ئاینشتاین و سیاسه‌ت!
ئه‌لبێرت ئاینشتاین (1879 _ 1955)، زانای گه‌وره‌ی زانستی فیزیک، داهینه‌ری تیوری ڕێژه‌یی و چالاک له داهێنانی زانستی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌تۆم و وزه‌ی ناوکدا، زانایه‌ک که به هاوکاری چه‌ند پرۆفیسۆر و زانای دیکه، مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانییان بۆ دوو قۆناخ که‌رت کرد، قۆناخی پێش بۆمبی ئه‌تۆم و قۆناخی پاش ئه‌وه.. ئه‌م کاره، چه‌مکی سیاسه‌ت و پراکتیزه‌کردنی سیاسه‌تی له واری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتیکییه‌کانی نێوان زلهێزه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا گۆڕی! ئاینشتاین، نه‌ک هه‌ر تیوره‌کانی، بگره خۆیشی به کرده‌وه و ناڕاسته‌وخۆ (دیاره له پهرۆشییدا بۆ ڕێگرتن له ئه‌گه‌ری کاره‌ساتی له‌ناوچوونی مرۆڤایه‌تی، به بیانووی شکستپێهێنانی هه‌وڵی ئه‌ڵمانیای نازی بۆ ده‌ستخستنی بۆمبی ئه‌تۆم)، پێشنیازی دروستکردنی بۆمبی ئه‌تۆمی بۆ “ڕۆزفڵت”ی سه‌رۆکی ئه‌وێ ڕۆژێی ئه‌مه‌ریکا کردووه و نامه‌ی تایبه‌تی بۆ نووسیوه!
ئاینشتایین ده‌ڵێ:(نامه‌که‌ی که ناردم بۆ ڕۆزفڵت کورت بوو، کورته‌ی ئه‌و توێژینانهوهم خسته به‌رده‌می که سه‌باره‌ت به ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌تۆم و ئه‌گه‌ری دروستکردنی بۆمبای ئه‌تۆمی وێرانکه‌ر بوو، له هه‌وڵه‌کانی ئه‌ڵمانیاش له‌و بواره‌دا، ئاگادارم کرده‌وه…)
ئاینشتاین، له پراکتیزه‌کردنی تیوره‌که‌ی له بواری دروستکردنی هێزی ناوکیی وێرانکه‌ردا، کرده‌په‌شیمان نه‌بوو، وه‌لێ پێی وا بوو، هیچ که‌س و سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وج و نه‌فام، به ناپێویست ئه‌و چه‌که کۆکوژه به کار ناهێنێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ڕۆژانی کۆتایی جه‌نگه‌که‌دا، دژی ژاپۆن به‌کاری برد(به لامانه‌وه شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو که بۆمبای ئه‌تۆمیی یه‌که‌م کێشرا به هێرۆشیمادا و پاشان دووه‌م بۆمبای ئه‌تۆمی به ناکازاکیدا، که ئه‌و دهنگوباسهم بیست تووشی بێزکردنه‌وه و تووڕه‌یی هاتم. هیچ هۆیه‌ک بۆ ئه‌وه نه‌بوو، چونکه جه‌نگ له ڕاستیدا کۆتایی هاتبوو. هه‌ر مرۆڤێکیش به ده‌ستی خۆی په‌رده له‌سه‌ر پرۆژه‌ی تۆقێنه‌ری ئه‌تۆمی لابدات، ئه‌وه کارێکی سته‌مه…سته‌م).
ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ی بیسته‌م، سه‌ده‌ی شۆڕشی زانست و ته‌کنیک بوو، دیاره هزر و بیری زانایانی به‌ناوبانگی وه‌ک ئاینشتاین، ڕۆبه‌رت ئۆبنهێمهر، لیو زیلارد، کلاوس فۆخس، بیرتراند ڕاسل و زۆری دیکه‌ش سه‌رچاوه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه زانستییه دنیاگره بوون و کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییان، به هه‌ردوو باردا، بۆ شوێنێکی تر گواسته‌وه.
ئاوا، کاتێک له ده‌ستکه‌وته‌کانی سه‌ده‌ی زانست ڕاده‌مێنین، ده‌شێ ئه‌و تیور و داهێنانه زانستییانه‌ش ببینین که ئازار و مه‌ینه‌ته‌ییه‌کانی مرۆڤیان قووڵتر کردنه‌وه!
ئه‌گه‌ر بۆ ناونیشانی باسه‌که‌م بگه‌ڕێمه‌وه، ده‌بێ بڵێم زانایه‌کی وه‌ک ئاینشتاین که من پێم وا بوو خه‌می ئه‌و، ته‌نها خه‌می زانست و تیوره‌کانی گه‌ردوونناسی بووه، که‌چی پیاوێکی سیاسه‌تزان و له دیدێکی ئینسانییه‌وه، له خه‌می سیاسه‌تیشدا بووه. ئاینشتاین که به ڕه‌گه‌ز جووله‌که و له ئه‌ڵمانیادا له داییک بووه، له قووڵایی سه‌رقاڵییه‌کانی خۆیدا به زانسته‌وه، دیسانیش له خه‌می چارنووسی جووله‌که و کێشه‌ی ئیسرائیل و عهربهکاندا بووه.
ئه‌و، بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرایل و نیشتمانێک بۆ جووله‌که‌ی پێ گرنگ و ڕه‌وا بووه، وه‌لێ نه له‌سه‌ر حیسابی کوشتن و کوچپێکردنی فه‌له‌ستینییه‌کان! خه‌می ئه‌و خه‌می به ئاشتی پێکه‌وه‌ژیانی جووله‌که و عه‌ره‌به فه‌له‌ستینییه‌کان بووه و له‌و بواره‌شدا هه‌وڵی داوه و خۆی ماندوو کردووه. ئاینشتاین ده‌ڵێ:(من “وایزمان”م به دڵ بوو، “بن گۆریۆن” هه‌ندێکجار سه‌ری لێ تێک دابووم، به‌ڵام “مه‌ناحیم بیگن” تا ئه‌وپه‌ڕی ڕقی هه‌ڵده‌ستاندم چونکه نازییه‌کانی وه بیر ده‌هێنامه‌وه).
