیندۆنیسی و زمانانی تری دنیا:
1- الفكر العربي : ترجمة د. عادل العوّا. دار عويدات- بيروت- سلسلة زدني علما 1979ً.
2- الإسلام بين الأمس والغد : ترجمة علي مقلد. بيروت.
3- تاريخية الفكر العربي الإسلامي : ترجمة هاشم صالح. مركز الإنماء القومي- بيروت 1986.
4- الفكر الإسلامي : قراءة علمية. ترجمة هاشم صالح. مركز الإنماء القومي- بيروت 1987.
5- الإسلام، الأخلاق والسياسة: ترجمة هاشم صالح. مركز الإنماء القومي بالتعاون مع اليونيسكو- بيروت 1986.
6- الفكر الإسلامي، نقد واجتهاد: ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 1995.
7- من فيصل التفرقة إلى فصل المقال: أين هو الفكر الإسلامي المعاصر؟: ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 1993.
8- الإسلام، أوروبا، الغرب: ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 1995.
9- الفكر الأصولي واستحالة التأصيل: ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 1999.
10- نزعة الأنْسَنَة في الفكر العربي: ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 1997.
11- من الاجتهاد إلى نقد العقل الإسلامي. ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 1991.
12- معارك من أجل الأنسنة في السياقات الإسلامية: ترجمة هاشم صالح. دار الساقي- بيروت 2001.
13- قضايا في نقد العقل الديني. ترجمة هاشم صالح. دار الطليعة- بيروت 1998.
14- من التفسير الموروث إلى تحليل الخطاب الديني ترجمة هاشم صالح. دار الطليعة- بيروت 2001.
15- الإسلام، أصالة وممارسة، بيروت 1986.
16- العلمنة والدين، ترجمة هاشم صالح, دار الساقي –ط1 -1990.
خۆیشم تا ئێستا ئه‌م چوار كتێبه‌ی خواره‌وه‌م كردووه به كوردی:
1- ئایین و عه‌لمانییه‌ت و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی , گفتوگۆ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئاركۆن , ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی , هه‌ولێر-2002 .
2- عه‌لمانیه‌ت و ئایین: ئیسلام، مه‌سیحیه‌ت، خۆرئاوا، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م 2005. چاپی دووه‌م له پرۆژه‌ی وه‌رگێڕانی شه‌ست كتێبی رێكخراوه دیموكراتییه‌كان 2009.
3- ئیسلام و گلۆبالیزم، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، كتێبی گیرفان، 2005.
4- ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت، سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی فكری و ئه‌ده‌بیی نما، هه‌ولێر، 2007.
كه حه‌زم ئه‌كرد به‌شی هه‌ره زۆری كتێبه‌كانی وه‌ربگێڕم و ئه‌مه له پرۆژهمدا بوو، به‌ڵام به‌هۆی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا‌و كاركردنم له سلكی زانكۆ له‌م پرۆژه‌یه دوور كه‌وتمه‌وه، راستتر تهئجیلم كردووه بۆ كاتێكی تر كه هه‌میشه كاریگه‌ریی ئاركۆن و ئه‌دۆنیسم به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ره‌وه بووه‌و به پێویستم زانیوه به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌م به كوردی.
نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د