Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
گەڕانەوەی کەژاوە بووکی شەقڵاوە….شوان عوسمان

گەڕانەوەی کەژاوە بووکی شەقڵاوە….شوان عوسمان

Closed
by September 23, 2010 گشتی

 

 
من وەکو کەسێک کە شاهدێکی زیندووی زۆربەی رووداوی گیران وکارەساتی گوللەباران وشەهید بوونی ٢٣ شەهیدەکانی (شەقڵاوە)ی ساڵی  ١٩٨٧، ئەویش بە زیندانی بوون ومانەوەشم لەگەلیان بۆ ماوەی ( ٨) مانگ لە لەگەل ئەو (شەهیدانە) لە گرتووخانەی (ئەمن) و(حجز) ی (هەولێر)، هەروەها بە داخەوە کە دوو براشم تێیدا لە دەست دان ، حەزم کرد ئەمڕۆکە منیش دەنگی خۆم بخەمە تەک دەنگی ئەو نوسەرو لاوە خوێن گەرمانەی شارەکەم کە بۆ یادی ئەو رۆژە پیرۆزە خامەکانیان خستۆتە گەڕ، هەروەها دەست خۆشیشیان لێ ئەکەم، دڵسۆزانە کاتی  خۆیان تەرخان کردووە بۆ رێز گرتن لە یادی ئەو بیرەوریە پیرۆزە …
دەستتان خۆش وهەر سەرکەوتوو بن ئەوەش مایەی سەربەرزی وسەر فرازی ئێمەو هەموو لایەکیشە، جا پێویستە بۆ مێژووش بە راستگۆیانەو راشکاوانەتریش یادەکەیان بە رێ بکەین، دیارە هەڵمەتی گرتنی خەڵکەکە لە( ١٦-١٠-١٩٨٧) بوو، کە نزیکەی( ١٥٠) کەس لە ژن وپیاوو لاو بوون، ئەویش لە پیناو تۆلە سەندنەوەیان لە راپەرینی ئەو ساڵە کە هەموو شارەکەی گرتەوە، لە (١٦-١١) هەمان ساڵ وەفاتنامەیان دا بە کەسوکاری شەهیدەکان، هەروەها لە رێکەوتی ( ١٥-٩ )ی ساڵی ١٩٩١ کە بۆ یەکەم جار دوای چوار ساڵ بێ سەرو شوێن بوون ودووری ئەو (شەهیدانە) لە ماڵ وخێزان و شارەکەیان، گەڕانەوە باوەشی گەرمی شارەکەیان ولە سەرسنگی (سەفین)یش بۆ تاهەتایە چاویان لێک نایەوە  ئەو رۆژە بۆ ئێمەی خانەوادەی (شەهیدان) وشارەکەشم، رۆژێکی مێژووی گەورە بوو، هەرگیز لە بیریش ناکرێ….
لە رۆژی دواتریش (١٦-٩-١٩٩١)، بۆ جاری دووەم سەرلە نوێ لە گردی (زەیتون) نێژرانەوە ، هەر ئەو ساڵەش بۆ یەکەم جار بوو چلەی ماتەمینی ئەو  (شەهیدانە) لە (شەقڵاوە) ساز بدرێ، دیاریشە من تا ئەو دوا ساڵانەی لە وڵات بووم و پێش (شەڕی ناوەخۆ)، هەولم ئەدا لەگەل خێزان وخانەوادەی (شەهیدان) بە هاوکاری جەند رۆشنبیرو نوسەرێکی شارەکەشم، هەموو ساڵێک لە ( ١٦-١٠) لە رۆژی گیران ورەشبگیری شارەکەم، یاد وساڵرۆژەی ئەو (شەهیدان)ە بکرێتەوە…..