ئاینشتاین، له ساڵی 1948دا و پاش جه‌نگه خوێناوییه‌که‌ی نێوان ئیسرایل و عه‌ره‌به‌کان، هاوڕێی چه‌ند زانای دیکه، نامه‌یه‌کی ناڕازاییان ئیمزا کرد و داوایان له ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا کرد که ڕێگا له سه‌فه‌ری “مه‌ناحیم بیگن” بۆ ئه‌و وڵاته بگرن!
ئاینشتاین، له ساڵی 1952دا، نامه‌یه‌ک ده‌نووسێت و به “محه‌مه‌د حه‌سه‌نه‌ین هه‌یکه‌ل”دا بۆ “ژه‌نراڵ محه‌مه‌د نه‌جیب و جه‌مال عه‌بدولناسر” ی ده‌نێرێت. نامه‌که‌ی ئاینشتاین، هه‌وڵێکه بۆ خولقاندنی زه‌وینه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیی نێوان ئیسرایل و عه‌ره‌به‌کان له سه‌روه‌ختی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی میسردا. ئه‌م نامه‌یه‌ی ئاینشتاین، هه‌رگیز وه‌رامێکی پێ نادرێته‌وه و ئاکامێکی نابێت.
ئاینشتاین بۆ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت نابێت!
له ڕوونووسی دوو نامه‌وه که “هه‌یکه‌ل” له کتێبه‌که‌ی خۆیدا بڵاوی کردوونه‌ته‌وه، سه‌رۆکی حکومه‌تی ئیسرایل، به فه‌رمی داوا له ئاینشتاین ده‌کات تا لوتف بکات و پۆستی سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی ئیسرایل قبووڵ بکات. ئاینشتاین له وه‌رامدا و به ڕێزه‌وه ئه‌و پۆسته ڕه‌ت ده‌کاته‌وه.. ئاینشتاین به هه‌یکه‌ل ده‌ڵێ:(من بێ له عوزرخوایی هێنانه‌وه چاره‌یه‌کی دیم نه‌بوو. هه‌ر وه‌ک له نامه‌که‌مدا بۆ ئیبان خوێندته‌وه، من ناتوانم، نه به میزاج و نه به ویژدان، ته‌نانه‌ت نه به ته‌مه‌نیش ئه‌وه قبووڵ بکه‌م…). ئاینشتاین پێی وایه که ئه‌و له هه‌موو ته‌مه‌نیدا، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ زانست و دیارده بابه‌تییه‌کاندا کردووه و نازانێت و توانای ئه‌وه‌ی نییه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک مامه‌ڵه بکات و به‌رپرسیارییه‌تیی کاروباری ئه‌وان هه‌ڵبگرێت.
ئاینشتاین و توندوتیژی!
دیمانه و چاوپێکه‌وتنی “هه‌یکه‌ل” له‌گه‌ڵ ئاینشتایندا، لێوانلێوه له بیرۆکه و بۆچوونی دژ به زه‌بر و توندوتیژی، ئه‌و ده‌ڵێ:(که‌سێک نییه که شایسته‌ی ئه‌وه بێت پێی بگوترێت مه‌سیحی یان جووله‌که یاخود موسڵمان گه‌ر ئاماده بێت فه‌رمانی کوشتن جێبه‌جێ بکات، هیچ مه‌سه‌له‌یه‌کیش نییه له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به مرۆڤه‌وه هه‌یه، من دڵم بێت بیخه‌مه ده‌ستی جهنراڵێکهوه!.. له سایه‌ی بیرۆکه‌ی جه‌نگدا، کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کان مرۆڤایه‌تیی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.. ته‌نانه‌ت جوانترین ئه‌و شتانه‌ش له ده‌ست ده‌دات که تیایاندایه، وه‌ک زانست و ئه‌ده‌ب و بیر، چونکه ئه‌وسا زانست خۆی به جه‌نگ ده‌فرۆشێت و ئه‌ده‌ب به سیاسه‌ت و بیریش به به‌ند و کۆته‌کانی نیشتمانپه‌روه‌ریی ته‌نگ).
تۆ بڵێی دۆزینه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی هێزی ناو‌کی، جۆرێک بێت له هه‌ڵه‌ی زاناکان یاخود بۆچوونه‌کانی ئاینشتاینی زانای زاناکان، جۆرێک بێت له پارادۆکس؟
ئاینشتاین پێی وا نییه کاری ئه‌وان هه‌ڵه‌یه‌کی تێدا بوو بێت، به‌ڵکه هه‌ڵه‌که له خراپ به‌کاربردنی زانسته‌که‌ی ئه‌واندایه!
سه‌رچاوه:
* بڕوانه محه‌مه‌د حه‌سه‌نه‌ین هه‌یکه‌ل، دیده‌نییه‌کی نوێی مێژوو، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د مسته‌فا قه‌ره‌داخی، چاپخانه‌ی تیشک، ساڵی 2008
* تێکسته‌کانی نێو که‌وانه‌کان، بێ ده‌ستکاریی ڕێنووس و ڕێزمان، له کتێبه‌که‌ی “هه‌یکه‌ل”ه‌وه گوێزراونه‌ته‌وه و قسه‌ی ئاینشتاینن.
پشکۆنه‌جمه‌دین