تۆمه‌تبارکردنی سه‌رده‌شت عوسمان به تیرۆریست ئیدانه ده‌که‌ین
ماوه‌ی زیاتر له چوار مانگه جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان چاوه‌ڕوانی ئاشکرا کردنی بکوژانی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان دەكەن. ده‌یان هه‌زار که‌س له زۆربه‌ی شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستان و له گه‌لێک وڵاتی دنیا له خۆپیشاندان و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه‌کانیاندا یه‌ک ده‌نگ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسی لاویان مه‌حکوم کرد‌و ئەرکی ئاشکراکردنی تاوانکارانیان خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکان. که‌چی پاش ئه‌و ماوه زۆره‌و سه‌ره‌ڕای پەیمان و به‌ڵێن دان به‌وه‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت کە له‌سەر داوای سه‌رۆکایەتی هه‌رێم بۆ ئاشکراکردنی تاوانکاران پێک هاتووه سه‌ره‌داوی گرنگیان سه‌باره‌ت به‌و تاوانه که‌وتۆته ده‌ست، لیژنه‌ی ناوبراو له ڕاگه‌یاندنێکدا نه‌ک ته‌نها وه‌ڵامی خواستەکانی جەماوەری کوردستان و ڕۆژنامەنوسانی نەدایەوە، به‌ڵکو تۆمه‌تێکی ناڕه‌وای خستە پاڵ قوربانی ده‌ستی تیرۆر.
لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وە گیانبه‌خشی ڕێگای ئازادی ڕاده‌ربڕین، سه‌رده‌شت عوسمان، به هاوکاریکردنی گروپی ئه‌نسارولئیسلام تۆمه‌تبار ده‌کات‌و به‌م تۆمەتە نالۆژیکیەش دەری دەخات كە لیژنەکە لە ئاست خواست و داوای خێزانی قوربانیەکەو، هاوڕێ و دۆستانی و ڕۆژنامەنوسان‌و هه‌موو خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان نەبووە. ئەمە هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر هه‌ر ده‌نگێکی ئازاد. له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌م تاوانبارکردنه ئاکامێکی دژوار و ڕاسته‌وخۆی بۆسه‌ر خێزانی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێت.
ئێمه ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی که له خواره‌وه ناومان هاتووه، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانبارکردنه بەتوندی پڕۆتێست دەکەین، خوازیاری ئه‌وه‌ین که:
1/ لیژنه‌یه‌ک بۆ لێکۆلینەوە لە تیرۆری شەهید سەردەشت پێک بێت بەبەشداری ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی کوردستان، ڕۆژنامه‌نووسان، ڕێکخراوه نێو ده‌وڵه‌تیه‌کانی وه‌ک ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ‌و ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنوور‌و چاودێری مافی مرۆڤی جیهانی‌و نوێنه‌ری خێزانی سه‌رده‌شت عوسمان.
2/ حکومەت و ده‌سه‌ڵاتی ئەمنی به‌رپرسن له پاراستنی ئه‌منیه‌ت و ژیانی بنەماڵەی شەهید سەردەشت و هاوڵاتیانی كوردستان.
پارتی چه‌پی کوردستان
ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید- چاک
پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان- سوێد
حزبی شیوعی کوردستان/ ڕێکخراوی سوید
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ستۆکهۆڵم
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان- ڕێکخستنی ستۆکهۆڵم