 ئەو کاتەش نامیلکەیەکم بە ناوی (مێرگی مەرگ) نووسی کە تێیدا بە تەنزێکی پەخشان ئامێز، باسی رووداوی گرتن وشەهید بوون ودۆزینەوەو ناسینەوەو ناشتنەوەیانم کرد بوو، لە لە یەکەم  چلەشیاندا دوای (٤٠) رۆژ دوای سەرلە نوێ ناشتنەوەیان، لە هٶڵی (هۆتیلی سیاحی شەقڵاوە)، نامیلکەکەم بە سەر هەر یەک لە خانەوادی (شەهیدان) وەکو دیاری بەخشی، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدام جارێکی دیکە ئەو نامیلکەیە چاپ بکەمەوە…
دیارە ئەمڕۆکەش وەکو وەفایەک بۆ ئەو (شەهیدان)ە کە یادیان ئەکرێتەوە، جێگەی خۆیەتی باسی ئەو کەسایەتیانەش بکرێت کە رۆلی بەرچاویان بینی لە دۆزینەوەو ناشتنەوەیان، دیارە زۆر کەسیش رۆلی بینی، بەڵام من بۆ خۆم لێرەدا، ئەمەوێ باسی کەسایەتیەک بکەم کە جێ پەنجەی ئەو هەرگیز لە بیر ناکرێت، ئەویش شەهید (کارزان) بوو، راشکاوانەش ئەلێم ئەگەر ئەو نەبووایە ئێمە تا ئێستاش نەمان ئەتوانی ببینەوە خودان گۆڕی ئەو (شەهیدان)ەمان، دیارە ئەو رۆلێکی بەرچاوی بینی لە دۆزینەوەو هەڵمەتی هێنانەوەش، چونکە ئەو خۆی کەوتە دوای دۆزینەوەی (مجێوری) گۆڕستانەکەی (دائیرەی ئەمنی هەولێر)، ئەو کەسەی بە رەسمی کاری پاسەوانی وچاودێری پێ سپێردرا بوو، لە رێگای ئەویشەوە راستیەکانمان بۆ دەرکەوت، بۆیە هەق وایە سەری رێزو نەوازیش بۆ گۆڕی ئەو جوامێرە جوانەمەرگەش، لە ساڵرۆژی ئەو بیرەوەرییە پیرۆزەدا، دابنەوێنین وحورمەتی هەنگاوە پیرۆزەکەی ئەویش بە بیر خۆمان بهێنینەوە……
کاتی خۆی من بە پەخشان ونوسینێکیش بەشداریم لە ماتەمینەکە کرد ، دیارە ئەو پەخشانە ئەو کاتە لە جێگەی خۆی بوو، دوای ئەو چەند ساڵەش هەست ئەکەم ، لە سەردەمی (ئینتەرنێت)یشەوە، ئەیەوێت جارێکی تر سەر دەر نێنێتەوە دەرەوەو بەشداری لە یادەکەیان بکاتەوە، بۆیە حەزم کرد ئەو هەستەی ئەو کاتەم  لە خزمەت ئەو یادەوە سەرلە نوێ تۆمار بکەمەوە…
هۆلەندە – ٢٠١٠ 
” کە خەزانی هەڕەشەی (بەعس) خەزەری کۆچ ومەرگی ناوەختی پێ هەڵپێچان، لە بن هەر کاریت وبنمیچی ماڵ وخێزانێک، نەوای ناڵەو نرکەیەکی زۆر خەمناک هاتە بەر گوێ، خەرمانێکی لە خەم هەڵکروزاو ئاسۆی بەر بینای خۆشناوەتی داگرت، ئاسمان گڕی گرت و ٢٣ ئەستێرەی بریقەدارلە سوتان وەستان و ئێمەشیان سوتاند…
ئێمەش بە دوای سۆراغێکی ئێوە لە خاپەرۆکی بست،بە بستی ئەو خاکە، سەرگەردان بووین، سەودای گەڕانی دۆزینەوەشتان سوێی ئازاریکی پڕ لە کەسەر بوو، نە پرسەتان پرسە بوو، نە سۆراغێکیشتان باڵ ئەکراو شوێنی شوون بزرتان پەی بێ ئەبردرا، هەرلەو رۆژە رەشەشەوە کۆچتان بووە کۆچی دوایی وگەڕانەوەشتان جگە لە کۆستێکی خەمناک، چیتری بە دواوە نەبوو…
