
ده‌مه‌وێت بێمه ئه‌وینته‌وه
1
ده‌مه‌وێت بێمه ئه‌وینته‌وه
وه‌رزێك له‌ته‌مه‌نی خۆم بچنمه‌وه
تاكوو خه‌یاڵێكی ناسكی رۆحمو
په‌پوله‌ی دڵێكی شكاوی
ئێوارانت پێبهخشمو
به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی غه‌مباره‌وه
نیگایه‌كی پڕ له‌سحر
بۆتاڵهكانی زوڵفت بنێرم
2
ده‌مه‌وێت بێمه ئه‌وینته‌وه
دره‌ختێكی پرچ درێژ له‌قژم
بكه‌مه وه‌رزی ته‌نیایی
تا ره‌نگی پایز بنوێنێ
شه‌پۆلی ده‌ریای مه‌نگیش
به‌دیاری بداته دهستو،
هه‌ناسه‌ی ئاوێنه‌ی ته‌مه‌ن
وه‌ك منداڵێكی خۆشهویستو
وه‌ك ره‌ونه‌قی به‌هاری سه‌وز
به‌ده‌مته‌وه پێبكه‌نێ
3
كاتێ پایز وه‌رزی ئه‌وین ده‌چنێته‌وه
ئاسمانی خۆی ، پڕ ده‌كا له‌به‌زه‌یی
چاوه‌كانی زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
ده‌سته‌كانی پڕ ده‌كا له‌دوعا
هه‌ناسه‌ی بۆنی نه‌رمه بارانیان لێ دێ
پایز ده‌بێته دایك‌و
كۆرپهكانیشی ده‌بنه گه‌ڵا
4
ده‌مه‌وێت بێمه ئه‌وینته‌وه
به‌ڵام تۆ وه‌رزی ته‌مه‌نم دهدزیو
شه‌وانیش بهنێرگزو مێلاقه دامده‌پۆشی
تاكوو ترپه‌ی دڵمان
هه‌ست نه‌كات به‌سه‌ر باڵی ده‌ریاوه
ده‌نیشێته‌وه
5
ئازیزه‌كه‌م راسته پایز
چیرۆكه‌كانی ژیان ده‌نوسێته‌وه
به‌ڵام شه‌پۆله‌كانی بێدهنگیو
بێگه‌ردی وه‌رینی گه‌ڵا
ده‌مانباته‌وه بۆتهنهایی
6
تۆ ده‌زانی ئه‌وشه‌وانه‌ی
به‌دیار شه‌وه‌زه‌نگی مۆمێكه‌وه
یادی مه‌رگی ئاو‌و،
خوڕه‌ی لێزمه‌ی باران‌و
تریفه‌ی هه‌ڵهاتنی مانگ ده‌كه‌م
تۆ له‌قژم دهئاڵێتو
لێوی ته‌ڕم ده‌ڕژێته ناو ئه‌وینته‌وه
7
تۆ ده‌زانی پایز
نوزه‌ی گه‌ڵایه‌كی ههڵوهریووهو
وێستگه‌یه‌كی بێهوده‌یی
وه‌رینی باخچه‌كانی ته‌مه‌نه،
كاتێ مه‌ست ده‌بێت به‌نه‌شئه‌ی دڵم
ره‌نگی گه‌ڵای دهوهرێتو
چاوه‌ڕوانی بزه‌و خه‌نده‌ی ژنێكی عاشقه
8
كاتێ پایز وێنه‌ی خۆی له‌ته‌نهایی
دره‌خته‌كاندا ده‌بینێ
زه‌وی ده‌كاته چێژوانی خۆی
شه‌قامه‌كان ره‌نگ زه‌رد ده‌بن
خۆریش ئاسمان زه‌وتی دهكاو
ئه‌وینیش ده‌یباته‌وه بۆ نیگه‌رانی
9
پایز وه‌رزی دڵشكانو
ئاسووده‌یی رۆحی منه
ئه‌م وه‌رزه‌م ناو ده‌نێم سه‌فه‌ر
چونكه زه‌ریا پێده‌كه‌نێ و
دارستانیش بۆسهوزایی خۆیان ده‌گرین
كێڵگه‌ش برین ده‌چنێته‌وه