سەفەرتان بەردەوام و  سەفەرێکی هات ونەهاتی ناو ئەفسانەو چیرۆکەکانی بەر ئاگردان بوو دوایی نەدەهات، نە بە گۆڕتان ئاشنا بووین ونە کێل وگڵکۆو ئەدرەسێکی قەبری جوانەمەرگتانمان پێ ئەزانی، ئیرادەو ناسنامای ئێوە بە قەدەری کاخەزێکی درۆ (وەفەتنامە)یەکی رەش کۆتایی هات، گەڕانەوەتان قاچاخ بوو، هاتنەوەشتان خەونێک بوو شەوانە چاومان پی گەرم ئەکردن …….
دوای چوار ساڵ گەڕانەوە، بەڵام بە کەژاوەیەک ئێسک وپروسک وکۆتەڵێک پەڕۆو لاستیک، ئەو رۆژە، شار شلەژا، ئاوایی ئاوی بینای لێ تکا، چنارەکان کەوتنە چنینی کراسی رەشی بوکێنی زاوای خەون سەرەمەرگ بوو، توولەمێوەکان جوونە گژ رنینەوەی قژی دارە پەلک وەراوەکان، لاولاوەکان کەوتنە لاوانەوەی گەڵاکان، سپیندار سپی کرد قەدو باڵای، شەنگە بی شەنگتر دابەزی وسەری خستە لەپی، تاوک تاوی دا دار گوێز ولەحەشری ماتەمیاندا چ حەشرێکی واوەیلایان هەڵگیرسان …
(سەفین) لە خەوی گرانی رابوو و(سۆرک) کەوتە سۆراغ پرسین، (مزگەوتی گەورە) و(دێرەی بێترمە) سەریان لە بن گوێی یەکتر ناو دوای سەرەخۆشی بە دووقۆڵی بە کڕی کەوتنە شین، (کانی خمان) لە خمدانی سەری خۆی سەرخۆش وکەوتە قوڕ پێوان، (کانی مزگەوت) ئاوی لە دەستنوێژ بڕان، (بێترمە)و(بێقۆن) سەریان لە بن باڵی یەکتر خزاند، (ناوەنجی) لە ناڵەو فیغانی دا، (شێخ سەید) و(شێخ بایز) واقیان وڕماو خوڕەیان لە خوڕە کەوت….
(دەنگارە)، دەنگی نوساو، هاواری پەڕییە پەڕەکەی ئاسمان و(شینکان)یش کەوتە شین وشەپۆڕو لە خۆدان، (سیمۆن) سیمای مۆن وگرژی خۆی هێناوە یەک و (قەچووج) قرچەی لە دڵ وکسپەی بە دەروون چزا، (زەندۆل) زیڕەی گەیشتە بەر حەوشی(زێوەر) ، خەندۆتکان) خەندەی لە (میرەسەن) تکان، (دەربەند) بەندی دەروونی دڕان، خانزاد لە دەرگای پیرە (کریکۆر)ی دا، (سەرمەیدان) سەری خۆی هەڵگرتو بەرەو پیری (کاوانیان) چوو، (داریومەرحەنان)، (نمرە) نرکەیان وردە وردە دەبووە ناڵەو سەردولکەو نەعرەت کێشان…
چاوەکان ئاویان تێزا، کۆچ بووە کاروان، کاروانیش بووە کەژاوەی بووک وزاوای شەهیدەکانی شەقڵاوە، چاڵ بووە گۆڕو ناویشتان لە ون بوو، بووە (شەهیدانی شەقڵاوە)….. “

 

شوان عوسمان
شەقڵاوە-١٩٩١

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.